چاوپێکەوتنی دەزگای وارڤین لەگەڵ ناسک ئەحمەد.

2011/01/25 at 1:50 AM Leave a comment

وارڤین–تایبەت: لەدیمانەیەکی تایبەتدا هەڵسووڕاوی بواری ژنان ناسک ئەحمەد، تیشک دەخاتەسەر زیادبوونی ریژەی توندوتیژی لەکوردستان و هۆکارەکانی و ئاماژە بەوەش دەکات کە ژنانی پەرلەمان سازش لەسەر پرسی ژن دەکەن.
ناسک، پێیوایە کە دەسەڵاتی کوردی لەهەموو ئەو توندوتیژیانە بەرپرسیارە کە بەرامبەر بەژنان ئەنجامدەدرێت. ئەو هەروەها دەڵێ کە رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتانی یەکێتی و پارتی بۆ سەرکوتکردنی مافی ژنان دروستبوون و هیچ قازانجێکیان بۆ پرسی ژن نەبووە.
وارڤین: رات بەرامبەر رێکخراوەکانى داکۆکیکار لەمافەکانى ژن، لەکوردستان چییە؟ پێتوایە کاریگەرى پێویستییان لەژیانى ژندا هەبووە¬؟
ناسک ئەحمەد:ڕەخنەی من لە رێکخراوەکانی ژنان بە تەواوی جیاواز و ناکۆک و دژ بەو بۆچوونە فریوکارانە باوەیە کە هەلوومەرجی سەختی ژیانی ژنانی کوردستان وهۆکارەکانی کوشتن و تووندوتیژی دەگەرێنێتەوە بۆ سستی و لاوازی و بێ توانایی رێکخراوەکانی ژنان لە گۆرینی هەلوومەرجی ئەسەفبار و مەترسیداری ئەمرۆی ژیانی ژنانی کوردستان. ئەم لێکدانەوەیە بە تەواوی گەردنی دەسەڵات کە خۆی بکوژی ژن و بە فەرمی ناسینی یاسا کۆنەپەرست و پیاوسالارییەکانە و تا ئەم چرکە ساتە ئۆقیانووسێک لە تاوان لە ژیر دەسەڵاتیدا روویداوە ئازاد دەکات و ئۆباڵەکەی دەخاتە ملی کۆمەڵێک ژنی دەست کورت کە خۆیان پێویستیان بەوەیە رزگاربکرێن لە کۆت و ئەسارەتی فکری و کلتوری ژەنگگرتوو و لێکدانەوەی نادروست و تەنگبینی .
 لە ڕاستیدا لکاندنی وەسفی داکۆکیکار بە زۆرێک لە رێکخراوەکانی ژنانەوە لە کوردستان سەرلێتێکدەرە. بەشێکی زۆر لە رێکخراوەکانی ژنان دروست بۆ سەرکوتکردنی ژن و مافەکانی ژن لە کوردستان دروست بوون، حیزبە ناسیۆنالیستە کوردییەکان کەخۆیان موسەببی هەلوومەرجی ئەمرۆی سەختی ژیانی ژنانن ، وەک لقێکی خۆیان پێکیان هیناون بە مەرامی ئەوەی ڕووی بەرگریکەر لە مافەکانی ژن بە کۆمەلگە نیشان بدەن. بەم پێیە ناکرێ ناوی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنیان لێ بنرێ. لە سەرەتای نەوەدەکانەوە کە ئێمە لە دژی تووندوتیژی و کوشتاری ژنان هاتبوینە مەیدان دەمانویست رای گشتی و خەڵکی ئازادیخواز بە دژی ئەم دیاردە قێزەونە بجوڵێنین رێکخراوەکانی ژنانی پارتی و یەکێتی لە بەرامبەرماندا وەستانەوە و پێیان دەوتین ئێوە داکۆکی لە بەرەڵایی و ژنانی بێ شەرەف دەکەن. بۆیە لە راستیدا ئەو رێکخراوانە گەر کاریگەرییەکیان هەبووبێت، ئەوە لە دژی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بووە، نەک بە پێچەوانەوە.
وارڤین: بەپێى ئامارەکان رێژەى تووندووتیژى ئەمساڵ بەبەراورد لەگەڵ ساڵى ٢٠٠٩دا زیادى کردووە بەراى تۆ هۆکارەکانى ئەوە چییە؟
ناسک ئەحمەد: پێم وا نییە هیچ کەسێک بتوانێت ئاماری ورد و دەقیقی کوشتن و خۆسوتاندن و لێدان و ئەو توندوتیژییە جۆراوجۆرانەی کە دەرهەق بە ژنان دەکرێن لە کوردستان بدات بە دەستەوە. دەیان و بگرە سەدان رۆژنامە و بڵاوکراوەی جۆراوجۆر لە کوردستان دەردەچێت، کەمیان هەیە لەهەر ژمارەیەکیدا لیستێک لە ناوی کوژراو و بریندار و سووتاوی ژنانی ئەو سەر زەمینە بڵاونەکاتەوە. تازە ئەمە هێشتا ئەوانەن کە ناویان دەگاتە سووچی یەکێک لە رۆژنامەکان. کارەساتی گەورە هێشتا لە دەرەوەی چاوی کامێرا و رۆژنامە و پەیامنێر و میدیاکانە.
سەیرکەن، ڕەنگە کەم مەسەلە هەبێت وەک مەسەلەی ژن راستەوخۆ پەیوەندی هەبێت بە هەلوومەرجی سیاسی و دەسەڵات ومەسەلەی ئازادییەوە بە مانای فراوانی ووشەکە. وەختێک لە کۆمەڵگەیەکدا هێرش دەکرێتە سەر ئازادی ڕادەربرێن وئازادی هەڵسورانی سیاسی، ئازادی بیروباوەر و عەقیدە، ئازادیە تایبەتی و مەدەنییەکان، یەکەم قوربانیانی ئەو هێرشە ژنان دەبن. ئەم پێودانگە پێچەوانەکەشی راستە، ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا بە لێشاو ژنان بە دەلائیلی نامووسی قەتلی عام بکرێن، بسووتینرێن، تەحقیربکرێن، لووت و گۆییان ببڕدرێت ئەوا بێشک ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان و هەڵسوراوانی بواری مافە سەرەتاییەکانی خەڵک، لە ژێر هەڕەشەی گوللەی تیرۆردا دەبن. لەم یەک دوو ساڵەی دوواییدا هەموو شاهیدین کە هێرشێکی بەرفراوانی دەسەڵات لە کوردستان بۆ سەر ئازادییە سیاسەکان بە شیێوەیەکی تووندوتیژ و بێرەحمانە دەستی پێکردووە، تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامە حەمە وسەردەشت عوسمان  نمونەیەکن لەو هێرشانە.
 لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسەوە رەوەندی سەقامگیربوونی دەسەڵات هەتاهاتووە بەقازانجی پارتی شکاوەتەوە. لە ژێر دەسەڵاتی ئەم حیزبەشدا زۆرترین ئاماری تووندوتیژی و خۆسووتاندن وکوشتن و تیرۆری ژنان لە چەند ساڵی رابردوودا رویداوە و لە گوڵیش کاڵتر بە تاوانباران نەوتراوە. بۆیە لە سایەی ئاوها دەسەڵاتێکدا ناکرێت چاوەرێی هەلومەرجی باشتر بۆ ژیانی ژنان و ئازادی بکرێت، مەگەر ئەوەی بزووتنەوەیەکی عەزیمی جەماوەریی بێتە مەیدان و کۆتایی بە ئەم قەتڵگای کوشتنی ژنانە بهێنێ.
وارڤین: سستمى دەسەڵات و قۆرخکارى دەسەڵاتى سیاسى لەکوردستان، لەلایەن پیاوانەوە تاچەند هۆکارە بۆ زیادبوونى رێژەى تووندووتیژى؟ هەبوونى ژن، لەناوەندەکانى بڕیارو پێگەسیاسییەکان چۆن هەڵدەسەنگیێنى؟ بەتایبەت لە سەرکردایەتى حیزبە سیاسییەکاندا؟
ناسک ئەحمەد: من هیچ دۆستایەتییەکم لەگەڵ ئەو تەرزەفکرییەی نێو بزووتنەوەی فیمینیزمدا نییە کە سەرچاوەی نایەکسانی و پلەدوویی و ژێردەستەیی ژن لە کۆمەڵگەدا بۆ باڵادەستی پیاوان دەگەرێنێتەوە. ریشەی نایەکسانی وا لە نێو دەسەڵات و سیستمی سەرمایەداریدایە، جا پیاو نۆێنەرایەتی بکات یان ژن.
من دڵنیام چ من و چ ئێوە و چ هەموو ئینسانێکی مۆدێرن، زۆرتر سەمپاتیمان بۆ دەسەڵات و پەرلەمانێک هەیە کە ژنان و پیاوان وەک یەک بەشداربن تیایدا لە چاو دەسەڵات و پەرلەمانێکدا کە بە تەنها یان زۆرینەی پیاوان بن. بەڵام بە تەنیا بوونی ژن لە نێو هەیکەلەی دەسەڵاتی هەر ووڵاتیکدا بەو ئەنجامەمان بگەیەنێ کە ئیتر مافەکانی ژنان نۆێنەرایەتی دەکرێن لە دەسەڵاتی ئەوە ووڵاتەدا، ئەمە ئیتر فریوکاری و تینەگەیشتنە لە خودی مافەکانی ژنان و رێگەی بەدیهێنانیان. ڕیژەی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان راستە زۆر نییە، بەڵام کەمیش نییە. کە رەنگە جاروبار لەسەر مەسەلە و کێشەیەکی ژنان هەراش ساز بکەن، بەڵام ئەمە کردویەتیە چ خێر و بەرەکەتێک بۆ ژنانی کوردستان. کام برینی تیمار کرد؟! هەزار ویەک هەرا ساز بکەن، هەزارویەک بڕیار بنووسن ولەوێ بیخۆێننەوە، بە دوو پەنجە ڕاوەشاندنی بارزانی لەسەر شەرەف و کەرامەتی کوردان و کلتووری کوردی وموقەددەساتی باوباپیران و حەزرەتەکان و هێڵە سوورەکانی شەریعەت ودیانەت بە هەوادا دەچێت.
 پرسیارەکە ئەوەیە کە پیاوان بەرنامەی چ دەسەڵاتێک دەچەرخێنن؟ ئینسان و ئینسانییەت بەبێ جیاوازی رەگەز و رەنگ و دیانەت و عەقیدە لە بەرنامەی ئەو دەسەڵاتەدا چ بایەخێکیان هەیە؟ مومکین نییە دەستور و قانوونی دەسەڵاتێک لەسەر ئەساسی ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان نووسرابێتەوە بەڵام بەرێوەبەرانی دەسەڵات و نۆێنەران و شەخسیاتی سیاسی لەو کۆمەلگەیەدا هەمووی یان زۆرینەی زۆری پیاوان بن. بەڵام ئەگەر دەسەڵات وقانوون ودەستورێک وەک ئەوەی کوردستان لەسەر بناغەی نایەکسانی وپیاوسالاری دامەزرابێت و ئازادی ئینسانەکان بەهەزار تەلی دڕکاوی شەریعەت وکلتووری خۆماڵی بنیادنرابێ، ئەوا بێ شک ژنانی ئەو کۆمەڵگەیە لەپەراوێزی دەسەڵات وسیاسەت وبەرێوەبردنی کۆمەڵگەوە دەبن، ئەگەر چەند ژنێکی بۆرژوازی حیزبی سەر بە دەسەڵاتیش لەوێ بن، یەکەمین موستەشارەکانیان لەسەر دۆزی کوشتنی ژنان یان خەتەنەکردنی کچان مەلاکانی وەزارەتی ئەوقاف دەبن !!
رێژەی سەرسورهێنەرو زۆری تووندوتیژی لە کوردستان و قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن پیاوانەوە و ڕیگەنەدان بە ژنان لە بەشداریکرن لە ژیانی سیاسی و دەسەڵاتکردن و بەرێوەبردنی کۆمەڵگەدا هەردووک دەرهاویشتە و ئاکامی یەک واقعیەتی تاڵ و تەڵخن لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. ئەم هاوکێشەیە قابیلی لێک جیاکردنەوە نییە.
وارڤین: بەراى تۆ بزووتنەوەی فیمنستى فیعلى لەکوردستاندا بوونى هەیە؟
ناسک ئەحمەد: کەم بزووتنەوە هەیە بە ئەندازەی فیمینیزم لە نیو خۆیدا لق و پۆپ و لێکدانەوەی زۆر جۆراوجۆر و هەندێک کاتیش دژ بە یەکی لە خۆگرتبێ. من بۆ خۆم هیچ کات پەنام نەبردووە بۆ بەکارهێنانی ووشەی فیمینییزم کاتێک باسم لە بزووتنەوەی ژنان یاخود مافەکانی ژنان کردبێ، وە هیچ کاتێکیش بزووتنەوەیەک کە خۆم بە ئەندامێکی دەزانم بە نێوی بزووتنەوەی یەکسانیخوزی ژنانەوە بە فیمینزمم گرێ نەداوەتەوە. لەم چاوپێکەوتنەدا ڕەنگە دەرفەتی ئەوە کەم بێت کە باس لە دیدگا و مێژووی فیمینیزم بکەین. بەڵام بەهەر حاڵ گەر مەبەستی ئێوە لە پرسیارەکەتان ئەو بزووتنەوەیە بێت کە بۆ بەدیهێنان و بەرگری لە ماف و ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو لە کوردستان هەوڵی داوە، ئەوە لە کوردستان نەک بزووتنەوەیەکی وا بوونی هەیە، بەڵکو ئەگەر مێژووی هاوچەرخی کۆمەلگەی کوردستان ئەو بزووتنەوەیەی لێ دەرکێشی ئەوە مێژوویەکی ناقس دەبێت و بۆشاییەکی گەورە دەکەویتە نێو ئەو مێژووەوە، ئەو کات من و تۆش ئەمرۆ ئەم چاوپێکەوتنەمان نەدەکرد. ئەوەی ئەمرۆ وەختێک سەرانی یەکێتی و پارتی لە میدیای دەرەوەی کوردستان دەردەکەون و رۆژنامەنووسان بە پرسیار لەسەر کوشتنی ناموسی و قانوونەکان ئیحراجیان دەکەن دەلیلی بەهێزی و بە جیهانیبوونی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانی کوردستانە. من ئەوە دەسەلمێنم گەر سەیری مێژوی بیست ساڵی ڕابردووی ئەم بزووتنەوەیە بکەین ، بەداخەوە ئەمرۆ ئەم بزووتنەوەیە لە بێ هێزترین دەورەی خۆیدایەتی. نەبوونی ئاسۆیەکی رۆشن، لەمەیداندا نەبوونی ریزێکی فراوانی هەڵسوراوانێک کە ئەوسەری رێگای رزگاری ژنان ببینن وە هەنگاو بە هەنگاو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە تێبکۆشن گەورەترن خاڵی لاوازی ئەم بزووتنەوەیەیە. جەنگ بە دژی قانوونە پیاوسالار و دژە ژنییەکان، جەنگ بە دژی تووندوتیژی و تیرۆر و ڕەشەکوژی ژنان، جەنگ لە بەرامبەر ئیسلامی سیاسی ئەو نەبەردو بوارانە بوون کە ئەم بزووتنەوەیە بە شێوەی جۆراوجۆر نمایشی تێدا کردووە.
وارڤین: وێڕاى زیادبوونى رێژەى رێکخراوەکان، ئازادی ژن سنوردارتردەکرێن، بەراى تۆ بۆ؟
ناسک ئەحمەد: لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا لەسەر دەور و نەقشی بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی ژنان قسەم کرد، کە لە راستیدا چەندە بار بوون بەسەر بزووتنەوەی ژنان و مافەکانی ژنانەوە لە کۆمەڵگەدا. بۆیە مەسەلە زۆربوونی ژمارەی ئەو رێکخراوانە نییە. گەر لە کوردستان بە دەرزەن رێکخراوی ژنانی لە بابەت یەکێتی ژنان و یەکێتی ئافرەتان ببێت یان دروست ببێت، بە ئەندازەی سەرە دەرزییەک کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی دیاردەی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژن نابێت . هۆی ئەمەش رۆشنە، چونکە ئەو رێکخراوانەی کە ئێوە باسی دەکەن لە بناغەدا دژی ئەو قانوون و یاسایانە نین کە لە کوردستان کاریان پێدەکرێت و لەسەر بناغەی شەریعەت و پلە دوویی ژن دامەزراوە، بۆیە ناتوانن بە هیچ شێوەیەک دەوریان هەبێت لەسەر کەمکردنەوەی دەرد و مەینەتییەکانی ژن و دووهەنگاو ئازادی ژن لە کۆمەڵگەدا بەرنە پێش. بە بروای من هیچ هەڵسوراوێک ناتوانێ هەلسوڕاوی رێگەی ئازادی و رزگاری ژن بێت گەر تەکلیفی خۆی لەگەڵ ئیسلام و مەزهەبدا یەکلا نەکردبێتەوە.

وارڤین: کاریگەرى خراپ بەکارهێنانى تەکنەلۆژیاو نەبوونى سستمێک، کە بووەتە هۆکارى دروستبوونى چەندین کێشەو کارەساتى کۆمەڵایەتى، کێ لێى بەرپرسیارە؟
ناسک ئەحمەد:بەبێ هیچ دوودڵییەک ئەو هێزە لێی بەرپرسیارە کە دەسەڵاتی لەکۆمەڵگەدا بەدەستەوەیە. دیارە لە هیچ شوێنێکی دنیا تەکنەلۆجیا لەلایەن دانیشتووانەوە وەک یەک بەباشی یان بە خراپی بەکارنایەت، چونکە لە هەموو شوێنێکی دنیا خەڵکی دواکەتوو وە پێشکەوتوو هەیە.  بەڵام شکم هەیە لەوەی لە هیچ شۆێنێک بە ئەندازەی کوردستان بە نیسبەت بە ژمارەی دانیشتووانەوە کارەساتی خولقاندبێ. هۆی ئەمە کەلەپووتی و دوواکەوتوویی خەڵک نییە، وەک هەندێک تۆێژەرەوەی ناحاڵی دەڵێن. هۆی ئەوەی لە کوردستان لە رێگەی تەکنەلۆجیاوە کێشە و کارەسات دەقەومێ، ڕێک و ڕەوان ئاوێکە کە هەموو رۆژێک دەسەڵات دەیڕێژێ و لە ڕێگەی میدیا و مزگەوت و قوتابخانە و…خەڵکی هان دەدەن پێی تێبخەن. هێشتا ئیسکی ئەو ژنانەی کە بەدەستی پارتی لە ناوچەی بادینان کوژران و لە ئەشکەوتی گارە تەرمەکانیان فرێدان شاهیدن، لیستی ژنانی تیرۆرکراو بە دەستی یەکێتی و پارتی کە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە بە ئاشکرا وەک چالاکیەکی نەتەوایەتی و کوردایەتی ناوەکانیان بڵاودەکرنەوە شاهیدن، دوعای لاو کە دوای ئەوەی پەنای برد بۆ دەسەڵاتی پارتی بەڵام بە بەرچاوی هێزەکانی ئەوانەوە بە وەحشیترین شێوە کە دنیای ئەمڕۆ بە خۆوە بینیبێتی بەردەباران کرا شاهیدە، تیرۆری سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنووس  کە تەنها لە فەنتازیایەکی ئەدەبیدا دەڵێ من عاشقی کچەکەی بارزانیم لەلایەن دەسەڵاتەوە شاهیدە، سوڕانەوەی ئازادانەی بکوژانی زیاتر لە ٣٠ هەزار ژن و سزانەدانیان شا‌‌هیدە، ئەمانە هەمووی شاهیدی ئەو حەقیقەتەن کە ئاوی تیرۆر و تووندو تیژی لە بەرزترین پلەی دەسەڵاتدارێتی ئەو مەملەکەتەوە دەریژرێ. لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی ئاوادا ئیتر دەبێ چ چاوەروانیەکت لە کاردانەوەی خێزانێک هەبێت، باوک و برا و ئامۆزا و مامێک هەبێت کاتێک گرتەیەکی سێکسی کەسێکیان دەبینن، لە کاتێکدا کە هەموو رۆژێک لە مینبەری مزگەوتەکان و تەلەفزیۆنەکان و شەخسی سەرۆکی ووڵات و لێپرسراوانی دەسەڵاتەوە ژن بە نامووس و شەرەفی بنەماڵە پێناسەدەکەن و پاراستنەکەی دەخەنە ئەستۆی خێزان و بنەماڵە و عەشیرەتەوە. 
 
وارڤین: وێڕاى دەرچوونى یاساى قەدەغەکردنى “غسل عار” رەشەکوژى ژنان و کووشتن بەناوى شەرەفەوە بەردەوامە، زۆرجاریش ئاسانکارى لە سزاى بکوژاندا دەکرێت. تۆ وەک هەڵسوراوى بوراى مافەکانى ژن، پێتوایە رێکخراوەکان و چالاکوانان لە گوشار خستنە سەرحکوومەت، بۆ جێبەجێنەکردنى یاساکان کەمتەرخەمن؟
ناسک ئەحمەد: دەسەڵاتێک گەر بە تەواوی باوەڕیەوە باوەڕی بە مەسەلەیەک هەبێت پێویستی بە گوشار دانان نییە لەسەری تا یاسایەک جێبەجی بکات کە خۆی دایرشتووە. سالی ٢٠٠٢ وەختێک ئەم بریارە لە پەیوەند بە کوشتنی ژنانەوە دەرچوو، لەسەر ئەم بڕیارە نوسینێکم نووسی بە نێونیشانی ” لە ژیر ناوی بنەبرکردنیدا پارتی دووبارە رەسمیەت دەداتەوە بە کوشتنی ژنان”، دوای تێپەربوونی هەشت ساڵ بەسەر ئەو کاتەدا، ئێستاش هەر ئەو تیتڵە هاڵدەبژێرم لە وەڵام بەو یاسایەدا، کە گوایە قەدەغەکردنی کوشتنی ناموسی لە خۆ گرتووە. بە داخەوە ئامارەکانی کوشتنی ژن لە هەشت ساڵی رابردودا وەڵامی پووچی و ناکۆکی یاساکەیان لەگەڵ قەدەغەکردنی کوشتنی ژنان دایەوە.
لە کوردستان هەر بە شێوەی زۆرێکی تر لەو کۆمەلگەیانەی کە بناغەی یاساکان شەریعەت و ئیسلامە، کوشتنی ژن لە ژێر ناوی ناموسدا خراوەتە قانوونەوە. ئەم یاسا تا سەر مۆخ کۆنەپەرستە ئاو لە شەریعەتی ئیسلام دەخواتەوە. سەیرو سەمەرەی گۆرانکارییەکەی پارتی لەوەدا بوو، کە چووبوون بۆ داڕشتنی یاساکە و گۆڕانکاری تێیدا راووێژ و پرسیان بە زانایانی ئایینی و مەلاکان کردبوو. ئەو گۆرانکارییانەی کە کردبویان ئەوەبوو کە بۆ بریاردان لەسەر کوشتنی هەر ژنێک لەسەر نامووس دەبێت  چوار کەس شاید هەبێت بەسەریەوە و بڕیاری کوشتنی هەر ژنێک دەبێت بە پێ ی قانوون و لە دادگاکاندا بدرێت و دیارە بە ووشەی غەسل العاریش پەستبوون، لە جیاتی  پێشنیاریان کردبوو کە ووشەی (البواعپ الشریفە) بەکاربهێنرێت . من نازانم ئەم تروهاتانە چ پەیوەندییەکی بە قەدەغەکردنی کوشتنی ژنەوە هەیە.
قسەی من و پرسیاری من ئەوەیە  بەڕاستی ئایا ژن لە کوردستان وەک ئینسان تەماشادەکرێت یان نا؟ بارزانی و تالەبانی با وەڵامم بدەنەوە! ئایا کوشتنی ژن وەک کوشتنی ئینسان حسابی بۆ دەکرێت یان نا! کە کەسێک ژنێک دەکوژێ، دەوترێ ئینسانێکی کوشتووە یان نا! بە ڕاستی ئەم پرسیارە ئەوەندە قورسە بۆ بارزانی و تالەبانی کەوا بیست ساڵی رەبەقە نەیانتوانیوە وەڵاممان بدەنەوە؟!
 
 وارڤین: داواکارى گشتى لە قەزیەى ژن و پێشێلکارى مافەکانیان، بێدەنگە. بەوپێەى کە زۆربەى بکوژانى ژن، کەسوکارى نزیکیانن ئایا ئەرکى داواکارى گشتى، نییە دۆسیەى بۆبکاتەوە؟ هۆکارى لاوازى رۆڵى داواکارى گشتى لەقەزیەى ژن، بۆچى دەگەڕێتەوە؟
ناسک ئەحمەد:مەبەستت لە داواکاری گشتی کێ یە؟! داواکاری گشتی کام قانوون و کام دادگا؟! دادگای کام ووڵات و کام شار؟! دادگای ژێر دەسەڵاتی کام حیزب ؟!.داواکاری گشتی مانای مافی دەولەت و خەڵک بەسەر تاوانبارەوە. لە کوردستان دەسەڵات دەسەڵاتی حیزبە ، حیزبیش بە میلیشیاکەی کۆمەڵگەی کۆنترۆل کردووە. دەسەڵات خۆی هانی کوشتن دەدات و پەناگای بکوژانی ژنانە، ئیتر دەبێ داواکاری گشتی چ جیگەیەکی هەبێت لەم بەینەدا، مەگەر تەنها ببێت بە مەهزەلەی مێژووی ئەو کۆمەڵگە.
داواکاری گشتی لە کوردستان ئەوەتا لە دەرەوەی هۆڵی دادگاکان و دەسەڵات. داواکاری گشتی بریتییە لەو جەماوەرە تێکۆشەر و هەزارەها ئینسانە ئازادیخوازەی کە لە بەرامبەر تیرۆری سەردەشت عوسماندا بیدەنگ نەبوون وهاتنەمەیدان و داوای ئاشکراکردنی تیرۆرستان و سزادانیان کردن. داواکاری گشتی ئەو هەزارەها ئینسانە ئازادیخوازەیە کە هەمەرۆژە بە پراکتیک و نارەزایەتی دەربڕین، بە نووسین و خۆپیشاندان… لە جەنگدایە دژ بە تیرۆر و تووندوتیژی و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی ئینسان لە کوردستان.
 وارڤین: لەخولى رابردووى پەرلەماندا پڕۆژەى یاساى تووندووتیژى خێزانى، پێشکەش بە سەرۆکایەتى پەرلەمان کرا، وێڕاى گرنگى هەبوونى یاسایەک بۆ بەرگرتن لەتووندووتیژى خێزانى، لەم خولدا تائێستاش پڕۆژەیاساکە پیشتگوێ خراوە، ئایا قەرزیەى ژن، نەکراوەتە قوربانى خیلافە سیاسییەکان؟
ناسک ئەحمەد:بوونی یاسایەک کە بەر بگرێ بە تووندوتیژی بەرامبەر بە ژن لە خێزاندا نەک هەر گرنگە بەڵکوو پێویستییەکی بێ ئەملاو لای کۆمەڵگەی کوردستانە. رۆژانە هەزارەها ژن و کیژۆلە لە خێزانەکاندا رووبەروی چەندین جۆری تووندوتیژی وەحشیانە و بێ بەزەییانە دەبنەوە و کەسێک نییە،  قانوونێک نییە لەسەریان هەڵبداتێ، سەرپەنا و شوێنێک نییە ڕووی تێ بکەن سکاڵای خۆیانی لێ بکەن. ئەوەی کە ئەم دەسەلاتە بۆی گرنگ نییە یاسایەک دژ بەم هەموو تووندوتیژیە دەربکات و سنوورێکی بۆدابنێ و تاوانەکانی دژ بە ژن وەک مۆسیقایەکی ناسک بە لای گوێیدا دەروات تەنها بۆ پشتگوێ خستنی مەسەلەکە ناگەرێتەوە، بەڵکو حەقیقەت ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە خۆی بەرامبەر نەک هەر ژنان بەڵکوو سەرجەم خەڵکی کوردستان تووندوتیژە و ڕەگی تووندوتیژی دژ بە ژنان ئەوەتا لە نێو دڵ و هەناوی خۆیدا.

وارڤین: باشترین رێوشوێن بۆ کەمکردنەوەى تووندووتیژى چییە؟ لە واقیعى ئەمڕۆدا؟
ناسک ئەحمەد: باشترین و زەمانەتترین رێوشوین بۆ کەمکردنەوە و قەدەغەکردنی تووندوتیژی، بەدیهێنان و دامەزراندنی دەسەڵاتێکە کە ئازادی و یەکسانی سەرجەم دانیشتوان و جەماوەر مەیسەر بکات. دەسەڵاتێک کە مافی ژن و پیاو لاو منداڵ و پیر زەمانەت بکات و بیسەلمێنێ، تووندوتیژی بە هەموو شێوەکانی بە فەرمی و قانوونی قەدەغە بکات و ژن و پیاو لە بەردەم یاسا و لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریدا یەکسان سەیر بکات. دەسەڵاتێک کە رێوشۆێنی گونجاوو عەمەلی بگرێتەبەر بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی و قەلاچۆکردنی لە کۆمەڵگەدا .

Entry filed under: ناسک ئەحمەد. Tags: .

بۆ ئاواره‌کانی مه‌عه‌سکه‌ر سه‌لام لــه سنــه‌ دو ئــه‌فــسه‌ری ئیــنتزامــی کــــوژران

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 665,731 hits

Follow

Get every new post delivered to your Inbox.

%d bloggers like this: