تونس و میسر،کوردستان و ئیزرائیله‌کانی ئۆپۆزسیۆن

2011/02/19 at 7:30 AM Leave a comment

هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی:شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی تونس و میسر له‌ئاستی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا شیکردنه‌وه‌و گفتوگۆیه‌کی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناو تاکو ئێستاش به‌رده‌وامه‌، به‌راوردکردنی (تونس و میسر و کورستان) له‌و گفتوگۆیانه‌دا پانتایه‌کی گه‌وره‌ی داگیرکردوه‌ و گۆشه‌یه‌کی گه‌رمی لێکدانه‌وه‌کانه‌، له‌ڕوانگه‌ی ئه‌و شیکردنه‌وانه‌ی بۆ ڕوداوه‌کانی تونس و میسر ده‌کرێت ئه‌گه‌ر و زه‌مینه‌کانی شۆڕش و ڕاپه‌ڕین له‌ کوردستان هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌کرێت و پێوه‌ره‌کانی دیاری ده‌کرێت، له‌مباره‌وه‌ به‌گشتی کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ردا دابه‌شبوون، به‌شێک پێیانوایه‌ (تونس و میسر و کوردستان) له‌ڕووی واقیعی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هاوشێوه‌ن و ئه‌گه‌ری ئاڵوگۆڕی سیاسی له‌ کوردستاندا له ‌ئارادایه‌، به‌شێکیش که‌زیاتر له‌ ده‌سه‌ڵات و لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتدا خۆی ده‌نوێنێت وانیشان ده‌ه‌ده‌ن که‌ (کوردستان و تونس و میسر) دوو واقیعه‌تی جیاوازن به‌تایبه‌ت له‌ڕووی شێوازی ده‌سه‌ڵات و حاکمیه‌ته‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت ‌ لێکچوونه‌کانی (تونس و میسر و کوردستان) شرۆڤه‌ بکه‌ن و هێڵی گشتی هاوشێوه‌بوونی ئه‌م سێ کۆمه‌ڵگایه‌ پێکه‌وه‌ ببه‌ستنه‌وه‌، لایه‌نگرانی ئاڵوگۆڕن له‌ کوردستاندا ئه‌ڵبه‌ت هه‌ر لایه‌نێک له‌ دیدگاو جیهانبینی خۆیه‌وه‌، ئه‌وانه‌شی به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ شیکردنه‌وه‌کانیان ده‌که‌ن، ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان  ده‌سه‌ڵاتێکی دیموکراتیه‌، هه‌مانکات ده‌ڵێن په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم له‌ڕێگای ده‌نگدانه‌وه‌ هاتوه‌و هیچ نزیکایه‌تیه‌کی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆریه‌کانی وڵاتانیتردا نیه‌، ئه‌م به‌شه‌یان ڕاسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و نوسه‌ر و ڕۆشنبیرانی ده‌وری خۆیانن.

به‌ڵام من لێره‌دا ئه‌مه‌وێت  وه‌ک چاودێرێک سه‌یری (کوردستان) بکه‌م و له‌نێو ئه‌و دوو لێکدانه‌وه‌دا بێمه‌ ده‌ره‌وه‌و، ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆم و له‌ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان بکه‌م، ئه‌ویش ئه‌و پرسیاره‌یه‌، ئایا کۆمه‌ڵگای کوردستان هاوشێوه‌بێت له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگاکانی  (تونس و میسر) یان هاوشێوه‌نه‌بێت پێویستی به‌ڕاپه‌ڕین و شۆڕش هه‌یه‌ یان نا؟ ئایا خه‌ڵکی کوردستان پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ کۆڵیان بێته‌وه‌ یان نا؟ هه‌ر ئینسانێک ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی ساده‌ی (هه‌لومه‌رجی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ژیانی تاکه‌کان، مافه‌فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌کان، شه‌ڕ و پێشێلکاریه‌کان، گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه‌کان، به‌فیڕۆدانی سامانی کۆمه‌ڵگا و کۆنترۆڵکردنی بازاڕه‌کان، تیرۆر و سه‌رکوتکردنه‌کان) بکات له‌ کوردستان ، من دڵنیام به‌و ئه‌نجامه‌ ده‌گات که‌ (کوردستان) هاوشێوه‌بێت له‌گه‌ڵ (تونس و میسر) یان هاوشێوه‌ نه‌بێت، پێویستی به‌ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانه‌و کۆتایهێنانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌بێت.

نزیک به‌ 20 ساڵه‌ (یه‌کێتی و پارتی) ده‌ستیان به‌سه‌ر داهات و سه‌رچاوه‌ی ئابوری ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا گرتوه‌، نزیک به‌ 20 ساڵه‌ (یه‌کێتی و پارتی) له‌شه‌ڕ و ململانێکانیاندا خه‌ڵکی کرێکار و هه‌ژاری کوردستان ده‌که‌نه‌ سوته‌مه‌نی و قوربانی، دیل ده‌کوژن و لووت و گوێیان ده‌بڕن، گه‌مارۆی ئابوری ده‌خه‌نه‌ سه‌رناوچه‌کانی یه‌کتر و ئاو کاره‌با ده‌بڕن، له‌کاتی شه‌ڕی ناوخۆی (یه‌کێتی و پارتی) له‌دوای 31 ئابی ساڵی 1996 له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی (یه‌کێتی) له‌ سنوری( ده‌ربه‌ندیخان و به‌مۆ)، نزیک به‌ (40) دیلیان کوشت، من بۆ خۆم چوومه‌ سه‌ر ته‌رمه‌کانیان له‌ (مزگه‌وتی مه‌لا حه‌سه‌ن له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌)، به‌هه‌مان شێوه‌ (پارتی) له‌ناوچه‌کانیتر ده‌ستی نه‌پاراست و به‌ خوێنی دیله‌ کوژراوه‌کان، شیعاری بژی با‌رزانی و بژی پارتیان نووسی، نزیک به‌ 20 ساڵه‌ (یه‌کێتی و پارتی)  یاری به‌ ژیان و گوزه‌ران و چاره‌نووسی خه‌ڵک ده‌که‌ن، نان و پاروی ده‌می خه‌ڵکیان کۆنترۆڵ کردوه‌، هه‌رچی موڵکی گشتی هه‌یه‌ بۆخۆیان تاپۆیان کردوه‌، له‌ڕێگای مه‌ڵبه‌ند و لقه‌کانه‌وه‌ نه‌شته‌رگه‌ری نه‌خۆشه‌کان پاش و پێش ده‌که‌ن له‌ نه‌خۆشخانه‌کاندا، له‌ڕێگای به‌رپرسه‌ نیمچه‌ خوێنده‌واره‌کانیانه‌وه‌ به‌ڕێوبه‌ر و کارگێڕ و فه‌رمانبه‌رانی ده‌زگا په‌روه‌رده‌یه‌کان داده‌مه‌زرێنن، هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر لاوان و به‌ ته‌مه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌ل ناویان ده‌به‌ن، به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌کۆنه‌په‌رسته‌کانی ناوچه‌که‌ ده‌پارێزن و هه‌رکات ویستیان له‌شکره‌که‌یان ده‌هێننه‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان، خه‌نه‌قا و ته‌کیه‌و دیوه‌خانی ئاغاکان ئاوه‌دان ده‌که‌ن و بودجه‌ی خه‌یاڵیان بۆ ده‌بڕنه‌وه‌، ته‌شریفات بۆ مه‌لا و ده‌روێش و ئیسلامی سیاسی ده‌که‌ن و به‌خێویان ده‌که‌ن، ئیتر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی (تونس و میسر) بێت یان نه‌بێت، چی له‌وه‌ که‌مده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌بێت بڕوات و له‌ کۆڵ خه‌ڵکی کوردستان بێته‌وه‌.

ڕاپه‌ڕینی ڕۆژی 17/2/2011 خه‌ڵکی سلێمانی و به‌شێک له‌ شاره‌زوور سه‌ره‌تای قۆناغێکی تازه‌ی هێنایه‌ پێشه‌وه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان، شانۆی سیاسی یه‌ک ڕۆژی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و خه‌ڵکی سلێمانی به‌ تایبه‌تی، توانی ئه‌زمونێکی پڕ له‌مه‌حه‌کی هێز و بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان یه‌کلای بکاته‌وه‌، ته‌نها له‌ چه‌ند کاتژمێرێکی که‌مدا ئه‌وانه‌ی که‌ لاف و گزافی ئۆپۆزسیۆنیان لێده‌دا و( ئیزرائیلیان) ده‌هێنا بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان پشتیان کرده‌ خه‌ڵکی ناڕازی،  به‌ناو ئۆپۆزسیۆنه‌کان (گۆڕان، کۆمه‌ڵ،یه‌کگرتوو) شۆڕشی به‌ردیان مه‌حکووم کردو، چاپۆشیان کرد له‌ گوله‌باران و قه‌سابخانه‌که‌ی پارتی و ده‌سه‌ڵاتداران.

ئه‌و هێزه‌ی که‌ ده‌توانێت ئۆپۆزسیۆنی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان بێت، ته‌نها خه‌ڵکی کوردستان خۆیانن، ته‌نها ئیراده‌ی ڕاوه‌ستاو ناڕه‌زایه‌تی حه‌قخوازانه‌ی لاوان و به‌شمه‌ینه‌تانی کوردستانه‌،  خه‌ڵکی به‌ده‌نگهاتووی کوردستان خۆیان ده‌توانن یاریزانی لێهاتووی گۆڕه‌پانی به‌ده‌ستهێنانی داخوازیه‌کانیانبن،ده‌بێت پشت به‌ توانا و ئیراده‌ی خۆیان ببه‌ستن.

هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی

18/2/2011

 

 

Entry filed under: هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی. Tags: .

تەنیا راپەرین و ئاڵوگۆری بنەرەتی رێگا چارەیە،نەک دادگایی کردنی ژمارەێەک قۆچی قەزاوەگێر! نه‌وشیروان مسته‌فا ڕاستی کرد!

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,028 hits

%d bloggers like this: