ئه‌و كوشتاره‌ی‌ له‌سلێمانی‌ روویدا لەدڕندەییدا دەگمەن‌و کەم وێنەیە

2011/02/19 at 5:41 PM Leave a comment

به‌ختیار عه‌لی‌ نوسه‌رو روناكبیر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و ره‌فتاره‌ی‌ پارتی‌ له‌سلێمانی‌ به‌رامبه‌ر به‌خۆپیشانده‌ران كردی‌“لەدڕندەییدا هەم دەگمەن‌و هەم کەم وێنەیەو هیچ پاساوێکی سیاسی، لایەنە ئینسانییە خوێناوییەکەی ناشارێتەوە”.به‌ختیار عه‌لی‌ له‌ستونی‌ “ژوورێك له‌ئاوێنه‌”دا كه‌ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو 22/2 له‌رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌دا بڵاوده‌بێته‌وه‌، ره‌خنه‌ی‌ توند ئاڕاسته‌ی‌ ره‌فتاری‌ پارتی‌ ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌و خۆپیشاندانه‌ی‌ رۆژی‌ 17/2دا له‌سلێمانی‌ سازكراو چه‌ندین كوژراوو برینداری‌ لێكه‌وته‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌توندی‌ ره‌خنه‌ له‌هه‌ڵوێستی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش ده‌گرێت به‌رامبه‌ر به‌و رووداوه‌ كه‌ ئه‌و به‌”قه‌سابخانه‌” ناویده‌بات.
له‌م وتاره‌ی‌ “به‌ختیار عه‌لی‌”دا كه‌ به‌ناوی‌ “پادشای‌ مه‌زن دۆدۆ”یه‌، هاتووه‌ “ئەوەی لەسلێمانی ڕوویدا کۆتایی درۆیەکی دوورودرێژە دەربارەی سەرهەڵدانی شوناسێکی نوێ‌و کوردستانێکی نوێ‌و عەقڵییەتێکی نوێ لەسیاسەتی کوردیدا”.
به‌ختیار عه‌لی‌ ده‌نوسێت “له‌م ساڵانەی دواییدا سەرۆکی هەرێم چەندین جار ئەوەی دووبارەکردۆتەوە کە جارێکی تر ئەستەمە خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژێت. بەڵام ئەوەی لە 17ی دوو دا ڕوویدا ئەوەی دەرخست کە ئەم قسەیە وتەیەکی سەتحی‌و ڕووکەشگەراو بێبنەمابوو، ئەوەی سەلماند ئەو نەوەیە لەسیاسییەکانی کورد کە لەحەفتاو هەشتاکانەوە هاتوون چیتر سەر بەم ئەستێرەیەو سەر بەم دونیایە نین… چیترجگە لەکۆمەڵێ پەیمان‌و چاوبەست کە ڕۆژانی حوکمی پێدرێژدەکەنەوە هیچی تریان نییە پێشکەش بەمێژووی ئێمەی بکەن. گەورەیی‌و ترسناکی ئەم قەسابخانەیەو پەرچەکرداری ساردی سیاسییەکانی کورد، بەتایبەت سیاسییەکانی یەکێتی نیشتیمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەکگرتووی ئیسلامی‌و هەموو ئەوانی دی، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە ئەو نەوەیەی ئێستا لەسەرجادەیە، هیچ شتێک بەم فەزا سیاسییەوە نایبەستێتەوەو هیچ شتێکیشی نییە لەدەستی بدات نائومێدی گەورەی خۆی نەبێت”.
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌م وتاره‌دا هاتووه‌ “تاوانەکە خۆی زۆر ناشیرین بوو، بەڵام لەتاوانەکە گەورەتر پەرچەکردارەکان بوو. بەیاننامەکەی یەکێتی نیشتیمانی کە دەڵێت “پاسەوانەکان بەرگریان لەخۆیان کردوە”، هیچ نییە جگە لەقسەیەک کە مایەی سەرسوڕمان‌و شەرمە. من دەپرسم: ئەگەر حیزب بۆی هەبێت، بەرد بەگوللە وەڵام بداتەوە، مرۆڤە سادەکانی تریش دەبێت ئەوەیان بۆ هەبێت?… گەر من بەیانی دراوسێکەم بەردی تێگرتم بۆم هەیە بەبێکەیسی وەڵامی بدەمەوە? گەر یەکێک شانی لێدام، بۆم هەیە بەچەقۆ وەڵامیبدەمەوە? ئەمەیە ئەو پرەنسیپ‌و عەدالەتەی کە یەکێتییەکان داوایدەکەن? ئەمەیە شێوەی بەرگریکردنی مرۆڤ لەخۆی لەتێگەیشتنی یەکێتی نیشتیمانیدا? ئەمەیە مافی بەرگری کە یاساو عورف بۆ مرۆڤ بەرەوای دەزانێت?”.
به‌ختیار عه‌لی‌ ده‌نوسێت “لەبەیاننامەکەی یەکێتی خراپتر، بەیاننەمەکەی پارتی خۆیەتی. پارتی پێدەچێت ڕازی نەبێت لەژمارەی کوژراوو بریندارەکان، دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بەکەمتەرخەم دەزانێت‌و دەیەوێت ئەوەی هێزەکانی خۆی کردویانە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بیانکردایە. لەپشت قسەی سەرۆکەکانی پارتییەوە مرۆڤ جگە لەتینوێتی بۆ توندوتیژی‌و دەست‌و قاچ پەڕاندنی زیاتر هیچی تر بەدی ناکات… مرۆڤ نازانێت ئەم حیزبە «بەم سیاسەتە هەڵەو توندوتیژو بێڕەحمەیەوە» خۆی‌و کوردستان بۆ کوێ دەبات? فۆبیاو ترسی پارتی لەهەموو دەنگێک خستوێتییە ئەو دۆخەوە بەچواردەوەری خۆیدا تەقەبکات. لەتەقەی بچوکەوە بۆ تەقەی گەورە، کەم حیزبی سیاسی هەیە وەک پارتی زوو هاوسەنگی خۆی لەدەستبدات‌و توانای بیرکردنەوەی نەمێنێت… ئەوە خستوێتییە دۆخێکەوە مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی خۆی‌و کوردستانیش دروستبکات. ئەوەی لەم حیزبەدا سەیرە، ئەوەیە کە ناتوانێت ئەوە قەبووڵبکات خەڵکێک هەبێت نەیاری بن‌و خۆپیشاندانی لەدژ بکەن. ترسی ئەم حیزبە لەداهاتوو لەوە گەورەترە کە خۆی ئاشکرایدەکات، ئەوەی هەوڵدەدات‌ وادەربکەوێت کە هەموو شتێکی بەدەستێکی ئاسنین گرتووە، نەخۆشییەکی گەورەی هەموو ئەو سیستمانەیە کە زۆر بەخێرایی لاواز دەبن. پارتی وەک حیزب هەموو ئەو هێزو کەرەستەو دەرفەتانەی لەبەردەستدا بوو کە ببێت بە حیزبێکی گەورە ومۆدێرن، بەتایبەت دوای ئەوەی یەکێتی تووشی ئەو لەتبوون‌و لاوازییە ترسناکە هات. بەڵام بێتوانایی سەرکردەکانی لەوەی لەقاوغە ئاسنینەکانی خۆیان بێنەدەرێ، بێتوانایی لەتێگەیشتنی دەوروزەمانێک کە بەخێرایی دەڕوات، وایکردوە خۆیان‌و کوردستانیش تاسەر لێواری خەرەندێکی گەورەبەرن. پارتی ڕۆژ دوای ڕۆژ هەڵەی گەورە بەدوای هەڵەی گەورەدا دەیکات. ئەوەی پارتییەکان لە 17ی دوودا کردیان لابەلابوونەوەیەکی ترسناکە هەم لەمێژووی ئەم حیزبەو هەم لەمێژووی کوردستاندا، پێشتر نەبووە لەخۆپیشاندانێکی زۆر بچوکی لەو چەشنەدا ئەو هەموو قوربانییە بکەوێت. پێشتر هیچ حیزبێکی کوردی لەیەک ڕۆژدا ئەوەندە دەستی بەخوێنی خەڵکی سڤیلی خۆی سوور نەبووە. من لەساڵی 1982دا قوتابی زانکۆ بووم، بەعسییەکان لەوپەڕی وەحشییەتی خۆیاندا بوون، کە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەدین ڕوویدا، ئەو دەم هەزاران خوێندکار بەشداربوون، لەهەموو خۆپیشاندانەکەدا یەک شەهیدو هەشت بریندار هەبوو، من یەکێک بووم لەبریندارەکان. ئەوە لەوپەڕی دڕندەیی بەعسدا بوو… دوای خۆپیشاندانەکان بەعسییەکان هەڕەشەی دەست پەڕاندنأو قاچ پەڕاندنی تریان نەکرد، بەڵکو ئەو دەم فازیڵ بەراکیان نارد تا بەزمانێکی هێمن قوتابیان ئارامبکەنەوە، بەجۆرێک بەراک یەکە یەکە زۆربەی خوێندکارە گیراوەکانی دەبینی‌و دەیپرسی کێشەتان چییەو داوای چی دەکەن‌و بۆ خۆپیشاندان دەکەن؟ بەکورتی ئەوە بەعس بوو لەترۆپکی فاشییەتیداو لەساتێکدا کە دەرگیری شەڕێکی دۆڕاو بوو لەگەڵ ئێرانداو ئەمەش پارتی دیموکراتە لەوپەڕی دیموکراتییەتیدا”.
به‌ختیار ده‌پرسێت “ئاخۆ ئەمە بەرهەمی ئەو وەعدەی بارزانییە کە ئیتر خوێنی کورد بەدەستی کورد نەڕێژرێت? یان کورد تەنیا ئەوانەن کە کڕنووش بۆ پارتی دەبەن‌و بەس?”.
پاشان ده‌نوسێت “ئەم ڕووداوەو ڕووداوەکانی پێشتری ئەم چەندساڵەی دوایی دەریانخست کە پارتی دەیانەوێت هەموو میللەتی کورد لەگەڵ حوکمی ئەم حیزبەدا زۆر بەختەوەر بێت. ئەوەی لەگەڵ حوکمی پارتیدا دڵی خۆش نەبێت، ژیانی بەجۆرێک لەجۆرەکان لەمەترسیدایە… ئەوەی شت بنوسێت‌و پیشانی بدات کە بەختەوەر نییە ژیانی لەمەترسیدایە، ئەوەی بۆچوونێکی لەسەر بۆچوونی ئەم حیزبە هەبێت دەدرێت بەدادگا، ئەوەی بەرد بهاوێت دەکوژرێت‌و دەستی دەبڕدرێت”.
به‌ختیار عه‌لی‌ ره‌خنه‌ له‌هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانیش ده‌گرێت سه‌باره‌ت به‌رووداوه‌كه‌و ده‌نوسێت “هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانیش سەبارەت بەقەسابخانەکە زۆر لەهەڵوێستی یەکێتی نیشتیمانی‌و یەکگرتووی ئیسلامی دوورنەبوو. ڕاستە هەموو دەزانین پارتی دەیەوێت بڵێت کە ئەمەی ڕوویداوە کێشەیەکی سیاسییە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، چونکە ئاسانترە بۆ پارتی بڵێت کێشەم لەگەڵ هێزێکی سیاسی هەیە نەوەک لەگەڵ هێزێکی کۆمەڵایەتی نوێ کە هێدی هێدی لەکۆمەڵگای کوردیدا بەرزدەبێتەوە. ئاسانترە بڵێت کێشەم لەگەڵ حیزبێکدا هەیە نەوەک لەگەڵ نەوەیەکدا. دیارە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە کە پارتی تێیدەکەوێت. لەڕاستیدا کێشەی سەرەکی پارتی لەگەڵ گۆڕاندا نییە، بەڵکو لەگەڵ نەوەیەکی تازەدایە کە حاکمییەتی ئەبەدی، کە مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات، کە تەزویری بەردەوامی هەڵبژاردن، کە حوکمی موتڵەقی بنەماڵە، کە بەهەدەردانی سامانی کۆمەڵایەتی، کە جیاوازی لەنێوان شارو شارو ناوچەو ناوچەداو… تادوایی قەبووڵ ناکات. کێشەی سەرەکی پارتی لەگەڵ کات‌و سەردەم و گۆڕانی عەقڵییەتدایە، لەگەڵ شەپۆلێکی گەورەی گۆڕاندایە کە شەپۆلێکی بچوک‌و تێپەڕو کاتی نییە، لێرەوە بە تەقەو بەتیرۆری زێڕەڤانی چارەناکرێت‌و عەقڵێکی باشتری دەوێت. دەشێت بەیانی پارتی بتوانێت هەموو سەرانی گۆڕانیش بکوژێت، بەڵام ئەوە هیچ لەکێشەکە ناگۆڕێت، سەد جار قورستری دەکات‌و سووکتری ناکات… جەوهەری کێشەکان لەجێگایەکی تردایە، گەر نەیبینیت ناتوانیت نەوەک چارەیان بکەیت، بەڵکو مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت. من بۆ خۆم هەڵوێستی گۆڕانیش تووشی نائومێدی کردم. گۆڕان لەسەرەتاداو تا زۆر درەنگ بایەخی بەلایەنی ئینسانی ئەو کوشتارە گەورەیە نەدا. بەهیچ جۆرێک وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەرنەکەوت کە بەرگریکردن لەخوێنی خەڵک بەشێکە لەخەیاڵی سیاسی‌و بیرکردنەوەی سیاسی. ئەم بزوتنەوەیە کە بە بەیاننامەیەک واقیعی سیاسی کوردی شڵەقاند، کە پڕبوو لەداواکاری گەورەو بەردەوام دەڵێت ئێمە سیناریۆی خۆمان هەیە، ناکرێت واهەڵوێست وەربگرێت وەک ئەوەی کە لەسەر جادەکان ڕوودەدات پەیوەندی بەوەوە نەبێت. ڕاستە هەموو دەزانین ئەوە گۆڕان نییە خەڵکی ناردۆتە سەر بارەگای پارتی، بەڵام ئەوەی ڕووکاری ئینسانی کارەساتەکە نەتهەژێنێت‌و وا هەڵوێست وەربگریت کە خوێنی قوربانییەکان شایەنی باس نییەو تەنیا ئەوە گرنگە پەلاماری بارەگاکانی خۆت نەدرێت، لای من هەڵوێستێکە جێگای دوودڵی‌و گومانە. وەک ئەوەی ئەوانەی پێکراون خوێنەکەیان تەنیا ئەو کاتە بۆ گۆڕان گرنگ بێت گەر گۆران بن… یان ئەوان تەنیا بەرگری لە قوربانییەک بکەن کە کارتی گۆڕانی لەگیرفاندا بێت. لەڕاستیدا پێموایە سەرانی ئەم بزووتنەوەیە دەبێت بزانن کە مەسەلەی سەرەکی لەکوردستاندا گۆڕینی سیاسییەک نییە بەسیاسییەکی تر، بەڵکو گۆڕینی هەستێکی بێباکە بەکوشتن‌و خوێنڕێژی، بەهەستێکی تری مرۆڤانە کە حەساسییەتێکی گەورەی بەرامبەر بەهەموو جۆرە شێوەیەک لەتوندوتیژی سیاسی هەبێت. سیاسییەکانی گۆڕان لەساتی کارەساتەکەدا بیریان لای خوێنی قوربانییەکان نەبوو، بەڵکو هەموو بیریان لای ئەوەبوو کە مەترسی ئەم ڕووداوانە بۆ ئەوان چەندە… ئەمە خاڵێکە هەتا ئەگەر بەهانەی بەهێزیشی هەبێت، بەڵام بەو زمان‌و شێوازەی لای سیاسی‌و قسەکەرەکانیانەوە بیستمان، خاڵێکی نێگەتیڤە لەسەر بزووتنەوەکە. مەسەلەی 17ی 2 بەرلەوەی مەسەلەیەکی سیاسی بێت، کێشەیەکی ئەخلاقی‌و ئینسانییە”.
رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 22/2، كۆی‌ وتاره‌كه‌ی‌ به‌ختیار عه‌لی‌ له‌ستونی‌ “ژورێك له‌ئاوێنه‌”ی‌ ژماره‌ 263 ی‌ رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌دا بخوێنه‌ره‌وه‌.
سه‌رچاوه‌:ئاوێنه‌

Entry filed under: به‌ختیارعه‌لی. Tags: .

به‌رهه‌م ساڵح داوای‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ نه‌وشیروان موسته‌فا ده‌كات ‌ پارتی‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و كه‌لار ده‌كه‌وێته‌ ئینزاره‌وه‌و گه‌نجانی‌ سه‌ید سادق سبه‌ینێ‌ رێگه‌ی‌ مه‌رزی‌ پاشماخ داده‌خه‌ن

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,030 hits

%d bloggers like this: