بۆ دەبێت خۆپیشاندانەکان نەوەستن

2011/02/23 at 1:35 PM Leave a comment

 بۆ دەبێت خۆپیشاندانەکان نەوەستن

مەریوان وریا قانیع:با جارێکی تریش لەو ڕاستییەوە دەستپێبکەم کە دەسەڵاتی کوردی لە جنسی ئەو دەسەڵاتانەیە کە گوێناگرێت، گوێشبگرێت بەبێ ئامادەگی فشارێکی بەردەوام ئامادە نییە ھیچ ھەنگاوێک بنێت. ئەزمونی کۆمەڵگای ئێمە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا ئەو ڕاستییە سادەییەی فێری ھەموو مناڵێکی کوردوستان کردوە. ئەم دەسەڵاتە، وەک زۆربەی دەسەڵاتە نالەبارەکانی دونیا، نایەوێت ئەوەی دروستیکردوە بگۆڕێت، نایەوێت بە ھەڵە و کورتھێنان و خراپەکارییەکانی خۆیدا بچێتەوە. ھەندێکجاریش لەژێر ھەندێک فشاردا نابەدڵ دان بەم یان بەو کەموکوڕیدا دەنێن، بەڵام بە کردەوە شتێکی نەکردوە ھێما بۆ سەرەتایەکی شەرمنی چاکسازیش بکات. لەمەش بترازێت ئەم دەسەڵاتە زۆربەی ھەرە زۆری ئەو دەزگایانە کە دروستیکردن و گوایە ئەرکی ئەوەیان ھەیە لە دەسەڵات بپرسنەوە و ناچاریکەن چاکسازی بکات، ئیفلیج و پەکخستوە. بۆیە مەسەلەی بوونی فشارێکی بەردەوام لەناو کۆمەڵگاوە لەسەر ئەم دەسەڵاتە مەسەلەیەکی ھێجگار گرنگە، ھەنگاوی یەکەمی ناچارکردنی دەسەڵاتە بە چاکسازی. لەم دیدگایەوە مانەوەی خۆپیشاندانەکان و دەربڕینی ناڕەزاییەکان و ڕێگرتن لە کوژاندنەوەیان، ئەرکی ھەموو کەسێکی دیموکراس و دادپەروەرە و ئازادیخوازە. ئەرکی ھەموو کەسێکە کە دەزانێت ناکرێت ئەوەی لە کوردوستاندا دروستکراوە نەگۆڕێت و بەو شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە.
مۆدێلە سوڵتانییەکەی حوکمڕانی لە کوردوستاندا چەندەھا کێشەی قووڵ و فرەلایەنی ھەیە، لەڕاستیدا ئەم دەسەڵاتدارێتییە ھێندە کێشەی ناوەکی بۆ خۆی دروستکردوە، گۆڕان و چاکسازیکردنی ھێجگار زەحمەت و ناقۆڵا کردوە. ھەموو ئەو کۆڵەکە سەرەکییانەی ئەم دەسەڵاتدارییەی لەسەربەندە خوار و ناڕێک و سەقەتن. لەشکرێکیش لە کەسانی خاوەن قازانجی تایبەتیان دروستکردوە بەھەموو شێوەیەک بەرگری لە مانەوەی ئەم مۆدێلە دەکەن. بە مانایەکی تر کێشەی ئەم مۆدێلە بوونی گەندەڵییەک لێرە و خراپەکارییەک لەوێ نییە بە تەنھا، بەڵکو کێشەکەی ھەموو ئەو کۆڵەکە سەرەکییانەیە کە دەسەڵاتدارێتییەکەی لەسەر بیناکراوە. ئەگەرچی ھەم من و ھەم چەندان نووسەر و ڕۆشنبیری تر، بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، باس و خواسێکی زۆر و بەرفراونمان لەسەر کێشە گەورەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە نووسیوە، بەشێکیش لەم باسکردنانە ئەمڕۆکە بوونەتە بابەتی سەر زاری زۆربەی ھەرەزۆری خەڵکی کوردوستان و تەنانەت ھی ھەندێک لە سەرانی ناو دەسەڵاتیش خۆی، کەچی ھاوکات ھیچ ھەوڵێکی ڕاستەقینە نابینین بەئاراستەی چاکسازیی کردن لە تەوەرە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدارێتیدا.
من لێرەدا جارێکی دیکە و زۆر بە کورتی تەوەرەی کێشە و قەیرانە سەرەکییەکانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە وەبیر خوێنەران و دەسەڵاتداران دەھێنمەوە، بەو ھیوایەی ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ پیادەکردنی چاکسازییەکی ڕاستەقینە لە کوردوستاندا.
 
یەکەم: دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان حیزب و کۆمەڵگادا.
یەکێک لە خراپترین و ناشیرینترین دەرکەوتەکانی ئەزموونی سیساسی لە کوردوستاندا ئەو بە حیزبیکردنە بەرفراوانەی کۆمەڵگایە. ئەو دەستبردنەی حیزبە بۆ ھەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەو خۆخزاندنە ترسناکەیە بۆ ناو ژیانی زیاد لە ھێزێکی کۆمەڵایەتی، لەوانە بۆ نموونە: ژیانی خوێندکاران و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و کاسبکاران و فەرمنابەران و خاوەن پیشەکان و زۆری تر. ئەم مۆدێلە حیزبییە تەنھا حیزبی نەکردۆتە بوونەوەرێکی فوتێکراو و ھەڵئاوساو کە بڕێکی زۆری بودجەی وڵات دەخوات، بەڵکو لەمە ترسناکتر ئەوەیە دۆخێکی دروستکردوە ئەوەی لەدەرەوەی حیزبدابێت، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ببێتە ھاوڵاتی پلە دوو. ببێت بە ھاوڵاتییەک کە نەتوانێت تەنانەت لەناو کۆمەڵگادا ئازادانە کاربکات، یان گەر کاریشی کرد نەتوانێت لەبەردەم زەبەلاحی ئۆرگانە حیزبییەکانی ناو کۆمەڵگادا کاریگەرییەکی ھەبێت. ب کورتی بڕێکی گەورەی ئینسانی ئێمەی کردوە بە ئینسانی بێماف و بێبەرپرسیارییەت. بۆیە ئەوەی پێویستی بە گۆڕین ھەیە، کۆتاییھێنانە بەم مۆدێلە حیزبییە، لانیکەم کۆتاییھێنانە بەو شێوازە نالەبارەی پەیوەندییەی نێوان حیزب و کۆمەڵگا. ئەمەش تەنھا یەک مانای ھەیە: ھەڵوەشاندنەوە و لابردنی بڕی ھەرەزۆری ئەو مقەڕ و ناوەندە حیزبییانەی پانتاییەکی زۆری شارەکانی کوردوستانیان گرتوە، ھاوکات بڕین و لابردنی ھەموو ئەو ئیمتیازانەی دراونەتە کەس و ئۆرگانە حیزبییەکان، ڕێگرتن لە حیزب کە ببێتە ھۆکارێک بۆ گەیشتن بە دەسکەوت و بەرزبوونەوەی وەزیفی و کۆمەڵایەتی.
 
دووھەم: دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان حیزب و دەوڵەتدا.
ڕەنگە کەم کێشە ھەبێت لە کوردوستاندا بە ئەندازەی کێشەی پەیوەندی نێوان حیزب و دەوڵەت گەورەبێت. ئەم پەیوەندییە بەجۆرێکە نەک تەنھا حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانی تری ئیفلیجکردوە، بەڵکو لەدەرەوەی حوکمەت و پەرلەماندا بازنەیەکەی دەسەڵاتی دروستکردوە کە لەسەروی ھەموو دەسەڵاتەکانی ترەوەیە: مەبەستم دەسەڵاتی مەکتەبی سیاسی حیزبییەکانە. ئەم کێشەیە یەک چارەسەری ھەیە، یان ئەوەتە ھەموو دەسەڵاتێک لە مەکتەبی سیاسی حیزبەکان دەسێندرێتەوە، یان ئەوەتا ئەندامانی ئەو مەکتەبە بچنە ناو دەزگاکانی حکومەت و ناو پەرلەمانەوە و لەوێوە کاری سیاسی و دەسەڵاتدارێتی بکەن. بوونی مەکتەبەی سیاسییەکان بەو ھەموو دەسەڵاتەوە لەدەرەوەی حکومەت و پەرلەماندا دروستکردنی حکومەتە لەناو حکومەتدا.
کێشەیەکی تر ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کورد لە ساڵانی ڕابردوودا تەنھا خەریکی بەحیزبیکردنی حکومەت نەبوون، بەڵکو خەریکی بە حیزبیکردنێکی تەواوی دەزگاکانی دەوڵەتیش بوون. دەکرێت حیزبە براوەکانی ھەڵبژاردن حکومەت دروستبکەن، بەڵام ناکرێت ھەموو جیاھزی ئیداری و ھەموو دەزگاکانی دەوڵەت بکەنە دەزگای حیزبی، یان بە کەسانی حیزبی پڕبکرێنەوە. ئەوەی لە کوردوستاندا کراوە ئەوەیە بۆ ھەموو پۆستێکی ئیداری لە خوارترین پلەشدا کەسێکی حیزبی دانراوە و حیزب بووەتە دەروازەی دابەشکردنی پۆستە ئیداری و سیاسییەکانی ناو وڵات. ئەمڕۆ دەبینین لە سادەترین بەڕێوەبەری قوتابخانەوە تا بەڕێوەبەری دەزگا ئیدارییە گرنگەکانی وڵات، ھەموویان کەسانی حیزبین و بەدەگمەن نەبێت کەسێک نادۆزینەوە لەدەرەوەی حیزبدا پۆستێکی ئیداری گرنگی لە دەوڵەتدا وەرگرتبێت. جیھازی ئیداری لە کوردوستاندا تا بینەقاقای کراوە بە جیھازێکی حیزبی. ئەم دۆخە وایکردوە ھیچ یەکێک لە دەزگا گرنگەکانی وڵات نەتوانن کاری سەربەخۆی خۆیان بکەن، لە دەزگاکانی داوەرییەوە بیگرە بۆ دەزگای پەرلەمان و لەشکر و ھێزە سەربازی و ئاسایشییەکان. باوەڕناکەم لەھیچ شوێنێکی دونیادا دەزگاکانی حوکمڕانی بەگشتی و جیھازی ئیداری بەتایبەتی، بەم شێوەیە بە حیزبی کرابێت وەک لە کوردوستاندا کراوە و دەکرێت. بۆیە بەبێ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم جیھازە ئیدارییە و بەبێ سەرلەنوێ دروستکردنەوەی لەسەر بنەمای نەھێشتنی فشار و کاریگەری حیزب لەسەری، ھەموو قسەکردنێک لە کوردوستاندا لەسەر چاکسازی قسەکردنێکی بێمانایە و جگە لە خەڵەتاندنی شتێکی دیکە نییە.
 
سێھەم: دروستکردنی پەیوەندییەکی مەترسیدار لەنێوان حیزب و ئابوریدا.
ئەمەش کۆڵەیەکەی تری ھێجگا رخراپی ئەو سیستمی دەسەڵاتدارێتییە لە کوردوستاندا سەروەرکراوە. بوونی حیزب بە خاوەنی ئابوری و کۆمپانیای گەورە و لەوێشەوە دەستخستنە ناو کەرتە ئابورییە جیاوازەکانی وڵاتەوە، بەوجۆرەی لە کوردوستاندا ھەیە، ڕەچەتەی گۆڕانی دەسەڵاتدارێتییە بۆ حوکمی مافیا. لەم دۆخەدا ئەو کەسانەی کە حوکمدەکەن و دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیان بەدەستەوەیە، دەبنە ھەمان ئەو کەسانەی کە پرۆژە ئابورییە گەورەکانی وڵات بەڕێوەدەبەن. ئەمەش نەک تەنھا ڕێگا بۆ دروستبوونی گەندەڵی زۆر گەورە خۆشدەکات، بەڵکو دەبێتە ھۆی کۆکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان لەناو چەند دەستێکی کەمدا و بنەمای حوکمێکی دیکاتۆتۆری دەسەڵاتگەر دەچەسپێنێت، لەسەر مۆدێلی شێخەکانی خەلیج یان مۆدێلی موبارەک لە میسردا. چارەسەرکردنی گەندەڵی لە کوردوستاندا مەحاڵە گەر ئەم پەیوەندییە لەنێوان حیزب و ئابوریدا بنەبڕ نەکرێت. گەندەڵی لای ئێمە تەنھا ڕووداوێک نییە ڕێکەوت، یان بوونی ئەم یان ئەو تاکەکەسی گەندەڵکار دروستیکردبێت، بەڵکو سروشتی ئەو پەیوەندییە دروستیکردوە کە دەسەڵات و حیزب و سیاسەت بە ئابورییەوە گرێدەدات. واتە گەندەڵی بەشێکە لە ئاکارە سەرەکییەکانی سیستمەکە. بەبێ ڕزگارکردنی ئابوری کوردوستان بە گشتی و ئابوری نەوت بەتایبەتی لەدەستی حیزب و لە دەستی ئەو نوخبە دەسەڵاتدارەی ئامادەن، ھەموو چاکسازییەک دەبێتە گاڵتەی منداڵان.
 
چوارەم: دروستکردنی ئیمپراتۆریەتێکی ئیعلامی ئاراستەکرا و کۆنترۆڵکراو.
ھیچ ڕەھەندێکی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی لە کوردوستاندا بەقەد ڕەھەندە میدیاییەکەی ناشیرین نییە. دەسەڵاتدارانی کوردوستان بە موڵک و ماڵی گشتی ئیمپراتۆریەتێکی میدیایی زەبەلاحیان دروستکردوە کە دوو ئەرکی بنەڕەتی ھەیە. یەکەم داپۆشین و شاردنەوەی ھەموو نوقسانی و خراپەکارییەکانی دەسەڵاتداران. دووھەم: جوانکردنی بەردەوامی ڕوخساری ئەو دەسەڵاتدارێتییە بەو ھەموو کێشە و قەیرانە گەورانەوە کە ھەیەتی. ئەمە جگە لەوەی ئەم میدیاییە بۆتە ئامرازی درۆ و شکاندنی کەسایەتی ھەموو ئەوانەی بە دڵی دەسەڵاتداران نادوێن و بە مۆسیقای حیزب ھەڵناپەڕن. ئەم سیاسەتە میدیاییە بەشێکە لە سیاسەتێکی کولتوری بەرفراوان کە تیایدا دیسانەوە حیزب لەڕێگای کۆمەڵێک ناوەندی ڕۆشنبیری و پەخش و بڵاوکردنەوە و خەڵاتی تایبەتەوە، ڕاستەوخۆ دەستی خستۆتە ناو ژیانی کولتوری و فەرھەنگی و بەو ئاراستەیەیکدا بردویەتی کە ھەموو مانایەکی ڕاستەقینەی لێسەندۆتەوە. بەبێ سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەکی ڕاستەقینە و ڕادیکاڵی میدیا و دەزگا کولتورییەکان ھەموو قسەکردنێک لە چاکسازی بێمانایە.
 
پێنجەم: حیزب و ھێزی چەکداری
ھیچ شتێک بە ئەندازەی ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئەو مەترسییەی پیشانی کۆمەڵگای ئێمە نەدا مانای چی حیزب چەکداربێت. چەکداربوونی حیزب سەرچاوەی زۆربەی ھەرەزۆری ئەو مەترسییانەیە کە ڕووبەڕوی وڵاتی ئێمە دەبێتەوە. داماڵینی حیزب لە چەک و دانانای کەسانی بێلایەن لە سەرکردایەتی ھێزە چەکدارەکاندا تاقە ڕێگای کوژاندنەوەی فتیلەی مەترسییە گەورەکانی دونیای ئێمەیە. بەبێ داڕشتنەوەی سەرلەنوێ ئەم ھێزانە و بەبێ کۆتاییھێنان بە ڕۆحی سەربازی لە بەلابەلاخستنی کێشەکاندا ھەموو باسکردنێکی لە چاکسازی وەک نوکتەیەکی بێتامی لێدێت.
 
ئەمانە پێنج گرنگترین تەوەرەیەکن کە دەبێت دەستبەجێ چارەسەربکرێن و سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە. وەک ووتم ساڵانێکی درێژە ڕۆشنبیران و ھێزە کۆمەڵایەتییەکانی دونیای ئێمە ئەم داواکارییانەیان ھەیە، بەڵام دەسەڵاتداران نەک گوێیان نەگرتوە، بەڵکو لەھەموو ئەو ئاستانەدا درێژەیان بە کاری شێوێنەرانەی خۆیان داوە و دۆخێکیان دروستکردوە مەسەلەی چاکسازیکردنی سیستمەکەی ھێجگار زەحمەتکردوە. ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا و دوای ئەو ھەموو ڕووداوە ھێشتا ھیچ نیەت و ئیرادەیەکی چاکسازی ڕاستەقینە لەناو نوخبە دەسەڵاتدارەکەی کوردوستاندا نابینین.
 
ئەو خاڵانەی سەرەوە وا لەمن دەکات بە پێویستی بزانم کۆمەڵگای ئێمە درێژە بە فشارەکانی خۆی بدات، چونکە تەنھا فشارێکی زۆر و بەردەوام وا لەدەسەڵاتداران دەکات ناچاربن لەو ئاستە قوڵ و ستراتیژیانەدا چاکسازی بکەن. ئەمڕۆ دەبێت فشارەکانی کۆمەڵگا نەک بچوک و بەرتەسک بکرێتەوە، بەڵکو گەورەتر و زیادتر بکرێت. ئەمەش ناکرێت گەر خەڵک بە ئاسانی بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان و شەقامەکان چۆڵبکەن. بەڵام ئامادەبوون لە شەقامەکاندا مانای پەلاماردانی ھێزەکای پۆلیس و ئاسایش نییە، مانای تێکدانی ژیانی گشتی و مەدەنی نییە و مانای کورتکردنەوەی داواکارییەکان لە لابردنی ئەم بارەگا و ئەو بارەگادا نییە. خۆپیشاندانەکان پێویستە داوای چاکسازی دەستبەجێ لەھەموو ئەو ئاستانەی سەرەوەدا داوابکەن. جگە لەمە دەبێت ئەم خۆپیشاندانە سەرلەنوێ ڕێکبخرێنەوە، بۆ نموونە لەباتی ئەوەی ھەموو ڕۆژێک ئەنجامبدێت، ھەفتەی جارێک ئەنجامبدرێت، لەباتی ئەوەی تەنھا لەناو یەک شاری کوردوستاندا بکرێت، لەیەککاتدا لەناو زیاد لە شوێنێکی کوردوستاند ئەنجامبدرێت، ھەوڵی ئەوە بدرێت ھەر جارە و کەرتێکی کۆمەڵایەتی ببرێتە سەر جادە. کە باس لە چاکسازی لەبواری ئابوریدا دەکرێت ھەوڵبدرێت بازرگانان و خاوەن پیشەکان ببرێنە پاڵ خۆپیشاندەران. کە باس لە چاکسازی ئیداری دەکرێت ھەوڵبدرێت فەرمانبەران بچنە پاڵ خۆپیاشندەران. کە باس لە چاکسازی دادگاکان دەکرێت داوەرەکان و پارێزەرەکان و کۆلیژەکانی یاسا بچنە سەرجادە. خاڵێکی دیکە کە گرنگە بیریلێبکرێتەوە ئەوەیە نەھێڵدرێت خۆپیشاندانەکان ببێتە ھۆی وەستانی کار و کاسبی خەڵک لەناو شار و شارۆچکەکانی کوردوستاندا، ئەمەش بەوەدەکرێت تەنھا لە ھەندێک شوێنی تایبەتی ناو شارەکان و لە ھەندێک کاتی تایبەت و پێشوەخت ڕاگەیاندراودا خۆپیاشندانەکان ئەنجامبدرێت. واتە خۆپیشاندانەکان دەبێت ببنە بەبەشێک لە ژیانی مەدەنی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، نەک ببن بە ئامرازێک بۆ پەکخستنی ئەو ژیانە.
بە کورتی مانەوەی ئەم بزوتنەوەی ناڕەزاییە بەو داواکارییانەی سەرەوە مەسەلەیەکی ھێجگار گرنگە، نەک تەنھا بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات، بەڵکو بۆ فشارخستنە سەر ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش. فشار لەسەر ئۆپۆزیسیۆن بۆئەوەی لە ئەرکی خۆی وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە پاشگەزنەبێتەوە و فشاری دەسەڵات نەیانترسێنێت کارێکی گرنگە. فشاری خۆپیاشاندان و ناڕەزاییەکان دەبێت بەو مەبەستەبێت ھەمووان ئەو ئەرکانەی لەسەرەیانە بەباشی جێبەجێبکەن، ھەم دەسەڵات و ھەم ئۆپۆزیسیۆن. ھەروەھا بەدەوامی ئەم خۆپیشاندانە بۆ خودی شەقامی کوردی خۆشی زۆر گرنگە، بۆئەوەی ئەو داخوازییانەی شەقام ھەیەتی و بەڕاستی دەزانێت ڕاستەوخۆ بکەوێتە بەرچاوی کۆمەڵگا و دەسەڵاتداران، بەبێ تێپەڕین بەناو فلتەری ھیچ دەزگایەکی ئیعلامی ئارستە و ئاراستەنەکراودا.
ھەموو ئەو دەنگانەی داوای ئەوە دەکەن ئەم بزوتنەوەیە بکوژێننەوە, خوازیاری ئەوەن درێژە بەو دۆخە بدەن کە ساڵانێکە دەسەڵاتادارانی کورد بێباک و لوتبەرزانە دروستیانکردوە، دۆخێک کۆمەڵگای ئێمەی بە ھەموو ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆ گەیاندوە. ئەگەر کۆمەڵگای ئێمە چاکسازی دەوێت، ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایی نابێت کۆتاییپێبێت، بەڵکو دەبێت ڕۆژبەڕۆژ سنوورەکانی فراوانتربکرێتەوە. بەڵام بەو مەرجەی لە شەپۆلێکی توڕەو ناڕازییەوە بگۆڕێت بۆ شەپۆلێکی ھێمن و دروستکەر.
 
مەریوان وریا قانیع
ئەمستردام
٢٢-٢-٢٠١١

 

 

Entry filed under: مه‌ریوان وریا قانع. Tags: .

به‌یاننامەى مەکتەبى سیاسى حزبى کۆمۆنیستى کریکارى کوردستان کرێکارێکی بێکار و هەژار بۆ منداڵە برسیەکانی دەدوێ:

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,907 hits

%d bloggers like this: