عومه‌ری سه‌ید عه‌لی:ئــه‌م چـینـه‌ سـیـاسییــه‌ مشــه‌خــۆره‌ی کــوردســتان

2011/02/24 at 7:53 AM Leave a comment

چـاره‌نــوسـی تـونـــس‌ و مــیـســریـــان ده‌بــێـــت

دیمانه‌: لڤینعومه‌ری سه‌ید عه‌لی؛ هه‌ڵسوڕاوی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ دیمانه‌یه‌کی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری لڤین له‌بارودۆخی تازه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌دوێت ‌و‌ باس له‌خۆپیشاندان ‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک و کاردانه‌وه‌ پڕ توندوتیژییه‌کان ده‌سه‌ڵات ده‌کات.

لڤین: یه‌كێتی ‌‌و پارتی‌ ده‌ڵێن كه‌ ئێوه‌ له‌ده‌ركردنی‌ به‌یانامه‌كه‌دا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت‌ و په‌رله‌مان ویستوتانه‌ سود له ‌روداوه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست وه‌ربگرن، سه‌باره‌ت به‌خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان، ئایا ئێوه‌ ویستان سود له‌و شه‌پۆله‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ وه‌ربگرن؟
عومه‌ری‌ سه‌ی‌ عه‌لی‌: بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان چه‌ندینجار وه‌ره‌قه‌ی‌ چاكسازی‌ بۆ سیسته‌می‌ حكومڕانی‌ پێشكه‌شكردوه‌ بۆ په‌رله‌مان ‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌ و حكومه‌ت‌ و دواین وه‌ره‌قه‌ (وه‌ره‌قه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بو بۆ لێكگه‌یشتنی‌ هاوبه‌شی‌)، كه‌ له‌پێنچ ته‌وه‌ردا بو بۆ سیسته‌می‌ حوكم‌ و ئۆرگانه‌كانی‌ حكومه‌ت. ده‌ستور، په‌رله‌مانی‌ كوردستان، حكومه‌ت، دادگا، حیزب‌ و مه‌نزومه‌ی‌ ئه‌منی‌‌ و به‌رگری‌، كه‌ به‌درێژی‌ راو و سه‌رنجی‌ خۆمان له‌سه‌ر هه‌ر پێنج ته‌وه‌ره‌كه‌ دابو، ئه‌مانه‌ هیچی‌ وه‌ڵامی‌ نه‌بوه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات ‌و ئه‌و دو حیزبه‌ی‌ له‌پشت ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ن كه‌ پارتی‌‌و یه‌كێتییه ‌و ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌مانای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌یانامه‌كه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌دایكبوی‌ ئه‌و سات ‌و كاتانه‌ نییه‌ كه‌ شۆڕشی‌ جه‌ماوه‌ری‌ تونس ‌و میسر بوبێت، به‌ڵكو كه‌ڵه‌كه‌بوی‌ كێشه‌كانه‌ له‌دو ساڵی‌ رابردودا كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌كۆڕ و كۆبونه‌وه‌كاندا له‌به‌یانامه‌كاندا له‌میدیای‌ ئازادا، له‌په‌رله‌مان‌ و ده‌زگاكانی‌ حكومه‌تدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ ناو ده‌سه‌ڵات ‌و ئۆپۆسزیۆندا باسیكردوه ‌و گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر كردوه‌.
دیاره‌ روداوه‌كـــانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ‌و شه‌پۆلی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌‌ و خۆپیشاندانی‌ جه‌ماوه‌ری ‌‌و هه‌ڵكـــردنی‌ گه‌رده‌لولی‌ شۆڕشی‌ سیاسی‌‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ی‌ گرتوه‌ته‌وه‌ له‌پێش هه‌مویانه‌وه‌ تونس‌و میسر كه‌ گه‌نجان پێشه‌نگیه‌تی‌، ئه‌ویش رۆڵ ‌و گرنگی‌ ته‌ئه‌سیری‌ خۆی‌ هه‌یه‌، چونكه‌ گه‌ل ‌و وڵاته‌كه‌ی‌ ئێمه‌ش به‌شێكه‌ له‌ناوچه‌كه‌ هه‌مان كێشه‌ و گیروگرفتی‌ سیاسی ‌‌و ئابوری‌ كارگێڕی‌‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئه‌وانی‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌و وڵاتانه‌دا هه‌یه‌ ئه‌و باهۆز و گه‌رده‌لوله‌ش حه‌تمه‌ن ئێره‌ش ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چاكسازی‌ سیاسی‌ نه‌كرێت.

لڤین: به‌راوردكردن‌ و جیاوازیكردن له‌نێــــوان ئه‌زمونی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و میسر و تونسدا یه‌كێكه‌ له‌و جه‌ده‌له‌ سیاسییانه‌ی‌ له‌نێوان ئێوه ‌و به‌رانبه‌ركانتاندا هه‌یه‌ رای‌ ئێوه‌ چیــــیه‌ له‌مبـــاره‌یه‌وه‌، بۆچی‌ ســــورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌نــــدی‌ له‌نێوان ئه‌زمونی‌ هه‌رێم ‌و ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌یه‌؟
عومه‌ری‌ سه‌ی‌ عه‌لی‌: به‌ڵێ‌ لێكچونی‌ زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌زمونی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و تونس‌ و میسردا بۆیه‌ ره‌نگه‌ بشێت بۆ كۆپیكردن، ئه‌وه‌ش به‌وه‌ی‌ بونی‌ بێكاری‌، گرانی‌، گه‌ندڵی‌، بازاڕ قۆرغكردن له‌لایه‌ن هه‌ردو حیزبی‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ده‌ستگرتن به‌سه‌ر هه‌مو جومگه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن، ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسایی‌، ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌، په‌روه‌رده ‌و خوێندنی‌ باڵا، هێزه‌كانی‌ چه‌كدار، راگه‌یاندن …هتد به‌كورتی‌ هه‌مو بواره‌كانی‌ ژیان‌و جومگه‌كانی‌ به‌ده‌ست هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌ركرده‌كان ‌و به‌رپرسه‌كانیانه‌وه‌یه‌ ده‌ناڵێنن، كه‌ ئه‌مه‌ له ‌تونس ‌و میسر به‌تایبه‌تی‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌‌ و رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست گشتییه ‌و هه‌مان شته‌، دیاره‌ ئه‌وانه‌ی‌ تونس ‌و میسر حیزب ‌و به‌رپرسه‌كانیان له‌ڕوی‌ مێژوییه‌وه‌ هاتنیان بۆ ده‌سه‌ڵات له‌ڕێگه‌ی‌ خه‌باتی‌ رزگاریخوازانه‌یان بوه‌ وه‌ك ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ده‌سه‌ڵاتدان له‌ كوردستاندا له ‌حیزب‌ و به‌رپرسه‌كانیان كه‌ پارتی ‌‌و یه‌كێتییه‌ ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌یه‌كچونه‌كانی‌ تریان.
ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌ هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵات ‌و میدیا و به‌رپرسه‌كانیان ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ بده‌ن به‌گوێی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكدا گوایه‌ كه‌ تونس ‌و میسر له ‌كوردستان ناچن ئه‌وان دو ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆن ئه‌ركه‌كانی‌ قۆناغی‌ رزگاری‌ نیشتیمانی‌ له‌وێ ته‌واو بوه‌ به‌ناوی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رچی‌ روداوێك له‌وێ‌ رو بدات مه‌ترسی‌ نییه‌، به‌ڵام لێره‌ له‌ كوردستان هێشتا له‌به‌رده‌م مه‌ترسیداین، چونكه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ ئه‌م قۆناغه‌ كه‌ ته‌واو نه‌بوه‌، ده‌بێت خه‌ڵك بێده‌نگ بێت له‌سه‌ر ماف‌و داوا ره‌واكانی‌ خۆی ‌‌و گه‌ل، هه‌روه‌ها ئه‌و شێوازه‌ی‌ به‌ڕێوبردنی‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ كه‌ له‌ وڵاتدا پیاده‌ ده‌كرێت.
جا باخه‌ڵك كه‌ره‌سه‌ و قوربانی ‌‌و سوته‌مه‌نی‌ شۆڕش‌ و ده‌سكه‌وته‌كانیشی‌ بوبێت! ئێستا كه‌ی‌ وه‌ختی‌ ئه‌وه‌یه‌ داوای‌ گۆڕانكاری ‌‌و شێوازی‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی ‌‌و ماف ‌و ئه‌م شتانه‌ بكرێت!، باس له ‌ئازادی ‌‌و دیموكراتیه‌ت‌ و شه‌فافیه‌ت‌ و دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بكرێت.
بۆیه‌ ئه‌م چینه‌ سیاسییه‌ كه‌ دروستبون، له‌جه‌ماوه‌ر دابڕاوه‌و هه‌رچی‌ ئیمتیازو سه‌روه‌ت‌و سامان‌و پله‌و پایه‌ حیزب‌و حكومه‌ته‌ بۆ خۆی‌ بێت هێشتا به‌لایه‌وه‌ كه‌مه‌، چونكه‌ ئه‌م چینه‌ خه‌باتی‌ بۆ گه‌ل‌و نیشتیمان كردوه‌و گه‌یاندوییه‌ته‌ ئه‌م رۆژگاره‌!، ئازادی‌ دیموكراتیه‌ت‌و دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بۆ هێنا!، نازانی‌ یان نایه‌وێت ئه‌مه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌رهه‌می‌ خه‌باتی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك‌و پێشمه‌رگه‌و خوێنی‌ شه‌هیدان‌و ئه‌نفال‌و كیمیاباران‌و (4500) چوار هه‌زارو پێنجسه‌د گوند ته‌ختكردن‌و ره‌وی‌ ملیونی‌‌و خه‌باتی‌ نه‌وه‌ له‌دوای‌ نه‌وه‌ی‌ گه‌له‌كه‌مانه‌.
بۆیه‌ به‌رپرسانی‌ هه‌ردو حیزب، یا ئه‌و چینه‌ سیاسییه‌ مشه‌خۆره‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن ئه‌گه‌ر چاكسازی‌ سیاسی‌ نه‌كه‌ن ‌و به‌خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی‌ حیزب ‌و سه‌ركرده‌ی‌ مێژویی‌ بون له‌وڵاتانی‌ تونس ‌و میسر چاره‌نوسیان چی‌ به‌سه‌ر هات، دیاره‌ ئه‌م چینه‌ سیاسییه‌ مشه‌خۆره‌ی‌ كوردستانیش هه‌مان چاره‌نوسیان ده‌بێت كه‌ به‌مانگرتن ‌و خۆپیشاندان ‌و چه‌پڵه‌ڕێزان ده‌ریانكردن، وڵاتیان پێبه‌جێهێشتن.

لڤین: هه‌ندێك له‌چاودێران پێانوایه‌ كه‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بوه‌ هۆی‌ شاردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌ شه‌قام‌ و پاشه‌كشێ‌ به‌خۆپیشانده‌رانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كرد، ئایا باشتر نه‌بو چاوه‌ڕێی‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامی‌ جه‌ماوه‌ر بكه‌ن، پاشان بچنه‌ پاڵ ئه‌و خۆپیشاندانه‌؟
عومه‌ری‌ سه‌ی‌ عه‌لی‌: باوه‌ڕم وانییه‌، خۆپیشاندان ماوه‌ له‌لایه‌ن چین ‌و توێژه‌كانه‌وه‌ بۆ داخوازییه‌كانی‌ رۆژانه‌یان، ئه‌گه‌ر چی‌ ده‌سه‌ڵات ‌و داموده‌زگاكانی‌ هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ به‌ردوامی‌ هه‌یه‌ له‌خۆپیشانده‌ران، هه‌رچی‌ له‌كاتی‌ ئێستادا گۆڕان نیازی‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامی‌ نییه‌ وه‌ك وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر كردوه‌، مه‌به‌ستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌به‌یانامه‌كه‌ وریاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ مل بدات بۆ چاكسازی‌ سیاسی‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌ و لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ ئۆپۆزسیۆن پێش ئه‌وه‌ی‌ گه‌رده‌لول هه‌ڵكات.

لڤین: سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ‌و پارتی چه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ نیازی كوده‌تان هه‌بوه‌ و خۆتان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ كردبو؟
عومه‌ری‌ سه‌ی‌ عه‌لی‌: به‌داخه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ پارتی ‌‌و یه‌كێتی‌ مه‌نتیقی‌ سیاسیان له‌ده‌ست داوه‌، ئه‌وه‌ی‌ باوه‌ له‌دنیای‌ سێدا كوده‌تا ده‌كرێت، هه‌میشه‌ وابوه‌ كۆمه‌ڵێ‌ ئه‌فسه‌ری‌ ده‌ره‌جه‌دار ئه‌و كاره‌ ده‌كات له ‌وڵاتێكدا به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ جارێك تائێستا خودا نه‌یبڕێت دوای‌ (13) ساڵ له‌ گفتوگۆ له‌كوردستان دو ئیداره ‌و دو ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ له‌دو ناوچه‌ نه‌ك یه‌ك وڵات ‌و ئیداره‌، كه‌ گوایه‌ به‌قسه‌ی‌ به‌ڕێزتان بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان نیازی‌ كوده‌تای‌ هه‌یه‌، ئایا پێمانناڵێن كوده‌تا له‌هه‌ردو ئیداره‌ كه‌ ده‌كه‌ین، یان له‌یه‌كێـكیان پێمانناڵێن تائێستا له‌م كوده‌تاچییانه‌ چه‌ند ئه‌فسه‌ری‌ ده‌ره‌جه‌ دارتان گرتوه‌ چه‌ندیان سه‌ركرده‌ی‌ كه‌تیبه‌ی‌ ده‌باباتن، گاردی‌ كۆمارین، یا هێزی‌ ئاسمانی‌‌و ئه‌فسه‌ری‌ هه‌واڵگرین.
یا ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ند بنكه‌ و داموده‌زگای‌ سه‌ربازی ‌‌و حكومی‌ ئێوه‌دا گیراوه‌ یا ئێوه‌ له‌ (گۆڕان)تان سه‌ندوه‌ته‌وه‌ تقدیم به‌محاكه‌مه‌ی‌ عه‌سكه‌ری‌ كراوه‌ تا پێی‌ بڵێین كوده‌تا، یا ئه‌مه‌ له‌قاموسی‌ سیاسی‌ خۆتان ده‌رتان هێناوه‌.

لڤین: رایه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ ئاسایشی خه‌ڵكی شێواند و خه‌ڵكی خسته‌ راڕایی ‌و دو دڵییه‌وه‌، خه‌ڵكی وا هه‌ست بكه‌ن له‌وانه‌یه‌ روداوێكی ناخۆش روبدات، به‌بڕوای تۆ كێ به‌رپرسه‌ له‌هاتنه‌ ئارای ئه‌م بارودۆخه‌؟
عومه‌ری‌ سه‌ی‌ عه‌لی‌: ئه‌وه‌ شتێكی‌ سروشتییه‌ كه‌ حیزبێك یا چه‌ند حیزبێك له ‌ئۆپۆزیسیۆن داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت ‌و په‌رله‌مان بكات ‌و له‌جێیدا دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ ئینتقالی‌ هاوبه‌شی‌ دابمه‌زرێ ‌‌و هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خت بكرێت، ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ به‌قه‌یرانی‌ سیاسی‌‌ و ئابوری ‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تیدا تێئه‌په‌ڕێ‌ ڕوده‌دات، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ به‌نگلادیش‌ و ئوردن ‌و ئه‌لبانیا سێ وڵاتی‌ جیاوازن له‌سێ‌ شوێنی‌ زۆر دور له‌یه‌ك له‌م دنیایه‌ یه‌ك له‌نزیك رۆژهه‌ڵاتی‌ ئاسیا و ئوردن له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌ و ئه‌لبانیا له ‌ئه‌وروپا له‌ڕوی‌ ئاینیشه‌وه‌ دوانیان موسڵمانن ‌و یه‌كێکیشیان مه‌سیحییه‌، ‌له‌ڕوی‌ مساحه‌ جوگرافی ‌و ‌دانیشتوانه‌وه‌ له‌یه‌ك جیاوازه ‌و گه‌وره‌ و بچوكه‌. هه‌رسێكیان داوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێش وه‌ختی‌ په‌رله‌مان ئه‌كه‌ن ‌و كابه‌ كه‌چ نه‌بوه‌.
به‌یاننامه‌ی‌ گۆڕان په‌شێوی‌ نه‌خستۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌كاتێكدا سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌ و هه‌ردو (م.س) پارتی ‌و یه‌كێتی‌ و حكومه‌ت ‌و په‌رله‌مان چوار به‌یاننامه‌ی‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌ك به‌تیر و توانج‌ و هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ ده‌رده‌كه‌ن واده‌زانن هێزه‌كانی‌ جه‌نگیزخان هاتوه‌ته‌سه‌ریان له‌لایه‌ك، له‌ولاشه‌وه‌ ده‌بابه‌و تۆپی‌ (106) ئه‌هێنن بۆ به‌رامبه‌ر باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ گۆڕان له‌ سلێمانی ‌‌و گرتنی‌ سه‌ری‌ شه‌قامه‌كان‌ و سه‌ربانی‌ ئوتێله‌ به‌رزه‌كان بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ هه‌مه‌جۆر له‌شاردا، ئه‌مه‌یه‌ په‌شێوی‌ ئه‌نێته‌وه‌ و خه‌ڵك ناحه‌قی‌ نییه‌ چاوه‌ڕێی روداوی‌ ناخۆش بكات، دیاره‌ ده‌سه‌ڵات‌ و هه‌ردو حیزبی پارتی ‌و یه‌كێتی به‌رپرسیاره‌ له‌دروستكردنی ئه‌و بارودۆخه‌ و ترس ‌و دڵه‌ڕاوكێی‌ خه‌ڵك، ئه‌وه‌شیان بۆیه‌ دروستكرد له‌ترسی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات.

لڤین: ئێوه‌ زۆر باسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌كه‌ن، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ هه‌یه‌ پێمانبڵێن‌ و به‌ڕاپۆرت بۆمان بنوسن با چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین. بۆچی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ئاگادارناكه‌نه‌وه‌ له‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ی‌ كه ‌هه‌یه‌؟
عومه‌ری‌ سه‌ی‌ عه‌لی‌: به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌ڵێت له‌كوێ‌ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌ پێمانبڵێن. باشه‌ له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌لایه‌ن كۆبونه‌وه‌ی‌ (19) حیزبه‌كه‌ له‌به‌یانه‌كه‌یاندا خۆیان دان به‌گه‌نده‌ڵیدا ده‌نێن‌و ده‌ڵێن گه‌نده‌ڵی‌ هه‌یه‌و وایه‌، ئه‌ی بۆ لێپرسینه‌وه‌ ناكه‌ن، كێ به‌رپرسه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی به‌رپرسانی گه‌نده‌ڵییه‌كه‌ كێیه‌؟ پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ زانیاریت نه‌بێ چۆن ئه‌توانی گه‌نده‌ڵی‌‌ و سه‌رچاوه‌كانی بدۆزیته‌وه‌؟
زانیاری كه‌ موڵكی گشتییه‌، ده‌سه‌ڵات ‌و حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ زانیاری نه‌دات به‌خه‌ڵك له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردن‌ و كارگێڕی وڵات‌ و شێوه‌ی گرێبه‌سته‌كان ‌و ماوه‌ی تێچو مه‌رجه‌كانی، تابه‌وردی خه‌ڵك ‌و لایه‌نی سیاسی‌ و گروپه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌ و داواكاری گشتی بتوانن له‌سه‌رچاوه‌و كون‌ و كه ‌له‌به‌ره‌كانی گه‌نده‌ڵییه‌كان بگه‌ن، چۆن ده‌توانن گه‌نده‌ڵییه‌كان ئاشكرابكه‌ن، یان هه‌رئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك به‌سه‌لیقه‌ی عه‌قڵ تێبگات، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی به‌رۆژی روناك دیاره؛‌ ئه‌و خانوانه‌ی كه‌ رژێمی پێشو دروستیكردوه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان‌ و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له‌كوێن ‌و له‌سه‌ر كێ تاپۆكراون؟ له‌كاتێكدا ئه‌مانه‌ خانوی به‌رپرسی پۆسته‌ باڵاكانه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتار، وه‌زیر، كه‌ی له‌و وه‌زیفه‌ نه‌ما ده‌بێت چۆڵی بكات، بۆئه‌وه‌ی له‌دوای ئه‌و دێت، ئه‌مه‌ له‌هه‌ولێر كراوه‌ به‌دیارچاوی‌ خۆتانه‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌یان بینای قوتابخانه‌ له ‌سلێمانی ‌و هه‌ولێر و دهۆك‌ و شوێنی تردا داگیركراوه‌ له‌لایه‌ن حیزب‌ و به‌رپرسه‌كانه‌وه‌ له‌كاتێكدا بینای قوتابخانه‌ هه‌یه‌ سێ ده‌وامی تیایه‌.
پرۆژه‌ی خه‌سته‌خانه‌ی (400) قه‌ره‌وێڵه‌یی سلێمانی زیاد له‌ (7) ساڵه‌ ته‌واونه‌بوه و چه‌ندجارێک قه‌ره‌بوكراوه‌ به‌ده‌یان ملیۆن دۆلار، تائێستاش نازانرێت كه‌ی ته‌واوده‌بێت. هه‌روه‌ها (9000) نۆ هه‌زار شوقه‌ بڕیاربو دروستبكرێت، زیاد له‌(6) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سێ ناوچه‌ی جیاواز، هه‌ر ناوچه‌ی (3) سێ هه‌زار شوقه‌یه‌ (سیته‌ك، زڕگوێز، تابین) به‌(17) ملیۆن دۆلار، تائێستا هیچی دیارنییه‌.
جگه‌ له‌وه‌ش کارگه‌ی مه‌ڕمه‌ڕ له‌ماوه‌ت زیاد له‌(5) ساڵ زیاتره‌ به‌نزیكه‌ی (20) بیست ملیۆن دۆلار تائێستا هیچی دیارنییه‌.
هه‌روه‌ها رێگه‌ی تاسڵوجه‌ سلێمانی‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ماوه‌ی (5) ساڵدا زیاد له‌سێجار هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه ‌و‌ پاره‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌ جار له‌دوایجار و تائێستاش ته‌واونه‌بوه‌.
هه‌روه‌ها سه‌رفنه‌كردنی‌ زیاده‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ سنوری‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ (6) شه‌ش ساڵ، له‌كاتێكدا نزمترین پله‌ له‌فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌ت لانیكه‌م (5) ملیۆن دیناری‌ ماوه‌ته‌وه‌ لای‌ حكومه‌ت‌و نایدرێتێ‌، جگه‌ له‌فه‌رمانبه‌رانی‌ پله‌كانی‌ سه‌ره‌وه‌ كه‌ مه‌بله‌غێكی‌ زۆر ده‌كات‌و ئه‌م پارانه‌ش دیارنییه‌،‌ ئه‌مه‌ هه‌مو توێژی‌ فه‌رمانبه‌ران ئه‌گرێته‌وه‌ كه‌ خۆپیشاندان‌و مانگرتنیش بكه‌ن به‌گێره‌شێوێن‌و ئاژاوه‌چی‌ ناوده‌برێن.
ئه‌مانه‌ هه‌موی‌ مشتێكه‌ له‌خه‌روارێك كه‌ گه‌نده‌ڵی‌ كارگێڕی‌‌ و دارایی‌ و چاولێپۆشین‌ و له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ خزمخزمێنه‌ و مه‌حسوبیــــه‌ت ‌و ره‌فاقه‌ت ئه‌كرێت،‌ هه‌روه‌ها دانانی خه‌ڵكی له‌سه‌ر بنه‌مـــــای په‌یوه‌ندی‌ حیزبی له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خوارێ، نه‌ك له‌سه‌ر بنچینه‌یی‌ تواناو لێوه‌شاوه‌یی‌.

لڤین: سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌دواكۆبونه‌وه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌ كه‌ ده‌بێت بزوتنه‌وی‌ گۆڕان داوای‌ لێبوردن بكات ‌و ئه‌ڵێن ئاماده‌نیین جارێكی‌ تر له‌گه‌ڵیاندا دابنیشن. راتان چیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م وتانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم؟
عومه‌ری‌ سه‌ی‌ عه‌لی‌: كه‌سی یه‌كه‌می بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌به‌رنامه‌ی روبه‌رودا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی داوه‌ته‌وه‌، دیاره‌ ئه‌وه‌ بیروڕای هه‌مومانه‌. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان داوای لێبوردن له‌ میلله‌ت بكه‌ن كه‌ به‌ به‌یاننامه‌كانیان دڵه‌راوكێ و ترسیان خسته‌ ناو خه‌ڵك، هه‌روه‌ها له‌هێزی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ویستیان له‌شه‌ڕی ناوخۆیان بگلێنن. له ‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ تۆپ‌و ده‌بابه‌یان هێنایه‌سه‌ر باره‌گای‌ سه‌ره‌كییان له‌ سلێمانی.

لڤین: راگه‌یاندنه‌كانی یه‌كێتی‌و پارتی ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌راســـتی دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌كات، بۆچی ئه‌و موڵكه‌ گشتیانه‌ی لایه‌تی نایگێڕێتــــه‌وه ‌و مه‌رجی داناوه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا یه‌كێتی ‌و پارتی موڵكه‌كـــــــــان بگێڕنه‌وه‌؟
عومه‌ری‌ سه‌ی‌ عه‌لی‌: گۆڕان رایگه‌یاندوه‌ ئه‌وكاره‌ ئه‌كات با ئه‌وانیش فه‌رمو هه‌مان هه‌ڵوێست وه‌رگرن، راگه‌یاندنه‌كانی یه‌كێتی ‌و پارتی با داوا له‌ حیزب‌ و سه‌ركرده‌كانی خۆیان بكه‌ن هیچ نه‌بێ چاو له‌ گۆڕان بكه‌ن ‌و ئه‌وه‌ی موڵك ‌و ماڵی خه‌ڵك ‌و حكومه‌ته‌ ئاشکرای بکه‌ن ‌و بیگێڕنه‌وه‌.

لڤین: ئه‌گه‌ر ئه‌م بارگرژیه‌ی نێوان یه‌كێتـی‌ و پارتی‌ و گۆڕان به‌رده‌وام بێت‌ و كاربگاته‌ په‌لاماردانی باره‌گـــاكانتان. بیرتان له‌وه‌کردوه‌ته‌وه‌ به‌ چ رێگه‌یه‌ك به‌رگری له‌خۆتان بكه‌ن؟
عومه‌ری‌ سه‌ی‌ عه‌لی‌: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نها بیر له‌كاری یاسایی‌ و شارستانی‌ و جه‌ماوه‌ری ده‌كاته‌وه‌ و رێگای‌ یاسایی‌ ئه‌گرێته‌به‌ر بۆ به‌رگریكردن له‌خۆی، گه‌له‌كه‌مان ده‌زانێ ئێمه‌ نه‌ نیازی شه‌ڕمان هه‌یه ‌و نه‌چه‌ك ‌و جبه‌خانه‌مان هه‌یه‌ نه‌ده‌سه‌ڵاتمان له‌ده‌سته‌، ته‌نها پشتیوانمان كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌.

Entry filed under: دیمانه‌. Tags: .

CNN:خۆپیشاندانه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌كی عێراق له‌ رۆژی هه‌ینی داهاتو، به‌رپرسانی‌ ترساندوه‌ بازگه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی رێگری له‌ هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی ده‌که‌ن بۆ سه‌ردانکردنی هه‌ولێر

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,090 hits

%d bloggers like this: