شـــــەرم کـــــەن،کـــــێ ئـــــاژاوەگـــــێڕە ؟

2011/02/27 at 10:15 AM Leave a comment

تاهیرحەسەن:ووشەی ( ئاژاوەگێڕ، دەستی دەرەکی ، تابووری پێنج) بە درێژایی مێژووی کۆمەڵگەی ئینسانی تۆمەتێک بووەو هەیە ، دەسەڵاتە سەرکوتگەرە ڕەنگاوڕەنگەکان خستویانەتە پاڵ نەیارانی سیاسی خۆیانو جەماوەری بەگیانهاتووی فراوانی خەڵک ، کاتێک هاتبنە مەیدان و داوای ژیانێکی باشتریان کردبێ . ڕەنگە ملیۆنەها ئینسانی ئازادیخواز بەم تۆمەتەی دەسەڵات لە دنیادا گوللەباران کرابن ، خنکێنرابن . ڕەنگە ملیۆنەها ئینسان لە دنیادا بەم تۆمەتەی دەسەڵات دوای پشتشکاندنیان لە ژێر دارو کێبڵ و کورسی کارەبادا چەندین ساڵی ژیانیان لەزیندانە تاریک وشێدارەکاندا بەسەر بردبێ . بۆیە ئەم ووشەیە تازەداهێنراوی یەکێتی وپارتی نیەو بەئەندازەی مێژووی ناڕەزایەتی ئینسانی بە هەلومەرجی باو کۆنە.
ڕژێمی هارو دڕندەی بەعس بە یەکێتی و پارتی و تەواوی ئەحزابی ئۆپۆزسیۆنی خۆی دەوت ئاژاوەگێڕ ، ئێستاش یەکێتی وپارتی بەخەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان دەڵێن ئاژاوەگێڕ!!. حوسنی موبارەکی میسر بە ملیۆنەها کرێکارو زەحمەتکێشو خەڵکی دەستتەنگی ڕاپەڕیوی میسر، کە 90% یان ڕۆژانە بە دوو دۆلار ژیانیان دەچەرخێنن دەووت ئاژاوەگێڕ ، لەکاتێکدا سەرچاوەکان سەروەتی خێزانی موبارەک بە 70 ملیار دۆلار مەزەندە دەکەن !. بن عەلی توونس بە خەڵکی ڕاپەڕیوی توونس ، کە بۆ نان وئازادی هاتبوون دەووت ئاژاوەگێڕ ، لەکاتێکدا ماڵەکەی لەهەموو بانکەکانی ئەو ووڵاتە زیاتر پارەی دزراوی پارووی دەمی خەڵکی توونسی تێدا بوو!!. قەزافی کە چەند ساڵێک لەمەوبەر تاڵەبانی دووڕیانەکەی سەرچناری بەناوی ئەوەوە نا ، هەر ئێستا بەخەڵکی خرۆشاوی لیبیا بۆ نان و کارو ئازادی دەڵێت ئاژاوەگێڕ و بەجۆرەها تۆپ وتانک و تەیارە ئاخرین ڕۆژەکانی عومری نەگریسی دەسەڵاتی بەسەر دەبات ، لەکاتێکدا سەرچاوەکان سەروەتی دزراوی دەمی خەڵکی لیبیا بە 133 ملیار دۆلار مەزەندە دەکەن !!. ووشەی ئاژاوەگێڕ هەمیشە تۆمەتی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانە بەخەڵک کاتێک خەڵکی دێن و عەرشی دەسەڵات دەلەرزێنن و دەیانەوێ بیگۆڕن !.
ئێوە سەیرکەن . چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەوەی کە پێی دەڵێن پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بە ڕەوشی هەرێمی کوردستان سازدا. لەو کۆبوونەوەیەدا بەڵگەنامەیەکی 17 خاڵی پەسەند کرد ، کە بزووتنەوەی گۆڕان هەرایەکی گەورەی لەسەر ساز کردو بەدەستکەوتێکی گرنگی بزووتنەوەکەیان ناوزەدیان کرد. بەهەر حاڵ لەیەکێک لەو خاڵانادا هاتبوو کە: ( نابێت هیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیر بکرێت ). کەچی دوێنێ لە دوای تەواوبوونی خۆپیشاندانەکەی شاری سلێمانی و لەکاتی گەڕانەوەیاندا بۆ ماڵەوە لەلایەن باندێکی مافیایی یەکێتیەوە(نەوزاد بابان و موئەییەد ئەحمەد و خالید مەجید وشاخەوان ناسح ) دەدزرێن !. دواتریش یەکێتی دان بەوەدا دەنێن کە لای ئەوانن. دوێنێش مافیاکانی پاراستن (دکتۆر پشتیوان) یان لەشاری هەولێر دزیوە. دەستگیر کردنی هەڵسوڕاوان و شوێن پێهەڵگرتنی چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان و شەوانەهەڵکوتانە سەرماڵان هەر درێژەی هەیەو هەتا دێت ئاماری کوژاروو بریندارەکان و زیندانیەکان هەر بەرەو سەر دەچێت. ئایا بەڕاستی هیچ گومانێک لەسەر ئەوە هەیە کە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم شتێک نیە جگە لەکارتونێکی پووچ و بێناوەڕۆک ؟!. ئایا بەڕاستی کەسێک هەیە شکی لەوە مابێتەوە ، کە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم شتێک نیە ، جگە لە قاووغێکی پووچ بۆ بە قانوونی نیشاندانی دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی وپارتی .
31 ی ئابی 1996 پارتی حەرەس جمهوری ڕژێمی بەعسی هێنا و شاری هەولێری داگیرکرد. پاشان یەکێتی پاسداری جمهوری ئیسلامی هێنایە کوردستان تا هاوسەنگی هێزی لەگەڵ پارتیدا ڕاستبکاتەوە. بەڵام ئەمجارەیان یەکێتی لەشەڕیدا لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری سلێمانی و دەوروبەری حەرەس جمهوریەکانی پارتی هێنا بۆ سلێمانی !. کەچی ئەوەندە ڕووقایمن هێشتا بەخەڵکی دەڵێن ئاژاوەگێڕ !. بەپێشچاوی هەموو دنیاوە تەقە لەخۆپیشاندانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان دەکەن ومنداڵی 16ساڵە دەکوژن ، فەزای ترس و خۆف بڵاودەکەنەوەو شوێنی ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسیەوە ، کەچی هێشتا شەرم ناکەن وبە خەڵکی دەڵێن ئاژاوەگێڕ!. 20 ساڵە نەوت وسەروەتو سامانی ئەو ووڵاتە دەدزن ودەیکەن بە کۆشکی شاهانە بۆ خۆیان ،دەیکەن بە پارەی بلۆکراوی نێو بانکەکانی ئەوروپا ، دورگەی پێ دەکڕن بۆ پشوی هاوینەیان ، کەچی وەختێک خەڵک دێت ودەڵێ کارەبامان دەوێ ، نانمان دەوێ ، دکتۆرو دەرمانمان دەوێ ، ئازادیمان دەوێ .دەڵێن ئاژاوە گێڕن و ئەزموونەکەمان دەخەنە مەترسیەوە .
ئەگەر دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی وپارتی کە ئێستا خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان دروشمی (بڕوخێ ، بابڕوا ، لاچۆلەسەر ئەو کورسیە میللەت هەمووی برسیە) یان بەرزکردۆتەوە ، بەهێزی جەماوەری ڕاپەڕی و دڵپڕلەهیوای کوردستان بڕوخێ ، ئێمەی خەڵکی کوردستان چی لەدەست دەدەین و سەرانی یەکێتی وپارتی چی لەدەست دەدەن ؟!.
ئێمەی جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کوردستان :
دزی وتاڵانی و ڕاووڕووتی مشتێک سەرمایەداری کوردی لەدەست دەدەین . لوولەی هەموو ڕۆژەی چەکی میلیشیای ئەحزابی دەسەڵاتدار بەسەر سەرمانەوە لە دەست دەدەین . بەڕێوەچوونی ژیان وپەیداکردنی نان بۆ منداڵەکانمان بەشەرتی تەسکیەی حزبی لەدەست دەدەین . بەکارهێنانی چەک لە یەکلاکردنەوەی کێشەی سیاسی نێوان حیزبەکاندا لەدەست دەدەین . زیندانەتاریکەکانی قەڵاچوالان و ئاکرێ ، کە ئەبوغرێب و هەیئەی کەرکوکی شەرمەزار کردووە لەدەست دەدەین . دەزگاکانی ئینسان کوژی و دزینی ئازادیخوازانی وەک پاراستن و زانیاری لە دەست دەدەین . دەسەڵاتی مشتێک عەشایەری ناحاڵی و نەخوێندەوار لەدەست دەدەین . کابووسی موقەدەسات و داسەپاندنی ڕموزی کەللەپوتی حزبی بەسەر کۆمەڵگەدا لەدەست دەدەین. بێ ئاوی و بێ کارەبایی لەدەست دەدەین . تەلەدڕکاویەکانی موقەدەسات و تابۆکان بەسەر ئازادی ڕادەربرین و بیرکردنەوە وخۆپیشانداندا لەدەست دەدەین . حەمامی خوێنی کوشتنی نامووسی ژنانی کوردستان لەدەست دەدەین . تەمەڵخانەکەی پەرلەمانی کوردستان لەدەست دەدەین ……..
بەڵام سەرانی یەکێتی و پارتی چی لەدەست دەدەن :
کۆشکی شاهانەو ژیانی فیرعەون ئاسای ئێستایان لەدەست دەدەن . ئەو بەرنامەیەی کە ساڵانێکە بۆ کوڕو کوڕەزاکانیان داناوە لە دوای خۆیان دەسەڵاتدار بن لە کوردستان ، لەدەست دەدەن . دوور نیە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەو ژیرانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان بتوانێت تەواوی ئەو سەروەت وسامانەی لە پارووی دەمی خەڵکی کوردستان دزیویانە درەنگ یان زوو بیگێڕێتەوە بۆ خەزێنەی کۆمەڵگەو ئەوەی کە سەرچاوەی ژیانی پڕ لەناز و نیعمەتی ئێستایانە لەدەستی بدەن .
بۆیە ناهەقیان نیە جەماوەرێکی ملیۆنی کە دەیەوێ ئەم هەلومەرجە بگۆڕێ پێی بڵێن ئاژاوە گێڕ . کەوایە هەزار جار بژی ئاژاوەگێڕیەک کە دەیەوێ ئەم کۆمەڵگەیە لەسەر سەرەوە بخاتەوە سەر پێ.

تاهیرحەسەن
26.02.2011

Entry filed under: تـــاهیـر حــه‌ســه‌ن. Tags: .

‌هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات و ئەزموونی باشوری کوردستان به‌ ڤیدیۆ:شه‌هیدكردنی‌ گه‌رمیان‌ ئه‌حمه‌د ته‌مه‌ن 12 ساڵ له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی‌ پارتیه‌وه‌

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,040 hits

%d bloggers like this: