بی بی سی:تا ئێستا ده‌رنه‌كه‌وتووه ‌نه‌وشیروان مسته‌فا ریفۆرمیسته‌ یان رووخێنه‌ر

2011/02/27 at 6:01 PM Leave a comment

ده‌ستوور:فه‌زای سیاسیی كوردستانی عێراق له‌م رۆژانه‌ی دواییدا، ئاڵۆز بووه‌. له‌ دوو هه‌فته‌ی رابردوودا كۆبوونه‌وه‌‌و خۆپیشاندانی‌ ناڕه‌زایی زۆریی له‌ گه‌نده‌ڵیی ئیداری‌و ئه‌دای‌ به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌، له‌ شاره‌كانی كوردستان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌. ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ چه‌ندین جار توندوتیژیی لـێ‌ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.هه‌فته‌ی رابردوو له‌ كاردانه‌وه‌ی‌ په‌لاماردان بۆ سه‌ر باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق له‌ شاری سلێمانی، سێ‌ كه‌س كوژران‌و چه‌ندین كه‌سیش بریندار بوون.
ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندانه‌كان به‌ هه‌مان شێواز‌و به‌ هه‌مان گه‌رموگوڕییه‌وه‌، بۆ شاره‌كانی قه‌ڵادزێ‌‌و ده‌ربه‌ندیخان‌و چه‌ندین شاری دیكه‌یش، گواستراونه‌ته‌وه‌.
هه‌موو ئه‌م رووداوانه‌ هاوكات بوون له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی گۆڕانكارییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و باكووری ئه‌فریقا‌و شێوازی‌ ناڕه‌زایییه‌كانیش هاوشێوه‌ن. به‌ڵام جیاوازییش به‌دیده‌كرێت. خۆپیشاندانه‌كانی‌ كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی دیكه‌وه‌، بێ‌ زه‌مینه‌‌و خۆرسك نه‌بووه‌‌و هاوكات بێ‌ رابه‌ر‌و نارێكخراویش نییه‌.
له‌ چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌، بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناڕازی‌و ریفۆرمیستی به‌ ناوی (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان)، وه‌ك ئۆپۆزسیۆنێكی یاسایی له‌ناو حكومه‌تی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا، شكڵی گرتووه‌‌و  له‌ناو چین‌و توێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه‌یشدا، پێشوازییه‌كی باشی لـێ‌ كراوه‌.

ئه‌م ره‌وته‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ ره‌سمی ناسێنراوه‌‌و میدیاكانی سه‌ر به‌و ره‌وته‌، به‌ چه‌ندین رۆژنامه‌‌و ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا هه‌یه‌.

چالاكانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی دوو ساڵی رابردوودا، به‌شدارییان كرد‌و به‌ (25) نوێنه‌ره‌وه‌ چوونه‌ په‌رله‌مانه‌ (100) كه‌سییه‌كه‌ی كوردستانه‌وه‌. به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا، رابه‌رانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ رایانگه‌یاند كه‌ درێژه‌دانی چالاكییه‌كانیان وه‌ك كه‌مایه‌تییه‌كی سیاسی‌و فراكسیۆنێكی په‌رله‌مانی، بێسووده‌.

ئه‌وان بۆ چاكسازیی ریشه‌یی‌و خه‌بات له‌ دژی گه‌نده‌ڵی، داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تیان كرد. داواكارییه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی ده‌سه‌ڵاتی لێكه‌وته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ په‌سندكردنی بڕیارنامه‌یه‌كی (17) خاڵی به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی به‌شێك له‌ داواكارییه‌كانی دان. به‌ڵام ئه‌و بڕیارننامه‌یه‌ش نه‌یتوانی رازییان بكات.

ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، پاش رووداوه‌كانی ئه‌م داوییانه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست، شێوازی خۆپیشاندانی سه‌رشه‌قامیان به‌خۆیانه‌وه‌ گرت. شاری سلێمانی رۆژی هه‌ینی نۆیه‌مین رۆژی خۆپیشاندانی ئه‌زموون كرد.

پێده‌چێت خۆپیشاندانه‌كان بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش ته‌شه‌نه‌ بسێنن. به‌غدا رۆژی هه‌ینی شاهیدی خۆپیشاندانی هه‌زاران نارازی بوو، كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی حكومه‌ت‌و به‌شێك له‌ مه‌رجه‌عه‌ ئاینییه‌كان‌و نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌كان، هاتنه‌وه‌ سه‌ر شه‌قام. هه‌روه‌ها له‌ شاری موسڵ په‌لاماری خه‌ڵك بۆ سه‌ر پارێزگای ئه‌و شاره‌، چه‌ندین كوژراوی لێكه‌وته‌وه‌‌و بینای پارێزگایش، له‌لایه‌ن خه‌ڵكی تووڕه‌وه‌ ئاگری تێبه‌ردرا.

وادیاره‌ ئه‌زموونی حكومه‌تی كوردستانی عێراق رووبه‌ڕووی گرفتی جیدی بووه‌ته‌وه‌. هه‌ندێك گرفت كه‌ ریشه‌كه‌نیان له‌ ناوخۆی كوردستانه‌‌و بۆ یه‌كه‌م جار هۆكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كان، له‌ په‌راوێزی كێشه‌كه‌دان. هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێیان ناخۆش نییه‌، كه‌ ئه‌و رووداوانه‌ به‌ رووداو‌و ده‌ستی‌ ده‌ره‌كییه‌وه‌ گرێبده‌نه‌وه‌.

ده‌ستكه‌وته‌ پۆزتیڤه‌كانی ئه‌زموونێك

كورده‌كان له‌ حكومه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری خۆیاندا له‌ عێراق، ئه‌زموونی به‌نرخیان له‌ دابینكردنی ئاسایش‌و ئازادییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه‌كاندا به‌ده‌ستهێناوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وان له‌ بواری دابینكردنی مافی كه‌مایه‌تییه‌ غه‌یره‌ كورده‌كاندا، كارنامه‌یه‌كی باشیان به‌جێهێشتووه‌. به‌ڵام نه‌بوونی شه‌فافییه‌تی سیاسی‌و ئابووری‌و گه‌نده‌ڵیی به‌ربڵاوی دارایی‌و ئیداری، به‌ لاوازییه‌كی به‌رچاو له‌ هه‌ڵسووكه‌وتی به‌رپرسانی حكومه‌تی كوردستان ئه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵات باجه‌كی‌ ده‌دات.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایه‌ كه‌ دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، ئه‌زموونی باش‌و ده‌ستكه‌وتی پۆزه‌تیڤیشی هه‌یه‌‌و ده‌كرێت ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ به‌مشێوه‌یی‌ كورت بكرێنه‌وه‌:

1– ئاسایش‌و سه‌قامگیری

كه‌سانێك كه‌ بۆ ساڵانێكی زۆر بۆ خۆیان سه‌رقاڵی شه‌ڕ‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی پێشووی عێراقدا بوون، ئاشكرا بوو كه‌ ده‌توانن ئاسایش‌و سه‌قامگیریی وڵاته‌كه‌یان بپارێزن.

رابه‌رانی سیاسی‌و سه‌ربازیی كوردستان شاره‌زای هه‌موو شێوازه‌كانی خه‌بات‌و هه‌وڵدان بۆ روخانی حكومه‌تیان، ئه‌زموون كردبوو. له‌ دانانی بۆسه‌وه‌، تا گرتنه‌وه‌ی شار‌و گوند، به‌ڵكو نفوزكردنه‌ ناو ریزه‌كانی دوژمن‌و دۆزینه‌وه‌ی كه‌سانی پیلانگێڕ له‌ ریزه‌كانی خۆیاندا. ئه‌وان ته‌نانه‌ت له‌م دواییانه‌دا، به‌ ته‌نیا روانینێك ده‌یانتوانی مه‌ترسیدار بوون یان مه‌ترسیدارنه‌بوونی كه‌سه‌كان ئاشكرا بكه‌ن.

هه‌ر به‌و هۆكارانه‌، له‌ یه‌كێك له‌ ناسه‌قامگیرترین‌و قه‌یراناویترین رۆژه‌كانی ژیانی‌ سیاسیی عێراق، به‌ باشی ئاسایشی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی خۆیان پاراست.

2- دابینكردنی ئازادییه‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

لایه‌نه‌ جیاجیاكانی نه‌یاری حكومه‌تی سه‌دام، هێنده‌ زۆر‌و به‌ربڵاو بوون، كه‌ به‌غه‌یری كورده‌ جاشه‌كان، هه‌موو كورده‌كانی عێراقی ده‌گرته‌وه‌.

له‌ سه‌رده‌می خه‌باتدا، ئه‌وان له‌ باری جوگرافییه‌وه‌ ناچار بوون كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌بوون‌و ته‌حه‌ممولكردنی ناچاریی یه‌كتر، ئه‌زموون بكه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌ ئازادكراوانه‌ی‌ كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی به‌عسدا نه‌بوون، زۆر به‌رته‌سك بوون‌و هه‌موو نه‌یاران له‌ موسڵمانی نوێژكه‌ره‌وه‌ تا لیبراڵێكی سیكۆلار‌و كۆمۆنیستێكی كاپیتاڵ خوێن، له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا چه‌ندان ئیئتیلاف‌و پێكدادان‌و دۆستبوون‌و دوژمنایه‌تییان، ئه‌زموون كردبوو.

له‌و ساڵانه‌ی خه‌باتدا، ئه‌وان بۆ ئاسایشی خۆشیان بووایه‌، به‌ناچاری‌ ته‌حه‌مولی یه‌كتر‌و له‌به‌رچاوگرتنی لایه‌نی به‌رامبه‌ر بوون. ئه‌و ئه‌زموونه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ دواتر له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریدا، به‌ غه‌یری شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات نه‌بێت، له‌ باری فكری‌و سیاسییه‌وه‌، پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنی ئه‌ندێشه‌كانیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا قبوڵكرد.

لایه‌نه‌ چه‌پ‌و دیموكرات‌و ئیسلامییه‌كان هه‌موویان له‌پاڵ یه‌كتره‌وه‌، نووسینگه‌‌و باره‌گایان كرده‌وه‌‌و هاوكات مزگه‌وت‌و شوێنه‌ی خواردنه‌وه‌ش، له‌پاڵ یه‌كتردا كرانه‌وه‌. فره‌چه‌شنیی رۆژنامه‌كان‌و كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن‌و ئازادبوونی به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت‌و سه‌ته‌لایت، یارمه‌تیده‌ری‌ نه‌رمبوونه‌وه‌‌و هیۆربوونه‌وه‌ی فه‌زای كۆمه‌ڵگه‌ بوون.

3– پاراستنی مافی كه‌مایه‌تییه‌كان

هه‌موو كه‌مایه‌تییه‌ قه‌ومی‌و مه‌زهه‌بی‌و ره‌گه‌زییه‌كان، له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌ ره‌سمی ناسێنراون‌و له‌ مافه‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان سوودمه‌ندن. ته‌نانه‌ت توركمانه‌كان كه‌ به‌شێكیان دژایه‌تیی حكومه‌تی كوردستانیان كردووه‌، چ له‌ په‌رله‌مان‌و چ له‌ حكومه‌تدا، كورسی‌و پشكی خۆیان هه‌یه‌‌و هه‌روه‌ها مافی خوێندن به‌ زمانی دایك‌و رۆژنامه‌‌و حیزبی تایبه‌ت به‌ خۆشیان هه‌یه‌.

ئاشوورییه‌كان‌و كه‌مایه‌تییه‌ مه‌سیحی‌و ئێزدییه‌كان، له‌ بارودۆخێكی هاوشێوه‌دا، ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. هه‌رچه‌نده‌ چاوه‌ڕوانییه‌كانیش هه‌ر ئاوا بوون. له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ كورده‌كان خۆیان ساڵانێكی زۆر، قوربانیی ئه‌و چه‌شنه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراق بوون.

ده‌ستكه‌وته‌ نێگه‌تیڤه‌كان

به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای ده‌ستكه‌وته‌ پۆزتیڤه‌كان، كۆمه‌ڵێك خاڵی لاواز‌و نێگه‌تیڤیشی هه‌بووه‌:

1- ناشه‌فافبوون سیاسی‌و ئابووری

هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌می خه‌باتی كورده‌كان به‌ شێوازێك بوو كه‌ ئه‌وان وه‌ك ئۆپۆزسیۆنی نایاسایی‌و رووخێنه‌ر بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ دارایی‌و سیاسییه‌كانیان، ناچار بوون یارمه‌تی له‌ملاولا وه‌ربگرن. هه‌مان كار كه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان‌و ئیرله‌ندییه‌كان‌و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌ پارتیزانییه‌كانی دیكه‌ی جیهان له‌ سه‌رده‌می خه‌باتدا، كردوویانه‌.

مه‌رجی یه‌كه‌می هه‌موو ئه‌و یارمه‌تییانه‌ش، به‌نهێنی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و یارمه‌تییانه‌ بووه‌. وڵاتانی ناوچه‌كه‌‌و زلهێزه‌كان هیچ كات ریسكی یارمه‌تیدانی ئاشكرای هیچ لایه‌نێكی ئۆپۆزیسیۆنیان نه‌كردووه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، شێوازی ئه‌و كۆمه‌ككردنانه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی گره‌نتیكراو نه‌بووه‌، تا به‌پێی ئه‌و یارمه‌تییه‌ پلان دابڕێژرێت. هه‌موو كات‌و ساتێك، ئه‌گه‌ری وه‌ستانی ئه‌و  كۆمه‌كانه‌، له‌ئارادا بوون.

مه‌ودای سه‌رده‌می خه‌باتیش ئاشكرا نه‌بوو، كه‌ ئایا روخانی سه‌دام ساڵێكی پێده‌چێت یان (10) ساڵ. هه‌مان هه‌لومه‌رج‌و بارودۆخی سه‌رده‌می خه‌بات، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ رابه‌رانی حیزبه‌ سیاسییه‌كان، راده‌ی دارایی خۆیان، ته‌نانه‌ت له‌ نزیكترین كه‌سه‌كانیشیان بشارنه‌وه‌‌و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی‌و سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی خۆیان هیچ كات ئاشكرا نه‌كه‌ن. ئه‌وان به‌ هه‌مان شێواز حكومڕانییان له‌ كوردستاندا ده‌ستپێكرد.

ئه‌وان ئه‌مجاره‌شیان شته‌كانیان هه‌روه‌ك رابردوو له‌ خه‌ڵكه‌كه‌یان شاردووه‌ته‌وه‌، به‌و جیاوازییه‌ی كه‌ راده‌ی داراییه‌كان‌و پاره‌كان زۆر زیاتر له‌ رابردوو بووه‌.

2- گه‌نده‌ڵی به‌ربڵاوی ئیداری‌و دارایی

له‌ درێژه‌ی هه‌مان پرۆسه‌دا، كه‌رتی دارایی حیزبه‌كان ده‌ستیاندایه‌ بازرگانی‌و ته‌نیا سیقه‌یان به‌ نزیكه‌كان‌و لایه‌نگره‌كانی خۆیان بووه‌‌و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نیشانه‌كانی گه‌نده‌ڵی دارایی ئاشكرا بوون.

بونیادی‌ كۆمه‌ڵگه‌ه‌ی كوردستان‌و په‌یوه‌ندیی ئاڵۆزی تائیفییش، ئاستی گه‌نده‌ڵی‌و ناشه‌فافبوونی زیاتر كرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، هه‌مان پارتیزان‌و خه‌باتكارانی رابردوو، بوونه‌ پارێزه‌ر‌و به‌رپرسه‌كانی ناو حكومه‌ت. ئه‌وان بۆ ساڵانێكی زۆر خوویان به‌ كاولكردنه‌و گرتبوو، دواتریش له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌بێ‌ هیچ ئه‌زموونێكی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌‌و بنیاتنان، له‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ كاولكراو، ده‌ستیاندایه‌ بیناكردن‌و بنیادنانه‌وه‌.

ساڵانێكه‌ نه‌بوونی متمانه‌ به‌ ته‌كنۆكراته‌كان‌و ناچاركردنی ئه‌وان به‌ كاركردن له‌ژێر ده‌ستی به‌رپرسانی حیزبی، ناكارامه‌بوونی سیسته‌می ئیداری‌و گه‌نده‌ڵیی به‌ربڵاوی دارایی‌و ئیداریی، لـێ‌ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

به‌ڵام له‌م نێوه‌نده‌دا، یه‌كێك له‌ پارتیزانه‌كانی رابردوو رێگه‌یه‌كی تری گرتووه‌ته‌ به‌ر. نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ بۆ ماوه‌ی (20) ساڵ له‌ سه‌رده‌می خه‌باتدا جێگری تاڵه‌بانی بووه‌،. پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی كوردستان خۆی له‌ كێشمه‌كێشه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران‌و گه‌نده‌ڵی، به‌دوور گرت.

ئه‌و ئێستا به‌ رابه‌ریكردنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ ناوی (گۆڕان)، ئۆپۆزسیۆنێكی جدیی حكومه‌ته‌  به‌ ئاڕاسته‌ی ریفۆرمی سیاسی‌و ئیداری‌و باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی لایه‌نگری به‌رچاوی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌.

ناوبراو رایگه‌یاندووه‌ كه‌ چیتر ئۆپۆزیسۆنبوون له‌په‌رله‌ماندا سوودی نییه‌‌و داوای‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت‌و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی ده‌كات.

رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌یش، یارمه‌تیده‌ری نه‌وشیروان‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن‌و ئێستا زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ كه‌ خۆپیشاندانی سه‌رشه‌قام به‌شێك له‌ شاره‌كانی كوردستانی عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌. خۆپیشاندانێك كه‌ ورده‌ ورده‌ بۆ شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراقیش، ته‌شه‌نه‌ ده‌سێنێت.

به‌ڵام وادیاره‌ كه‌ ره‌فتار‌و رۆشنبیریی سیاسیی نه‌وشیروانیش وه‌ك هاوڕێكانی رابردووی له‌ سه‌رده‌می شاخدا،  گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌. هێشتا ئاشكرا نییه‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا جیاوازییه‌كانی خه‌بات له‌ دژی حكومه‌تی پێشووی عێراق‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینێت، یان نا؟ تا ئێستاش ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ كه‌ ریفۆرمیسته‌ یان رووخێنه‌ر.

له‌ (بی بی سی)ی‌ فارسییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌‌

Entry filed under: نه‌وشیروان مسته‌فا. Tags: .

ڕاگـــه‌یاندنی کـــه‌مپینی تـــۆم بـــه‌ســـه‌رۆک قبـــوڵ نیـــیه كوشتنی‌ خۆپیشانده‌ران په‌ڵه‌یه‌كی‌ ره‌شه‌ له‌ مێژوودا

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,893 hits

%d bloggers like this: