حكومه‌ت له‌هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ پێشووی‌ په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌

2011/03/01 at 6:23 PM Leave a comment

“خۆپیشانده‌ران ئاژاوه‌گێرنین”

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند كه‌ رێز له‌ خواست و داخوازیه‌كانی خۆپیشانده‌ران ده‌گریَت و به‌خه‌ڵكی‌ په‌رۆش و دڵسۆزیان ده‌زانیَت، له‌كاتێكدا له‌ 17ی‌ شوباتدا حكومه‌ت رایگه‌یاند خۆپیشانده‌ران ئاژاوه‌گێڕن.
حكومه‌ت له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌  17ی‌ شوباتدا رایگه‌یاندبوو ” حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌م رووداوه‌ی ئه‌مڕۆی شاری سلێمانی ده‌كات و هه‌ر گێره‌شێوێنێكی به‌رپرسی ئه‌م رووداوه‌ رووبه‌ڕووی سزای یاسایی توند ده‌كاته‌وه”.
هه‌روه‌ها له‌ شوینی‌ تری هه‌مان راگه‌یه‌ندراودا وشه‌ی‌ “گێره‌شێوێن” هاتووه‌‌.
به‌لاَم له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا هاتووه‌ “ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و نیگه‌رانیه‌تان له‌ هه‌ندی‌ كه‌س و لایه‌ن و كه‌ناڵی‌ میدیایی‌ كه‌ گوایه‌ خۆپیشانده‌رانیان به‌ گێره‌ شێوێن و ئاژاوه‌گێڕ ناوبردووه‌، ئێمه‌ ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ مه‌ده‌نیانه‌ مافێكی‌ سه‌ره‌كی‌ هاوڵاتیانه‌ و رێز له‌ خواست و داخوازیه‌كانتان ده‌گرین و به‌خه‌ڵكی‌ په‌رۆش و دڵسۆزتان زانیووه‌و ده‌زانین”.
هه‌روه‌ها هاووه‌ “رێگه‌نادری‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ یاسا هیچ كه‌س به‌هۆی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ خۆپیشاندان و هه‌ر كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ بخرێته‌ زیندانه‌وه‌”
راگه‌یه‌نراوی‌ یه‌كه‌م – 1/3/2011

راگه‌یاندراوێك له‌ نوسینگه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
 
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌فدێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ (ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌) كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌ن كۆبوونه‌وه‌و یاداشتێكیان له‌ خۆپیشانده‌ران وه‌رگرت كه‌ ئاراسته‌ی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كردووه‌.
ئه‌مڕۆ ده‌قی‌ ئه‌و یاداشته‌ درایه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌ڕێزی‌ ئه‌م راگه‌یاندراوه‌ی‌ خواره‌وه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ خۆپیشانده‌ران كرد.
ئه‌مڕۆ ده‌قی‌ ئه‌و یاداشته‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن (ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌) كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌ن به‌ده‌ستمان گه‌یشت، ئێمه‌ به‌گه‌رمی‌ پێشوازی‌ له‌ خواسته‌ ره‌واكانی‌ ناو یاداشته‌كه‌تان ده‌كه‌ین و رای‌ ده‌گه‌یه‌نین كه‌ خۆپیشاندانی‌ مه‌ده‌نیانه‌ مافێكی‌ سروشتی‌ و ئاسایی‌ هه‌ر تاكێكی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یه‌ و ئه‌م خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریانه‌ به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ گرنگ ده‌زانین بۆ بره‌ودان به‌ چاكسازی‌ و مكۆمكردنی‌ دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وه‌ مه‌به‌ستمانه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ زیاتر گوی‌ بیستی‌ خواست و داخوازیه‌كانی‌ خه‌ڵك بین و پێكه‌وه‌ به‌شداربین له‌ داڕشتنی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ چاكسازی‌ هه‌مه‌لایه‌ن بۆ حوكمڕانیه‌كی‌ باشتر له‌ كوردستان.
سه‌باره‌ت به‌و داواكاریانه‌ی‌ له‌ یاداشته‌كه‌دا هاتووه‌، هه‌ندێكیان داواكاریی‌ ئێستان و به‌شێكیان پێویستی‌ به‌پلان و داڕشتنی‌ به‌رنامه‌ی‌ درێژخایه‌ن هه‌یه‌، رای‌ ده‌گه‌یه‌نین به‌راِوێژ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی‌ خۆپیشانده‌ران و له‌ڕێگه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ به‌جدی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ بابه‌تیانه‌ بۆ هه‌موو داواكاریه‌كان ده‌كه‌ین و خواستی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان به‌خواستێكی‌ ره‌وا ده‌بینین و داواكاریه‌كانیان له‌ په‌رۆشیی‌ و خه‌مخۆریان بۆ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌شتر بۆ كوردستان ده‌خوێنینه‌وه‌، بۆیه‌ خۆپیشانده‌ران به‌ خه‌ڵكانی‌ په‌رۆش بۆ میلله‌ته‌كه‌مان ده‌زانین و داوایان لێده‌كه‌ین رێگه‌ نه‌ده‌ن ده‌ستی‌ ئاژاوه‌ شێوازی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانیان تێك بدات.
ئێمه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ل په‌رله‌مان لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌مان پێكهێناوه‌ و نامانه‌وی‌ پێش ئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان بكه‌وین، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین ئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ لێژنه‌كان ده‌بنه‌ بنه‌مای‌ سه‌روه‌ركردنی‌ یاسا له‌مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ل رووداوه‌كان. پێشتریش رامان گه‌یاندووه‌ و دوپاتی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ رێگه‌نادری‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ یاسا هیچ كه‌س به‌هۆی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ خۆپیشاندان و هه‌ر كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ بخرێته‌ زیندانه‌وه‌، هه‌ر كه‌سێكیش به‌و هۆیانه‌وه‌ ده‌ستگیر كرابوون هه‌مویان ئازاد كراون. وه‌ هیچ هێزێكی‌ ناپێویست له‌و شوێنانه‌ی‌ پێشتر دانرابوون نه‌ماون و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ جێ و رێی‌ خۆیان.

سه‌باره‌ت به‌ باره‌گای‌ حیزبه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان له‌ ناو شاره‌كاندا، ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ موڵك و مومته‌له‌كاتی‌ حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ ئێمه‌ بڕیارمان ده‌ركردووه‌ و سه‌قفێكی‌ زه‌مه‌نیمان دیاریكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر باره‌گایه‌كی‌ حیزبی‌ له‌ بینایه‌ی‌ حكومیدا بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و بخرێته‌وه‌ خزمه‌تی‌ وه‌زاره‌ته‌كان، كه‌ به‌شێكیان موڵكی‌ په‌روه‌رده‌ بوون و ده‌بی‌ بكرێنه‌وه‌ به‌ خوێندنگاو قوتابخانه‌.
ده‌رباره‌ی‌ چونمان بۆ په‌رله‌مان، كۆبونه‌وه‌ی‌ ده‌وری‌ له‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تیه‌كان و حكومه‌ت و لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌ماندا به‌رده‌وام هه‌بووه‌، پێشتریش چوینه‌ته‌ په‌رله‌مان و به‌شی‌ زۆری‌ وه‌زیره‌كان له‌و دانیشتنانه‌ی‌ په‌رله‌ماندا كه‌ په‌یوه‌ست بووبێت به‌وان به‌شداریان كردووه‌، وه‌ له‌ بڕیاره‌ 17 خاڵیه‌كه‌ی‌ په‌رله‌ماندا ئه‌م خواسته‌و به‌شێكیتر له‌ داواكاریی‌ خۆپیشانده‌ران هاتووه‌، ئه‌وكات رامان گه‌یاند و ئێستاش ده‌ڵێین هه‌ركات پێویست بكات ده‌چینه‌ په‌رله‌مان و مه‌به‌ستمانه‌ په‌رله‌مان چاودێرێكی‌ كارابێت به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ حوكمڕانیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌.
ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و نیگه‌رانیه‌تان له‌ هه‌ندی‌ كه‌س و لایه‌ن و كه‌ناڵی‌ میدیایی‌ كه‌ گوایه‌ خۆپیشانده‌رانیان به‌ گێره‌ شێوێن و ئاژاوه‌گێڕ ناوبردووه‌، ئێمه‌ ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ مه‌ده‌نیانه‌ مافێكی‌ سه‌ره‌كی‌ هاوڵاتیانه‌ و رێز له‌ خواست و داخوازیه‌كانتان ده‌گرین و به‌خه‌ڵكی‌ په‌رۆش و دڵسۆزتان زانیووه‌و ده‌زانین.
له‌ كۆتایدا رایده‌گه‌یه‌نین به‌دواداچون بۆ هه‌موو یاداشته‌كان و خواسته‌ ره‌واكانی‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وی‌ هه‌مومان پێكه‌وه‌ ئه‌ركی‌ چاكسازی‌ ئیداری‌ و حوكمڕانی‌ وڵاته‌كه‌مان بگرینه‌ ئه‌ستۆ و پێكه‌وه‌ به‌شداربین له‌ پاراستنی‌ یه‌كڕیزی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و گه‌شه‌پێدانی‌ دیموكراسی‌ و پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
نوسینگه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
1/3/2011
سلێمانی‌
راگه‌یه‌نراوی‌ دووه‌م – 17/2/2011
به‌یاننامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت رووداوه‌كانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سلێمانی
 
  
رۆژی 17-2-2011 له‌شاری سلێمانی خۆپیشاندانێك سازكرا كه‌ چه‌ند لایه‌نێك تێیدا به‌شدار بوون، به‌ڵام به‌شێك له‌گێره‌شێوێنه‌كانی ناو خۆپیشاندانه‌كه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی رووداوی نه‌خوازراوی لێ بكه‌وێته‌وه‌و له‌میانی خۆپیشاندانه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گای لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئه‌گه‌رچی شوێنی دیاركراوی پێشوه‌خت بۆ خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ ره‌سمییه‌ی له‌پارێزگای سلێمانی وه‌ریان گرتبوو، به‌رده‌ركی سه‌رای شاری سلێمانی بوو، بۆیه‌شه‌ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم رێوشوێنی ئه‌منیی‌ پێویستیان له‌شوێنی راگه‌یانراوی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ گرته‌ به‌ر، به‌ڵام به‌شێك له‌خۆپیشانده‌ره‌ گێره‌ شێوێنه‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گای لقی4 ی پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌ئاكامدا كوژراوو چه‌ندین برینداری لێ كه‌وته‌وه‌.
له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی توندی خۆی سه‌باره‌ت به‌و رووداوه‌ و ئاكامه‌كانی راده‌گه‌ینێت، داوا له‌خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزی كوردستان و به‌تایبه‌تیش خه‌ڵكی خۆڕاگری شاری سلێمانی و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات، كه‌ به‌گیانی لێپرسراوێتی و به‌ئاراسته‌ی هێور كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ هاوكاری حكومه‌ت بن وهه‌موو هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ، تارێگه‌ نه‌درێت هه‌ندێك خه‌ڵكی گێره‌ شێوێن، له‌ژێر په‌رده‌ی خۆپیشاندان و (كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریدا) گیان و ئاسایش و ئارامی هاووڵاتییان بخه‌نه‌ مه‌ترسی و ناوبانگی كوردو كوردستانی خۆشه‌ویستیش له‌كه‌دار بكه‌ن.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خۆپیشاندان و ئازادی‌ راده‌ربڕین و كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی له‌چوارچێوه‌ی یاساو به‌شێوازی مه‌ده‌نییانه‌ی دوور له‌توندو تیژی، مافی ره‌وای هه‌موو لایه‌كه‌،له‌هه‌مان كاتیشدا حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌پشت به‌ستن به‌یاساو بۆ پاراستنی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌، سه‌رجه‌م داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپاردووه‌ به‌توندی به‌رپه‌رچی هه‌ر هه‌وڵێكی گێره‌شێوێنان بده‌نه‌وه‌ كه‌ ببنه‌ هۆی مه‌ترسی بۆ سه‌ر گیان و ماڵی‌ هاووڵاتییان، له‌هه‌مان كاتیشدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌م رووداوه‌ی ئه‌مڕۆی شاری سلێمانی ده‌كات و هه‌ر گێره‌شێوێنێكی به‌رپرسی ئه‌م رووداوه‌ رووبه‌ڕووی سزای یاسایی توند ده‌كاته‌وه‌.لڤین

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
17/2/2011

Entry filed under: هه‌رێمی‌ كوردستان. Tags: .

من بەیاننامەکەی هەولێرم نوسی و بێ منەتیشم!! ناوی ئه ۆ که سا نه ی که له کوردستانه وه دیپۆرتی ئێران کراونه ته وه

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,907 hits

%d bloggers like this: