ئایندەى ڕاپەڕین

2011/03/03 at 2:16 PM Leave a comment

زمناكۆ عزیز:به‌بێ‌ مانگرتنی‌ سه‌راسه‌ری‌ كرێكاران و كارمه‌ندان، ئاكامی‌ ڕاپه‌ڕین نادیاره‌ مانگرتن پێی‌ ناوه‌ته‌ ڕۆژی‌ سیانزه‌هه‌مینی‌ خۆیه‌وه‌، كه‌چی‌ تادێت لایه‌نه‌ لاوازه‌كانی‌ له‌چاو پێشڕه‌ویه‌كانیه‌و زیاتر ئه‌بن ، ئه‌گه‌ر به‌راوردی‌ بكه‌ین له‌گه‌ڵ‌ هه‌لومه‌رجی‌ شۆڕشگێڕانه‌ی‌ خه‌ڵك له‌ناوچه‌كه‌ به‌گشتی‌ و كوردستان به‌تایبه‌تی‌.سه‌رباری‌ ئه‌و پاشه‌كشه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ كه‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ كردویانه‌ له‌دوای‌ 20 ساڵ‌ حاكمیه‌تیان، سه‌رباری‌ ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ی‌ خه‌ڵك كه‌ به‌درێژایی‌ 20 ساڵی‌ ڕابردوو به‌شداری‌ ئه‌م جۆره‌ چالاكیانه‌یان نه‌كردوه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ فه‌زای‌ ناو گه‌نجان هیچی‌ كه‌متر نیه‌ له‌و فه‌زایه‌ی‌ كه‌ له‌ میسرو تونس به‌دی كراو، سه‌ره‌نجام دوو زله‌ دیكتاتۆری‌  سه‌رده‌میان كه‌نار خست، كه‌چی‌ هێشتا ئاستی‌ داواكارییه‌كانی‌ كوردستان له‌ ئاستی‌ ڕه‌سمیدا هێشتا باسكردنه‌ ئیسلاحات و چاكسازی‌ و هێشتا چاوه‌ڕوانی‌ پارتی‌ و یه‌كێتین كه‌ ببنه‌ به‌شێك له‌و پرۆسه‌ی‌ ئاڵوگۆره‌و، سه‌ره‌نجام هێشتا چاو له‌ده‌ستی‌ ئه‌وانن كه‌ پرۆسه‌ی‌ ڕاپه‌ڕین و داواكاری‌ و هه‌نگاوه‌كانی‌ ئه‌م خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ به‌جێگایه‌ك بگه‌یه‌نێ‌. ئه‌مه‌ خاڵی‌ لاوازی‌ ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌یه‌و ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی‌ ئێستای‌ به‌رده‌وام بێت، سه‌ره‌نجام ئاینده‌ی‌ ڕاپه‌ڕین و هه‌ر ده‌سكه‌وتێك كه‌ به‌دی‌ ئه‌هێنێت، ئه‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م چاره‌نوسێكی‌ نادیاره‌وه‌و، خه‌ڵكیترهه‌ن كه‌ هه‌ر ئێستا له‌یۆسه‌دان كه‌ به‌قازانجی‌ خۆیان ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ بكه‌ن و خه‌ڵكیش به‌بێ‌ ده‌سكه‌وت به‌ره‌وماڵه‌وه‌ بگێڕنه‌وه‌. دیاره‌ هۆكاری‌ زۆر هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌، له‌وانه‌:
1- ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌نده‌ی‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ خواسته‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران بكات، هه‌زارجار زیاتر له‌وه‌ چاوی‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خۆیه‌تی‌. ستراتیژی‌ ئه‌حزابی‌ ئۆپۆزسیۆن ته‌نیا وته‌نیا بریتیه‌ له‌ چاودێریكردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆیان و داوای‌ سه‌همیه‌تی‌ زیاتر ئه‌كه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردستان. ئه‌مه‌ش به‌ ده‌یان به‌ڵگه‌و به‌ لێدوان و قسه‌ی‌ سه‌رۆكه‌كانیانه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌.
2- ده‌سه‌ڵات وه‌ك میسرو تونس و لیبیا، ملنادات به‌خواسته‌كان و، ئه‌یه‌وێ‌ به‌ خوڵقاندنی‌ سیناریۆی‌ جۆراوجۆر ته‌مه‌نی‌ خۆی‌ درێژ بكاته‌وه‌، ده‌ستگیركردنی‌ كه‌سانی‌ چالاكی‌ ناو خۆپیشاندانه‌كان، ووروژاندنی‌ ئیحساساتی‌ قه‌ومی‌ و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ دوژمن له‌به‌رده‌رگا وه‌ستاوه‌و چاوه‌ڕێی‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌یه‌، وه‌ك ئه‌و سیناریۆیه‌ی‌ كه‌ له‌كه‌ركوك و جه‌له‌ولاو موسڵ‌ گوزه‌راو ئه‌وان كردیانه‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌. ترساندنی‌ خه‌ڵك به‌ بوونی‌ گروپی‌ تیرۆریستی‌ و خوڵقاندنی‌ سیناریۆی‌ كوشتن و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌تیرۆریستیه‌كان. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌وه‌شه‌كاریه‌كانیتری‌ ده‌زگاكانی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن.
3-  هه‌بوونی‌ كه‌سانێك كه‌به‌ناوی‌ ئه‌نجومه‌ن و نوێنه‌رو ده‌مڕاستی‌ خۆپیشاندان و نوێنه‌ری‌ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ داواكاریه‌كان و خواسته‌كان له‌ داوای‌ ڕیشه‌ییه‌وه‌ ئه‌گێڕنه‌وه‌ بۆ خواستی‌ ڕوكه‌شانه‌.
4- په‌یوه‌ست نه‌بوونی‌ شاره‌كانیتری‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌، له‌وه‌ش گرنگتر په‌یوه‌ست نه‌بوونی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زیاتر له‌ كرێكاران و كارمه‌ندانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌و خۆپیشاندانانه‌وه‌.
5- نیشان نه‌دانی‌ شیعاری‌ سه‌ره‌كی‌ و به‌دیلێكی‌ پێشڕه‌و له‌لایه‌ن خه‌ڵك و بزووتنه‌وه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگاوه‌، كه‌ خه‌ڵك ده‌ستی‌ پێوه‌ بگرێت و سه‌ره‌نجام ببێته‌ ئومێد و بۆ شتێكی‌ مه‌لموس تێبكۆشن.

بۆ ئه‌وه‌ی‌ فرسه‌ت بخوڵقێت بۆ كرێكاران و كارمه‌ندانی‌ ناوه‌نده‌كانیتر كه‌ به‌ ته‌واوی‌ توانایانه‌وه‌ به‌ ڕیزی‌ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن، ئه‌بێت ڕابگه‌یه‌نرێت كه‌ ده‌سه‌ڵات، به‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌، تاده‌گاته‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان ده‌ریانكردوه‌ له‌په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌كه‌یان، هیچ شه‌رعیه‌تێكیان نه‌ماوه‌. پێویسته‌ له‌ ماوه‌یه‌كی‌ دیاریكراودا كاربكرێت بۆ دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ ده‌خاله‌تی‌ ڕاسته‌خۆی‌ خه‌ڵك له‌ پێكهێنانیاندا. ئه‌ویش ئه‌نجامدانی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ فراوان له‌ كه‌مترین ماوه‌دا و به‌به‌شداری‌ ته‌واوی‌ حزب و لایه‌نه‌كانی‌ كوردستان و ڕێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ و نوێنه‌رایه‌تی‌ خه‌ڵك له‌گه‌ڕه‌ك و ناوه‌نده‌كان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ كه‌ هیچ كه‌سێك كه‌ ئه‌گه‌ر قسه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌سه‌ر بێت، یان تاوانبار بێت به‌ ته‌قه‌كردن و سه‌ركوتی‌ خه‌ڵك بۆی‌ نه‌بێت به‌شداری‌ بكات له‌و كۆنگره‌یه‌. كه‌ سه‌ره‌نجام تیایدا له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك خاڵی‌ سه‌ره‌كی‌ ڕێك بكه‌ون، له‌وانه‌:
1- دامه‌زراندنی‌ حكومه‌تێكی‌ كاتی‌ كه‌ له‌نوێنه‌رانی‌ خه‌ڵك و حزب و ڕێكخراوه‌كان پێك بێت ، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ خواسته‌ سه‌ره‌تایی و فه‌وره‌ییه‌كانی‌ خه‌ڵك و دابین كردنی‌ ئه‌منیه‌ت و دانانی‌ به‌رنامه‌و میكانیزمی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ ڕاسته‌قینه‌.
2-  ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هێزی‌ چه‌كدار له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ كاتیه‌دا ئه‌بێت، له‌ ئێستادا جگه‌ له‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، ته‌واوی‌ چه‌كداره‌كانیتر و ده‌زگاكانیتر كه‌ حزبین و له‌لایه‌ن پارتی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ دامه‌زراون، هه‌ڵوه‌شاوه‌ن و بۆیان نیه‌ هیچ جۆره‌ چالاكیه‌ك ئه‌نجام بده‌ن. فه‌رمانده‌ كۆنه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ لاببرین و فه‌رمانده‌ی‌ نوێ‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ كاتیه‌وه‌ دیاریبكرێت.
3- ئازادیه‌كان و مافی‌ ڕێكخراو بوون و كۆبونه‌وه‌ی‌ گشتی‌ بۆ هه‌موان فه‌راهه‌م بكات و له‌ ڕێگای‌ یاساوه‌ ڕابگه‌یه‌نرێن وبپارێزرێن.
ئه‌م هه‌نگاوه‌و چوونه‌ پێشه‌وه‌ی‌ ئاسان نیه‌و پێویستی‌ به‌ ئیراده‌و خاوه‌ن و ڕابه‌ری‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌دیهاتنی‌ مومكنتره‌ له‌چاو سیناریۆكانی‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن.

ئاینده‌ی‌ ڕاپه‌ڕین به‌نده‌ به‌ فراوانكردنه‌وه‌ی‌ ڕیزه‌كانیه‌وه‌، مه‌رجی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ڕاپه‌ڕین بریتیه‌ له‌ پیشتیوانی‌ كردنی‌ كرێكاران و كارمه‌ندانی‌ ناوه‌نده‌كان و په‌یوه‌ست بوونیان به‌ ڕیزی‌ خۆپیشانده‌ران.
مه‌سه‌له‌كانی‌ تیرۆرو هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ شۆڤێنیه‌كان و خواسته‌سه‌ره‌كیه‌كانی‌ خه‌ڵك، ئه‌و شتانه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ بیست ساڵ‌ نه‌یانتوانیوه‌و نه‌یانویستوه‌ ده‌ست بۆ چاره‌سه‌ری‌ ببه‌ن، به‌ڵام حكومه‌تی‌ كاتی‌ به‌پشتیوانی‌ خه‌ڵك ئه‌توانی‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا هه‌ر هه‌مووی‌ به‌زیادیشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات.
بژی‌ ئیراده‌ی‌ خه‌ڵك
به‌رده‌وام بێت ڕاپه‌ڕین تا وه‌دیهاتنی‌ ته‌واوی‌ خواسته‌كان
زمناكۆ عزیز
1/3/2011

Entry filed under: زمناكۆ عزیز. Tags: .

هێزه‌ ئه‌منیه‌كان 20 خۆپیشانده‌ریان ده‌ستگیركردو رێ له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ناره‌زا ده‌گرن سورین له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ‌و دروستكردنی‌ حكومه‌تێكی‌ ئینتیقالی‌

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,028 hits

%d bloggers like this: