با 8 مارسى ئەمساڵ بکەینە ڕۆژى کۆتایى هێنان بەژێردەستەیى و بێمافى ژنان و جێگیرکردنى خواستەکانمان!

2011/03/04 at 11:43 AM Leave a comment

ژنانى کوردستان،ئازادیخوازان ویەکسانى خوازان!

ئەمساڵ 8ى مارس، ڕۆژى جیهانى ژنان سەرى لەنێو شەپۆلى شۆڕش و ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێریەکانى دونیاى ئەمڕۆدا دەرهێناوە. شۆرش و ئاڵوگۆڕێک کەتێیدا ژنان وکرێکاران وخەڵکى زەحمەتکێش لەدژى حکومەت ونەزمو نیزامى سەرکوتگەرو کۆنەپەرست، ڕاپەریون وبەخواستى ئازادى ویەکسانى وباشکردنى هەلومەرجى ژیانەوە، لەمەیداندا ڕاوەستاون. ئەم شۆڕش وخەباتە کەلەسەر شانى نەوەیەک لەلاوانى وولات کڵپەى سەندووە وئالاى ئۆمێد بەڕزگاربوون لەچنگى نایەکسانى وبێکارى وهەژارى وبێمافى و هەلاواردنى جنسى وگەیشتن بەکۆمەڵگایەکى باشترى هەڵبڕیوە .

لەکوردستان خرۆشانى جەماوەرى شارەکانى کوردستان ئەڵقەیەکە لەم شۆڕش و ئاڵوگۆڕیە شۆڕگێڕانەیەى کەلەناوچەکەدا سەرى هەڵداوە و ڕاستەوخۆ کەوتۆتە بەرامبەر بەدەسەلاتى بۆرژوازى کورد وحزبە میلیشیایى وکۆنەپەرستەکانیەوە. دەسەلاتێک کە لەسەربنەماى نایەکسانى کومەلایەتى وستەمکێشى وژێردەستەیى ژنان وبێبەش بوونى زۆرینەى خەڵکى کرێکارو زەحمەتکێش وبەفەرهەنگى پیاوسالارى و بەزۆرى چەک خۆى بەسەر سەرى زۆرینەى کۆمەڵگادا داسەپاندووە.

ژنانى کوردستان بەدرێژایى 20 ساڵ لەحاکمیەتى حزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکانى کوردستان، لەوپەڕى بێمافى وژێردەستەیدا ژیانیان بەسەر بردووە و گیرۆدەى ئەوپەڕى بێحورمەتى و توندوتیژى و سەرکوت بونەتەوە. دیاردەى کوشتنى ژنان و ناچارکردنیان بەخۆسووتاندن، تا جێگیرکردنى یاساى فرەژنى و پەرەدان بەفەرهەنگى پیاوسالارى و عەشیرەتى تا جیاکارى لەبووارى دامەزرانن وئاستى کرێ و نەبوونى بیمەى ژنانى مناڵەبەر.. هەموو ئەمانە لەپاڵ جێگیرکردنى شەریعەى ئیسلامى لەڕەشنوسى دەستور وبەدەستەوە گرتنى وەک سەرچاوەیەک بۆدانانى یاساکان، بەپێویست جەهەنەمێکیان لەژێردەستەیى وپیاوسالارى و توندوتیژى وبیمافى بۆ ژنانى کوردستان هەڵخستووە. هەرلەم 20 ساڵەدا حزبه بۆرژوا ناسیونالیستەکان، بەردەوام مەسەلەى ژنان و خواستەکانیان کردۆتە کارتێکى سیاسى بۆ ڕاکێشان و بەشدارى پێکردنى ڕەوتە ئیسلامیەکان لەحکومەتەکەیاندا ولەولاشەوە کەمیان نەهێناوە لەپەلاماردانى ڕێکخراوەکانى ژنان وهەڕەشەکردن لەهەڵسووڕاوانى بزوتنەوەى ژنان وسەرکوتکردنیان وهاندانى مەلاى مزگەوت وکۆنەپەرستان بۆ دژایەتى کردنى ژنان وبزوتنەوەکەیان.

بەلام لەدۆخى ئێستاى خرۆشانى جەماوەرى و هاتنەمەیداى خەڵکى ناڕازى کوردستاندا 8ى مارسى ئەمسال دەرگایەکى گەورەى لەبەردەم بزوتنەوەى ڕزگارى ژنان وبەدیهێنانى خواستەکانیدا کردۆتەوە. ئەم بزوتنەوەیە ئيتر دەبێ بەرگى “ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى” بدڕێنێ و لەئاست بزوتنەوەى بەشى خوارەوەى داخوازیەکانى کۆمەڵگاوە هەلکشى ووەک بزوتنەوەیەکى سیاسى ڕادیکاڵ تەوژمى خۆى لەگەڵ سێلاوى بزوتنەوەى شۆڕشگێڕانەى جەماوەرى بۆکۆتایى هێنان بەدەسەلاتدارێتى بۆرژازى کورد و هێنانە سەرکارى دەسەلاتدارێتى جەماوەرى سکولارى نەقەومى ونەئاینى گرێ بداتەوە. ڕزگارى ژنان و بەدەستهێنانى ئازادى ویەکسانى و هەرئاستێک لەباشبوونى ژنان وڕزگاربوونیان لەستەم و بێمافییەک کەڕووبەڕوویانە، لەیەکەم هەنگاودا بەخەباتێکى سیاسى و جەماوەرییەوە بەندە کەبۆ کۆتایى هێنان بەدەسەلاتى ئێستاو هەڵوەشانەوەى تەواوى یاسا و سیستەمێکى بەڕێوەبردن، هاتۆتە مەیدانەوە. لەڕێگاى ئەم ئامانجەشدا، ژنانى کوردستان وبزوتنەوەکەیان دەبێ سنوربەندى ڕۆشن لەگەڵ بەرنامەو سیاسەتى هەموو ئەو ڕەوتە قەومى وئیسلامیانەى نێو ئۆپۆزسیۆن بکەن کەئیسلام ونەتەوەچیتیان کردۆتە سەوابتى خۆیان و هەوڵدەدەن تا لەڕێگاى عەلمانیەتى نیوەناچڵ ولێڵ کردنى خواستەکانى ژنانەوە، بزوتنەوەى ڕزگارى ژنان لەچوارچیوەى هەمان نەزم ونیزامى ئیستادا یەخسیربکەن.

بزوتنەوەى یەکسانى خۆازى ژنان وەک بەشێک لەبزوتنەوەى سیاسى وشۆڕشگێڕانەى جەماوەرى کوردستان، دەبێ چاوببڕێتە حکومەتى داهاتوو، کەنوینەرایەتى جەماوەرى وژنان پیکهینەریەتى، حکومەتێک کەڕەشنوسى دەستور ویاساى فرەژنى و سەرجەم ئەویاسایانە هەڵوەشێنێتەوە کەلەسەر بنەماى نایەکسانى وپیاوسالارى بەسەر ژنانەوە دانراون.

بزوتنەوەى ژنان بۆئەوەى  مۆرى خۆیان بەم ئالوگۆڕییە شۆڕشگێڕانەیەى ئێستاوە بنێن و هەنگاو هەڵگرن بۆ بەدیهاتنى خواستەکانیان، دەبێ لەکەنار بزوتنەوەى چینى کریکارو کۆمۆنیستى کرێکاریدا بەپلاتفۆرمى داخوازیەکانیانەوە، یەکگرتوانە ڕاوەستن. حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى وەک سەنگەرى  پەیگیرى ئازادى ویەکسانى سەرخەتى ئەم داخوازیانەى خوارەوە لە8ى مارسى ئەمساڵدا پێشنیاردەکاو وژنانى کوردستان بانگەوازدەکات بۆ کۆبوونەوە لەدەورى و دەستپیکردن بەخەباتێکى لێبڕاوانە تا بەدیهێنان وجیگیرکردنیان لەکۆمەڵگادا:

1-     ڕەتکردنەوەى پێشنوسى دەستور وجێگرتنەوەى بەدەستورێکى عەلمانى کەبەڕۆشنى ماف و ئازادیە فەردى وکۆمەلایەتیەکانى ژنان دەستەبەر بکات.

2-     هەلوەشانەوەى دەستبەجىى یاساى فرەژنى.

3-     جیایى دین لەدەسەلات و بووارەکانى پەروەردەو فیرکردن.

4-     دانانى یاساى یەکسانى هه‌مەلانه‌ی ژن وپیاو جێبه‌جێ کردنی لەهەموو بوارەکاندا.

5-     قەدەغەکردنى کوشتنى ژنان بەهەر بەهانەیەکەوە بێت، ئەوانەى دەست بۆئەم تاوانەدەبەن، دەبێ ئاشکرا بکرێن و سزاى توندى یاساییان بدرێت.

6-     قەدەغە کردنى هەرجۆرە توندوتیژیەکى جەستەیى و ڕوحى لەدژى ژنان.

7-     دابین کردنى بیمەى کۆمەلایەتى بۆژنان وهەموو هاولاتیان لەئاستێکى بالاو ستانداردا. لەپێشیانەوە بیمەى بێکارى وپزیشکى..

8-   کۆمەک وپارێزگارى کردنى فراوان لەکچانى تازە لاو لە منالان و قەدەغەکردنى هەرجۆرە دەستدرێژیەکى جەستەیى وڕوحى بۆسەریان.

9-  کۆمەکى فراوان وهەمەلایەنە بەو ژنانەى کەدەبنە قوربانى لەشفرۆشى، توندوتیژى وهەژارى و توشبوون بەماددە بێهۆبەرەکان.

10-  دابین کردنى کار بۆ هەموو ژنانى ئامادە بەکار، بەیەکسانى وبەبێ جیاوازى کردنیان لەگەڵ پیاواندا.

11-                    دابین کردنى خوێندن وفێرکردنى ژنان بەشێوەیەکى فراوان وزانستیانەى سەردەم.

 حزبى کۆمۆنیستى کریکاریى کوردستان

مارسى 2011

Entry filed under: حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان, رۆژی جیهانی ژن. Tags: .

بانگه‌واز:به‌شداری خۆپیشاندانی ئه‌مستردام بکه‌ن! ئـــەمـــەریـــكا هـــۆشـــداری دەداتـــە تـــاڵەبانـــی‌و بـــارزانـــی

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,040 hits

%d bloggers like this: