ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی‌و سەرتاپایی لە سیستەمی سیاسیدا خواستی شۆڕشی جه‌ماوه‌ریی کوردستانە

2011/03/06 at 3:02 PM Leave a comment

ئه‌مڕۆ شۆڕشی جه‌ماوه‌ریی له‌ کوردستان پێ ده‌نێته‌ 16هه‌مین ڕۆژی خۆیه‌وه‌. ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ره‌نجامی که‌ڵه‌که‌ بوونی بێزاری‌و ناڕه‌زایی خه‌ڵکی کوردستان له‌ نایه‌کسانی‌و سته‌م‌و سه‌رکوتی ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی‌و یه‌کێتیه‌‌، له‌ که‌شێکی شۆڕشگێڕانه‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ که‌ سه‌ره‌تاکه‌ی له‌ تونس‌و میسره‌وه‌ ده‌ستی پێ کردووه‌‌و سه‌رانسه‌ری ناوچه‌که‌ی گرتۆته‌وه‌. کرێکاران‌و بێبه‌شان‌و ئازادیخوازانی کوردستان‌، له‌پاش تاقیکردنه‌وه‌ی ڕێگای جۆراوجۆر بۆ به‌ده‌ستهێنانی خواسته‌کانیان، سه‌ره‌نجام به‌وه‌ گه‌یشتوون‌ که‌ له‌ڕێگای هێنانه‌مه‌یدانی هێزی خۆیانه‌وه‌ ئاڵوگۆڕی سیاسی له‌ کوردستاندا وه‌دیبهێنن‌و له‌و ڕێگایه‌وه‌ به‌ خواست‌و ئامانجه‌کانی خۆیان له‌ ئازادی‌و یه‌کسانی‌و خۆشگوزه‌رانی بگه‌ن.

هێز‌و حزبه‌کانی سه‌رمایه‌دارانی کوردستان به‌ ده‌سه‌ڵاتدار‌و ئۆپۆزیسیۆنیانه‌وه‌، هه‌ریه‌ک به‌ مه‌به‌ستێک، ده‌یانه‌وێت ئه‌م خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌‌ وه‌ک به‌ره‌نجامی کێشه‌‌و ململانێی نیوان خۆیان نیشان بده‌ن. ده‌شیانه‌وێت ئه‌م ویناکردنه‌ ناڕاسته‌ بکه‌نه‌ بنه‌مای سازانی ژێربه‌ژێریان بۆ سه‌رله‌نوێ دابه‌شکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و سامانی کوردستان‌، به‌و کاره‌ش ئه‌م شۆڕشه‌ له‌ نیوه‌ی ڕێدا‌و بێ ده‌ستکه‌وتێکی به‌رجه‌سته‌ له‌باربه‌رن. به‌ڵام ناڕه‌زایی په‌نگخواردووی جه‌ماوه‌رو ئه‌زموونه‌کانی ڕابردووی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌دا، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای دۆخی‌ شۆڕشگێڕانه‌ی ناوچه‌که،‌ ڕێگای سه‌رکه‌وتنی پیلانه‌کانی ئه‌و حزبانه‌ دژوار ده‌کات.

شۆڕشی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئامانجه‌کانی خۆی بگات به‌ ناچاری ده‌بێ ئاڵوگۆڕێکی سه‌رتاپاگیر  له‌ سیسته‌می ده‌سه‌ڵات‌و دامه‌زراندنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی نوێ بکاته‌ ئامانجی خۆی. به‌و ڕاده‌یه‌ی ئه‌مه‌ وه‌کو ئاسۆی شۆڕش پێگه‌ی قایم بێت به‌ هه‌مان ڕاده‌ ده‌توانێت هه‌موو چاره‌سه‌ره‌ به‌یناوبه‌ینیه‌کان‌و ڕێکه‌وتنی نێوان لایه‌نه‌ بۆرژوازیه‌کان بۆ کۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانی ئێستا، پێش ئه‌وه‌ی بچنه‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌، پووچه‌ڵ بکاته‌وه‌‌.

نه‌خشه‌کانی لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کان له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و ڕه‌وته‌‌ ئیسلامیه‌کان بۆ ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر به‌ناو ته‌رحی جۆراوجۆری چاکسازی، پیلانن‌ له‌ دژی جه‌ماوه‌ر‌و شۆڕشه‌‌که‌ی‌و له‌ هه‌مان کاتدا هەوڵن بۆ بەدەستی خاڵی ناردنەوەی خەڵکی نارازی بۆ مالەوە، هه‌روه‌ها بۆ به‌لاڕێدابردنی ناڕه‌زاییه‌کانی جه‌ماوه‌ر لە پیناو وەرگرتنی ئیمتیاز بۆ خۆیان. ئه‌گه‌ر ئه‌م پیلانانه‌ بشتوانن کات بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئێستا بکڕن، ته‌نها ته‌مه‌نی قه‌یرانه‌که‌ی درێژ ده‌که‌نه‌‌وه‌، به‌ڵام ده‌توانن گورز له‌ شۆڕشی جه‌ماوه‌ر بده‌ن، بۆیه‌ په‌کخستنی خێرای ئه‌و هه‌وڵانه‌و په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر ئه‌و پیلانانه‌ ئه‌رکی بێ ئه‌ملاولای هه‌موو پێشڕه‌وان‌و ڕابه‌رانی چه‌پ‌و ڕادیکاڵ‌و ئازادیخوازی شۆڕشه‌.

جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌ ئه‌زموونی چه‌ندین ساڵه‌ی خۆی ئه‌و ڕاستیه‌ی درک کردووه‌، که‌ هه‌ڵبژاردن‌و دووباره ‌هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌ سه‌روه‌خت‌و پێشوه‌ختیه‌وه‌، هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ خواست‌و ئامانجه‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌ نیه‌‌و ناتوانێت ڕێگایه‌ک بیت بۆ خستنه‌گه‌ڕی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌رو پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ به‌ قازانجی ئه‌وان. ته‌نانه‌ت تاقیکردنه‌وه‌کانی ڕابردوو نیشانی داوه‌ که‌ ئه‌و پرۆسانه‌ی به‌ ناوی هه‌ڵبژاردنی ئازاده‌وه‌ ئه‌نجام دراون، شتێک نه‌بوون جگه‌ له‌ ئه‌ستاندنی په‌نجه‌مۆری خه‌ڵک به‌ زه‌خت‌و زۆر.

حکومه‌ت‌و دام‌و ده‌زگا‌و پرۆسه‌‌ی سیاسی له‌ کوردستاندا، له‌ سایه‌ی باڵاده‌ستی حزبه‌کان‌‌و میلیشیایه‌ک‌ که‌ له‌به‌ر ده‌ستیاندایه‌و سامانێک‌ که‌ به‌ تاڵانکردنی کوردستان پێکیانه‌وه‌ ناوه‌، دامه‌زراون‌و به‌ڕێوه‌ده‌چن. ئه‌مانه‌ به‌ هیچ کلۆجێک بۆ چاکسازی‌و ریفۆرم ناشێن‌و ته‌نها چاره‌سه‌ر گۆرێنی ڕیشه‌یی‌و سه‌رتاپاییانه‌‌. بگره‌ به‌دیهێنان‌و جێخستنی ریفۆرمی ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تیش به‌نده‌ به‌ وه‌لانانی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی‌و به‌زۆر داسه‌پاوی پارتی‌و یه‌کێتی‌و هه‌موو ئه‌و دام‌و ده‌زگا سه‌ربازی‌و ئه‌منی‌و ئیداریانه‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی 20 ساڵی ڕابردوودا سه‌ریه‌کیان ناوه‌، هه‌روا به‌نده‌ به‌ هێنانه‌کایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی نوێ که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕۆڵ‌و بەشداری ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ر له‌ حاکمیه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا دامه‌زرابێت؛ واتە دەسەڵاتی شوراکانی کرێکاران‌و جەماوەری ستەمدیدەو ئازادیخوازی کوردستان.

به‌ڵام ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر جگه‌ له‌ پیلانه‌کان بۆ له‌باربردنی، له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی خاڵه‌ لاوازه‌کانی خۆشیدایه. ئه‌و لاوازیانه‌ی‌ که‌ ده‌بنه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پێشڕه‌وی‌و به‌سه‌رنجام گه‌یشتنیدا. خاڵێکی لاوازی ڕاپه‌ڕین نزمی سه‌قفی ئه‌و خواستانه‌ن‌ که‌ تا ئێستا ڕاگه‌یه‌ندراون. پێویسته خواستی بنه‌ڕه‌تی‌و به‌رینی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ بۆ گۆڕانکاری سیاسی ڕیشه‌یی به‌ ڕوونی له‌لایه‌ن ڕابه‌رانی جووڵانه‌وه‌که‌وه به‌یان بکرێ‌و کۆده‌نگی هۆشیارانه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ ده‌وری پێک بێت‌. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ نابێ له‌ کۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی جه‌رگه‌ی شاردا قه‌تیس بمێنێته‌وه‌و پێویسته بۆ ناوه‌نده‌کانی کارکردن‌و نیشته‌جێ بوون به‌رین بکرێته‌وه تا توانا شۆڕشگێڕانه‌کانی جه‌ماوه‌ر له‌ کارگه‌‌و فه‌رمانبه‌ریه‌کان‌و خوێندنگاکان‌و گه‌ڕه‌که‌کان بکه‌وێته کارو هه‌له‌کان بۆ خۆڕێکخستنی جه‌ماوه‌ر له‌ ڕێکخراوه‌و ئۆرگانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا له‌ده‌ست نه‌چن.

به‌و پێیه‌ش حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگه‌وازی جه‌ماوه‌ری کرێکارو زەحمەتکێش‌و کارمەندانی کەمدەرامەت‌و لاوان‌و ژنان‌و هه‌موو ئازادیخوازان ده‌کات کە لەسەرجەم شارەکانی کوردستاندا، لەهەموو گەرەك‌و ناوەندێکی کارو خوێندندا دەست بدەنە بەرپاکردنی کۆبونەوەی گشتی بەردەوامی خۆیان، دەست بەرن بۆ پێکهێنانی شوراو ئەنجومەن‌و رێکخراوەی جەماوەری سەربەخۆی خۆیان‌، نارەزایەتیەکانیان پەرەپێبدەن‌‌و سەرانسەری بکەنەوەو هەر گه‌ره‌ك‌و ناوه‌ندێکی کارکردن‌و خوێندن بکەن به‌ مه‌یدانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌ دژی ده‌سه‌ڵات‌. تەنها بەو جۆرە زەمانەتی سەرکەوتنی شۆرش‌ بە قازانجی خەڵکی کرێکارو بەشمەینەتی کوردستان‌و بەقازانجی ئازادی‌و یەکسانی‌ دەکرێ.

ناڕه‌زاییه‌کانی 20ساڵی ڕابردووی خه‌ڵکی کوردستان‌‌و خواسته‌ ساده‌‌و ڕه‌واکانی‌و بێباکێ ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی پارتی‌و یه‌کێتی له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یان، خۆپیشاندانه‌کانی 16 ڕۆژی ڕابردوو و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌ هێرشی سیاسی‌و ڕاگه‌یاندن‌و سه‌رکوت‌و فڕاندن‌و ده‌ستگیرکردن‌و په‌لاماری خوێناوی‌و کوشتارو بریندارکردنی جه‌ماوه‌ری ناڕازی، ڕیگاگرتن له‌ مافی سه‌ره‌تایی خه‌ڵک بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندان له‌ ناوچه‌ی هه‌ولێر‌و باقی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی، ئه‌مه‌ له‌جێگای گوێگرتن له‌ خواسته‌کان‌و هه‌وڵدان بۆ جیبه‌جێکردنیان، نیشانه‌ی ئاشکرای ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچ ڕیگایه‌ک جگه‌ له‌ خه‌بات بۆ گۆڕینی ڕیشه‌یی له‌به‌رده‌م خه‌ڵکدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌. ته‌نها ڕێگا بۆ هێنانه‌دی خواست‌و ویسته‌کانی جه‌ماوه‌ر وه‌لانانی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی پارتی‌و یه‌کێتی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو میلیشیا‌و دام‌و ده‌زگا سه‌ربازی‌و ئه‌منی‌و ئیداریه‌کانی ئه‌م حزبانه‌‌و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێکی نوێیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شداری ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ر. ده‌سه‌ڵاتێک که‌ ده‌ستبه‌جێ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کات:

 

1-     هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوی میلشیای حیزبه‌کان و داموده‌زگای سه‌رکوتگه‌رو موخابه‌راتی، له‌وانه‌ ده‌زگای زانیاری و پاراستن و دژەتیرۆر و زێرەڤان و… هتد

2-     داخستنی تەواوی بارەگای چەکداری حزبەکان و قەدەغەکردنی پاسەوانی چەکداری بەردەم ماڵی بەرپرسە حزبی و حکومیەکان.

3-     ئاشکراکردنی هه‌موو فایله‌کانی گه‌نده‌ڵی. ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی هه‌موو سامانی گواستراوه‌و نه‌گواستراوه‌ی حزبه‌کان‌و به‌رپرسه‌کانیان له‌ ناوه‌وه‌ی وڵات و کارکردن بۆ ده‌ستبه‌جێ فریزکردنی حیساب بانکی حکومه‌ت‌و حزبه‌کان‌و هه‌موو به‌رپرسه‌کانیان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و داواکردنی گێڕانه‌وه‌ی موڵک‌و ماڵه‌کانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بۆ بن ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری کوردستان.

4-     دادگایی کردنی هه‌موو تاوانکاران‌و به‌شداران له‌ کوشتاری خۆپیشانده‌ران، و هه‌موو تاوانکاران‌و به‌شدارانی تیرۆری سیاسی‌ له‌ کوردستان.

5-     دانانی ده‌ستورێکی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتن‌و په‌یره‌وی له‌ مافه‌ جیهانداگره‌کان (یونیڤێرساڵه‌کانی) مرۆڤ‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان.

6-     جیاکردنه‌وه‌ی دین له‌ ده‌وڵه‌ت‌و خوێندن‌و په‌روه‌رده‌‌و کردنی ئاین به‌ کاری تایبه‌تی تاکه‌ که‌سه‌کان.

7-     هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یاسای سه‌رکوتی خۆپیشاندان‌. سه‌لماندنی ئازادی بێ قه‌یدو مه‌رجی خۆپیشاندان‌و ده‌ربڕین.

8-     ‌دابینکردنی ئازادی بێ قه‌ید‌و مه‌رجی هه‌ڵسوڕانی سیاسی. وه‌لانانی مه‌رجی مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له‌سه‌ر هه‌ڵسوڕانی حزب‌و لایه‌نه‌ سیاسی‌و جه‌ماوه‌ریه‌کان و کۆڕو کۆمه‌ڵه‌کان‌.

9-     زیادکردنی کرێی کرێکاران‌و کارمه‌ندان به‌ ڕادده‌یه‌ک که‌ تێچونه‌کان گوزه‌رانێکی ته‌سه‌ل دابین بکات‌و به‌رزکردنه‌وه‌ی پێ به‌ پێی چوونه‌سه‌ری گرانی بازاڕ. دابینکردنی بیمه‌ی بێکاری ته‌سه‌ل بۆ هه‌موو ئاماده‌ به‌کارێکی بێکار به‌ ژن و پیاوه‌وه‌.

10-نابێت مووچه‌ی هیچ کاربه‌ده‌ستێکی حکومه‌ت له‌ دوو هێنده‌ی مووچه‌ی کارمه‌ندێکی ئاسایی زیاتر بێت.

11-  دابینکردنی خۆرایی خزمه‌تگوزاریه‌کان وه‌کو ئاوو کاره‌بای به‌رده‌وام.

12- دابه‌شکردنی به‌شه‌ خۆراکی مانگانه‌ به‌چۆنایه‌تیه‌کی باش‌و به‌شێوه‌یه‌کی رێکوپێک‌و ته‌سه‌ل.

13-هەڵوەشاندنەوەی یاسای کۆنەپەرستانەی ئەحوال شەخسی‌و هەموو پاشکۆکانی‌و بەڕه‌سمی ناسینی یاسای یەکسانی ژن‌و پیاو لە هەموو بوارە یاسایی‌و ئابوری‌و کۆمەڵایەتیەکاندا.

مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

‏2011‏-03‏-04

Entry filed under: حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان. Tags: .

عوسمانی حاجی مارف له‌ مه‌یدانی ئازادی سه‌رکه‌وتووبێت خه‌باتی”ئاژاوه‌چییه‌کان”‌و”گێره‌شێوێنه‌کانی”کوردستان!

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,030 hits

%d bloggers like this: