حیزبی دیموكرات و سازمانی زه‌حمتكێكشان، شه‌ڕی سه‌رد و چه‌واشه‌كردنی مێژو حیزبی دیموكرات و پاساوی “ساز بوونی زه‌مینه‌ی شه‌ڕ”؟!

2011/03/06 at 3:58 PM Leave a comment

(به‌شی سێهه‌م) حه‌سه‌ن ره‌حمان په‌ناه:‌راگه‌یاندنه‌فه‌رمیه‌كه‌ی حیزبی دیموكرات له‌درێژه‌ی باسه‌كانی خۆیدا ده‌چێته‌سه‌ر باسی چلۆنایه‌تی ساز بوونی زه‌مینه‌ی شه‌ڕی نێوان حیزبی دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌و هه‌ر ئه‌وانه‌ده‌ڵێته‌وه‌كه‌ حیزبی دیموكرات ٢٥ ساڵ له‌وه‌پێش وه‌ك هۆكار و پاساوكاه‌ری شه‌ڕی ئه‌و حیزبه‌له‌دژی كۆمه‌ڵه‌ده‌یگوتن. حیزبی دیموكرات له‌ژێر ئه‌م سه‌ردێره‌دا سێ باسی گرینگ پاش هاتنه‌سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی و ئاشكرا بوونی چالاكی سیاسی هێزه‌كان له‌كوردستان دێنێته‌گۆڕێ كه‌ئه‌و سێ باسه‌به‌جێاواز ده‌ده‌ینه‌به‌ر باس و لێكۆڵیێنه‌وه‌و به‌كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌و دێكۆمێنت هه‌وڵ ده‌ده‌ین غه‌یره‌واقیعی بوونی ئیدیعاكانی حیزبی دیموكرات نیشان بده‌ین. ئه‌م سێ ته‌وه‌ره‌گرینگ و باس هه‌ڵگره‌بریتین له‌”شه‌ڕ و به‌رنگاریی لێبراوانه‌له‌دژی كۆماری ئیسلامی”، “ته‌بلیغات و شه‌ر” و “ده‌سه‌ڵات و شه‌ڕ”. با له‌هه‌ر به‌شدا به‌جیاواز بزانین حیزبی دیموكرات ده‌ڵێت چی و له کوێ راوستاوه؟

شه‌ڕ، حیزبی دیموكرات و “به‌رنگاریی لێبراوانه”‌له‌دژی كۆماری ئیسلامی

حیزبی دیموكرات له‌لاپه‌ری ٩دا ده‌نوسێت:”….. له‌ماوه‌ی به‌ناو وتووێژی رژیم له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تی نوینه‌رایه‌تی گه‌لی كوردا هه‌ر چه‌ند كۆمه‌ڵه‌بۆ خۆشی یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی ئه‌و وه‌فده‌ بوو، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌نێو خه‌ڵكدا ته‌بلیغی ده‌كرد كه‌حیزبی دیموكرات سازشكاره‌، ئه‌م شێوه‌ته‌بلیغه دۆژمنانه‌یه‌‌ده‌بووه‌هۆی پێكهاتنی كه‌شێكی ئالۆز له‌نێوان لایه‌نگرانی حیزبی دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌دا”.

پێش هه‌موو شتێك پێویسته‌ئاماژه‌به‌و راستیه‌بكه‌ین كه‌كۆمه‌ڵه‌و دیمۆكرات دوو حیزبی جیاواز، به‌به‌رنامه‌، سیاسه‌ت و رێبازی جیاواز له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستانن. زۆر ئاساییه‌ئه‌م دوو حیزبه‌جیاوازه‌، ره‌خنه‌له‌سیاسه‌ت، به‌رنامه‌و رێكاری یه‌كتر بۆ ئیداره‌ی كۆمه‌ڵگا بگرن و به‌رنامه‌و سیاسه‌تی خۆیان له‌وی دیكه‌پێ باشتر بێت. ئه‌نجامی وه‌ها كارێكیش هیچ شتێك نییه ‌بێجگه‌له‌ده‌ربڕینی ئازادنه‌ی بیروباوه‌ڕ. كۆمه‌ڵه‌زۆر ئاسایی ئه‌و كاره‌ی له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا ئه‌نجام داوه و به مافی حیزبی دیمۆکراتیشی زانیوه که ئه‌ویش ئه‌و كاره‌بكات. به‌ڵام كاری نائاسایی، بێ ته‌حه‌مولیی حیزبی دیمۆكرات له‌به‌رانبه‌ر ته‌بلیغاتی كۆمه‌ڵه‌و په‌نابردنی بۆ چه‌ك و هێزی نیزامی بووه‌.  له‌وه‌ یش سه‌یرتر، پاساوی حیزبی دیمۆكرات بۆ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕه‌. به‌قسه‌ی رێبه‌رانی ئه‌و حیزبه‌”ته‌بلیغاتی كۆمه‌ڵه‌ده‌بووه‌هۆی پێكهاتنی كه‌شێكی ئاڵۆز له‌نێوان لایه‌نگرانی حیزبی دیمۆكرات و كۆمه‌ڵه‌دا”. هیچ شتێك له‌م پاساوه‌ی حیزبی دیمۆكرات بۆ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ و دوورخستنه‌وه‌ی به‌رپرسایه‌تی ئه‌و شه‌ڕه‌له‌سه‌ر شانی رێبه‌رایه‌تی ئه‌و حیزبه‌، سه‌یرتر نییه‌. كه‌س نه‌یدیوه‌و نه‌بووه‌له‌شوێنێك لایه‌نگر بریاڕی شه‌ڕ بۆ حیزبێك بدات و ئه‌و حیزبه‌بكه‌وێته‌شوێنی، به‌ڵكوو هه‌میشه‌پێچه‌وانه‌كه‌ی بووه‌،رێبه‌ریی بڕیار ده‌دات و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه بێت لایه‌نگر تێیدا ده‌بێت به‌قوربانی. ئه‌وه‌لایه‌نگرانی حیزبی دیمۆكرات نه‌بوون كه‌له‌ته‌بلیغاتی كۆمه‌ڵه‌ئاڵۆز ده‌بوون، به‌ڵكوو به‌بێچه‌وانه‌وه‌ئه‌وه‌رێبه‌رایه‌تی ئه‌و حیزبه‌بوو كه‌ره‌خنه‌ی كۆمه‌له‌ی له‌سیاسه‌ته‌كانی خۆی بۆ ته‌حه‌مول نه‌ده‌كرا و به‌رپرسایه‌تی بڕیاری شه‌ڕی ناوخۆ ده‌خاته‌ئه‌ستۆی لایه‌نگرانی بێ تاوان. بڕیاری شه‌ڕ له‌دژی كۆمه‌ڵه‌له‌كوچه‌و كۆڵانی هیچ شار و دێهاتێكی كوردستان و له‌كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نگرانی ئه‌و حیزبه‌نه‌هاته‌ده‌رێ. به‌ڵكو راسته‌وخۆ له‌كۆبوونه‌وه‌ی پلینۆمی حیزبی دیمۆكرات و به‌پێداگری سكرتێر و جێگری سكرتێری ئه‌و حیزبه،‌بڕیاری له‌سه‌ر درا و ئه‌و كاره‌ساته‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ كه‌حیزبی دیمۆكرات زۆر پێ تووره‌بوو، ره‌خنه‌ی كۆمه‌ڵه‌له‌ سازشكاریی ئه‌و حیزبه‌بوو، با بزانین به‌كار بردنی ئه‌و وشه‌یه‌‌له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه‌چ مانایه‌كی سیاسی هه‌بوو؟

به‌كار بردنی وشه‌ی “سازشكار” له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه‌بۆ حیزبی دیموكرات نه‌جه‌نێوه‌و نه‌ئیتیهام و نه ته‌بلیغات بۆ شه‌ر بوو، به‌ڵكوو مانا و ناوه‌رۆكێكی سیاسی هه‌بوو كه‌پێوه‌ندی به‌سیاسه‌تی حیزبی دیموكرات له‌ههڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، واته‌كۆماری ئیسلامی‌هه‌بوو‌. له‌به‌شی مه‌ربووت به‌”هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كورد” باسی سیاسه‌تی نامه‌سئولانه‌ی ئه‌و حیزبه‌مان به‌خه‌ت وه‌رگرتن له‌سیاسه‌تی ته‌سلیم خوازانه‌ی حیزبی توده‌ی ئێران كرد و سازشكارییه‌كه‌یمان نیشاندا.

به‌ڵام ئێستا و پاش ساڵها، حیزبی دیموكرات كه‌ده‌لێت “به‌ناو وتووێژ” كه‌مانای ئه‌وه‌یه‌بۆیان وتووێژی راسته‌قینه‌نه‌بووه‌، ئه‌م پرسیاره‌دیته‌گۆری ئه‌گه‌ر وابوو، ئه‌ی بۆ یه‌ك لایه‌نه‌چوونه‌ئه‌و “به‌ناو وتووێژه‌ و هه‌ئیه‌تی‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كورد”یان تێكدا؟ ئه‌ی بۆ به‌رده‌وام و ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ تاقمێك قاتڵ و ئینسان كوژی  وه‌زاره‌تی ئیتلاعات، به ‌ناوی وتووێژ” داده‌نیشتن؟

ئایا ئه‌و شێوه‌فكر و سیاسه‌ته‌له‌خۆشباوه‌ری به‌كۆماری ئیسلامی و سازشكاری له‌گه‌ڵ ئه‌و رژیمه‌وه‌سه‌رچاوه‌ی نه‌ده‌گرت؟ ئه‌گه‌ر لانیکه‌م ئێستا پێتان به ناو وتووێژه، ره‌خنه‌تان له رابردووی خۆتان له‌م بابه‌ته‌وه چییه‌؟

یه‌کێک له کێشه به‌رده‌وامه‌کانی کۆمه‌ڵه و دیموکرات له به‌رخورد به هاتنی هێزی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر کوردستان بوو. ئێستا با بزانین سیاسه‌تی ئه‌و حیزبه‌له‌به‌رخورد به‌هاتنه‌وه‌ی هێزی سه‌ركوتگه‌ری كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر كوردستان چۆن بوو كه‌حیزبی دیمۆكرات خۆی به‌”لایه‌نی لێبراوی” دژ به‌حكومه‌تی ئیسلامی هه‌ڵده‌خات و سیاسه‌ته‌كانی له‌م بواره‌شدا چ زه‌ره‌و زیانێكی له‌بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان دا.

هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌ت تێكۆشه‌رانی سیاسی پاش شه‌ڕی سێ مانگه‌و گه‌رانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌بۆ نێو شاره‌كان، هه‌وڵی كۆماری ئیسلامییان له‌گه‌رمه‌ی به‌ناو وتووێژ بۆ داگیر كردنه‌وه‌ی كوردستان له‌بیره‌. هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌و به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی  شاری مهاباد له‌بیریانه كه چلۆن كۆمه‌ڵه‌خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و شاره‌ی له‌هاتنه‌وه‌ی ئه‌رته‌ش و باقی هێزه‌سه‌ركوتگه‌ره‌كان بۆ نێو مۆلگه‌، پادگان و شاره‌كان به‌ئاگاه ده‌هێنایه‌وه و وێرای سازماندانی ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی بۆ به‌ربه‌ره‌كانێ دژ به‌ گه‌رانه‌وه‌ی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی و زه‌ره‌و زیانه‌كانی پاش ئه‌و گه‌رانه‌وه‌یه‌‌وشیاری ده‌كردنه‌وه‌‌. به‌ڵام هه‌مووانیش له‌بیرمانه‌كه‌چلۆن حیزبی دیموكرات به‌كۆمه‌ڵه‌ی ده‌وت “ئاژاوه‌گێر” و له‌جیاتی ته‌بلیغات له‌دژی كۆماری ئیسلامی و پیلانه‌كانی، به‌رده‌وام له‌دژی كۆمه‌ڵه‌پرۆپاگه‌ندی ده‌كرد؟!” هه‌روه‌ها هه‌مووان له‌بیرمانه كه‌چلۆن حیزبی دیموكرات ئه‌رته‌شی بۆ شاری مه‌هاباد و گرتنه‌وه‌ی پادگانی ئه‌و شاره‌و دامه‌زران له‌سه‌ر كێوی “داشا مه‌جید” ئیسكۆرت كرد و به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌و خه‌ڵكی شاری مه‌هاباد دژ به‌هاتنی ئه‌رته‌ش بۆ ئه‌و شاره‌ و له‌دیفاع له‌و هێزه‌دژی خه‌ڵكی و سه‌ركوتگه‌ره‌دا چووه‌سه‌نگه‌ره‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی حیزبی دیموكرات حاشا له‌و مێژوه‌نه‌كات و خۆی به‌”خه‌باتكاری لێبراو” له‌دژی هێزه‌جینایه‌تكاره‌كانی كۆماری ئیسلامی هه‌ڵنه‌خات (ل ٩)” با بزانین رۆژنامه‌ی ئیتلاعات له‌ زستانى ٥٨ی هه‌تاوى له‌زمانی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دیموكرات، رووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و لێبراوی ئه‌و حیزبه‌چلۆن باس ده‌كات. رۆژنامه‌ی ئیتلاعات به‌رێكه‌وتی ١٨/١٠/١٣٥٨ په‌یامی ده‌فته‌ری سیاسی ئه‌و حیزبه‌ی‌چاپ كردووه‌ كه‌روو له‌خه‌ڵكی كوردستان و مه‌هاباد ده‌لێت:

“هاوڵاتیانی خوشه‌ویست، خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری كورد، خه‌ڵكی شه‌ریفی مه‌هاباد، رووداوی دۆێنێی (١٧/١٠/٥٨) ده‌روازه‌ی شاری مه‌هاباد بووه‌هۆی داغ و په‌ژاری قووڵی هه‌موو ئینسانهووشیار و به‌رپرسه‌كان و نیگه‌رانی زۆری بۆ هه‌مووان پێك هێنا………. خه‌ڵكی مهاباد به‌باشی ئاگادارن كه‌له‌كاتی راگه‌یاندنی ئاگربه‌س و كۆتایی تێكهه‌ڵچوونه‌كان له‌كوردستان تا ئێستا، زۆر جار واحێدگه‌لێك له‌ئه‌رته‌ش به‌ئاگاداری و مه‌وافقه‌تی پێشمه‌رگه‌كانی حیزب دیموكرات، هاتوونه‌ته‌شاری مه‌هاباد یان له‌م شاره‌رۆیشتۆن‌. ……… دوێنێ به‌شێوه‌ی ئاسایی، ستونێك كه‌به‌مه‌به‌ستی گۆرینی پرسنێلی ژاندارمری مه‌هاباد، بۆ ئه‌م شاره‌ده‌هات و شۆرای نیزامی حیزبی دیموكرات ئاگاداری ئه‌م هاتنه‌بوو و ره‌زامه‌ندی ده‌ربریبوو، و ئه‌م ره‌زامه‌ندیه‌كه‌تبی بوو و ئه‌و ستونه له‌چه‌ند كیلومتری مه‌هاباد تا ده‌روازه‌ی شار له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی حیزب ئیسكۆرت ده‌كرا، به‌داخه‌وه‌كاتێك ئه‌و ستونه گه‌یشته‌ده‌روازی شاری مه‌هاباد، كه‌سانی چه‌كداری كۆمه‌ڵه‌له‌سه‌ره‌تا و پاشتر كه‌سانێك له‌چریكه فه‌دائییه‌كان پێشیان به‌هاتی ئه‌وان بۆ شار گرت.”

ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ له‌راگه‌یاندنی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دیموكرات زۆر له‌وه‌رۆشنتره‌كه‌پێویستیان به‌روونكردنه‌وه‌ بێت و به‌قه‌ولی راگه‌یاندنه‌تازه‌كه‌ی حیزبی دیموكرات “ئه‌م كورته‌روونكردنه‌وه‌یه‌ ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی پێشگرتن له به‌لارێدا بردنی رای گشتی و دانی زانیاری دروست ها‌ته‌ئاراوه‌” تا هه‌مووان بزانن كه‌هۆكاری سازشكاری حیزبی دیموكرات له‌كوێ و چلۆن و به‌چ شێوازێك بوو؟ ئێستا پرسیار له‌حیزبی دیموكرات ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر سازشكار، نه‌بوون، بۆ چی ئه‌رته‌شیان به‌پێشمه‌رگه‌ی خۆیان بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان ئیسكۆرت ده‌كرد؟ ئه‌رك و فه‌رمانی ئه‌م ئه‌رته‌شه‌داگیركه‌ره‌ له‌هاتن بۆ شاره‌كانی كوردستان چی بوو؟ به‌بڕیاری كێ هاتبوون و له‌كاتی ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ، كام هێز بوو له‌سه‌ر كێوی “داشا مه‌جید” و پادگانی شاری مه‌هاباد‌، خه‌ڵكی  ئه‌م شاره‌یان ئاگربارانی تۆپ، خۆمپاره‌و گولله‌باران كرد و به‌ده‌یان و سه‌دان كه‌سیان له‌خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌شه‌هید، بریندار و ئاواره‌و ماڵ وێران كرد؟ ئایا چه‌ند كه‌س له‌هێزكانی حیزبی دیموكرات دواتر هه‌ر به‌ده‌ستی ئه‌و ئه‌رته‌شه‌تێدا چوون كه‌حیزبی دیمۆكرات له‌وه‌ی كه‌كۆمه‌ڵه‌و چریكه‌كان و خه‌ڵكی مهاباد لێیان چوونه‌سه‌نگه‌ر و به‌ریان پێگرتن “به‌داخه‌وه‌یه‌بوویان”؟ حیزبی دیموكرات له‌كام ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵكی كورد بۆ نمونه “هه‌ئیه‌تی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كورد” كه‌ئه‌وكات هه‌بوو و حیزبی دیموکرات یه‌ک لایه‌نه هه‌ڵینه‌وه‌شاندبووه، ئیجازه‌ی وه‌رگرتبوو كه‌به‌ وته‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دیمۆكرات، “ئیزنی كه‌تبی به‌ئه‌رته‌ش بدات، ئه‌ویش نه‌ك یه‌كجار، به‌ڵكوو چه‌ندین جار بێت بۆ مهاباد و ئیسكورتیان كات”؟ كی ئه‌و مافه‌ی به‌حیزبی دیموكرات دابوو كه‌به‌ناوی خه‌ڵكی كورده‌وه‌قسه‌بكات و بریاڕی هێنانی ئه‌رته‌ش بۆ سه‌ر كوردستان ئیمزا بكات و دواتر به‌شانازاییه‌وه‌راگه‌یاندنی له‌سه‌ر بدات؟

راگه‌یاندنه‌كه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دیموكرات له‌درێژه‌دا ده‌لێت: ” ……. رووداوی دوێنی بووه‌هوی دزینی هه‌ندێك له‌ئه‌سله‌حه‌كانی ئه‌و ستونه‌و به‌داخه‌وه‌له‌كاتی گه‌رانه‌وه‌ی ئه‌و ستونه به‌ره‌و شاری ورمێ، له‌رووداوی سه‌یاره‌یه‌كدا چه‌ند سه‌رباز كوژران یان بریندار بوون كه‌بێ گۆمان ئه‌م كرده‌وه‌ده‌بێته‌هۆی به‌د ناوی و له‌كه‌دار بوونی ئابروو و ئیعتباری خه‌ڵكی كوردستان”.

دیسان پرسیار له‌حیزبی دیموكرات ئه‌وه‌یه،‌بۆچی گرتن و به‌ده‌ست هێنانی چه‌ك و تفاقی شه‌ڕ له‌دوژمه‌ن دزییه‌ و ده‌بێته‌هۆی به‌د ناوی خه‌ڵكی كورد؟ خه‌ڵكی كورد لای كێ به‌د ناو بوون؟

ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌به‌دناو بوون لای‌خومینی و دارو ده‌سته‌كه‌یه‌تی، كه‌ حیزبی دیموكرات “په‌یامی له‌به‌یه‌ك”ی بۆ ده‌ناردن، ئه‌و تاقمه‌جینایه‌تكاره‌له‌رۆژی هاتنه‌سه‌ركاریانه‌وه‌تا ئێستاش، خه‌ڵكی كورد و لایه‌نه‌سیاسی و به‌رهه‌ڵستكاره‌كان لای ئه‌وان به‌دناو و دژه‌ شۆرش بوون و بریاری جیهادیان له‌دژمان ده‌ركردبوو و كلیلی به‌هه‌شتی له‌ملی سه‌رباز، پاسدار و به‌سیجی كردبوو تا له‌جیهاد ‌دژی خه‌ڵكی كوردستان بێره‌حمانه قه‌تڵی عام كه‌ن و “شه‌هید” بن.

 راگه‌یاندنه‌كه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دیموكرات له‌درێژه‌دا ده‌نوسێت:…… جه‌ماوه‌ر ده‌بێت ته‌شخیس بده‌ن كه‌ئایا سیاسه‌تی حیزبی ئێمه‌یه‌ك سیاسه‌تی ئوسولییه‌‌یان به قه‌ولی كه‌سانی كۆمه‌ڵه‌، سازشكارانه‌و یا ئه‌مجۆره‌كرده‌وانه‌ئیخلالگه‌ری و ئاژاوه‌گێرانه‌یه‌یان كرده‌وه‌یه‌كی شۆرشگێرانه‌؟” پێویست ناکات لێره‌دا زۆری له سه‌ر بروین و وڵامی قسه‌ی ئه‌و حیزبه بده‌ینه‌وه، چون پاش ماوه‌یکی کورت تجربه نیشانی دا که “ئاژاه‌وه‌گێریه‌که‌ی کۆمه‌ڵه چه‌نده له سازشکاریه‌که‌ی حیزبی دیموکرات باشتر و به قازانجتر بۆ بزوتنه‌وه‌ی ره‌وای خه‌ڵکی کوردستان بوو.

ئێستا با “سیاسه‌تی ئوسولی” حیزبی دیمۆكرات له‌زمانی سكرتێری ئه‌و كاتی حیزبی دیمۆكرات كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری له‌شاری مهاباد رایگه‌یاند ببیستین كه‌له‌رۆژنامه‌ی ئیتلاعات به‌رێكه‌وتی ٢٩ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٥٨ی هه‌تاویدا هاتووه‌كه‌به‌دێڕێكی درشت له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسراوه‌: “ئێمه‌به‌په‌یامی ئیمام له‌به‌یكمان وتووه‌”. دكتور قاسملو سكرتێری حیزبی دیمۆكرات له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌یدانی ئازادی شاری مهاباد له‌به‌شێك له‌قسه‌كانی دا ده‌ڵێت: “ئه‌مڕۆ ئێمه‌لێره‌كۆبوینه‌ته‌وه‌تا جارێكی دیكه‌بۆ رێبه‌ری ئینقلابی ئیسلامی ئێران سڵاو بنێرین و به‌ئه‌وان بڵێین كه‌په‌یامه‌كه‌یمان بیست و له‌به‌یكی پێ ده‌ڵێین. ئێمه‌حازرین هه‌موو ئیمكاناتی خۆمان به‌كار بێنین تا شه‌ڕ و براكوژی له‌كوردستان هه‌رچی زووتر ته‌واو بێت”.

ئه‌م چه‌ند دێڕ و په‌یامه،‌سیاسه‌تی ره‌سمی حیزبی دیمۆكرات بۆ چه‌ند ساڵ له هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی  دیاری ده‌كات و نیشانی ده‌دات كه‌كێ سازشكار و به‌وته‌ی ئه‌و حیزبه‌كێ ئاژاوه‌گێڕ بوو؟ كێ كۆماری ئیسلامی به‌باشی ناسیبوو و هه‌ر له‌ئه‌وه‌ڵه‌وه‌پێی تاڵانچی ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕینی ١٣٥٧ بوو و كێ “خومه‌ینی پێ رێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی بوو و ئه‌و شۆڕشه‌دیمۆكراتیكه‌ی له‌باره‌گای ئیسلامییه‌كاندا ده‌كرد به‌قوربانی و به‌”شۆڕشی ئیسلامی” ناودێری ده‌كرد؟”

شایانی باسه‌ پاش ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه بڕیارنامه‌یه‌کی‌٦ ماده‌یی‌ له میتینگی ٢٨ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٥٨ی مهاباد كه‌له‌لایه‌ن حیزبی دیمۆكراته‌وه‌نووسرابوو له لایه‌ن كاك “ته‌ها عه‌تیقی” له‌مه‌سئولینی ئه‌و حیزبه‌ خوێندرایه‌وه‌،که ئێستایش له‌به‌رده‌ست دایه‌و له‌رۆژنامه‌ی “ئیتلاعات به رێکه‌وتی ٢٩ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٥٨دا چاپ كراوه‌”. خاڵی ٢ی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ده‌ڵێت: “بۆ جارێكی دیكه‌پشتیوانی بێ درێغی خۆمان له‌هه‌ڵوێستی دژی ئیمپریالیستی رێبه‌ری ئینقلابی ئیسلامی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دانی ئه‌و له‌به‌رامبه‌ر ئیمپریالیزمی جه‌نایه‌تكاری ئامریكادا راده‌گه‌یه‌نین و له‌و رێگایه‌دا ئاماده‌گی ته‌واوی خۆمان بۆ‌هه‌ر چه‌شنه‌فیداكارییه‌ك به‌بیروڕای گشتی ئێران ده‌رده‌بڕین. خاڵی ٢ی ئه‌م راگه‌یاندنه‌و ٥ خاڵه‌كه‌ی دیكه‌شی كه‌به‌ناوه‌ڕۆك له‌م چوارچێوه‌دا داڕێژراون، به‌روونی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی حیزبی دیمۆكراتمان له‌هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی پێ نیشان ده‌دات که له زمان خه‌ڵکی شاری مهاباده‌وه ده‌ریده‌برێت.

با هه‌ر له درێژی ئه‌م باسه و نیشاندانی هه‌ڵوێسته‌کانی حیزبی دیموکرات ده‌رهه‌ق به کۆماری ئیسلامی که به‌ردوام جێگای ره‌خنه‌ی کۆمه‌ڵه بوو له زمان بانترین ناوه‌ندی بریارده‌ری ئه‌و حیزبه که کۆنگره که‌یه‌تی، بزانین هه‌لوێست و سیاستی حیزبی دیموکرات بۆ خومه‌ینی و رژیمه‌که‌ی چۆنه؟ حیزبی دیموکرات پاش کۆتایی کۆنگری 4ی خۆی که له شاری مهاباد به‌سترا، په‌یامێک بۆ خومینی رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی ، به ناوی “په یامی کۆنگره‌ی حیزبی دیمۆکرات کوردستان به ئیمام خومه‌ینی” و به ئیمزای سکرێتری ئه‌و حیزبه‌ده‌نێرێت که رۆژنامه‌ی ئیتلاعات به رێکه‌وتی 3-12-58 ده‌قی پیامه‌که‌ی بڵاو کردوه‌ته‌وه که لێره‌دا ئاماژه به چه‌ند به‌شێکی ده‌که‌ین.

له‌م كاته‌دا كه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی ئازاد و له‌ئارامش و نه‌زمی دڵخواز، كونگره‌ی ٤ی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، له‌شاری مه‌هاباد به‌رێوه‌ده‌چێت، ئه‌ندامان و نوێنه‌رانی حیزب ئاواتیانه‌كه‌:” هه‌ر چی زووتر نه‌خۆشی رێبه‌ری شۆرش چاك بێته‌وه‌ و هیوادارین جارێكی دیكه‌ناوبراو له‌نێوان خۆمان و باقی خۆشك و برا موسلمانه‌كاندا بیبنینه‌وه‌و له‌پشتیوانی و رێبه‌ری شۆرشگێرانه‌ی ئه‌و به‌هره‌مه‌ند بین. شۆرشی ئێران كه‌له‌ئاكامی رێبه‌ری لێبراوانه‌ی ئیمام خومینی و فیداكاری بێ وێنه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی ئێران بووه‌، به‌رهه‌می گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێناوه‌……………

نوێنه‌رانی حیزبی ئێمه‌جارێكی دیكه به‌ئیمام خومینی و هه‌موو خه‌ڵكی ئێران ممتمانه‌ده‌ده‌ن كه‌تا ئاخرین هه‌ناسه‌، له‌رێگای یه‌كگرتووی وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌خه‌بات له‌دژی ئه‌مپریالیسم و دوژمه‌نانی كۆماری ئیسلامی ئێران درێژه‌ده‌ده‌ن………

له‌م چه‌ند به‌شه‌ی په‌یامی كونگره‌ی ٤ی حیزبی دیموكرات بۆ خومینی، به‌روونی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی ئه‌و حیزبه‌مان له‌هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و جینایه‌تكاره‌بۆ ئاشكرا ده‌بێت. خومینی ئه‌و تاوانباره‌ی كه شه‌ڕی سنه‌ی خوڵقاندبوو، له‌٢٨ی گه‌ڵاوێژدا بریاڕی جیهادی له‌دژی خه‌ڵكی كوردستان ده‌ركرد، خه‌ڵخالی قه‌سابی نارد بۆ كوردستان له‌پاوه‌و نوسووده‌وه‌تا سه‌قز و بانه به‌ده‌یان كه‌س له‌تێكوشه‌رانی كوردستانی قه‌تلی‌عام كرد، تاوانی جینایه‌تی قاڕنێ و قه‌ڵاتانیان خوڵقاند و ده‌یان كرده‌وه‌ی دژی ئینسانی دیكه‌یان ته‌نیا له‌كوردستاندا له‌و ماوه‌كۆرته‌له‌خۆیان نیشان دابوو، حیزبی دیموكرات به‌رێبه‌ری خۆیانی ناودێری ده‌كات و ئه‌و حیزبه‌ده‌باته‌ریزی ئه‌و “خوشك و برا موسه‌ڵمانانه‌ی كه‌له‌رێبه‌ری ناوبراو به‌هره‌مه‌ند بوون” و به‌ئیتمینان خاتره‌وه‌ئامادگی خۆیان تا “دوا هه‌ناسه‌” له‌رێگای پاراستنی ته‌واوه‌تی خاكی ئێران و دژ به‌ئه‌مپریالیزم و دژ به‌دوژمنانی كۆماری ئیسلامی دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵوێست و سیاسه‌ت و خۆشامه‌یانه‌ی حیزبی دیموكرات بۆ خومینی و كۆماری ئیسلامی له‌كاتێكدا بوو كه‌نیشانه‌كانی په‌لاماری سه‌رله‌نوێی كۆماری ئیسلامی بۆ كوردستان ده‌ركه‌وتبوو و كۆمه‌ڵه‌و زۆریه‌ك له‌هێز و لایه‌نه‌سیاسیه‌كانی دیکه، ده‌نگی پێی فاشیزمیان له‌مێژ بوو له‌كرده‌وه‌ی ئه‌رته‌ش و سپای پاسداراندا بیستبوو. به‌ڵام حیزبی دیموكرات ئه‌م راستیانه‌ی نه‌ده‌دیت و كاتێك كۆمه‌ڵه‌ره‌خنه‌ی له‌هه‌ڵوێسته‌كانی ده‌گرت پێ ده‌گوت “ئاژاوا گێر” كه‌گۆیا دڵی خومینی و باقی تاوانبارانی ئیسلامی لێ ده‌ره‌نجێنێ. ئه‌و ته‌بلیغاته‌ی كه ده‌بوونه هۆكاری شه‌ڕی حیزبی دیموكرات له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه ئه‌و راستیانه‌بوون كه به‌شێكی باس كران.   

ئه‌م سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستانه‌ی حیزبی دیمۆكرات هه‌مان خه‌ت و سیاسه‌تی حیزبی “دایك”، واته‌حیزبی توده‌ بوو‌كه‌به‌سه‌ر رێبه‌رایه‌تی ئه‌و حیزبه زاڵ بوو و ئه‌و حیزبه‌ ‌ته‌نانه‌ت پاش رۆیشتنی توده‌یه‌کان له‌كۆنگره‌ی ٦ و پاش هێنانی “کورته باسێک له سه‌ر سۆسیالیزم” له لایه‌ن دوكتور قاسملووه که روانگا و لایه‌نگری ئه‌و حیزبه‌ی له به‌ری به‌ناو وڵاتانی “سۆسیالیسته”وه، به‌ره‌و وڵاتانی رۆژئاوا و به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا ده‌گوازته‌وه، هیچ هه‌ڵوێستێكی له‌به‌رامبه‌ریاندا نه‌بوو و سیاسته‌كانی حیزبی توده‌ له ناو حیزبی دیموكراتدا پێره‌و و جێبه‌جێ ده‌كرا. ئه‌و دوو حیزبه‌پێیان وابوو كه‌خومه‌ینی دژه‌ئه‌مپریالیسته‌، رێبه‌ری شۆرشی خه‌ڵكی ئێرانه و ده‌بێ پشتیوانی لێبكه‌ن.

كۆمه‌ڵه‌ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی پێ چه‌وت و ناره‌وا  و دژ به‌به‌رژه‌وندی خه‌ڵكی سته‌ملێكراو له‌ئێران و كوردستان بوو. له‌قاوی ده‌دا و ئیفشای ده‌كرد و زه‌ر و زیانه‌كانی بۆ بزووتنه‌وه‌ی  خه‌ڵكی كورد و ته‌نانه‌ت بۆ ریزه‌كانی حیزبی دیموكراتیش باس ده‌کرد.

هه‌ڵبه‌ت‌هه‌ڵوێستی ئه‌مڕۆی حیزبی دیمۆكرات له‌به‌رخورد به‌ئامریكا و هێزه‌رۆژئاواییه‌كان له‌ناوچه‌كه‌و جیهاندا ١٨٠ ده‌رجه‌گۆڕدراوه‌و ئه‌وان نه‌ته‌نیا دژه‌ئیمپریالیست نین، به‌ڵكوو شانازیش به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ ئیمپریالیسمی ئامریكا ده‌كه‌ن و سكرتێری ئێستای حیزبی دیمۆكراتی کوردستانی ئێران، پاش سه‌ركه‌وتنی “بووشی كوڕ” له‌ده‌وری دووهه‌می سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا، په‌یامی پیرۆزبایی بۆ ده‌نێرێت و “داوای رزگاری ئێرانی لێده‌كات”. دیاره‌بۆ ئه‌و حیزبه‌سیاسه‌ت به‌قه‌ولی خۆیان “هونه‌ری رۆژه‌” و به‌زمانی كوردی یه‌عنی “نان به‌نرخی رۆژ خواردن”.

ئێستا پاش چاوخشاندنێك به‌سه‌ر ئه‌و چه‌ند راگه‌یاندن و به‌ڵگه‌ره‌سمیانه‌ی حیزبی دیمۆكرات، ده‌بێت بۆ هه‌مووان روون بووبێته‌وه‌كه‌هه‌ڵوێستی ئه‌و حیزبه‌له‌به‌رخورد به‌كۆماری ئیسلامی و رێبه‌ره‌كه‌ی چلۆن بووه‌و له‌كوێ راوه‌ستاون؟ ئه‌و تبلیغاته‌ی که حیزبی دیمۆکرات پێی قه‌ڵس بوو و به هۆکاری شه‌ڕی ده‌زانین چی بوون و کۆمه‌ڵه چی ئیفشا کردوه؟ ئایا كۆمه‌ڵه‌”ئاژاوه‌گێر” بووه‌، یان ئه‌وان سازشكار بوون؟ ئایا سازشكاری وشه‌یه‌كی ناڕه‌وا و بێ حورمه‌تی به‌و حیزبه‌بووه‌یان سه‌رچاوه‌گرتوو له‌سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌و حیزبه‌ و له‌وێوه‌ ئیستنتاج كرابوو؟

سیاسه‌تی حیزبی دیمۆكرات ده‌رحه‌ق به‌وتووێژ و دانیشتن له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی و هه‌روه‌ها هاتنی هێزه‌سه‌ركوتگه‌ره‌كانیان بۆ كوردستان باس كرا، که بێ شه‌رت و مه‌رج و ته‌نیا به‌قیمه‌تی ئاوڕدانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌و حیزبه‌بوو. به‌ڵام با بزانین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو سازشکارییه به‌رانبه‌ر به كۆماری ئیسلامی و تومه‌ت و ئیتهامه‌ی حیزبی دیمۆكرات ، هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵه‌چی بوو؟

كۆمه‌ڵه‌له‌نامیلكه‌یه‌ك دا له‌ژێر ناوی “ئێمه‌و وتووێژ” كه‌له‌ژماره‌ی یه‌كه‌می گۆڤاری “شۆڕش” بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌وتووێژ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئاوا باس ده‌كات: “ئێمه‌له‌وتووێژدا به‌شداری ده‌كه‌ین تا نیه‌تی پشتی په‌رده‌ی رژیم ئاشكرا بكه‌ین. ئێمه‌له‌وتووێژدا به‌شداری ده‌كه‌ین تا رژیم نه‌توانێت به‌هۆكاری به‌شداری نه‌كردنمان له‌وتووێژ به‌تاقمان خاته‌وه‌و هه‌وڵی رژیم بۆ پێكهێنانی ته‌فره‌قه‌و ناكۆكی له‌نێوان هێزه‌سیاسیه‌كاندا پووچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌له‌ وتووێژدا به‌شداری ده‌كه‌ین تا هاوكات له‌وتووێژ وه‌كوو ره‌وشێكی خه‌باتی سیاسی له‌پێناوی به‌ده‌ست هێنانی پێشڕه‌وی و ده‌ستكه‌وته‌كان و به‌ده‌ست هێنانی ئیمتیاز له‌ئاستێكی باڵاتردا ره‌فتار بكه‌ین”. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه‌له‌و نامیلكه‌یه‌دا به‌روونی ده‌ڵێت: هه‌ر چه‌شنه‌چاوه‌ڕوانییه‌ك له‌گه‌یشتن به‌ته‌وافق له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی له‌جه‌هه‌تی مافه‌سه‌ره‌تایی و داخوازه‌ئه‌سڵی و دیمۆكراتییه‌‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بێهوده‌و بێ ناوه‌رۆكه‌و ئێمه‌پێمان وایه‌كه‌ناوه‌رۆكی وتووێژ ده‌بێ عه‌له‌نی و له‌ئێختیاری خه‌ڵكی كوردستاندا بێت”.

ئێستا به‌چاولێكردن له‌مێژووی وتووێژ، به‌ده‌رس وه‌رگرتن له‌ئه‌زمون و ته‌جروبه‌كانی و به ‌دوور له‌هه‌رچه‌شنه‌به‌رژه‌وه‌ندێكی به‌رته‌سكی حیزبی و رێكخراوه‌یی، ئایا سیاسه‌تی كۆمه‌ڵه‌له‌هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئوسولی، دڵسۆزانه‌، لێبڕاوانه‌، راستگۆیانه و‌له‌خزمه‌ت به‌به‌رژوه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان بوو یان سیاسه‌تی راڕایی، دوودڵی و سازشكارانه‌ی حیزبی دیمۆكرات؟

 مێژوو حه‌قانیه‌تی سیاسه‌تی كام لایه‌ن و ناحه‌قی سیاسه‌تی كام هێزی دیكه‌ی سابت كرد؟ با خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین به‌قازی و له‌و بابه‌ته‌وه‌قه‌زاوه‌ت بكه‌ن.

نیوه‌ی یه‌كه‌می مارسی ٢٠١١ی زایینی

 درێژه‌ی هه‌یه‌

Entry filed under: حه‌سه‌ن ره‌حمان په‌نا. Tags: .

سه‌رکه‌وتووبێت خه‌باتی”ئاژاوه‌چییه‌کان”‌و”گێره‌شێوێنه‌کانی”کوردستان! هەڵبژاردنى پێشوەخت،وەڵامى داخوازییەکانى خەڵکى ناڕازى کوردستان نییە!

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS مطالب سایت آزادى بيان

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,827 hits

%d bloggers like this: