سڵاو له‌مه‌یدانی ئازادی

2011/03/11 at 4:09 PM Leave a comment

ئازاد به‌کر:سڵاو له‌ شۆڕش، سڵاو له‌ ژنان و پیاوان و گه‌نجان و خۆپیشانده‌رانی به‌رده‌رکی سه‌را، سڵاو له‌ گشت تێکۆشه‌ران و شۆڕشگێڕان له‌ کوردستان. له‌ قوڵایی دڵمه‌وه‌ هیواخوازی سه‌رکه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانی خواست و داواکاری و مافه‌ ڕه‌واکانی خه‌ڵکی هه‌ژار و مافخوراوی کوردستان ده‌که‌م. به‌ڕێزان پاشی 20 ساڵ سه‌رکوت و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتیدا، وا ئه‌مڕۆ ئێوه‌ی ئازا و به‌جه‌رگ و نه‌به‌ز هاتونه‌ته‌ وه‌ڵام و ته‌خت و به‌ختی حیزبه‌کانی بنه‌ماڵه‌تان هێناوه‌ته‌ له‌رزین. چاره‌نووسی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش له‌ بن عه‌لی و موباره‌ک و قه‌زافی باشتر نابێت. شۆڕشی خه‌ڵکی کوردستان به‌ڕووی سته‌م و سته‌مکاران و گه‌نده‌ڵکاران و دز و تاڵانچیاندا، تۆمارکردنی مێژوویه‌کی نوێی نه‌مری‌ و خه‌باتکاری و فیداکارییه‌.

 

 به‌یادی ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991 کاتێک کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک شوراکانی خۆیان دامه‌زراند، هه‌مان ئه‌م داخوازیانه‌ی ئێسته‌ به‌رزده‌کرایه‌وه‌، وانه‌کانیمان له‌بیر‌ و مێشکماندا پاراستووه‌. هه‌ر ئه‌وکات ووتمان که‌ ئه‌م حیزبانه‌ی یه‌کێتی و پارتی هاو شێوه‌کانیان ناتوانن جێ هیوا و متمانه‌ی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی کوردستان بن. با ئه‌مجاره‌ش تێکۆشان و قوربانیدانی ئێوه‌ نه‌چێته‌ گیرفانی هیچ ده‌سته‌‌ و تاقمێکی تری مشه‌خۆره‌وه‌، ئێوه‌ خۆتان بڕیارده‌ربن و خۆتان به‌ ئاره‌زووی خۆتان کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به‌ڕێوه‌به‌رن. کاتێک ئێوه‌ ده‌بزوێن ده‌سه‌ڵات خه‌می له‌ده‌ستچوونی کورسیه‌که‌یه‌تی، کاتێک ئێوه‌ ده‌بزوێن هه‌ست ده‌که‌ین توانای گۆڕانکاری هه‌یه‌، میکانیزمی گۆڕان ئاماده‌یه‌، به‌ڵام تکاتان لێده‌که‌م با ئه‌م شۆڕشه‌ش به‌لاڕێدا نه‌برێت با ئاسۆی گۆڕان ڕۆشن و له‌ ئاستی داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی کوردستاندابێت. بائاگایی و وشیاریتان به‌قه‌د چیاکانی کوردستان به‌رز و بڵند بێت،‌ با به‌رنامه‌ی کارمان‌ به‌ ئاڕاسته‌ی به‌دیهێنانی ئازادی و یه‌کسانی و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ریدا به‌رین، با ئاواتمان دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مۆدێرن و شارستانی و سکولار بێت.

 

 به‌ڕێزان ووریابن سازشتان پێنه‌کرێت، شۆڕش به‌سازشكاری ناگاته‌ ئه‌نجام، به‌ڵکو ده‌بێت ده‌سه‌ڵات بڕۆخێت و خۆی بدابه‌ده‌سته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وان دژی ماف و داخوزیه‌کانی خه‌ڵکن. شۆڕش ده‌بێت به‌رده‌وام له‌ چالاکی و جووڵه‌دابێت، گه‌ر بوه‌ستێت کۆتایی دێت و زۆری ده‌وێت تا ئه‌و بار و دۆخه‌ دروست ده‌بێته‌وه‌، شۆڕش ده‌بێت هه‌موو ئاست و شوێن و بواره‌کانی کارو ژیانی کۆمه‌ڵگه ‌سه‌رتاسه‌ری شار و ناوچه‌کانی کوردستان بگرێته‌وه‌، ده‌بێ هه‌موو جێیه‌ک ببێته‌ مه‌یدانی ئازادی. شۆڕش ده‌بێت به‌سروشتی ڕۆبچێته‌ هه‌موو ناوه‌نده‌کانی ئاسایی ژیانی خه‌ڵک نه‌ک به‌زۆر پاڵی پێوه‌ بنرێت، کاتێک به‌ ملیۆنان خه‌ڵک ڕاده‌په‌ڕێت ئیتر هیچ به‌ربه‌ستێک ناتوانێت له‌ڕوویا بوه‌ستێت، شۆڕش به‌مانای هه‌ڵسوڕان و جووڵانه‌وه‌یه‌،‌ نه‌هێڵن له‌ چاوه‌ڕوانیدا چه‌ق ببه‌ستێت. شۆڕش پێشنیار و هه‌وڵی خه‌ڵکه‌ نه‌هێڵن دوژمنانی شۆڕش لێتان بێنه‌ ده‌ست و خامۆش و خاوتان که‌نه‌وه‌، به‌ده‌ستێکی پۆڵایین به‌رپه‌رچیان بده‌نه‌وه‌.

 

 هێرش به‌رن و لێیان ڕاپه‌ڕن، په‌رله‌مانی کارتۆنیان داگیربکه‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر وه‌زاره‌ت و باره‌گا و ڕاگه‌یاندنه‌کانیاندا بگرن ئه‌وانه‌ موڵک و ماڵی خه‌ڵکه،‌ موڵک و ماڵی شۆڕشه‌. شۆڕش ته‌نیا نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵکه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێک له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش شه‌رعیه‌تی نیه‌. داواکه‌ن پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ بێنه‌ پشتی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌، تێیان گه‌ێنن که‌ ئه‌وانیش قوربانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و تاڵانچیه‌ن باچیتر دژی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان خزمه‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتداران نه‌که‌ن. هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆنه‌په‌رستانی ناوچه‌که و جیهان‌ له‌پشت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ش ڕیزی به‌رینی ئازادیخوازان و یه‌کسانیخوازانی و پێشکه‌وتنخوازانی جیهانمان له‌گه‌ڵه‌، ئێمه‌ ده‌بێ ببێته‌ کلیلی کردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئازادی له‌ناوچه‌که‌دا، ده‌بێت خه‌بات و قوربانیدان و خوێن و گیانی به‌ ناحه‌ق ڕژاوی ڕۆڵه‌کانمان بکه‌ینه‌ سه‌نگی مه‌حه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر دیکتاتۆری سه‌رکوت و سته‌م له‌م کوردستانه‌دا دوورباره‌ نه‌بێته‌وه‌، جارێکی تر هیچ ده‌سته‌ و تاقم و حیزبێک سامان و داهاتی ئه‌م ووڵاته‌ نه‌دزن و چیتر زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان هه‌ژار و ئاواره‌ و بێده‌ره‌تان نه‌کرێن. پیرۆزی شۆڕشی توڕه‌یی ئێوه‌ ده‌توانێ ئاگر له‌که‌شی سه‌رکوتی و دزی و فێڵ و درۆ و گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی به‌ربدات.

 

 دروشمه‌کانی ئێوه‌ له‌پیناوی خواست و داواکاریه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کاندا، له‌پێناوی داخوازیه‌ بنچینه‌یه‌کاندا مافی ڕه‌وای خۆتانه‌ نابێت به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ببن. ئێراده‌ی به‌هێزی ئێوه‌ ده‌توانێت مل به‌ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی که‌چ بکات، یه‌کگرتوویی و یه‌ککڕیزی ئێوه‌ ده‌توانێ مافیاکانی ده‌سه‌ڵات چه‌ک بکات، ئێوه‌ ده‌توانن به‌رده‌وامی به‌ شۆڕش بده‌ن تا به‌جێهێنانی داوا سه‌ره‌کیه‌کانتان له‌دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتیکی جه‌ماوه‌ری و پێشکه‌وتنخوانه‌دا. شۆڕش ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیه‌ که ‌له‌ هه‌وڵی گۆڕانی ڕیشه‌یی گشت بواره‌کانی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریدا ڕووده‌دات. ساتێک کرێکاران هه‌ژاران ناتوانن تێر به‌سکی خۆیان نان بخۆن، ساتێک ئازادیخوازان ناتوانن ئازادانه‌ بیروڕای خۆیان ده‌ربڕن، ساتێک ژنان مافه‌کانیان زه‌وت ده‌کرێت و ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌، ساتێک گه‌نجان بێکار و گیرفان به‌تاڵ بن، ساتێک کۆمه‌ڵگه‌ نوقمی نه‌زانی و کۆنه‌په‌رستی ‌بێت، ئیتر ئه‌م کۆت و زنجیره‌ تاسه‌ر بڕناکات و مافخوراوان و زۆرلێکراوان و برسیه‌کان هه‌موو گیانیان پڕ ده‌بێت له‌شۆڕش، پڕ ده‌بێت له‌به‌رنگاربوونه‌وه‌، پڕ ده‌بێت له‌ڕاپه‌ڕین و پڕ ده‌بێت له‌ گۆڕانکاری و پڕده‌بێت له‌جووڵه‌ و چالاکی شۆڕشگێڕانه‌.

 

ئه‌مڕۆ سه‌رده‌می شۆڕش و وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی یه‌، سه‌رده‌می هێنانه‌ کایه‌ی ئاستێکی به‌رزی ئاگایی یه‌، سه‌رده‌می فڕێدانی خو و نه‌ریته‌ کۆن و باوه‌ نامرۆڤانه‌ و زیان به‌خشه‌کانه‌، سه‌رده‌می هاتنه‌پێشی هێزی ژنانه‌ بۆ به‌شداریکردنیان شان به‌شانی پیاوان له‌ دیاریکردنی ئاینده‌یه‌کی گه‌شی بێ جیاوازی و چه‌وسانه‌وه‌دا‌، سه‌رده‌می گۆڕینی پاشخانی گه‌نده‌ڵی ئابووریه‌، سه‌رده‌می وه‌لانانی تاقمی ده‌سه‌ڵاتداری مفته‌خۆره‌ که‌ده‌ستیان به‌سه‌ر گشت جومگه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا گرتووه‌. به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی چه‌وسێنه‌ر یه‌کێکه‌ له‌ ئه‌رکه‌ گرنگه‌کانتان، ده‌بێ له‌جیهانی یوتوبیایی ده‌ربچن، چونکه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نیا هێزی چه‌کدار و سه‌رکوت و چه‌وسانه‌وه‌ی هه‌یه‌، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌سه‌ر چه‌وسانه‌وه‌ی ئێوه‌ ڕاوه‌ستاوه‌، له‌سه‌ر دزین و بردنی هێزی کار و ماندوبوونی ئێوه‌ درێژه‌ به‌ژیانی خۆی ئه‌دات. هه‌ستنه‌ سه‌رپێ و له‌ کارگه‌ و فه‌رمانگه‌ و قوتابخانه‌ و زانکۆکان و بواره‌کانی تری شوێن و ژیانتان مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری ڕابگه‌ێنن.

 

 ڕاپه‌ڕینی ئێوه‌ ئه‌و بیروباوه‌ڕانه‌ پووچده‌کاته‌وه‌ که‌ده‌یانه‌وێ سازش و دیالۆگ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا بکه‌ن و ته‌نیا له‌پێناوی داخوازی حیزبی و ئاڕاسته‌یه‌کی به‌رژه‌وه‌‌ندخوازی ته‌سکدا، پشت له‌ خواسته‌ ڕه‌واکانی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ ده‌که‌ن. زه‌نگی گۆڕانکاری له‌دڵی هه‌مووماندا لێده‌دات و خۆری ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری له‌ هه‌ڵهاتندایه‌، ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ گیانی شۆڕشگێڕی و گۆڕانکاری بوژانده‌وه‌، ئێمه‌ ئێسته‌ له‌ قوتابخانه‌یه‌کی نوێی تێکۆشانداین، وانه‌کانی مێژووی شۆڕش و ڕاپه‌ڕین هه‌ڵئه‌ده‌ینه‌وه‌، له‌گۆڕه‌پانی خه‌باتدا به‌کرده‌وه‌ په‌یڕه‌وی مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵس و که‌وتی شۆڕشگێڕانه‌ ده‌که‌ین. هیوادارم که‌ به‌ره‌ی چه‌پ و کۆمۆنیست و سکولار، له‌ ئازادیخوازان و پێشکه‌وتنخوازان و یه‌کسانیخوازان، ڕیزه‌کانی خۆیان ڕێک و پێک یه‌کبخه‌ن تاشۆڕشی خه‌ڵکی زۆرلێکراوی کوردستان به‌ ئامانجه‌کانی خۆی بگات.

 

ئێستا کاتی گۆڕانکاریه‌ کاتی یه‌کخستنی هه‌موو هێزو تواناکانه‌ بۆ لابردنی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی، کاتی شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ به‌به‌شداری چینی کرێکار و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کانی تری کۆمه‌ڵگا، کاتی دانانی به‌ردی بناغه‌ی سه‌ره‌تایه‌که‌ بۆ گۆڕانکاری گه‌وره‌تر، له‌ ناوه‌خنی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌دا مێژوویه‌کی نوێ به‌دیدێکی نوێ و مۆدێرنه‌وه‌ خه‌ریکی جێبه‌جێکردنی گۆڕان و شۆڕشی بنچینه‌یی یه‌، ئه‌ویش ڕابه‌رایه‌تیکردن و ڕێکخستنێکی پته‌وه‌ له‌لایه‌ن که‌سانی هه‌ڵسوڕاو و چالاکی کۆمۆنیست و  پێشکه‌وتنخوازانه‌وه‌. ئێسته‌ کاتێکی گونجاوه‌ بۆ وشیار کردنه‌وه‌ و ئاگاییدان به‌جه‌ماوه‌ر و ‌کرێکاران و توێژه‌ چه‌وساوه‌کان. ده‌بێ خه‌ڵک خۆی له‌ کارگه‌ و کارخانه‌ و فه‌رمانگه‌کان شوێنه‌ خزمه‌تگوزاریه‌کان ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت و لێژنه‌ و ده‌سته‌ی‌ شورایی شۆڕشگێڕ پێکبهێنن. ئه‌م شۆڕشه‌ په‌یوه‌ندی به‌ داهاتووی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌‌، ده‌بێ خواست و داخوازیه‌کانی ڕاپه‌ڕین به‌ره‌و پێش بڕوات، ئاسۆی ڕۆشنی ئایینده‌ی کۆمه‌ڵگا بخرێته‌ به‌رده‌م خه‌ڵکی مافخوراو و به‌شخوراو، بۆ دامه‌زراندنی کوردستانێکی ئازاد و یه‌کسان.

 

      10.03.2011

Entry filed under: ئازاد به‌کر. Tags: .

جه‌لالییه‌ مه‌لاییه‌کان،مه‌لاییه‌ جه‌لالییه‌کان،مرۆڤخۆرن! خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری له‌ شاری کۆیه‌ و چه‌مچه‌ماڵ به رده وامه

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,943 hits

%d bloggers like this: