ده‌بیت باسی سه‌ره‌کی دادگایکردنی تاوانبارانی ئاشکرا بێت،که‌ له‌ باره‌گاکانه‌وه‌ ته‌قه‌ ده‌که‌ن،نه‌ک ئه‌وه‌ی کێ له‌ پشتیه‌وه‌یه‌تی!

2011/03/15 at 11:15 PM Leave a comment

گفتوگۆی ڕادیۆ هاوپشتی (ڕۆژی 19.2) له‌گه‌ڵ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ده‌رباره‌ی ڕووداوه‌کانی شاری سلێمانی

ڕادیۆ هاوپشتی: ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێ ڕووداوه‌کانی سلێمانی‌ ده‌ستێکی له‌پشته‌و گێره‌شێوێنی کراوه‌. له‌ چه‌ند جێگه‌یه‌کی تریش لێره‌و له‌وی گه‌نجان به‌ گێره‌شێوێن له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن، ته‌فسیرتان بۆ ئه‌مه‌ چییه‌؟

 

عوسمانی حاجی مارف: هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ زمانی ده‌سه‌ڵات بووه‌، که‌ به‌م حوکمه‌ پڕوپووچانه‌ خه‌باتی جه‌ماوه‌ر لکه‌دار بکات. به‌تایبه‌تی کاتێک که‌ ناڕه‌زایه‌تی خه‌لکی رووی له‌ده‌سه‌ڵات کردبێت‌و خواستی خۆی هێنابێته‌ ئاراوه‌و داوای ئاڵوگۆڕێک له‌ کوردستاندا بکات… هانای بۆئه‌م زمانه‌ بردووه‌، تا به‌رهه‌ق بوونی ئه‌و خه‌بات وناڕه‌زایه‌تییانه نه‌سه‌لمێنێ. به‌ڵام ئه‌م زمانه‌ له‌خۆپیشاندان‌و خرۆشانه‌که‌ی 17.2دا و‌ کوشتارێک که‌ لقی 4ی پارتی پێی هه‌ستاو ژماره‌یه‌ک کوژراو و برینداری لێکه‌وته‌وه‌، باسی  ئه‌وه‌ی‌ که‌چ لایه‌نێک، چ جیهه‌تێکی سیاسی چ که‌سانێک له‌پشتی ڕووداوه‌که‌وه بوون، زیاد کراوه‌ بۆ “گێره‌شێوێن”‌و “ئاژاوه‌چی”! مه‌به‌ست له‌مه‌ش داپۆشینی تاوانبارانی ڕووداوه‌که‌یه، که‌بوونی باره‌گای چه‌کداری ئه‌حزابه‌، له‌سه‌روو یاساوەیە، ته‌قه‌ له‌خۆپیشانده‌ران ده‌کات‌و خه‌لک ده‌کوژێ‌.

 به‌بۆچوونی من پرسیاری ئه‌وه‌ی “کێ به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ به‌رپرسیاره‌؟” بازدانه‌ به‌سه‌ر تاوانباری رووداوه‌که‌و هه‌ق پێدانه‌ به‌لقی 4 پارتی، تا خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ر له‌خوین هه‌ڵکێشێ. ته‌نانه‌ت به‌قسه‌ی خودی ده‌سه‌ڵاتیش ئه‌گه‌ر حکومه‌ت و یاسا هه‌یه‌، ئه‌وا کوشتاری خه‌ڵک له‌ڕێگای ته‌قه‌ی باره‌گای حزبێکه‌وه، چه‌نده‌ جێگا بۆ بوونی حکومت‌و یاسا ده‌هێڵێته‌وه‌.‌ ‌ که‌وایه‌ پێش هه‌موو شتێک ئه‌وه‌ پارتی‌و چه‌کداره‌کانێتی تاوانبارن‌و تاوانیان ئه‌نجامداوه‌و پێویسته‌ بدرێنه‌ دادگا وسزای خۆیان وه‌ربگرن.

یه‌کێک له‌ کێشه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌مڕۆی خه‌ڵکی کوردستان، وجودی ئه‌حزابی چه‌کداره‌ له‌ شاره‌کان.‌ له‌و کاته‌وه‌ی که‌ له‌ کوردستاندا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌، به‌م شێوه‌ی چەکداریە‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان پاراستوه‌‌. ئه‌مه‌ مانای وجودی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایه‌. نه‌ ئاسایش نه‌ پۆلیس، هیچ کامێکیان ناتوانن بچنه‌ سه‌ر ئه‌و باره‌گایانه‌و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن. مانای وایه‌ ده‌سه‌ڵات هی میلیشیاکانه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و تاوانه‌ش ڕوو ده‌دات. بۆیه‌ نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک باره‌گای چه‌کدار له‌ شاره‌کاندا وجودیان هه‌بێت. له‌ هه‌مان کاتدا، ده‌سه‌ڵات خۆی ڕێگای داوه‌ به‌دانانی باره‌گای چه‌کدار‌. 10 ساڵ له‌مه‌و پێش یه‌کیتی نیشتیمانی به‌ هێزێکه‌وه‌ هه‌ڵیکوتایه‌ سه‌ر ئێمه‌، به‌ حسابی ئه‌وه‌ی نابێت باره‌گای چه‌کداری له‌ شاره‌کاندا هه‌بێت. که‌چی 10 ساڵ پاش ئه‌و ڕووداوه‌، پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌ ناوه‌ڕاسی شار به‌ باره‌گایه‌کی گه‌وره‌و چه‌کداری زۆره‌وه‌ وه‌ستاون، بێگومان ئه‌مه‌ش هۆکارێکی به‌رده‌وامه‌ بۆئه‌وه‌ی تاوان‌و ڕووداوی له‌و جۆره‌ بخوڵقێ‌. کاتێک که‌ باره‌گای چه‌کدار له‌هه‌ر شوێنێکدا به‌م ئاسته‌یه‌وه‌ بوونی هه‌بێت‌، مانای وایه‌ که‌ ده‌سه‌لات نییه‌، واته‌ دادگا نییه‌، واته‌ میلیشیا مه‌وجوده‌. بوونی باره‌گای چه‌کداری ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، که‌ میلیشیا له‌سه‌روو ده‌سه‌ڵات و یاساوه‌یه‌‌. بۆیه‌ هیچ هێزێکی حکومی ناتوانێت بچێت ده‌ستگیریان بکات وله‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ که‌ده‌سه‌لات به‌م زمانه‌ ده‌دوێ.

 

ڕادیۆ هاوپشتی: کاردانه‌وه‌کان زۆر توند نین؟ کاتێک ده‌سه‌ڵات شاریکی گه‌وره‌ی میللیتاریزه‌ کردوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵی گه‌نجدا… ئه‌مه‌ مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ی نییه‌؟

 

عوسمانی حاجی مارف: ڕۆشنه‌ ده‌سه‌ڵاتدران بۆ پاراستنی ده‌سه‌لاته‌که‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت خه‌ڵک بترسێنن‌و بتۆقێنن‌و ڕێگه‌ بگرن له‌ ناڕه‌زایه‌تی ‌خه‌ڵک. ئه‌مه‌ نه‌خشه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌،‌ به‌ تایبه‌تیش نه‌خشه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌، که‌ هێزی زیاتری بێنێته‌ ناو شاری سلێمانییه‌وه‌، شار میللیتاریزه‌ بکات، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌لک بترسێنێت‌و ناڕازی ده‌رنه‌بڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌لک ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی نه‌خاته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌. ئه‌وه‌ واقعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌. به‌ڵام بارودۆخه‌که‌ له‌ ئاستێکدایه‌، من پێم وانییه‌ که‌ هیچ یه‌کێک له‌وانه‌ بتوانێت پاشه‌کشه‌ به‌ خه‌ڵکه‌که‌ بکات. دوو ئیختیاریان هه‌یه‌، یان ئه‌وه‌تا له‌ هه‌موو شاره‌کاندا خه‌ڵتانێکی خوێنڕژی زۆر بکه‌ن، بکه‌ونه‌ ده‌ستگیرکردن‌و ڕاونانی خه‌ڵکه‌که‌و زیندانیکردنیان، یان ئه‌وه‌تا هێزه‌ میلیشیاکانیان بکشێننه‌وه‌و وه‌ڵام به‌و خواستانه‌ بده‌نه‌وه‌ که‌ خه‌ڵک هێناوێتییه‌ پێشه‌وه‌.

 

ڕادیۆ هاوپشتی: مه‌وقفی ئه‌حزابی سیاسی چۆنه‌؟ ئه‌کسه‌ریه‌تی لایه‌نه‌کان به‌رده‌باران کردن به‌‌ کارێکی گێره‌شیوێنی‌و نه‌گونجاو ده‌سه‌لمێنێ‌و لاوان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ تاوانبار ده‌که‌ن…ڕای ئێوه‌ چییه‌؟

 

عوسمانی حاجی مارف: کاتێک ته‌واوی خه‌ڵک دێته‌ سه‌ر شه‌قام، دژ بە دەسەڵاتەو ته‌عبیر له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌کات. ئه‌حزابی بۆرژوازی چ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت یان نا، له‌م شه‌پۆله‌ ده‌ترسێ، با ناویشی گۆران بیت، ئه‌و گۆڕانی بۆ حزبه‌که‌ی خۆی ده‌وێ، گۆرانی بۆ کۆمه‌ڵێ داواکاری ده‌سه‌لاتی بۆرژوازی ده‌وێت، گۆڕانی بۆ ده‌ورو ئیراده‌ی خه‌ڵک ناوێ، گۆڕانی بۆ ده‌سه‌لاتی خه‌ڵک ناوێ.

ئه‌م شه‌پۆله‌ که‌ هه‌یه‌، که‌ خه‌ڵک ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ی ئێستای ناوی، ده‌سه‌لاتی بۆرجوازی ناوێت، ده‌وری ئیراده‌ی خه‌ڵکی ده‌وێت. ئه‌وه‌ شه‌پۆلێکە له‌ ناوچه‌که‌دا ده‌ستی پێکردوه‌، له‌ دژی ئیستبدادی سیاسییه‌، بۆ ئازادی سیاسییه‌، بۆ نان‌و له‌ دژی برسیتییه‌. خه‌ڵک ده‌بێت خۆی به‌شداری بکات له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا، خه‌ڵک ده‌یه‌وێت ده‌وری هه‌بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا. به‌لام وجودی ئه‌حزابی بۆرژوازی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک، ته‌نانه‌ت له‌ ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌که‌شیانه‌وه‌، به‌ جیا له‌ سه‌رکوت‌و جه‌یش‌و هێزی میلیشیایان، هه‌وڵی سه‌رکوتی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر ده‌که‌ن، بۆیه‌ دێنه‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ دوای “گێره‌شێوێن”دا ده‌گه‌ڕێن‌و گێچه‌که‌ی ده‌خه‌نه‌وه‌ سه‌ر جێگه‌یه‌کی که‌، چونکه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان نییه‌ خه‌ڵکی بێته‌ سه‌ر شه‌قام‌و داوای ئیراده‌ی خۆی بکات، داوای ده‌خاله‌تی خۆی بکات.

ئه‌مڕۆ که‌ یه‌کێکیان له‌ ئۆپۆسیزیۆندایه‌، دوو ڕۆژی تر له‌وانه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت، یان به‌شی هه‌بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌گه‌ر ئه‌ویش له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت، له‌ قازانجی نییه‌، که‌ خه‌ڵک خۆی بێت موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و ئیراده‌ی خۆی بکات. بۆیه‌ هه‌ر هه‌موویان زمانی ده‌سه‌ڵات به‌کار ده‌هێنن، که‌ کێ له‌ پشت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ بووه‌. ئه‌حزابی سیاسی که‌ له‌ ساحه‌که‌دا وجودیان هه‌یه‌، نه‌چوون به‌دوای خواستی خه‌ڵکدا بن. هه‌موویان که‌وتونه‌ته‌ پاکانه‌ کردن‌و ده‌ڵێن ئه‌و ڕووداوه‌ ئاژاوه‌چییه‌کان کردویانه‌و ده‌ستی له‌ پشته‌وه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌کسه‌ریه‌تی خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی، که‌ له‌ ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌وه‌ یان له‌سه‌ر شه‌قامه‌وه‌ ده‌دوێن، پێیان وایه‌ که‌ لقی چواری پارتی تاوانێکی گه‌وره‌ی کردوه‌. ئه‌وه‌ قسه‌ی شه‌قامه‌و ئه‌مڕۆ ئه‌مه‌ حسابه‌.

 

 گوێگرێک دێته‌ سه‌ر خه‌ت‌و پرسیاری کرد: پارتی باس لەوە دەکات کە بۆچی تەنها هێرش کراوەتە سەر بارەگای پارتی؟

عوسمان حاجی مارف: دیاره‌ ئه‌وان بیریان چۆته‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره‌ له‌ کوردستاندا پارتییه‌. پارتییه‌ که‌ هێزی گه‌وره‌ی چه‌کداری زێڕه‌ڤانی دروست کردوه‌، پارتییه‌ که‌ سه‌رده‌شت عوسمانی تیرۆر کردوه‌، پارتییه‌ که‌ چه‌نده‌ها تاوانی تری هه‌یه‌، پارتییه‌ که‌ ته‌عبیر له‌ ده‌سه‌ڵاتێک ده‌کات که‌ خه‌ریکه‌ به‌ خانه‌واده‌یی ده‌یچه‌رخێنیت. ئه‌گه‌ر چی ئه‌وان باس ده‌که‌ن که‌ به‌ هه‌ڵبژاردن هاتونه‌ته‌ سه‌ر حوکم، یان مسعود بارزانی به‌ ده‌نگدان بووه‌ به‌ سه‌رۆک‌و شه‌رعیه‌تی هه‌یه‌… له‌ هه‌ر جیگه‌یه‌کی دنیادا، که‌ کوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌، کاتێک میلیشیا وجودی بوو، ئیتر هه‌ڵبژاردن‌و ده‌نگدان هیچ مانایه‌کی نییه‌. ناکرێت هیچ ئیعتبارێک بۆ هه‌ڵبژاردن بکه‌یت. پارتی پێش ئه‌وه‌ی باسی هه‌ڵبژاردن بکات، بچێت هێزی پیشمه‌رگه‌که‌ی‌و زێره‌ڤانیه‌که‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و حه‌لی بکات‌و نەیهێڵێته‌وه‌، ئه‌و هه‌زاران سه‌یاره‌و هه‌زاران حیمایه‌یه‌ له‌ خۆت دوور بخه‌ره‌وه‌، ئه‌وجا وه‌ره‌ هه‌ڵبژاردن بکه‌، بزانین ده‌نگ ده‌هێنیت یان نا، بزانین حسابتان بۆ ده‌که‌ن یان نا؟

دووه‌م، ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵک چۆته‌ به‌رده‌م لقی چوار، مانای ئه‌وه‌‌یه‌ که‌ پارتی دۆزیوه‌ته‌وه‌ که‌ ته‌عبیر بکات له‌ ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستاندا. خه‌ڵک ئه‌وه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه‌ که‌ ته‌عبیر له‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردستان ده‌کات، بۆیه‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر ده‌گرێت، ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر شیوه‌یه‌ک بێت. بۆ نمونه‌ من ناچم به‌رد بهاوم، به‌ڵام کاتێک تۆ هێزێکی میلیشیاو هه‌یه‌و باره‌گای چه‌کدارت دانا، کاتێک تۆ ده‌سه‌ڵاتێکی باش نیت به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵک، ئاماده‌ نیت رێز له‌ بۆچوونی خه‌ڵکی بگریت، چه‌ندین شێوه‌ی ناڕه‌زایی مه‌تره‌حه‌ که‌ خه‌ڵکی به‌رامبه‌رت بوه‌ستێته‌وه‌و ناڕه‌زایه‌تیت به‌رامبه‌ر بکات. دیاره‌ ئه‌وان خۆیان بیریان چۆته‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتن، پێی وایه‌ ته‌نها باره‌گایه‌که‌و ته‌واو. بەلام ئەوە بارەگا نییە،‌ قه‌ڵایەکە‌ له‌ ناو جه‌رگه‌ی شاردا به‌ چه‌کداره‌وه‌ دانراوه‌و بۆ تۆقاندنی خەڵک دانراوە.

ئه‌وه‌تا خه‌ڵک ئاماده‌یه‌ سنگی خۆی بخاته‌ به‌ر گولله‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌. پێش ئه‌وه‌ی پرسیار بکه‌ن که‌ بۆچی ئێمه‌، فه‌رموون باره‌گا چه‌کداره‌کانتا به‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌! پرسیار له‌ خه‌ڵک مه‌که‌ن بۆچی هێڕش ده‌که‌نه‌ سه‌ر ئێوه‌! هیچیش په‌یوه‌ندی به‌ موئامه‌ره‌وه‌ نییه‌، مه‌سه‌له‌که‌ خواستی خه‌ڵکه‌، مه‌سه‌له‌که‌ داواکردنی ئازادی سیاسییه‌، مه‌سه‌له‌که‌ دابینکردنی نان‌و کارو ئازادییه‌.

گوێگرێکیتر دێته‌ سه‌ر خه‌ت‌و پرسیار ده‌رباره‌ی هه‌ڵویستی ئه‌حزابه‌کان ده‌کات…

عوسمانی حاجی مارف: هه‌ر وه‌ک گوێگری پێشوتریش ئاماژه‌ی به‌ خۆپیشاندانی هێمنانه‌ کرد. ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین که‌ هه‌وڵ بده‌ین به‌ باری هێمنی‌ به‌ ڕێوه‌ بچێت‌و خوێن له‌ هیچ که‌سێکه‌وه‌ نه‌یه‌ت. ده‌بێت ناڕه‌زایه‌تیه‌کان فراوانترو گه‌وره‌تر بێت‌و ته‌واوی کوردستان بگرێته‌وه‌. بۆ نمونه‌ ئێستا باسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی کۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وام بکه‌ن‌و به‌رده‌رکی سه‌را چۆڵ نه‌که‌ن، وه‌ک ساحه‌ی ته‌حریری میسڕ. ئه‌مه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌کی هێمنانه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ ده‌ستی که‌سدا نییه‌، کاتێک‌ له‌ جێگه‌یه‌کدا چه‌کدارو باره‌گای چه‌کداری تێدایه…

من ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ پارتی ئیشاره‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ هێڕش کراوه‌ته‌ سه‌ری، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا هێرش کراوه‌ته‌ سه‌ر ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانیش‌و به‌ردیان گرتۆته‌ ئه‌وێش. هه‌روه‌ها به‌ردیان هاویشتۆته‌ سه‌ر قایمقامیه‌تیش. واته‌ ته‌نها پارتیی نییه‌ که‌ ڕه‌مزی ده‌سه‌لاته‌، خه‌ڵکی له‌ هه‌مان کاتدا هێرشی کردۆته‌ سه‌ر جێگه‌ی تریش.

وه‌ک له‌ سه‌ره‌تادا ئیشاره‌م پێدا،  که‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن‌و به‌ دوای ئه‌وه‌وه‌ن که‌ گێره‌شیوێنی کراوه‌و وردبینی‌و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ن، تا بزانن کێ هانی ئه‌م مه‌سه‌له‌ییه‌ی داوه‌. ئه‌وه‌ زمانی ده‌سه‌ڵاته‌، چونکه‌ ئه‌وان نایانه‌وێت ده‌سه‌لاتی خه‌ڵکی بێته‌ ده‌ره‌وه‌.

گوێگرێکی تر دێته‌ سه‌ر خه‌ت‌و پرسیاری پێکهێنانی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌کات‌و ده‌پرسێت: “ئایا ئه‌گه‌ر لیژنه‌که‌ی سه‌ربه‌خۆ پێک نه‌یه‌ت، ئه‌نجامه‌کان چی ده‌بێت؟”

 عوسمانی حاجی مارف: نابێت بە هیچ شێوەیەک باس لە پێکهێنانی لیژنە بکرێت! نابێت هیچ جۆرە لیژنەیەک بۆ ئەم مەسەلەیە دروست بکرێت! نابێت لێکۆڵینەوە بکرێت لەسەر ئەم قەزیەیە! نابێت باسی لێکۆڵینەوە بکرێت لەسەر ئەم مەسەلەیە! گرفت‌و خەلەلەکە لێرەدایە: کێشەی زمانی دەسەڵات ئەوەیە کە دەیەوێت مەساری دەورو ئیرادەی خەڵک بگۆڕێت بەوەی کە کێ لە پشت ئەم قەزیەوەیە.

خەڵک ناڕازییە بەرامبەر بە دەسەڵات، خەڵک قوربانی دەدات، خەڵک ئیتر ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت. مەسەلەکە ئەوە نییە کە شتێک بەرامبەر بە لقی چوار کراوە، مەسەلەکە زۆر لەوە گەورەترە. خەڵک ناڕازییە، قەتل کراوە، تاوان کراوە، خەڵک کوژراوە. ئەگەر لە من بپرسن، دەڵێم کەسانێک تەقەیان لە خەڵک کردوە ، بچن جارێ ئەوانە بگرن‌و بە سزای خۆیانیان بگەێنن! ئەمە یاسایە لە هەموو دنیادا، کاتێک دز ێتە سەر ماڵەکەت، نابیت بیکوژی! ئەگەر تەنانەت دەمانچەشت پێیە نابێت بەکاری بهێنیت! نابێت قەتل بکرێت!

ئەمەی کە کراوە، تاوانێکی گەورەیە کە لە بارەگایەکەوە کراوە. خەڵک ناڕەزایی دەردەبڕێت‌و دەچێتە سەر لقی چوار، دەتوانن بۆ نمونە ئاویان پێدا بکەن، وەک نمونەی هەموو وڵاتان. تەنانەت ئەوانەش سنووری بەکار هێنانیان هەیە، ناتوانیت بە ئاوو غاز خەڵکی ئازار بدەیت، بەڵام دیارە دەسەڵاتدارانی کوردستان تەنها بیکەیسی‌و کڵاشنکۆف‌و چەکەکانی تر کەرەسەی بەرگریانە، هەر ئەوە ماوە دەبابە  بێنن بۆ بەرگری لە خۆیان!

واتە نابێت بە هیچ شیوەیک ڕێگە بدەین لیژنەی لێکۆڵینەوە دروست ببێت! ئەوە هەڵەیەو نا بەجێیە! ئەوە لە چوارچیوەی نایەکسانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاوە هاتۆتە دەرەوە! دەسەڵاتێک کە کۆمەڵایەتیەکی نا یەکسان تەسبیت دەکات‌و دەیەوێت بیکات بە وەعی گشتی… ئەوەی کە کەسێک کردوێتی، خەڵک کردویتی، هیچ ناگۆڕیت. تاوانێک کراوەو ئەبێت بە دوای ئەو تاوانەوە بین! داوای سەرەکیش ئەوەیە کە نابێت بارەگای چەکدار لە شارەکاندا هەبێت! بچین تەنها لەسەر ئەمە تەئکید بکەینەوە! فەرموون چی بارەگای چەکدار هەیە با بچێتە دەرەوە!

 

ڕادیۆ هاوپشتی: لە دەرەوە خەڵکی ئێمە نیگەرانە لەوەی کە لە کوردستان چی دەگوزەرێت. هەروەها زۆر کەسیش پێی وایە کە لەم دووریەوە هیچی پێ ناکریت. ڕووداوەکەی دوێنێ، کە مەکتەبی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کۆنتڕۆل کرا، بە جۆرێک کاردانەوەی دەبێت‌و دەسەڵات دەیەوێت ڕەتی بکاتەوە. چی پەیامێکت هەیە بۆ کوردانی دەرەوە، ئەتوانن فشارێک بن بۆ ناوەوەو پشتیوانیان بن؟

 

عوسمانی حاجی مارف: هەر ئەوەی کە ئەمڕۆ خەڵک داوای دەکات، پشتیوانی جددی لەوە بکەن، کۆبونەوە بکەن لە جێگە گشتیەکاندا، لە بەرامبەر بارەگاکانی دەسەلاتدارانی کوردستاندا، لە بەرامبەر یەکیتی‌و پارتی، تەئکید بکەنەوە لەوەی کە بارەگا چەکدارەکان دابخرێن‌و ئەو تاوانبارانەی تەقەیان کردوە، دەستگیر بکرێن‌و سزا بدرێن. ئەمە خواستێکی هەر ئێستای خەڵکییە. خەڵک کە هاتۆتە سەر جادە، ئەمەی بەرز کردۆتەوە. خەڵکی بەرگری لە خۆشگوزەرانی خۆی‌و ژیانی دەکات، بەرگری لە ئازادی دەکات…هتد.

بەلام ئێستا زمانی دەسەلات دەیەوێت لە هەموو شوێنێکدا ئەوە بلاوبکاتەوە کە لێکۆڵینەوە بکرێت، دەبێت خەڵک بە شوێن ئەو پرسیارەوە نەبیت کە کێ لە پشت ئەو کارەوە بووە. دەبێت خەڵکی بە دوای ئەوەوە بیت کە تاوانبارێکی ئاشکرا هەیە، خەریکە ئەوە دەشارنەوە. بۆیە خەڵکی لە ناوەو دەرەوە دەبیت داوا بکەن کە باس لەوە نەکرێت کە کێ لە پشتیەوە بووەو لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بەڵکو باس لە دەستگیر کردنی تاوانباران بکرێت. تاوانباری ڕۆشن هەیە، بۆ ده‌سه‌لات لەسەر ئه‌وه‌ قسە ناکات؟ له‌ باره‌گاوه‌ ته‌قه‌ کراوه‌و خه‌ڵکی کوشتوه‌، به‌ ڤیدێۆ ئه‌مه‌ تۆمار کراوه‌، بۆ ناچن ده‌سگیری بکه‌ن‌و دادگایی بکه‌ن؟ هه‌ر خودی دانانی باره‌گای چه‌کدار له‌ شاره‌کاندا تاوانه‌و ده‌بێت نه‌مێنیت! ئه‌مانه‌ تاوانێکی ئاشکرایه‌و له‌به‌ر چاوی هه‌موو که‌سێکدایه‌. ئه‌گه‌ر کوردستانێکی ئازادمان بوێت‌و ڕزگاری ببیت له‌ میلیشیا، ده‌بێت لێره‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین!

Entry filed under: عوسمان حاجی مارف. Tags: .

من وه ک ئێوه نیم،به ڵی بۆ یه کسانی چاوگێڕانێک به سه‌ر کاره‌ساته‌که‌ی گوردانی شوان‌دا،وتووێژێک له گه‌ڵ هاوڕێ حه‌بیبی گه‌وێڵی

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,996 hits

%d bloggers like this: