پەنابردن بۆ شکاندنى کەسایەتى ڕابەران وهەڵسوڕاوانى ئەنجومەنى کاتى سەراى ئازادى،گۆشەیەکى ترە لەهەوڵى زەبوونانەى دەسەلات بۆ سەرکوتى ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان !
2011/03/16 at 4:37 PM لێدوانێک بنووسە
خۆپیشاندانى شارەکانى خەڵکى کوردستان چوارهەمین هەفتەى خۆى تێدەپەڕێنێ. سیاسەتى حزبە دەسەلاتدارەکانى کوردستان لەبەرامبەر خەڵکى ناڕازى کوردستاندا، لەسەر بنەماى سەرکوت وخودزینەوە لەخواستەکانى خەڵک وهەوڵدان بۆ لکە دارکردنى خوپیشاندەران وبلاوکردنەوەى پڕوپاگەندەى پوچ دامەزراوە. بەلام لەدرێژەى ئەم سیاسەتە دژى شۆرشەى دەسەلاتداراندا، ئەم ڕۆژانە بەپێى نەخشەیەک هێرشێکى فراوانى ڕاگەیاندن لەڕۆژنامەو تەلەفزیۆنەکانى سەر بەیەکیتى وپارتیەوە، بۆ شکاندنى کەسایەتى وهەڵسوڕاوانى ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و ئەندامانى ئەنجومەنى سەراى ئازادى وەک ئەڵقەیەکى تر لەم سیاسەتە دەستى پێکردووە و بەتایبەتیش لەسەر کەسایەتى فاروق رەفیق و ناسک قادر تەوەرەى بەستووە.
ئامانجى ئەم هێرشە ناوەڕۆک پوچە لکەدارکردنى ناڕەزایەتى هەقخوازانەى جەماوەرى ناڕازى کوردستان وئاڵودەکردنى بیروهۆشى هاولاتیانى کوردستانە بۆدورکەوتنەوە لەخوپیشاندانەکان و سەرەنجام سازکردنى زەمینەیەک بۆسەرکوتى یەکجارى. بەلام ئەگەر دەسەلاتداران لەسەرەتاوە بۆپاساوى لەخوێن هەڵکێشانى خوپیشاندانەکان وتۆمەتبارکردنى خەڵکى ڕاپەڕیوى کوردستانیان بە”ئاژاوەگیر وئەنجام دانى توندوتیژى” ناوزەد کرد، ئەمڕۆ بەدەست بردن بۆ کەمپینى شەخسەیت شکاندن، دەیانەوێت هەیبەتى بزوتنەوەى شۆڕشگیرانەى جەماوەرى هەقخوازى کوردستان بشکێنن و بەهەڵبەستنى درۆ ودەلەسە وڕاگەیاندنى پروچوچ وهێنانى کەسانى بەکرێگیراوى خۆیان هەڵسوڕاوانى ناڕەزایەتیەکان لەبەرچاوى جەماوەر بخەن وگومانیان لەسەردروست بکەن، تا پەیوەست نەبن بەناڕەزایەتیەکاناوە. بەلام خەڵکى کوردستان زۆر لەوە هوشیارترە پڕوپاگەندەى ڕیسواى دەزگاکانى راِگەیاندنى هەردوو حزبى دەسەلاتدار چاو بەستیان بکات. بەتایبەتى کە میلیتاریزە کردنى شارى هەولێرو کەلار و پەلاماردانى خۆپیشاندانى شارۆچکەى سەید سادق ودانانى بەربەست لەبەردەم هاتوچووى هاولاتیان لەنێوان شارەکان وڕێگەنەدان بەیادکردنەوەى ڕۆژى هەڵەبجە.. بەسە بۆئەوەى هەقیقەتى ئەم دەسەلاتە وەک هەر دەسەلاتێکى دژى خەڵکى لەبەرچاوى جەماوەر نەناسێنآ. ئەوەشى کەئەمرۆ فاروق رەفیق و ناسک قادرى کردوتە نیشانەى هێرشێکى ڕاگەیاندن، جگەلە دژایەتى کردن وبەڕەوا نەناسینى خەبات و داخوازیەکانى خەڵکى کوردستان، شتێکى زیاتر نییە.
حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى کوردستان وێراى ڕاوەستانى خۆى لەپاڵ مینبەرى ئازادى سەراى سلێمانى وخەباتێک کەفاروق رەفیق و ناسک قادر و ئەنجومەنى کاتى بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنى خۆاستەکانى جەماوەر دەستیان داوەتى، هاوکات ئەم هێرشانەى دەزگاکانى ڕاگەیاندنى پارتى ویەکیتى، ڕیسوا و مەحکوم دەکات. حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى بانگەوازى ڕۆشنبیران ونوسەران وئازادى خوازانى کوردستان دەکات کەبەتەواوى توانایانەوە لەدژى ئەم هێرشە دەنگ هەڵبڕن.
بێگومان ڕاوەستانى گەرمى جەماوەرى لەپشت مینبەرى سەراى ئازادى و هەڵسوڕاوانى ئەنجومەنى کاتى و بەرینکردنەوەى خوپیشاندان و ناڕەزایەتە جەماوەریەکان، تەنها وەلامى ئێمە و خەڵکى کوردستانە بەم هەوڵە ڕیسوایەى دەسەلاتداران ودەزگاکانى ڕاگەیاندنیان..
حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى کوردستان
16ئازار 2011
Entry filed under: حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان.
Trackback this post | Subscribe to the comments via RSS Feed