په‌روه‌رده و بارهێنان:به‌شی ١

2011/03/18 at 5:49 PM Leave a comment

پێشه‌کی:له ساڵی ١٩٩٩ی زایینییه‌وه، له بووار و پله‌ی جۆراوجۆر، وه‌ک مامۆستا له وڵاتی سوێد کار ده‌که‌م. ماوه‌ی ٢ ساڵ وه‌ک یارمه‌تیده‌ری مامۆستای زانکۆ، ٦ ساڵ وه‌ک مامۆستای کامپێوتر و زمانی سوێدی بۆ گه‌وره‌ساڵان و ئێستاش ٤ ساڵه وه‌ک مامۆستای بیرکاری(ڕیاضی، ماتماتیک) بۆ لاوانی ١٢ تا ١٦. به‌هۆی ئه‌وه‌ی زانستی پیداگۆژی(په‌روه‌رده و بارهێنان) سه‌رنجی زۆری راکێشاوم ، به‌شێکی زۆر له ئه‌و کۆرس و خولانه‌ی که له‌م بواره‌دا له زانکۆکاندا هه‌ن خوێندومه‌و له گه‌لێک سیمینار و کۆنفه‌رانسی پسپۆران و شاره‌زایانی بوواری په‌رورده و بار‌هێنان به‌شداریم کردووه. تێده‌کۆشم، ئه‌گه‌ر وه‌خت هه‌بێت، ئه‌م ئه‌زموونانه و هه‌رواها، لایه‌نه باشه‌کانی سیسته‌می په‌رورده و بارهێنان له وڵاتی سوئد له زنجیره وتارێکدا بڵاو که‌مه‌وه.

خراپترین مامۆستای خوێندنگه

هه‌ندێک له زانایان و پسپۆرانی بوواری په‌رورده و بارهێنان، بڕوایان وایه که نه‌ک خوێندنگه، به‌ڵکوو مامۆستا ده‌ور و نه‌خشی سه‌ره‌کی هه‌یه له په‌روه‌رده و بارهێنانی منداڵاندا، واتا مامۆستا ڕۆلێکی زۆر تایبه‌تیی هه‌یه له‌م مه‌یدانه‌دا. په‌رورده‌ش وه‌ک هه‌موو زانستێکی دی، پێ‌به‌پێی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا، مرۆڤ و ده‌سکه‌وته‌کانی، به‌ره‌وپێش ده‌چێت و گه‌شه‌ ده‌کات. مامۆستا ده‌توانێت، به هاندان و پیاداهه‌ڵدان و ستاییش، خوێندکار زیاتر هانبدات بۆ خوێندن و دڵگرمی بکات و یان به‌پێچه‌وانه به سوکایه‌تیی پێکردن و شکاندنی که‌سایه‌تیی و ته‌حقیرکردن،  منداڵ و خوێندکار له خوێندن بتارێنێت و دڵساردی بکاته‌وه. هه‌ڵسووکه‌وتی غه‌ڵه‌ت و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کردنی هه‌ڵه و نابه‌جێ،  زۆر جار ده‌بووه هۆی ئه‌وه که منداڵان مه‌دره‌سه و خوێندنگه به‌جێ بهێڵن و هه‌ر له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه به‌ره‌و کرێکاری برۆن و یان ببنه به‌رده‌ستی میکانیک، جۆشکار، دارتاش و سه‌رتاش. ئه‌م قسه‌یه ڕاسته که ده‌ڵێت خوێندنگه داهاتووی خوێندکار شکل و فۆرم ده‌دات.

چاولێکه‌ری منداڵ و ئه‌وه‌ی منداڵی دیکه‌ی ده‌روبه‌ری کردی ئه‌ویش بیکات، شتێکی سروشتی و ئاساییه. کاتێک که برای گه‌وره‌که‌م (که نێزیک به ساڵ و نیوێک له من به‌ته‌منتر بوو) چووه مه‌دره‌سه و ده‌ستی به خوێندن کرد، کێچ که‌وته که‌وڵم و پێم له‌سه‌ر خوێندن داگرت. به هه‌ر جۆرێک بوو مرۆڤێکی باش له ئیداره‌ی سجیل، من و برا گه‌وره‌‌که‌م که ناوی خالیده، کرده مردوو و ئه‌مجا ناوی محه‌مه‌د و بۆکانی‌یان به ناوه کۆنه‌کانمانه‌وه نا، و من له ٥ ساڵه‌وه کرامه ٧ ساڵه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم بچمه مه‌دره‌سه. هێنده له خوێندنی ساڵ تێپه‌ر نه‌ببوو که منیش به هه‌زار ئاوات و ئاره‌زووه‌وه چوومه مه‌دره‌سه که ناوی مه‌دره‌سه‌ی حاجی بابا بوو که پیاوێکی باش و به‌نێوبانگ بوو له بۆکان. مه‌دره‌سه‌که دیمه‌نێکی کۆنی بوو له‌گه‌ل حه‌وشه‌یه‌کی گه‌وره که چه‌ند دارێکیشی تێدا بوو. مامۆستاکه‌مان ماڵی دوور نه‌بوو له خوێندنگه‌وه و هه‌موو ڕۆژێک ٢ خوێندکار ده‌بوایه بچنه ماڵی مامۆستا و کچه‌که‌ی، که هه‌ر ١ ساڵ ده‌بوو بمانهێنایه‌ته مه‌دره‌سه. مامۆستا له‌سه‌ر کۆشی داده‌نا و کایه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرد و هه‌ر کات وه‌ره‌زی ده‌شکا، ده‌ستووری ده‌دا و مه‌نداڵه‌که‌یمان ده‌برده‌وه ماڵی.

زۆر جار مامۆستا نه‌کبه‌ته‌که‌مان ده‌یگوت که نابێت ئاوڕ بده‌نه‌وه و له‌گه‌ڵ منداڵی پشت سه‌رتان قسه بکه‌ن. ڕۆژێک که ئه‌م ده‌ستوره‌ی مامۆستام له‌بیر کردبوو و له‌گه‌ل که‌سێک که له پشت منه‌وه دانیشتبوو  قسه‌م ده‌کرد، له ناکاودا ئاورێک له پشت گوێچکه‌م هه‌ستا. مامۆستای ورگ پڕله‌قین، ئاوری سێغاره‌که‌ی به نه‌رمه‌ی گوێچکه‌مه‌وه نا و منیش هه‌ر له‌وێرا یه‌کراست به‌گریانه‌وه هه‌لاتم به‌ره‌و ماڵه‌وه.  به‌وته‌ی باوک و برا و خوشکی گه‌وره، له ماڵه‌وه داوایه‌کی زۆریان لێکردبووم که بچمه‌وه مه‌دره‌سه به‌ڵام من ملم نه‌دابوو و وازم له چوونه‌وه بۆ مه‌دره‌سه هێنا. ئه‌وه له کاتێکدا بوو که من به مه‌یل و ئاره‌زوو و ره‌غبه‌تی زۆره‌وه ده‌ستم کردبوو به خوێندن، به‌ڵام مامۆستای نه‌زان ئه‌م ئاوات و ئاره‌زووه‌ی لێ کوێر کردمه‌وه. ئه‌و ساڵه به ته‌واوی وازم له خوێندن هێنا. ساڵی دوایه به هیوایه‌کی زۆره‌وه ده‌ستم کرده‌وه به خوێندن به‌ڵام له ئیقبالی خه‌راپی من، هه‌ر هه‌مان مامۆستای نه‌گبه‌ت هاته‌وه سه‌ر پۆله‌که‌و بوو به مامۆستای ئێمه. به‌هیچ جۆرێک خۆشم له چاره‌ی نه‌ده‌هات و به دیتنی ئه‌و، که جارێک گوێچکه‌ی سووتاندبووم، به‌ته‌واوه‌تی زه‌نده‌قم ده‌چوو و ترس و خۆف سه‌رتاپای له‌شی داده‌گرتم. خوێندن هیچ و تام و چێژێکی بۆ من نه‌بوو و هه‌ر جارێک چاوم به مامۆستا ده‌که‌وت ئه‌وه‌ندی دی له خوێندن بێزار ده‌بووم. له ئاکامدا، به دوای ماوه‌یه‌ک گێروکێشه‌له ناو ده‌رونی خۆمدا و له‌گه‌ڵ باب و برای گه‌وره، به نابه‌دڵی وازم له خوێندن و خوێندنگه هێنا و هێندێک دواییتر له مه‌دره‌سه‌ی ئیلخانی، که تازه دروست کرابوو و نێزیک ماڵی خۆمان بوو، سه‌ر له‌نوێی ده‌ستم کرده‌وه به خوێندن. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی مامۆستای پێشوو، ئه‌مجاره کاک عبدالله جلفا بوو به مامۆستامان که به‌ڕاستی بێ‌وێنه بوو. ته‌وای وجودی خۆشه‌ویستی و میحبه‌ت بوو له‌گه‌ل ئێمه، هیچکات قسه‌ی سووکی به ئێمه نه‌گوت. لێدان و کوتان له خوێندکار نه‌بوو. هه‌ر کات بیر له مامۆستای باش ده‌که‌مه‌وه کاک عبدالله جلفا م وه‌بیر ده‌که‌وێته‌وه.

کاتێک که خوێندکاری پۆلی ٦ی سه‌ره‌تایی بووم و ته‌مه‌نم ١٣ ساڵ بوو مامۆستایه‌کمان بوو که وه‌ک دێوه‌زمه وابوو و هیچ خوێندکارێک خۆشی نه‌ده‌ویست. 

ترساندن: ئه‌م مامۆستایه(بۆ پاراستنی که‌سایه‌تییه‌که‌ی ناوی ناهێنم)، کاتێک که ده‌هاته ژووره‌وه بۆ ناو پۆله‌که، دارێکی درێژ و ئه‌ستووری به‌ ده‌سته‌وه بوو. مه‌به‌ستیشی چاوترسێنکردنی ئێمه بوو. به‌م جۆره ترس و دڵه‌خورپێی ده‌خسته ناو خوێندکارانه‌وه که ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر دانه‌ به دانه‌ی ئێمه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بوو. ئێمه نه‌ده‌بووایه کارێکمان کردبا که مامۆستا عاجز بکه‌ین. له حالێکدا ئه‌گه‌ر منداڵ چاوترسێن بکرێت، به‌ری گه‌شه‌و به‌ره‌وپێشچوونی ده‌گیرێت و ئه‌و ترساندنه ده‌بێته له‌مپه‌رێکی گه‌وره. به‌شێکی به‌رچاوو له خوێندکاران، که ئه‌وکات له‌گه‌ڵ من ده‌یانخوێند،  ئیتر ببڕاوببڕ تخوونی ده‌رسخوێندن نه‌که‌وتن و خوێندنگه‌یان به‌جێ‌هێشت. هیچ گومان له‌وه‌دا نییه که ڕه‌فتاره‌‌کانی ئه‌م مامۆستایه هۆکارێکی گه‌وره بوو له‌م باره‌وه. هه‌ندێک که خوێندنه‌وه‌یان باش نه‌بوو  و یان نووسینیان خراپ بوو یان حه‌زیان له بیرکاری(ماتماتیک) نه‌ده‌کرد، ده‌که‌وتنه به‌ر هێرش و لێدان و شاڵاوی ئه‌م مامۆستایه. ئه‌و که‌سانه‌ی که نووسین و خوێندنه‌وه‌یان خراپه، ڕه‌نگه تووشی dyslexi (دیسلکسی) بن . ئه‌و که‌سه‌ی که دیسلکسی هه‌یه زۆری بۆ زه‌حمه‌ته که به ‌دروستی بنووسێت یان به‌په‌له نووسراوه بخوێنێته‌وه. ئه‌م دیارده‌یه، ئێستا له‌زۆربه‌ی زانستگا و شوێنی په‌ر‌وه‌رده و بارهێنان، ناسراوه و هه‌نگاوی گه‌وره بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه له‌گه‌ل دیسلکسی و یارمه‌تیدان به ئه‌و خوێندکارانه‌ی که تووشی ئه‌م گرفته‌ن هه‌ڵگیراوه هه‌ر له‌ئاستی پۆلی یه‌که‌مه‌وه تا خوێندکارانی زانستگا و زانکۆکان.

سوکایه‌تی پێکردن ) به زمانی سوێدی پێی ده‌لێن mobbning ) کاری ڕۆژانه‌ی مامۆستا بوو. قسه‌ خۆشه‌که‌ی به‌چکه‌کر، نه‌فام، بێشعور، ئه‌حمه‌ق بوو. ئه‌گه‌ر ده‌رسه‌که‌ت نه‌زانیبایه، زۆر به هاسانی تفی ده‌کرده ناوچاوی خوێندکارانه‌وه، یان به داران ده‌که‌وته گیانیان یان به مست له‌سه‌ری ده‌کوتان. نێونیتکه‌ی له هه‌موو که‌س نابوو، بۆ وێنه ئه‌مانه‌ی به منداڵان ده‌گوت: له‌نده‌هۆر، ئه‌بولهه‌ول، عمو ویتانا، دیهاتی، عاشق، گاوچه‌ران و لاتی چۆمی.

 که‌ش و هه‌وای خوێندن و پێوه‌ندیی به‌ینی مامۆستا و خوێندکار ده‌وری زۆر سه‌ره‌کی هه‌یه له فیربوون و په‌روه‌رده‌دا. بناغه و ئه‌ساسی فیربوون له پێوه‌ندیی و communication (کۆمونیکاسیون) دایه. هه‌ر چۆن منداڵ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دایکوباوک فێری زۆر شتی ژیان ده‌بێت، مامۆستاش ئه‌و ڕۆڵه‌ی هه‌یه. به‌ڵام مامۆستاکه‌ی ئێمه هیچ خۆشه‌ویستییه‌کی به‌رانبه‌ر به ئێمه‌ی خوێندکار نه‌بوو، که‌ش و هه‌وایه‌کی زۆر ناخۆشی به سه‌ر پۆله‌که‌دا زاڵ کردبوو. هیچ کات ئێمه بزه و پێکه‌نینمان له‌م مامۆستایه نه‌دیت. هه‌ر ده‌تکوت میرغه‌زه‌به.

 سووکایه‌تیکردن به منداڵانی خوێندکار تاوانێکی گه‌وره‌یه و نابێت ئه‌و ئیجازه‌یه به مامۆستا بدرێت که هه‌ستی ده‌رونی منداڵ پێشێل بکات. زۆر به‌داخه‌وه که دایکوباوکانی ئێمه ئه‌و کات، نه‌ته‌نیا بایه‌خییان به‌مه نه‌ده‌دا، به‌پێچوانه به مامۆستایانیان ده‌گوت گۆشته‌که‌ی بۆ تۆ و ئێسکه‌که‌ی بۆ من. ئه‌وه‌ش خۆی نیشانه‌ی دواکه‌وتوویی و ئاستی نزم و تێروانین به نیسبه‌ت په‌روه‌رده و بارهێنان و هه‌ستی ده‌رونی منداڵ بوو.

که‌سێک که بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ له به‌ندیخانه‌‌ی سیاسی و ئه‌تنیکی نازیه‌کانی ئالماندا ژیابوو ده‌ڵێت: ” ئه‌و منداڵه‌ی که عیشق و خۆشه‌ویستی پێ نه‌درێت، ناتوانێت عیشق و خۆشه‌ویستی به که‌سی دی بدات و ئه‌م خۆشه‌ویستییه نیشان بدات”.   ئه‌م مامۆستایه‌ی ئێمه هیچکات هه‌وڵی نه‌دا بچوکترین هێمایه‌ک له خۆشه‌ویستی به‌رانبه‌ر به ئێمه ده‌رببڕێت  و به‌قه‌ت نووکه ده‌رزییه‌ک خۆشه‌ویستی تیدا نه‌بوو. مامۆستایه‌ک که سه‌رتاپای وجودی قین و توره‌یی بوو به‌رانبه‌ر به‌ئێمه‌ی خوێندکار، مامۆستایه‌ک که ته‌واوی وجودی تانه و توانج و سووکایه‌تیی بوو به خوێندکاران، مامۆستایه‌ک که هیچ کات نه‌یتوانی پێوه‌ندییه‌کی ئاسایی له نێوان خۆی و خوێندکاراندا ساز بکات، ده‌ور و نه‌خشی زۆر خراپی له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌و خوێندکارانه دانا، به چه‌شنێک که به‌شێکی به‌رچاویان ده‌ستیان له خوێندن هه‌ڵگرت.

مامۆستایه‌ک که به‌خه‌م و به‌ده‌ربه‌سته  بۆ خوێندکارانی، تێده‌کۆشێت باشترین پێوه‌ندی و رابیته له‌گه‌ڵ خوێندکارانی سازکات. مامۆستایه‌کی باش هه‌وڵ ده‌دات داهاتوویه‌کی ڕۆشن و ئاواڵه له‌به‌رچاوی خوێندکار دابنێت، مامۆستایه‌کی باش به هاندان، ته‌شویقکردن و دڵگرمکردنی خوێندکارانی به شێوازێکی پۆزه‌تیڤ،  ده‌توانێت ده‌وری زۆری هه‌بێت بۆ نه‌خشدان به داهاتووی خوێندکاران. منداڵانی کورد پێویستیی زۆریان به مامۆستای له‌م چه‌شنه هه‌یه.

  هاشم ڕه‌زایی ١٢ /٣ /٢٠١١

Entry filed under: هاشم ڕه‌زایی. Tags: .

جووتێک سه‌رۆک!! لەدژى دەستگیرکردن ودیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانى کوردستانى ئێران دەنگى ناڕەزایەتى هەڵبڕن!

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,943 hits

%d bloggers like this: