هه‌ڵه‌بجه‌ئه‌و تراژیدیای كه‌هه‌رگیز له‌بیرناچێت

2011/03/18 at 6:00 PM Leave a comment

حه‌سه‌ن ره‌حمان په‌ناه: ٢٣ ساڵ له‌وه‌پێش، له‌كاتێكدا كه‌كۆمه‌ڵانی سته‌م لێكراوی خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕێی هاتنی گوڵ و سه‌وزه‌ڵانی و شنه‌ی بای به‌هاریان ده‌كرد، له‌كاتێكدا ده‌شتی جوان و سه‌رسه‌وزی شاره‌زوور به‌رگی ره‌نگاوره‌نگی له‌به‌ر كردبوو و ئامێزی پڕ له‌بۆن و به‌رامه‌ی بۆ نه‌ورۆز و ساڵی تازه‌كردبووه‌، له‌ئاوا رۆژێكدا، رق و قینی ئه‌ژدیهای حكومه‌تی به‌عس و دیكتاتۆره‌خوێن رێژه‌كه‌ی بۆ له‌ناوبردنی به‌هار و گوڵ، شادی و خۆشی، مرۆڤ و په‌له‌وه‌ر، ئاسمانی شینی هه‌ڵه‌بجه‌ی بۆ هه‌میشه‌ژاراوی كرد و گوڵاڵه‌سووره‌كانی ده‌شتی شاره‌زووری ژاكاند و باڵنده‌كانی له‌خوێندن لاڵ كرد و گریانی منداڵی ساوای بۆ هه‌میشه‌له‌گه‌رویدا به‌ند كرد.

به‌ڵێ! له‌ئاوا رۆژێكدا بوو كه‌دوو حكومه‌تی به‌عس عيراق وكؤمارى ئیسلامی ئيران له‌درێژه‌ی شه‌ڕی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی خۆیاندا هه‌ڵه‌بجه‌یان كرد به‌گۆڕه‌پانی ئه‌و شه‌ڕه و زیاتر له‌٥ هه‌زار ژن و پیاو و پیر و لاوی ئه‌م ناوچه‌یه‌یان قه‌تڵ و عام به‌هه‌زاران كه‌سی دیكه‌شیان بریندار كرد و به‌و چه‌شنه‌یه‌كێك له‌دزێوترین و ره‌شترین لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی پڕ له‌سه‌ركوت و جه‌نایه‌تی خۆیان تۆمار كرد. كێ بێ وێنه‌ی عومه‌ر خاوه‌ر له‌بیر بكات كه‌بۆ پاراستنی كۆرپه‌كه‌ی، خۆی به‌سه‌ریدا داوه‌؟ كێ بێ وێنه‌ی ئه‌و منداڵه‌ی له‌پێش چاو نه‌بێت كه‌له‌كاتی كایه‌و گه‌مه‌به‌چركه‌یه‌ك كۆتایی به‌دنیای منداڵیی دێت و سه‌راپای ته‌رمی بێ گیانی پرسیاری بۆچی، بۆچی، بۆچی، لێ ده‌بارێ، له‌پێش چاو ون بێت؟

دۆا رۆژه‌كانی مانگی ره‌شه‌مه‌و نزیك بوونه‌وی به‌هاری ٨٨ بوو. شه‌ڕی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ئێران و عێراق ٨ ساڵی ره‌به‌ق درێژه‌ی كێشابوو. به‌سه‌دان هه‌زار مرۆڤ له‌م شه‌ڕه‌بێ ئاكام و كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌دا كوژراو بریندار و ملیۆنها كه‌س ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر بوون. ده‌سه‌ڵاتدارانی شه‌ڕخواز له‌به‌غدا و تاران خوێن تێری نه‌كردبوون. ئه‌ژدیهای شه‌ڕ هه‌روا له‌به‌ره‌كانی كاولكاری و ماڵوێرانیدا جه‌سته‌ی ئینسانه‌كانی هه‌ڵده‌لووشی. ناڕه‌زایه‌تی ده‌رهه‌ق به‌و شه‌ڕه‌له‌ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌كی رۆژ به‌رۆژ په‌ره‌ی ده‌ستاندن. هه‌وڵه‌كان له‌ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و دیپلۆماتیكدا بۆ كۆتایی شه‌ڕ چڕتر ببونه‌وه‌. ماندوویه‌تی به‌جه‌سته‌ی زامداری سه‌ربازانی شه‌كه‌ت له‌شه‌ڕ له‌هه‌ردوو لا رۆژ به‌رۆژ زیاتر په‌ره‌ی ده‌ستاند. ناسیۆناڵیزمی ره‌گه‌ز په‌ره‌ستی عه‌ره‌ب و فارس به‌پاڵپشتی ئایینی سوننه‌و شیعه‌شاخیان له‌شاخی یه‌ك ئاڵاندبوو و شكست و سه‌ر كه‌وتنی هه‌ركامه‌یان له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕ، ئه‌وی دیكه‌ی هار و دڕنده‌تر ده‌كرد و تاوان و جه‌نایه‌تی گه‌وره‌تریان ئه‌نجام ده‌دا. هه‌ر چه‌ند به‌كرده‌وه‌له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدا بۆن به‌ست دروست ببوو، به‌ڵام تاوانبارانی شه‌ڕ حازر به‌كۆتایی هێنان به‌كوشتاری ئینسانه‌كان نه‌بوون. نه‌خومه‌ینی و دار و ده‌سته‌كه‌ی توانی به‌وته‌ی خۆیان “رێگای قودس له‌كه‌ربه‌لاوه‌ببڕن” و نه‌دیكتاتۆره‌كه‌ی به‌غدایش ده‌یتوانی، سه‌ركه‌وتنی “عه‌ره‌ب به‌سه‌ر فارسدا” جێژن بگرێت.

هێزه‌ئه‌مپریالیسته‌كان كه‌به‌كرده‌وه‌و بۆ فرۆشتنی چه‌ك و چۆل و به‌ره‌و پێش بردنی هێژمۆنی پاوانخوازانه‌ی خۆیان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا، ئاگری ئه‌و شه‌ڕه‌یان خۆش ده‌كرد، ئه‌وانیش به‌كرده‌وه‌تووشی نائومێدی و بێ هیوایی هاتبوون. “پان ئیسلامیزم”ی خومه‌ینییان كۆنتڕۆڵ و له‌”پان عه‌ره‌بیزم”ی سه‌دام ده‌ترساند. هه‌ست به‌كۆتایی شه‌ڕ ده‌كرا، به‌ڵام هه‌ر دوو هه‌وڵیان ده‌دا كه‌له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدا سه‌ركه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ست بێنن تا له‌سه‌ر مێزی وتووێژ ئیمتیازی زۆرتر وه‌ر بگرن. سه‌ركه‌وتن به‌بێ كوشتار و خوێن رێژی زۆرتر به‌ده‌ست نه‌ده‌هات.

كۆماری ئیسلامی كه‌هه‌ر له‌رۆژه‌كانی پاش هاتنه‌سه‌ر كاری، له‌خه‌ڵكی كوردستان تووڕه‌و دل پڕ له‌قین بوو، زۆری پێ خۆش بوو كه‌ئاگری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێراق له‌به‌ره‌كانی كوردستان گه‌رم راگرێت، به‌ڵام به‌هۆی خه‌بات و مه‌قاومه‌تی جه‌ماوه‌ر و هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌زۆرجار ناكام مابوه‌وه‌. حیزبی به‌عس و دیكتاتۆره‌جه‌لاده‌كه‌یشی كه‌دژایه‌تی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی سته‌م لێكراوی كوردستان به‌شێك له‌ناسنامه‌یان بوو و تا پێش كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌‌به‌ده‌یان تاوان و كاره‌ساتی دیكه‌ی دژی مرۆڤایه‌تیان به‌رانبه‌ر به‌م خه‌ڵكه‌ئه‌نجامدا بوو، له‌وانه‌به‌ده‌یان نموونه‌قه‌تڵی عامی شار و گونده‌كانی كوردستان، ئیعدام و تیرۆری رۆژانه‌له‌شار و شارۆچكه‌كان، به‌كرده‌وه‌ده‌رهێنانی قه‌رارداده‌شووم و به‌د ناوه‌كه‌ی ئه‌لجه‌زایر كه‌له‌به‌ینی شای ئێران و سه‌دام حوسێن دا مۆر كرابوو، وێران كردنی چوار هه‌زار گوند و شارۆچكه‌و خۆئاماده‌كردن بۆ پڕۆژه‌ی به‌رنامه‌بۆ داڕێژراوه‌كه‌ی ئه‌نفال كه‌زیاتر له‌180 هه‌زار ئینسانی بێ تاوانیان تێدا بێ سه‌ر و شوێن كرد، نموونه‌گه‌لێك له‌هه‌وڵی سازمان دراو و به‌رنامه‌بۆ داڕێژراوی ده‌وڵه‌تی به‌عس بۆ ژینۆسایدی خه‌ڵكی كوردستان، له‌م وڵاته‌بوو. هه‌ڵه‌بجه‌‌یه‌كه‌م تاوان و كۆتایی باقی تاوانه‌كانی حیزبی به‌عس و ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌رحه‌ق به‌خه‌ڵكی كوردستان نه‌بوو، به‌ڵكوو ئاڵقه‌یه‌ك له‌و زنجیره‌تاوانانه‌بوو كه‌5 هه‌زار ئینسانی بێ تاوانی له‌چه‌ند چركه‌ساتدا تێدا ژه‌هر خوارد و به‌هه‌زارانی دیكه‌یش تێدا زامداری چاره‌هه‌ڵنه‌گر كرد.

په‌لاماری ئه‌رته‌ش و سپاى پاسدارانی ئێران  به هاوکاری “هێزه کانی به ره ی کوردستانی عیراق” بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌‌و شاره‌زوور به‌هێزی زۆر و زه‌به‌ند و شكستی ئه‌رته‌شی عێراق له‌به‌رانبه‌ر وه‌ها په‌لامارێكدا و داگیر كردنی هه‌ڵه‌بجه‌‌و ده‌ور و به‌ری له‌لایه‌ن ئێران، بیانووی دایه‌ده‌ست سه‌رانی تاوانباری حیزب و ده‌وڵه‌تی به‌عس تا له‌وپه‌ڕی دڵڕه‌قیدا تۆڵه‌ی شكست و ناكامی خۆیان له‌خه‌ڵكی ئازار چێشتووی هه‌ڵه‌بجه‌‌بكه‌نه‌وه‌. رۆژی ١٦ی مانگی مارسی ١٩٨٨ فڕۆكه‌‌شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌رته‌شی عێراق بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی ژه‌هراوییان له‌فڕۆكه‌‌خانه‌ی كه‌ركوك و شوێنه‌كانی دیكه‌هه‌ڵگرت و به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌‌فڕین. فڕۆكه‌كانی مه‌رگ له‌ده‌شتی سه‌رسه‌وزی شاره‌زوور نزیك بوونه‌وه‌و شاری هه‌ڵه‌بجه‌‌و ده‌ور و به‌ریان به‌ئاگر و بۆمب و ژه‌هر داپڵۆسی. له‌چه‌ند چركه‌ساتدا شارێك خاپوور بوو. ٥ هه‌زار ئینسانی بێ تاوان به‌تاك و به‌كۆمه‌ڵ بوون به‌قوربانی دوو تاقمی نه‌خۆشی رۆحی و سادیسم و جنوونی ده‌سه‌ڵات له‌تاران و به‌غدا. هه‌زاران جه‌نازه‌كه‌وت به‌سه‌ر یه‌كدا و ویژدانی ده‌سه‌ڵاتدارانی زاڵ به‌سه‌ر دنیادا به‌وپه‌ری بێ ته‌فاوه‌تی و بێ ئه‌خلاقییه‌وه‌چاویان له‌م تراژدیا ئینسانییه‌نوقاند.

به‌م شێوه‌یه‌ئه‌ژدیهای خوێنمژی به‌عس به‌بۆمباران كردن و رژاندنی ژه‌هری ئینسان كوژ، هه‌زاران ئینسانی سته‌ملێكراوی له‌ژیان بێ به‌هره‌كرد و مۆری جینایه‌ت و دڕه‌ندیی به‌له‌ش و جه‌سته‌ی هه‌زاران ئینسانی ئازار چێشتووی دیكه‌وه‌به‌جێ هێشت. هه‌زاران دایك و باوكیان جه‌رگ سوتاو كرد و گه‌رمی خۆشه‌ویستی و ئه‌وینداری ئه‌وانیان له‌هه‌زاران منداڵ زه‌وت كرد.

به‌ڵام ئه‌وانه‌كێ بوون كه‌ئه‌م ئینسان كوژانه‌یان به‌چه‌كی كۆمه‌ڵ كوژ ته‌یار كرد، هانیان دان و تاوانه‌كانیان شاردنه‌وه‌و وشه‌یه‌كیشیان له‌م باره‌یه‌وه‌نه‌ده‌دركاند؟ كێ بوون ئه‌وانه‌ی كه‌له‌م رۆژانه‌دا دێموكراسییه‌درۆیینه‌كه‌یان ره‌نگی نه‌مابوو و دا‌موده‌زگای ته‌بلیغاتی و هه‌واڵنێرییه‌كانیان له‌ئاست ئه‌م تاوانه‌گه‌وره‌كپ و بێده‌نگ بوون؟ دۆناڵد رامسفێڵد وه‌زیری به‌رگری پێشووی ئه‌مریكا، كه‌له‌شه‌ڕی داگیر كردنی عێراقدا زؤرى‌پێی خۆش بوو وه‌ك نه‌جاتده‌ری عێراق له‌چنگ سه‌دام بناسرێت و له‌كاتی رووداوی هه‌ڵه‌بجه‌‌، وه‌ك نوێنه‌ری شه‌ریكه‌نه‌وتییه‌كانی ئه‌مریكا له‌به‌غدا بۆ به‌ستنی قه‌راردادی نه‌وتی هه‌رزان هاتبوو، بۆنی نه‌وت وه‌ها سه‌رمه‌ستی كردبوو كه‌بۆنی خوێنی ٥ هه‌زار مرۆڤی بێ تاوانی هه‌له‌بجه‌و گازی ژه‌هراوی رژاو به‌سه‌ر ناوچه‌ی شاره‌زوریدا هه‌ست پێ نه‌كرد و له‌گه‌ڵ باقی ده‌سه‌ڵاتدارانی دیكه‌بێدنگیان راگه‌یاند. وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا و سۆڤیه‌تی ئه‌وكات به‌پڕ چه‌ك كردنی سه‌دام حسێن و خومه‌ینی، به‌كرده‌وه‌بوون به‌هۆكاری درێژه‌ی شه‌ڕی ئێران و عێراق و تاوانباری كوشتن و بریندار بوونی ملیۆنێك ئینسان له‌و شه‌ڕه‌و به‌تایبه‌ت 5 هه‌زار قوربانی هه‌ڵه‌بجه‌‌. ئه‌مڕۆ ئیتر هه‌ڵه‌بجه‌شارێكی بێ ناونیشان نییه‌، به‌ڵكوو ناوێكی ناسراوه‌كه‌به‌داخه‌وه‌به‌هۆی ٥ هه‌زار قۆربانیه‌كه‌یه‌وه‌ده‌ناسرێته‌وه‌.

بۆمبارانی شیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌‌، ئه‌مڕۆ ناوی ئه‌و شاره‌ی له‌گه‌ڵ ناوی شاره‌كانی ناكازاكی و هیرۆشیما كه‌به‌بۆمبی ئه‌تۆمی ئه‌مریكا له‌پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی خاپوور كران، برده‌نێو مێژووی تاوان و جینایه‌ته‌كانی سیسته‌می دژی به‌شه‌ری سه‌رمایه‌داری.

ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدا پاش ٢٣ ساڵ یادی كاره‌ساتی دڵته‌زێنی هه‌ڵه‌بجه‌‌رێز لێده‌گرین و سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ ئه‌و ٥ هه‌زار مرۆڤه‌بێ تاوان داده‌نه‌وێنین، كه‌ته‌بلیغاتێكی درۆیینه‌و بێ شه‌رمانه‌له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه‌وه‌ك نه‌جات ده‌ری خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌‌له‌كاتی بۆمبارانی شیمایی ئه‌م ناوچه‌یه‌له‌و رۆژه‌وه‌تا ئێستا به‌به‌رده‌وامی ده‌رخواردی جه‌ماوه‌ر دراوه‌و ده‌درێت. حه‌ق وایه‌هه‌موو ئینسانێكی ئازادیخواز و بێزار له‌سته‌م و كوشتار ئه‌و راستییه‌بزانێت كه‌كۆماری ئیسلامی ئێران نه‌ك نه‌جاتده‌ری خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی هه‌ڵه‌بجه‌‌نه‌بوون، به‌ڵكوو یه‌كێك له‌تاوانبارانی سه‌ره‌كی ئه‌و تراژدییه‌ئینسانییه‌بوو كه‌له‌و ناوچه‌یه‌روویدا. ده‌ستی كۆماری ئیسلامیش وه‌ك ده‌ستی كاربه‌ده‌ستان و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌ت و حیزبی فاشیستی به‌عس به‌خوێنی ئه‌و منداڵه‌سووره‌كه‌ده‌یویست بژی و نه‌مرێ، به‌خوێنی ئه‌و باوكه‌سووره‌كه‌هه‌وڵی دا به‌جه‌سته‌ی خۆی كۆرپه‌ساواكه‌ی له‌ئامێز بگرێ و بیپارێزێ، به‌خوێنی ئه‌و لاوه‌سووره‌كه‌پێش له‌مردنی گوێی له‌ئاخرین ترپه‌ی دڵی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بوو، به‌خوێنی ئه‌و دایكه‌سووره‌كه‌رێگای نه‌جاتی كۆرپه‌كه‌ی له‌گازی ژه‌هراوی به‌پێدانی شیری مه‌مكه‌كانی ده‌زانی و له‌یه‌ك وشه‌دا، ده‌ستی ئه‌م تاوانبارانه‌به‌خوێنی هه‌زاران كه‌س له‌خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی ئێران و ناوچه‌كه‌سووره‌.

كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌‌له‌هه‌مان كاتدا بۆ كۆمه‌ڵه‌(رێكخراوی كوردستنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)یش رووداوێكی دڵته‌زێن  و گورچكبڕ بوو. له‌و رووداوه‌دا ٧٢ كادر و پێشمه‌رگه‌و تێكۆشه‌ری ماندوویی نه‌ناسی ناو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌گوردانی شوان، كه‌وتنه‌ناو مه‌یدانی شه‌ڕ و خوێنیان تێكه‌ڵ به‌خوێنی ٥ هه‌زار مرۆڤی بێ تاوانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌‌و ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور بوو. لێره‌دا پێویسته‌ئه‌م راستییه‌دووپات كه‌ینه‌وه‌كه‌به‌درێژایی شه‌ڕی ئێران و عێراق هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌هه‌وڵی ده‌دا كه‌خۆی له‌به‌ره‌كانی ئه‌م شه‌ڕه‌كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌یه‌بپارێزێ. هه‌وڵی ده‌دا سه‌ر به‌خۆیی خۆی له‌م كێشه‌یه‌دا رابگرێ و نه‌هێڵێ به‌هیچ له‌ونێك و هیچ لایه‌نێك كه‌ڵك له‌چالاكی و له‌هه‌ڵسووڕانی له‌ماوه‌ی ٨ ساڵ شه‌ڕی ئێران و عێراقدا وه‌ربگرێت.

به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه‌كۆمه‌ڵه‌هاوبه‌شی ژیان و هاوبه‌شی خه‌بات و تێكۆشانی خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی كوردستانی عێراق بووه‌و له‌ره‌نج و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌رییه‌كانیاندا شه‌ریك بوو و هه‌وڵی ده‌دا چی له‌توانایدا هه‌یه‌له‌ئازاره‌كانیان كه‌م بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌میشه‌به‌قیمه‌تێكی گرانیش بۆی ته‌واو ده‌بوو. به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌له‌په‌یڕه‌و كردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی خۆیدا هه‌رگیز كوڵی نه‌ده‌دا و سه‌ربه‌رزی پاراستنی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی له‌دوو به‌شی كوردستان له‌مێژووی خۆیدا تۆمار كرد. یه‌كه‌م شه‌هیدی كۆمه‌ڵه‌كاك خانه‌ی موعینی له‌٣١ی جۆزه‌ردانی ٧٩ی زایینی له‌ناو ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی له‌نزیك ماوه‌ت شه هيد بوو ، تۆپبارانی باره‌گاكانی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌له نزیك ئاوایی مالومه‌و گیان له‌ده‌ست دانی چه‌ند كادێر و پێشمه‌رگه‌، بوردومانی شیمیایی مه‌قه‌ڕه‌كانی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌له‌دۆلی بۆتی و گیان به‌خت كردنی ٢٤ كادێر و پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به‌تاوانی هاوكاری پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی كوردستانی عێراق له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی به‌عسه‌وه‌و هه‌روه‌ها گیانبه‌خت كردنی ٧٢ قاره‌مانی گوردانی شوان له‌نزیك هه‌له‌بجه‌و چۆمی سیروان، ئه‌دای سه‌هم و به‌شداری كۆمه‌ڵه‌له‌شۆڕشی خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی كوردستانی عێراقه‌.

ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدا یادی قوربانیانی كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌‌و گوردانی شوانى كۆمه‌له، رێز لێده‌گرین، كه‌ده‌وڵه‌تی زاڵم و فاشیستی به‌عس له‌ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌هێشتا ویست و ئاواته‌كانی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌‌یش به‌دی نه‌هاتوون. ئه‌مرۆ به‌شێک له‌و خه‌ڵکه پاش ٢٣ ساڵ له کاره‌ساتی هه‌له‌بجه بۆ ویست و داخوازه‌کانیان که هێشتا به‌دینه هاتووه رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌کان، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆر بێرحمانه و بێبه زه‌ییانه سه‌رکوت ده‌کرێن و وڵامی مافه‌ره‌واكانیان نادرێته‌وه‌. 

هه‌روه‌ها له‌كاتێكدا یادی هه‌ڵه‌بجه‌‌رێز لێده‌گرین که باهۆزێکی به‌تین هه‌موو ناوچه‌که‌ی گرتوه‌ته‌وه. ژماره‌یه‌ک له دیکتاتۆره‌کان وه‌ک “بن عه لی” له تونس و “حوسنی موباره‌ک” له میسر، کۆشک و ته‌لاریان جێهێشتووه و له ده‌سه‌ڵات رایانکردووه. ژماره‌یه‌کی دیکه‌وه‌ک “قه‌زافی و عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح” و “شای به‌حرین” ، ترسی مه‌رگ، خه‌ونی خۆشی له چاویان زڕاندووه. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که به بێ ده‌سه‌ڵات باس ده‌کران و ئه‌مریکایان وه‌ک نه‌جاتده‌ر بۆ پێناسه ده‌کردن و له جۆش و خرۆشی هه‌ڵقولیوی ناخی خۆیان ده‌یانترساندن، ئه‌مرۆ رێگانیشانده‌ر و ره‌چه‌شکێنی سه‌راوژێرکردنی دیکتاتۆره‌کان و داهێنانی نه‌زم و نه‌ریتی نۆی خه‌بات و ئیداری کۆمه‌لگان.

له‌كاره‌ساتی دڵته‌زێنی هه‌له‌بجه‌دا كۆماری تاوان و جینایه‌تی ئیسلامی به‌ئه‌ندازه‌ی رژیمی فاشیستی رووخاوی عێراق تاوانباره‌. ئه‌م رژیمه‌كۆنه‌په‌ره‌سته وه‌ك لایه‌نێكی ئه‌و تاوانه‌، هێشتا له‌ده‌سه‌ڵات دایه‌و ئێران هه‌روا قه‌تڵگه‌ی رۆژانه‌ی مرۆڤه‌كانه‌. به‌ڵام كۆمه‌ڵگای ئێران ئه‌مرۆ له‌هه‌موو كات زیاتر له‌ناخه‌وه‌ده‌كۆڵێت و خۆرێكخستن بۆ خه‌باتی لێبڕاوانه‌دژ به‌كۆماری ئیسلامی له‌لایه‌ن كرێكاران، ژنان، روناكبیران، بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان و سه‌رجه‌م جه‌ماوری وه‌گیان هاتوو، به‌به‌رینی ئێران له‌ئارادایه و كۆشك و ته‌لاری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئایینی له‌م وڵاته‌وه‌له‌رزه‌خستووه‌. هیوادارین سه‌ره‌تاكانی ساڵی تازه‌ی هه‌تاوی و له‌كاتی یاد كردنه‌وه‌له‌قوربانیانی بێ تاوانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌و گیان به‌ختكردووانی هه‌میشه‌سه‌ربه‌رزی گوردانی شوانی كۆمه‌ڵه‌، مژده‌ی نه‌مانی ئه‌م رژیمه‌دیكتاتوره‌ش له‌ئاكامی خه‌باتی لێبڕاوانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و ئێراندا جه‌ژن بگرین‌. بێگومان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی بێ كۆماری ئیسلامی ناوچه‌یه‌كی زۆر ئارام تر و بێ كێشه‌تر بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كان ده‌بێت.

١٦ی مارسی ٢٠١١

 

 

 

 

Entry filed under: حه‌سه‌ن ره‌حمان په‌نا. Tags: .

لەدژى دەستگیرکردن ودیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانى کوردستانى ئێران دەنگى ناڕەزایەتى هەڵبڕن! رێگرییه‌کانی پارتی هێڵی ئاسمانیشی گرتوه‌ته‌وه‌..

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,030 hits

%d bloggers like this: