رۆژنامه‌نووسێك ســـێ بـــه‌ڵـــگه‌نـــامه‌ له‌سه‌ر بارزانی بڵاو ده‌كاته‌وه‌

2011/03/21 at 9:23 PM Leave a comment

ئـــاشكـــرا كـــردنی 3 بـــه‌ڵـــگه‌نـــامه‌ لـــه‌سه‌ر مه‌سعود بارزانی

kna:رۆژنامه‌نووسێك سێ به‌ڵگه‌نامه‌ له‌سه‌ر مه‌سعود بارزانی بڵاوده‌كاته‌وه‌و خوازیاره‌‌ هه‌وڵی به‌دادگایی گه‌یاندنی ناوبراوی له‌سه‌ر ئه‌نجام بدرێ.سۆران عومه‌ری رۆژنامه‌نووس سێ به‌ڵگه‌نامه‌ی جیای له‌سه‌ر مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ رای گشتی، بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ خۆی له‌مه‌ی ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌:
ئاشكرا كردنی 3 به‌ڵگه‌نامه‌ له‌سه‌ر مه‌سعود بارزانی

سۆران عومه‌ر
– مه‌سعود بارزانی: سه‌دام حسێن زه‌مانه‌تی كورده‌.
– نامه‌یه‌كی بارزانی بۆ سه‌دام له‌ 22ی ئاب.
– به‌ڵگه‌نامه‌ی دادگایی كردنی بارزانی له‌سه‌ر كوشتنی 100 هاوڵاتی كوردستان.

مه‌سعود بارزانی له‌ دوو پۆستدا 40 ساڵه‌ سه‌رۆكه‌
مه‌سعود بارزانی 33 ساڵه‌ سه‌رۆكی پارتیه‌و ناوبراو له‌ 14ی یۆنیۆی 2005 كراوه‌ته‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و له‌ 25/7/2009 جارێكی تر به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرا.
واته‌ 7 ساڵه‌ بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌، باوكی پێش ئه‌و 33 ساڵ سه‌رۆكی هه‌مان حزب بووه‌.
مه‌سعود بارزانی 16/8/1946 له‌شاری مهابادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایك بووه‌، له‌ساڵی 1975 و دوای ڕێكه‌وتنی جه‌زائیرو نسكۆ له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانی باوكی ده‌چێته‌ ئه‌مریكا، پاش كۆچی دوایی باوكی له‌كۆنگره‌ی “9” ی پارتی دیموكرات دا له‌ساڵی 1979 ده‌بێته‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سێ برای به‌ده‌ستی به‌عس له‌ناوچووه‌ “17” جار گوند و ناوچه‌كه‌یان له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ سوتێنراوه‌و 8 هه‌زار بارزانی به‌ده‌ستی ئه‌و ڕژێمه‌ بێسه‌رو شوێن كراوه‌!!
به‌ڵام مه‌سعود بارزانی له‌پاش ساڵێك له‌ ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كورد ده‌چێته‌ به‌غداو له‌دیدارێكی گۆڤاری ئه‌لف بادا ده‌ڵێ سه‌دام زه‌مانه‌تی كورده‌!!
هه‌ر بارزانی بوو به‌عسی هێنایه‌وه‌ سه‌ر شاری هه‌ولێرو ئێسته‌ فه‌رهاد پیرباڵ به‌شانازییه‌وه‌ مێژووی شاری هه‌ولێر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ 31ی ئابی 1996 .
جگه‌ له‌وه‌ بارزانی له‌دۆسیه‌ی قه‌تڵ و عامی سورچییه‌كاندا وه‌ك تاوانبار ته‌ماشا ده‌كرێ كه‌تێیدا نزیكه‌ی 100 هاوڵاتی كوژران.

بارزانی سوتانی جامانه‌ی سوری به‌لاوه‌ گرنگتره‌ له‌ڕشتنی خوێنی گه‌نجان
مه‌سعود بارزانی له‌دواین وتاریدا كه‌له‌ 20/3/2011 پێشكه‌شی كرد به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی خوێنی ڕژاوی 8 شه‌هید و 200 برینداری 17ی شوباتی نه‌كرد!! ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه‌ گرنگ بوو هه‌واڵی سوتانی جامانه‌ی سور بوو له‌شاری سلێمانی، وا ده‌زانرا پارتی دیموكرات شوشه‌ی لقی چواری به‌لاوه‌ گرنگتر بووه‌ له‌ ڕشتنی خوێنی گه‌نجان!! به‌ڵام بارزانی كه‌ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم قسه‌ی كرد نیگه‌رانی خۆی له‌وه‌ ده‌ربڕی كه‌بیستویه‌تی له‌ ساڵی 2011 جه‌مه‌دانه‌ی سور له‌سلێمانی سوتێنراوه‌! له‌كاتێكدا جه‌مه‌دانه‌ی سور له‌ده‌ستورو یاسای ئه‌م وڵاته‌دا هیچ بونێكی نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی په‌ڕۆیه‌كه‌و ده‌به‌سرێ به‌سه‌ره‌وه‌ هیچ مانایه‌كی تری نییه‌! به‌ڵام ئه‌وه‌ی مانای هه‌یه‌ مافی خۆپیشانده‌رو مافی مرۆڤه‌ له‌یاساكانی هه‌رێم و سه‌رجه‌م یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ هه‌مووان قه‌ده‌غه‌ی ڕشتنی خوێنی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ بكوژانی هاوڵاتی مه‌ده‌نی ڕوبه‌ڕوی توندترین سزا ده‌كه‌نه‌وه‌! به‌ڵام له‌ 17ی شوبات خوێنی 8 گه‌نج ڕژێنرا و 200ی تر بریندار كرا، بارزانی ئاماده‌ نه‌بوو له‌م وتاره‌یدا وشه‌یه‌كی له‌سه‌ر بڵێ، بۆیه‌ من ده‌ڵێم لام سه‌یر نییه‌ مه‌سعود بارزانی خوێنی به‌لاوه‌ هه‌رزانتر بێت به‌ جه‌مه‌دانه‌ی سور! چونكه‌ خوێنڕشتنه‌كانی پێشووی مێژووی بارزانی و حزبه‌كه‌ی شاهیدی ئه‌وه‌ن، به‌تایبه‌ت دۆسێی قه‌تڵ و عامی سورچییه‌كان كه‌ ئێسته‌ دۆسێیه‌كه‌ له‌ به‌رتانیاو ژنێڤ و تێیدا داوای دادگایی بارزانی ده‌كرێ!!
به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌یره‌ كه‌ حزبه‌كه‌ی بارزانی له‌ ساڵی 2011 دا له‌به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك بۆ داوای مافی خۆی چه‌كی قورس به‌كاردێنن!

بارزانی پاش 50 هه‌زار ئیمزا بۆ وازهێنانی، موزایه‌ده‌یه‌كی نوێ ده‌كات!
هه‌ر له‌و وتاره‌یدا بارزانی ده‌ڵێ به‌و جۆره‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی قبوڵ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی كورد كوژی نه‌هێڵێ!! ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ 17ی شوباتی 2011 ه‌وه‌ 8 كه‌س به‌ده‌ستی كوردو 4 كه‌سیان به‌ده‌ستی ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی ئه‌و شه‌هید كراون له‌خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی و چه‌مچه‌ماڵ و كه‌لار.
جارێكی تر بارزانی وتیه‌ووه‌ هه‌ركات ئێوه‌ هه‌ست بكه‌ن بونی من له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ڕێگره‌ له‌به‌ره‌و پێش چوونی هه‌رێمی كوردستان من بۆ خۆم خواحافیزی ده‌كه‌م و جێی دێڵم، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری زیاتر له‌ 50 هه‌زار ئیمزا به‌ ناوو پیشه‌وه‌ له‌فۆڕمی تایبه‌تدا كۆكراوه‌ته‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كراوه‌ به‌ناوی كه‌مپینی “سه‌رۆك تۆم قبوڵ نییه‌” ئه‌م هه‌وڵه‌ش له‌سه‌ر به‌ڵێنێكی خۆی ئه‌نجامدرا كه‌له‌وڵاتی ئیتاڵیا بڵاویكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر 50 هه‌زار كه‌س منیان نه‌وێت ئه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم وازدێنم، من چاوه‌ڕوانم ده‌كرد سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ڵامی ئه‌وه‌ بداته‌وه‌ كه‌ 50 هه‌زار له‌ خه‌ڵكی كوردستان ئیمزایان كردووه‌و به‌سه‌رۆك قبوڵیان نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌بوو، جارێكی تر به‌لۆژیكی بن عه‌لی و موباره‌ك ئه‌وه‌ی به‌خه‌ڵك فرۆشته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ كورسییه‌كه‌ی جێبهێڵێ زۆر به‌ئاسانی چونكه‌ خۆی به‌سه‌رۆك نازانێ!
ڕونتر بڵێم ئه‌وه‌ی له‌وته‌كانی بارزانیدا بونێكی زۆر جوانی هه‌بوو وشه‌ی “ئێوه‌” بوو به‌واتای جه‌ماوه‌ر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌واقیعدا بونی لای ئه‌و نییه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌مانگێكه‌ له‌خۆپیشاندان به‌رده‌وامن و ئه‌و وه‌ڵامی كردارییان ناداته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ ئه‌وانه‌ی خوێنی ئه‌و خه‌ڵكه‌یان ڕشتووه‌ له‌ئه‌ندامه‌ باڵاكانی حزبه‌كه‌ی ئه‌ون و كاتێك سه‌رۆكی حكومه‌ت داوای لێكردووه‌ به‌رپرسی لقی چوار ته‌سلیم به‌دادگا بكات ئاماده‌ نه‌بووه‌! پێی وتووه‌ ته‌سلیمی دادگای هه‌ولێری ده‌كه‌م! ئه‌و هه‌ولێره‌ی كه‌ ئێسته‌ باری نائاسایی تێدا پیاده‌ ده‌كرێ ته‌نها له‌ترسی ئه‌نجامنه‌دانی خۆپیشاندانێك!!
له‌وه‌ش ڕونتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ واته‌ “ئێوه‌” كه‌ی بارزانی 50 هه‌زار ئیمزامان كردووه‌ به‌وه‌ی تۆ واته‌ “بارزانی”مان ناوێ به‌سه‌رۆك، به‌ڵام ئه‌و هێشتا موزایه‌ده‌ به‌قسه‌ جوانه‌كانیه‌وه‌ ده‌كات له‌سه‌رمان!!
جگه‌ له‌وه‌ بارزانی موزایه‌ده‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ سكاڵاو ناڕه‌زایه‌تی هاوڵاتیان دروست ده‌كات تاكو هه‌موو شته‌كانیان بگات به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌م یه‌ك ڕۆژ دوای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ 50 هه‌زار ئیمزا ده‌گات به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ وازهێنانی بارزانی!!
بۆیه‌ وته‌كانی بارزانی لۆژیكێكی زۆر توندڕه‌وانه‌ی نامۆراڵی سیاسی و بێكرداری واقیعی له‌خۆ گرتووه‌! چونكه‌ ئه‌زموونی حوكمڕانی حزبی و حكومی بارزانی له‌پێش چاوه‌و به‌رده‌سته‌.

مه‌سعود بارزانی: سه‌دام حسێن زه‌مانه‌تی كورده‌
مه‌سعود بارزانی له‌دوای ڕاپه‌ڕینی دووه‌می خه‌ڵكی كوردستان و له‌كاتی دانوسانه‌كانی كوردو به‌غدا له‌یه‌كه‌م دیداری ڕۆژنامه‌وانی گۆڤاری “ئه‌لف با”ی حزبی به‌عس له‌ساڵی 1992 پاش ئه‌و ڕاپه‌ڕین و ئاواره‌ییه‌ی گه‌لی كورد، پاش ئه‌نفال و كیمیاباران ده‌ڵێ “سه‌دام حسین زه‌مانه‌تی كورده‌” ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ وه‌ك دیدارێكی دبلۆماسیانه‌ چاوی لێبكرێ بۆ ساتێك كه‌ گه‌لی كورد كۆڕه‌وی ئه‌نجام دابوو، به‌ڵام به‌ كردار بارزانی ئه‌و وتانه‌ی خۆی سه‌لماند كه‌ سه‌دام زه‌مانه‌ته‌ به‌ڵام بۆ كورد نا به‌ڵكو بۆ پارتی، وه‌ك بینرا له‌ 31/8/1996 واته‌ دوای 4 ساڵ له‌و وتانه‌ی سه‌دام به‌نامه‌یه‌ك هه‌زارن تانك و سه‌ربازی خسته‌ خزمه‌تی بارزانی و شاری هه‌ولێری بۆ داگیركرد له‌ده‌ستی تاڵه‌بانی و وه‌رگرته‌وه‌و ته‌سلیمی پارتی كرد!
كه‌نعان مه‌كییه‌: له‌(22)ی ئابدا بارزانی به‌نامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ شه‌یتاندا رێككه‌وت

(31)ی ئابی ساڵی‌ (1996)ئه‌و مێژووه‌یه‌ كه‌هه‌میشه‌ له‌به‌رامبه‌ر پارتی دیموكراتدا به‌مانای خیانه‌تی نیشتمانی وه‌بیر ده‌هێنرێته‌وه‌، ئه‌و مێژووه‌ هاتنی ده‌بابه‌و سوپای به‌عسه‌ بۆ گرتنه‌وه‌ی شاری هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش به‌خواستی پارتی و له‌سه‌ر داوای نامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ سه‌دام، ئه‌و سه‌دامه‌ی كه‌ سێ برای مه‌سعود بارزانی كوشتووه‌و (8) هه‌زار بارزانیشی ئه‌نفال كردووه‌.
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود له‌كتێبی رۆژمێری پێشمه‌رگه‌یه‌ك، له‌به‌رگی چواره‌مدا ده‌ڵێت: له‌به‌غدا نامه‌ی سه‌رۆكی پارتی دیموكرات خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌(22/8/1996)دا بۆ سه‌رۆكی عیراقی نوسیبوو، داوای هێز ده‌كات و ده‌ڵێت پارتی توانای مقاوه‌مه‌ی نه‌ماوه‌و ناتوانێت هیچ بكات و خاكی عیراق له‌مه‌ترسیدایه‌و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كرێت، فریامان بكه‌ون زۆر به‌په‌له‌.
ئه‌مه‌ ئه‌و رووداوه‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌تاكو ئێسته‌ش پارسه‌نگی هێزی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوری و جوگرافی (3) پارێزگاكه‌ی كوردستانی تێكداوه‌، ئه‌و رووداوه‌یه‌ كه‌هه‌موو كورد جگه‌ له‌سه‌ركرده‌كانی پارتی دیموكرات زیانیان لێكردووه‌و تاكو ئه‌م ساته‌ش عه‌ره‌به‌كانی نه‌یاری پێشووی سه‌دام و ئێسته‌ی حوكمڕانی به‌غدا به‌ڕووی بارزانیدا ده‌ده‌نه‌وه‌.
سه‌رۆكی ده‌زگای یاده‌وه‌ری عیراقی كه‌باره‌گای سه‌ره‌كی له‌واشنتۆنه‌، ده‌رباره‌ی (31)ی ئاب نوسینێكی له‌ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ژماره‌ (1377)ی (7/1/1997)دا بڵاوكرده‌وه‌ كه‌تێیدا نوسیویه‌تی (مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی (1991) له‌باكوری عیراقدا چاوم به‌مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌وت كه‌جێمهێشت وام هه‌ستكرد له‌وه‌ باشتر نابێت بۆ عیراقییه‌كان كه‌كه‌سێكی ئاوا سه‌رۆكایه‌تی بنیاتنانه‌وه‌ی عیراقی دوای سه‌دام حسێن بكات، ئه‌وكات بارزانی پێی وتم برینی نێوان ئێمه‌و سه‌دام زۆر قوڵه‌، ته‌نانه‌ت زانی نێوان ئێمه‌و هه‌ندێك گروپی به‌رهه‌ڵستكاری عیراقیش به‌سوێیه‌و تیماركردنی ئه‌و برینه‌ش زۆر زه‌حمه‌ته‌، مه‌سعود بارزانی به‌چاوی خۆی بینی سێ برای به‌ده‌ست سه‌دام حسێن كوژرا، من له‌وبڕوایه‌دا بووم مه‌سعود بارزانی كه‌سێكه‌ بڕوای به‌وه‌فاو رێز هه‌یه‌ كه‌هێمای شه‌ره‌فن لای كورد، له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ وامده‌زانی كه‌خاوه‌نی قسه‌ی خۆی بێت، كه‌هه‌میشه‌ به‌ئازاره‌وه‌ ئاگای له‌میرات و ئه‌شكه‌نجه‌ی گه‌له‌كه‌ی بێت، سه‌رسوڕمانم به‌بارزانی كه‌به‌وشێوه‌یه‌ بوو، وه‌ك یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی نیشتمانی یه‌كگرتووی عیراق (INC) ده‌مویست كاندیدی بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیمانبكات، به‌ڵام بارزانی له‌ (22)ی ئابی ساڵی‌ (1996) به‌نامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ شه‌یتاندا رێككه‌وت و داوای له‌سه‌دام كرد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، من له‌وبڕوایه‌دابووم بارزانی بڕوای به‌شه‌ره‌ف هه‌بێت، ناوه‌كه‌ی ببوو به‌ڕه‌مزی خه‌بات دژی دیكتاتۆرییه‌ت له‌به‌غدا، نازانم چۆن وابه‌هه‌ڵه‌دا چوو؟!
(31)ی ئاب له‌میدیای جیهانییدا
نزار ئاگری له‌ڕۆژنامه‌ی (النهار)دا له‌(12/12/1996)دا نوسیویه‌تی (31)ی ئابی ساڵی‌ (1996) ئه‌و مێژووه‌یه‌ كه‌سه‌ركرده‌كانی كورد دوا گوله‌و گوله‌ی به‌زه‌ییان گرته‌ جه‌سته‌ی كیانی شلۆقی كوردی، گوله‌یه‌ك بوو ته‌واوی پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردی له‌گۆڕناو ساچمه‌كانی ئه‌و گوله‌یه‌ ئیعتیباری ده‌ولی مه‌سه‌له‌ی كوردی پێكاو پاشماوه‌ی سۆزه‌ جیهانییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر كورد نه‌هێشت، له‌وڕۆژه‌دا سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی نامه‌یه‌كی ده‌ستنوسی بۆ سه‌رۆكی عیراق سه‌دام حسێن ناردو داوای لێده‌كات هێزی سه‌ربارزی بنێرێت بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هێرشی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان).
ناوبراو له‌ڕۆژنامه‌ی حه‌یاتی له‌نده‌نی له‌(1/11/1996)دا نوسیویه‌تی (هاوپه‌یمانی دوێنێ و هاوڕێی یه‌ك سه‌نگه‌رو براو شه‌ریكی مه‌سه‌له‌ هاوبه‌شه‌كان بوو به‌خائین و دووژمن، كه‌چی دوژمنی دوێنێ و دیكتاتۆری هه‌مه‌جی و بكوژو خوێنڕێژی ئه‌نفاله‌كان و قه‌یابی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو به‌هاوپه‌یمان و دۆست).
له‌ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌(29/10/1996)دا عه‌بدولعه‌زم كورد نوسیویه‌تی (چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی كه‌م پێش ئێستا بارزانییه‌كان به‌یارمه‌تی راسته‌وخۆو ته‌ده‌خولی كاریگه‌ری ده‌بابه‌و سه‌ربازه‌كانی سه‌دام حسێن ده‌ستیان به‌سه‌ر شاری هه‌ولێردا گرت، ناكۆكی نێوان تاڵه‌بانی و بارزانی كۆنه‌ بۆ ئه‌و رۆژانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تاڵه‌بانی حزبه‌كه‌ی دروستكرد له‌ساڵانی‌ (1975-1976)، هه‌رله‌ساڵی (1977)دا بارزانییه‌كان سه‌دان كه‌سیان له‌ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی تاڵه‌بانی له‌قه‌سابخانه‌ی به‌ناوبانگی هه‌كاری و له‌نزیك سنوره‌كانی توركیا كوشت).
ولیه‌م پێری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا: پارتی په‌یمانێكی له‌گه‌ڵ سه‌دام ئیمزاكردو سوپای عیراقی هێنا
ولیه‌م پێری وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌(3/9/1996) له‌كه‌ناڵی (CNN)ی‌ ئه‌مریكی‌ نیشاندرا، وتی: ده‌مێك ساڵه‌ سوپاكه‌ی سه‌دام خه‌ریكی كوشتن و سه‌ركوتكردنی گه‌لی عیراقه‌، سه‌دام هه‌زاران به‌رهه‌ڵستكاری كوشتووه‌و ملیۆنه‌ها كوردی ئاواره‌كرد.
سه‌باره‌ت به‌شه‌ڕی نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكرات، ئه‌مریكا هه‌وڵیدا كۆتایی به‌شه‌ڕه‌كه‌ بهێنێت و ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ئاشتبكاته‌وه‌، یه‌كێتی یارمه‌تی له‌ئێران وه‌رگرت، كه‌چی پارتی سوپای عیراقی هێنا، پارتی په‌یماننامه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ سه‌دام ئیمزاكردووه‌، دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ئێمه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌عیراق هێزی سه‌ربازی كۆده‌كاته‌وه‌و ئاگادارمانكرده‌وه‌ كه‌هێزه‌كانی نه‌هێنێته‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌، به‌ڵام به‌قسه‌ی نه‌كردین و به‌هێزێكی (40) هه‌زار سه‌ربازی توانی هێزی به‌رگری یه‌كێتی نیشتمانی بشكێنێت كه‌ له‌چه‌ند هه‌زارێك میلیشیای چه‌كدار پێكهاتبوو.
كلینتۆن: هاوكاریكردنی لایه‌نێكی كوردی له‌گه‌ڵ سه‌دام دا بۆ په‌لاماردانی هه‌ولێر هیچ پاساوێكی نییه‌
هه‌مان رۆژی موشه‌ك بارانكردنی چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای عیراق، بیل كلنتۆنی سه‌رۆكی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌لێدوانێكی فه‌رمیدا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی په‌لكێشی سوپای عیراقی بۆ گرتنه‌وه‌ی شاری هه‌ولێر، وتی: سه‌ره‌ڕای وریاكردنه‌وه‌ی به‌رده‌واممان، سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر حكومه‌تی‌ عیراقی هێرشی سه‌ربازی كرده‌ سه‌ر شاری هه‌ولێرو كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی كورده‌كان هێنا له‌و شاره‌دا، پاشان هه‌واڵی پاشه‌كشه‌یان له‌و شاره‌ درۆ ده‌رچوو، هێشتا هێزه‌كانی سه‌دام له‌حاڵه‌تی هێرش و په‌لاماردانن، ئه‌مه‌ش پێویستی كرد زه‌برێكی سه‌ربازی له‌سه‌دام بوه‌شێنین.
هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نێكی كوردی هاوكاری سه‌دام ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ پاساوی نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌دام په‌لاماری هه‌ولێر بدات و گیانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
له‌(31)ی ئابدا سه‌رجه‌م رێكخراوه‌ ئه‌مریكی و بیانییه‌كان كوردستانیان جێهێشت
به‌هۆی په‌لاماری سوپای عیراق بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر له‌(31)ی ئابدا زۆرینه‌ی رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌مریكاییه‌كان كوردستانیان به‌جێهێشت و له‌ڕێگه‌ی توركیاوه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌هۆی مه‌ترسی گرتن و په‌لاماردانه‌وه‌.
رۆژنامه‌ی گاردیان-ی به‌ریتانی له‌ژماره‌ی (14/9/1996)دا نوسیبووی (به‌فشاری ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی توركیاوه‌ (2500) كوردی عیراقی كه‌به‌شێك بوون له‌كاره‌كانی پلانی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌، چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراق).
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كانی نیۆرك تایمزو واشنتۆن پۆست و ئینته‌رناشینال هیرالد تربیون له‌(9/9/1996)دا لێدوانێكی فه‌رمی جه‌نه‌ڕاڵ جۆن شالیكاشفیلی-یان بڵاوكردبویه‌وه‌ كه‌ده‌ڵێت: وه‌حده‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌باكوری عیراق بوو له‌ناوچه‌ی زاخۆ نزیك به‌ه‌سنوری توركیا، كاری هه‌ماهه‌نگی بوو، به‌هۆی په‌لاماری سوپای عیراقه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌مان كشانه‌وه‌ بۆ ناو خاكی توركیا.
رۆژنامه‌ی تایمز له‌هه‌مان رۆژدا بانگه‌وازێكی تاڵه‌بانی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی ئه‌مریكای كردبوو بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر په‌لاماری سوپای سه‌دام به‌پێشڕه‌وی پارتی دیموكرات.
رۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌شی بڵاوكردبویه‌وه‌ كه‌ تاڵه‌بانی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌ده‌نگ نه‌یه‌ت، ئه‌وا هانا بۆ ئێران ده‌بات.

ئاشكراكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی دادگایی كردنی بارزانی له‌سه‌ر قه‌تڵ و عامی هاوڵاتیانی كوردستان
له‌سه‌ر تاوانی كوشتنی سورچیه‌كان له‌گوندی كه‌ڵه‌كن كه‌ 16.6.1996 له‌لایه‌ن پارتی دیموكراته‌وه‌ ئه‌نجامدراو تێیدا نزیكه‌ی 100 هاولاتی كوژران و نزیكه‌ی 98 كه‌سی تریش ده‌ستگیركران و ڕه‌وانه‌ی زیندانه‌كانی پارتی دیموكرات كران له‌ئاكرێ، پێش ئه‌وه‌ش له‌ 10.6.1996 له‌بازگه‌ی سپیلك هه‌وڵی كوشتنی حسێن ئاغای سورچی درا به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت، تاكو له‌په‌لاماری كه‌ڵه‌كن دا به‌برینداری كوشتیان.
ئه‌م په‌لاماره‌ی پارتی دیموكرات بۆسه‌ر سورچییه‌كان و پارتی پارێزگاران چه‌ندین كاردانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی لێكه‌وته‌وه‌. به‌جۆرێك كه‌به‌رپرسی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا داوای بانگكردنی مه‌سعود بارزانی ده‌كات بۆ به‌رده‌می نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌و داوی ده‌كات ئه‌مریكاو ئه‌وروپا تێبگه‌یه‌نرێ كه‌مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارزانی نه‌كه‌ن.
لۆرد ئیڤبری لێپرسراوی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ده‌رباره‌ی قه‌تڵوعامی سورچیه‌كان له‌گوندی كه‌ڵه‌كن نامه‌یه‌ك بۆ جێرمی هانلی به‌رپرسی كاروباری كوردستانی عێراق له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ده‌نێرێ كه‌تێیدا نوسیویه‌تی “مه‌سعود بارزانی نكولی له‌و تاوانه‌ ناكات كه‌تێیدا له‌وانه‌یه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س كوژرابن و 79 كه‌سی تریش ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌ پاكانه‌ی بۆ بهێنێته‌وه‌ به‌وه‌ی سورچییه‌كان سیخوڕێكی یه‌كێتیان په‌ناداوه‌، سورچییه‌كان نكوڵی له‌وه‌ ده‌كه‌ن و حسێن ئاغای سورچی سه‌رۆكی ناسراوی عه‌شیره‌ته‌كه‌ هه‌میشه‌ پیاوێكی ئاشتیخوازو ناوبژیوان بووه‌و هه‌رگیز لایه‌نی هیچ یه‌كێك له‌و دوو حزبه‌ سه‌ره‌كیه‌ی نه‌گرتووه‌”.
هه‌ر له‌و نامه‌دا هاتووه‌ “حسێن ئاغای سورچی له‌ئه‌نجامی تۆپباران بریندار بووه‌و له‌كاتێكدا پیاوه‌كانی هه‌وڵیان ده‌دا برینه‌كانی بۆ بپێچن، به‌ڵام هێزه‌كانی بارزانی كوشتیان. دواتر ماڵ و خانه‌واده‌كه‌شیان تاڵان كرد، خانه‌واده‌كه‌ی یه‌ك سه‌عات مۆڵه‌تیان پێدرا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌كدا به‌خاكی بسپێرن، دواتر 79 ئه‌ندامی نێرینه‌ی خانه‌واده‌كه‌یان به‌بارمته‌ گرت.
ژنان و منداڵان توانیان بگه‌نه‌ هه‌ولێر كه‌ماوه‌ی 100 كیلۆمه‌تر دوره‌ له‌شوێنی عه‌شیره‌ته‌كه‌یانه‌وه‌، پێویسته‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵی ئازاد كردنی بارمته‌كان بدات و لێكۆڵینه‌وه‌ی خێرا له‌و تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌ ده‌ست پێبكات.
لۆرد ئێڤبری له‌درێژه‌ی نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێ “من پێشنیار ده‌كه‌م به‌یارمه‌تی چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر كوشتنی كوێرانه‌و بێ دادگایی كردن به‌یارمه‌تی سه‌رچاوه‌كانی تر ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام بدرێت تاسه‌ره‌نجام ئه‌وانه‌ی فه‌رمانی ئه‌و قه‌تڵوعامه‌یان داوه‌ ئه‌وانه‌ی جێبه‌جێشیان كردووه‌ به‌سزای خۆیان بگه‌ن.
ناوبراو له‌كۆتایی نامه‌كه‌یدا بۆ “جێرمی هانلی” له‌نوسینگه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا نوسیویه‌تی “پێویسته‌ مسته‌ر بارزانی بانگ بكرێ بۆ مه‌ڵبه‌ندی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ژنێف و ڕاستی ئه‌م ڕوداوانه‌ ڕوون بكاته‌وه‌”.
له‌پاش نامه‌كه‌ی جێرمی هانلی بۆ لۆرد ئیڤبری، لۆرد پرسه‌نامه‌یه‌ك بۆ عومه‌ر ئاغای سورچی ده‌نوسێ و نامه‌یه‌كیش ئاراسته‌ی مه‌سعود بارزانی ده‌كات، به‌ڵام جێرمی هانلی نامه‌یه‌كی تر ئاراسته‌ی لۆرد ئیڤبری ده‌كات و ده‌ڵێ “مه‌سعود بارزانی هه‌میشه‌ ئاماده‌ بووه‌ بۆ به‌كارهێنانی زه‌بری چه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجه‌ سیاسیه‌كانی”.
ناوبراو له‌و نامه‌یه‌ی دووه‌می دا ده‌ڵێ “چۆن ده‌كرێ ڕادۆڤان كاراتزیجی كوردستان به‌سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی ڕه‌وا بناسین دوای ئه‌م كارانه‌ی كه‌كردویه‌تی؟ به‌ئه‌وروپاو ئه‌مریكا ڕابگه‌یه‌نین كه‌هیچ جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه‌ نه‌كه‌ن”.
ئه‌و لێپرسراوه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا داوای ئه‌وه‌شی كردووه‌ كه‌پێویسته‌ له‌هه‌ر دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بێت، دادگایی مه‌سعود بارزانی بكرێ له‌سه‌ر ئه‌و كوشتارگه‌یه‌و به‌به‌رپرسی یه‌كه‌می ده‌زانێ له‌كوشتن و تاڵانكردنی سورچییه‌كاندا.

هیوادرام ئه‌م 3 دۆسیه‌ گرنگه‌ هه‌وڵی به‌دادگایی گه‌یاندنی بارزانی له‌سه‌ر ئه‌نجام بدرێ.

 

kwrdwnya

Entry filed under: مه‌سعوود بارزانی. Tags: .

دوو کڵێپ:خۆپێشاندان دژی ناردنه وه ی په نابه ران /یوتوبوری سوئد مەریوان وریا قانع نوسەرو روناكبیر نامەیەكی ئاراستەی خۆپیشاندەرانی سەرای ئازادی

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,996 hits

%d bloggers like this: