پشتیوانی له‌ پلاتفۆرمی چه‌پ،هه‌نگاوێک بۆ پێشه‌وه‌

2011/04/01 at 6:53 PM Leave a comment

ئازاد به‌کر:چونکه‌ ده‌زانین له‌ کوردستاندا چ قه‌یرانێک هه‌یه‌،چونکه‌ ده‌زانین ده‌سه‌ڵاتداران  سه‌ره‌ڕای دزی و تاڵانی و سوکایه‌تی به‌خۆمان و چینه‌که‌مان، مل به‌ داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ ناده‌ن، چونکه‌ به‌رژه‌وه‌ندی چینی کرێکار و ئایینده‌ی جوڵانه‌وه‌که‌ مه‌ترسی له‌سه‌ره‌. چونکه‌ به‌جێهێشتنی گۆڕه‌پانی سیاسی، واته‌ سپاردنی بزووتنه‌وه‌که‌ به‌هێزی بۆرژوازی و کۆنه‌په‌رستی، پاشه‌کشه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌. هه‌ربۆیه‌ پشتیوانیکردن له‌ “پلاتفۆرمی چەپ بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی خۆپیشاندانەکانی کوردستان” ئاسۆیه‌که‌ بۆ چوونه‌ پێشه‌وه‌ی خه‌باتی کرێکاران له‌م قۆناغه‌ و سه‌رخستنی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری ئه‌مڕۆی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان، به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ‌سته‌م و سه‌رکوت و چه‌وسانه‌وه‌ی کوردیدا. تێکۆشانه‌ بۆ بردنه‌پێشه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی ئازادیخوازی و پێشکه‌وتنخوازی، هه‌وڵدانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ڕه‌واکانی کرێکاران و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌. خڕبوونه‌وه‌ی به‌ره‌ی چه‌پ له‌ده‌وری پلاتفۆرمێکی شۆڕشگێڕانه‌دا، زیاتر ڕێگاخۆشکه‌ره‌ تا به‌کرده‌وه‌ به‌جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ و پێکهاته‌کانی تری کۆمه‌ڵگه‌وه‌ په‌یوه‌ست و تێکه‌ڵاوبیت و له‌گۆشه‌گیری و په‌رته‌وازه‌یی دووری بکه‌ویته‌وه‌.
 ئه‌مڕۆ به‌رژه‌وه‌ندی بزووتنه‌وه‌که، خۆی له‌فراوانبوون و باڵاکردنی هێزی سکولار و چه‌پ و کۆمۆنیستی و ئازادیخوازیدا ده‌بینیته‌وه‌‌،‌ ده‌رکه‌وتن و ئاماده‌یی چینی کرێکار له‌م ساته‌وه‌خته‌دا ده‌که‌وێته‌ سه‌رو به‌رژه‌وه‌‌ندی حیزبی و ڕێکخراوه‌ییه‌وه‌، به‌ جیاوازی بیربۆچوون و تێڕوانینیمان له‌ زۆر مه‌سه‌له‌ی ووردی سیاسی و ڕێکخراوه‌یی و به‌رنامه‌یی. هه‌ڵوێستی مێژووییانه‌ داوای کاری هاوبه‌شمان لێده‌کات، چونکه‌ ته‌نها کاری هاوبه‌شی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان، ئامڕاز و چوارچێوه‌یه‌که‌ بۆ ئه‌کتیڤکردنی چالاکی چینایه‌تیانه‌ له‌واقیعی ئه‌مڕۆی کوردستاندا. له‌وانه‌شه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر هێزی چه‌پی کۆمه‌ڵگا دابنێت بۆ ڕزگاربوون له‌ چه‌قبه‌ستویی و له‌پڕۆسه‌یه‌کی پێشکه‌وتوتردا ئاستی ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوه‌یی و سیاسی، گونجاو و ته‌ریب له‌گه‌ڵ گۆڕانکاری ئه‌م واقیعه‌دا بێته‌ کایه‌وه‌.
 بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیستی زۆر هه‌لی گرنگی له‌مێژوودا له‌ده‌ست چووه‌، جا یه‌کێک له‌و فاکته‌رانه‌ به‌ربڵاوی و خه‌مساردی ئه‌و هێزه‌ خۆی بووه‌، چونکه‌ گه‌ر گشت گروپ و حیزب و ده‌سته‌وتاقمی چه‌پ و کۆمۆنیستی له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئایدیۆلۆژی مارکسیزم هه‌نگاویان بنایه‌ ئێستا ڕۆڵ و نه‌خشێکی دیار و زیاتریان ده‌بوو. کاتێک به‌ره‌ی چه‌پی کۆمه‌ڵگه‌ له‌گه‌ڵ بردنه‌ پێشه‌وه‌ی ئاستی ئابووری و سیاسی و ڕۆشنبیری و مه‌ده‌نی کۆمه‌ڵگادایه‌، ده‌بێت خۆی بۆ ئه‌و گۆڕانکاریه‌ ئاماده‌بکات، ده‌بێت خۆی ببێته‌ ڕابه‌ر و پێشڕه‌و و هه‌ڵسوڕاوی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و خه‌باته‌. له‌ زه‌مینه‌ی واقیعدا ئه‌مه‌ش به‌کاری هاوبه‌ش و ئه‌کتیڤکردنی به‌رنامه‌ و پلاتفۆرمی چینایه‌تیانه‌ ده‌کرێت. بڕوا بوونمان به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی کوردستان، کارکردنه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی داڕێژراوی چینایه‌تی و هه‌ڵوێست و هه‌نگاونانی به‌ره‌ی چه‌په‌ به‌پێی ئایدیۆلۆژیای مارکسیزم و ڕێکخستنی هاوبه‌ش و کاری سیاسی هاوبه‌شی هێزی چه‌پ و کۆمۆنسیتیه له‌ به‌دیهێنانی ئامانجی هه‌نوکه‌یی و ستراتیژی قۆناغه‌کان که‌ دوا ئامانج‌ دامه‌زراندنی سۆسیالیزمه‌.           
ئێستا ئه‌رکی سه‌رشانی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیستیه‌ ببێته‌ پێشه‌نگ، له‌ ئاڕاسته‌کردنی په‌رچه‌مێکی مۆدێرن و سکولار به‌ جوڵانه‌وه‌که‌، وه‌ڕاکێشانی چینی کرێکار و سه‌رجه‌م ئازادیخوازان و یه‌کسانیخوازان به‌ده‌وری ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌دا، له‌پێناوی به‌هێزکردن و به‌سه‌رکه‌وتن گه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌که‌ و جیاکردنه‌وه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و یه‌کگرتوویی چینایه‌تیانه‌ له‌ به‌ره‌ی بۆرژوازی و کۆنه‌په‌رستی کۆمه‌ڵگه‌. هزری چه‌پی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانکاری و گه‌شه‌ و په‌ره‌سه‌ندن و خواست و داواکاریه‌ ڕه‌واکانی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ و‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌مانای‌ یه‌کسانی چینایه‌تی له‌ڕووه‌ یاسایی و مافه  ئابوریه‌کانه‌وه دژی سیسته‌می نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی سه‌رمایه‌داری.
‌له‌م بارودۆخه‌ قه‌یراناویه‌ سیاسیه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی تێدایه،‌ ڕیفۆرم و نوێکردنه‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی و دامه‌زراوه‌کانی زۆر لاوازه‌، به‌هۆکاری بێباوه‌ڕی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ به‌ده‌سه‌‌ڵات و ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری له‌دژی نه‌بوونی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ر‌ی، واته‌ هه‌لومه‌رجی نوێ پێویستی به‌ به‌ره‌یه‌کی چینایه‌تی نوێش هه‌یه‌ بۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌ و فراوانکردنی خه‌باتی چینایه‌تی. ساڵانێکه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ نه‌یتوانیوه‌ وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤێکی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ده‌ربخات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌توانێ به‌ ئامڕازی خه‌باتی چینایه‌تی خۆی له‌کێشه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا هه‌نگاو هه‌ڵگرێ و ڕۆڵی مێژوویی ببینێ. ئه‌م هێزه‌ کۆمه‌ڵاتی و سیاسیه‌ جێ پێی له‌ واقیعدا دیاربێ و به‌ئه‌زموونی شۆڕشگێڕانه‌ و پێشڕه‌وانه‌، جه‌ماوه‌ر ڕێکخراو و ئاماده‌بکات و کاریگه‌ری له‌سه‌ر بنچینه‌ و سه‌رتاپای جوڵانه‌وه‌که ‌دا‌بنێت.
هه‌ڵسوڕاوان و ڕابه‌رانی چه‌پ و کۆمۆنیستی ووزه‌ و توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ڕابه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌که‌ و پێدانی ئاسۆیه‌کی ڕۆشن ئاڕاسته‌ بکه‌ن، وه‌ هاوئاهه‌‌نگی خه‌باتیان پێکه‌وه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی لایه‌نی پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤی جوڵانه‌وه‌که‌دا. ئه‌م قۆناغه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌تایه‌که‌ بۆ کاری هاوبه‌شی گه‌وره‌تر، ‌گرنگی کۆبوونه‌وه‌ی هێزی چه‌پ و کرێکاری و کۆمۆنیستی، دژی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی و چاره‌سه‌ری ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی، کارێکی پێویست و هه‌نوکه‌یی یه‌. قه‌یرانی سیاسی و ئابووری ده‌سه‌ڵاتداران له‌به‌رده‌م، جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌دا به‌ره‌وڕووی ناڕه‌زاێتیه‌کی به‌رین بۆته‌وه، وه‌ هه‌لومه‌رجێکی له‌باری بۆ گه‌شه‌کردنی هێزی ئازادیخواز و چه‌پی شۆڕشگێڕ هێناوه‌ته‌ کایه‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌گره‌وی ئه‌و هێزه‌ سیاسیه‌دایه‌ تابتوانێ کرێکاران و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کانی ناڕازی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردی،‌ له‌ژێر په‌رچه‌م و دروشمی ئه‌م ئه‌لته‌رناتیڤه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئازادیخوازانه ‌نوێیه‌دا کۆبکاته‌وه بۆ چاره‌سه‌رێکی ڕیشه‌یی.     
به‌شێوه‌یه‌کی بابه‌تی هاوگونجاندنی سیاسی نوێ، بزووتنه‌که‌ له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تیه‌وه‌ ده‌باته‌ پێش، که‌ ئه‌مه‌ش به‌ قازانجی چینی کرێکار و توێژه‌ بێبه‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه،‌ له‌ تێکۆشانی ئازادانه‌ی جه‌ماوه‌ریدا له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و مافه‌کانیاندا. ئیتر ئه‌م هێزه‌ ده‌بێته‌ به‌رگریکاری ماف و ئازادیه‌کانی کۆمه‌ڵ و تاک‌، پشتگیری له‌ خواست و داواکاریه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌کات و هه‌وڵی باشکردنی هه‌لومه‌رجی کار و ژیان و تێکۆشان و ڕێکخراوبونێکی نوێ ده‌دات، متمانه‌ بۆ جه‌ماوه‌ری سته‌مکێش بۆ کاری کۆمه‌ڵاتیانه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. کاری ئه‌م هێزه‌شه‌ خۆی بخزێنێته‌ ناو ڕێکخراوه‌ کرێکاری و جه‌ماوه‌ریه‌کان و کراوه‌نه‌یه‌کی سیاسی له‌هه‌موو ئاسته‌کاندا‌ له‌ڕووی کێشه‌ی چینایه‌تیدا بکاته‌وه‌ و بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری بنکه ‌فراوانی هۆشیار به‌ده‌ست بهێنێ و بتوانێ له‌و‌ ڕێیه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی جه‌ماوه‌ری ئازاد دابمه‌زرێنێ.
له‌ئه‌نجامی شکست و هه‌ره‌س و بارگرانی ڕابردوودا نه‌وه‌یه‌کی نوێی پێشکه‌وتنخواز به‌ ئه‌زموونی خۆیه‌وه‌ هاتۆته‌ مه‌یدان و به‌شداری له‌ کێشه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا ده‌کات، به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ له‌ ئامڕازی حیزب و سه‌ندیکا کلاسیکیه‌کان. وه‌ کاری هێزی چه‌پ و کۆمۆنیستی یه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌کی خۆی له‌ بزواندن و کارتێکردنی ئه‌م توێژه‌ گرنگه‌ی کۆمه‌ڵدا ببینێ و به‌ئاسۆی سۆسیالیستی و یه‌کیه‌تی چینایه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندی بکات. له‌گه‌رمه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ شۆڕشگێڕانه‌یه‌دا ده‌بێ هێزی چه‌پ و کۆمۆنیستی و کرێکاری هه‌وڵبده‌ن تابتوانن جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌که‌ به‌ده‌سته‌وه‌بگرن و پێشڕه‌وی بکه‌ن. تادرێژه‌ و به‌رده‌وامی به‌و جوڵانه‌‌وه‌که بدرێت، بۆ گه‌یشتن به‌ خواست و داواکاریه‌کانی خه‌ڵکی ناڕازی، ئه‌مه‌ش له‌ گره‌وی یه‌کگرتوویی کرێکاران و باڵی چه‌پی کۆمه‌ڵگه‌دایه‌ له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تێکی چینایه‌تی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد. به‌وجۆره‌ ده‌توانرێت بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی‌ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی بچێته‌‌پێش و له‌ چه‌واشه‌کاری و هه‌ڵخڵه‌تاندن و سازش بپارێزرێ. 
ئه‌م ده‌ستپێشه‌خه‌ریه‌ زۆر واقعیانه‌یه‌ و سه‌رنجی زۆرێک له‌ ئازادیخوازان و یه‌کسانیخوازان و چه‌پی کۆمه‌ڵگای به‌حیزب و گروپ و که‌سایه‌تی سیاسی به‌لای خۆیدا ڕاکێشاوه‌، به‌هیوایی به‌سه‌رکه‌وتن گه‌یاندنی خۆپیشاندانه‌کان و به‌دیهێنانی خواسته‌ئابووری و سیاسیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان. له‌م که‌شه‌ شۆڕشگێڕیه‌دا خه‌باتی ‌کرێکاری و جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز له‌پێناو خواست و داواکانیدا ڕۆشنتر ده‌بێت و هێزی له‌بن نه‌هاتوویی کرێکاران و ژنان و لاوانیش سه‌رقافڵه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌ ده‌بن. به‌هیوایی چوونه‌پێشه‌وه‌ی ئه‌م بزاوته‌ یه‌کگرتووه‌ و کۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌وه‌ی دیدی شۆڕشگێڕانه‌ و ڕزگاربوونی کۆمه‌ڵگه له‌ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی و بۆرژوازی کوردی و دامه‌زراندنی ‌حکومه‌تێکی هه‌ڵبژێردراوی ئازادانه‌ی خه‌ڵک.  

01.04.2011
 

Entry filed under: ئازاد به‌کر. Tags: .

فاروق رەفیق و ئەخلاقی ئیسلامی؟ بۆرێگریکردن لەوتارێکى مایکڵ رۆبن،هێزەچەکداەکان مەیدانى ئازادییان داگیر کردەوە

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,907 hits

%d bloggers like this: