ئێوه‌ن یاری به‌ ژیانی نه‌وه‌ی نوێوه‌ ده‌که‌ن!

2011/04/03 at 1:22 PM Leave a comment

وه‌ڵام به‌ قوباد تاڵه‌بانی

بنار مسته‌فا:له‌ په‌راوێز ڕووداوه‌کانی کوردستاندا، قوباد تاڵه‌بانی له‌ ژێر مانشێتی “تکایه‌ با یاری به‌ ژیانی پیرۆزی نه‌وه‌ی نوێمان نه‌کرێت”، له‌ ژماره‌ 264ی به‌رواری 1.3.2011دا وتارێکی نوسیوه‌. ئه‌گه‌ر چی به‌ڕێزی نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمه‌ له‌ واشنتۆن‌و خۆی وه‌ته‌نی ئه‌ندامێکی دڵسۆزی یه‌کێتی نیشتیمانییه‌، به‌ڵام ته‌نها وه‌ک “هاوڵاتیه‌ک” تێڕوانینه‌کانی خۆی خستۆته‌ ڕوو. مه‌به‌ستی وتاره‌که‌ی یان هه‌وڵی چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی کوردستانه‌، یان ته‌واو بێ ئاگایه‌ له‌ کوردستاندا چی ده‌گوزه‌رێت. له‌م وه‌ڵامه‌مدا هه‌وڵ ده‌ده‌م کۆمه‌ک به‌ هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ بکه‌م.

له‌ دێڕه‌کانی یه‌که‌میدا قوباد تاڵه‌بانی باس له‌ ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌کانی ماوه‌ی ڕابردووی کوردستان ده‌کات‌و نیگه‌رانی خۆی له‌و باره‌وه‌ ده‌رده‌بڕێت‌و ده‌ڵێت “به‌ردبارانکردنی باره‌گاکانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان یان ئاڵۆزکردنی شه‌قامه‌ دێرینه‌کانی شاری سلێـمانی کێشه‌ ڕه‌واکانی گه‌لی کوردستان چاره‌سه‌ر ناکات، هاوکات هیچ جۆرێکی ته‌قه‌ کردنیش نابنه‌ مایه‌ی پاراستنی ئارامی‌و ئاسایش له‌ هه‌رێمه‌کدا.” دواتریش دیالۆگ وه‌ک چاره‌سه‌رێکی گونجاو ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌.

ئه‌م نیگه‌رانییه‌ هه‌مان نیگه‌رانی سه‌رکردایه‌تی پارتی‌و یه‌کێتییه‌، که‌ کاتێک هه‌شت هاوڵاتی گیانی له‌ ده‌ست داوه‌، زیار له‌ 200 بریندار بووه‌، ده‌یان ڕفێندراون‌و زیندانی کروان…هتد. هیچ یه‌ک له‌مانه‌ نابێته‌ جێگه‌ی دڵته‌زێنی‌و نیگه‌رانی بۆی، له‌ هیچ جیگه‌یه‌کی نووسینه‌که‌یدا باس له‌ گیان له‌ده‌ستدانی گه‌رمیانی 12 ساڵ‌و ڕێژوانی 14 ساڵان‌و هاوڵاتیانی تر ناکات، به‌ڵکو به‌ردبارانکردنی باره‌گای حزبی شه‌ریک ده‌بێته‌ هۆکاری ئه‌ساسی نیه‌گه‌رانبوون‌و دڵته‌زێنیه‌که‌ی.

ئه‌و دوو حزبه‌، که‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ردبارانکردنی لاواندا لووله‌ی تفه‌نگه‌کانیان ئاماده‌یه‌و لاوان‌و منداڵان ده‌که‌نه‌ نیشانه‌یان، ئاخۆ ده‌بێت چه‌نێک ده‌رفه‌تی گفتو‌گۆو دیالۆگ، که‌ قوبادو سه‌رانی تری پارتی‌و یه‌کێتی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن، له‌ گه‌ڵیاندا کارسازو گونجاو بێت؟ دوو حزبی میلیشیا، که‌ هه‌میشه‌ ته‌نانه‌ت ناکۆکیه‌کانی نێوان خۆشیان به‌ چه‌ک‌و پێوانه‌ی چه‌که‌کان یه‌کلایی ده‌که‌نه‌وه‌، ده‌بێت چه‌نێک له‌ به‌رامبه‌ر داخوازیه‌کانی خه‌ڵکیدا ئاماده‌یی دیالۆگیان هه‌بێت؟ بۆ ئاگاداری قوباد تاڵه‌بانی ئه‌م خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینه‌ شتێکی نوێ نییه‌و شێوازی دیالۆگ‌و خۆپیشاندانی هێمنانه‌و خستنه‌ ڕووی خواسته‌کان له‌ چه‌ندین ڕێگه‌ی تره‌وه‌ به‌رزکراونه‌ته‌وه‌و خراونه‌ته‌ به‌رده‌می ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خۆی له‌ واشنتۆن نوێنه‌رایتی ده‌کات. با خۆی وه‌ڵام بداته‌وه‌، که‌ پێشتر چنێک ئه‌م شێوازانه‌ی تر به‌ جددی وه‌رگیراون‌و وه‌ڵامیان پێ دراوه‌ته‌وه‌!

پاشان هه‌ر وه‌ک خۆشی ئاماژه‌ به‌ تیکرار کردنه‌وه‌ی ده‌کات‌، وته‌یه‌کی تری هه‌ڤاڵانی دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێت: “ئه‌م هه‌رێمه‌ی کوردستانمان نه‌ میسره‌ نه‌ توونسه‌، نه‌ به‌حرێنه‌ نه‌ لیبیاشه‌.” دواتریش پاش ئه‌وه‌ی به‌ کورتی باس له‌وه‌  ده‌کات که‌ که‌م‌و کوڕێ هه‌یه‌، ده‌ڵێت: “پێویسته‌ ئاماژه‌ش به‌وه‌ بکه‌ین هه‌رێمه‌که‌مان ده‌ستکه‌وتی مه‌زنی خۆشی هه‌یه‌.

نه‌ باس له‌ که‌م‌و کوڕیه‌کان ده‌کات نه‌ له‌ “ده‌ستکه‌وته‌ مه‌زنه‌کان”، که‌ چی شتێک له‌ خۆ ده‌گرن. وه‌ک ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت دڵی خه‌ڵکی ڕازی بکه‌ن جار جار به‌ دێڕێک ده‌ڵێن “به‌ڵێ که‌م‌و کوڕێ هه‌یه‌”، واته‌ خۆشمان ئاگادارین‌و ئاگاهانه‌ نییه‌و دوور له‌ خواستی ئێمه‌یه‌‌. له‌ ڕاستیدا هه‌م که‌م‌و کوڕیه‌که‌، هه‌م ده‌ستکه‌وته‌ مه‌زنه‌کان، هه‌ردووکی یه‌ک ناوه‌ڕۆکی هه‌یه‌. به‌ بۆچوونی من که‌م‌و کوڕێ نییه‌، ده‌ستکه‌وته‌کانیش ده‌ستکه‌وته‌ بۆ سه‌رانی دوو حزبی ده‌سه‌ڵات.

ئه‌وه‌ی دوو حزبی ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌ستکه‌وتی ده‌زانێت، بریتییه‌ له‌ کۆکردنه‌وه‌ی سه‌ره‌وت‌و سامانێکی بێژماری سه‌رکردایه‌تی ئه‌م دوو حزبه‌، له‌ قه‌تیسکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی دوو حزب له‌ دوو ناوچه‌ی جیاوازدا، له‌ دوورخستنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ بڕیاردان‌و که‌ریگه‌ری دانان له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یاندا، هتد. به‌ڵی ئه‌مه‌ به‌ڕاستی بۆ ئێوه‌ ده‌ستکه‌وته‌، به‌ڵام بۆ خه‌ڵکی کوردستان، که‌م‌و کوڕی نییه‌، به‌ڵکو سه‌رچاوه‌ی به‌دبه‌ختی‌و هه‌ژاری‌و ئه‌و ژیانه‌یه‌ که‌ ئێستا به‌ زۆر به‌ سه‌ریاندا فه‌رز کراوه‌! هه‌ر بۆیه‌ به‌م شێوه‌ فراوانه‌ هاتونه‌ته‌ مه‌یدان‌و ئاماده‌ن ئه‌م “ده‌ستکه‌وته‌ مه‌زنانه‌” له‌ ده‌ست بده‌ن.

به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌روارده‌که‌یه‌وه‌، من پێم وایه‌ کوردستان له‌گه‌ڵ میسرو لیبیاو جێگه‌کانی تردا لێکچوونی زۆریان هه‌یه‌و له‌ زۆر خاڵدا هاوبه‌شن. له‌ میسر 40%ی دانیشتوانه‌که‌ی له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریه‌وه‌یه‌، به‌ڵام سه‌رۆک کۆمار، که‌ به‌ فشارو ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ وه‌لا نرا، له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتێتیدا ته‌نها به‌ پاره‌ 70 ملیارد دۆلاری نابوه‌ سه‌ر یه‌ک! له‌ لیبیاش به‌ هه‌مان شێوه‌، داروده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ناو سه‌رمایه‌یه‌کی که‌م وێنه‌دا نو‌قم بوون، هاوڵاتیانیش شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه‌ ده‌که‌ن بۆ په‌یداکردنی نانی ڕۆژانه‌یان‌. واته‌ ده‌قیق وه‌ک کوردستان، له‌ لایه‌ک سه‌ره‌ت‌و سامان‌و داهاتی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان‌، که‌ له‌ ڕێگه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ به‌ ده‌ستیان هێناوه‌و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ئاستی هه‌ژاری خه‌ڵکی کوردستان، هێنده‌ باس کراوه‌و به‌روارد کراوه‌، من لێره‌دا به‌ پێویستی نازانم چه‌ند باره‌ی بکه‌مه‌وه‌.

له‌و چوار وڵاته‌ نمونه‌یه‌ی هێناویه‌ته‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتداران‌و خه‌ڵکیدا نییه‌. ده‌سه‌ڵاتێک که‌ به‌ زۆری چه‌ک‌ هاتۆته‌ سه‌ر کار‌و ده‌سه‌ڵات بۆ خۆی قه‌تیس ده‌کاته‌وه‌و له‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت سه‌روت‌و سامان بۆ خۆیان پێک ده‌هێنن، دوورن له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکییه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ کوردستانیشدا به‌ ڕۆشنی دیاره‌و قوباد تاڵه‌بانیش به‌ چاوخشاندنه‌وه‌یه‌کی خێرا ئه‌م ڕاستیه‌ به‌ دی ده‌کات.

دیاره‌ سه‌رۆکه‌کانی ولاتانی تریش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رواردی خۆیان ده‌که‌ن. پاش ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی تونس، موباره‌ک وتی که‌ میسڕ وه‌ک تونس نییه‌، قه‌زافی ده‌ڵێت که‌ لیبیا وه‌ک تونس‌و میسڕ نییه‌…هتد. هیچ یه‌کیش له‌م به‌رواردانه‌ له‌ ڕاپه‌ڕین‌و شۆڕشی خه‌ڵکیدا کاریگه‌ریان نه‌بوو، چونکه‌ هه‌موویان وه‌ک یه‌کن. بۆیه‌ قوباد تاڵه‌بانی دڵنیابێت که‌ کوردستان ده‌قیق وه‌ک ئه‌و وڵاتانه‌ وایه‌ که‌ ئاماژه‌ی پێ کردوون. لانی که‌م له‌ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌دا ته‌واو وه‌ک یه‌کن‌و پێم وانییه‌ ته‌نانه‌ت قوبادیش بتوانیت حاشا له‌مه‌یان بکات.

له‌ جێگه‌یه‌کی تری وتاره‌که‌یدا ده‌ڵێت: “هه‌موو ده‌زانین که‌ هێزه‌کانی ئاسایش‌و پۆلیس‌و پۆلیسی چالاکیه‌ سیڤیلیه‌کانیش ئاسایشی هه‌رێمه‌که‌مان ده‌پارێزن‌و جێی شانازی‌و سه‌ربه‌رزین بۆ گه‌له‌که‌مان…” نازانم نوێنه‌ری حکومه‌تێک، که‌ ئێستا خه‌ڵکی له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به‌رامبه‌ری ڕاپه‌ڕیون، چۆن ده‌توانێت خۆی بکاته‌ نوێنه‌ر “هه‌مووی”و به‌ زۆر سه‌ربه‌رزمان بکات به‌ هێزه‌ چه‌کداره‌کانی حزبه‌کان؟!

پێم وایه‌ پێویستی به‌ لێکدانه‌وه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی قووڵ نییه‌ بۆ حاڵی بوون له‌ ماهیه‌تی ئه‌م هێزه‌ چه‌کدارانه‌ی لای قوباد تاڵه‌بانی جێگه‌ی شانازییه‌. وه‌ک هه‌ر وڵاتێكی تری دیکتاتۆرو سه‌رکوتکه‌ر، هێزه‌کانی ئاسایش له‌ پێناو پاراستنی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌، نه‌ک خه‌ڵکی. ئه‌وه‌ هێزه‌کانی ئاسایشن ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌که‌ن، به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشاندان‌و ناڕازی خه‌ڵکی ده‌وه‌ستنه‌وه‌، چالاکوانانی سیاسی‌و مخالفینی ده‌سه‌ڵات زیندانی ده‌که‌ن…هتد.

ئه‌وه‌ش بڵێین که‌ له‌ کوردستاندا هێزی ئاسایش زۆر به‌ دوای هێزه‌ میلیشیای حزبه‌کان دێت. بڕوانه‌ ڤیدێۆکانی 17ی شوبات، له‌ لقی چواره‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌و ئاسایشه‌ی بڕیاره‌ ئارامی بپارێزێت، له‌ ته‌نیشته‌وه‌ ته‌ماشا ده‌کات. دواتریش ناتوانێت‌و ئه‌و مافه‌ی نییه‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ تاوانباران بکات‌و ده‌ستگیریان بکات. ئه‌وه‌تا چه‌ندین جار هه‌ڵسوڕاوانی سیاسی‌و ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌کان ده‌ڕفێندرێن‌و ئاسایش بێ ئاگای خۆی ڕاده‌گه‌ێنێت. له‌ ڕاستیدا ئاسایش بۆ شه‌رعیه‌ت دانه‌ به‌ هیزه‌ چه‌کداره‌کانی حزبه‌کان‌‌و ئه‌رکی پاراستنی ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌ره‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵک. ئه‌مه‌ش مایه‌ی شه‌رمه‌زاریه‌ نه‌ک سه‌ربه‌رزی‌و شانازی!

به‌ بۆچوونی من ده‌بوو قوباد تاڵه‌بانی سه‌ره‌تا داوای دادگایی‌و سزادانی ئه‌و که‌سانه‌ی بکردایه‌ که‌ ته‌قه‌یان کرد‌و فه‌رمانیان کرد به‌ که‌سانێک ته‌قه‌ بکه‌ن له‌ خۆپیشانده‌ران. ئه‌وجا باس کردن له‌ ئارامی هه‌رێمه‌که‌ مانایه‌کی په‌یدا ده‌کرد. ده‌بوو کاتێک د. پشتیوان عه‌بدوڵا‌و نه‌وزاد بابان‌و هاوڕێیانی ده‌ڕفێندرێن، بیپرسیایه‌، که‌ ئه‌و هیزانه‌ی قه‌راره‌ ئاسایشی خه‌ڵکی بپاریزن، چۆن کاری له‌و چه‌شنه‌ ده‌که‌ن؟ له‌ حوکه‌مته‌که‌ی بپرسیایه‌، که‌ بۆ تا ئیستاش له‌ هه‌ولێر ڕێگه‌ به‌ خۆپیشاندان نادرێت؟ کاتێک به‌رده‌وام گولله‌کانی ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ییان هه‌یه‌ بنرێن به‌ سنگی که‌سانی ناڕازییه‌وه‌ یان بێ سه‌روشوێن بکرێن، باس کردن له‌ ئارامی‌و دیالۆگ کایه‌یه‌کی ته‌واو پووچه‌.

له‌ به‌شێکی نووسینه‌که‌یدا دێته‌ سه‌ر لاوان‌و هۆشداری ده‌دات به‌و باوکانه‌ی منداڵه‌کانیان له‌ خۆپیشاندانه‌کاندایه‌و له‌ جێگه‌یه‌کی تریش تکا ده‌کات که‌ “یاری به‌ ژیانی پیرۆزی نه‌وه‌ی نوێمان نه‌کرێت.”

باش وایه‌ قوباد تاڵه‌بانی عه‌زێت بکێشێت‌و بچێته‌ سلێمانی، هه‌ولێر، که‌لار یان هه‌ر جیگه‌یه‌کی تری کوردستان، له‌ لاوان بپرسیت “خۆشی ژیانی ئێوه‌ چییه‌؟” بپرسێت که‌ “به‌ چی ئومێدێکه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ ئاینده‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌که‌دا ده‌ورتان بێت؟” بزانیت چی وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌. بێجگه‌ له‌ بێزاری، له‌ بێ تاقه‌تی، له‌ دڵته‌نگی، له‌ گاڵته‌ کردن به‌ ژیانێک که‌ به‌ زۆرو به‌ پێچه‌وانی خواستی خۆیانه‌وه‌ به‌ سه‌ریاندا سه‌پێندراوه‌‌، هیچی تریان لێ نابیستیت! ئه‌گه‌ر بچوکترین فرسه‌تیشیان بێت، هه‌ڵدێن‌و کوردستان جێ ده‌هێڵن. سه‌ردانێکی که‌مپه‌کانی ئه‌وروپا بکه‌و سه‌دان لاوی کوردستان ببینه‌، که‌ هه‌رچی مه‌ینه‌تی دنیایه‌ چه‌شوتیانه‌ تا گه‌شتونه‌ته‌ ئه‌و که‌مپه‌و توانیویانه‌ خۆیان ڕزگار بکه‌ن. دیاره‌ باس له‌و به‌خته‌وه‌رانه‌ ده‌که‌م که‌ ده‌گه‌نه‌ ئه‌وروپاو ئه‌و شانسه‌یان هه‌بووه‌ سه‌لامه‌ت ده‌رچوون، چونکه‌ زۆرێک له‌ ڕێگادا تووشی چه‌ندین کاره‌سات ده‌بن، که‌مئه‌ندام ده‌بن، گیانیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌شێکیان ته‌نها لاشه‌کانیشیان نادۆزرێته‌وه‌. به‌شێکی زۆر ئێستاش چاره‌نووسیان دیار نییه‌ که‌ چیان به‌سه‌ر هاتوه‌… پرسیار ئه‌وه‌یه‌:‌ بۆچی؟ له‌ پێناوی چیدا لاوان ئه‌م ڕێگه‌یه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر؟ کێن ئه‌وانه‌ی یاری به‌ ژیانیانه‌وه‌ ده‌که‌ن؟!

هه‌ندێ دیمه‌نی ڤیدیۆی خۆپیشاندانه‌کانی کوردستان، به‌ ڕۆشنی پیشانی ده‌دات، کاتێک چه‌کداری حزبه‌کان‌و ئاسایش ته‌قه‌ له‌ لاوانی خۆپیشانده‌ر ده‌که‌ن، هه‌ندێک زۆر خۆڕاگرانه‌ به‌رامبه‌ریان دوه‌ستنه‌وه‌و ئاماده‌ن سنگیان بنێنه‌ به‌ر گولله‌… به‌ داخه‌وه‌ هۆکه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی‌و یه‌کیتیدا، ژیانێک بۆ لاوان خوڵقاوه‌، که‌ هیچیان نییه‌ له‌ ده‌ستی بده‌ن!

له‌ کاتی وه‌زیفه‌که‌یدا وه‌ک نوێنه‌ری حکومه‌ت‌و له‌ کاتی کۆبونه‌وه‌و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌ن‌و ده‌زگا نێونه‌ته‌وه‌یه‌کاندا، قوباد تاڵه‌بانی ڕووی دێت باس له‌وه‌ بکات، که‌ پاش 20 ساڵ له‌ حاکمیه‌تی ئه‌حزابی کوردایه‌تی، تازه‌ خه‌ڵک دێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان‌و داوای ئاوو کاره‌با ده‌کات؟ پڕ به‌ قوڕگیان هاواره‌ ده‌که‌ن “ئازادی، ئازادی!”؟!

له‌ کۆتایدا ده‌مه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ بده‌م، که‌ چه‌واشه‌کردن‌و بێ ئاگایی پیشاندان چاره‌سه‌ری ئه‌مڕۆی کێشه‌ی لاوان‌و خه‌ڵکی کوردستان ناکات، که‌ ئیستا ده‌ستیان کردۆته‌ ده‌ستی یه‌ک‌و بۆ سه‌رکه‌وتن هه‌نگاو ده‌نێن. پیشنیاری دیالۆگ‌و گفتوگۆ، جگه‌ له‌ چاواشه‌یه‌کی بێ ناوه‌ڕۆک، هیچی تر نییه‌و پێم وانییه‌ لای خه‌ڵکی ناڕازی کوردستان کڕیاری هه‌بێت. خه‌ڵک خواستی واقعی‌و ڕۆشنی خۆی هه‌یه‌، خه‌ڵک له‌ پێناو ژیانێکی باشترو شایسته‌ به‌ مرۆڤ هاتۆته‌ مه‌یدان‌و خه‌باتیان بۆ سه‌رکه‌وتن ده‌به‌ن! دڵسۆزی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ په‌نا داخوازیه‌کانی خه‌ڵکیدا ده‌وه‌ستێت، تاوانباران‌و بکوژانی خۆپیشانده‌ران مه‌حکوم ده‌کات‌و به‌ ڕاستی له‌ پیناو ئه‌وه‌ی که‌ یاری به‌ نه‌وه‌ی نوێوه‌ نه‌کرێت، کار ده‌کات! لاوان خۆشیان به‌ هێزی فراوانه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ مه‌یدان، تا چیتر ڕێگه‌ نه‌ده‌ن یاری به‌ چاره‌نووسیانه‌وه‌ بکرێت.

11.3.2011

 ته‌بینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 267ی بڵاوکراوی ئاوێنه‌دا بڵاوکرایه‌وه‌.

Entry filed under: بنار مسته‌فا. Tags: .

سلێمانی:ده‌یــــان که‌س ده‌ستگیركراون و زیــــاتر له‌ 100برینداریش هه‌یه‌ شه‌ق بوه‌شێنه‌و پاقلاوه‌ وه‌ربگره‌

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,943 hits

%d bloggers like this: