ئــــەنجومەنى کــــاتى مــــەیدانى ئــــازادى

2011/04/07 at 8:00 PM Leave a comment

ئــــەو کــــاتــــەى شــــەقــــام دەدوێــــت:

 شۆرشی گه نچان:هاونیشتمانانى ئازادیخوازى کوردستان،وەک هەموان ئاگادارن دەستەڵاتدارانى سیاسى لە پاش هەڤدەى شوباتەوە کە چەکدارەکانیان بێ سڵەمینەوە فیشەکیان نا بە جەستەى شەکەت و بێئوێدى لاوانمانەوە، خەڵکى ئازادیخواز لەم هەرێمەدا ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ سنور دانان بۆ ئەم بێڕێزى و تاوانانەى دەستەڵاتداران بەرامبەر هاونیشتمانیانى هەرێم. لەو ڕۆژەوە دەستەڵاتدارانى سێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم کە ئامڕازى دەستى حیزبن لە جیاتى مامەڵە کردن لەگەڵ قەیرانەکەدا و جێبەجێکردنى داواکاریەکانى خۆپیشاندەران، بە بەردەوامى سەرقاڵى سەرکوت و خۆڵکردنە چاوى ڕاى گشتیەوەن.
 سەرەتا هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە ئەوان لە پشت ئەم خۆپیشاندانانەوەن و دەیانویست لە ڕێگاى ئەمەوە کۆمەڵگا دابەشبکەن وەک چۆن لە ماوەى بیست ساڵى ڕابردوودا کردویانە، تا هەوادارانى خۆیان قایل یان ناچار بکەن کە بە هیچ شێوەیەک بیر لە بەشدارى کردن نەکەنەوە لە ناڕەزایەتی دەربڕیندا. لە لایەکى دیکەوە عەقڵیەتى حیزب سالارى ئەوان لەو تێناگات کە دەکرێت خەڵکێکى یەکجار ناڕازى نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز هەبن بتوانن پێکەوە و بە شێوەیەکى بەردەوام ناڕەزایەتى دەرببڕن بە بێئەوەى ئینتیمایان بۆ هێزێکى سیاسى هەبێت یان پەیڕەو لە ئایدیۆلۆژیایەکى دیاریکراو بکەن.
پێویستە بۆ ڕاى گشتى ڕایبگەیەنین کە هاونیشتمانیانى ناڕازى و خۆپیشاندەر هەروەک چۆن لە سەرجەم چین و توێژەکان پێکهاتووین، ئاواش ئاساییە ئەندامان و لایەنگیران و بگرە کەسایەتى لە ئاستى سەرکردایەتى ئەو هێزە سیاسیانە بە بەردەوامى لە ڕیزى خۆپیشاندەراندا ئامادەییان هەبێت. ئەوەى ئێمەى لە مەیدانەکانى ئازادى کۆکردۆتەوە داواکارییە ڕەواکانمانە نەک ئینتیماى حیزبیمان. بەشدارى هاونیشتمانیانى لایەنگرى هێزى سیاسى لە خۆپیشاندانەکان هیچ لە شەرعیەت و ڕەوایەتى داواکاریەکانى خۆپیشاندەر کەمناکاتەوە و بگرە خاڵى بەهێزى ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەیە. هێزە سیاسیەکان دەبێت لەو ڕاستیە تێبگەن کە خەڵکانى نێو ئۆپۆزسیۆن بەر لەوەى حیزبى بن هاونیشتمانین، ئەوان چ وەک هێزى سیاسى یان وەک تاک ئازادن لە هەڵبژاردنى شێوەى درێژەدان بە خەباتى سیاسیان بێ ترس لە سزادان و تانەو تەشەر شوێنخستن.
ئێمە وەک ئەنجومەنى کاتى مەیدانى ئازادى ڕایدەگەیەنین کە تا ئێستا هەوڵى دەستەڵاتدارانى ئەم هەرێمە بۆ دانە پاڵى سیفەتى حیزبایەتیکردن بە مەیدانى ئازادىو هەوڵى ئەوان بۆ کەلێن خستنە نێوان شەقام و هەر هێزێک یان بکەرێکى سیاسى کە پشتیوانى لە داخوازیەکانى جەماوەر کردبێت هەوڵێکى نەزۆک بووە و وەک هاونیشتمانیان سەلماندومانە کە ئێمە لێرەین تا سنورێک بۆ ئەم فۆرمى حوکمڕانیەتیە دابنێن کە هاونیشتمانیان لە پەراوێزى سیاسەتکردندان و حیزبچێتى مۆرکى سیاسەتکردنە. ئێمە لێرەین بۆ داکۆکیکردن لە مافە سەرەتاییەکانى خۆمان، بۆ داکۆکیکردن لە ئازادى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى و بوونمان وەک هاونیشتمانی. 
هێندەى پەیوەندى بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە هەبێت، گرنگە هەموان بزانن کە ئەوان لەم هەرێمەدا بەرنامەى سیاسى خۆیان هەیە، و بەشێک لە هاونیشتمانیانى هەرێم پشتیوانیان لێدەکەن، دەنگیان پێداون و دەکرێت ئەندامیان بن یان هاوسۆز. بوونیان لە مەیدانەکانى ئازادى دیاردەیەکى سیاسى تەندروستە.ئێمە لێرەوە داوا لە سەرجەم هاونیشتمانیانى خۆپیشاندەر دەکەین بە ئیرادەیەکى بەهێزەوە دژ بە هەر هەوڵێکى هەر لایەک بوەستنەوە کە بیەوێت شەقام بکات بە دژ ئۆپۆزسیۆندا و دواى هەوڵى هەر لایەنێک نەکەون کە بیەویت سازش لە سەر داواکاریەکانى خۆپیشاندەران بکات.
بەڵام ڕاستیەک هەیە کە پێویستە سەرجەم هێزە سیاسەکان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە ددانى پێدا بنێن ئەویشە ئەوەیە کە ئێمە وەک هاونیشتمانیان لەم هەرێمەدا ماندوو بووین لەم فۆرمى سیاسەتکردنە کە حیزب یان ئایدیۆلۆژیاى سیاسى کۆنترۆڵى ئیرادەو عەقڵمان بکات. ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە خۆڕسکەى هەرێمى کوردستان بەرئەنجامى شکستى بیست ساڵەى حوکمڕانێتى دەستەڵاتدارانى کوردە، هاونیشتمانیان کاتێک ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتى دەربڕین بوو بەرامبەر سەرجەم شکست و گەندەڵى دەستەڵاتداران و ئەو تاوانە گەورەیەى بەرامبەر هاونیشتمانیانى ئەم هەرێمە کرا کاتێک گەنجەکانمانیان لە سەر مومارەسە کردنى مافێکى سەرەتایى خۆیان خەڵتانى خوێن و ئەم شارەیان بێکەس کوژ کرد.
ئێمە پەنجا ڕۆژە لە سەر شەقام نین بۆ مکیاژ کرن یان پینەکردنى ئەم دەستەڵاتە شکستخواردوە، بەڵکو لێرەین بۆ هێنانە کایەى ئەزمونێکى نوێ کە هاونیشتمانیان لە سەنتەردا بێت نەک حیزب و هێزى سیاسى. بە هۆى ئەو تاوانانەى ڕویاندا و بێباکى هەر سێ سەرۆکایەتیەکانى ئەم هەرێمە بۆ دادگایى کردنى تاوانباران و نەهاتن بە دەنگ داخوازیەکانى جەماوەرەوە، ئێمە گویشتینە ئەو باوەڕەى کە هەر سێ سەرۆکایەتیە فەرمانڕەواکان نوێنەرى حیزبن نەک هاونیشتمانیان ،لەم دیدگایەوە ئەوان شەرعیەتى ئەخلاقى و سیاسیان لە دەستداوە و پێویستە لە پڕۆسەیەکى ئاشتیخوازانەدا کار بۆ گۆڕانکارى بنەڕەتى گواستنەوەى ئاشتیانەى دەسەڵات بکەین.
لێرەوە بانگهێشتى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەین ڕێز لەم ئیرادەیەى شەقام بگرن و هاوکار بن لەم پڕۆسەى گۆڕانکاریە لە پێناو چاکەى کۆى کۆمەڵگاو هاونیشتمانیان، نەک هەوڵ بدەن شەقام بەکاربهێنن بۆ بەرنامەیەکى سیاسى کە ژیان بکاتەوە بە بەر ئەو ئەزمونە شکستخواردوەدا و نەتوانێت خزمەت بەم گۆڕانکاریە بنەڕەتیە بکات کە پێویستە بۆ کۆتایهێنان بەم قەیرانى حوکمڕانیە.

پایەدار بێت ئیرادەى گەل

         ئەنجومەنى کاتى مەیدانى ئازادى
          7/4/2011

Entry filed under: ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی. Tags: .

خۆپیشاندانی هەولێر یەكلاییكەرەوەیە…ئۆپۆزسیۆن پشتیوانیی دەكات پارتی و یه‌كێتی‌ وڵامیان دایه وه‌:ئه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن داوایده‌كات چاكسازی‌ نییه‌

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,797 hits

%d bloggers like this: