دۆعا قوربانیی دین و ناسیونالیسم!

2011/04/09 at 12:09 AM Leave a comment

عوسمان مەلا:بۆن بە  لێوتەوە دەکەن نەکای بۆنی ماچی لێ  بێت
گوێ بە دڵتەوە دەنێن نەکای حەزێک لە توێیدا بێت
دنیاێەکی سەیرە گوڵم!
هەزاران لێو بران لە  بەر ماچێک
هەزاران دڵ دران لە شیش لەبەر حەزێک
دنیاێەکی سەیرە گوڵم!

دۆعا و دۆعاکان کوژران، سەربردران، سوتێنران، بەردەباران و بلوک باران کران تا رقی دژی خۆشەویستیی خودا و سەرۆکی نەتەوکان دامرکێ. دۆعاکان دەبنە قۆچی قوربانی بۆ خودای پیاوان و تەختی دەسەڵاتی سەرۆکەکانی نەتەوە. گوناهی کەبیرەی دۆعا تەنیا خۆشەویستی بو و هیچیتر. بەڵام هەیهات، دینی باوکی دۆعا و دینی باوکی خۆشەویتەکەی جیاواز بون. کورد بونی هەردوکیان دەوری نەگێرا و کۆشتیان تا ناموسی خودا پارێزراو بێت. لێرەدا دین پیرۆزە تا نەتەوە. بە هەمان شێوە دەسەڵاتی نەتەوە و ئاڵای شەکاوەی نەتەوایەتی کە هەزاران دۆعا و دڵدارەکەی خوێنیان بۆ رشت، نەک دەوری نەگێرا، بەڵکو لە ژێر سێبەری ئەم ئاڵاێە و بە فەرمانی خودا، دۆعاێان کوشت. سەرۆکی نەتەوە بۆ رازی کردنی خودای دین و کۆشکەکەی خۆی، فەرمانیدا دۆعا بلوک باران بکەن، پۆلیسەکانی نەتەوە ئامادە باش دران وەک ئەوەیکە داگیرکەر شەیپوری شەری لێدابی و نیشتمان لە خەتەردا بێ، چونە سەنگەر و سەری ئاڵایان هێناێە خوارەوە تا پیاوانی خودا هاتن و دۆعاێان کوشت، بەو جۆرە کۆشتیان کە بینیتان، بۆێە کوشتیان تا ببێتە ترس و عیبرەتیک بۆ دەڵدارانیتر کە نەکای بوێرن سنوری یاساکانی خودا و نەتەوە بشکینن، ئەگینا بە دەردی دۆعا دەچن.

ئازادی و خۆشەویستی، لە قاموسی دین و نەتەوەدا بێ مانایە. زیاتر لە ٣٠ هەزار ئینسانی ژن لە نەتەوەی کورد، لە ماوەی ٢٠ ساڵ حکومەتی نەتەوایەتیی کورد دا، بە دەستی پیاوانی هاونەتەوە کوژران، نە خودا و نە یاسا و نە ئاڵا و نە نیشتمان فریایان نەکەوت و تەنانەت نابی باسیش بکریت، چونکە لەبەر پاراستنی ناموسی باوک و نەتەوە کۆژراون. نابێ باسیان بکرێ چونکە یاساکانی خودایان پێشێل کردوە. دۆعا و دۆعاکان هێشتا نازانن لە وڵاتی خوداکانی زەوی و ئاسماندا خۆشویستی گەورەتری گوناه و تاوانە. کێ دیویە بێچوە ئاسکێکی تازە لە دایک بو، لە مەڵبەندی کەمتیارە برسیەکاندا بتوانێ بژیت؟

ناسیونالیسم و دین دژ بە ئینسان و ئینسانیەتن. لە ناوەرۆک و پێکهاتەی فکرەیی دین و ناسیونالیسمدا شتیک بە ناوی ئینسان و مافی ئینسان، خۆشەویستی ئینسانی و ئازادی بونی نیە. ئەگەر هەێە، تەنیا وەک وەسیلە و کالا و کەرەسەی بەدەست هینان و پاراستنی دەسەڵاتدا بوە و هەێە بۆ سەرانی دین و سەرۆکانی نەتەوە. دین و ناسیونالیسم بە درێژایی مێژو، بە تایبەتی لەم یەک دو سدەێەی رابوردودا، هۆکار و عاملی کوشتار، ئاوارەیی، ماڵوێرانیی میلیونان ئینسان بوە.

بە پێی پێویست لە سەر کۆشتنی دۆعا و هەزاران کچ و ژنی بێ پەنای دیکە، لەسەر خۆ کوشتن و خۆ سوتاندن و خۆ هەڵواسینی دەێان هەزار کچ و ژنی دیکە بۆ رزگار بون لە دەست ژیان، لە کومەڵگاکانی ژێر دەسەلاتی دین و ناسیونالیسمدا، لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی رێشە و هۆکارەکان زۆر کەمە. ریشەکانی ئەم کۆشتار و بەربەریەتە کە دژ بە ژنان ئەنجام دەدری، لە لاێەن نوسەران و روناکبیرانی نەتەوەییەوە یان باس ناکرێ، یان ئەگەر باسیشیان کرد، بە هێنانەوەی سەدان بڕ و بیانوی دەستکرد و بە ملجە ملج پاساوی دەکەن. ئەمە لە حاڵێک داێە کە ریشە و سەرچاوەکانی ئەم ستەم و تەعەدا و بێ مافی و کوشتارانەی ژنان رون و ئاشکراێە.

سەرچاوەی پێشێل کردن و ستەم و هەڵاواردن، کوشتن و خەتەنە و مارە بە جاش، ژن بە ژنە و گەورە بە بچوک، فرە ژنە و لە یەک وشەدا بە ئینسان حەساب نەکردنی ژن، باوەڕ و عەقڵیەتی پیاوسالاری و دینە! لێرەدا گرنگترین خاڵ  کە هەمان، کۆتایی هێنان بەم هەلومەرجە نا ئینسانیەی ژنان و رزگار بونیانە، بە هیچ شیوەێەک لە لاێەن روناکبیرانی بورژوازی و نەتەوەییەکانەوە نەک باسی لێناکری، بەڵکو بە بیانوی (ئێستا کاتی ئەم باسە نیە و وڵات لە مەترسیداێە) چاوپۆشی لێ دەکەن. لە لاێەکیترەوە، خودی ناهوشیاریی و کەمتەرخەمیی ژنان بە مافە ئینسانی و یەکسانەکانیان لەگەڵ پیاو، وە هەروەها بونی برێک لە ژنان بە داردەستی سیستەم و عەقڵیەتی پیاوسالاری و دینیی لە بەر برێک پلە و پاێەی نزمی ئیداری کە ئەویش بۆ ریاکاری و فریودانە، وە یان زێر و بازنە و خشڵ، هۆکارێکی دیکەی بەردەوام بونی ستەم و تەعەداێە لەسەر ژنان.

بە پێی بەڵگەی حاشا هەڵنەگر کە خودی وتەکانی خوداکان و پێغەمبەرانی دینە بە ناو ئاسمانیەکانە، سەرچاوەی زٶلم و ستەم و هەڵاواردن لەسەر ژنان، دینە بە گشتی و، بەتایبەتی دینەکانی جولەکە، مەسیحی و ئیسلامە. ئەم دینانە بنیادنەران و دەستپێکەرانی زوڵم و چەوسانەوە و بە کویلە کردن و ستەم لەسەر ژن بون و هەن. ئەگەر پیاو خاوەن و باڵادەستە بەسەر ژندا و دەبێ ژن ملکەج و گوێراێەڵی پیاو بێ، دەگەرێتەوە بۆ فەرمانەکانی خودا. خوداش دروست کراوی پیاوانە و لە جنسی پیاوە. خودا نێرینەێە و وەک پیاوێکی حاکم و یان سەرۆک عەشیرەیەک بیر دەکاتەوە. ژن لە پروگرامی خوڵقاندنی ئەم خوداێانەدا بۆ لەزەتی جنسی و خزەمتکاری پیاو دروست کراوە. لە کتێبەکانی خوداکاندا، بەتایبەتی خودای ئیسلام، هیچ حەسابێک بۆ هەست و ئێحساس و حەزی ژن دانەنراوە و تەنیا دەبێ لە خزمەت حەز و هەست و ئێحساسەکانی پیاودا بێت. دیارە برێک وتەی پوچ و بێ مانای ئیسلامیەکان هەێە کە دەڵێن ” بەهەشت لە ژێر پێی دایکان داێە”، خودی ئەم وتەێە، گەورەترین سوکاێەتی و بێ حورمەتیە بە ئینسانی ژن بە گشتی و بەتایبەتی بە دایک! ئەو بەهەشتەی کە الله بەڵێنی داوە، بەس بۆ پیاوانی موسوڵمانی جیهاد کەرە. با بزانین بەهەشت چیە کە دایکی پێ دەنرخێنن و شانازی پێوە دەکەن. ئاێا بەراستی بەهەشت چێە؟ بۆ کێە؟ خەڵاتی بەهەشت چیە کە زۆر پیرۆزە و وەک پلەێەکی بەرزی دینی دەدری بە دینداران لەبەر دایکان؟

بەهەشت لە خویدا سوکاێەتیە بە کەساێەتی  و ئابرو و حورمەتی ژن. بەهەشت جێگای سێکس و خواردنەوە و رابواردنی پیاوی موسوڵمانە لەگەل ژنانی زۆر و منداڵی کوری توک نەکردو. بەهەشت شوێنی هەتیوبازیی خلیفەکان و پێغەمبەران و پیاو ماقوڵانی دیندارە. لە بەهەشت یاسای فرە ژنی پێویستی بە پەسەند کردن نیە و خودا خۆی ژنان دابەش دەکا بەسەر پیاوانی دینداردا. خەڵاتەکانی بەهەشت هەر ئەو شتانەن کە خودی ئیسلام لەم دونیاێەدا بە پیس و حرام و بێ ئەخلاقی ناویان دەبا و بە پێی وتەکانی الله خەڵکیان لەسەر سزا دەدەن. ئاێا ئەمەێە ئەو رێز لینانە لە دایکان؟ یان ئەوپەری سوکاێەتی و بێ حورمەتیە بە کەرامەتی دایک و ئینسانی ژن؟ وەک ئەوە واێە بڵیی: مەلهە لە ژێر پێی دایکانداێە.

بە هۆی زاڵ بونی بێرەحمانە و توندی دین و پیاوسالاری لە کوردستاندا، لە زەمینەی ناساندنی راستیەکان دەرباری روانگەی دین سەبارەت بە ژن، بابەت و نوسراوە یان هەر نیە، یان ئەگەریش هەێە، زۆر کەمە و راشکاوانەش نیە. لەم بارەێەوە بەرهەم و لێکۆڵینەوەێەکی ئەوتۆ لە لاێان خودی ژنانیشەوە بەدی ناکرێ. لێرە و لەوێ چەند ژنێک هەن کە جاروبار شت دەنوسن، بەڵام نوسینەکانیان لە چوارچیوەی فکریی ئەو حێزبانەدایە کە تێیدا ئەندامن، یان مێرد و کەس و کاری پیاویان بەرپرسی حیزبی و ئەندامن. تەنیا بابەتێک کە بوێرانە و بێ پەردە و بێ پاشکۆیەتی حیزبی بینیومە و خوێندومەتەوە دەر بارەی روانگەی ئیسلام لە سەر ژن، بابەتێکە بە ناوی ” ژن لە قورئان و حەدیسدا’ کە “بەهار نەسرەدین” نوسیویەتی. ئەمە یەکەمجارە لە بواری لێکۆڵینەوی رونگای دینی ئیسلام بۆ سەر ژن، ئاوا بە سەراحەتی تەواو و بێ پەردە پەنجە خرابێتە سەر پێشیلکاریەکانی ئیسلام درحەق بە مافە ئینسانیەکانی ژن، هەڵاواردن لە دژی ژن و بە ژێر دەستە کردنی ژن. بەڵگەکانی ئەم بابەتە بۆ هەر هەمو ئاێەتەکانی قورئان و حەدیسەکانی پێغەمبەری ئیسلامە . بە پێی ئەم ئاێەت و حەدیسانە ژن وەک ئینسانی تەواو و خاوەن ماف عەسابی بۆ ناکرێ. هیوادارم بەردەوام بێت و لاێەنەکانی دیکەی ئەو تەعدا و ناحەقیانە کە دین بەرانبەر بە ژن کردویەتی و دەیکا، شی بکاتەوە و رێگا چارەشی بۆ پێشنیار بکا.

لێرەدا بە کۆمەڵیک پرسیار لە خودی ژنان، هەم وەک رونکردنەوە و هەم وەک چی کردن بۆ رزگار بونیان لە ستەم و زۆڵم و چەوسانەوەی دینی و پیاوسالاری، ئاراستەی خودی ژنان دەکرێ کە جێگای خۆێەتی بە کردەوە کار بکرێ بۆ وڵام پێدانەویان. بەر لە هەمو شتیک دەبێ ژنان واز لە پاشکۆیەتی پیاوان و حێزبە پیاوانەکان بێنن و دەست بەکار بن بۆ رزگار بون! دەست بەکار بن بۆ پاشەکشە پێکردن و سرینەوەی هەمو بنەماکان و یاسا و نەریتە دینی و پیاوسالاریەکان. دەبێ ماڵاوایی لە شەرم و شەرەف و ناموسی سەپێندراوی دینی و پیاوانە بکەن کە هەر هەموی تەوقی کویلەتی و ژێر دەستیی بوە لە مل و ئەستۆی ژناندا.

ئاێا ژنانی کورد تا ئێستا زانیویانە کە خورافاتی دینی ئیسلام، ئاێەتەکانی قورئان، حدیسەکانی پێغەمبەری ئیسلام، فتوای مەلاکانی ئیسلامی و بریارەکانی باوک و برای دینی چڵۆن ژنیان کردوەتە کویلە و گەورەترین زەبریان لە کەرامەت و ئینسانیەت و حورمەتی ژن داوە؟ ئەگەر تا ئێستا نەتان زانیوە، ئەمرۆ بە بەرەکەتی تەکنۆلۆژیا و گەشەی بیر و هۆش و عەقڵی مرۆڤ، هەمو راستیە شاراوەکانی ژێر عەبای دین و دەوڵەت و نەتەوە ئاشکرا بون و دەتوانین بیان بینین. دنیای ئەمرۆ، دنیای ئینتەرنیت و فەیسبوک و هوشیارییە. دەبێ هەمومان قورئان و حەدیس و فتواکان بخوێنینەوە بۆ تێگەیشتن و بەراورد کردنیان لەگەڵ مافی ئینسان و ئازادی و زانستدا.

ئاێا ژنانی کورد تا ئێستا زانیوتانە کە زۆرترین ئیهانەکان، زیاترین ستەمەکان و ژێر دەستیەکانتان لە ساێەی دینی ئیسلامدا دەر حەقتان کراوە؟ ئاێا دەزانن کە دینی ئیسلام بە جنسی پلە دو و تەنانەت کەمتریش حەسابتان بۆ دەکا؟ ئەگەر دەزانن بۆ قەبوڵی دەکەن؟ ئاێا دەزانن کە ئەگەر بزانن ئیسلام بە سوک و بێ نرخ سەیرتان دەکا و قەبوڵی دەکەن، خۆتان تاوانبارن؟

 بە داخەوە بەشیک لە ژنانی کورد، بونەتە مەلا و پەرە پێدەری ئەم دینە دژی ئینسانی و دژی ژنە، وە برێکیان بێشەرمانە راستیەکان دەشیوێنن بۆ برێک ناوبانگی درۆینە و ئیمکاناتی مادی و پلەێەک کە ژنانی پێ سەرکوت بکەن.

ئاێا بەراستی ژنانی کورد، پێتان واێە کە ژن لە هەمو بارێکەوە زەعیفەێە و کەمترە لە پیاو؟ ئاێا پێتان رەواێە بە نیوە ئینسان حەسابتان بۆ بکرێ و لە ئیرس و بەشدا، لە ماف و رەئیدا بە نیوە پیاو بخرێنە تای ترازو؟ ئاێا پێتان دروستە کە لە شاهێدی داندا ٢ ژن بە یەک پیاو دابنرێ؟

ئاێا ژنانی کورد تا ئێستا زانیوتانە کە لە قورئان، لە ئاێەتی ٣٤ی سورەتی ژندا (النیساء) الله فەرمان بە پیاوان دەدا کە بدەن لە ژنەکانتان؟ ئاێا بەراستی بۆ ژنیک کە خوی پێ ئینسان و خاوەن عەقل و حورمەت و شعور بێت، ئەم فەرمانە بێشەرمانەی خودای ئیسلام قەبوڵ دەکا؟ ئاێا دەزانن کە سەرچاوەی  تەواوی ئەم کۆشتن و  بەردەباران و خەتەنە و قەمچی لێدان و مارە بە جاش و فرەژنی و هتد، قورئانەکەی اللەێە.

ئاێا کاتی ئەوە نەهاتوە کە ژنان بۆ بەدەست هێنانەوەی ماف و حورمەتی پێشیل کراویان لە لاێەن ئیسلامەوە، راپەرن و  ئەم قورئانە سوک و دژی ئینسانیە بکێشن بەسەر ئەو پیاو و مەلاێانەدا کە روژانە لە دژی ژنان بەکاری دێنن و لە پارلەمانەکانی پیاوانی خودادا دەیکەنەوە بە یاسا؟

راپەرینی عەدالتخوازی لە جیهان دەستی پێ کردوە و بێگومان ژنانی کوردیش چیتر رێگا نادەن یاساکانی جەهەلات و سەردەمی نێرسالاری و وحشیگەریی عەرەبی ئیسلامیی ١٤٠٠ ساڵ لەوەپێش بەسەریاندا بسەپێنن. بە دڵنیاییەوە ژنانی کورد، بەقەدەر پێویست خوێان و مافە ئینسانیەکانی خۆێان ناسیوە. بە کردەوەش سەلماندویانە کە زەعیفە نین! نەک زەعیفە و بێ دەسەڵات نین، بەلکو بە کردەوە لێهاتویی و لێوەشاوییەکانی خۆیان سەلماندوە. لە زۆر بواردا سەرکەوتوتر و باشتر لە پیاوان ئەرکەکانیان راپەراندوە. توانیویانە لە پلەکانی باڵای خوێندن و زانستی، زانکۆکان، لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵاێەتی و ئابوریدا وەرزشدا سەرکەوتو بن و  باشتری پلە و شەهادە و خەڵاتی بەرز بەدەست بێنن. ژنانی کورد، وەک هەمو ژنای وڵاتانی پێشکەوتو، بە تایبەت لە دەرەوەی کوردستان کە مەجالیان هەێە و ئازادن، بە کردەوە سەلماندویانە کە دەتوانن شان بە شانی پیاوانی سكۆلار و یەکسانیخواز هەم پاشەکشە بە خورافاتی دینی و کۆنەپەرەستی بکەن و، هەم بە شیوەی سەردەمیانە و ئینسانی و سەرکەوتوانە، ئەرکە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداریەکان بەرێوە بەرن.

کاتی ئەوە هاتوە کە بە نوسین و وتار، بە رێکخستنی کۆڕ و کوبونەوە، بە تێکشکانی سنورەکانی ئەخلاقیاتی رزیوی دینی، بە فرێدانی لەچک و عەبای سوک و رسوای ئیسلامی، بۆ سرینەوە و وەلانانی دین و یاسا و ورێنە دینیەکان بێنە مەیدان و بڵێن نا بۆ دین و دەسەڵاتی دینی. کاتی ئەوە هاتوە کە بە رسوا کردنی عەقڵیەتی پوچی پیاوسالاری، بە یەک خستنی ریز و هێزی چیناێەتیان لەگەڵ پیاوانی یەکسانی خواز و ئازادیخواز، کۆتایی بەم سیستەمە دژی ئینسانیەی دین و ناسیونالیسمی سەرماێەداری بێنن. دەبێ ئیتر رێگا نەدەن دۆعاێەکی دیکە بە برچاویانەوە بلوک باران و بەردەباران بکەرێ. کاتی یاخی بونە لە هەمو یاسا و ئاێەت و حەدیس و ناوەندەکانی بەرهەم هێنەرەوەێان. کاتی نمایش کردنی هێز و ئیرادەی ئازادیخوازانە و ماف خوازانەی بەرابەرە لە هەمو بارێکەوە لەگەڵ پیاوان. کاتی ئەوە هاتوە کە هەمو ژنانی کورد، بەتایبەتی خوێندکاران و خوێندەوارانی هوشیار بێنە مەیدان بۆ بەهێزتر کردنی بزوتنەوەی عەدالەتخوازیی کوردستان، تاکو داهاتوێەکی خۆش و گەش و ئینسانیمان هەبێت. بە بێ بەشدار بونی ژنان لە شورش و بە بێ ئازادیی ژنان، بە دڵنیاییەوە کوردستان قەت ئازاد و رزگار نابێت. سەرکەوتنی ئەم راپەرینە نوێەی کوردستان لە گرەوی ئازادی ژنان و بەشداریی چالاکانەی ژنان داێە!

بژی عەدالەتی کۆمەڵاێەتی!

بژی ئازادی و یەکسانیی ژن و پیاو!

عوسمان مەلا

٧/٤/٢٠١١

Entry filed under: عو‌سمان- م. Tags: .

موجاهیدین ده ڵێت لانی که‌م 28ئه‌ندامی کوژراون و 300که‌سیش بریندار بوون به‌ڵێ بۆ داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌ران و نا بۆ توقاندن و كوشتن

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,893 hits

%d bloggers like this: