به‌رپرسێكی‌ كۆمۆنیست:پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌ به‌یاننامه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یان هه‌أه‌شه‌ی‌ به‌لیبیاكردنی‌ كوردستان ده‌كه‌ن

2011/04/13 at 4:37 PM Leave a comment

سازدانی‌: ئاڵا له‌تیف

 تاهیر حه‌سه‌ن راوێژكاری‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ حیزبی‌ كۆمۆنیستی‌ كرێكاری‌ كوردستان، باس له‌بارودۆخی‌ ناوچه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و خۆپیشاندانه‌كان ده‌كات، ره‌خنه‌ له‌وه‌ڵامه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێت، پێشیوایه‌ به‌یاننامه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ به‌لیبیاكردنی‌ كوردستانه‌‌و توندوتیژی‌ لێده‌كه‌وێـته‌وه‌.
هاوڵاتی‌: هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئێوه‌ وه‌ك حیزبی‌ كۆمۆنیست بۆ به‌یاننامه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ چییه‌‌و تاچه‌ند وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ به‌داواكارییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران؟
تاهیر حه‌سه‌ن: هه‌روه‌ك ئێمه‌ له‌به‌یاننامه‌كه‌ی‌ خۆماندا باسمانكردووه‌ له‌كاتێكدا كه‌ خه‌ڵك به‌دڵێكی‌ پڕ له‌حه‌سره‌ته‌وه‌ چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ بوو سه‌ره‌تاییترین خواستیان ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بكوژانی‌ رۆڵه‌كانیان بدرێته‌ دادگا‌و له‌قه‌فه‌سی‌ تۆمه‌تباركردندا بیانبینن، به‌ڵام به‌به‌یاننامه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش، یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن له‌خه‌ڵكی‌ كوردستان، به‌به‌هانه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن‌و له‌پشتی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ زۆر ئاشكرا ده‌كه‌ن له‌خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و ده‌یانه‌وێت ئه‌بعادێكی‌ سه‌ربازی‌ بده‌ن به‌م مه‌سه‌له‌یه‌، واته‌ به‌بڕوای‌ من ئه‌وان به‌م به‌یاننامه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ به‌لیبیاكردنی‌ كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ به‌یه‌كگرتوویی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان وه‌ڵام نه‌درێته‌وه‌‌و خۆپیشاندانه‌كه‌ن دامێنێكی‌ فراوان نه‌گرێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ ئاشكرایه‌و به‌لیبیاكردنی‌ كوردستانه‌‌و ئه‌وه‌شی‌ ده‌توانێت به‌ربگرێت به‌ڕوونه‌دانی‌ ئه‌مه‌، ته‌نیا هاتنه‌مه‌یدانی‌ سه‌رانسه‌ری‌ خه‌ڵك‌و فراوانكردنی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان‌و مانگرتنی‌ سه‌رانسه‌رییه‌، خۆ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر له‌ئێستادا بیانتوانیایه‌ ئه‌و ته‌وقه‌ سه‌ربازییه‌ بشكێنن ئه‌وا له‌هجه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕدراو به‌مشێوه‌یه‌ قسه‌ی‌ نه‌ده‌كرد، ئه‌مه‌ هاتنه‌ مه‌یدانێكی‌ سه‌رانسه‌ری‌ جه‌ماوه‌رییه‌ كه‌ وڵاتانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستی‌ گرتووه‌ته‌وه‌‌و به‌ری‌ پێناگیرێت، بۆیه‌ هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی‌ ئه‌وان نائاكامه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات نیازێكی‌ ئێجگار خراپی‌ هه‌یه‌ كه‌ بارێكی‌ سه‌ربازی‌ بداته‌ ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی‌ له‌كوردستاندا هه‌یه‌.
هاوڵاتی‌: كاتێك ده‌ڵێن ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ به‌رپاكردنی‌ جه‌نگه‌، پێتانوایه‌ جارێكی‌ تر په‌ناده‌برێته‌وه‌ بۆ زه‌بروزه‌نگ‌و چه‌ك به‌ئامانجی‌ سه‌ركوتكردن‌و بڵاوه‌پێكردنی‌ خۆپیشانده‌ران؟
تاهیر حه‌سه‌ن: ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ئه‌گه‌ره‌كان، قه‌یرانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات گیری خواردووه‌ به‌ده‌ست ئه‌وه‌ی‌ ئێستا رووده‌دات‌و نازانێت چی‌ بكات، به‌تایبه‌ت كه‌ كوردستان وه‌كو میسر نییه‌ حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتێك هه‌بێت ئه‌گه‌رچی‌ خراپیش بێت، له‌میسر ده‌سه‌ڵات‌و حكومه‌ت‌و موئه‌سه‌ساتێك هه‌بوو كه‌ به‌ده‌ست حیزبه‌كه‌ی‌ موباره‌كه‌وه‌ بوو، به‌ڵام له‌كوردستان ناوچه‌ی‌ هه‌ولێر‌و بادینان هی‌ پارتییه‌و كه‌ ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ بڕاوه‌یه‌ له‌به‌رانبه‌ردا نه‌حكومه‌ت هه‌یه‌ نه‌په‌رله‌مان نه‌ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌م ناوچه‌یه‌ كه‌ ئێستا ته‌وازنی‌ هێزی‌ خه‌ڵك له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵات له‌سلێمانی‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ولێر، به‌وه‌ی‌ ئه‌حزابی‌ تر هه‌یه‌، ئێمه‌ هه‌ین، گۆڕان هه‌یه‌، یه‌كگرتوو هه‌یه‌..هتد. ده‌سه‌ڵات ئێستا خه‌ریكی‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانه‌ ئایا هێرش بكه‌ن، ئایا یه‌كێتی‌ خۆی‌ به‌ته‌نیا ده‌یكات ئه‌گه‌ر به‌ته‌نیا بیكات سه‌رده‌كه‌وێت، ئایا پارتی‌ هێرش بكات‌و هێز بێنێت بۆ ناوچه‌ی‌ سلێمانی‌؟
هاوڵاتی‌: باس له‌وه‌ده‌كرێت ده‌سه‌ڵات چه‌ند سیناریۆیه‌كی‌ بۆ بڵاوه‌پێكردنی‌ خۆپیشانده‌ران داناوه‌، پێتوایه‌ ده‌سه‌ڵات له‌جێبه‌جێكردنی‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟
تاهیر حه‌سه‌ن: راسته‌ ئه‌و سیناریۆیانه‌ هه‌ن، به‌ڵام ئێستا ده‌سه‌ڵات له‌قه‌یراندایه‌، له‌قه‌یرانیشدا زۆرجار قو‌وڵبوونه‌وه‌ی‌ قه‌یران رێگاچاره‌یه‌، به‌ڕای‌ من ئه‌مه‌ی‌ ئێستای‌ كوردستان ئاوایه‌، ئه‌و قه‌یرانه‌ی‌ ئێستا له‌كوردستاندا هه‌یه‌ ده‌بێت قو‌وڵ‌ بكرێته‌وه‌‌و سه‌رانسه‌ری‌ بكرێته‌وه‌، ده‌بێت هه‌ولێر‌و ناوچه‌ی‌ بادینان بگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ولێر داخلی‌ ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ ببێت ته‌واوی‌ سیناریۆكان ده‌گۆڕێت، ته‌وازنی‌ خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕێت، هه‌رچه‌ند هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌رن، به‌ڵام تۆپن له‌نێو ساحه‌كه‌دا، هه‌موو ئه‌و سیناریۆیانه‌ی‌ هه‌ن لێكدانه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر قه‌یرانێك كه‌ هه‌یه‌، له‌ روانگه‌ی‌ ئێمه‌وه‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌تا زه‌مانێك ئه‌و ته‌وقه‌ سه‌ربازییه‌ی‌ سه‌ر شاری‌ هه‌ولێر نه‌شكاوه‌ ئه‌م ئه‌نجو‌ومه‌نه‌ كاتییه‌ی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌نجو‌ومه‌نه‌ كاتییه‌كانی‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ دیكه‌ فراوان بكرێت، نوێنه‌رانی‌ ژنان‌و فه‌رمانبه‌ران‌و چینه‌كانی‌ دیكه‌ بێنه‌ ناو ئه‌م ئه‌نجو‌ومه‌نه‌وه‌‌و ئه‌نجو‌ومه‌نه‌كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌م ناوچانه‌دا بگرێته‌ ده‌ست تاماوه‌یه‌كی‌ دیاریكراو بۆئه‌وه‌ی‌ زه‌مینه‌ سازبكرێت بۆ هه‌ڵبژاردنێكی‌ سه‌رانسه‌ری‌، به‌ده‌رله‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن خه‌ریكییه‌تی‌ به‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ دیكه‌ به‌رێته‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌‌و ئیمتیازیان پێبدرێت، به‌ڕای‌ من نه‌چاره‌سه‌ری‌ ده‌كات‌و نه‌نوێنه‌رایه‌تی‌ خه‌ڵك ده‌كرێت، یه‌كێك له‌بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌20 ساڵی‌ رابردوودا له‌په‌راوێزی‌ داهات‌و سیاسه‌تی‌ ئه‌م وڵاته‌ راگیراون، خه‌ڵك ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵات‌و حكومه‌تێك دروست بكه‌نه‌وه‌ كه‌ خۆیان نوێنه‌رایه‌تی‌ بكرێن له‌داهات‌و سیاسه‌تی‌ وڵات.
هاوڵاتی‌: خه‌ڵك‌و ئۆپۆزسیۆن ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌راورد ده‌كات به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عس‌و موباره‌ك‌و..هتد، ده‌سه‌ڵاتیش ئه‌م به‌راوردكارییه‌ به‌ناشه‌رعی‌‌و ناحه‌قی‌ داده‌نێت، ئێوه‌ له‌كوێی‌ ئه‌و به‌راوردكارییه‌دان؟
تاهیر حه‌سه‌ن: به‌راوردكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتێك له‌كوردستاندا هه‌یه‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ حوسنی‌ موباره‌ك به‌بڕوای‌ من ته‌نانه‌ت ناهه‌قییه‌ به‌حه‌قی‌ حوسنی‌ موباره‌ك، حكومه‌ت له‌كوردستاندا نییه‌، به‌ڵام له‌میسردا حكومه‌تێك هه‌بوو كه‌ ده‌كرا بڵێیت حكومه‌تێكی‌ دیكتاتۆری‌ گه‌نده‌ڵه‌، به‌ڵام حكومه‌ت هه‌بوو، ده‌كرا بڵێیت یاساكانی‌ نائینسانیین، به‌ڵام له‌م وڵاته‌ هیچ یه‌كێك له‌مانه‌ نییه‌ ته‌نانه‌ت وه‌ك سوریا نییه‌ كه‌ ئه‌وه‌ په‌یكه‌ره‌كانی‌ حافز ئه‌سه‌د كه‌وته‌ ژێر پێی‌ خه‌ڵك، لێره‌ نه‌ك حكومه‌ت نییه‌، به‌ڵكو دوو حیزب به‌هێزی‌ چه‌ك 20 ساڵه‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ ئه‌م وڵاته‌ بۆ خۆیان ده‌به‌ن‌و هه‌ریه‌كه‌و بۆخۆی‌ خاوه‌نی‌ ته‌له‌فزیۆن‌و بیره‌نه‌وتێكه‌، رێكخراوێكی‌ قوتابیان ده‌توانێت زانكۆ دابخات، بینیمان خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌ولێره‌وه‌ بێن بۆسلێمانی‌ چوونه‌ توركیاو له‌وێوه‌ به‌ته‌یاره‌ هاتنه‌وه‌، له‌م وڵاته‌ ته‌نانه‌ت په‌یداكردنی‌ نان‌و كار ده‌بێت یان یه‌كێتی‌ یان پارتی‌ یان ئه‌و حیزبه‌ بیت كه‌ له‌ناو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا هه‌یه‌، لێره‌ ژیان‌و مانه‌وه‌ به‌مه‌رجی‌ لایه‌نگیرییه‌ بۆ حیزبێكی‌ سیاسی‌، له‌كاتێكدا له‌میسر یان شوێنی‌ تر وانه‌بووه‌ بۆیه‌ ناكرێت به‌وان به‌راوردیان بكه‌یت، به‌ڵكو ته‌نیا ده‌توانیت بڵێیت دوو هێزی‌ مافیای‌ چه‌كدار ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ ئه‌م وڵاته‌داو ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ‌ من نه‌بیت ناتوانیت بژیت. ئه‌وان ده‌ڵێن من چه‌ندجار له‌شاخ شه‌قم له‌به‌رد هه‌ڵداوه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌ ملیۆنم هه‌بێت، خه‌ڵكێك له‌دوای‌ ساڵی‌ 91 له‌دایكبووه‌ ناتوانیت به‌ مه‌لا مسته‌فاو ئه‌نفال‌و شه‌هید‌و نه‌به‌رده‌كانی‌ قه‌یوان ماوه‌ت‌و..هتد هه‌ڵی‌ بخه‌ڵه‌تێنیت‌و بڵێیت جارێ‌ من قبوڵ بكه‌ باسه‌رۆك‌و حكومه‌ت بم، چونكه‌ رابردووه‌كه‌م وایه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌رای‌ ئازادی‌ ده‌یبینیت هه‌ریه‌كه‌ی‌ دوو تا سێ‌ زمان ده‌زانن‌و ئاگایان له‌تازه‌ترین رووداوه‌كانی‌ دنیایه‌‌و زۆر عاقڵترن له‌وانه‌ی‌ له‌سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌م وڵاته‌دا دانیشتوون‌و هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی‌ ملیاره‌ها دۆلارن، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌ كه‌ سه‌ر به‌لیسته‌كه‌ی‌ خۆشیان بوو بۆ ده‌ستیكێشایه‌وه‌، چونكه‌ نه‌یده‌توانی‌ له‌هیچ به‌رپرسێك بپرسێته‌وه‌ كه‌ سه‌روه‌ت‌و سامانه‌كه‌ی‌ له‌كوێ هێناوه‌.
هاوڵاتی‌: ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌سلێمانی‌ زیاتر له‌ 50 رۆژی‌ تێپه‌ڕاندووه‌، هه‌مان ماوه‌شه‌ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی‌ هه‌ولێر كۆنتڕۆڵكراوه‌، ده‌سه‌ڵات تاچه‌ندی‌ تر ده‌توانێت كۆنتڕۆڵی‌ ئه‌نجامنه‌دانی‌ خۆپیشاندان له‌هه‌ولێر بكات؟
تاهیر حه‌سه‌ن: زۆر شت كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ به‌رۆیشتنی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ حافز ئه‌سه‌دیش ته‌وژمێكی‌ دیكه‌ ده‌درێت به‌و خۆپیشاندانانه‌ی‌ له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست هه‌یه‌، ته‌وازنی‌ خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵات له‌سلێمانی‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ولێر، ده‌سه‌ڵاتێكی‌ سه‌ركوت له‌هه‌ولێر هه‌یه‌‌و رووی‌ به‌عسی‌ سپی‌ كردووه‌، ئێستا هه‌ولێر وه‌ك میزه‌ڵانێكه‌ كه‌ پڕپڕه‌ له‌هه‌واو كه‌مترین شت ده‌یته‌قێنێت، خۆپیشاندانه‌كانی‌ سلێمانی‌ خاڵی‌ لاوازی‌ دابه‌ده‌سته‌وه‌ به‌چوونه‌ سه‌ر لقی‌ چواری‌ پارتی‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ رێگه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانییه‌وه‌ پیشانی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ولێری‌ ده‌دات كه‌ سه‌یری‌ بكه‌ن له‌وێ‌ ته‌قه‌كراو په‌نجه‌ره‌ شكێنراو منداڵی‌ 12 ساڵ‌و پیاوی‌ 60 ساڵه‌ كوژرا، پۆلیس سه‌ری‌ شكا..هتد، ده‌سه‌ڵات له‌م رێگه‌یه‌وه‌ به‌خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بیكه‌ن ئێوه‌ش وه‌ك ئه‌وانتان لێیه‌ت، راسته‌ سه‌رئه‌نجام ناڕه‌زایه‌تییه‌كان هه‌ر ده‌گه‌نه‌ توندوتیژی‌، به‌ڵام له‌كوردستان زووبوو بۆ ئه‌مه‌، یه‌كێك له‌كێشه‌كانی‌ لیبیاش ده‌ستبردنی‌ زوو بوو بۆ چه‌ك كه‌ ده‌رگا كرایه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات سه‌ركوت بكات، له‌كوردستان ده‌سه‌ڵات زۆر هه‌وڵده‌دات بوار بكاته‌وه‌ بۆ توندوتیژی‌ به‌جنێودان‌و ناردنی‌ هاوشێوه‌ی‌ به‌ڵته‌جییه‌كان بۆئه‌وه‌ی‌ به‌هانه‌یه‌كیان هه‌بێت بۆ هێنانی‌ هێزی‌ چه‌كدار، پێموانییه‌ بتوانن هه‌تا سه‌ر هه‌ولێر كۆنتڕۆڵ‌ بكه‌ن، له‌تیرۆری‌ سه‌رده‌شت عوسمان بینیمان خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر چه‌نده‌ پڕو ناڕازییه‌ له‌م ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ولێری‌ راگرتووه‌ ته‌نیا سه‌ركوته‌‌و به‌بڕوای‌ من ئه‌م سه‌ركوته‌ له‌ئه‌ستو‌ورترین شوێنیدا ده‌پچڕێت‌و له‌وانه‌یه‌ زۆر توندوتیژتریش بێت له‌وه‌ی‌ له‌سلێمانی‌ روویدا.
هاوڵاتی‌: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات سه‌رای‌ ئازادی‌ چۆڵبكات، ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌ره‌و كوێ‌ ده‌ڕوات، ئایا به‌رده‌وامی‌ به‌ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌درێت له‌شوێنی‌ تر؟
تاهیر حه‌سه‌ن: من گومانم نییه‌ له‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتیش ده‌زانێت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بزانێت چۆڵكردنی‌ سه‌رای‌ ئازای‌ مه‌سه‌له‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات ئه‌وا هه‌ر ئه‌مشه‌و ده‌یكات، به‌ڵام ئه‌و ده‌زانێت ئیتر ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو جاده‌و كۆڵان‌و زانكۆ‌و گه‌ڕه‌كه‌كان هه‌ربۆیه‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ بێت باشتره‌ له‌وه‌ی‌ له‌ته‌واوی‌ شاردا بڵاوببێته‌وه‌، چونكه‌ جوڵاندنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان جوڵاندنه‌وه‌یه‌كی‌ سه‌رانسه‌ری‌‌و له‌ژێره‌وه‌یه‌، ئه‌وان ناتوانن وه‌ڵامی‌ سه‌ره‌تاییترین داواكارییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران بده‌نه‌وه‌ كه‌سانێك كوژراون بكوژه‌كانیان دیارن به‌ڤیدیۆ‌و كامێرا‌و نایهێنێته‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن، ئه‌گه‌ر ده‌پرسیت بۆ نایهێنێت ئه‌مه‌ ئه‌و عیباره‌تانه‌ی‌ رۆشن فیكرانی‌ بۆ نابێت كه‌ ده‌سه‌ڵات تێناگات، حاڵی‌ نییه‌، عه‌قڵی‌ پێ‌ ناشكێت..هتد، وانییه‌ ده‌سه‌ڵات زۆر عاقڵه‌‌و باش ده‌زانێت كه‌ بۆ نایهێنێت خۆ ئه‌گه‌ر بیانهێنێته‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن ئیتر خه‌ڵك ناچێته‌وه‌ بۆماڵه‌وه‌، ده‌سه‌ڵات ئه‌مكاره‌ بكات هه‌نگاوێك له‌ڕووخان نزیك ده‌بێته‌وه‌‌و خه‌ڵك هه‌نگاوێك ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌‌و ئه‌و هه‌نگاوێك ده‌چێته‌ دواوه‌ ئه‌مه‌ش له‌ئه‌نجامدا به‌ره‌و رووخانی‌ ده‌بات.

گفت‌وگۆی ڕۆژنامەنووسێک لەگەڵ طاهیر حەسەن

تاهیر حەسەن: خەڵکی کوردستان هاتوونە دەیانەوێ ئەزمونێکی دیکە دەست پێ بکەن، دەسەڵاتێک دابمەزرێنن کە نوێنەرایەتی بکرێن. قانونێک دابرێژێن ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستانی تیابێت

Entry filed under: تـــاهیـر حــه‌ســه‌ن. Tags: .

دایكی‌ شه‌هید گه‌رمیان:شكاندنی‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی گه‌رمیان،هێنده‌ی شه‌هیدكردنه‌كه‌ی ئازاری‌ پێگه‌یاندم كه‌مال كه‌ركوكی‌:ئاماده‌ین پێشوازی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ بكه‌ین

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,797 hits

%d bloggers like this: