ده‌سه‌ڵاتی کوردی،ئه‌زمونێک بۆ زبڵدانی مێژوو

2011/04/20 at 8:42 PM 1 comment

ئازاد به‌کر:چاوگی گشت کێشه‌کان نادادپه‌روه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌، ده‌بێ جه‌ماوه‌ر کۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی بێنێت، ته‌نیا هێزی به‌رینی جه‌ماوه‌ر به‌ ئاسۆ و بیرباوه‌ڕی ڕۆشنه‌وه،‌ یه‌کده‌ست و ڕێکخراو له‌ ده‌وری به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی گونجاو له‌گه‌ڵ‌ واقیعی ئه‌مڕۆی کوردستاندا، زامنی به‌سه‌رکه‌وتن گه‌یاندنی خه‌باتی خه‌ڵکی سته‌مکێش و ڕاپه‌ڕیو و ناڕازیی یه‌. نه‌ک ده‌رکه‌وتنی سیاسی باڵه‌ مفته‌خۆره‌کانی به‌ناو ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی‌ ئیسلامی و گۆڕان له‌ گره‌وی چوونه‌پێشه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌‌ی جه‌ماوه‌ریدابن، هه‌رگیز هێزه‌ سیاسیه‌ بۆرژوازیه‌کان ناتوانن به‌ ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ست بن و کۆمه‌ک به‌ پێشڕه‌وی جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێڕ بکه‌ن. چونکه‌ له‌ڕووی مێژوویشه‌وه‌ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک، هه‌ر له‌ بێکاری و بێمافی و بێ خزمه‌تگوزاری و دزی و گه‌نده‌ڵی ئابووری و سیاسی و نه‌بوونی ئازادی، ئه‌مانه‌ داواکارین‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئایینده‌یه‌کی پڕ ئاسوده‌یی و کامه‌رانی و ‌له‌ هه‌ناوی بزووتنه‌وه‌یه‌کی یه‌کسانیخواز و پێشکه‌وتنخواز و مۆدێرن و سکۆلاردا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌‌.

 

مێژووی سیسته‌می سیاسی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵ و دز و تاڵانچیه‌ به‌سه‌رچووه‌ و هێنده‌ی نه‌ماوه‌ به‌لادابێت، ڕووداو و گۆڕانکاریه‌ مێژوویه‌کان پێمان ده‌ڵێن، سیمای ئاڵوگۆڕێکی ڕیشه‌یی له‌بنیادی سیاسی کوردستاندا به‌ڕێوه‌یه‌. له‌بارودۆخێکی وادا خه‌ریکه‌ که‌شتی کۆنه‌په‌رستی و دواکه‌وتوویی و دیکتاتۆری و تاکڕه‌وی و بنه‌ماڵه‌یی به‌دڵنیاییه‌وه‌ نقوم ده‌بێت. ده‌بێ هێزه‌ خه‌مخۆره‌کانی جه‌ماوه‌ر، جوڵاندنی شه‌قام ‌ بۆ گۆڕانی ڕیشه‌یی ئاماده‌بکات، هه‌تا گه‌نده‌ڵی و بێمافی له‌ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵکه‌نێت، خواست و داواکاری سه‌ره‌کی خۆپیشانده‌رانی شۆڕشگێڕ هه‌ڵپێچانی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی میلیشیایی و ڕوخاندنی حکومه‌تی شکستخواردو و په‌رله‌مانی گه‌نده‌ڵ و بێ که‌ڵکه‌‌ له ‌کوردستاندا. مانگرتن و خۆپیشاندان‌ دیارده‌یه‌کی شارستانیه‌ و له‌ئاکامی‌ خرۆشانی جه‌ماوه‌ری له‌دژی بێمافی و نادادپه‌روه‌ریدا سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، له‌ هه‌موو جیهاندا به‌پێی ده‌ستور و یاسا ڕێ پێدراوه‌، که‌چی له‌کوردستانی سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتگه‌ری میلیشیاییدا خه‌ڵکی له‌سه‌ر خۆپیشاندان زیندان و تیرۆر و خه‌ڵتانی خوێنده‌کرێت.‌

 

زیاتر له‌ دوومانگه‌ خۆپیشاندان له‌ زۆربه‌ی شار و شارۆچکه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی هێمنی بێ  له‌توندوتیژی ده‌ستی پێکردووه‌،‌ خۆپیشانده‌ران ده‌نگیان نووسا، مه‌ره‌که‌بی قه‌ڵه‌می ڕۆشنبیران و نووسه‌ران ووشک بوو، هێنده‌ هاوریانکرد و نووسی، ده‌سه‌ڵات هێنده‌ که‌ڕ و لاڵه‌ نه‌چاوی نووسینه‌کان ده‌بینێ و نه‌گوێی زایه‌ڵه‌ی ‌ئازار و خه‌می خه‌ڵک ده‌بیتسێ. ئێستاش هه‌ر ده‌سه‌ڵات لێپرسراوه‌ له‌ هه‌رتوندوتیژی و ڕه‌وشێکی نائارام که‌ ڕووده‌دات. چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی هێنده‌ خێڵه‌کی و دواکه‌وتووه‌ نازانێت و نایه‌وێت به‌ڕێگه‌ی شارستانی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیاندا بکات، به‌چه‌ک وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران ده‌داته‌وه‌ و به‌ ئاژاوه‌گێڕ و تێکده‌ر ناویان ده‌بات. جه‌ماوه‌ر هیوای‌ به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ملهوڕه‌ نه‌ماوه‌، چونکه ناتوانێت کاروباری کۆمه‌ڵگه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت‌ و دان به‌که‌موکوڕی و شکسته‌کانی خۆیدا بنێت،‌ به‌ده‌ستی خۆی زه‌نگی مردنی خۆی لێده‌دا و سه‌رکه‌وتنی جه‌ماوه‌ریش نزیکه‌ و‌ ڕسوایی و ڕوو ڕه‌شیش بۆ سته‌مگه‌ران  ده‌مێنێته‌وه‌‌.   

 

له‌هه‌ر جێیه‌ک و ووڵاتێک وه‌ڵامی جه‌ماوه‌ری ناڕازیی و خۆپیشانده‌ر به‌خوێنڕشتن درایه‌وه، ئه‌وه‌ ئیتر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌گه‌ڵ ڕشتنی هه‌ر دڵۆپه‌ خوێنێکدا زیاتر قڵشتی نێوان خۆی و خه‌ڵک  گه‌وره‌تر ‌ده‌کا و جه‌ماوه‌ر ڕق ئه‌ستورتر ده‌کات،‌ ده‌سه‌ڵاتیش شه‌رعیه‌تی یاسایی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، هه‌روه‌ک چۆن له‌‌ تونس و میسر، بن عه‌لی و موباره‌ک ڕسواو ڕوخێنران. جه‌ماوه‌ری کوردستان خوازیاری گۆڕانی سپی و ئاشتیانه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ خۆی له‌به‌ر داواکاری و ڕه‌خنه‌ی خه‌ڵکدا ناگرێ و ده‌بێته‌ نمونه‌ی قه‌زافی و شه‌قامه‌کان به‌خوێنی گه‌نجه‌کان سوور ده‌کات. هه‌ر بۆیه‌ کاتێک شه‌قام ده‌جوڵێت و هاوڵاتیان خۆپیشاندان ده‌که‌ن، ئامانجی کۆتایی جه‌ماوه‌ر ڕوخاندنی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه‌‌ سیاسی و گه‌نده‌ڵه‌‌یه‌ که‌ حوکم ده‌کات. 20 ساڵه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ که‌رامه‌ت و ئیراده‌ی ئینسانی کردۆته‌ ‌قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی، 20 ساڵه‌ دوو دیکتاتۆر و دوو بنه‌ماڵه‌ شیله‌ی گیانی کرێکاران و هه‌ژاران ده‌مژن، ئێستاش باسی ئه‌زمون ده‌که‌ن، ئه‌زمونێکی تاڵی نایه‌کسانی پڕ له‌ ره‌فتار و کاری نا ئینسانی  و چه‌وسانه‌وه‌.

 

بزووتنه‌وه‌ و ڕاپه‌ڕینی ئه‌مڕۆی جه‌ماوه‌ری کوردستان له‌ هه‌موو کات زیاتر به‌ئاگایه‌ له‌ هه‌نگاوه‌کانی بۆ وه‌ده‌رنانی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری و میلیشیایی دووو حیزبی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌، وه‌ به‌جێگه‌یاندنی گۆڕانێکی ڕاسته‌قینه‌ له‌بنه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئۆپۆزسیۆن بوونی گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتووه‌وه‌، ئاماده‌ی هیچ سازش و ملکه‌چی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانێک نیه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و که‌سێتی و به‌شداربوونی له‌ده‌سه‌ڵاتدا. بزووتنه‌وه‌یه‌کی مێژوویی هۆشیار و نوێیه‌ له ‌به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی داخوازیه‌کانیدا و گۆڕینی کۆمه‌ڵگا بۆ ئایینده‌یه‌کی گه‌ش، ‌تا مرۆڤه‌کان سه‌ربه‌ست و سه‌ربه‌رز له‌ سایه‌ی سیسته‌مێکی سیاسی ئازاد و سه‌ربه‌خۆدا بژین. ئه‌مه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی بێسه‌ر و ڕابه‌ر نیه‌، ئه‌وه‌ی ئاگرییدا و کڵپه‌ی لێ هه‌ڵساند و به‌رده‌وامی پێدا له‌تواناییدا هه‌یه‌ له‌هه‌موو بارودۆخێکدا پێشڕه‌وایه‌تی بکات و به‌ ئامانجه‌کانی خۆی بگه‌ێنێ.

 

به‌چکه‌ دیکتاتۆره‌کانی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی زۆر باسی نیشتمان و ئاڵای کوردستان و میلله‌ت و مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک و دڵسۆزیان بۆ خاک و ئه‌زمونه‌که‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام ڕاپه‌ڕینی ئه‌مڕۆی خه‌ڵکی کوردستان پاش 20 ساڵ ده‌سه‌ڵاتکردنی ئه‌م دوو حیزبه، هه‌موو گفتار و به‌ڵێنه‌کانیان ده‌کاته‌ بڵقی سه‌ر ئاو و به‌درۆیان ده‌خاته‌وه‌. ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵێ مافیان و بۆ دزی و تاڵانی داهات و موڵک و سامانی خه‌ڵکی کوردستان چه‌ندان ده‌زگاو پاراستن و زێڕه‌ڤانی و فه‌رمانده‌ییان دروستکردووه بۆ پارێزگاری له‌خۆیان و سه‌رکوتکردنی هاوڵاتیان. شنه‌بای شۆڕش که‌ له‌ تونسه‌وه‌ ده‌ستی پێکردووه بێگومان هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ر‌کوتگه‌رو دیکتاتۆره‌کان ده‌خاته‌ زبڵبدانی مێژووه‌وه‌، له‌گه‌ڵیاندا ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانیش، گۆڕینی بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری هه‌مان پڕۆسه‌ی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌ که‌ له‌و ووڵاتانه‌دا ڕوویدا و وه‌ ئێمه‌ ده‌توانین سوود له‌و ئه‌زموونه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌یه‌‌ وه‌ربگرین. ‌ ‌    

ئێستا خه‌ڵکی سته‌ملێکراوی کوردستان له‌ساڵی 2011 دا ده‌ژی و ساڵی 1991 ی تێپه‌ڕاندووه‌، ئیتر خه‌ڵکی له‌خه‌وی بێداری به‌خه‌به‌رهاتووه‌، چیتر ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌رست و سه‌رکوتگه‌ر ناتوانێ به‌ ووتار و قسه‌ی بریقه‌دار فریوی بدات و به‌ئاڵا و دروشمی درۆینه‌ هه‌ڵیخڵه‌تێنێ. ئێتر ناتوانێت چیتر له‌ژێر په‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌ و دین و نیشتمان و که‌رکوکی دڵ و قودسی کوردستاندا خه‌ڵکی له‌خشته‌به‌رێت. ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵێک بازرگانی چه‌ند کۆمپانیایه‌کی سیاسین و مامه‌ڵه‌ به‌ ئه‌نفال و کیمیاباران و ‌‌که‌رکوک و شوێنه‌کانی تره‌وه‌ ده‌که‌ن. داهاتی گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌کانیان بۆ خۆیان قۆرخکردووه‌، 20 ساڵه‌ سامان ده‌دزن و موڵکی گشتیان له‌سه‌ر خۆیان و بنه‌ ماڵه‌کانیان تاپۆ کردووه‌. هه‌موو هێز و چه‌کداره‌کانیشیان بۆ داپڵۆسینی خه‌ڵکی هه‌ژاری کوردستانه‌. له‌ژێره‌وه‌ش باوه‌شیان بۆ ووڵاتانی کۆنه‌په‌رست و دواکه‌وتوویی ناچه‌که‌ کردۆته‌وه‌، له‌گه‌ڵ له‌ خۆیان خوێنڕێژتر و گه‌نده‌ڵتر، حکومه‌تی میلیشیایی به‌غدا به‌شدارن. ڕۆژانه‌ش ئێران و تورکیا سنووره‌کان ده‌به‌زێنن و تۆپبارانی گونده‌کان ده‌که‌ن ئه‌مانه‌ فزه‌یان لێوه‌نایه‌ت.

 

 له‌م ساته‌وه‌خته‌دا هێزه‌کانی یه‌کێتی و پارتی خه‌ریکی خۆ کۆکردنه‌وه‌ن تا ده‌ست له‌ خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵکی ناڕازی بوه‌شێنن و سه‌را و مه‌یدان و سه‌کۆی ئازادیه‌کانیان پێ چۆڵ بکه‌ن و دۆخێکی نائاسایی عه‌سکه‌رتاری به‌سه‌ر شارو شارۆچکه‌کاندا بسه‌پێنن، به‌خه‌یاڵی گڵاوی خۆیان وا ده‌زانن ئه‌مه‌یان بۆ ده‌چێته‌ سه‌ر و ده‌توانن خه‌ڵکی زۆرلێکراوی کوردستان سه‌رکوت و ده‌مکوت بکه‌ن. به‌ڵام نازانن شۆڕش و ڕاپه‌ڕین و خه‌باتی هێزی جه‌ماوه‌ر زۆر له‌وه‌ به‌هێزتره‌ به‌ ئاگرو ئاسنی ئه‌م بووده‌ڵانه‌ دامرکێته‌وه‌. به‌ڵام کاروانی خه‌بات و کوره‌ی ڕاپه‌ڕین له‌ به‌هاری نه‌وه‌د و یه‌ک گه‌رمتر بووه‌، خه‌ڵکی به‌عسیان له‌کوردستان وه‌ده‌رنا، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ فشه‌ڵه‌ش‌ ناتوانێت تاسه‌ر خۆی له‌به‌رده‌م هه‌ڵمه‌تی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ و توڕه‌دا ڕابگرێت. خوێندنه‌وه‌یه‌کی سروشتی بۆ بزووتنه‌وه‌ زیندووه‌ مێژووه‌یه‌کان ده‌ریده‌خات ئایینده‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردیش له‌ چاره‌نووسی بن عه‌لی و موباره‌ک و قه‌زافی و هاوشێوه‌کانی زیاتر نابێت. سه‌رکه‌وتن بۆ خه‌باتی یه‌کگرتوویی جه‌ماوه‌ری و مردنیش بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتگه‌ر و فڕێدانێتی  بۆ زبڵدانه‌ گه‌وره‌که‌ی مێژوو.

20.04.2011         

Entry filed under: ئازاد به‌کر. Tags: .

خــــــوپیشاندان ســــــوریــــــا ڤیــدیــــۆ:هێــــــزیــــــکی زۆر له نــــــاو شــــــاری سلــــــێمانــــــیه

1 Comment Add your own

  • 1. aree  |  2011/04/21 at 11:22 AM

    dastakand xosh kak azad hiwdarm sarkotobit

    Reply

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,797 hits

%d bloggers like this: