حیزب‌ و سیاسەتی گوێڕایەڵی

2011/04/26 at 12:25 AM Leave a comment

مەریوان وریا قانیع:چی پیاوکوژەکانی ئەنفال‌ و پیاوکوژەکانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە؟ ئەو خاڵە هاوبەشە چییە کە سەربازێکی سوپاکەی سەدام‌ و جاشی یەکێک له‌موستاشەرە کوردەکان‌ و ئەندامی یەکێک له‌میلیشیاکانی حیزب بەیەکەوە کۆدەکاتەوە؟ ئەو هاوبەشە چییە له‌نێوان ئەوانەی گوندەکانی کوردستانیان له‌ئەنفالدا سووتاند‌ و ئەوانەی بارەگاکانی گۆڕان‌ و یەکگرتویان له‌هەولێر‌و دهۆک‌ سوتان و ئەوانەش کە تەله‌فیزیۆنی نالیا‌ و خێمەکانی سەرای ئازادیان له‌سلێمانی سووتاند؟

نووسەر‌و رۆژنامەنووسی ئەمه‌ریکی “دوایت ماکدۆناڵد” له‌بۆچوونێکی هێجگار بەناوبانگیدا دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووهەم دەنووسێت “له‌م سەردەمەدا دەبێت زیاتر له‌و کەسانە بترسین کە گوێڕایەڵی یاسا دەکەن، تا ئەو کەسانەی  له‌یاسا لادەدەن”.
فەیله‌سوفی پۆڵەندی “زیگموند باومان” ئەم بۆچوونەی ماکدۆناڵد له‌سەر گوێڕایەڵی وەردەگرێت‌ و له‌پاڵیدا ڕووە نائەخلاقییەکانی کۆمەڵکوژیی جوله‌کەکان له‌ئەڵمانیای سەردەمی نازیەتدا دەخوێنێتەوە. زیگموند باومان دەڵێ کوشتنی پێشتر رێکخراو‌ و پلان بۆدانراوی جوله‌کەکان له‌ئەزموونی نازییەتدا، دەرەنجامی دروستبوونی دۆخی پشێوی‌ و فەوزا نەبوو، دەرەنجامی پێشێلکردن‌ و خۆلادان له‌یاسا نەبوو، بەڵکو بەتەواوی پابەستبوو بە گوێڕایەڵییەکی راستەوخۆوە بۆ هەموو ئەو پلان‌ و ئەمر‌و کارانەی بە یاسا رێکخرابوون. ئەوەی مردنی ئەو هەموو ئینسانانەی له‌سەردەمی نازیەتدا رەخساند، فەوزا نەبوو، بەڵکو گوێڕایەڵی خەڵک بوو له‌یاسا‌ و بەها‌ و ئەمر و نەھییەکانی نازییەت، دەرەنجامی گوێڕایەڵی و پیادەکردنی ئەو بەها‌ و ئەمر‌ و یاسایانە بوو کە بەناوی پاراستنی ئارامی‌ و ئاسایشی کۆمەڵگاوە دروستکرابوون. تاوانی جینۆساید، کە گەورەترین‌ و ترسناکترین شێوازی تاوانە، تاوانێک نییە له‌بێگوێی‌ و سەرچڵی ئەم یان ئەو کەس‌ و ئەم یان ئەو گروپی تایبەتەوە دروستببێت، هەروەها دەرەنجامی لادان له‌یاسا نییە، بەڵکو دەرەنجامی گوێڕایەڵییەکی کوێرانەیە له‌یاسا‌ و ئەوانەی بەناوی یاساوە دەدوێن. ئەوانەی له‌تاوانی جینۆسایدا بە ژمارەی زۆر ئینسان دەکوژن له‌نیەتی خراپەوە ئەو کارە ئەنجامنادەن، بەڵکو وەک دەرەنجامی گوێڕایەڵییەکی کوێرانە له‌ئەمر‌ و نەهی هێزە باڵادەستەکانی ناو کۆمەڵگا دەیکەن. ئەوانە ئەو کەسانەن کە بێ هیچ پرسیار‌ و دوودڵییەک گوێ له‌ئەمری ئەوانەی سەرەوی خۆیان دەگرن، ئەوانەی سەرەوەش بەناوی پاراستنی ئاسایش‌ و ئارامی کۆمەڵایەتیی‌ و یاساوە دەدوێن.
ھەموو ئەوانەی بەوشێوە ترسناکە گوێڕایەڵن مەرج نییە کەسانی خراپەکاربن، مەرج نییە بە سروشت شەڕانگێز‌ و توندوتیژ و دوژمنکار بن، بەڵام هەموویان یەک کێشەی سەرەکییان هەیە: کێشەی گوێڕایەڵیکردنێکی سەرتاسەری و بێمەرج. ئەم گوێڕایەڵییەش بە بیرۆکەی ئەنجامدانی ئەرک یان “واجب”ەوە گرێدەدەن. تاوانباران ھەمیشە دوای ئەنجامدانی تاوانەکانیان دەڵێن ئەوە واجبمان بوو وابکەین، ئەمرمان پێکرابوو، خۆمان خاوەنی بڕیارەکان نەبووین. لێرەدا بیرۆکەی ئەرک یان واجب دەبێتە بیرۆکەیەکی هێجگار ترسناک، ھەموو ئاکارە خراپەکان، لە پەکخستنی عەقڵ‌ و رێگرتن له‌بیرکردنەوە‌ بیگرە، بۆ سڕینەوەی ویژدانی سەربەخۆی تاکەکەس، ھەموویان دەدرێنە پاڵ جێبەجێکردنی واجبەوە. لەم دۆخەدا تاوانباران له‌باتی ئەوەی تەماشای ویژدانی خۆیان بکەن‌ و له‌باتی ئەوەی تەماشای دونیای دەوروبەریان بکەن، تەماشای دەمی سەرکردەکانیان دەکەن‌ و ئەوەی ئەوان دەیڵێن پیادەیدەکەن. ئەوانەی تاوانەکانی ئەنفالیان ئەنجامدا، ئەوانەی خێمەکانی سەرای ئازادی‌و تەله‌فیزۆنی نالیایان سوتاند، ئەوانەی له‌هەولێر‌و دهۆک بنکەکانی گۆڕان‌ و یەکگرتویان ئاگرتێبەردا، هەموویان له‌وەدا یەکسانن کە تەسلیمی دەمی سەرکردە‌ و بەرپرسەکانیان بوون‌ و عەقڵ‌ و بیرکردنەوە‌ و ویژدانی تایبەتی خۆیان پەکخستوە. له‌ڕاستیشدا ئەم ئامادەگییە گەورەیەیە بۆ گوێڕایەڵی وا له‌ئینسان دەکات تاوانی گەورە و ڕێکخراو ئەنجامبدات.
ئاشکرایە کەس وەک بوونەوەرێکی توندوتیژ‌ و خراپەکار له‌دایکنابێت، هیچ منداڵێک کە دێتە دونیاوە له‌نێوچاوانی نەنووسراوە ببێتە پیاوکوژ، ئەوەی وادەکات ئینسان ببێت بە تاوانبار -بەتایبەتی تاوانبارێک کە بۆ هۆکاری سیساسی‌ و کۆمەڵایەتی تاوانی رێکخراو ئەنجامبدات- گوێڕایەڵییە، تەسلیمبوونە بە ئیرادەی ئەوانیتر، پەکخستنی بیرکردنەوە‌ و ویژدانی تایبەتی تاکەکەس خۆیەتی.
له‌مێژە ئەو راستییە زانراوە کە ئینسانە سادە‌و ئاساییەکان، دەتوانن بەناوی جێبەجێکردنی واجبەوە تاوانی گەورە ئەنجامبدەن. ئامادەبوون بۆ ئەنجامدانی تاوان‌ و بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی، پەیوەندی بە کەسایەتی ئینسانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە مەسەله‌ی بونیادی ئەمردەرکردن‌ و بونیادی گوێڕایەڵییەوە بۆ ئەمرەکان هەیە، پەیوەندی دەسەڵات لەنێوان ئەمرکەر و ئەمر بەسەرداکراو رێکیدەخات، کەسێک بەناوی یاسا‌ و پاراستنی ئاسایش‌ و نیشتیمان‌ و کۆمەڵگاوە ئەمر دەردەکات‌ و کەسێکی دیکەش بەبێ بیرکردنەوە‌ و وەک واجب جێبەجێیدەکات. ئەوەی ئینسان بەناوی جێبەجێکردنی واجبەوە ئامادەیە ئەنجامیبدات، بەدەگمەن له‌دەرەوەی واجبدا ئامادەیە ئەنجامیبدات. ئەوەی چەکدارێک له‌سەر باڵەخانەکەی لقی چوارەوە بەناوی واجبەوە ئەنجامیئەدات، یان ئەو کەسەی سەکۆی یادکردنەوەی قوربانییەکانی ئەنفال وێراندەکات، یان ئەوەی له‌ناو زانکۆدا پەلاماری خوێندکاران‌ و مامۆستایان دەدات، رەنگە له‌دەرەوەی بیرۆکەی ئەنجامدانی واجبدا ئامادەنەبێت هیچ کامێکیان ئەنجامبدات. له‌هەموو ئەو دۆخانەدا تاوانباران سەیری دەمی ئەو کەسانە دەکەن کە بەناوی جێبەجێکردنی واجبەوە ئەمرەکانیان پێدەدەن. زمانی واجبیش زمانێکی بیرۆکراسییە، بەناوی گەورەیی‌ و گرنگی سیستمەوە قسەدەکات، بەناوی شتێکەوە کە گوایە له‌تاکەکەس‌ و ئینسانەکان گرنگترە. ئیشی ئەم جۆرە سیستمە پەکخستنی ویژدان‌ و بیرکردنەوە‌ و عەقڵی سەربەخۆی ئەو کەسانەیە کە کاریبۆدەکەن، دروستکردنی مەسافەیەکی گەورەیە له‌نێوان کردار‌ و ویژداندا، له‌نێوان کردار‌ و بیرکردنەوە‌ و هەڵسەنگاندنی سەربەخۆی تاکەکەسدا. بەمەش بۆشاییەکی گەورە له‌کەسایەتی ئینساندا دروستدەکەن‌ و ئەم بۆشاییەش له‌ڕێگای پێداگرتن له‌سەر جێبەجێکردنی واجب‌ و جوڵانەوە بەپێی ئەمر‌ و نەهیی پارێزەرانی سیستمەکەوە، پڕدەکەنەوە. دڵسۆزبوون لێرەدا دڵسۆزبوونی ئینسان نییە بۆ بیروبۆچون‌ و بیرکردنەوە‌ و ویژدانی تایبەتی خۆی، دڵسۆزبوونیش نییە بۆ ئینسان بەمانا گشتییەکەی، بەڵکو دڵسۆزبوونە بۆ ئەو ئۆرگان‌ و هێز‌ و کەسانەی ئەمرەکانیان بۆ دەردەکەن.
بێگومان ئەوانەی ئەمرەکان دەردەکەن بۆ کوشتن له‌بۆشاییدا کارناکەن، ئەمانە پێشوەخت پرۆسەیەکی گەورەی بە دەعەجانکردن‌ و له‌ئینسانخستنی ئەو کەسانەیان ئەنجامداوە کە تاوانەکانیان بەرامبەر دەکرێت. هەموو ئەوانەی کە پەلامار دەدرێن‌ و دەکوژرێن، پێشتر له‌چاوی پەلاماردەران‌ و تاوانباراندا له‌وە خراون ئینسان بن، بەڵکو کراون بە خائین‌ و خۆفرۆش‌ و دەستی بێگانە‌ و مەترسیی بۆ سەر ژیانی کۆمەڵگا. میدیاکانی هێزە باڵادەستەکانی کوردستان بە درێژایی مێژووی خۆیان ئەم کارەیان بەشێوەیەکی بەردەوام ئەنجامداوە. ئەم بە دەعەجانکردن‌ و بە خائینکردن‌ و له‌ئینسانخستنە، وایکردوە مەسافەیەکی سیاسی‌ و کۆمەڵایەتی‌ و ویژدانی له‌نێوان ئینسانەکاندا دروستببێت. مەسافەیەک وابکات چەکدارێکی حیزب سڵ له‌وە نەکاتەوە بە ئەمری بەرپرسێکی حیزبی تەنانەت پەلاماری کەس‌ و کاری ئەنفالکراوەکانیش بدات‌ و نەهێڵێت یادی قوربانییەکانیان بکەنەوە.
یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی کۆمەڵگای ئێمە لەوەدایە کە حیزب‌ و بەرپرسەکانیان دەیانەوێت له‌شکرێک له‌و ئینسانە گوێڕایەڵ و تەسلیمبووانە، دروستبکەن. یەکێک له‌خاڵە ھەرە گرنگ و درەوشاوەکانی  خۆپیشاندانەکانی کوردستان، رێگرتنێکی راستەقینەیە له‌دروستبوونی ئەو ئینسانە گوێڕایەڵ و تەسلیمبووانە.

Entry filed under: مه‌ریوان وریا قانع. Tags: .

وەزیرى پێشمەرگە هۆشدارى دەداتە لایەنە ئیسلامییەكان هێزه‌کانی سوریا به تۆپ و تانک هێرشیان کرده سه‌ر شاری ده‌رعا و کوشتاره‌کان به‌رده‌وامه

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,028 hits

%d bloggers like this: