ر‌ووداوه‌كانی كوردستان‌و رۆڵی سیاسی ژنان تیایدا ئێمه‌‌ ده‌توانین پێكه‌وه‌ گۆرِانكاریی مێژوویی بكه‌ین

2011/04/26 at 11:35 PM Leave a comment

هه‌ڵاڵه‌ رافع:له‌ ‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كوردستانه‌وه‌،‌ رۆژانه‌ وه‌ك زۆرێك له‌ كه‌سانی تر بیرم كردووه‌ته‌وه‌ ‌ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ملا و له‌ولا و كه‌م تا زۆر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م‌ و بیری لێده‌كه‌مه‌وه‌ بیخه‌مه‌ سه‌ر كاغه‌ز، به‌ڵام نه‌مكردووه‌، نه‌مده‌توانی هه‌موو هه‌ست و نه‌ستێكم، له‌ نووسینێكی بچووكدا كه‌ هه‌موو چه‌مكێك بگرێته‌ خۆی و وه‌ك خۆی كه‌ هه‌یه‌ دابڕێژم.  به‌ڵام ئێستا هێزم دایه‌ به‌ر خۆم و ده‌مه‌وێت ته‌نیا ئاماژه‌ بۆ ئه‌و خاڵانه‌ بكه‌م كه‌ پێموایه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ من به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش گرنگن كه‌ به‌ واقیعی به‌ خه‌می خه‌ڵكه‌وه‌ن‌ به‌ دیاریكراوی ژنان، سیاسه‌ت و حیزب و رێكخراوو شه‌خسیه‌ته‌كانیان تا ئه‌و شوێنه‌ بۆ پیرۆزه‌‌ كه‌ خودی ئینسانی بۆ پیرۆز بێت و‌ كار بۆ خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌یی ئینسانه‌كان ده‌كه‌ن، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی وابه‌سته‌یی حیزبی، ئاینی و سیاسییان. پێشموایه‌ كه‌ ته‌نها ئه‌م رێگایه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ترۆپكی ئینسانیبوونمان.
من نامه‌وێت هیچ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر وڵاته‌كانی تری ده‌وروبه‌ر بكه‌م، به‌ڵام ده‌مه‌وێت ته‌نیا له‌سه‌ر بارودۆخی كوردستان و رۆڵی خه‌ڵك به‌گشتی و گه‌نج و ژنانی یه‌كسانیخواز‌ به‌ تایبه‌ت و ده‌بێت ئێمه‌ چ ده‌ورونه‌خشێكمان هه‌بێت له‌و گۆڕانكارییانه‌دا. به‌ر له‌ هه‌ر شتێكیش ده‌مه‌وێت بڵێم به‌ واقیعی ئێمه‌ زۆرین و كاركردیشمان هه‌یه‌، ئه‌مجا ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ بین و ‌ خۆمان له‌و‌ ئاسته‌دا ببینین كه‌ ده‌توانین پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین، ده‌توانین رۆڵمان له‌ گۆڕانكارییه‌كانیشدا هه‌بێت.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ 20 ساڵ له‌مه‌وپیش بده‌ینه‌وه‌،‌ ده‌بینین هه‌موو گرووپ و لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌ك، له‌ راسته‌وه‌ بۆ چه‌پ، كاریانكردووه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئامانجه‌كانیان و كه‌س ناتوانێت ئینكاری له‌و كارانه‌ بكات. دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات كه‌ دوای راپه‌ڕین به‌ حوكمی چه‌ند هۆكارێكی مێژوویی و له‌ پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵك هێزێكی خۆماڵی هه‌ڵبژێرێت باشتره‌، نه‌ك له‌ باوه‌ڕیانه‌وه‌ به‌و دوو هێزه‌ بوونه‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات. ئه‌وانیش، بێگومان بۆ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی خۆیان كاریانكردووه‌ و تا بۆیانكراوه‌ هه‌وڵیانداوه‌ لایه‌نه‌كانی تر په‌راوێز بخه‌ن و ره‌سمییه‌تیان پێنه‌ده‌ن.
به‌ڵام پرسیارێك كه‌ لێره‌دا دێته‌ پێش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا كام به‌ره‌ی كۆمه‌ڵگا توانیویه‌تی كاره‌كانی خۆی به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت؟ 
ئه‌وه‌ی كه‌ له‌و مێژووه‌دا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كراوه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌ چاوه‌ڕوانییه‌وه‌ هه‌ڵیبژارد چی بو‌و؟  له‌ چه‌ند وشه‌یه‌كدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و كۆمه‌ڵێكیش له‌ڕاده‌به‌ده‌ر هه‌ژار، له‌ باشترین حاڵه‌تدا ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌ندامی یه‌كێك له‌و پارتانه‌ نه‌بووبێت یان هاوكاریان زۆر به‌ سه‌ختی ژیانی پێ به‌ڕێوه‌چووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناچاربوون ئه‌و كاره‌ بكه‌ن. بازاڕی كار و هه‌موو ده‌رامه‌تێكی كۆمه‌ڵگا به‌ ‌ده‌ست‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رمایه‌داری قازانج په‌رسته‌وه‌ بووه‌ له‌جیاتیی دامه‌زراوه‌ و داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی، شه‌هیدكردنی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال‌ به‌عس  كردی و «ده‌سه‌ڵات« قه‌راربوو قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه‌ به‌ڵام نه‌یكرد، لیستی كوشتن و خۆسووتاندنی ژنان له‌ژێر سایه‌ی ئه‌واندا ده‌ستیپێكرد و درێژتر و دریژتر بووه‌وه‌، به‌ڕاستی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌كی تر خوڵقێنرا، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر ژنانداو ئه‌م جاره‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا نه‌بوو. ئازادییه‌ تاكه‌كه‌سی و مه‌ده‌نییه‌كان و فرسه‌تی كار بۆ گه‌نجان سنوردارتر كرانه‌وه‌، ده‌ستووری عێراقی تازه‌ كه‌ باشتر نییه‌ له‌ ده‌ستووره‌ كۆنه‌كه‌ی به‌ یاساكانی باری كه‌سێتییه‌وه‌ بووه‌ رێگانیشانده‌ری خه‌ڵكی كوردستان كه‌ خواستی ئه‌وان نه‌بووه‌ و نییه‌، نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌ به‌ڵكو یاسای فره‌ژنیشی بۆ زیاد كرا.‌  ده‌نگ و ره‌نگی ئازادیان سه‌ركوت كرد و هه‌ڵسوڕانیان سنوردار كرده‌وه‌.  له‌كۆتاییدا‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌مه‌ مێژووی كارنامه‌یان نه‌بوایه‌و بیانویستایه‌ رای خه‌ڵك به‌ هه‌ند وه‌ربگرن ده‌یانتوانی هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی وڵاتانی دراوسێ و رای جیهانی به‌ ‌لای خۆیاندا رابكێشن و كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراق جیا بكه‌نه‌وه‌،‌ به‌ڵام نه‌یانویست بیكه‌ن!
به‌م مێژووه‌یان و ئه‌زمو‌ونه‌یانه‌وه‌ قڵشتێكی زۆر فراوانیان له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگا و به‌تایبه‌تی ژنان و گه‌نجدا درو‌ستكرد چ له‌ باری ئابوورییه‌وه‌ و‌ چ له‌ باری تێگه‌یشتنی چه‌مكی ئازادی و فه‌رهه‌نگ و مافی مه‌ده‌نی كۆمه‌ڵگاوه‌، بۆیه‌ كۆمه‌ڵگای كوردستانیش ته‌جروبه‌و توانایان له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ وه‌رگرت و هاته‌ سه‌ر جاده‌ سه‌ره‌ڕای هه‌ر جیاوازییه‌كی نێوان وڵاته‌كان‌. ئه‌گه‌ر «ده‌سه‌ڵات« له‌ ئێستادا ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ نه‌كات، كه‌ خه‌ڵك ئه‌و متمانه‌یه‌ی نییه‌ بیكات، ناتوانێت درێژه‌ به‌ ژیانی بدات و كۆشكی شاری خه‌ونه‌كانی به‌رزتر بكاته‌وه‌، له‌سه‌ر حیسابی خۆشگوزه‌رانی و ئازادیی خه‌ڵك.
ئه‌وان كاره‌كانی خۆیان به‌م شێوه‌یه‌ زۆر به‌باشی ئه‌نجامدا. ئه‌ی ئێمه‌ لایه‌نی ناڕازی‌ و ئازادیخوازو بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ژنان و كه‌سایه‌تییه‌كانی داكۆكی له‌ مافی مرۆڤ‌ چیمان كرد؟ ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌و رابرد‌ووه‌ نه‌ده‌ینه‌وه‌ و راشكاوانه‌ هه‌ڵینه‌سه‌نگێنین ناتوانین هه‌نگاو بۆ گۆڕانكاری هه‌ڵبگرین. دیاره‌ ئه‌و مێژو‌وه‌ نیشانی ده‌دات كه‌‌ ئێمه‌ كارمان زۆر كردووه‌، زۆرێكمان ژیانمان له‌سه‌ری داناوه‌، قوربانیمان داوه‌ و له‌مه‌ڕ هه‌موو پرسه‌كانه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیمان ده‌ربڕیوه‌، چ كۆمه‌ڵایه‌تی (ژنان، گه‌نجان و په‌روه‌رده‌‌و…)  چ ئابووری چ یاسایی و چ ئازادییه‌ فه‌ردی و مه‌ده‌نییه‌كان و شه‌ڕی فیكری و مه‌یدانیمان بۆ كردون، پێشنیارمان داوه‌ته‌ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام خواسته‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كراون، به‌شی گه‌وره‌ی هۆكاره‌كانیش ئه‌وه‌ بووه‌ ده‌سه‌ڵات نه‌یویستو‌وه‌ ئه‌و كارانه‌ جێبه‌ جێ بكات و‌ سیاسه‌تی خۆی به‌ڕێوه‌ بردووه‌ ‌و بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت هێزی بۆ جێبه‌جێنه‌كردنیان دروستكردووه‌، به‌ڵام ئه‌ی كه‌موكوڕییه‌كانی خۆمان چی بوون؟ پێموایه‌ ده‌بێت كه‌مێك له‌گه‌ڵ خۆمانا راستگۆ بین كه‌ ئێمه‌ تا ئێستاش نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌‌ كه‌ هێزی مه‌ده‌نی و ده‌نگی ناڕازی و یه‌كسانیخوازی خه‌ڵك بۆ ئاڵوگۆڕ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، له‌ ماوه‌ی ئه‌و 20 ساڵه‌دا، یه‌ك بخه‌ین و هه‌ر ساڵه‌ له‌سه‌ر چه‌مكێك له‌سه‌ر بنه‌ما‌ هاوبه‌شه‌كانمان لێبڕاوانه‌ كار بكه‌ین تا به‌رهه‌مه‌كه‌ی بچنینه‌وه‌، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گرووپی و حیزبییه‌كان، چونكه‌ به‌ واقیعی كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی موته‌حه‌زیبه‌و خه‌ڵك دابه‌شكراوه‌ به‌ چه‌ند حیزبێك و بێگومان له‌ناو خواره‌وه‌ی هه‌موو لا‌یه‌نه‌كاندا له‌ راسته‌وه‌ بۆ چه‌پ كۆمه‌ڵێ حه‌ز و خواستی ئینسانی هه‌ن كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌بێت له‌ بارێكی ئاڵۆزی له‌م چه‌شنه‌دا رۆشنایی بخرێنه‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌ما هاوبه‌شانه‌ی خواره‌وه‌‌‌ و هه‌ر له‌وانه‌شه‌وه‌ سیاسه‌ت و كارنامه‌ی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵسه‌نگێنرێت. له‌كاتێكدا كه‌ حیزبه‌كان ‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانیان یه‌ك ده‌گرێت ده‌سه‌ڵات وه‌ك گرووپێك ده‌رده‌كه‌وێت،  ئێمه‌ش كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیمان به‌ ‌به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكه‌وه‌ گرێدراوه‌ وا پێویستده‌كات كاری پێكه‌وه‌یی بكه‌ین و هێزمان كۆكه‌ینه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا ده‌گوزه‌رێت و پێویسته‌ ئاگاداری بین فرسه‌ت له‌ ده‌ست نه‌ده‌ین و‌ ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازییه‌ی خه‌ڵك، گه‌نجان و ژنان‌ ئاڕاسته‌ی هه‌موو «ده‌سه‌ڵات« بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌موو هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات و‌ ئۆپۆزسیۆن‌ شه‌ریكن له‌و بارودۆخه‌، هه‌روه‌ها‌ دووباره‌‌ كۆمه‌ڵگا له‌ خواره‌وه‌ زیاتر دابه‌ش نه‌بێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ ‌خراپترین حاڵه‌تدا ئه‌گه‌ر ئێستاش نه‌توانرێت له‌ ره‌گه‌وه‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نرێن، متمانه‌ی شه‌قام له‌ ‌ده‌ست نه‌درێت و هێزێكی هۆشیار و یه‌كگرتووبین بۆ هه‌نگاوه‌كانی داهاتوومان.  له‌ ئێستادا میكرۆفۆن با به‌ ده‌ست گه‌نجان خۆیانه‌وه‌ بێت، به‌ده‌ست شه‌خسیه‌ت و نوێنه‌رانی واقیعی خه‌ڵكه‌وه‌‌ بێت كه‌ له‌ هه‌ناوی خه‌مه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ هاتوون و‌ رۆژانه‌ خۆیان ده‌ستوپه‌نجه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌رم ده‌كه‌ن، به‌ده‌ستی ژنانێكه‌وه‌ بێت كه‌ قوربانی سیسته‌می پیاوسالارین و ژنانێك كه‌  هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی ژنانن، ئه‌گه‌ر بوار به‌و شه‌خسیه‌ته‌ واقیعییانه‌ نه‌درێت و پشتیوانییان لێنه‌كرێت، هیچ لایه‌ن و گر‌ووپ و رێكخراوێك كه‌ ئێستا له‌ مه‌یدانانن، ئه‌گه‌ر ته‌نها به‌ خه‌می كورسییه‌كی زیاتر و چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكی حیزب و گرووپه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌و به‌ سیاسیكردنی د‌ووباره‌ی مه‌زهه‌ب بێت، ناتوانێت ئه‌و مێژووه‌ وه‌رچه‌رخێنێت.

پرسی ژنان:
سه‌باره‌ت به‌ پرسی ژنانیش به‌ گشتی له‌ چوارچێوه‌ گشتییه‌كه‌دا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام پێموایه‌‌ هه‌ندێ خاڵی تایبه‌تتر هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستی بخه‌ینه‌سه‌ر.  كۆمه‌ڵگای كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی له‌ 91 و تا ئێستا ده‌یه‌ها ژنی هه‌ڵسوڕاو و نه‌ترسی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌ چ كاری رێكخراوه‌یی ته‌نانه‌ت له‌ رێكخراوه‌كانی سه‌ربه‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیشدا، یان كاری رۆشنبیری و ئه‌ده‌بیان كردو‌وه‌ كه‌ لێره‌دا پێویست ناكات بچمه‌ سه‌ر ورده‌كاریی هه‌وڵه‌كان و‌ ناوه‌كانیش ئه‌گه‌ر زۆر نه‌بو‌ونایه‌ هه‌مو‌ویم ده‌نو‌وسی. هه‌ركه‌سه‌مان له‌ناو گرووپ و حیزب و رێكخراوی جیاوازدا كارمانكردووه‌، له‌ هه‌ندێكاتدا به‌ هاوبه‌ش و هه‌ندێ كات به‌ تاك. ئه‌و مێژووه‌ش نیشانیداوه‌ له‌و كاتانه‌دا به‌ هاوبه‌ش كارمانكردووه‌ كاره‌كانمان زیاتر چوونه‌ته‌ پێش و متمانه‌ی ژنان و كۆمه‌ڵگامان زیاتر به‌ ده‌ستهێناوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ بێ دوودڵی له‌ پرسی ژناندا هه‌مان قسه‌مان كردووه‌ له‌سه‌ر كه‌لتوور و یاسا و پرسه‌كانی پیاوسالاری و ئاین..هتد، ئه‌و ئه‌زموونه‌ پێمان ده‌ڵێت كه‌ تاكه‌ رێگای به‌ده‌ستهێنانی خواسته‌كانی ژنان و بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ چ له‌ ناوه‌وه‌ چ له‌ده‌ره‌وه‌ پێكه‌وه‌ و به‌ به‌رنامه‌ ‌و پلاتفۆرمێكی هاوبه‌شه‌وه‌ به‌ هاوئاهه‌نگی بێینه‌ مه‌یدان، تا بتوانین رۆڵی خۆمان له‌ گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كاندا ببینین، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی جیاوازیی سه‌لیقه‌ی شه‌خسی. پێموایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ نه‌كه‌ین، مانای ئه‌وه‌یه‌ دڵمان بۆ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ناسووتێت و دووباره‌ و سێباره‌ فرسه‌ت له‌ ده‌ستده‌ده‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بتوانین كاری پێكه‌وه‌یی بكه‌ین، ده‌توانین متمانه‌ی ژنانی كوردستان و جیهانیش به‌ ده‌ستبهێنین، نه‌ك هه‌ر به‌ ته‌نها ئه‌مانه‌ش، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت ئه‌و ژنانه‌ش كه‌ رۆژانێك هاوسه‌نگه‌ری ئێمه‌ بوون و ئێستا له‌ شوێنانی ترن، ده‌توانن هێز له‌م یه‌كده‌نگییه‌ی ئێمه‌‌ وه‌ربگرن و چیی تر نه‌بنه‌ پاشكۆی سیاسه‌تێك كه‌ له‌ به‌رنامه‌یدا یه‌كسانیخوازی جێگای نابێته‌وه‌.
خواسته‌كانی ژنان له‌ ناو ئه‌م جوڵانه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌دا  پێویستده‌كات له‌ چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كیدا كۆبكرێته‌وه‌:
ـ  مافی یه‌كسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژن و پیاو.
ـ  هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ ره‌سمیه‌ت به‌ هه‌ڵاواردنی جنسی ده‌ده‌ن.
ـ  هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای فره‌ژنه‌.
ـ  دانی جێگاو رێگای زیاتر به‌ ژنان له‌ جوڵانه‌وه‌كه‌دا، له‌ ئه‌نجو‌ومه‌نه‌كاندا، له‌ رابه‌ری ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا و توڕه‌یی ژنان تێكه‌ڵ به‌ توڕه‌یی جه‌ماوه‌ر بێت دژی سه‌ركوت و نه‌داریی و گه‌نده‌ڵی، ته‌نها كتێبه‌كانی ئۆقیانو‌وسێك له‌ تاوان و قوربانیانی نامووسپه‌رستی گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ن له‌  تاوان و كاره‌سات له‌ 20 ساڵی رابردو‌ودا له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا له‌ به‌رانبه‌ر ژنان ئه‌نجامدراوه‌‌.
ـ  نه‌بو‌ونی رێكخراوێكی لێبڕاوو و یه‌كسانیخواز دژی هه‌ڵاواردنی ژنان یه‌كێكه‌‌ له‌ گه‌وره‌ترین كه‌موكوڕییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئێستا.
ئێمه‌ هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی  ژنان له‌ سه‌خترین رۆژه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌م ده‌وره‌یه‌دا به‌رانبه‌ر تیرۆری ژنان و نامو‌وسپه‌رستی و بێمافی وه‌ستاینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ هۆی پرش و  بڵاوی و نه‌بو‌ونی به‌دیل و به‌رنامه‌یه‌كی كارسازه‌وه‌ هێزمان په‌رت و بڵاوه‌و توانامان به‌ هه‌ده‌ر ده‌ڕوات، ده‌بێت زوو ئه‌م بۆشاییه‌ پڕ بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌ست بۆ پێكهێنانی پلاتفۆرمێكی هاوبه‌ش به‌رین و ده‌ورونه‌خشمان له‌ جوڵانه‌وه‌كاندا هه‌بێت. من ده‌ڵێم به‌یانی دره‌نگه‌ با پێكه‌وه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بنه‌ما هاوبه‌شه‌كانمان ده‌ستبه‌كاربین. ئێوه‌ چی ده‌ڵێن؟

20/4/2011
هه‌ڵاڵه‌ رافع

Entry filed under: هـــه‌ڵاڵـــه‌ رافیـــع. Tags: .

راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك و پ.د.ك ‌ له وڵامی راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ و پارتی دا‌

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,030 hits

%d bloggers like this: