میــــــــــــدیــــــــــــا وەک میــــــــــــلیــــــــــــشــــــــــــیا

2011/04/29 at 2:24 PM Leave a comment

مەریوان وریا قانیع:یەکێک لە ئەرکە ھەرە گرنگەکان لە یادکردنەوەی سەد و سیانزە ساڵەی لەدایکبوونی ڕۆژنامەگەری کوردیدا وازھێنانە لەو درۆ گەورە و زەبەلاحە کە ناوی “میدیای کوردیی“ لێنراوە. ”میدیای کوردیی“ ئەو میدیایە نییە کە بە کوردی دەنووسێت، بە کوردی نووسین ئەو ئامرازە نییە کە شوناسی ئەم میدیایە دەستنیشاندەکات، ئەوەی میدیا لە کوردستاندا دەکات بە میدیایەکی ”کوردی“ جێبەجێکردنی سێ ئەرکی سەرەکییە. یەکەم قسەکردنی ئەم میدیایە لەسەر کێشە گەورە و گرنگەکانی کۆمەڵگای کوردستانی. دووھەم بەخشینی پانتاییە بە سەرجەمی ئەو ڕاوبۆچوونە جیاوازانەی لە کوردستاندا ئامادەیە. سێھەم: ھاوکات چاودێرکردنێکی ڕاستەوخۆ و بەردەوام و چالاکی دەسەڵاتدارێتی کوردییە لەھەموو ئەو پنت و خاڵانەدا کە دەشێت دەسەڵاتداران بەشێوەیەکی نایاسایی و بۆ قازانج و دەسکەوتی تایبەتی خۆیان بەکاربھێنن. ئەم خاڵانەیە ئەم میدیایە دەکەنە میدیایەکی کوردی، نەک ئەوەی بە کوردی بنووسیت و بە کوردی بەرنامە پەخش و بڵاوبکەیەتوە. بە مانایەکی دیکە ئەوەی میدیا لە کوردستاندا دەکاتە میدیایەکی نیشتیمانی و ئاکارێکی نەتەوەیی پێدەبەخشێت کوردیبوونی زمانی ئەم میدیایە نییە، بەڵکو پەیوەندی ئەم میدیایە بە کۆمەڵگای ئێمە و کێشەکانییەوە. جێبەجێکردنی ئەو سێ ئەرکەیە کە دەستنیشانم کرد. لەدەرەوەی ئەو ئەرکانەدا ئەم میدیایە ”میدیای کوردی“ نییە، واتە میدیایەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی نییە، میدیای کۆمەڵگایەک نییە بیەوێت خۆی بناسێت و لە کێشەکانی تێبگات. بەڵکو شتێکی ترە، میدیای حیزبە، میدیای دەسەڵاتە، میدیای ئەم یان ئەو بەرپرسی سیاسییە، میدیا فڵان یان فیسار سەری ناو مەکتەبی سیاسییە، میدیای سێبەرە. ھتد…واتە میدیای بەر لە دروستبوون و بەرجەستەبوونی چەمکی نەتەوە و نیشتیمانە، میدیای بەر لە دروستبوونی ”میدیای کوردییە“.
کە ئەمە دەڵێم ھاوکات دمەوێت ئەو ڕاستییەش بسەلەمێنم کە میدیا لە کوردستاندا لەسەرەتاکانی دروستبوونیدا لەدایکبوونێکی نەتەوەیی لەدایکدەبێت. دەرکردنی ڕۆژنامەی ”کوردستان“ لە قاھیرە لە ساڵی ١٨٩٨دا بەھەموو مانایەک ڕووداوێکی نەتەوەیی بوو. ھێنانی چاپخانەکەی گیو موکریانی بۆ ھەولێر و گەڕانەوەی پیرەمێرد لە ئەستەمبوڵەوە بۆ سلێمانی و دامەزراندنی چاپخانەی ژین، ڕووداوی نەتەوەیی بوون. ھەم خەیاڵ و ھەم عەقڵیەت و ھەم خەونێکی نەتەوەیی لە پشتی لەدایکبوونی ئەم پرۆژانەوە بوو. پەیامە سیاسی و فەرھەنگی و ڕۆشنبیرییەکانیشیان پەیامی وشیارکردنەوەی ئینسانی کورد و پەرەپێدان بوو بە وشیاری نەتەوەیی. بەزۆر مانا ئەم پرۆژانە تەرجەمەکردنی وشیاری نەتەوەیی تازە لەدایکبووی نوخبە خوێندەوار و ڕۆشنگەرەکەی کوردستان بوو، بۆ وشیارییەکی نووسراو لەسەر لاپەڕەی نووسرا و ڕۆژنامەکان، بارگاویکردنی ماناکانی کوردبوون بە مانای نەتەوەیی و کردنی ڕۆژنامە و چاپخانە بوو بە دوو ئامرازی گرنگی دروستکردنی نەتەوە.
بەڵام بڕی ھەرەزۆری ئەو میدیایەی ئەمڕۆ ھەیە، وەک ووتم لە سەدا نەوەد و ھەشتی، میدیایەکی حیزبییە، ئەرکی نەک دروستکردنی نەتەوە و بەھێزکردنی وشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی نییە، بەڵکو ڕۆڵی سەرەکی بریتییە لە کورتکردنەوەی کوردایەتی بۆ حیزبایەتی و یەکسانکردنی حیزب بە نەتەوە و دانانی کادری حیزبی دڵسۆز و گوێڕایەڵ لەشوێنی ھاوڵاتی خاوەن ماف. میدیای حیزبی میدیایەکی نا نەتەوەیی و نانیشتیمانی دژە بە بیرۆکەی ھاوڵاتیبوون و ھاونیشتیمانیبوونە. لەڕاستیدا میدیای حیزبی میدیای ئیھانەکردنی نەتەوە و نیشتیمانە لەڕێگای بە موقەدەسکردنی حیزبەوە، ھاوکات میدیای ئیھانەکردنی ئینسانی کوردیشە لەڕێگای کورتکردنەوەی ئینتیماکانی ئەم ئینسانە بۆ ئینتیما حیزبییەکەی. ئەمەش وایکردوە یەکێک لە دەرەنجامە ھەرە مەترسیدارەکانی کارکردنی ئەم میدیایە وێرانکردنی وشیاری نەتەوەیی و ھەستی نیشتیمانی و بیرۆکەی ماف و ھاونیشتیمانی یەکسان بێت.
بێگومان ئەم میدیا حیزبییە و خاوەنەکانیان ھەمیشە باس لە ”بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان“ دەکەن و باس لە ”پاراستنی ئەزموونی حوکمڕانی کوردستانی“ دەکەن، وەکچۆن باس لە ”ئەرک و لێپرسراوی“ گەورەی ڕۆژنامەنووسان دەکەن و بەڵێنی ”دابینکردنی ئازادی و ڕێز“ بۆ ڕۆژنامەکاران دەدەن. کەچی ئەوەی بە کردەوە دەیکەن و ئەنجامیئەدەن، پروپاگەندەیەکی ھەرزانە بۆ دەسەڵاتێکی سوڵتانی حیزبی کە سڵ لەوە ناکاتەوە بۆ پاراستنی قازانجی خۆی، کەناڵەکانی میدیا بسوتێنێت، تەشویش بخاتە سەر تەلەفیزۆنەکانی تر، ڕۆژنامەنووسان بگرێت و ئیھانەبکات و بکوژێت. کەم میدیا ھەیە لە دونیادا بەدەم بوقی شتێک لێبدات و بە کردەوە پێچەوانەکەی ئەنجامبدات.
ئەرکی سەرەکی ئەم میدیا حیزبییە شاردەنەوە و مکیجاکردنی ناشیرینییە گەورەکانی حیزب و بەرپرسەکانیەتی. ئەم میدیایە گەمەیەکی سووک و گاڵتەیەکی ڕەش بە عەقڵ و خەیاڵی ئینسانی ئێمەدەکات و درۆ و ساختەکارییەکانی حیزب بە نرخی ھەقیقەتی نەتەوەیی دەفرۆشێتەوە. لە بیست ساڵی ڕابردووی کۆمەڵگای ئێمەدا کارەسات و ڕووداوێکی خوێناوی نادۆزینەوە ئەم میدیایە ئاراستەکراوە ڕۆڵێکی کوشندەی تێدانەگێڕابێت. شەڕی ناوخۆ بەرلەوەی ببێت بە شەڕ و ھێرشی چەکدارانەی خوێناوی ھێزەکان بۆسەر یەکتری، شەڕی کەمپە جیاواز و دوژنمکارەکانی میدیا حیزبییەکان بووە لەگەڵیەکدا. ھەمیشە ئەم میدیایە یەکەمجار شوتی خەتەرەکانی لێداوە، ئینجا دوای ئەوە کەتیبە چەکدارەکان و میلیشیاکان جوڵاون. بەر لەوەی شەڕکەران لە بەرەکانی جەنگ بکوژرێن و بریندارببن، لەم میدیایەدا کەسایەتی مەعنەوی و بوونی ڕەمزی ئینسانەکان وێرانکراون. لەڕاستیدا میدیای حیزبی ھەمیشە یەکێک بووە لە کەتیبە ھەرە بەد و ھەرە نابەرپرسەکانی حیزب و ڕۆڵی ئەو لە ڕۆڵی میلیشیا و لەشکرە تایبەتەکانی حیزب مەترسیدارتر و تێکدەرتربووە. ھیچشتێک لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا ڕۆڵی لە قوڵکردنەوەی دابەشبوونی کوردستاندا نەبینیوە بەڕادەی ئەم میدیایە و ھیچشتێک ڕێگرنەبووە لە درورستبوونی چوارچێوەیەکی نیشتیمانی بەقەد ئەم مدیایەیە.
لەمەش بترازێت ئەم میدیایە بەردەوام لە ڕیزی دەسەڵاتدابووە دژ بە کۆمەڵگا، لە ڕیزی دەسەڵاتداراندابووە دژ بە ھاوڵاتیان و لەڕیزی حیزبدا بووە دژ بە نیشتیمان. کەی پێویستیشی کردبێت ھێرشیان کردۆتە سەر ھەموو ئەو موقەدەسانەی حیزب موقەدسبوونی لێسەندونەتەوە و ئەو حەرام و خرپەکاریانەشی بە موقەدەس کردوە کە حیزب ویستویەتی. لە ھاوکێشەی نێوان حیزب و دونیادا ئەم میدیایە ھەمیشە و ھەردەم لە بەر قاپی حیزبدا زەلیلانە ھەڵتروسکاوە.
لەم ڕۆژانەدا و لەیادی سەد و سیانزە ساڵەی یادکردنەوەی میدیای نیشتیمانی و نەتەوەیی ئێمەدا، ھیچ لەوە گرنگتر نییە دان بە مەترسییەکانی ئەو میدیای حیزبییە ئاراسەکراو و پڕ درۆ و پڕوپاگەدەیە بھێنین کە ئەمڕۆ لەھەموو کونوقوژبنێکی کوردستاندا ئامادەیە. بەبێ ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەمی ئەو دەزگا و ناوەند و دەزگا میدیاییە حیزبییانەی لە کوردستاندا دروستکراون، مەحاڵە ھیچ ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە کوردستاندا ئەنجامبدرێت. شەرمێکی گەورەیە ئەو میدیا حیزبییە وەک میدیای کوردی ببینین و مامەڵەبکەین.

Entry filed under: مه‌ریوان وریا قانع. Tags: .

مەسعود بارزانی:سێ هەڵبژاردەمان خستووەتە بەردەم ئۆپۆزسیۆن گفت و گۆ لەگەڵ شەماڵ علی لە بەرنامەی تاو و توێ لە کەناڵی نالیا سەبارەت بە ڕیپێوانی کرێکاران لە سلێمانی لە یادی ١ی ئایاردا

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,797 hits

%d bloggers like this: