دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن،و خەڵک،دوو بەرەی جیاواز!

2011/05/07 at 10:11 PM Leave a comment

تاهیر حەسەن:ماوەی نزیک بە دوو ساڵ دەبێ، تەواوی میدیا حزبی و ئەهلیەکان پانتایی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستانیان بە دیاردەیەکی سیاسیەوە سەرقاڵ کردووە کە پێی دەڵێن ئۆپۆزسیۆن. هەریەک بە دەوری خۆی و بە شێوازی جۆراوجۆر خەریکن ئەو میتۆدە لە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندن بۆ هەلومەرجی سیاسی٢٠ساڵی ڕابردوو و ئێستای کوردستان ئاڕاستە دەکەن، کە لە دوای سیناریۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ ەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان دەنگێکی زۆری تێدا کۆکردەوە، کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی تازەوە و ئۆپۆزسیۆنی واقعی بۆ دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی شکڵی گرتووە و ڕەهەندی دەسەڵاتی جووت حزبی کۆتایی هاتووە!. ئاگاهانە و نەخشەمەندانە لە ڕێگای دەیان ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستی ناسیۆنالیستەوە تێدەکۆشن ئەو وێنایە بە کۆمەڵگە بدەن،کە هەژدە ساڵی ڕابردووی دەسەڵات لە کوردستان شتێک نەبووە جگە لە تاریکستانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و تەنیا دوو ساڵە خۆری ئۆپۆزسیۆن خەریکە ڕووناکی دەخاتە سەر هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئومێدی بەدیهاتنی خواستەکانی جەماوەری ناڕازی بۆ خەڵک گەڕاوەتەوە. بە تایبەتی هەوڵی ئۆپۆزسیۆن لە دوو مانگی ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا بۆ تێکەڵ کردنی خواست و نیازەکانی خۆی بە خواست و نیازەکانی کۆمەڵگە لە هەموو کاتێک ئاشکراتر و ڕۆشنتر بووە. ئەم مەسەلەیە دواتر بڕێک هەمەلایەنەتر دەگەڕێمەوە سەری.
ئۆپۆزسیۆن ئامانجدەرانە تێدەکۆشی کە سەرنجی خەڵک و کۆمەڵگە تەنیا بەرێتە سەر دوو ساڵی ڕابردوو کە خۆی تیایدا لە دەرەوەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی هەڵسوڕانی درێژە پێداوە. ئامانج لەمەش لە لایەکەوە هەوڵدانە بۆ ئازادکردنی گەردنی مەسئولیەتی خۆی لە دەسەڵاتێک کە لە ١٩٩١ ەوە هەتا ٢٠٠٩ بە گۆشت و پێست و ئێسکەوە تیایدا بەشدار بووە و تا ئەو کات نوزەی لێوە نەهاتووە، هاوکات لە لایەکی ترەوە نادیدە گرتنی دەور و نەخشی کۆمۆنیزم و حزبی کۆمۆنیست بووە لە مێژووی بیست ساڵی ڕابردووی هاوچەرخی کوردستاندا.
ئەوان بەشدار بوون لە هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆدا کە بە ئەندازەی جەنگی جیهانی یەکەمی خایاند و زیاتر لە ١٠ هەزار لاوی ئەم ووڵاتەی تێدا بووە قوربانی. ئەوان بەشدار بوون لە دەسەڵاتێکدا کە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار ژن بە دەلائیلی ناموسی کوژراون و سووتێنراون و خنکێنراون. ئەوان بەشدار بوون لە دەسەڵاتێکدا کە ساڵانە ملیاردها دۆلاری لە سەروەت و سامانی ئەم ووڵاتەی بۆ خۆی بردووە. ئەوان شەریک بوون لە دەسەڵاتێکدا کە هەژدە ساڵ تەنیا لولەی چەک قانون و ڕێسای ئەم ووڵاتە بووە و سەدان ئازادیخوازی ئەم ووڵاتە تیایدا ڕفێندراون و تیرۆر کراون. ئەوان بەشدار بوون لە ڕاکێشانی میلی تفەنگ لە یەکلاکردنەوەی کێشەی سیاسی نێوان حزبە سیاسیەکانی کوردستاندا. ئەوان، ئەوان، ئەوان….
نادیدە گرتنی جێگا و ڕێگا و کاریگەری کۆمۆنیزم و حزبی کۆمۆنیست لە بیست ساڵی ڕابردووی مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا و پێناسەکردنی بوونی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات تەنیا لە دوای ٢٥/٧ ەوە هەوڵێکی فریوکارانە و مناڵانەیە. لە مێژووی بیست ساڵی ڕابردووی ئەم کۆمەڵگەیەدا بە خوێن لەسەر لاپەڕە بە لاپەڕەی نووسراوە، کە تەنیا یەک ڕۆژ دوای ڕاپەڕینی ئازاری ٩١ و دەرکردنی ڕژێمی بەعس، لە گەڕەکەکان و کارگاکان و جێگای کار و ژیانی خەڵک کۆمۆنیستەکان و بەرەی چەپ و پێشکەوتنخواز بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات شوراکانی خەڵکیان لە کۆبوونەوە گشتیەکانی جەماوەری خەڵکدا پێکهێنا. ئەمە یەکەمین تروسکایی شێوازێکی تازەی دەسەڵاتدارێتی خەڵک بوو. بەڵام یەکەمین کارێک کە بەرەی کوردستانی ئەوکات کە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ئێستاشی لەگەڵدا بوو هێرشیان بوو بۆ سەر دەسەڵاتدارێتی خەڵکو شوراکان. لە لاپەڕەکانی مێژووی ئەم کۆمەڵگەیەدا نووسراوە کە حزبی کۆمۆنیست لە سەر ڕێگاچارەی بۆ چارەنوسی هەڵواسراوی خەڵکی کوردستان پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە لە ڕیفراندۆمێکی ئازادی دانیشتوانەکەیدا هاوکات پێشنیاری ڕەشنووسی یاساکانی باری کەسێتی و یەکسانی ژن و پیاو، هێرشی سەربازی کراوەتە سەری و پێنج ئینسانی تێکۆشەریان بە ڕۆژی ڕوناک و لە چەقی شاردا لێ کوژراوە، ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری ژنان و مناڵان بە زەبری چەک داخراون. لە ساڵی ١٩٩٣ وە هەتا ئێستا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی هەیە و بە دەیان هەزار کەس لە بۆنە و ئاکسیۆنە ئایاریەکانیدا بەشداریان کردووە و کەچی هێشتا مۆڵەتی ئەو حزبە لە نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتیدا هەردێت و دەچێ !.
کوردستان کۆمەڵگایەکی چینایەتیە و بەرەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و دەستەنگانی کۆمەڵگە بە ڕابەری و پێشڕەوی حزبی کۆمۆنیست بیست ساڵە ئۆپۆزسیۆنی چینایەتی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا بووە و هەیە لە دژی دەسەڵاتی سەرمایەدارانی کورد.
دوو مانگی ڕابردوو و ئۆپۆزسیۆن!
بزووتنەوەی گۆڕان لە زمانی سەرکردەکەیەوە ڕۆژی ١٧ ی شوبات خۆپیشاندانی خەڵکی شاری سلێمانی بە ئاژاوەگێڕ ناوزەد کرد و هاوکات ڕایگەیاند کە حزبەکەی ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکی دامودەزگا ئەمنیەکانی دەسەڵاتە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆنترۆڵکردنی جەماوەر!. بەڵام دواتر کە زانی خەڵک هەتا دێت بە خۆپیشاندانەکانەوە پەیوەست دەبێت و دامێنەی خۆپیشاندانەکان شار و شارۆچکەکانی تری گرتەوە ئینجا کەوتنە هەوڵی ئەوەی کە خواستەکانی خۆیان بکەنە خواستی جەماوەر و لەگەڵ هەردوو حزبە ئیسلامیەکەدا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان ببن و بیکەنە کارتی فشار بۆ سەر دەسەڵات ، تا ئیمتیازی زیاتریان لە دەسەڵاتدا پی ببڕێ. ساڵانی ڕابردوو یەکێتی و پارتی کارتی ئیسلامیەکانیان لەململانێی نێوان خۆیاندا لەسەر دەسەڵات و ناوچەی نفوز بەکاردەهێنا،ئەمجارە گۆڕان خەریکە هەمان سیناریۆی کۆنەپەرستانە دووبارە دەکاتەوە!.
ئۆپۆزسیۆن دەڵێ خواستی هەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی بنکە فراوان و هەڵبژاردنی پێشوەخت خواستی جەماوەری ناڕازی خەڵکی کوردستانە و هەر بۆ ئەوە هاتوونەتە مەیدان !. بەڵام ئەم ڕاگەیاندنە چەواشەکارانەیە و دوور و نزیک هیچ پەیوەندیەکیان بە خواست و ئامانجی خەڵکەوە نییە. هاتنە مەیدانی خەڵک و تووڕەیی جەماوەی ناڕازی خەڵکی کوردستان ڕیشەی لە ژیانی ئەسەفباری ملیۆنەها ئینسانی بێبەشی کوردستاندایە لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ڕیشەی لە بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە و کارەساتی جەنگی ناوخۆ و کوشتنی ناموسی ژنان و سەرکوتی سیاسی و ڕۆچوونی تا ئەوپەڕی قڵشتی چینایەتی نێوان خەڵک و مشتێک ملیاردێری دەسەڵاتدایە. ڕیشەی لە بێ قانونی و بێ حکومەتی و دەسەڵاتی داسەپێندراوی میلیشیایی ئەحزاب و تیرۆری سیاسی و بێدەنگە کردنی ئازادیخوازاندایە. خەڵک بۆ گۆڕینی دەمووچاوەکانی کۆمەڵێک بە کۆمەڵێکی تر نەهاتوونەتە مەیدان.
بە خۆداهاتنەوەی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، هەرچەندە بیست ساڵی خایاند، بەڵام هاوکاتە لەگەڵ بەخۆداهاتنەوەی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی ملیۆنها ئینسان کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای عەرەبی لێواولێو کردووە و تا ئێستا چەندین دەسەڵاتی زەبەلاحی سەرکوتگەری ڕووخاندووە. کوردستان بە توندی تای گەرمی شۆڕشی گرتووە و بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی خەریکە پێ دەنێتە مەیدان، نەک بۆ چاکسازی دەسەڵاتێک کە چاکسازی هەڵناگرێ. هەرکەسێک ئەگەر نەیەوێ چەواشە بکرێ یان چەواشە بکا دەتوانێ لەو ڕاستیە سادەیە تێبگا، کە لە کوردستاندا شتێک نیە ناوی حکومەت و پەرلەمان بێ تا بکرێ چاکی بکەی. ئەوەی کە ناوی حکومەت و پەرلەمانی لەسەر دانراوە و هەرچوار ساڵ جارێک سیناریۆیەکی گاڵتەجاڕانە بۆ درێژ کردنەوەی تەمەنی ساز دەکرێ، جگە لە دەور و دوکانێکی شکڵی بێناوەڕۆک بۆ بە قانونی نیشاندانی دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی شتێکی تر نییە. ئاخر لە ووڵاتێکدا کە دەیان هەزار لولەی تفەنگ و دۆشکە و موشەک بەسەر سەری خەڵکەوە بێ، لە ووڵاتێکدا کە نان پەیدا کردن بە مەرجی پابەند بوون بۆ حزبێکی نێو دەسەڵات بێ، لە ووڵاتێکدا کە دەنگدان و دەنگنەدانت سفرەی ماڵت دیاری بکات، لە ووڵاتێکدا کە ڕێکخراوێکی سەر بە پارتی بتوانێ زانکۆ و پەیمانگا دابخات و قوتابیەکانی بنێرێتەوە بۆ ماڵەوە، لە ووڵاتێکدا کە دەسەڵاتداران هەریەکەیان دەیان ڕۆژنامە و کەناڵی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و بیرە نەوت و تەنانەت فەوجی سەربازی سەر بە خۆیان هەبێت و ملیاردها دۆلاریان بۆ خۆیان کەڵەکە کردبێ، هەڵبژاردن و حکومەت و پەرلەمان تەنیا گاڵتەیەکی مناڵانەیە و هیچی تر.
بزووتنەوەی گۆڕان لە زمانی سەرۆکەکەیانەوە دەڵێ ئێمە دژی حکومەت و پەرلەمان نین ، بەڵکو دژی ئەدای پەرلەمان و حکومەتین. ئەوان دەڵێن ئێمە دەور کاریگەریمان بووە لەسەر ئەم ئەزمونە و لە دروستکردنی حکومەت و پەرلەماندا بەشداربووین، دەزگای زانیاری و پاراستن کاری گەورەیان بۆ خەڵکی کوردستان کردووەو دەبێ بپارێزرێن ، بەڵام لە دەستی حزب دەربهێندرێت و بخرێتە دەستی کەسی بێلایەن!. ئێستا ئیتر سنوری هاتنە مەیدانی خەڵک و خواستەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ڕۆژی ڕوناک ڕوناکترە. ئێستا ئیتر کێ گومانی لەوە هەیە کە کێشەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵات کێشەی خەڵک نییە لەگەڵ دەسەڵات. خەڵک بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و وەک یەک بەهرەمەند بوون لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا هاتوون و ئەوانیش بۆ حکومەتی بنکە فراوان و تەکنۆکرات و هەڵبژاردنی پێشوەخت هاتوون کە ئەمەش شتێک نییە جگە لە شەریک بوونی ئۆپۆزسیۆن لە دەسەڵاتی ئێستادا و ناردنەوەی خەڵک بە دەستی بەتاڵ بۆ ماڵەوە. ئۆپۆزسیۆن تەنها تا ئەو ڕادەیە لە پشتی خۆپیشاندانی خەڵکە تا ببێتە پەیژەیەک و بپەڕێتەوە بۆ شەریک بوون لە دەسەڵاتی سیاسی ئێستا و وەرگرتنی ئیمتیازاتی زیاتر لە دەسەڵاتدا.
ئەم ئامانج و سیاسەتە ناکۆکەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئامانجی خەڵکدا تاکتیکێکی هەڵە نییە گرتبێتیە بەر، بەڵکو ناوەڕۆک و جەوهەری سیاسی و چینایەتی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن پێک دەهێنێ. بەحەق ئۆپۆزسیۆن وە بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان وەک ڕەوتێکی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد فەلسەفەی بوونی بۆ ڕزگارکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی و سەرمایەدارانی کورد (یەکێتی و پارتی) پێکهاتووە. ئەو دەیەوێ ئەزمونی فاشیلی بیست ساڵەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کورد لە کوردستان لە ڕوخان بپارێزێت و ئەوەندەی پێی بکرێ نەهێڵێ هاتنە مەیدانی خەڵک پایەکانی دەسەڵاتیان بڕوخێنێ. ئەوان دەزانن کە سەرەنجام هەموویان لە ناو یەک بەلەمدان ئەگەر خەڵک غەرقی بکات هەموویان پێکەوە غەرق دەبن.
ئەم ڕاستیەی کە لەسەرەوە ووتم بۆ تەنیا یەک لەحزەش لە ئێمە شاراوە نەبووە و نییە. ئێمە زۆر هەوڵماندا چ لە ڕێگای بەیاننامە و بڵاوکراوە و ڕاگەیاندنەکانمانەوە چ لە ڕێگای ووتاربێژانمانەوە لە سەراکانی ئازادی لە کوردستان کە ئاسۆی جیاوازی خۆمان و جەماوەری بەشمەینەتی خەڵکی کوردستان لە ئاسۆ و سیاسەت و کایەی ئۆپۆزسیۆن جیا بکەینەوە و نەهێڵین جەماوەری ناڕازی بکەوێتە تەڵەی سیاسەتی ئەوانەوە. هاوکات زۆر ئاگاهانە نەماندەویست لەبەرامبەر دەسەڵاتدا شەقام و ئۆپۆزسیۆن کە هەریەک لە دژی دەسەڵات هاتبوونە مەیدان دوو کەرت و لاواز بکەین و دەسەڵات کەڵک لە تەبلیغاتی ئێمە لە دژی ئۆپۆزسیۆن وەربگرێ. بەڵام ئێستا دەورەیەکە کە دەبێ هەمووومان زۆر بە ڕۆشنی قسەکانمان بکەین. چونکە هێشتا ئەم دۆسیەیەی خەڵک و دەسەڵات لەسەرەتادایە. ئەم قەیرانە هەروا درێژەی هەیە بە دانیشتنی دەسەڵات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن نەک هەر چارەسەر ناکرێ، بەڵکو قوڵتر دەبێتەوە. بۆیە تێگەیشتن لە جەوهەر و سیاسەت و ئامانجی ئۆپۆزسیۆن وە لە ناسینی تەواوی ئەم کایە سیاسیە بۆ ئێستا و ئایندەی خەڵکی کوردستان چارەنووسسازە، تا ئەگەر لە سبەینێیەکی نزیکدا خەڵکی کوردستان هاتنەوە مەیدان بە ڕیزی سەربەخۆ و ئاسۆی ڕۆشنی خۆیانەوە بێنە مەیدان و کوردستانێکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران دابمەزرێنن.
تاهیر حەسەن
٢٩/٤/٢٠١١

Entry filed under: تـــاهیـر حــه‌ســه‌ن. Tags: .

له‌هه‌ینی دوێنێ دا(40)که‌س له‌ خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان سوریا کوژران وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه شێخ جه‌عفه‌ر:به‌شه‌ره‌فم هه‌موو كورد یه‌كبگرێت، واز له‌ئه‌حمه‌د میره‌ ناهێنم

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,943 hits

%d bloggers like this: