ستراتیژی‌(ئه‌مریكا)و (قاعیده‌) پاش بن لادن

2011/05/09 at 8:20 PM Leave a comment

زمناكۆ عزیز:ئه‌مریكا له‌م ساڵانه‌ی‌ دواییدا له‌گه‌ڵ‌ ده‌یان شكست و پاشه‌كشه‌ی‌ گه‌وره‌ به‌ره‌و ڕوو بوته‌وه‌، كه‌ كاریگه‌ری‌ زۆری‌ له‌سه‌ر جێگه‌و ڕێگه‌ی‌ ئابووری‌ و سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ ئه‌و وڵاته‌ داناوه‌. به‌و مانایه‌ی‌ كه‌ ده‌ورانی‌  دنیای‌ تاك جه‌مسه‌ری‌، كه‌ ئه‌مریكا ڕابه‌ری‌ بوو ته‌واو بووه‌. ئه‌م باسه‌ له‌كاتی‌ هاتنه‌ سه‌ركاری‌ ئۆباماو شكستی‌ بۆشدا به‌درێژی‌ كراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جه‌مسه‌ری‌ به‌رامبه‌ری‌ كێه‌و جیاوازییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مریكا چیه‌و، سه‌ره‌نجام دنیا له‌ناو ململانێی‌ ئه‌م زلهێزانه‌ی‌ دنیادا به‌ره‌و كوێ‌ ئه‌ڕوات؟ ئه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌  كه‌ له‌ ساڵانی‌ ڕابردوودا سه‌ره‌داوه‌كانی‌ ده‌ركه‌وتوون و كوشتنی‌ بن لادن و واده‌ی‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان و عێراق، كارێك ئه‌كات كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ ڕۆشنتر و خێراتر بكه‌وێته‌ڕوو.
هه‌رچی‌ ڕێكخراوی‌ قاعیده‌شه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ توانی‌ هێزێكی‌ به‌رچاو له‌وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ و ئیسلامی‌ به‌گشتی‌ ڕێكخراو بكات بۆ شكست پێكهێنانی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و ئه‌و وڵاتانه‌و، ئه‌نجامدانی‌ كرده‌وه‌ی‌ تیرۆریستی‌ له‌ناو دڵی‌ وڵاتانی‌ عه‌ربی‌ و ئیسلامی‌. به‌ڵام شێوازی‌ نوێی‌ جه‌ماوه‌ری‌ و شۆڕشگێڕانه‌ی‌ به‌شێكی‌ گرنگی‌ ئه‌و وڵاتانه‌، بۆ پێكهێنانی‌ ئاڵوگۆڕی‌ گه‌وره‌و گرنگ و ته‌نانه‌ت به‌رده‌وام تیایانداو، سه‌ره‌نجام بچوككردنه‌وه‌ی‌ جێگاو ڕێگای‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ به‌گشتی‌ و مۆدێلی‌ تیترۆریستی‌ قاعیده‌ به‌تایبه‌تی‌، كێرڤی‌ خۆی‌ له‌و به‌رواره‌وه‌و به‌دروستتر له‌ڕۆژانی‌ سه‌ره‌تای‌ شۆڕشی‌ تونسه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌، تازه‌ به‌ كوشتن و مردنی‌ بن لادنیش ئه‌و پرۆسه‌یه‌ تادێت خێراتر ئه‌بێت و سه‌ره‌نجام ئاینده‌ی‌ ڕه‌شتر له‌وه‌ش چاوه‌ڕێی‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ ئه‌كات.
ستراتیژی‌ ئه‌مریكا
ئه‌مریكا به‌ جێگه‌و ڕێگه‌ی‌ ئابوری‌ و سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ وڵاته‌كه‌ی‌، تائێستا توانیویه‌تی‌ كه‌ جڵه‌وی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ دنیا بگرێته‌ده‌ست و خۆی‌ وه‌ك زلهێزێكی‌ بێڕه‌قیب به‌سه‌ر ته‌واوی‌ دنیادا فه‌رز بكات. به‌ڵام ئه‌م جێگه‌و ڕێگه‌یه‌ له‌دوای‌ ڕووداوه‌كانی‌ 11ی‌ سێپتامبه‌ره‌وه‌ به‌دواوه‌ تاهاتوه‌ بۆ خواره‌وه‌ هاتوه‌، قه‌یران له‌دوای‌ قه‌یران و نه‌بوونی‌ ستراتیژی‌ ڕۆشن و ناتوانایی‌ له‌وه‌ستانه‌وه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ منافسه‌كانی‌ خۆی‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش، به‌دیوێكیتریشدا هه‌ڵكشان و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ تواناییه‌ ئابوری‌ و سه‌ربازی‌ و سیاسیه‌كانی‌ وڵاتانی‌ وه‌ك ڕوسیا وچین و ئه‌ڵمانیا..هتد، وایكردوه‌ كه‌ چیتر ئه‌مریكا نه‌توانێ‌ درێژه‌ به‌هه‌مان نه‌خش و ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی‌ پێشووی‌ خۆی‌ بدات له‌جیهاندا، یان ئه‌بێت له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و منافسه‌ نوێیانه‌دا ڕێك بكه‌وێت و به‌شی‌ ئه‌وانیش بدات و دان بنێت به‌ كۆتایی‌ ده‌ورانی‌ دنیای‌ تاك جه‌مسه‌ری‌، یان ئه‌بێت ڕوبه‌ڕویانبوه‌ستێته‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌ردوو باره‌كه‌دا، له‌ ئه‌گه‌ری‌ یه‌كه‌م و ئه‌گه‌ری‌ دووهه‌میشدا شكستی‌ خۆی‌ مسۆگه‌ره‌.
بۆیه‌ ئه‌مریكا له‌پاش ئه‌و شكستانه‌ی‌ كه‌ له‌ناوخۆی‌ ئه‌و وڵاته‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆیدا به‌ده‌ستی‌ هێناوه‌، به‌تایبه‌ت قه‌یرانی‌ ئابووری‌ و بێكاری‌ ملیۆنی‌ له‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ك، هاوكات ئه‌و شكسته‌ی‌ ستراتیژیه‌ی‌ كه‌ به‌درێژایی‌ یه‌ك ده‌یه‌ی‌ ڕابردوو له‌ ئه‌فغانستان و عێراق و پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ نیبَوان عه‌ره‌ب فه‌له‌ستین له‌لایه‌كیتره‌وه‌ به‌ده‌ستی‌ هێناوه‌، كه‌ نه‌یتوانی‌ ئارامی‌ و ئاسایش و خه‌ته‌ری‌ تیرۆر بنه‌بڕ بكات. هه‌روه‌ها هه‌ڵچون و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی‌ منافسی‌ نوێ‌، وایكردوه‌ كه‌ ئه‌مریكا جێگه‌و ڕێگه‌ی‌ ڕۆژانی‌ پاش 11ی‌ سێپتامبه‌ری‌ نه‌مێنێت. ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌ی‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ له‌عێراق و ئه‌فغانستان ئاكامی‌ ئه‌و شكسته‌ن و به‌هه‌ڵواسراوی‌ مانه‌وه‌ی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ عه‌ره‌ب ئیسرائیل و ئاڵوگۆڕه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست  له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ویستوخواسته‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌و شكسته‌ن.
ئه‌مریكا له‌ده‌وره‌ی‌ داهاتوودا له‌سه‌ر ستراتیژێك كارئه‌كات، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ نیه‌ به‌ كوشتنی‌ ئوسامه‌وه‌، یان به‌مانایه‌كیتر كوشتنی‌ ئوسامه‌ بن لادن نابێته‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌مریكا چاو به‌و ستراتیژه‌ی‌ ئێستایدا بخشێنێته‌وه‌و هه‌وڵبدات له‌ئاستێكی‌ باڵاتردا خۆی‌ بنوێنێ‌ له‌چاو ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌. دروست له‌ قه‌یرانی‌ لیبیا و یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و سوریادا، بینیمان كه‌ خواست و به‌رژوه‌ندیه‌كانی‌ له‌ چوونه‌پێشه‌وه‌ی‌ ڕووداوه‌كان و ته‌نانه‌ت به‌و بڕیارانه‌یشی‌ كه‌ به‌ فشاری‌ ئه‌مریكا له‌ناو ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش ده‌ركران به‌ شێوازێكه‌و ئه‌وه‌یشی‌ كه‌ ئه‌گوزه‌رێت جۆرێكیتره‌، به‌رهه‌ڵستكاری‌ منافسه‌كانی‌ ئه‌مریكا و ده‌خاله‌تی‌ خه‌ڵك و كرێكاران به‌تایبه‌ت توانیویانه‌ تا ئه‌م به‌رواره‌ كاریگه‌ری‌ بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ڕابگرێت. زه‌قترین نمونه‌ بڕیاری‌ 1973ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش سه‌باره‌ت به‌ لیبیا بوو، كه‌سه‌ره‌تا توانییان گورزی‌ توند بده‌ن له‌ حكومه‌تی‌ قه‌زافی‌، به‌ڵام ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵ‌ بێت ئاسۆیه‌ك نیه‌ بۆ وه‌لانانی‌ ئه‌و ڕژێمه‌و به‌رگرتن به‌و كوشتاره‌ی‌ كه‌ له‌و وڵاته‌ چه‌ند مانگێكه‌ وه‌ڕێخراوه‌. نمونه‌كان زۆرن له‌م باره‌یه‌وه‌..
بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ئه‌مریكا بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ی‌ كه‌ تێیكه‌وتوه‌، به‌شوێن ڕێگایه‌كه‌وه‌ كه‌ به‌كه‌مترین زیان لێی‌ ده‌ربازبێت و بكشێته‌وه‌، به‌رنامه‌ی‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق و ئه‌فغانستان، له‌سه‌روبه‌ندی‌ كه‌مپینی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌و وه‌ك به‌ڵێنی‌ هه‌ڵبژاردن به‌خه‌ڵكی‌ ئه‌و ووڵاته‌ دراوه‌و، ته‌نانه‌ت خواستی‌ جه‌ماوه‌ریش له‌ ناوخۆی‌ ئه‌مریكادا به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ئه‌ڕوات كه‌ هێزه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌یان بكشێننه‌وه‌و به‌شێك له‌ فشاره‌كانی‌ سه‌ر ئیداره‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ پێك ئه‌هێنن. ئێستا ئه‌مریكا ئه‌و فرسه‌ته‌ی‌ بۆ پێشهاتوه‌ كه‌ وه‌ك سه‌ركه‌وتویه‌كی‌ جه‌نگ و بكوژی‌ ئه‌ندازیاری‌ ڕووداوه‌كانی‌ 11ی‌ سێپتامبه‌ر خۆی‌ نمایش بكات، به‌ڵام له‌دنیای‌ واقیعدا پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ڕاسته‌ و ئێستا ته‌نها به‌شوێن ڕاگرتنی‌ پێگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ خۆیه‌تی‌. بۆیه‌ ده‌وره‌ی‌ ئاینده‌ ده‌ورانی‌ ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌یه‌ و ئاڵوگۆڕی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌سیاسه‌ته‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ پێش دێت و ته‌نانه‌ت هاوكێشه‌ی‌ هاوسه‌نگی‌ هێزی‌  سیاسی‌ نوێ‌ له‌ته‌واوی‌ دنیادا دێته‌ پێشه‌وه‌، كه‌سه‌ره‌نجام كۆتایی‌ باڵاده‌ستیی‌ ئه‌مریكا به‌ڕه‌سمی‌ له‌زۆرێك جێگای‌ دنیادا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.
ستراتیژو ئاینده‌ی‌ قاعیده‌
قاعیده‌ش وه‌ك هێزێك و ڕه‌وتێكی‌ نایاسایی‌ له‌ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌دا، له‌ڕێگه‌ی‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانیه‌وه‌ توانی‌ پێشڕه‌وی‌ بكات و، به‌ڕه‌خنه‌ له‌ سیاسه‌ت و كاركردی‌ حكومه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كان  وڵاتانی‌ ئیسلامی‌ به‌گشتی‌، توانی‌ سه‌رانی‌ خۆی‌ و كاروكرده‌وه‌كانی‌ له‌ناو ڕێكخراوه‌ ئیسلامیه‌كان به‌گشتی‌ و له‌ناو ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ خه‌ڵكی‌ موسڵمان كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بكاته‌وه‌. قاعیده‌و باڵی‌ چه‌كدارو تیرۆریستی‌ ناو ئیسلامیه‌كان، وه‌ك لایه‌نێكی‌ جدی‌ ناو هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌ركه‌وت و به‌دیلی‌ ئه‌وان بۆ دووباره‌ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگاكان، دووباره‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خه‌لافه‌ت و حوكمی‌ ئیسلام بوو، وه‌ك چۆن له‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان ئه‌و ئه‌لگۆیه‌یان نیشانی‌ كۆمه‌ڵگاكان داوه‌، له‌ئه‌فغانستان و به‌شێكی‌ فراوانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ قه‌بیله‌كانی‌ پاكستان و سۆماڵ‌ و به‌شێك له‌یه‌مه‌ن و مۆریتانیاو ..هتد، تاده‌گاته‌ ئه‌و ئیداره‌وه‌ سیته‌مه‌ی‌ كه‌ نوێنه‌رانیان له‌هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان، ئه‌وان شێوازی‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی‌ خۆیان بۆ خه‌ڵك ئاشكرا كردوه‌و خوازیاری‌ ئه‌و جۆره‌ حاكمیه‌ته‌ بوون. ئه‌وان وه‌ك نوێنه‌ری‌ خوای‌ ئیسلام و به‌ناوی‌ دینی‌ ئیسلام و شه‌ریعه‌ته‌وه‌ داوای‌ به‌ش ئه‌كه‌ن و ڕازی‌ نین كه‌ خێرو داهاتی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ته‌نها بۆ حكومه‌ته‌كانی‌ ئه‌و وڵاتانه‌و ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی‌ بێت. هه‌رئه‌مه‌شه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ دژایه‌تی‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌دنیادا. به‌ڵام ئاڵوگۆڕی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ به‌گشتی‌، تاڕاده‌یه‌كی‌ زۆر ئه‌و جێگه‌وڕێگه‌یه‌ی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ به‌گشتی‌ و هاوشێوه‌كانی‌ قاعیده‌ی‌ زۆرتر لاواز كردوه‌، ژماره‌یه‌كی‌ ئێجگار زۆر له‌ لایه‌نگران و پشتیوانانیان لێیان هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و خوازیاری‌ ئاڵوگۆڕی‌ هاوشێوه‌ی‌ میسرو تونسن له‌وڵاته‌كانیان، ته‌نانه‌ت دواترین ڕوودای‌ ناو ئیسلامی‌ سیاسی‌ له‌ناوچه‌كه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ئاشتی‌ و ڕێكه‌وتنی‌ نێوان حه‌ماس و فه‌تحی‌ فه‌له‌ستینییه‌و، كه‌ سه‌رباری‌ ئه‌و هه‌موو خاڵه‌ لاوازانه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ فه‌تح و ئاشكرابوونی‌ ده‌یان به‌ڵگه‌ی‌ نوسراو كه‌ ده‌ست تێكه‌ڵاو بوونی‌ فه‌تح له‌گه‌ڵ‌ ئیسرائیل ئه‌سه‌لمێنێت، كه‌چی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و پێگه‌ نوێیه‌ی‌ ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ له‌ناوچه‌كه‌، زۆر خێراو به‌بێ‌ هه‌بوونی‌ هیچ فشارێكی‌ ده‌ره‌كی‌، له‌گه‌ڵ‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ فه‌تح ڕێك ده‌كه‌ون. ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ له‌ ته‌واوی‌ ئه‌و  ناوچانه‌ی‌ كه‌ئیسلامیه‌كان  تیایاندا باڵاده‌ستن، ئه‌بێته‌ نسیبی‌ هه‌مویان. به‌م پێیه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ كێرڤی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كاندا له‌ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌ زاده‌ی‌ هه‌لومه‌رجی‌ شۆڕشگێڕانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌یه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی‌ به‌ كوشتن و مردنی‌ ئوسامه‌ بن لادنه‌وه‌ نیه‌.
به‌ڵام مردن و نه‌مانی‌ بن لادن له‌ناو ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و جێگه‌و ڕێگه‌یه‌ی‌ ئیسلامیه‌كان لاوازتر ئه‌كات، هاوكات نه‌مانی‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ك له‌دنیادا دنیایه‌ك كێشه‌و گرفتی‌ ده‌ورنی‌ بۆ خودی‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌شوێن خۆیدا ئه‌هێنێت، نمونه‌ی‌ ئه‌م كه‌سی‌ یه‌كه‌مه‌ كاتێك له‌ناو بزووتنه‌وه‌كه‌ی‌ خۆیدا نامێنێت زۆرن كه‌ پاش ئه‌و، چۆن ڕیزه‌كانیان به‌ره‌و بچوكبوونه‌وه‌و لاوازی‌ و كه‌م كاریگه‌ری‌ هه‌نگاو هه‌ڵئه‌گرێت. قاعیده‌و هه‌موو په‌یڕه‌وكه‌رانی‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌وان ، له‌جیاتی‌ هه‌ركارێكی‌ عه‌مه‌لی‌ و هه‌ر وه‌ڵامێك به‌و قه‌یرانه‌یان، جه‌ده‌ل و مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌سڵیان دێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كێ‌ شوێنی‌ ئه‌و كارێزمایه‌یان بگرێته‌وه‌؟ ئختلافاتیان زیاتر ئه‌بێت و یه‌كێك له‌ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ببن به‌چه‌ندین به‌شه‌وه‌، بۆیه‌ ستراتیژی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ئه‌ده‌ن، درێژه‌دانه‌ به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ گرفت و قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌كان و به‌رگرتن به‌هه‌ر لێكترازان و چه‌ند كه‌رت بونێك، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئۆتۆماتیكی‌ كاریگه‌ری‌ ئه‌بێت له‌سه‌ر نه‌خشی‌ عه‌مه‌لییان و ئه‌و مه‌وقیعیه‌ته‌ سیاسییه‌یان ئه‌وه‌نده‌یتر دێته‌ خواره‌وه‌.
ئاینده‌ی‌ ناوچه‌كه‌ له‌داهاتوودا، بریتی‌ ئه‌بێت له‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ بازی‌ كه‌رانی‌ ئه‌سڵی‌ چیتر به‌ته‌نیا ئه‌مریكا و ئیسلامیه‌كان نابن، به‌ڵكو ئه‌م لاوازیه‌ی‌ ئه‌وان سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رگا ئه‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هێزو زلهێزیتری‌ دنیا بتوانێت نه‌خشی‌ ببێت ئاڕاسته‌كردنی‌ ئه‌و ئاینده‌یه‌، هاوكات لاوازی‌ ئه‌مریكاو ئیسلامی‌ سیاسی‌ فرسه‌تی‌ ده‌خاله‌تی‌ خه‌ڵك زیاتر ئه‌كات و، ئاینده‌ی‌ ئازادی‌ و یه‌كسانی‌ و مافه‌ فه‌ردی‌ مه‌ده‌نیه‌كانی‌ خه‌ڵك و ئاینده‌ی‌ دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌هه‌موو كاتێك زیاتر له‌دوای‌ شكستی‌ بلۆكی‌ شه‌رقه‌وه‌، گه‌شتر و ئاسۆی‌ ڕونتر دیاره‌ ئه‌بێت، به‌ڵام هاتنه‌دی‌ ئاره‌زوو و ئامانج و ئاواته‌كانی‌ ملیۆنه‌ها خه‌ڵكی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌نده‌ به‌ هاتنه‌ مه‌یدانی‌ خه‌ڵك و ڕێكخراوبونیان له‌ده‌وری‌ ئاسۆی‌ ئازادیخوازی‌ و یه‌كسانیخوازیدا.
زمناكۆ عزیز
9-5-2011

Entry filed under: زمناكۆ عزیز. Tags: .

كه‌مته‌رخه‌می وكێشه‌ كۆنه‌ به‌ قه‌یران بووه‌كانی كابینه‌كانی پێشوو،به‌ د.به‌رهه‌م چاره‌سه‌ر ناكرێن به‌م حاڵه‌شیه‌وه‌! الله دوژمــــــــــنی خــــــــــوداێــــــــــە

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,907 hits

%d bloggers like this: