2011 ساڵی داته‌پینی دڵی دیکتاتۆره‌کانه‌

2011/05/19 at 5:19 PM Leave a comment

تاهیر حاجی حه‌سه‌ن:ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کان له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و وڵاتانی باکوری ئه‌فریکا له‌ حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوه‌وه‌ ده‌ستی پێکرده‌وه‌، پێش ئه‌و مێژوه‌ش ده‌سه‌ڵاته‌کان به‌رهه‌می هه‌مان سیسته‌می دیکتاتۆری نه‌ته‌وه‌ی بوون. به‌ڵام جیاوازی له‌وه‌دایه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له‌م ساڵی 2011 یه‌دا که‌وتونه‌ته‌ به‌ر نه‌فره‌تی ملیۆنی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکیش وئازادیخوازه‌وه‌، ده‌سه‌ڵات گه‌لێکن که‌  ده‌سه‌ڵات ته‌نها له‌ده‌ستی سه‌رۆکێکی هه‌تاییداماوه‌ته‌وه‌ یاخود له‌ لاوازترین حاڵه‌تدا جێهێشتنی کورسی ده‌سه‌ڵات ده‌بوا بۆ نه‌وه‌ی سه‌رۆکی دیکتاتۆر بمێنێته‌وه‌. ئه‌و ڕه‌هایه‌تیه‌ی خودی سه‌رۆک له‌م وڵاتانه‌ی
ئێستا له‌به‌رده‌م گۆڕانکاریه‌کی که‌م وێنه‌دان، مانیفێستێکی یه‌کجار ترسناکیان له‌
نێو کایه‌ی دکتاتۆریه‌تی خۆیاندا داڕشتوه‌ بۆ کۆمه‌ڵگاکانیان. مانیفێستێک که‌ ته‌نها
زمانی لێدوان و گفتوگۆ هه‌یبێت، به‌کار هێنانی زمانی کوشتن و بێکار کردن و له‌
گۆڕنانی هه‌رچ ده‌نگێکی ناڕازیه‌. نه‌بوونی ئازادی ده‌ربڕین و ئازادی نووسین و
ئازادیه‌ک که‌ ئینسان بتوانێت هه‌ست به‌بوونی خۆی بکات که‌ ئه‌و کائینێکی زینده‌وه‌
و ده‌توانێت پرسیار له‌ خۆی بکات، ئاخۆ من هه‌م یان نیم؟ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و په‌روه‌رده‌
فاشیل و دیکتاتۆریانه‌یه‌، له‌ زه‌مه‌نی هاتنه‌ سه‌رکاری سه‌رۆکانی دڵ داته‌پیوی
دیکتاتۆری ئێستای وڵاتانی ڕاپه‌ڕیوو، به‌رئه‌نجامی ئه‌و سیسته‌مه‌ تۆتالیتار و ڕه‌هاییانه‌یه‌
که‌ له‌م زه‌مه‌نی قه‌یرانی ئابوری جیهانی نیزامی سه‌رمایه‌داریه‌دا، توانایه‌کی
خێراتری به‌خشییه‌ کۆی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ چه‌پێنه‌رانه‌ی تا ئێستا له‌ نێو ناخی
خۆیاندا هه‌ڵیان گرتبوو. کاریگه‌ری قه‌یرانی ئابوری ئه‌م سه‌ده‌یه‌، به‌شێکی سه‌ره‌کی
دیکه‌ی نێو کۆی ڕاپه‌ڕینه‌کانی تا ئێستایه‌.

له‌م وڵاتانه‌ی
ڕۆژهه‌ڵات و باکوری ئه‌فریکاو وڵاتانی دیکه‌ی سه‌ربه‌ کیشوه‌ری ئاسیا، زۆرترین
ڕاده‌ی هه‌ژاری و بێکاری و که‌می هه‌قده‌ست هه‌یه‌ بۆ چینێک که‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا هه‌ڵسوڕێنه‌ری
سه‌ره‌کی کۆی به‌رهه‌م هێنانی کۆمه‌ڵگایه‌. خودی ئه‌م له‌ ڕاده‌ به‌رزه‌ی ئاستی که‌م
بژێوی ژیان بۆ چینێکی به‌رینی کۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ک و له‌ به‌رانبه‌ریشدا بۆ چینێکی
که‌مایه‌تی که‌ له‌ ئه‌سڵدا زیادن له‌ نێو پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگادا، له‌و په‌ڕی فه‌راهه‌م
بوونی ژیانێکی ته‌واو شاهانه‌دان. نه‌بوونی هیچ پره‌نسیپێکی ئینسان دۆستیانه‌ له‌
نێو ده‌ستور و یاسا گه‌لێک له‌ کۆی ئه‌م وڵاتانه‌دا هه‌یه‌، بۆخۆی ده‌رئه‌نجامی به‌رهه‌م
هێنانی ئه‌م سیسته‌مه‌ دیکتاتۆریانه‌ن. له‌لایه‌کی تره‌وه‌، خودی به‌رژه‌وه‌ند
خوازی وڵاتانی سه‌رمایه‌داری جیهان له‌ ده‌ستگرتن به‌م شێوازه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌
وه‌حشیه‌ی له‌م وڵاتانه‌ی خاوه‌ن دیکتاتۆری ڕووتن، به‌شێکن له‌ درێژ کردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی
تا ئێستای ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م دیکتاتۆرانه‌.

  هاتنه‌
مه‌یدانی هێزی ملیۆنی ئینسانی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخواز له‌ وڵاتی تونس، دوای ئه‌وه‌ی  موحه‌مه‌د بوعزیز،له‌ کۆتای ساڵی 2010دا جه‌سته‌ی
خۆی کرد به‌ قوربانی، دژی کۆی سته‌مێکی سیاسی و ئابوری که‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی
مافیای و دیکتاتۆریه‌تی بن عه‌لیه‌وه‌ به‌سه‌ر کۆی چینی زه‌حمه‌تکێشی تونسدا سه‌پێنرابوو،وه‌
بوعزیزیش یه‌کێ بوو له‌و ئینسانه‌ زه‌حمه‌تکێشانه‌، کاریگه‌ری هاتنه‌ مه‌یدانی
ملیۆنی به‌ دوای خۆیدا هێنا.  ئاگری جه‌سته‌ی
بوعزیز، بوو به‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هه‌ڵپێچانی کۆی
سیسته‌می سه‌رۆک و سیسته‌می دیکتاتۆریه‌ت.

 ساڵی 2011 تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ له‌ مێژوی
ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا. یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ تایبه‌ت مه‌ندیه‌کانی ئه‌م ساڵه‌، دڵ داته‌پینی
کۆی سیسته‌م گه‌لێکی دیکتاتۆرین که‌ تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ر خۆیان به‌
دیموکراتخواز و ئازادیخواز له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، له‌ کاتێکدا چه‌ند ملیۆن ئینسان له‌سه‌ر
جاده‌ن و ده‌ڵین بێزه‌حمه‌ت بڕۆن. ئێمه‌ ئیتر ئێوه‌ی سه‌رۆک و سیسته‌مدارمان
ناوێت، ئێمه‌ ئیتر خۆمان ده‌مانه‌وێت ژیانی خۆمان دابین که‌ین. ئێوه‌ بۆ چه‌ندین
ده‌یه‌ ده‌چێت ته‌نها خه‌ریکی کۆ کردنه‌وه‌ی ملیارده‌ها دۆلاره‌کانتانن، که‌ له‌
ئه‌سڵدا به‌ری ره‌نجی ئێمه‌ی کرێکار و زه‌حمه‌تکێشی کۆمه‌ڵگایه‌. تایبه‌ت مه‌ندیه‌کی
دیکه‌ی ئه‌م ساڵه‌، ئاستی ئیراده‌و ڕێکخراو بوونی ئه‌و چینه‌ به‌رینه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌
که‌ تا ئێستا به‌ چینێکی په‌راوێزخراو یان لایه‌نی که‌م به‌ چینێکی خزه‌تکه‌ر به‌
کۆمه‌ڵگا ناسراو کراوه‌، بوو. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆر و چینایه‌تیانه‌ی له‌
خزمه‌تی پاراستنی هه‌یمه‌نه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داریدان، تا ئێستاش حسابێکیان بۆ ئه‌م
چینه‌ به‌رهه‌م هێنه‌ره‌ نه‌کردوه‌ که‌ ئه‌وان پێش ئه‌وه‌ی کرێ گرته‌یه‌ک بن،
ئینسانن! کاتێک خودی نامۆ بوون به‌رهه‌می نیزامه‌ چینایه‌تیه‌کانه‌ و له‌ نیزامی
چه‌وسێنه‌ری سه‌رمایه‌داریشدا به‌ زه‌قی ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌م نامۆبوونه‌ لای چینی
چه‌وساوه‌ی کۆمه‌ڵگا، بۆخۆی له‌ ساته‌وه‌ختێکدا که‌ نازانرێت که‌یه‌، خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه‌
و ئیراده‌ی کوژراوی چه‌ندین ساڵه‌ی زیندوو ده‌کاته‌وه‌. توانای ڕێکخراو بوونی خۆی
له‌ جه‌سته‌یه‌کی یه‌ک بوودا، ده‌کاته‌ ئه‌و هێزه‌ی کۆی سیسته‌می ناعه‌داله‌ت
خوازی سیسته‌می دیکتاتۆری پێ بڕوخێنیت.

 ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریانه‌ی بن عه‌لی له‌
تونس و ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریانه‌ی حوسنی موباره‌ک له‌ میسر، وه‌ به‌رده‌وام
بوونی خودی ئه‌م شۆڕشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌ وڵاتانی لیبیا و یه‌مه‌ن و سوریا، تا
ده‌گات به‌ وڵاتانێکی دیکه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی شمولی و ڕه‌هایی که‌ هێشتا ناره‌زایه‌تیه‌کان
به‌ ئاشکرا نه‌ته‌قیونه‌ته‌وه‌، ناردنی ئه‌و نامه‌ ڕوونه‌یه‌ له‌لایه‌ن چینی چه‌وساوه‌ی
کۆمه‌ڵگاوه،‌ که‌ ئه‌م هێز و ئیراده‌ پۆڵایینه‌ توانای هه‌ستانه‌وه‌ی مێژووی خۆی
هه‌یه‌ و دوای که‌وتنی ئه‌م بتانه‌ش هه‌رچ لایه‌کی دی توانای جێبه‌جێ کردنی خواسته‌
ملیۆنییه‌کانی ئه‌م چینه‌ی نه‌بوو، هه‌مان شه‌قی زه‌مانه‌ی به‌رده‌که‌وێته‌وه‌.

 ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانیش بیبه‌ری نین له‌ کۆی
ئه‌و سیسته‌مه‌ دیکتاتۆری و ڕه‌هاییه‌ی له‌ وڵاتانی چوارده‌وردا هه‌ن و ئێستا که‌وتوونه‌ته‌
به‌ر نه‌فره‌تی هێزی ملیۆنی ئینسانی به‌شخوراوی کۆمه‌ڵگاوه‌.  ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له‌ ماوه‌ی بیست ساڵی
ده‌سه‌ڵاتداریتیاندا، په‌یڕه‌وییان له‌ هه‌مان سونه‌ت و چه‌وساندنه‌وه‌ کردوه‌ که‌
ده‌سه‌ڵاته‌کانی دیکه‌ کردویانه‌. ڕوداوه‌کانی 17/02/2011  ته‌واوی ڕاستی بنیاته‌کانی کۆی ده‌سه‌ڵاتێکی به‌رژه‌وه‌ند
خوازی بنه‌ماڵه‌یی و  چینایه‌تیانه‌ و دیکتاتۆریانه‌ی
نیشاندا به‌ خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخوازی کوردستان. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌
له‌ پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ چینایه‌تیه‌کانی خودی سه‌رۆک و ده‌سه‌ته‌و
تاقمه‌که‌یدا هیچ منه‌تیان به‌وه‌نیه‌ که‌ جه‌سته‌ی خۆپیشانده‌رانی سیڤیل به‌ خوێن
سوور که‌ن، هیچ منه‌تیان به‌وه‌ نیه‌ شاره‌کانی کوردستان سه‌ربازگه‌ ڕێژ بکه‌ن و
ژیانی خه‌ڵکی بخه‌نه‌ نێو مه‌ترسیه‌وه‌، به‌ناوی ئه‌وه‌ی دیفاع له‌ پاراستنی ئه‌زمونی
کوردستان ده‌که‌ن! کام ئه‌زموون، و ده‌سه‌ڵات. ده‌سه‌ڵاتێک
که‌ باکی نیه‌ به‌ کوشتنی نه‌وه‌کانی خۆی؟(وته‌ی سه‌رده‌شت عوسمان) کوشتن و
بریندارکردنی ئه‌و ده‌یان و سه‌دان ئینسانه‌ ئازادیخوازانه‌،هه‌مان مه‌سیجی ده‌سه‌ڵاته‌
دیکتاتۆره‌کانه‌. بۆیه‌ خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان چیتر پێویستیان به‌م ده‌سه‌ڵات
و چینه‌ سامان خۆره‌ی کۆمه‌ڵگا نیه‌و ئه‌م چینه‌ زیادن له‌ نێو کۆی کۆمه‌ڵگادا!

خه‌ڵکی
ئازادی خوازی کوردستان پێویستیان به‌ سیسته‌مێک هه‌یه‌ که‌ تێیدا ئینسان له‌ ڕووی
یاسای و کرداریه‌وه‌ خاوه‌ن ژیانێکی یه‌کسان و خاوه‌ن ئیراده‌ و که‌رامه‌تی
ئینسانی خۆی بێت، بۆیه‌ فڕێدانی کۆی ئه‌م که‌لتوره‌ نه‌شیاوه‌ی ده‌سه‌ڵات هێناویه‌تیه‌
نێو کۆمه‌ڵگاوه‌ کارێکی هه‌ره‌ پێویسته‌. کۆمه‌ڵگا پێویستی به‌ فه‌رهه‌نگ و که‌لتورێکی
عه‌داله‌ت خوازی هه‌یه‌ که‌ چیتر ئینسان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ نه‌کات هه‌ڵکوتنه‌ سه‌ری
و بیکوژن یان به‌ره‌و زیندانی به‌رن. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی کوردستانیش دڵ داته‌پێنی
به‌ده‌ر نیه‌ له‌و دڵ داته‌پینه‌ی ئێستا کۆی سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵاته‌ شمولیه‌کانی
ڕۆژهه‌ڵات و باکوری وڵاتانی ئه‌فریکای گرتۆته‌وه‌. ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی  دڵی ئه‌م دیکتاتۆره‌ کوردیانه‌ش به‌ خۆیان و
سیسته‌مه‌که‌یانه‌وه‌، داته‌پن و له‌ لێدان ده‌که‌ون!

تاهیر حاجی
حه‌سه‌ن

07/05/2011

تێبینی/ ئه‌م
بابه‌ته‌م له‌ 07/05/2011 وه‌ ناردوه‌ بۆ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی به‌مه‌به‌ستی بڵاو
کردنه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستاش ئاماده‌نه‌بوون وه‌ک ڕێزێک بۆخۆیان و هه‌م بۆ کاری
ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازاد که‌ قسه‌ی لێده‌که‌ن وه‌ڵامێکم بده‌نه‌وه‌. بۆ جاری دووه‌میش
نامه‌یه‌کم نارده‌وه‌ بۆ ئیمه‌یڵه‌که‌یان به‌ڵام هه‌ر ئاماده‌نه‌بوون وه‌ڵامێکم
بده‌نه‌وه‌، نازانم چ هۆکارێک له‌ پشتی وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌که‌یانه‌وه‌یه‌، ئاخۆ ته‌نها
مه‌سه‌له‌ گومڕا بوونه‌ که‌ ئێستا زۆرێک له‌و ڕۆژنامه‌ ئه‌هلیه‌ به‌ناو سه‌ربه‌خۆیانه‌ی
گرتۆته‌وه‌ یان ته‌نها مه‌سه‌له‌ بێڕێزی کردنه‌ به‌ کاره‌که‌ی خۆیان. 18/05/2011

Entry filed under: تاهیر حاجی حه‌سه‌ن. Tags: .

راگه‌یه‌نراوی‌ كۆتایی‌ هه‌رسێ‌ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆن ‌ ئەگەرچی یەکێتی تاوانبارە،بەڵام نەوشیروان دەبێ وەڵام بداتەوە!

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,937 hits

%d bloggers like this: