ئەگەرچی یەکێتی تاوانبارە،بەڵام نەوشیروان دەبێ وەڵام بداتەوە!

2011/05/19 at 5:35 PM Leave a comment

موحسین کەریم:تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانی (ی ن ک) لە وتارێکدا بەناوی (سەردەشتەکانی نەوشیروان)ەوە نەوشیروان مستەفا وەکو تاوانباری کوشتنی ئەو (٥)کادرەی ئێمە دەناسێنێ کە ئێوارەی رۆژی ١٤/٧/٢٠٠٠ لەناو شاری سلێمانیدا لەلایەن چەکبەدەستەکانی یەکێتی‌یەوە تیرۆرکران!لەوشێوازە سەرتاپا هەلپەرستانەو ریاکارانەیەی کە نوسەرەکەی یەکێتی وتارەکەی پێنوسیوەو لە دەنگی کزو پڕ لەلاوانەوەی درۆزنانەی کاکی پێشکەریش بگەڕێین، کە ئەگەر کەسێک ئەو رۆژانەی سلێمانی بیرنەمابێت یان بەهۆی تەمەنەوە فرسەتی ئەوەی نەبوبێت ئاگاداری بێت، پێی وادەبێ ئەو هاورێ‌یانە کادری حیزبی ئێمە نەبوون، کە یەکێتی بە چەند مانگێک پێشتر ویستی لەرێگای دادگاوە هەڵسوڕان‌و چالاکی سیاسی‌و رێکخراوەییمان قەدەغەبکات، بەڵکو کادری یەکێتی بوون‌و بە ناهەق لەلایەن نەوشیروانەوە لەپشتەوە تەقەیان لێکراوە! بەڵام چەند مەسەلەیەکی سادە لێرەدا وەکو پرسیار لەبەردەم نەوشیروان مستەفاو سەرکردایەتی گۆڕان‌و سەرکردایەتی یەکێتی‌و ئەندامان‌و لایەنگرانی ئەو دوو لایەنە سیاسیەدا کە بەهەرجۆرێک خۆیان بە لایەنگری ئازادی، مافی مرۆڤ، عەدالەت، دژ بە توندوتیژی‌و سڕینەوەی بەرامبەر دەزانن، کە وەڵامی راشکاوو ئاشکرای پێبدەنەوە، دەنا نە تاسەر یەکێتی وەکو دەسەڵات دەتوانێ خۆی لە بەرپرسارێتی ئەو تاوانە بەدوور بگرێ‌و نە نەوشیروان‌و لایەنگرانی وەکو ئۆپۆزیسیۆن دەتوانن هەتا هەتایە کڵاوی لایەنگری ئازادی‌و عەدالەت لەسەر بکەن! هاوسەنگی هێز بەردەوام لە گۆڕاندایەو بێگومان ئەو رۆژەش دێت کە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان‌و ئازادیخوازان تەسفیەحساب لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بکەن کە تاوانیان بەرامبەر خەڵک ئەنجام داوە. بێگومان هەرئەوکاتەش بەرپرسانی راستەقینەی تاوانی ١٤/٧/٢٠٠٠ خۆیان لەبەردەم دادگادا دەبیننەوە! کێ تەسەوری ئەوەی دەکرد ئەوانەی کە ١٠-١٥ ساڵ لەمەوبەر سوێندیان بەسەر یەکتری دەخوارد لەناو هەمان حیزبدا ئێستا تاوانەکانی یەکتری هەڵبدەنەوە!

پرسیارەکان ئەمانەن:

یەکەم؛ یەکێتی بە خستنی تاوانی تیرۆری هاورێ‌یانی ئێمە بۆ سەر ئەستۆی نەوشیروان بە تەنیا، دەیەوێ دان بەوەدا بنێ کە ئەو کارە لەدژی حیزبی ئێمە سیاسەتی پەسەندکراوی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی نەبوە!؟ ئەگەر نا بۆچی هەرئەوکات ئەوەی رانەگەیاند؟ ئایا هۆکارەکەی ئەوەبوە کە هەموو سەرکرادیەتی یەکێتی‌و تاڵەبانی لە نەوشیروان ترساون و جورئەتی ئەوەیان نەبوە تاوانەکە بخەنە ئەستۆی ئەو یان بەرژەوەندی حیزبی رێگای نەدوان دڵی ئەو سەرکردە دڵسۆزەیان بشکێنن کە سەرباری کارەساتی پشت ئاشان‌و سەرکێشی‌و بونی بە مایەی کیمیابارانی هەڵەبجەو ئەو ریسواییەشی بۆزیادکردن بە تیرۆری(٥)کادری حیزبی ئێمە لەناو شاری سلێمانیدا؟

دوەم؛ ئەگەر هەرکام لەو دوو هۆکارەی سەرەوە بێت، ئەی بۆچی کاتێک نەوشیروان مستەفا ریزەکانی یەکێتی  بەجێهێشت، لە دوای سالی ٢٠٠٦ەوە، یەکێتی نیشتمانی نەهات داوای لێبوردن لەو تاوانە بکات کە گوایە کاری ئەوان نەبوەو هی نەوشیروان خۆی بوە بە تەنیا!؟ بۆچی کاتێک حیزبی ئێمە یەکلایەنەو بە رەسمی کۆتایی بە فەزای جەنگی نێوان خۆی‌و یەکێتی هێنا، کەچی یەکێتی نەک هەر وەڵامی ئیجابی بەو راگەیاندنە نەدایەوە، بەڵکو درێژەی دا بە سیاسەتی سەرکوت‌و قەدەغەکردنی حیزب، کە ئاکامی سیاسی ئەسڵی تاوانەکەی ١٤/٧/٢٠٠٠بوو. بۆچی یەکێتی هیچ ئامادەییەکی نیشان نەداوە بۆ قەرەبووکردنەوەی سیاسی، مەعنەوی‌و مادی ئەو تاوانەی دەرهەق بە حیزب‌و بەگیانی ئەو هاورێ‌یانەی ئێمە کردی!؟ کێ دەستی گرتبوو ئەوەبکات، خۆ نەوشیروان لەریزەکانیدا نەمابوو!؟ ئەی بۆچی هێشتاش درێژە بەهەمان سیاسیەتی سەرکوتی ١٤/٧/٢٠٠٠ دەدات دژی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری!؟

سێهەم؛ ئەگەر وایەو یەکێتی لێی بێبەریەو تەنها نەوشیروان‌ لێی بەرپرسیارە، بۆچی یەکێتی بەڵگەکانی ئەو تاوانە ئاشکرا ناکات بۆ دادگا. ئەوانەی فەرمانیان داوە کێ بوون؟ ئەوانەی ئەنجامیان داوە کێ بوون!؟ بەڵگەو دۆکیومێنتەکانی ئەو روداوە، کە بێگومان لایان پارێزراوە، با بۆرای گشتی ئاشکرا بکەن. ئەوسا ئێمەو کەسوکاری قوربانیەکان‌و رای گشتی‌و دادگاش جا لە کوردستان بێت یان لە دەرەوەی کوردستان قسەی خۆمان دەکەین!

چوارەم؛ ئەمەیان بۆ نەوشیروان‌و گۆڕانە. ئەگەر ئەو قسانەی یەکێتی درۆیە، ئایا دەوری نەوشیروان‌و هەڵوێستی نەوشیروان لەو تاوانەی بەرامبەر بە حیزبی ئێمەو کوشتنی (٥)کادری ئێمە کرا تەنها لەبەرئەوەی کە بیروباوەرێکی سیاسی جیاوازمان لە یەکێتی هەبوو، بانگەشەی ئازادی‌و یەکسانییمان دەکرد، بانگەشەی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی میلیشیایی‌و سەربەخۆیی کوردستان‌و دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆمان دەکرد لە کوردستاندا، و بەرگریمان لەمافی مرۆڤ‌، مناڵان، ژنان، بێکاران‌و خەڵکی هەژاری کوردستان دەکرد، ئەوکاتە چی بوەو چۆن بوە!؟ لەوبارەوە ئێستا چی دەڵێ!؟ ئایا ئامادەیە ئەوەندەی کە خۆی دەوری هەبوە قبوڵی بەرپرسیارێتی سیاسی‌و یاسایی بکات!؟ ئایا ئامادەیە ئەوانەی لەوتاوانەدا بەشداربوون بناسێنێ بۆئەوەی حەقیقەتی ئەو تاوانە دەربکەوێ و یاساو عەدالەت رێرەوی خۆی بگرێ!؟ یان ئەو تاوانە بەکردەوەیەکی سیاسی مەشروعی حیزبەکەی‌و خۆی دەزانێ لەوکاتەدا!؟

موحسین کەریم١٣/٥/٢٠١١

Entry filed under: محسن کریم. Tags: .

2011 ساڵی داته‌پینی دڵی دیکتاتۆره‌کانه‌ ئه‌مه‌ریكا گه‌مارۆی‌ خسته‌ سه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د و سوپای‌ قودسی‌ ئێران

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,996 hits

%d bloggers like this: