دیـــــکـــــتاتـــــۆریـــــەت بـــــەبـــــێ دیـــــکـــــتاتـــــۆر

2011/05/24 at 5:39 PM Leave a comment

مەریوان وریا قانیع:له‌دونیای دوای کەوتنی دیواری بەرلین‌و کۆتایی جەنگی ساردا، شەپۆلێک له‌دیموکراسییەت بە دونیادا بڵاوبووەوە. لەم شەپۆلەدا بەشێکی زۆری سیستمی حوکمڕانی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات بوونە سیستمی دیموکراسی‌و ئەو سیستمە تاکحیزبی‌و داخراوەی بەدرێژایی سەدەی بیستەم لەو وڵاتانەدا ئامادەبوون، کۆتاییهات. هاوکات بەمە له‌ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەندێک گۆڕانی سەرەتایی دەستیپێکرد، تا ئەو رادەیەی لەهەندێک وڵاتدا هەندێک کرانەوەی سیاسی روویدا‌و کۆمەڵێک حیزب‌و گروپی سیاسی مەودای بوون‌و کارکردنیان پێدرا‌و هەڵبژاردنیش ئەنجامدرا، بەڵام هەموو ئەمانە بەشێوەیەک رێکخرابوون‌و بەشێوەیەک ئاراستەکران کە نەتوانن سیستمی سیاسی ئەو وڵاتانە‌و ئەو گروپەی کە حوکمدەکات بگۆڕێن. هەم کرانەوە سیاسییەکە‌و هەم هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی گەورە کۆنترۆڵ‌و ئاراستەکراوبوون. له‌فیکری سیاسیدا ئەم شێوە دەسەڵاتدارێتییە دوو ناوی پێدەدرێت: یەکەمیان “دیکتاتۆریەتی لیبرال”، واتە دیکتاتۆریەتێک کە هەندێک ئاکار‌و هەندێک رەگەزی لیبرالی‌و دیموکراسییانەیان تێدایە، لەوانە ئەنجامدانی هەڵبژاردن. دووهەمیان “دیموکراسیەتی نالیبرال”، واتە دیموکراسیەتێک کە کورتبۆتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن‌و حوکمکردن بەناوی “زۆرایەتییەکی براوەوە”. ئەم شێوازە له‌دەسەڵاتدارێتی چیدی دیکتاتۆری نییە بە مانا کۆنەکەی دیکتاتۆریەت، بەڵام هاوکات بەهیچ مانایەکیش “دیموکرسیەتێکی لیبرالانە” نییە کە کورتنەکرێتەوە بۆ رێکخستنی هەڵبژاردن بەتەنها.

بەڵام بەلای زۆربەی ئەو دەسەڵاتدارانه‌ی لەو ناوچەیەی ئێمەدا دەژین، له‌پێش هەمووانیشەوە دەسەڵاتدارانی کوردستان، دیموکراسییەت تەنها یەک مانای هەیە، ئەویش ئەنجامدانی هەڵبژاردن‌و بەدەستهێنانی زۆرایەتی بۆ ئەوەی دوای ئەوە چۆنیان ویست بەو شێوەیە حوکمبکەن، چ یاسایەکیان ویست دەریبکەن‌و چۆن ویستیان وڵات وا بەڕێوەببەن‌و دڵیان چۆن گرتی وا مامەڵەی کۆمەڵگا بگرن. ئەم تێگەیشتنە بۆ دەسەڵاتدارێتی، بەتایبەتی بۆ دیموکراسییەت، تێگەیشتنێکی ترسناکە، دیکتاتۆریەت‌و دەسەڵاتگەرێتییە، بەڵام لەژێر عەبایەکی نوێدا، عەبای ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

زانای سیاسی ئەمه‌ریکی، فەرید زەکەریا له‌کتێبێکی هێجگار بەناوبانگیدا ئەم شێوازە له‌دەسەڵاتدارێتی بە “دیموکراسیەتی نالیبرالی” ناودەبات. دیموکراسیەتییەک کە کورتکراوەتەوە بۆ هەڵبژاردن‌و هەموو بەها لیبرالییەکان‌و هەموو ئەو مافانەش کە پێ لەسەر ئازادی‌و حوکمی یاسا‌و رێزگرتنی بیروبۆچوونی کەمایەتی‌و شتی دیکەی لەم بابەتە دەکات، پشتگوێخراون‌و فڕێدراونەتە ناو تەنەکەی خۆڵی ئەو نوخبە سیاسییە باڵادەستەوە کە لەڕێگای هەڵبژاردنەوە حوکمدەکات. له‌ئاستە تیوریەکەیدا ئەمە مانای بوونی جۆرێک له‌دیموکراسیەت له‌غیابی دەستورێکی لیبرالانەدا، بوونی سیستمی هەڵبژاردن بەبێ لیبرالیزمێکی دەستوری کە لەپاڵ هەڵبژاردندا هەموو مافە گرنگەکانی دیکەش بسەلمێنێ‌و دەستەبەربکات. زەکەریا ئەم شێوازەش له‌حوکمڕانی بە مەترسییەکی گەورە دادەنێت، چونکە دیموکراسیەتێکە له‌غیابی هەموو ئەو بەها‌و یاسایانەدا کاردەکات کە سنوور بۆ دەسەڵات دادەنێنن‌و گەرەنتی ئازادییە تاکەکەسییەکان‌و ئازادی بیرکردنەوە‌و رادەربڕین‌و کۆبوونەوە مەیسەردەکات. زەکەریا تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت ئەم شێوازە “نالیبرالییەی دیموکراسییەت” دەکرێت ببێتە هۆی شەڕ‌و پێکدادانی خوێناوی‌و دروستکردنی کێشەی هێجگار گەورە‌و ترسناک لەنێوان ئەوانەدا کە زۆرایەتییان هەیە‌و ئەوانەدا کە دەبن بە کەمایەتی. ئەم جۆرە نالیبراله ‌له‌دیموکراسییەت، چونکە هیچ رێگرێکی لیبرالیانەی دەستوری لەئارادا نییە کە نەهێڵێت دەسەڵات بە خراپی بەکاربهێنرێت‌و هیچ میکانیزمێکی راستەقینە نییە بۆ لێپرسینەوەی دەسەڵاتداران، بۆیە دەسەڵاتداران چۆنیان بوێت دەسەڵات بەوشێوەیە بەکاردەهێنن. لەهەموو ئەم ئەزموونانەشدا ئەوەی دەسەڵاتداران کردویانە، بریتییە له‌کۆکردنەوەیەکی ترسناکی هەموو دەسەڵاتەکان له‌دەستی خۆیاندا، بەناوی زۆرایەتی هەڵبژاردنەوە.

بەباوەڕی زەکەریا، ئەوەی گرنگە رووبدات پێداگرتنێکی راستەقینە‌و سەلماندنێکی هەمەلایەنی بەها لیبرالییەکانە. واتە ئەزموونی هەڵبژاردن بۆئەوەی مانایەکی راستەقینەی هەبێت، دەبێت کۆمەڵێک یاسا‌و ماف‌و دەزگای سەربەخۆ بیپارێزێت لەوەی براوەی هەڵبژاردنە دیموکراسییەکان بێلێپێچینەوە‌و بە ئارەزووی خۆیان حوکمبکەن، بەڵام ئەو بەها‌و یاسا‌و دەزگا تایبەتانە چین کە دەتوانن دیموکراسیەت بکەنە ئەزموونێکی سیاسی کراوە‌و تەندروست؟ ئایا ئەم شێوازە له‌دەسەڵات چییە‌و چ مانایەکی هەیە؟ گرنگترین ئاکارێک کە دەسەڵاتێکی لیبرال‌و کراوە هەیبێت ئەوەیە کە دەسەڵاتێکی رەها نەبێت، لەدەستوردا سنور بۆ تواناکان‌و شێوازی کارکردنەکانی‌و تواناکانی بە ئاشکرایی دانرابێت. یەکەم سنووردانانیش لەڕێگای لێکجیاکردنەوەیەکی راستەقینەی دەسەڵاتەکان‌و چەسپاندنی حوکمی یاسا‌و پاراستنی ئازادییە سەرەکییەکانی ئینسانە. ئەو دەزگایەشی کە پاسەوانی پاراستنی ئەم گشتە گەورەیە‌یە، بریتییە له‌دادگا. هیچ شتێک هێندەی سیستمێکی دادگای سەربەخۆ بۆ بوونی دەسەڵاتداریەتێکی دیموکراسی راستەقینە گرنگ نییە. بوونی سیستمێکی داوەری بێلایەن‌و بەهێز، بنەمای دروستبوونی دەسەڵاتێکە کە سنوورەکانی خۆی بناسێت‌و بزانێت کەی لەو سنوورانە لایدا، سزای یاسایی ئەدرێت.

بە کورتی هەموو قسەکردنێک له‌دیموکراسیەت له‌غیابی ئەو بەها‌و یاسا‌و دەزگایانەدا، هەم مانای وشەکە وێران‌و هەم مانای مۆدێله‌سیاسییەکە بێنرخدەکات. ئەوەی ئەمڕۆ له‌کوردستاندا دەیبینین نەک تەنها بەکارهێنانێکی نیمچە فاشیانەی تێگەیشتنە له‌بوونی “زۆرایەتی پەرلەمانی”، بەڵکو گەمەکردنێکی راستەوخۆشە تەنانەت بە سەرجەمی ئەو یاسا‌و بەهایانەش کە لەژێر سێبەری ئەو هەڵبژاردنە ئاراستەکراو‌و تەزویرکراوانەدا نووسراون.

چ مەهزەلەیەکە وڵاتێک ئەو هەموو کوژراو‌و بریندارەی تێدا دروستبووبێت، ئەو هەموو لێدان‌و گرتن‌و ئازاردانەی تێدا کرابێت، ئەو هەموو ژێرپێنانی ماف‌و ژێرپێنانی رێز‌و ژێرپێنانی نرخە ئینسانییەکانی تێدا پیادەکرابێت، کەچی تەنها یەک دەسەڵاتداری نەچووبێتە بەردەمی دادگا. یەک لێپرسینەوەی بچووک لەگەڵ هیچ بەرپرسێکیدا نەکرابێت، بەڵام هاوکات رۆژنامەنووسێکی وەک ئەحمە میرە ناچاربکرێت له‌ڕۆژێکا سێ جار لەبەردەمی دادگادا ئامادەبێت. لەم دۆخانەدا ئەو گەمە ناشیرینەی دەسەڵات دەبینین کە لەگەڵ یاسادا دەیکات. هاوکات ئەو مەترسییە گەورەشمان بۆ ئاشکرادەبێت چ مانایەکی هەیە هێزگەلێک بەناوی زۆرایەتی هەڵبژاردنەوە گەمە بە هەموو ماف‌و یاسا‌و نرخێک بکەن، دەزگایەک نەبێت بتوانێت سنوور بۆ دەسەڵات‌و پێشێلکارییەکانیان دابنێت. لەم ساتانەدا بۆماندەردەکەوێت چۆن هێزی رووت‌و هێزی یاسا بەیەکدی تێکەڵدەبن‌و چۆن دەشێت ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێگایەکی پادشایانەبێت بۆ بەرهەمهێنانی سیستمێکی دیکتاتۆری، سیستمێکی دیکاتۆری بەبێ بوونی دیکتاتۆرێک. دیکاتۆریەتێک بەناوی “مافی زۆرینەوە” هەموو دەسەڵاتەکان بخاتە ناو دەستی کەمینەیەکەوە، ناو دەستی گروپێکەوە هیچ یاسا‌و بەها‌و میکانیزمێک بوونی نەبێت بتوانێت بەر بە تەماحەکانی بگرێت، نەهێڵێت کۆمەڵگا وەک تابلۆیەک مامەڵەبکات، چۆنی ویست وا رەسمی بکات‌و کوێی ویست تاریک‌و کوێی ویست تاریکتر بکاتەوە.ئاوینه

Entry filed under: مه‌ریوان وریا قانع. Tags: .

له ناوچەی رەوانسەر ره خه رێکه وشێ ده‌ره‌به‌گایه‌تی زینده ده بێته وه لە کۆمپانیای وشە،وشەی کۆمۆنیست قاچاخە!

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,996 hits

%d bloggers like this: