لە کۆمپانیای وشە،وشەی کۆمۆنیست قاچاخە!

2011/05/25 at 3:35 PM Leave a comment

شەماڵ علی: ڕۆژی چوارشەممە 18-5، سەعات ٢ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی کوردستان، کەناڵی کەی ئێن ئێن هەواڵێکی سەبارەت بە کۆڕێک لە شاری ستۆکهۆڵم بڵاوکردەوە، تیایدا نووسەری ئەم دێڕانە، کە لەگەڵ نووسەر ئیسماعیل حەمەمین لەو کۆڕەدا قسەمان کرد،وەک هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان ناسێندرا. چ لەلایەن بێژەرەکەوەو چ لە تێکستی ناساندنەکەدا، بە هەمان ناونیشان ناوم هاتبوو. من کە لە دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە لە ٢٠٠٨ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبەم، لەو کۆڕەشدا، کە لە دەستپێکردنیەوە وێنەگر و ڕیپۆرتەری کەی ئێن ئێن ئامادەبوون، هەر بەو ناونیشانە خۆم بە ئامادەبووان ناساند. ناوەرۆکی ئەو باسەی کە لەو کۆڕەشدا پێشکەشم کردو لە بڕگەیەکیدا ڕەخنەی قووڵم لە بزووتنەوەی گۆڕان گرت، هیچ بوارێکی بۆ خراپ تێگەیشتنێکی وەها نەدەهێڵایەوە کە من هەڵسوڕاوێکی گۆڕان بم. دیارە ئەوەی کە چۆن کەسێک لە لایەن کەی ئێن ئێنەوە وەک هەڵسوڕاوێکی گۆڕان دەناسێنرێت بۆ خۆی جێگای پرسیاریکی گەورەیە، بەڵام نەک تەنها “هەڵەکە” بەڵکو چاککردنەوەکەشی لە لایەن کەناڵەکەوە پرسیاری لەسەر ئەو هەڵەیە تۆختر کردەوە.
پاش ئەوەی کە پەیوەندیم بە کەناڵەکەوە کرد و پێم گوتن کە من نەک هەڵسوڕاوی گۆڕان بەڵکو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانم، کارمەندێک بەڵێنی پێ دام کە لە بەرنامەکانی داهاتوودا هەڵەکە ڕاست بکرێتەوە. سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە ئەم جارە بێژەرەکە بە هەڵسوڕاوی سیاسی ناساندمی ‌و تێکستی ژێر گرتە کورتەکەش کوژێنرابووەوە. واتە ناونیشان ‌و سیفەتێک کە خۆم بە کارمەندی تەلەفیزیۆنەکەم وتبوو دووبارە پشتگوێ خرابوو. پرسیار ئەمجارە ئەوە بوو کە چۆنە کەسێک لە تەلەفیزیۆنی کەی ئێن ئێنەوە بە هەڵە بە هەڵسوڕاوی گۆڕان دەناسێنرێت، بەڵام بە دروستیش بە سیفەتی کۆمۆنیستی خۆی پێناسە ناکرێت؟ دیارە وەڵامی ئەوەش هەر ئەوەیە کە لە کەی ئێن ئێن وەک هەموو دەزگاکانی تری سەر بە کۆمپانیای وشە، ناوی حزبی کۆمۆنیست و گەلێک جار خودی وشەی کۆمۆنیستیش حەرام کراوە.
لەوەتی کۆمپانیای وشە دامەزراوە تائێستا بە دەگمەن ‌و لەبەر ناچاری نەبووبێت، ناوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی نەهێنراوە. لە سایتی سبەی هەر جارێک ڕاپۆرتێک یان بابەتێک سەبارەت بە هەر ڕووداوو چالاکیەک بڵاوکرابێتەوە، بە زەڕەبین بەدوای ناوی حزبی کۆمۆنیستدا گەڕاون و لە هەر جێگایەک بۆیان لوا بێت ناویان سڕیوەتەوە. تەلەفیزیۆنی کەی ئێن ئێن نەک تەنها ناوی حزبی کۆمۆنیست بەڵکو بە دەگمەن نەبووبێت، کادرەکانی ئەو حزبەشی لە بەرنامەکانیەوە نیشان نەداوە. جێگای ئاماژەیە کە هەرکاتێک بڕیاری گفتوگۆیان لەگەڵ کەسایەتیەکی کۆمۆنیست دابێت، هەر لە سەرەتاوە داوای ئەوەیان لێ کردووە کە ناوی حزبی کۆمۆنیست نەبات و خۆی وەک هەڵسوڕاوێکی کۆمۆنیست نەناسێنێت. هیچ گومان لەوەدا نییە کە ئەمە نیشانەیەکی زەقی دژە-کۆمۆنیست بوون و بڕیاری پێشوەخت بۆ حەرامکردنی وشەی کۆمۆنیزمە لەلایەن کۆمپانیای وشە و کاربەدەستانیەوە.
دیارە جێگای سەرسوڕمان نییە گەر سەرکردەکانی گۆڕان بەو جۆرە ناوی کۆمۆنیست و کۆمۆنیزم حەرام بکەن. سەرکردەی بزووتنەوەی گۆڕان کە لەلایەن کۆنە هەڤاڵ و هاوڕێی خۆیەوە ڕاستەوخۆ بە تاقانە تاوانباری کوشتنی کۆمۆنیستەکان لە ١٤/٧/٢٠٠٠ تۆمەتبار دەکرێت‌، بەڵام لە بەرانبەر ئەو تاوانەدا بە وشەیەکیش بەرگری لە خۆی ناکات و سەرەنجام بە کردەوە هەموو خەڵک بۆ باوەڕکردن بەو چیرۆک و تۆمەتبارکردنە پاڵ پێوە دەنێت و وا دەکات گومانیان نەبێت لەوەی کە تا ئێستاش پەشیمان نییە لەو کارەی، ئەم کەسە ئەوەی لێ ناگیرێت کە فەرمانی حەرام و قاچاخکردنی وشەی کۆمۆنیزم لە کۆمپانیاکەی خۆی دەربکات. سەرانی بزووتنەوەی گۆڕان کە تێڕوانینیان بۆ ئازادیەکان ‌و مافی ژیان بۆ نەیارانیان بە تاڵەمووش لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی جیاواز نییە و لە ڕیزەکانیاندا کۆنە بەڕێوبەری ئاسایش و کۆنە وەزیری ناوخۆو کۆنە پارێزگاری دژە کۆمۆنیست زۆرو زەبەندە، سەیرە گەر دژە-کۆمۆنیست نەبن. بەڵام ڕووی پرسیار لەوانەیە کە خۆیان بە ئازادیخواز دەزانن و لە دەوری بزووتنەوەی گۆڕان کۆمبوونەتەوە، ئەوانەی وا سەروبنی زمانیان باسی مافەکانی هاوڵاتی و کرانەوە و قەبوڵکردنی بەرانبەرە: ئەم دوژمنکارییە بەرانبەر کۆمۆنیزم لە کوردستان چۆن پاساو دەدەن؟ ئەم سانسۆرە لەسەر ناوی کۆمۆنیزم کە دەرهاویشتەی گیانی سڕینەوە و قەبوڵنەکردنی ژیان و هەبوونی ئەوی دیە چۆن تەفسیر دەکەن و چۆن قەبوڵی دەکەن؟
دیارە ئەمڕۆکە لە کوردستان ئەوەی حزبی کۆمۆنیست پێویستی پێی نییە، داننانی بزووتنەوەی گۆڕانە بە بوون و ڕۆڵیدا. بەڵام ئەم سانسۆرە دەستی ئەنقەستەی ناوی کۆمۆنیزم، دەبێ زەنگێکی خەتەرناک بێت بۆ ئەوانەی خەمی ئازادی و مافەکانی هاوڵاتیانیانە. حزبێک کە لە ئۆپۆزیسیۆندا بە ناوی کۆمۆنیزم قەڵسە، دەبێ کە دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، چ سیاسەتێک دەرهەق بە کۆمۆنیستەکان و بگرە نەیارانی خۆی بە گشتی پەیڕەو بکات؟
shemalali@yahoo.com
‏18‏/05‏/2011

Entry filed under: شه‌ماڵ علی. Tags: .

دیـــــکـــــتاتـــــۆریـــــەت بـــــەبـــــێ دیـــــکـــــتاتـــــۆر دەزگای پاراستن باڵەكەی نێچیرڤان بارزانی لەحكومەت دوردەخاتەوە

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,937 hits

%d bloggers like this: