خــــەڵــــک حــــکــــومــــەتــــی بــــۆ چیــــیە؟

2011/05/27 at 5:15 PM Leave a comment

مەریوان وریا قانیع:خەڵک دەوڵەت یان حکومەتی بۆ چییە؟ ڕەنگە ئەمە یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسیارانە بێت کە لە زانستو فەلسەفەی سیاسیدا کرابێت. یەکێک لە وەڵامی گرنگەکان بەم پرسیارە وەڵامی فەیلەسوفی ئینگلیزی جۆن لۆکە، کە لەساڵی ١٦٣٢دا لە دایکبووەو لە ساڵی ١٧٠٤دا کۆچی دوایی کردوە. جۆن لۆک بە باوکی لیبرالیزم دەناسێرێتو بە یەکێک لە فەیلەسوفە گرنگەکانی ڕۆشنگەریش دادەنرێت.

ئەم فەیلەسوفە لە کتێبی ”دوو نامە دەرباری حوکمڕانی“دا لەسەر دوو مەسەلەی
ھێجگار گرنگ قسەدەکات کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە مەسەلەی حوکمڕانییەوە ھەیە.
لە نامەی یەکەمدا باس لەو شێوازە لە دەسەڵات دەکات کە پێیوایە ڕەوایەتی بوونو
کارکردنی لەلایەن خوداوە پێدراوە. واتە باس لەو شێوازە لە دەسەڵات دەکات کە بەناوی
مافی خوداییەوە حوکمدەکات. لۆک لەو نامەیەدا ڕەخنەیەکی توند لە دەسەڵاتی ئەو پادشاو
ئەمیرانە دەگرێت کە پێیانوایە ئەوان خودا کردونی بە دەسەڵاتدارو سەروەری خەڵکو مافی
حوکمکردنو مانەوەشیان ھەر خودا بۆی دابینکردون. بە حوکمی ئەوەی ئەم شێوازە لە
دەسەڵاتدارێتی لەبەشی ھەرەزۆری دونیادا نەماوە، بۆیە ئەم بەشەی کتێبەکەی لۆک ئەمڕۆ
ئەو گرنگییەی جارانی نەماوە.

نامەی دووھەمی کتێبەکەی لۆک تا ئەمڕۆش شوێنی باسو خواسو قسەلەسەرکردنە. لەم
نامەیەدا لۆک باس لە مەسەلەی ”دۆخی سروشتی“ ئینسان دەکات. لای ئەم فەیەلسوفە دۆخی
سروشتی ئینسان مانای دۆخی بەر لەدروستبوونی دەوڵەتو حوکمڕانی، ئەو دۆخەی ئینسان
تیایدا ھێشتا بیری لە پێویستی بوونی پادشا یان ئەمیر یان دەسەڵاتدارێک نەکردۆتەوە.
بەبۆچونی لۆک لەم دۆخەدا ڕاستە ئینسان لەبەردەم دەوڵەت یان دەسەڵاتدارێتییەکدا نییە
یاسای ھەبێتو سنووری ئەشێو ناشێکانی بۆ ھەمووان کێشابێت، بەڵام ئینسان لە دۆخی
سروشتیدا ئینسانێکی باوەڕدارەو لەبەردەم خودادا بەرپرسیارە. بەرپرسیاربوونی
ئینسانیش لەبەردەم خودادا لە سێ ئاستدا دەردەکەوێت. یەکەمیان: ئینسان ئەرکی ئەوەی
لەبەردەمی خودادا ھەیە کە پەلاماری جەستەیی ھیچ ئینسانێکی تر نەداتو ئەو جەستەیە
نەشێوێنێت. دووھەم: ئینسان پەلاماری مڵکو ماڵو کەلوپەلی ھیچ ئینسانێکی دیکە نەدات.
سێھەم: ھێرشو پەلامار نەکاتە سەر ئازادی ھیچ کەسێکی تر. بەمانایەکی تر ئینسانی دۆخی
سروشتی لای جۆن لۆک، ئینسانێکی دیندارەو ئەم دیندارییەش وایلێدەکات لەبەردەم خودادا
بەرپرسیار بێتو ھیچ یەکێک لەو سێ پەلامارو ھێرشەی کە باسمکرد، ئەنجامنەدات. بەڵام
لۆک ماف بە ھەموو ئینسانێک ئەدات، لە دۆخی ھەڕەشکردنە سەر جەستەیو پەلاماربردنە سەر
موڵکو ماڵو دەستدرێژیکردنە سەر ئازادییەکانی، بەرگری لەخۆی بکات.

ھاوکات بەباوەڕی ئەم فەیلەسوفە، ئینسان لە دۆخی
سروشتیدا تەنھا بوونەوەرێکی دینی نییە، کە خودایەک لەسەرەوەڕا پێیدەڵێت خراپەکاری
نەکاتو دەست بۆ ئەو سێ ئاستە گرنگەی ژیانی ئینسانی نەبات، بەڵکو بوونەوەرێکی
عەقڵانیشە. ئینسان خاوەنی عەقڵەو عەقڵیش بە دەوری خۆی ئینسان بەو باوەڕە دەگەیەنێت
ھێرشو پەلامار نەکاتە سەر ئەو سێ ڕەھەندە سەرەکییەی کە باسمکرد. بە کورتی لە دیدی
جۆن لۆکدا ھەم دینو ھەم عەقڵ دوو ڕێگری گرنگن لەبەرامبەر ئەوەدا کە ئینسان دەستێکی
شێوێنەرانەو ناشیرین، بەناو ژیانی ئینسانەکانی دیکەدا نەگێڕێت. بەڵام گەر ئینسان لە
دۆخی سروشتیدا دینو عەقڵی ھەبێت بۆئەوەی نەھێڵێت خراپەکاری بکاتو ژیانی
ھاوکۆمەڵەکانی تاڵو وێران بکات، ئەی کەوابوو ئینسان یان کۆمەڵگا، بۆ پێویستیان بە
دروستکردنی حکومەتو بونیادنانی دەوڵەت ھەیە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە جۆن لۆک
باس لە بوونی دوو ھۆکاری گرنگ دەکات. یەکەمیان ئەوەیە ئینسانەکان ھەموویان
بەیەکڕادە عاقڵ نینو ھەموو ئینسانێک توانای بیرکردنەوەی عەقڵانیانەی نییە. واتە
ھەمیشە کەسانێک ھەن کەمتر عەقڵانینو دەشێت بەشێوەیەکی ناعەقڵانی بیربکەنەوە. دەشێت
ئەم بیرکردنەوە ناعەقڵانییەش وایانلێبکات باکیان بە پەلاماردنو ھێرشکردنە سەر
جەستەو موڵکو ئازادی ئەوانیتر نەبێت. ھۆکاری دووھەم لای جۆن لۆک پەیوەندی بەوەوە
ھەیە تەنانەت گەر ھەموو ئینسانەکانیش بەھەمانڕادە عەقڵانیبنو ھەمووان توانای
بیرکردنەوەی عەقڵانیانەیان ھەبێت، ئەوا ھێشتا دەکرێت ڕای جیاوازیان لەسەر بابەتێک
یان کێشەیەک یان مەسەلەیەکی دیاریکراو ھەبێت. لەبەر ئەو دوو ھۆیە پێویستە دەوڵەت
یان دەسەڵاتداریەتێک ھەبێت، کە بتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوانو ڕۆڵی داوەریکەر لەنێوان
بیروبۆچوونو دیدە جیاوازەکاندا ببینێت. ھۆکاری ھەرەسەرەکی ھەوڵدانی ئینسان بۆ
دروستکردنی دەوڵەت یان ”کۆمەڵگایەکی سیاسی“ لێرەوە سەرچاوە دەگرێت، دەوڵەتێک کە
ئینسانەکان وەک داوەرێکی بێلایەن لەسەرووی خۆیانەوە دایبنێنو ھەرکاتێک ھەر
ناکۆکییەکیان لەنێواندا دروستبوو، ئەوکات ئەو داوەرە سیاسییە بکەوێتە بەینیانەوەو
ناکۆکییەکەیان چارەسەربکات. بەبۆچونی لۆک ئەم دۆخەیە وا لە ئینسانەکان دەکات
”پەیمانێکی کۆمەڵایەتی“ لەگەڵ یەکتردا ببەستنو پێکەوە ئەو یەکە بێلایەنو
چاودێریکەرو ڕێکخەرە دروستبکەن کە ناوی دەوڵەت یان دەسەڵاتە.

لەم دیدەدا بۆ دەوڵەت دەسەڵاتداران لە ئەنجامی
پەیمانێکی کۆمەڵایەتییەوە دەبن بە دەسەڵاتدار، نەک مافێکی خودایی بیناکات بە
دەسەڵاتدار. ھاوکات ئەرکێکی تایبەتیان لەسەرەو بۆ مەبەستێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو
کراون بە دەسەڵاتدار، ھەرکاتێک لەم ئەرکە لایاندا، یان شتێکیان کرد لەدەرەوەی ئەو
ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەدا بوو، ئەوکات کۆمەڵگا دەتوانێت لایانبباتو بەکەسانی تر
شوێنیان بگرێتەوە.

بە کورتی خەڵک
دەوڵەت یان حکومەتی بۆ ئەوە پێویستە وەک داوەرێکی بێلایەن، پەیوەندی نێوان ھێزە
کۆمەڵایەتیو سیاسییەکان ڕێکبخات. ئەم کاری ڕێکخستنو ناوکۆییکردنەش نابێت بەپێی
ویستو ئارەزوو و زەوقی دەوڵەت یان ھی دەسەڵاتداران بەڕێوەبچێت، کێیان ویست
سەریبخەنو کێشیان ویست پشتی بدەن لە زەوی، یان فەرزی ئەم یان ئەو ھێز بدەنەوە بەسەر
ئەوانیتردا، بەڵکو بەپێچەوانەوە، دەسەڵاتداران دەبێت بەپێی ”پەیمانێکی کۆمەڵایەتی“،
واتە بەپێی کۆمەڵێک یاسا کە کۆمەڵگا لەسەری ڕێککەوێت، ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن. لەم
پەیمانە کۆمەڵایەتیەدا ھەم بە ئاشکرا سنووری دەسەڵاتەکانی دەوڵەتو تواناکانی
دەسەڵاتداران دەستنیشانکراوە، ھەم سنووری گوێڕایەڵیو پابەندبوونی ئینسانو گروپەکان
بە بڕیارو داوەرییەکانی دەوڵەتو دەسەڵاتدارانەوە. نە دەوڵەت دەبێت لەو سنوورانە
لابدات کە لە پەیمانە کۆمەڵایەتییەکهدا ھەیە، نە ئەو ئینسانانەش کە باوەڕی خۆیان
بەو پەیمانە بەخشیوە.

ئەوەی ئەمڕۆ
لە دونیای ئێمەدا دەیبینین ئامادەگی سیستمێکە لە حوکمڕانی لەدەرەوەی ھەر پەیمانێکی
کۆمەڵایەتیدا، سیستمێکە تیایدا کۆمەڵێک ئاغای سیاسی ڕەعیەتێکی گەورە بەناوی
کۆمەڵگاوە دەبەنبەڕێوە. ئەم ئاغایانەش نەک نایانەوێت ھەرگیز بگۆڕێنو دەستگۆڕکێی
دەسەڵات ببینن، بەڵکو ئەوەی ئەو خەونەش ببینێت تاوانبارە

Entry filed under: مه‌ریوان وریا قانع. Tags: .

بێژه‌ری‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ له‌لایه‌ن هێزێكی‌ ده‌مامكداره‌وه‌ فڕێندرا و دوای‌ لێدانێكی‌ زۆر له‌شوێنێكی‌ چۆڵدا فڕێده‌درێت ڕزگـــاری ســـۆسیـــالیـــستی،تـــه‌نها وه‌ڵامـــه‌ به‌ئـــابووری ئـــێران

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,040 hits

%d bloggers like this: