چەند دڵۆپە خوێنێک هەمو شەهادە بەرزەکانی جیهان دێنێت!

2011/06/01 at 4:10 PM Leave a comment

بەهار نەسرەدین:لە زستانێکی سەختدا، بە بێ خواستی خۆم لە خێزانیکی عەشایەری کورد هاتمە دونیا. تان و پۆی پێکهاتەی کولتوری بنە ماڵەکەم پیاوسالاری و ئیسلامیە. هەر ئەمەش بو بە هۆی ئەوە کە بە خەم و حەسرەت و کەسەرەوە پێشوازیم لێ بکرێ، چونکە کچ بوم. بە لە دایک بونم هەڵگر و پاراستنی شەرەفی خێزانەکە کەوتە ئەستۆم. بە لە دایک بونم ترس و خەمێکی قورس وەک مۆتەکەیەک بنەماڵەکەمی داگرت، چونکە ئیتر شەرەفی ئەوان بە دەست من بو، وە ئاگا لێ بون و کونترۆڵ کردنی منیش کەوتە ئەستۆی ئەوان بۆ پاراستنی شەرەفیان. بە لە دایک بونم وەک وەیشومەیەک ژیان و شەرەفی خێزان و عەشرەتەکەم بە گشتی خرایە رەهنی چەند دڵوپە خوێنێک لە لەشی من کە ناوی پەردەی کچێنیە و سومبولی شەرەفی پیاوانە.
بە پێی هەمو مەنتقێکی زانستی، ئەخلاقی و ئینسانی ئەم چەند دڵۆپە خوێنە مەسەلەیەکی سروشتیە و هیچ پەیوەندیەکی بە چەمک و بنەما ئەخلاقی و کۆمەلایەتیەکانەوە نیە. هیچ پەیوەندیەکی بە باش بون و خراپ بونی کەسەکانەوە نیە. شەرەف و ئەخلاق بریتیە لە مەسٶلیەتی ئینسانی و کۆمەڵایەتی بۆ دیفاع و پاراستنی ئازادی تاک و پێکهێنانی بنەماکانی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگا. زاڵ بون و کاریگەریی کولتوری دینی و پیاوسالاریە کە ئەم چەند دڵۆپە خوێنەی کردوەتە پێوەری شەرەف و ئەخلاقی کۆمەڵگا. ئاکامی حاکمیەتی ئەم کولتورە پیاوسالاری و ئایینیەێە کە شەرەفی بەستوەتەوە بە چەند دڵۆپە خوێنیکی لەشی ژنانەوە کە ناوی پەردەی کچێنیە. ئاکامە خوێناوی و زیانبارەکانی ئەم عەقڵیەت و باوەرە دژی ئینسانیە ئەم راستیە حاشا هەڵنەگرەی پێمان سەلماندوە کە هیچ کۆمەلگایەک پێش ناکەوێت و بواری گەشە کردن و سەربەستیی تاکی کۆمەڵگا نارەخسێ تاکو کۆمەڵانی خەڵک لە مانای راستەقینەی شەرف و ئەخلاق تێ نەگەن و لێی بە دور بن، وە بروایان بەوە بێت کە شەرەف لە نێو پێی ژنان و ئەم چەند دڵۆپە خوێنەی ئەوانداێە.
لە کۆمەڵگا پیاوسالاری و دین لێدراوەکاندا کاتێکی یەجگار زۆر بێهودە سەرفی مناقەشە و باس لە سەر شەرەف و سزادانی پێشێلکاریەکانی شەرەف دەکرێ. ئەم کات کوشتنانە ئێستاکەشی لە گەڵ بێت هیچ سودێکی نەبوە بێجگە لە کوشتن و لە گۆرنانی خۆشەویستی و رەحم و ویژدانیان و پڕکردنی ناخیان لە رق و گومان  و دڵە راوکە. هەروەها ئەم پێچەوانە تێگەیشتنە لە شەرەف بوەتە هۆی ئەوە کە متمانە لە نێوان دایک و باوک و مندالەکانیاندا نەمێنیت. بەم شێوەیە خۆشەویستیی دایک و باوک کە سروشتیترین بنەما ئاخلاقیەکانە، بەرانبەر بە منداڵان بە تایبەت کچان دەمرێت و لە جێیدا رقێکی شاراوە  لە ناخیاندا سەرهەڵدەدا کە جار و بار بە شێوازی جۆراوجۆر دەری دەبرن. دایک و باوک بە رواڵەت بە شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکەن کە گۆیا کچەکانیان خۆش دەوێ، بەڵام لە ناخەوە راست ناکەن. ئەم خۆشەویستیە درۆینەیە تا ئەو کاتە بڕ دەکا کە بە ئاستەم هەستی پێبکەن کە کچەكەیان دڵداری دەکا و خەریکە شەرەفیان دەخاتە مەترسیەوە.
بە دروست بونی گومانی تەنانەت دڵداری کردنی کچ لە لای دایک و باوک، خێرا ئەقڵیان رادەوەستێ و ئەو خۆشەویستیە دەبێتە نەفرەت و قین بەرانبەر بە کچەکە و لە ئاکام دا کوشتنی کچەکەی لێ دەکەوێتەوە. بەم شێوەیە کچان دەبنە قوربانی کولتوری نائینسانیی پیاوسالاری- ئیسلامی و دواکەوتوانەی ناموس پەرەستی. بە هۆی زاڵ بونی ئەم کولتورە بەسەر کۆمەڵگادا، هیچ ویژدان و ئەخلاق و یاسایەکی ئینسانیش نیە تا رێگا لە ئازاردان و کوشتاری کچان بگرێت لە لاێەن کەس و کاریانەوە.
منیش وەک یەکێک لەو هەزاران کچە بەش مەینەت و قوربانیەی ئەم کولتورە نا ئینسانی و خۆشەویستیە درۆینەیەی دایک و باوک، ترس و خۆفیکی گران و کوشندە لە ناخمدا پێکهات و بو بە هۆی داڕمانی باری کەسایەتی و گەشە کردنم. بەردەوام هەستی کەمبون و حەقارەتی تێمدا دروست دەکرد، بە تایبەتی لەو کاتەوە کە لە تەمەنی پینج ساڵیدا توشی روداوێک هاتم.
لەو سەردەمەدا عادەتی بنەماڵەکەمان بە شێوەیەک بو کە دایکم بەهاران جار و بار وەک چون دەچی بۆ سەیران، دەیبردینە سەربانەکەی خۆمان و لەوێ یاریمان دەکرد و نانمان دەخوارد. من ئەو رۆژانەم زۆر لا خۆش بو و بیرم دەکرد. رۆژێکیان دایکم وتی کە ئادەی مناڵان شتەکان کو بکەنەوە با بڕۆینە سەربان. کە ئەمەم بیست، زۆر خۆش حاڵ بوم. شتەکانمان هەڵگرت و رۆشتینە سەربان. باوکم پاسکیلێکی کریبو بۆ براکانم کە یەکێکیان دو ساڵ لە من گەورەتر و ئەویتریان دو ساڵ لە من منداڵ تر بو. پاسکیلەکەشمان لە گەڵ خۆمان بردە سەربان. وەک هەمیشە چاوەریم دەکرد کە براکانم پاسکیلەکە جێ بێڵن و منیش یاری پێبکەم. براکانم پاسکیلەکەیان بە جێ هێشت و دایکیشم سەرقاڵی ئامادە کردنی خواردن بو. منیش بە هەلم زانی و خێرا خۆم گەیاندە پاسکیلەکە. بچوک بوم و قاچەکانم نە دەگەشتنە پەیدەری پاسکیلەکە و هەر بۆیە نەمدەتوانی لێخورم. بە ناچاری چونکە زۆر حەزم لێ بو، یان پاڵم پێوە دەنا و یان لە کورسیەکەی پشتەوە دادەنیشتم. لە بەدبەختی بەختم زەوق و حەزی تەجرەبە کردن هانیدام کە پاسکیلەکە لێخورم. قاچم هێنا بە کۆڵی پاسکیلدا و قاچم شۆر کردوە. بەڵام نەگەشتە پەیدەرەکە و هەڵ خلیسکام. لە کورسیەکە داکەوتم و کەوتمە سەر ئاسنی نێوان زینەکە و فەرمانی پاسکیلەکە. ئازاریکی زۆرم پیگەشت و لە عەزرەتدا قیژانم. هەر جۆر نەبێ لە پاسکیلەکە دابەزیم و دەستم گرت بە سەر شەرمگامەوە. دەستم کرد بە گریان و هات و هاوار. رۆژانی تر ئەکەوتین و بەر ئەبوینەوە و دەشگریاین بەڵام دایکم لای ئاسایی بو و گوێی نەدەدا. ئەو جارەێان جیاواز بو. کە منیان بینی دەستم بە بەر سکمەوە گرتوە، ترسان و بە پەلە لە گەڵ پورم خۆیان گەیاندە من. خێرا جلەکانمیان داکەند و سەیری ناو پێیان کردم. ئەوەی کە لێی دەترسان، بینیان. خوێنیان بینی کە لیم هاتبو و یەکسەر بە پەژارەوە بە یەکتریان وت: ماڵی وێرانم (بنی کەوتوە). خوێنەکەیان پاک کردەوە و جلەکانیان لە بەرم کردەوە. خەم و خەفەتیکی قورس دایانی گرت و بە جارێک تاسان.
بەرە بەرە ئێش و ئازارم کەم بوەوە و دایکم و پورم بەردەوام پێکەوە قسەیان دەکرد و بە یەکتریان دەوت چی بکەین. هەر جۆریک نەبێ ئەو رۆژەمان تێپەراند و شەو بەسەردا هات. سبەینی کە لە خەو هەستام، هەمان پەژارە و خەمم لە روخساریاندا بینی. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە منداڵ بوم تێنەدەگەشتم لە چی و بۆچی نارەحەت و نیگەرانن. دەموت ئاخۆ چی قەومابێ کە ئاوا دنیایان لێ تەنگەبەر بوە و بە جارێک پەرێشانن. لە دڵی خۆمەوە دەمگوت کە خۆ من ئێشم نەماوە ئیتر ئەوان بۆچی هەر نا رەحەتن. وام دەزانی لەبەر من خەمبارن کە دوێنێ کەوتم و ئێشم پێ گەشت. لە هەمان کاتدا خەمبار بونی ئەوان ئازاری دەدام و دەمگوت خەتای منە کە ئەوانم توشی ئەم خەم و خەفەتە کردوە. برێک لێیان دور دەکەوتمەوە و خۆم بە یاری و شتێکەوە خەریک دەکرد. لە ناکاو دەکەوتەوە بیرم کە بۆچی ئەوان هەر خەمبارن، دەگەرامەوە و سێریکیانم دەکرد. ئەمە ببوە گرفتێکی کاریگەر لە سەرم و بیرم لەوە دەکردەوە کە چی بکەم خەمەکەیان بیر بەرمەوە و خۆشحاڵ بن.
رۆژ لە دوای رۆژ کە تێدەپەری، ئیتر لام ئاسایی ببوەوە و گوێم نە دەدا بە خەم و خەفەت خواردنەکەیان و نەمدەتوانی لە بیریشی بەرمەوە. چونکە دایکم و پورم بەردەوام باسیان دەکرد. کاتێک کە میوانیشمان دەهات، بەسەرهاتەکەیان بۆ باس دەکردن. دایکم دەیگوت: “بنی نەماوە و هەر کەس دەیهەوێ هەروا بیبا بۆ خۆی”. ئەم قسانەی دایکم بە بەردەوامی، هێنامیە سەر ئەو قەناعەتە کە من کەمبودێکی سەرەکیم هەیە و نوقستانم. بەڵام نەمدەزانی چیە و بۆ دایکم ئەوەندە بایەخی پێداوە و بۆ بە خۆرایی دەمبەخشێ. یەک جاریش چیە دایکم بۆی باس نەکردم کە چی روی داوە. نازانم هۆی دوا کەوتویی دایکم بو یان مەبەستێکی دیکەی هەبو کە پێی نەدەگوتم. بەردەوام بونی دایکم لە سەر وتنەوەی، کچەکەم بنی نیە و بنی نیە، وەک روتینی رۆژانە لە بەرم کردبو. زۆر حەزم دەکرد کە لە مانای بنی نیە تێبگەم، هەر بۆیە لە هەر شوێنێک کە باسی ئەم شتانە دەکرا نزیک دەبومەوە و گوێم هەڵدەخست تا بەڵکو شتێک تێبگەم کە مەسەلەکە چیە.
ساڵانێک تێپەری و هەر کاتێک و لە هەر کوێ باسی وشەی( بن) دەکرا، بەسەرهاتەکەم بیر دەهاتەوە و بە جارێک مێشکمی بە خۆیەوە خەریک دەکرد. لە مانای بن تینەگەشتم تاکو رۆژێک لە رۆژان لە خوشکە گەورەی کچێکی هاورێم ماناکەیم بیست. کچە هاورێکەم زۆر هەڵسور و هار و هاج بو. رۆژێک بە سەر لێواری پلەکانەی مەکتەبدا کە قاچێکی خستبوە ئەم دیو و قاچیکی ئەو دیوی پلەکانەکە، بە خشکە هاتە خوارەوە. خوشکەکەی هاواری لێ کرد و وتی: “کچێ وا مەکە بنت دەکەوێ”. بە بیستنی ئەم وشەیە ئەوجا هەمو پرسیارەکانی ناخم وروژان و دیسان بەرەوروم بونەوە. لە بەر خۆمەوە وتم راست باسی بن دەکا و وادیارە ئەم کچە شتێکی لێ دەزانێ. لە بەر خۆمەوە دەمگوت نازانم لێی بپرسم یان نا. ئاخرەکەی وتم بە تون لێی دەپرسم. بە ترس و گومانەوە لێم پرسی و وتم: “ئەرێ تۆ بە خوشکەکەت گوت کچێ وا مەکە بەردەبیتەوە و بنت دەکەوێ، ئەتوانی پێم بڵێی یانی چی؟” وەڵامی دایەوە و وتی: “بن چەند دڵۆپە خوێنێکە کە لە ناوەوەی ق…ی کچ دایە”. دیسان لیم پرسی کە ئەی ئەگەر کچێک بنی نەبو چی؟ وتی دەیکوژن. وتم کێ دەیکوژێ؟ وتی باوک و برا و کەس و کاری. وتم ئاخر لە بەر چی ئەی کوژن؟ وتی ئەوە پەردەی کچێنیە و شەرەفی باوک و برایە. کچ دەبێ ئاگای لە خۆی بێ و بیپارێزی. پاش ئەم قسانە کە بەدەم رێگای گەرانەوەمان لە مەکتەب بەرەو ماڵ دەهاتینەوە، هەر کەس بەرەو ماڵی خۆمان بەرێ کەوتین.
قسەکانی ئەو کچە بە جاریک حەبەسانمی و ترس و خۆفێکی قورس هەمو لەشمی داگرت. یەکەم شت کە هاتەوە بیرم، بەسەرهاتی بەربونەوەکەم بو لە سەر پاسکیلەکە. پاشان یەک لە دوای یەک حەسرەتەکان و پەرۆشی و قسەکانی دایکم و پورم هاتنەوە  بەر چاوم کە دەیان گوت: “چی بکەین،  چ قوریک بکەین بەسەرماندا بنی کەوتوە”.
کاتێک دایکم و پورم خەم دایانی گرتبو و نارەحەت بون، پێم وا بو لە بەر خۆشەویستی منە و دەترسن شتێکم بە سەر بێت یان بمرم. نەمدەزانی لە بەر ترسی کەوتنی بنمە و لەدەست چونی شەرفی بنەماڵەکەم. کاتێک کە تێگەشتم و کچەکە پێی وتم کەسێک کە بنی نەبێ باوک و برای دەیکوژن، ئیتر ئەقڵ و هۆشم لا برا و لە ترسی براکەم کە کەسێکی بێ رەحم و درەندە بو، وە هەمیشە لێمی دەدا، بەجارێک زەندەقم پەری و ئەو شەوە تا بەیانی خەوم لێ نەکەوت. بەردەوام خەم و ترسی کوشتن وەک خۆرکە ناخمی دەخوارد و لە خۆمم دەپرسی کە تۆ بڵێی دایکم بە باوکم و براکەمی وتبێ. خۆفی کوشتن بە جارێک توشی بێ خەوی کردبوم و بەردەوام وەک شەوە و مۆتەکەیەکی قورس سەردڵی گرتبوم. هەر کە چاوم دەچوە خەو، دەکەوتمە ناو کۆمەڵێک تولە مار و لە عەزرەت دا دەمقیژاند و بە دەم قیژە و قاوی خۆمەوە رادەچەڵکیم، یان ژمارەیەک ماری گەورە و درێژ دەهاتن بۆم و لە ترساندا هەڵدەهاتم و هاوارم دەکرد کە بە هەمان شێوە بە دەم هەڵهاتنم و هاوارمەوە خەو لە سەرم دەپەڕی و هەڵدەستام و شل و شەکەت لە سەر جێگاکەم دادەنیشتم و نەمدەوێرا بخەومەوە.
بە تێگەیشتنم لە مانای بن کە پەردەی کچێنیە و ئەگەر نەتبێ دەبێ چاوەروانی کارەسات و مەرگ بکەی، لە قۆناغی پرسیار و وت و ویرە تێپەریم و گەشتمە قۆناغی ترس و وەهم و چارەنوسی نادیار. ترس و لەرز ببونە هاودەمی شەو و رۆژم. جار و بار ئاستی ترسەکەم ئەوەندە بەرز دەبوەوە کە هەناسەم لی دەبرا و هەستم بە خنکان دەکرد.
رۆژێک لە رۆژان لە ماڵی پورم بوین. دیسانەکە بۆ ئاخرین جار کە گوێم لێ بو، دایکم باسی مەسەلەی بە سەر هاتەکەی منی دەکرد بۆ ژنێکی خزممان کە لە گەڵ مێردەکەی لەوێ بون. ئەم باسە کاتێک هاتە گۆڕێ کە ژنەکە بە دایکمی وت: “ماشاءاللە کچەکەت گەورە بوە، ئەرێ تەمەنی چەندە”؟ دایکم وتی ١٢ ساڵیەتی. ژنەکە وتی کچەکەت جوانە و ئیتر سێبەری ماڵتان خۆش دەبێ. دایکم هەناسەیەکی هەڵکێشا و وتی: “وایە جوانە، بەڵام بە کاری چی دێ”. بەسەرهاتەکەی منی بە درێژە بۆی گێرانەوە و وتی بنی نیە، هەرکەسێک گەرەکیەتی با هەروا بیبات بۆ خۆی.
ئەو رۆژە لە بیرم چوبوەو و بێ خەیاڵ لە گەڵ کچی پورم سەرقاڵی یاری و قسە و باسی خۆمان بوین. هەرکە دایکم مەسەلەکەی باس کردەوە، دیسانەکە بەسەرهاتەکەی هێنایەوە بیرم و رۆژەکەی لێ تاڵ کردمەوە، بە تایبەتی کە وتی، با هەر وا بیبا. بەم قسەیەی دایکم زۆر دڵم بە خۆم سوتا و هەستم کرد کە من شتێکی بێ قیمەتم و مەمنونیش دەبن کە یەکێک بە بەلاش لە کۆڵیانم بکاتەوە. کاریگەری ئەم قسەیەی دایکم بە جۆرێک بو کە خەم و ترسی کوشتنمی لە بیر بردەوە و بە خۆم دا شکامەوە کە کەسێکی نوقستان و عەیبدار و بێ نرخم. ئیتر لێرەوە هەستێکی کوشندەی تازەی کەمبود و ناتەواویم لا دروست بوو و خۆم لە هەمو کەسێک پێ کەمتر بو.
هەستی کەم بون و شەرمەزاریم رۆژ لە دوای رۆژ زیادی دەکرد، کاتێک کە تێگەشتم گرنگیی پەردەی کچێنی لە کۆمەڵگا و لە کولتوری نەحسی پیاو سالاریدا چەندە دەور دەگێرێ. ئەم هەستەی کەمبونم بە زۆری ئەو کاتانە زیاتر ئازاری دەدام کە کچە هەرزەکارەکانی مەکتەب بچوکترین کێشە لە نێوانیادا دروست دەبو و بێ رەحمانە پەلاماری کەسایەتی یەکتریان دەدا کە ئەگەر نزیکترین رەفیق بوایەن. من کاتێک ئەوانەم بەم شێوەیە دەبینی، ئیتر نا ئومید دەبوم و باوەرم بە هیچ کەسێک نەدەما کە دەردە دڵی بۆ بکەم و دەرونم لەو خەم و مەراقە کە بە هۆی ئەو کارەساتەوە بەسەرم دا هات تۆزێک بەتاڵ بکەم. ئیتر وام لێ هات کە لە هەمو کەسێک دورە پەرێز بگرم و گۆشە گیر بم. دەمگوت واباشترە کە تێکەڵاوی کەس نەبم و خەمەکانم لە ناخی خۆمدا هەڵگرم تا وەکو باسی بکەم بۆ کەسێک کە زیاتر سوک و شەرمەزار بم. قەناعەتم وا بو کە ئەگەر ئەم بەسەر هاتەم بۆ کەسێک باس بکەم، دەبو ئیتر واز لە مەکتەبیش بینم و گۆشەی تەنیای ماڵەوە هەڵبژێرم.
ئەم بەسەرهاتەم هانی دام کە بکەومە دوای بە دەست هێنانی زانیاری و مەعلومات لە سەر پەردەی کچێنی. نوسراوە و لێکدانەوەی زۆرم بە دەست هێنا و هەر هەمویم خوێندەوە و لە بەرم کرد. بەم شێوەیە تێگەشتم لە ناوەرۆک و ئەسڵی پەردەی کچێنی و هۆکار بونی. لە راستیدا پەردەی کچێنی مەسەلەیەکی سروشتیە و لە باری پزیشکیەوە هیچ دەورێک لە لەشی ژندا نابینێ. هەروەها لە جۆرەکانی پەردەی کچێنی تێگەشتم و زانیم کە هەر وا بە ئاسانی لە ناو ناچێت تا شتێکی تایبەت نەچێتە ژورە و بیدرێ. تەنانەت ئەوەندە دواکەوتو بون کە عەقڵیان پێ نەدەشکا بمبەنە لای دوکتور و تاقی کاریەکم بۆ بکەن تاوەکو نە من و نە خۆشیان توشی ئەم داخ و دوخ و شەرمەزاریە نەبین.
سەرەرای ئەوەیکە لە رێگای خوێندنەوە و بە دوادا گەران لە پەردەی کچێنی تێگەشتم و زانیم چیە و بۆ کردویانەتە بەڵگەیەکی پیرۆز بۆ نرخاندنی کچ، دیسانەکە دایکم بە هۆی دواکەوتوبونی خۆیەوە توانی قەناعەتم پێ بکا کە پەردەی کچێنی بە قەدەر پلەی خودایی پیرۆز و بەرزە. هەروەها بە بی ئەوەیکە یەک جار چیە لە گەڵم دابنیشێ و بۆم باس بکا، توانی وام لێ بکا کە هەم بیپەرەستم و هەم ئەم بەڵگە و هەویە پیرۆزەی شەرەفی بنە ماڵەکەم  لە دەست داوە. خۆم هەستم پێ دەکرد کە دایکم خەم و مەراقەکانی منی لا گرنگ نیە و ئیهمالی دەکردم. لە من و لە هەمو شتێک گرنگتر لای ئەو ئەوە بو کە بە جۆرێک قەناعەت بە خەڵک بکا کە پەردەی کچێنیەکەم بە هۆی روداوێکەوە لە دەست داوە و هیچ شتێکی تر لە ئارادا نەبوە. زۆر حەزم دەکرد وەک پێویستیەک کە کەسێکی میهرەبان و بە رەحم پەیدا ببێ و بتوانم هەمو شتەکانمی بۆ باس بکەم و گوێم لی بگرێ و دڵسۆزانە یارمەتیم بکا، وەبۆمی رون بکاتەوە تا نەختێک باری خەمەکانم سوک بێت. بەڵام بە هۆی کولتوری کۆنە پەرەستانە و نا ئینسانیەوە نە کەس یارمەتی کردم و نە خۆشم ئەمتوانی بۆ کەسی باس بکەم. لە ئاکام دا خۆم و ئازارەکانم پێکەوە دەتلاینەوە.
هەستی کەم بونی و شەرمەزاریم وای لێم کرد کە بە هیچ شێوەیەک متمانە و سیقەم بە خۆم نەمێنی و بە تەواوی لە دەستی بدەم. هەروەها ئەم بارودۆخەم بو بە رێگرێک لە بەردەم گەشە کردنی کەسایەتی و کۆمەڵایەتی و پێگەشتنمدا. هیچ کاتێک نەم دەوێرا لە مناقەشەیەک دا بەشداری بکەم، بە تایبەت مناقەشەیەک کە پەیوەندی بە باری ئەخلاقی و شەخسیەتیەوە بێ. من پێم وا بو کە، چونکە پەردەی کچێنیم نیە، نابێ و شایەستەی ئەوە نیم کە لەو باسانەدا بەشدار بم. ئیتر قەناعەتم کردبو کە ئەم باسانە تایبەتە بەوان و بە ژیانی ئەوانەوە و من لە دەرەوەی ژیان و کۆمەڵگام. هەر وەک چۆن کەسێک سەیری فلیمیکی سینەمایی دەکا کە نە بەشدارە تێدا و نە دەوری تێدا دەگێرێ. ژیان راست وەک فیلمی سینەما بو بۆ من. بە تەواوی هەستم پێدەکرد کە من بونم نیە و لە دەرەوەی ژیانم. هەر کاتێک باسەکانی پەیوەندیدار بە شەرەف و ئەخلاقەوە دەهاتە گۆڕێ، خۆمم لێ دەدزیەوە و، یان لە شەرماندا کپ و بێ دەنگ وەک بەردێک دادەکوتم و لە حەسرەتدا ئەوەندە بچوک دەبومەوە کە چنگۆڵێکم دەما.
بە دەست پێکردنی قۆناغێکی دیکەی خوێندن بۆ سەرەوە، مەکتەبەکەمان دور کەوەتەوە. من و هەندێک کچی دیکەی هاورێم سەیارەیەکیان بۆ بە کرێ گرتین کە بەیانان بمان با بۆ مەکتەب و دوای نیوەڕۆ بمان هێنێتەوە. سەیارەکە دەهاتە بەر ماڵی هەمو کچەکان و هەڵی دەگرتین بەرەو مەکتەب. رۆژێکیان چوینە بەر ماڵی یەکێک لە کچەکان. سەیارەکە هۆرنی بۆ لێدا، بەڵام کچەکە نە هاتە دەرەوە. یەکێکمان دابەزی و لە دەرگاکەی دا. کەسێکیان دەرگاکەی کردەوە و وتی کە نەخۆشە و ئەمرۆ ناتوانێت بێت بۆ مەکتەب. دو رۆژ بەم شێوەیە تێپەری و کچەکە هەر نەهات بۆ مەکتەب. هیچ کاممان نەمان دەزانی بۆچی نایەت. رۆژی سێهەم کە رۆشتینەوە بە دوایدا، ئەم جارەێان هاتە دەر و لە گەڵمان هات بۆ مەکتەب. کاتێک سەرکەوتە ناو سەیارەکە، سەری داخستبو و بە زەلیلیەکەوە سلاوی کرد و بێ دەنگ دانیشت و هیج قسەی نەکرد. سەیرمان کرد کە سەر و چاوی هەمو ئاوساوە و شین بوەتەوە، ئێمەش سەیری یەکترمان دەکرد و بە ئیشارەتی چاو پرسیاری مەسەلەکە چیبێ؟ لە یەکترمان دەکرد. کەسمان قسەی نەکرد تا گەشتینە مەکتەب. هەر کەسە و رۆشت بۆ پۆلی خۆی. من و ئەو کچە لە یەک پۆل دا بوین و بە بێ یەک کەلیمە چوینە پۆلەکەمان و دانیشتین. پاش ماوەیەک مامۆستا هات. کە سەر و چاوی کچەکەی بینی، لێی پرسی: “بۆ وات لێ هاتوە؟”. کچەکە لە وڵام دا وتی، مامۆستا ویستم بچمە سەربان لە پلیکانەکان بەربومەوە و وام لێ هات.
زەنگی پشو لێی درا و چوینە دەرەوە بۆ حەوشە. رۆشتم بۆ لای کچەکە کە بە تەنها لە گۆشەیەک وەستابو. لێم پرسی چیە بۆ وات لی هاتوە، ئەکرێ پێم بڵێی؟ وڵامی منیشی دایەوە و وتی کە لە پلیکان بەربومەتەوە. منیش باوەرم پێ کرد و هیچم نەوت. بە جێم هێشت و رۆشتم بۆ لای کچەکانی دیکە. سەیرم کرد کە ئەوانیش هەر هەمویان باسی ئەو کچە ئەکەن. من وتم دەڵێ کە لە پلیکان بەربوەتەوە. کچەکان گاڵتەیان بە قسەکەی من دەهات. وتیان تۆ زۆر فەقیری کە بروای پێ دەکەی. هەر هەمو کچەکان لە سەر ئەو قەناعەتە بون کە ئەو کچە دڵداری کردوە و کەس و کاری لە سەر ئەو مەسەلەیە لێیان داوە، چونکە کەس و کار بۆ هیچ شتێک لە کچ نادەن لە سەر مەسەلەی ئەخلاقی نەبێ.
ئیتر باسی ئەو کچە بو بە بابەت و بنێشتە خۆشەی دەمی ئەم و ئەو. هەر کەسە و شتێکی پێ دەگوت. یەکێک دەیگوت بەرەڵایە و یەکێک دەیگوت سۆزانیە و هەر هەمو دەیانگوت حەقی خۆیەتی وایان لێ کردوە و دەستیان خۆش بێت. ئەمە لە حاڵێکدا بو کە زۆربەی کچەکان دڵداریان دەکرد و پەیوەندیان لە گەڵ کوراندا هەبو. جیاوازیەکە تەنیا ئەوە بو کە مەسەلەی ئەو کچە ئاشکرا ببو و هی ئەمان هێشتا شاراوە بو، وە بە نهێنی دەیانکرد.
مەسەلەی سەر و چاو ئاوسان و شینبونەوەی ئەو کچە بو بە مایەی باس و خواستی رۆژانەی پەردەی کچێنی و ئەخلاق و شەرەف و کوشتنی ئەو کچانەی کە لەم پەیوەندیەدا ببونە قوربانی. زۆربەی کچەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەم کچە بەس پێیان زانیوە دڵداری کردوە بۆیە بە تەنها لێیان داوە، ئەگینا پەردەی کچێنی لەدەست دابا، بێگومان ئەیان کوشت. هەر کاتێک ئەم باسانە دەهاتنە ئاراوە، وەک بڵێی دەستێکی بە هێز دەهات و گەرومی دەگوشی و خەریک بو بخنکێم. ئەم حاڵەتە بەردەوام لە گەڵما بو. بە زۆری ترسەکانم قوت دەدایەوە و نەختێک ئاسایی دەبومەوە، بەڵام دیسان قورگمی دەگوشیەوە و رۆژێک جەندی جار دەمردم و زیندو دەبومەوە. جارێکیان ئەوەندە ترس و خۆف دایگرتبوم کە لە تاواندا، بۆ یەکەم جار ئەم وتەیەم لە دەم دەرچو و وتم “خۆزگە ئەم پەردەی کچینیە هەر لە ئەساسدا نەبواێە”. یەکیک لە کچەکان بە شێوەیەکی زۆر ناشرین و توند روی تێ کردم و وتی: “بۆچی پیت خۆشە نەبواێەت، دەتەوێ هەر کاتێک پیت خۆش بو لە گەڵ ئەم و ئەو بخەوی؟” منیش لە ترسی مەسەلەکەی خۆم کپ بوم و لە ترساندا نەموێرا هیچ بڵێم.
تەعلیقی ئەو کچە لە قسەکەی من کە وتم خۆزگە پەردەی کچێنی هەر نەبوایە، راست ئاکامی پەروەردەی هەمان ئەقڵیەتی دژی ئینسانیی پیاوسالاریە بە سەر کۆمەڵگای کوردەواریدا کە تەنانەت ژنانیشی لە دژی خۆیان کردوەتە ئامراز و وەسیلەی دەمکوت. لە بری لێ پرسینەوە و گوێ گردن لە دەرد و مەینەتەکانی یەکتر، دەکەونە تەعلیق و تەحقیری زوڵم لێ کراو کە خودی کچان و ژنانی بێتاوان و قوربانیی دین و پیاوسالارین.
پاش ماوەیەکی کورت بیرم لەوە دەکردەوە و دەموت کە، راستە ئەو کچەش وەک من کەوتوەتە بەر سوکایەتی و بێ حورمەتی و لێدان و هەر هەمو کەس بە ناحەق سەرزەنشتی دەکەن، بەڵام هێشتا لە من باشترە، چونکە هەر هیچ نەبێ لانی کەم ئەو پەردەی کچێنیەکی هەیە و بەس دڵداری کردوە. من بە قسەی دایکم و پورم کە  پەردەی کچێنیم نیە، لە بەر خۆمەوە دەموت داخۆ چیم لێ بکەن و چ بەڵاێەکم بە سەردا بێنن؟
ساڵانێکی زۆر ترس و گومان و پرسیارە بێ وەڵامەکانی ناخم، بە جارێک شەکەت و بێزار و ماندوی کردبوم. حەزم بە مەرگی خۆم دەکرد. بە دەست پێکردنی قۆناغێکی دیکە لە هەڵاواردن و بەدبەختیم، ژیانی چەرمەسەری و پر لە نەهامەتیم برێک ئاڵوگۆڕی بە سەردا هات. ئەم قۆناغە، دەست پێکردنی کار و دامەزرانم بو وەک ماموستای قوتابخانە. بە هۆی کارەکەمەوە تا ئاستێک باری مادی و گوزەرانم باشتر بو. ئەم گۆڕانکاریە بو بە هۆی کەمبونەوەی ترس و نیگەرانیەکانم. تا رادەیەک متمانە بە خۆم تێدا پێکهات و سەربە خۆیی مادیم یارمەتییەکی باشی باری مەعنەویی کردم. ئەگەر کارەکەم نەبوایە، بە دڵنیاییەوە نەم دەتوانی تەحەمولی ئەو وەزعە تاڵەم بکەم. وەک ئەو هەزاران ژن و کچەی کە بە دەستی خۆیان بون بە قوربانی عەقڵیەتی رزیوی پیاوسالاری و ئایینی ئیسلامی، منیش کۆتاییم بە ژیانی خۆم دەهێنا. کارەکەم بو بە هۆی ئەوەیکە لەم راستیە تێبگەم کە من بە بێ بون یان نەبونی پەردەی کچێنی، ئینسانێکم و دەتوانم لە کۆمەڵگادا دەوری لە بارم هەبی و بە سود بم. کارەکەم و دروست بونی رۆحی متمانە بە خۆم، کەسایەتیەکی نوێیان تێمدا دروست کرد کە راست بە پێچەوانەی ئەو کەسایەتیە هیچ و پوچ و عەیبدارەی کە کۆمەڵگای نا ئینسانی و بنەماڵە دینیە کۆنە پەرەستەکەم بۆیان تاشی بوم. تەنها ئەو کاتانە هەستم بە ئەمان و ئاسودەیی دەکرد کە لە دەوام بوم. کاتێک دەگەڕامەوە ماڵەوە، دیسان وام دەزانی لە جەهەنەم دام.
ئەم دو کەسایەتیە لە مندا، بەردەوام ململانەی یەکتریان دەکرد. هەرکام هەوڵی دەدا بۆ لە ناو بردنی ئەوی تریان. بەڵام بە هۆی زاڵ بونی کولتوری باو، کەسایەتیە درۆیینە لاوازەکەم زاڵتر بو بە سەرمدا. ئەم کەسایەتیە دەست کردەم وای لێ کردبوم کە رقم لە خۆم و ژیان و هەمو شتێک و هەمو کەسیک بێتەوە. لە لایەک خۆم هەوڵی بە هێز کردنی کەسایەتیە نوێیەکەم دەدا و مقاوەمەم دەکرد، لە لایەکیتر بە بینینی دایکم و وەبیر هاتنەوەی قسەکانی لە بابەت بێ بنیم و ترس لە برا غەدارەکەم کە لێی دەدام و سوکایەتی پێدەکردم، دیسان ورەم بەردەدا و لایەنی لاوازم زاڵ دەبوەوە بە سەرمدا. بەردەوام بیرم لەوە دەکردەوە کە براکەم بۆچی ئاوا بێ ڕەحمانە ئازار و ئەشکەنجەی روحی و جسمیم دەدا؟ لە بەر خۆمەوە دەمگوت هی ئەوەیە کە پەردەی کچێنیم نیە و بۆیە دایکیشم بەرانبەر بە تەعەداکانی براکەم بێ دەنگ دەبو.
بەشی هەرە زۆری تەمەنم لە مناڵیەوە تا گەنجیم کە دەبواێە بە یاری و خۆشی و شادیی منداڵانە و تۆخی هەرزەکاریم تێپەراندبا، لێم بو بە دۆزەخ و ژەهری مار. نە زانیم منداڵی چیە و نە تامی گەنجێتیشم کرد. نەک جوانە مەرگ، بەڵکو وەک ئەوە وابو کە هەر بە مردویی لە دایک بوبێتم.
پاش ساڵانێکی تاڵ و دورودرێژ و لە ناو ئەم گێژاوە مەینەت بارەدا، کەسێک هاتە خوازبێنیم و ماڵی باوکم دایانمێ و مارە کرام. بە مارە کراوی نزیک بە دو مانگ لە ماڵی خۆمان مامەوە. لەم ماوەیەدا من پێم وابو دایکم مەسەلەی بن کەوتنەکەمی بۆ ماڵی خەزورانم باس کردوە. بەڵام نەیکردبو، چونکە تا ئەو دەمەش نە ئەو هیچ شتێکی لەم بارەیەوە لە گەڵم باس کردبو، نە منیش لێم پرسیبو کە بۆچی ئاگاداری نەکردون. لە بەر خۆمەوە دەمگوت: “لەوانەیە ترسی ئەوەی هەبێت کە ئەگەر باسی بکا بۆیان، پەشیمان ببنەوە و زەواجەکەم سەرنەگرێت”. هەروەها بیرم لەوە دەکردەوە کە دایکم دەیهەوێ زاوا خۆی بە مەسەلەکە بزانێت و ئەو کات قسەی لەسەر بکەن.  پێم وایە لە راستیدا دایکم هەر لە روی سادەیی و فەقیری خۆیەوە نەیزانیوە چی بکا و چۆن بریارێک بدا. لەوانەێە پێی وا بوە کە ئاوا باشترە باسی نەکا.
ژیانی تاڵ و پڕ لە بەدەبەختیم لە ئاکامدا رایهێنام بە گونجان لە گەڵ بەش مەینەتی و بێ بەش بون لە هەمو خۆشیەکانی ژیان. خۆشیەکانی دەورانی دەستگیران داری، روئیا شیرینەکانی جلی بوکێنی و شەوی پەردە کە هەمو بوکێک بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکا، بە پێچەوانەوە بۆ من بو بە ترس و مۆتەکەیەکی قورس و نەحس کە سەردڵی گرتبوم. کە بیرم لە شەوی پەردە دەکردەوە و دەمگوت باشە ئەگەر بنم نەبێ داخۆ چی کارەساتێک رو بدا، بە جارێک مێشکم رادەوەستا و هەستم بە خنکان دەکرد. کاتێک بیرم لێ دەکردەوە کە ئەگەر نەمبێ، بە دڵنیاییەوە دەمکۆژن. ترس و خۆفی کوشتنم بە دەست هەر هەمویان، بەتایبەتی باوکم و کەس و کارم بۆ گێرانەوەی شەرەفیان بە جارێک ئەمی تاساند. هەروەها خەمی رسوا بونم زیاتر لە ترسی کوشتنەکەم ئازاری دەدام. لە بری خۆشی و خۆئامادە کردن بۆ زەماوەند، ئەم پرسیارانە ژیانیان لێ تاڵ کردبوم و ببونە مەشغەڵەی بیر و هەست و شعورم. هیچ چارەیەکم نەبو بێجگە لەوەیکە بە دڵە خۆرپە و خەفەتەوە چاوەرێی چارەنوسی نادیار بکەم کە وەک قوربانیەک کاتێک کە دەیبەن بۆ قوربانگا، چیم لێ دەکەن و چیم بە سەر دێ.
بەم شێوەیە رۆژەکانی سەخت و تاڵم تێپەراند تا رۆژی گواستنەوەم هاتە پێشێ. کەلوپەلی گواستنەوە ئامادە کراو بە پێی هەمان نەریت و کولتوری قیزەوەنی کوردەواری، گوازرامەوە و وەک کالاێەکی جنسی بردیانم بۆ ماڵی زاوا. زاوا کە ویستی بێتە لام، لە خۆلی مانگانە دا بوم و تا دو رۆژ وازی لێ هێنام. دوای دو رۆژ هاتەوە و من دیسانەکە لە ترسی خۆم هەر وتم پاک نەبومەوتەوە. تا نزیک پێنج رۆژ بەم شێوەیە ملم نەدا. دواتر زانیم کە سودی نیە، بریارم دا خۆم بدەم بە دەست قەزاو قەدەرەوە. وتم هەرچییەک دەبێ با ببێ و بریارمان دا تەواوی بکەین. رۆشتم پەروە سپیەکەم هێنا و لە سەر جێگاکە بە سنجاقێک دام درو. زاوا هاتە لام و هەستم بە ئازارێکی توند کرد. کە هاوارم کرد، زاوا هەستایەوە و سەیری سەر پەرۆکەی کرد. هەرکە خوێنەکەی بینی، بە خۆشحاڵیەوە پێکەنی و وتی: (خوێن). کە ئەمەم بیست، یەکسەر هەستام کە سەیری خوێنەکە بکەم. خوێنەکەم کە بینی، دەستم کرد بە گریان و فرمیسک بە هەر دوک چاومدا هاتە خوار. لە خۆشی بینینی خوێنی بنەکەمدا هەرچی خوێن تلابو بە شوینەکانی دیکەمەوە، دەمساوی بە پەرۆکەدا و پێم وابو هەرچی خوێنەکە زۆرتر بێ پەسەندترە. پاشان مێردەکەم هەستایەوە و بەرەو دەرگاکە رۆشت کە بچێتە دەرەوە. لەو کاتەدا ئاورێکی لێم دایەوە و وتی: (ئەو خوێنە لە هەرچی شەهادەی ماجستێر و دوکتۆرای جیهان کە هەیە، بەرزتر و گرنگترە). من لە ژورەکە مامەوە و بە دەم گریان و فرمێسک ڕشتنەوە رابوردوە تاڵ و گرژەکان دەکەوتنەوە بیرم. مێردەکەم هاتە ژورە و بینی کە هەر دەگریم و وسکت نابم. وتی: “ئەوە چیە بۆ هێشتا هەر دەگریت؟” وتم لە بەر ئەوەیکە پەردەی کچینینم لە دەست داوە و بوم بە ژن. ئەویش بروای پێ کردم و خەوت. من هەر بەردەوام بوم لە گریان تا ئوقدەکانی ترس و نیگەرانیەکانم بە دەم فرمێسک رشتنەوە هەڵرشتە دەرەوە و خەوم لێ کەوت.
بە درێژایی هەمو تەمەنم ئەمە یەکەم جار بو پاش ئەوەیکە دڵنیا بوم پەردەی کچێنیم هەێە، هەستم بە بونی خۆم وەک ئینسانێک کرد. ئیتر بە پێچەوانەی پێشو، خۆم بە یەکێک لە کەسەکانی شایەستەی ناو خەڵک و بۆنەکان دەزانی. بە سەربەستی و متمانە بە خۆ پێشوازیم لە میوانەکان دەکرد کە دەهاتن بۆ پیرۆز بایی. ژنەکان پێیان وتم لە گەڵمان وەرە بۆ ژوری خەوەکەت. لە گەڵیان رۆشتم و وتیان پەروەکەمان پیشانبە بزانین بنت هەبوە یان نا. وتم پەرۆی چی؟ شەهادەکەم؟ پێکەنین و وتیان بۆچی دەڵیی شەهادەکەم؟ وتم پیاوەکەم کە خوێنەکەی بینی، وتی ئەم خوێنە لە هەمو ماجستێر و دوکتۆراکانی جیهان بەرزتر و گرنگترە. منیش نیشانم دان و هەر هەمو پیرۆز باییان لێ کردم.
هەر کە دڵنیا بوم کە پەردەی کچێنیم هەێە، هەستم بە ئەمان و بە هێز بونی خۆم کرد. چونکە ئەمان و دڵنیا بون گەورەترین پاڵپشتە بۆ گەشە کردن و کامەرانی و پێشکەوتن لە ژیاندا. بەڵام بە هۆی دواکەوتویی باری سەقافی و کولتوریەوە، کۆمەڵگاکەم لەم بەهرەیە بێ بەری کردبوم. کەرامەت و کەسایەتیی بە ملیۆنان ژنی دیکەی وەک من بە بونی چەند دڵۆپە خوێنێک بەندە کە، ئەگەر بە هەر هۆیەک بەر لە تەسەروفی پیاوان لە دەستی بدەین، ئیتر هیچ کەسایەتی و رێز و حورمەتێکمان نامێنێت و تەنانەت گیانیشمان دەکەوێتە مەترسی، هەر وەک ئەو هەزاران هەزار ژن و کچەی کە بەم بۆنەوە کوژران و بێتاوان بونە قوربانی.
بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگایەک کە بەردی بناغەکەی لە سەر بنەمای ناموس پەرەستی و چەند دڵۆپە خوێنی ناو پێی کچێکی بێ تاوان دانرابێت، ئەو کۆمەڵگایە روخاوە. روخان شاخ و باڵی نیە، کوشتاری ژنان، خەتەنە، بەردەباران، درۆ و بوختان، لوت برین، مارە بەجاش و دەیان تەعەدای دیکە لە ئینسانی ژن، بەڵگەکانی روخاو بونی ئەو کۆمەڵگاێەێە.

بەهار نەسرەدین

٣٠/٥/٢٠١١

Entry filed under: بەهار نەسرەدین. Tags: .

گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ به‌شداری یادی یه‌كێتی ناكه‌ن كۆمۆنیست،یه‌كێتى‌و نه‌وشیروان مسته‌فا به‌كوشتنى 5 ئه‌ندامه‌كه‌ى تۆمه‌تبار ده‌كات

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS مطالب سایت آزادى بيان

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,827 hits

%d bloggers like this: