مه‌لا به‌ختیار ره‌خنه‌ له‌ تاڵه‌بانی‌ ده‌گرێت

2011/06/06 at 6:30 PM Leave a comment

تاڵه‌بانی‌‌و به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی

هاوڵاتی‌>مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان ره‌خنه‌ له‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ یه‌كێتی‌ ده‌گرێت له‌وه‌ی‌ له‌وتاری‌ ساڵیادی‌ 36 ساڵه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتی‌ له‌سلێمانی‌ ته‌نها باسی ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌رانی‌ یه‌كێتی‌ كردووه‌.رۆژی‌ 1ی‌ حوزه‌یران جه‌لال تاڵه‌بانی‌ له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ری‌ یه‌كێتی‌ دا له‌شاری‌ سلێمانی‌ وتارێكی‌ پێشكه‌شكرد‌و وتی‌ “به‌ناوی‌ ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌رانی‌ یه‌كێتی‌ یه‌وه‌، كه‌ چواریان لێره‌ن‌و دوانیان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتن پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م، هیوادارم كه‌سی‌ حه‌وته‌می‌ ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌رانی‌ یه‌كێتی‌ (نه‌وشیروان مسته‌فا) لای‌ خۆیه‌وه‌ پیرۆزباییتان لێ بكات”.
مه‌لا به‌ختیار له‌ سه‌روتاری‌ ئه‌مڕۆی‌ رۆژنامه‌ی‌ چاودێردا به‌ناونیشانی‌ “ئاوڕێكیش له‌سه‌ركردایه‌تیی‌ فه‌رامۆشكراوی‌ ناو وڵات” نوسیویه‌تی‌ “من له‌و كه‌سانه‌ نیم بتوانم له‌رۆژی‌ دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتیه‌وه‌، بۆ ئه‌و بیروڕایانه‌ی‌ له‌كاتی‌ دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتیدا، مشتوماڵ‌ كراون، به‌وردی‌ قسه‌ بكه‌م. ئه‌مه‌یان ئه‌ركی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ له‌ناو پرۆسه‌كه‌دا بوون. به‌ڵام له‌دامه‌زراندنی‌ كۆمیته‌ی‌ هه‌رێمه‌كانه‌وه‌ (پایزی‌ 1975) شایه‌تی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ چۆنێتیی‌ دامه‌زراندنی‌ كۆمیته‌ی‌ هه‌رێمه‌كان، په‌یوه‌ندیكردن به‌ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، خۆئاماده‌كردن بۆ جه‌نگی‌ پارتیزانی‌، وه‌رگێڕانی‌ نامیلكه‌ی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ بۆچی‌؟، نوسینی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ پارتیزانه‌كان، چۆنێتیی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ فه‌رمانده‌ عه‌سكه‌ری‌‌و رابه‌ری‌ سیاسی‌‌و پێشمه‌رگه‌كانی‌ ده‌سته‌كانی‌ سه‌ره‌تایی‌، كڕینی‌ چه‌كه‌ ژه‌نگاوییه‌كان، پێكه‌وه‌به‌ستنی‌ رایه‌ڵه‌ی‌ رێكخستنه‌كان، دروستكردنی‌ شانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه‌، كێ‌ ئاماده‌ بوو بێته‌ ریزه‌كانی‌ رێكخستن‌و كێش ئاماده‌نه‌بوو، هه‌روه‌ها كێ‌ بوون ئه‌وانه‌ی‌ ئاماده‌ییان ده‌ربڕی‌ ببنه‌ پێشمه‌رگه‌و، كێ‌ بوون ئه‌وانه‌ی‌ گاڵته‌شیان به‌به‌رپابوونی‌ شۆڕش ده‌هات”.

هه‌روه‌ها ده‌نوسێت “ئێستا كه‌ 36 ساڵ‌ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستاندا تێده‌په‌ڕێ‌‌و دیسان ته‌نهاو ته‌نها باسی‌ ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ر له‌م یاده‌دا گه‌شكرایه‌وه‌. پێموایه‌، كاتێتی‌، كۆی‌ خه‌باتی‌ هه‌ڤاڵانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات‌و ناوه‌وه‌ی‌ وڵات، له‌م یادانه‌و له‌ یاده‌كانی‌ تردا، بابه‌تیانه‌تر باس بكرێن. من تۆزقاڵێك له‌خزمه‌ت‌و له‌دوربینیی‌ مام جه‌لال‌و توانای‌ ئه‌ندامانی‌ دامه‌زرێنه‌ر، به‌جیاوازیی‌ كه‌سایه‌تی‌و توانایانه‌وه‌، هێنده‌ی‌ ماندوو بوون، ده‌ربه‌ده‌ر بوون، تێكۆشاون، مه‌ڵۆیه‌كیان خستبێته‌ سه‌ر خه‌رمانی‌ یه‌كێتی‌، كه‌مناكه‌مه‌وه‌، رێزیشم بۆیان هه‌یه‌. هه‌ریه‌كه‌یان چه‌ندیان كردبێ‌، هه‌ر به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ مێژوو بۆی‌ نوسیون. به‌ڵام كه‌مكردنه‌وه‌، یان فه‌رامۆشكردن، یان له‌بیركردنی‌ توانای‌ سه‌ركرده‌و سه‌ركردایه‌تیی‌ ناو وڵات‌و ئه‌و هه‌موو رابه‌ره‌ شه‌هیدو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌، هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م ویژدانم قبوڵی‌ ناكات. بۆیه‌ به‌پێویستم زانی‌، له‌م یاده‌دا به‌شێكی‌ بیربخه‌مه‌وه‌. شایه‌نی‌ باسیشه‌ كه‌ بپرسم: مێژووی‌ یه‌كێتی‌، ئه‌گه‌ر له‌سێداره‌دانی‌ خاڵه‌ شه‌هاب‌و هاوڕێكانی‌‌و كه‌م بژی‌‌و كه‌ڵ‌ بژی‌ لێده‌ركرێت، ئه‌گه‌ر تێكۆشانی‌ شه‌هید ئارام‌و خزمه‌ته‌كانی‌ لـێ‌كه‌مكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر قاره‌مانێتی‌‌و كاریگه‌ریی‌ شه‌هید عه‌لی‌ عه‌سكه‌ری‌‌و شه‌هیدان: (عومه‌ر ده‌بابه‌، دكتۆر خالید، ره‌سوڵ مامه‌ند، ره‌ئوف به‌گ، تایه‌ری‌ عه‌لی‌ والی‌، سه‌عدی‌ گچكه‌، مامۆستا عه‌زیز‌و جه‌مال تایه‌ر) هه‌روه‌ها ده‌یان فه‌رمانده‌ی‌ شه‌هیدی‌ تری‌ سه‌ره‌تای‌ شۆڕش، كه‌ له‌ڕێكخستنه‌ نهێنییه‌كان‌و زیندانه‌كان‌و سه‌ره‌بزێویی‌ پارتیزانی‌ (1976)ه‌وه‌ ده‌ستیان پێكردو به‌گژ مه‌حاڵدا چونه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌، له‌یادی‌ یه‌كێتیدا، هاوشانی‌ ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ر، له‌شوێن‌و كاتی‌ خۆیدا، رۆڵ‌‌و كاریگه‌رییان گه‌ش نه‌كرێته‌وه‌، پێموایه‌، مێژووی‌ یه‌كێتی‌‌و قۆناغه‌كانی‌ پێشكه‌وتنی‌ شۆڕش، زیانێكی‌ زۆری‌ به‌رده‌كه‌وێت”.

له‌وتاره‌كه‌دا هاتووه‌ “له‌ یادی‌ یه‌كێتیشدا، وه‌كو چۆن باسی‌ ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ كردو هه‌قی‌ خۆی‌ دانێ‌، هه‌قیش بوو، ئاوڕێكیش له‌سه‌ركردایه‌تی‌‌و دامه‌زرێنه‌رانی‌ شۆڕش له‌ناو وڵات، بداته‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ دوو دێڕیش بوایه‌ ئێمه‌‌و مانانیش ئاسوده‌ییه‌ك دایده‌گرتین. من ئه‌مه‌ وه‌كو ئه‌مانه‌تێك ده‌یڵێم، كه‌ بۆ یه‌كێتی‌‌و بۆ مام جه‌لال باشتره‌. ئه‌گینا به‌ش به‌حاڵی‌ خۆم، هه‌تا ئێستا قه‌ڵه‌مم هه‌ڵنه‌گرتووه‌ باسی‌ بیره‌وه‌ریی‌ خۆم له‌سه‌ر ئه‌و مێژووه‌ بكه‌م. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا، هه‌ن، زۆر كه‌میان كردووه‌، به‌ڵام كتێبی‌ زل زلی‌ پڕ له‌چه‌واشه‌كردنی‌ مێژوویان هۆنیوه‌ته‌وه‌. هه‌ندێك له‌وانه‌ به‌درێژایی‌ شۆڕش لوله‌ی‌ تفه‌نگه‌كه‌یان له‌هیچ شه‌ڕێكدا گه‌رم نه‌كردووه‌. به‌ڵكو له‌شه‌ڕی‌ واش بووه‌، ئازیزترین پێشمه‌رگه‌ به‌به‌رچاویانه‌وه‌ شه‌هید بووه‌، ده‌ستیان نه‌كردۆته‌وه‌. هه‌تا شۆڕشیش ته‌واو بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كڵاوه‌كه‌یان به‌سیكۆتینی‌ خۆپه‌رستی‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌ نوساندبوو، نه‌كا با بیبا، بۆیه‌ ئێستاش كه‌روێشكێك دوژمنیان نییه‌.له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێم: ئایا كاتی‌ نه‌هاتووه‌، لیژنه‌یه‌كی‌ شاره‌زاو به‌توانا، بۆ نوسینه‌وه‌ی‌ وردو درشتی‌ مێژووی‌ یه‌كێتی‌‌و شۆڕش پێكبێت؟ هه‌تا به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌، ئه‌و مێژوه‌ بدرێته‌ ده‌ستی‌ نه‌وه‌ی‌ ئێستاو نه‌وه‌كانی‌ ئاینده‌. پێموایه‌ كاتێتی‌”

Entry filed under: مه‌لا به‌ختیار, تاڵه‌بانی‌‌و نه‌وشیروان. Tags: .

کۆمه‌ڵێک کۆڵبه‌رى رۆژهه‌ڵات،له‌ زیندانى(جۆله‌که‌)ى سلێمانى لێویان ده‌دروون كوژراوانی خۆپیشانده‌رانی سووریا تۆمه‌تی بكوژیان ده‌درێـته‌ پاڵ

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,907 hits

%d bloggers like this: