ڕۆشنبیران لەنێوان مەکینە فاشیستییەکەی دەسەڵات و بێدەنگی ئۆپۆزسیۆندا

2011/06/10 at 12:44 PM Leave a comment

مەریوان وریا قانیع – ئاراس فەتاح – بەختیار عەلی

ڕاستییەکی سادەیە کاتێک بڵێین لە جیھانی دیکتاتۆرەکاندا پروپاگەندە و جەنگ ھەمیشە ھاوتەریبی یەکترن. کۆڵەکەیەکی گرنگی ئەم پیشەسازی پروپاگەندەیەش بریتییە لە دروستکردنی درۆ و ھەڵبەستنی بوختان.بۆئەوەی درۆکانیش لای ئینسانە سادەکان ببن بە ھەقیقەت، سیستمە تۆتالیتار و فاشیستییەکان داھێنانێکی نوێیان ھێناوەتە ناو ستراتیژی ڕاگەیاندنی سیاسییەوە، ئەویش بریتییە لە بەردەوام دووبارەکردنەوەی درۆ، بەھیوای ئەوەی ئەم درۆیانە لای خەڵک ببن بە ڕاستی.میتۆدی فریودان و لە ئینسانخستن ساڵانێکی درێژە ڕاگەیاندنی دەسەڵاتدارانی کوردستان گەشە بەم ڕەگەزە فاشیستییە دەده‌ن و دەیانەوێت لەسەرێکەوە درۆکانیان بە بەهای ڕاستیی بە کۆمەڵگا بفرۆشن، لەسەرێکی دیکەوە ھەموو ئەو ھێز و گروپ و کەسایه‌تییانەش بشکێنن کە ڕێ لەوە دەگرن ئەو درۆیانە بەسەر مێژوودا تێبپەڕن. لەم ئاستەدا ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات ھەموو ھێزی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ناشرینکردن و تەخوینکردن و تەکفیرکردنی ڕەخنەگر و نەیارەکانیان لەبەردەم ڕای گشتیدا. چونکە لە بنەڕەتدا ئەوان وەک هەموو هێزه‌سەلەفی و تەقلیدییەکان جگە لە چەکی تەخوین و تەکفیر، جگە لە زیهنییەتی تیرۆرکردنی شەخسیی، لۆژیکێکی تری قسەکردن و بیرکردنەوە فێرنەبوون. ئەوان دەیانەوێت نەک تەنھا سیفەتی ھاوڵاتیبوون لەو کەسە رەخنەگرانەی کە بە درۆ دەڵێن درۆ و بە ھەقیقەتیش ھەقیقەت بسێننەوە، بەڵکو ھەوڵی ئەوەش دەدەن وەک دەعبا و دەعەجانێکی زیانبەخش بە کۆمەڵگا نیشانیان بدەن. لە ئینسانبوون دایانماڵن و بیانکەن بە جڕ و جانەوەر. بەکارھێنانی ئەم میتۆدە نائینسانی و نائەخلاقییە بۆئەوەیە ئەو کەسە ڕەخنەگرانە والێبکەن ببنە شوێنی ڕق و بوغزی ئەو خەڵکانەی ئەم راگەیاندنە دەتوانێت فریویانبدات. بەمەش ئەگەری ئەوە دروستبکەن کەسانێکی فریوخوارد و حەماسیی، بەمەبەستی کوشتن و لەناوبردن، بکەن بەگژ ئەو کەسە ڕەخنەگرانەدا «نازییەکان و ستالینییەکان و کەمالییەکان پێشتر لەمڕوەوە دەرسی بە نرخیان بۆ ئەم قوتابییە کوردزوبانانەیان بەجێهێشتووە». ترسناکیی ئەم میتۆد و ئەم شێوازی کارکردنە لەوەدایە کە وادەکات بکوژەکان لە دەزگا ئەمنییەکانی حیزبەوە بگوازرێنەوە بۆ کەسانی سادە و فریوخواردوی ناو کۆمەڵگا. لەباتی ئەوەی ھێزە ئاشکرا و نھێنییەکانی حیزب خۆیان بێن و راستەوخۆ نەیارەکان لەناوببەن، شانۆگەرییەک سازدەکەن کە بەشە فریودراوەکەی کۆمەڵگا ئەم کارە بۆ حیزب بکات.
ئەوەی لێرەشدا بەھەمان ئەندازەی کردەی کوشتنی نەیارەکان ترسناکە کوشتنی ئینسانە پاک و بە ویژدانەکەی ناو کەسە سادەکانی کۆمەڵگای ئێمەیە. کوشتنی ئەو ھەستی ھاوماڵی و ھاوشاری و ھاونیشتیمانییەیە لەناو کەسە فریوخواردوەکاندا بەجۆرێک وایانلێبکەن بە ئاسانی دەستیانبچێتە خوێنی ھاوشاری و ھاونیشتیمانی و ھاوسێکانی خۆیان. پروپاگەندەی میدیاکانی حیزب، کە بزوێنەر و دینەمۆی ئەمجۆرەن لە «ئیغتیالی سیاسی»، ھەوڵی ئەوە دەدەن ھەموو رەگەزەکانی تاوانباریی لەو جۆرە کوشتنە پلان بۆداڕێژراوە داببڕن و لەباتی ئەوە وەک وەزیفەیەکی ویژدانیی و ئەخلاقیی و نیشتیمانیی پێشنیاریبکەن؛ وەک کارێک شایانی دەستخۆشی و پیاھەڵدان. ئاشکرایە حیزب بەم کارەی چیدەوێت: حیزب دەیەوێت خۆی لە ئەنجامدانی ڕاستەوخۆی تاوانەکان بسڕێتەوە و بیخاتە سەر ملی هەوادارە بچوک و بێکەڵکەکانی.
میدیا وەک ماشێنێکی گەورەی درۆکردن
ئێمە ساڵانێکە لەسەر ئەو دۆخە ترسناک و مەترسیدارەی ناو ئەم وڵاتەی خۆمان نووسیومانە، باسمان لە مەترسی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لە ئاستە جیاوازەکاندا کردوە. یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەم خراپ بەکارھێنانە بریتییە لە گۆڕینی دەزگاکانی میدیا لە دەزگایەکی پسپۆڕانەی بێلایەنەوە کە ئەرکی سەرەکی ئەوەیە زانیاری بابەتی و ڕاستەقینە بە کۆمەڵگا بگەیەنێت، بۆ ماشێنێکی گەورەی پروپاگەندەی حیزبیی ڕووت و ترسناک. ئەم میتۆدە فاشییانەش ماوەیەکە لە ستراتیژی ڕاگەیاندنی یەکتێتیدا بەرامبەر بە ڕۆشنبیران بە گشتی و بەرامبەر بە کاک ڕێبین ھەردی بەتایبەت پیادەدەکرێت. سەرەتا بە ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی دەستیان پێکرد، لەم ڕۆژانەشدا دەستیانکردووە بە داڕشتنی پلانێکی ڕەش دژ بە کەسایەتی و بیروبۆچوونەکانی. جەوھەری ئەم کارەشیان بریتییە لە گۆڕین و دەستکاریکردنی قسەکانی و دەرھێنانیان لە سیاقی خۆیان و قرتاندن و مۆنتاجکردنیان بەجۆرێکی نەفام کە هێندە بێئاست و ناشیانەیە، بچوکیی ئەو عەقڵە دەردەخات کە لە پشت ئەم یارییەوەیە. کۆی گەمەکەش بۆئەوەیە ئەو قسانە ڕێک پێچەوانەی ئەو مانایانە بگەیەنێت کە کاک رێبین مەبەستییەتی بیانگەیەنێت. ھەموو ئەمانەش بەمەبەستی شێواندنی پەیامی قسەکانی و ھاندانی خەڵکی سادەیە بەرامبەری.
پشێویی وەک پێداویستییەکی سیاسی
پرسیار ئەوەیە بۆچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ماوەیەکە ھەموو دەمامکە “سۆسیال دیموکرات”ـەکانی خۆی فڕێداوە و بووە بە ئۆرگانێکی ترسناک دژ بە ئازادی نووسین و ڕادەربڕین؟ بۆچی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی بەتایبەتی لە ستراتیژیەتی دژایەتیکردنی ئۆپۆزیسیۆنەوە، گواستوێتییەوە بۆ ستراتیژی دژایەتیکردنی ڕۆشنبیران و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە کات و شوێنێکی زۆری دەوێت، بەڵام پێدەچێت ئەم ڕێکخراوە بەدۆخێک گەیشتبێت چیتر نەتوانێت بەبێ جەنگ بژی. یەکێتی پێدەچێت بووبێت بە ڕێکخراوێک کە ھەموو ئاشتییەک، ھەموو ئارامییەکی کۆمەڵایەتی، ھەموو ڕێزگرتنێکی کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێمە لەیەکتری، بووبێت بە مەترسییەک بۆ بوونی سیاسیی ئەو. پێدەچێت ئەو ھەستەی لادروستبووبێت کە تەنھا ڕێگایەک بۆ دواخستنی ڕووبەڕوونەوەی قەیرانە ناوەکییەکانی خۆی و بۆ دواخستنی چاوخشاندنەوە بە سیاسەتی ھەڵەی ساڵانی ڕابردوودیدا، ئەوەبێت جەنگ لەگەڵ رۆشنبیران و نووسەران و ھێزە کۆمەڵایەتییەکانی تردا دروستبکات؛ پشێویی دروستبکات و ھەستکردن بە نائارامی گەورەبکات. لەڕاستیدا لەوەدەچێت ململانێی ئەم ھێزە لەناوخۆیدا وایلێکردبێت بەردەوام پێویستی بە دروستکردنی پشێویی بێت لەدەرەوەی ڕیزەکانی خۆیدا. بۆیە ھەر جارە و یەکێک لە دەزگاکانی خەریکی داڕشتنی ناوزڕاندن و بوختانکردنە بۆ ئەم یان ئەو کەسایەتی و لە دروستکردنی دوژمنێکەوە دەپەڕنەوە بۆ دروستکردنی دوژمنێکی دیکە. ڕۆژێک ئەم گروپ و ڕۆژێک ئەویدی دەکەن بە ناحەز و ئەمڕۆ ھەڕەشە لە کۆمەڵگا و سبەی لە ڕۆشنبیران دەکەن. لەم قۆناغەشدا کە ئۆپۆزیسیۆن سەرقاڵی دانوستاندنە لەگەڵیاندا، ئەم جەنگەیان گواستۆتەوە دژ بەو کەسانەی کە جگە لە قەڵەمەکەیان ھیچی تریان نییە بۆ بەرگریکردن لەخۆیان. ئەوەتا دەبینین مەکینە ڕاگەیاندنەکەی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ تێکشکاندنی کاراکتەری خەڵکانی ئازادیخواز و ڕەخنەیی بە گشتی، لەوانەش کاک رێبین ھەردی.
ژەنەراڵەکانی ڕاگەیاندن
یەکێک لەو ھونەرانەی حیزبەکانی ئێمە شارەزاییەکی تەواویان تێیدا ھەیە، چ لە ئاستی سەربازی و چ لە ئاستی ڕاگەیاندندا، ئەوەیە کە کەسانی شەڕانی و نابەرپرسیار و دوور لەھەموو رەوشتێکی میھەنی بەرھەمبھێنن و بیانکەن بە ژەنراڵی ناو میدیاکان؛ کەسانێک حیزب کەی ویستی شەڕی ناشیرین و قێزەونیان پێبکەن و کاتێکیش نەیویست بێدەنگ و پەراوێزیان بخەن. تا دوێنێ ژەنەڕاڵەکانیان ھەڕەشەی کوشتنیان لە گەنجانی وڵات دەکرد، ئەمڕۆش ئەو ”ئەرکە نیشتیمانییە“یان بەخشیوە بە ژەنەڕاڵەکانی ڕاگەیاندن. ئەم گەمەیە زۆر لەوە ئاشکراترە کە کەس تێینەگات و ئامانجەکانی نەبینێت.
ئێمە لێرەدا جارێکی تر دووبارەی دەکەینەوە ھەر مەترسییەک بۆ سەر ژیان و مافەکانی ڕۆشنبیرانی وڵاتەکەمان، کە خۆمان بە بەشێک لەوان دەزانین، لەلایەن ھەر حیزب و دەزگایەکی ڕاگەیاندنیانەوە دروستبکرێت و ئەمەش ببێە ھۆکارێک کە کەسێکی ئاسایی فریوخواردوو بەو پروپاگەندانە بە کارێکی ناشایستە ھەستێت و دەست بۆ ژیانی ڕۆشنبیرێک یان ڕۆژنامەنوسێک درێژبکات، سه‌ره‌تا ڕاستەوخۆ تاڵەبانی و بارزانی و بەرھەم ساڵح لەم کردەیە بەرپرس دەکەین، دواتریش ژەنراڵەکانی میدیا و ئەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ ئەو دەزگایانە بەڕێوەدەبەن و لەو مینبەرانەوە پەلاماری ئینسانبوون و ھاوڵاتیبوون و مافەکانی ڕۆشنبیران دەدەن.
بێباکی ئۆپۆزیسیۆن
ئێمە وەکو نووسەرانی سەربەخۆی ئەم وڵاتە، کە لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن سەیری شتەکان دەکەین، ئۆپۆزیسیۆنیش بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر بە پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و نووسین و گوزارش. ئۆپۆزسیۆن نە لەو دۆخە لاوازەدایە کە خۆی تەنیا وەک قوربانی پیشانبدات و نە ئەو ئەرکەش کە خستوێتییە سەر شانی خۆی، ڕێگای پێدەدات بەم بێباکی و بێدەنگییەوە سەیری چارەنوسی ئازادی بکات. بێدەنگبوونی ئۆپۆزیسۆن بەرامبەر بەم پێشێلکارییە بەردەوامانەی مافی مرۆڤ، درێژەدان و شەرعەییەتبەخشینە بەم کولتووری تیرۆرە کە ھەردوو حیزبەکەی دەسەڵات لە کورستاندا خەریکن بیکەن بە دۆخی باو. لە بارودۆخێکدا کە دەسەڵات لەسەر برەودان بە کولتووری فاشییەت بەردەوامە، چ مانایەک بۆ دانوستان نامێنێتەوە. لەپاڵ مفاوەزاتی شەرمنانەی ئۆپۆزسیۆندا، میدیاکانی دەسەڵات بەردەوام سەرقاڵی ھێرشکردنە سەر ئینسانییەت و ھاوڵاتیبوونی مرۆڤە ئازادیخوازەکانی ئێمەن. چۆن دەکرێت لەسەرێکەوە دانوستان بکرێت و لەسەرێکی ترەوە ھەموو ئەو ھۆکارانەی نائارامی دروستدەکەن پەرەپێبدرێت. گه‌ر ئۆپۆزسیۆن بەم ئاکارەی به‌رده‌وامبێت، ئه‌وه‌دەیسەلمێنێت کە جگە لە خواستی بەرتەسکی خۆی، ئازادی مرۆڤ و ئازادی تەعبیر و ئینسانییەتی مرۆڤی کوردی لامەبەست نییە و تەنیا وەکو کارتێکی فشار بەکاریاندەهێنێت. پرسی ئێمە ئەوەیە گەر ئۆپۆزیسیۆن لەم دۆخە ترسناکانەدا بەرامبەر بە تیرۆرکردنی عەقڵە ڕەخنەیی و سەربەخۆکانی ئەم نیشتیمانە بێدەنگ بێت، چۆن دەتوانێت گەرانتی ئەوەمان پێبدات کە ئەو دونیایەی دەیەوێت لە ڕێگای دانوستانەوە دروستیبکات، دونیایەک دەبێت کە ڕێزی مرۆڤ تیایدا پاراێزراو دەبێت. بێدەنگبوونی ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر بەم ھەموو پێشێلکارییە ترسناکانەی مافی مرۆڤ، نە شایستەی تێگەشتنە و نە قابیلی قبوڵکردنیشە. مانه‌وه‌ی ره‌سمیشیان به‌م بێده‌نگییه ‌واده‌کات ببن بە بەشێک لە سێناریۆیەکی پێنج قۆڵی بۆ کوشتنی هەرچی زیاتری ئازادییەکانمان لە وڵاتدا. بۆیە ڕاشکاوانە دەڵێین جیھانی ئێمە تەنھا لە لایەن ئەو کەسانەوە ناکەوێتە مەترسییەوە کە شەڕانین، بەڵکو لەلایەن ئەوانەشەوە کە بێدەنگن و ڕێگا بەو شەڕە دەدەن.
ئەوەی دەبێت بوەستنێرێت ئەو هه‌ڵمه‌ته‌فاشییانه‌یه‌کە ڕاگەیاندنی حیزبیی بۆ شکاندنی کەسایەتییە سەربەخۆکان خستویه‌ته‌گه‌ڕ. ھەر ھێرش و دەستدرێژی و پەلامارێک بۆسەر کاک رێبین ھەدی، یان ه‌ه‌ر نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسێکی تری کوردستان، ھێرش و پەلامارە بۆ سەر ھەموو ئەو دەنگە ڕەخنەیی و ئازادانەی دەیانەوێت کوردستان ببێتە وڵاتی ئاشتی و ئازادیی و ڕێز و ماف.

Entry filed under: رۆژنامەنووس و رۆشنبیران و چالاكوانان. Tags: .

گروپێکی ئێسلامی به ناوی اڵا شباب له کاسێتیکی ڤیــدیــــۆیدا،هه ڕه شه ی کوشتن له کارێکاتوریست سویدی ده که ن زانیاری بۆئه‌وه‌ی ئیمه‌یڵ‌و یان فه‌یسبوكه‌كه‌ت هاك نه‌كرێیت

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,091 hits

%d bloggers like this: