کوردستان وەکو زۆنی زوڵم‌و ستەمکاری

2011/06/14 at 10:09 PM Leave a comment

سەرەتا

مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح:ساڵانێکە سیاسەتکردن لە وڵاتی ئێمەدا رووبەڕووی دوو کێشەی کوشنده بووەتەوە. یەکەمیان بوونی نەفامییەکی گەورەیە لەناو کایەی سیاسەتدا، دوھەمیان کێشەی ونبوونی ئەخلاقی سیاسی‌و ئامادەنەبوونی بچوکترین پێوەری ئەخلاقی‌و ویژدانییە تا لەڕێیانەوە سیاسەتکردن‌و ھەڵسوکەوتی سیاسەتمەداران دادگایی بکرێن.بەر لە ھەموو شتێک سیاسەت پێوستی بە ژیرێتییە، واتە پێویستی بە عەقڵە. ئەمەش نەک لەبەرئەوەی بە بێ عەقڵ‌و بەبێ ژیرێتی سیاسەت ناکرێت، بەشێکی گەورەی سیاسەتی کوردی سیاسەتێکە بێژیریەتی، بەڵکو لەبەرئەوەی خودی سیاسەت خۆی کردەیەکی عەقڵانییە، کردەی حیسابکردن‌و ھەڵسەنگاندنێکی ژیرانەی ئەو ئەگەرانەیە کە مێژوو دەیخاتە بەردەمی سیاسەتمەداران. بەم مانایە پێش بوونی عەقڵ سیاسەت بوونی نەبووە، بەتایبەتی عەقڵێک کە سەرقاڵی بیرکردنەوەبێت لە رێکخستنی کۆمەڵگا‌و خەریکی داڕشتنی چوارچێوە سەرەکییەکانی پێکەوەژیانێکی کۆمەڵایەتی ھێمن‌و خۆشگوزەرانانە بێت. ئەوەی لە کوردستاندا بەھیچ مانایەک ئامادەنییە ئەم تێگەیشتنە عەقڵانیەیە بۆ سیاسەت، بەڵام ئەمە ھەموو کێشەکە نییە. بەڕای ئێمە کوردستان چەندە پێویستی بە سیاسەتێکی ژیرانە ھەیە، ھێندەش پێویستی بە بوونی ئەخلاقێکی سیاسییە کە سیاسییەکان پابەندی پرنسیپ‌و پێوەرەکانی بن‌و ئامادەبن رێزیان لێبگرن. بەکورتی گرفتی سەرەکی گوتاری سیاسیی لە کوردستاندا بریتییە لە غیابی عەقڵ لە کردەی سیاسەتکردن‌و غیابی ئەخلاقی سیاسی لە کردەی سیاسەتمەداراندا.
حیزبی کوردی وەکو قوتابخانەی بێماناکردنی چەمکەکان
یەکێک لە ستراتیژە ترسناکەکانی ئەم سیستەمە سیاسییە بریتییە لە ھێشتنەوەی ئەو بنبەستە سیاسییەی کە کۆمەڵگای کوردستان لەڕێگای بێماناکردنی چەمکەکانەوە تیایدا چەقیوە. ھیچ چەمکێکی سیاسی نییە لە دونیادا کە مێژوویەکی عەقڵی‌و کۆمەڵێک بەھای ئەخلاقی لەدواوە نەبێت. غیابی ئەو دوانەش لە سیاسەتی کوردیدا وەک وتمان، خۆی لە خۆیدا لاقەکردنێکی ئاشکرای چەمکە سیاسییەکانە وەک بەرھەمێکی عەقڵی‌و ئەخلاقی. ئێستا گەر تەماشای کوردستان بکەین بۆمان دەردەکەوێت سەرجەمی ئەو چەمکانەی کە لە ساڵانی رابردوودا بەشێکی گرنگی رەخنە سیاسیەکان بوون لە سیستمە سوڵتانییەکەی کوردستان، رووبەڕووی بێماناکردنێکی ترسناک دەبنەوە. ئەوەتا دەبینین چۆن چەمکەکانی ”گەندەڵی“، ”سەروەریی یاسا“، ”بەدامودەزگاییکردنی سیاسەت“، ”سیستمی دیموکراسی“‌و ”یەکسانی‌و رێزگرتن“‌و چەندانی تر بەتەواوی بێماناکراون. ئەم ستراتیژەش ئەو کاتە ئاشکرادەبێت کە بەرپرسە گەندەڵەکان باسی نەھێشتنی گەندەڵی‌و سیاسییە فاشیلەکان باسی خراپی ئیدارەی وڵات‌و تاوانبارە سیاسیەکان باسی سەروەریی یاسا‌و شەقاوەکان باسی کولتووری دیموکراسی‌و جەنەڕاڵەکانی وەحشەتیش ستاییشی جیاوازیی‌و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکەن. ئەم ستراتیژییەتە لە جەوهەردا دادەڕێژرێت بۆئەوەی مانایەک بۆ رەخنەی سیاسی‌و ئەو عەقڵییەت‌و ئەخلاقە رەخنەییەیە نەمێنێتەوە کە لەپشتی ھەریەکێک لەم چەمکانەوە ئامادەیە. بەمەش نەک تەنھا فیکر‌و خوێندەواریی‌و سەرمایەی مەعریفی بەشێوەیەکی ترسناک بێمانا‌و بێنرخبکرێن، بەڵکو ھەموو ھەوڵێکیش بدرێت بۆئەوەی ھەموو رێگایەک لە بەردەم رەخنەیەکی سیاسی راستەقینەدا وێرانبکرێت. ئەم پرۆژەیە چەندە پرۆژەی بە نەخوێندەوارکردنی سیاسەتە وەک چالاکییەکی عەقڵی‌و ئەخلاقی، ھاوکات پرۆژەی بەھێزکردنی پایە کۆمەڵایەتییەکانی نوخبەیەکی سیاسییە کە خاوەنی ھیچ سەرمایەیەکی فیکری‌و مەعریفی‌و زانیاریی نییە.

زیندوکردنەوەی مۆدێلێکی ئیستخباراتی‌و عەسکەرتاری

ئەو دۆخەی سەرەوە رۆحی عەسکەرتاریەت‌و لۆژیکی کورتکردنەوەی سیاسەتی بۆ کارێکی ئیستیخباراتی رووت لە کوردستاندا بەھێزکردوە. پاش چەپاندن‌و بێدەنگکردنی توندوتیژانەی ناڕەزاییە مەدەنییەکانی ئەم دواییەی کوردستان، کۆمەڵگای ئێمە لە ئێستادا لەبەردەم چەند مەترسییەکی گەورەدایە. ئەو مەترسییەش دروستبوونی جۆرێک لە پرنسیپی سیاسییە کە ھەموو چارەسەرەکان بە بەکارھێنانێکی بەردەوامی ھێز‌و تیرۆری سیاسییەوە دەبەستێتەوە. بەسەربازگەکردنی شارەکان‌و تەنینی کوچەو کۆڵانەکان بە چەکداری دەمامکبەسەر‌و بێدەنگکردنی ناڕەزاییە مەدەنییەکان لەڕێگای پیادەکردنی زەبروزەنگەوە، کۆتایی بەو گوتارە سیاسییەی ناو سیاسەتی کوردی بەگشتی‌و ناو یەکێتی نیشتیمانی بەتایبەتی ھێنا کە ناتوندوتیژیی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی وەک ئەگەرێکی سیاسی ماقوڵ دەبینی. رفاندنی کەسە ناڕەزاکان‌و ئەشکەنجەدانی چالاکوانانی مەدەنی‌و ترساندنی بەردەوامی خەڵک زمینەخۆشکردن بوو بۆ دروستکردنی ئارامییەکی گۆڕستان ئاسا. ئارامییەک کە پایەکانی لەسەر تۆقاندن دروستبووە نەک لەسەر باوەڕبوون بە ئەزموونە سیاسییەکە‌و متمانە بەو سیاسی‌و سەرکردانەی کە بێباک‌و نابەرپرسیارانە بڕیار لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەکانی دونیای ئێمە ئەدەن. ئەو گوتاری ئاشتییەی دوای جەنگیش، کە لە گەمەی داواکردنی دانوستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا بەرجەستەبوو، بەرھەمی ئەو دۆخە ناھەموار‌و ناعەقڵانی‌و دابڕاوە بوو لە ھەموو ئەخلاقیاتێکی سیاسی. حیزب‌و سەرۆکەکان ئێستاش بە عەقڵی پارتیزانی ھەڵسوکەوت لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دەکەن، ئەوان ئەو راستییە دەزانن کە ناتوانن ھەموو ئۆپۆزیسیۆن بکوژن، بەڵام دەتوانن بەردەوام پەلاماریان بدەن، شەکەتیان بکەن، بیانترسێنن، نانبڕاویان بکەن‌و گەمارۆیان بدەن. لەمەشدا سڵ لەوەناکەنەوە ھەموو شێوەکانی کولتووری تیرۆر‌و ترساندن‌و فشاردانان بەکاربھێنن‌و بیکەنە کەرەسەی سەرەکی چارەسەرکردنی ململانێکان. ئەم مۆدێلە ئیسخباراتی‌و عەسکەرتارییە لە ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ململانێکان‌و نەیارەکاندا، ھەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە بەرەکانی جەنگدا پەیڕەو دەکرێت: سەرەتا بە کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر بکەرە نەیارەکان‌و تواناکانیان دەستپێدەکات، پاشان تۆپبارانێکی سەختی بەرەکانی جەنگ روودەدات‌و لە کۆتاییشدا بە ھێرشێکی سەربازیی گەورە‌و چاوەڕواننەکراو کۆتایی بە جەنگەکە دەھێنرێت. بەھەمان شێوە لەماوەی رابردوودا دوای بێدەنگکردنی کۆمەڵگا‌و ھێزە مەدەنییەکان لە شەڕێکی نابەرابەردا‌و دوای کوشتن‌و گرتن‌و راونان‌و ئەشکەنجەدانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی کوردستان، جەنەڕاڵ‌و سەرۆکەکان دەبنەوە بە کۆتر‌و داوای ئاشتی‌و گفتوگۆ‌و قبوڵکردنی یەکتر دەکەن. داوای سەروەریی یاسا‌و رێزگرتنی جیاوازی‌و پاراستنی ئەزموونی دیموکراسی دەکەن. داوای پاراستنی ”دەسکەوتەکان“‌و گەورەکردنیان دەکەن. ئەم مۆدێلە پڕ گاڵتەجاڕییە لە سیاسەت تەنھا ھێزگەلێک ھەڵگرین کە بچووکترین رێزیان بۆ سیاسەت نەبێت‌و کەمترین ئەخلاقی سیاسیش لە جەنگ‌و دەرەوەی جەنگدا پەیڕەونەکەن‌و کەمترین شارەزاییشیان نەبێت لە ئیدارەکردنی ئاشتییانەی ململانێکاندا. ئەم نەفامی‌و بەدڕەوشتییە سیاسییە رەگێکی بەعسییانەی ھەیە‌و تاقە پرنسیپێک بیناسێت “بردنەوەی جەنگە بەھەر نرخێک بێت”. ئیدی گرنگ نییە ئەو جەنگە دژ بە کێیە، دژ بە دوژمنانە یان بە کۆمەڵگاکەی خۆت، دژ بە باڵێک لە باڵەکانی ناو حیزبە، یان دژ بە نەوەیەکی نائومێد‌و توڕە.

سێ ئەلتەرناتیڤ

لەم دۆخەدا پارتی‌و یەکێتی سێ ئەلتەرناتیڤیان لەبەردەمدایە، یەکەمیان ئەوەیە ھەریەکەیان ببێت بە حیزبێکی دیکتاتۆر لەناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆی‌و درێژە بە ”رێککەوتنە ستراتیژییەکەیان!!!“ بدەن کە تا ئێستا لە بوونی حکومەتێکی ئیمارەتئاسای گوێڕایەڵ‌و پەرلەمانێکی کارتۆنی بێکەڵکدا بەرجەستەبووە. واتە درێژە بەو گەمە سیاسییە ناشیرینە بدەن کە ساڵانێکی درێژە لەسەری دەڕۆن.

ئەلتەرناتیڤی دووھەمیش ئەوەیە بە لۆژیکی ھێزێکی براوە دانوستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا بکەن‌و خۆیان وەکو براوەی جەنگ‌و ئۆپۆزیسیۆن‌و کۆمەڵگای ئێمەش وەک ئەو بەرەیەی کە لە جەنگەکەدا دۆڕاون، مامەڵەبکەن. ئەمەش مانای ئەوەی ھەندێک ریفۆرمی شکڵیی بکەن‌و ھەندێک داوای سەرەتایی ئۆپۆزیسیۆن‌و کۆمەڵگاش قبووڵبکەن، بەڵام ھاوکات لۆژیکی سەربازیی بەسەر لۆژیکی سیاسەتێکی عەقڵانیدا زاڵبکەن.

ئەلتەرناتیڤی سێھەمیان، کە لە دوو ئەلتەرناتیڤەکەی تر کەمتر ئەگەری پیادەکردنی ھەیە، ئەوەیە، پارتی‌و یەکێتی دەرسیان لە خۆپیشاندانەکان وەرگرتبێت‌و مەترسییە قووڵەکانی ئەزموونە سیاسییەکەی خۆیان بینیبێت‌و ئامادەبن میکانیزمە سەرەکییەکانی ئەو ئەزموونە خراپەی دروستیانکردووە، بەشێوەیەکی ریشەیی دەسکاریبکەن‌و بیگۆڕن. واتە لەباتی ئەوەی ببن بە دیکتاتۆری سەربازیی‌و لەباتی ئەوەی وەھمی سەرکەوتن بەسەر کۆمەڵگا‌و ئۆپۆزیسیۆندا بیناجوڵێنێت، ھەوڵبدەن پەنا بۆ سیاسەتێکی عەقڵانی‌و ئەخلاقی ببەن، کە ھەم بتوانێت قوڵایی کێشەکان ببینێت‌و ھەم ئامادەگی ئەوەشی تێدابێت ئەو کێشانە چارەسەربکات.

ئەگەرچی ئەم دوائەگەرە تاقە ئەگەرێکی راستەقینەیە بتوانێت کۆمەڵگا‌و سیاسەت لە دونیای ئێمەدا لەو قەیران‌و کێشە گەورانە رزگاربکات کە رووبەڕووی بووەتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەزموونی ئەو کۆمەڵگایە لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی سوڵتانییانەی پارتی‌و یەکێتیدا لاوازیی ئەم ئەگەرەمان بۆدەردەخات. مەگەر موعجیزەیەکی سیاسی رووبدات ئەم ئەگەرە بەسەر دوو ئەگەرەکەی تردا سەربکەوێت.
 

گفتوگۆ‌و ئەخلاقی سیاسی

بێگومان ھیچ شتێک ھێندەی توندوتیژی زیان بە کردەی سیاسی ناگەیەنێت. لەکوێدا توندوتیژی ھەبێت لەوێدا سیاسەت بوونی نییە، چونکە سیاسەت لەبنەڕەتدا چالاکی دانوستاندن‌و گفتوگۆ‌و راگۆڕکێی بەردەوامی نێوان ھێزە جیاوازەکانە لەگەڵ یەکدا بۆ گەیشتن بە کۆمەڵێک بڕیاری گشتی کە پەیوەندی بە رێکخستنی ژیانی گشتی کۆمەڵگاوە ھەیە.

سیاسەت چالاکییەکی بەرفراوان‌و بنەڕەتیی ژیانی کۆمەڵایەتی‌و ژیانی ئینسانە، دەرەنجامی پێکەوەبوون‌و بەیەکگەیشتن‌و دەربڕین‌و پەیوەندیکردن‌و گوێگرتن‌و راگۆڕکێیە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا کە کۆمەڵگایەک بەیەکەوە کۆیاندەکاتەوە. واتە سیاسەت کارێکی دیالۆگئامێزی پڕ گفتوگۆی ئاشکرایە‌و ھەر لەسەرەتاشەوە کارێکی دەستەجەمعی‌و پلورالییە کە بەھۆیەوە ھێزەکان‌و ئینسانەکان دەتوانن بە بیروڕا جیاوازەکانیانەوە لەگەڵ یەکدا کۆببنەوە‌و لەڕێگای ئاڵوگۆڕی ئەرگومێنت‌و دۆزینەوەی چارەسەری ھاوبەشەوە ئەو کێشانە چارەسەربکەن کە کۆمەڵگا رووبەڕوویان دەبێتەوە.

لە ھەلومەرجی ئەمڕۆکەی کوردستاندا گەر عەقڵ‌و ژیرێتی سیاسی پێمانبڵێت گفتوگۆ باشترین رێگایە بۆ چارەسەری کێشەکان‌و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، ئەوا ئەخلاقی سیاسی ناچارماندەکات بپرسین: بۆچی ئەم گوتاری گفتوگۆیە ساڵانێکە بەشێوەیەکی رەھا لە بەرنامەی سیاسی پارتی‌و یەکێتیدا غائیبە‌و کاری پێناکرێت؟ بۆچی دەسەڵاتدارانی کوردستان جگە لە گوێگرتن لە دەنگ‌و سەدای خۆیان ئامادەنەبوون گوێ لە ھیچ دەنگ‌و سەدایەکی تر بگرن؟ بۆیە بەڕای ئێمە کۆمەڵگای کوردستان لەم قۆناغەدا ھێندەی پێویستیی بە گۆڕینی تێگەیشتنی ھێزەکانە بۆ سیاسەت‌و ھێندەی پێویستی بە ئاشتکردنەوەی عەقڵە لەگەڵ ئەخلاق لەناو سیاسەتدا، ئەوەندە پێوستی بە ئاشتکردنەوەی دەسەڵات نییە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا، یان ئاشتکردنەوەی سەرکردە تۆراوەکان لەگەڵ یەکتریدا. ئەوەی دەبێت بگۆڕدرێت بە دەستلەملکردن‌و ماچکردنی ئەم سەرکردە‌و ئەم ھێز لەگەڵ ئەویدیدا دروستنابێت، بەڵکو بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی سیاسەت دەستپێدەکات بەجۆرێک ھەم عەقڵ‌و تێگەیشتن رۆڵێکی گرنگ لە سیاسەتدا ببینن، ھەم ئەو سەرەتاگە ئەخلاقییانەش بۆ سیاسەت بگەڕێتەوە کە ھەڵسوکەوت‌و بڕیاری سیاسییەکان، جگە لە یاسا، بە کۆمەڵێک بەھای ئەخلاقی سنووردار دەکەن.
بەشبەشکردنی دەسەڵات یان چاودێریکردنی

ھەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە وا لە ئێمەدەکات لەو باوەڕەدابین کە کێشەی سەرەکی کۆمەڵگای ئێمە کێشەی دابەشکردنی دەسەڵات نییە لەنێوان کۆمەڵێک ھێز‌و کەسایەتی‌و لایەنی جیاوازدا، بەڵکو نەبوونی میکانیزمێکە بۆ چاودێریکردن‌و سزادانی خراپبەکارھێنەرانی دەسەڵات. مەسەلەکە ئەوە نییە کام حیزب‌و گروپ چی بەرکەوێت‌و کێ لە چ پۆستێکدا دابنرێت، بەڵکو ئەوەیە چۆن چوارچێوەیەکی یاسایی‌و ئەخلاقی دروستبکرێت کە بتوانێت سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات بخاتە ژێر چاودێری‌و لێپرسینەوەیەکی راستەقینەوە. چۆن سیاسەت بکاتە چالاکییەکی عەقڵی‌و ئەخلاقی لەیەککاتدا. لەمەش گرنگتر بینینی ئەو راستییەیە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ھێندەی دەسەڵاتداران تاوان دەکەن، ئەوەندە کەسانی تر تاوانی ئاسایی ناکەن. بەشی زۆری تاوانە گەورەکانی دونیای ئێمە تاوانی سیاسین‌و سیاسییەکان ئەنجامیئەدەن، نەک تاوانی ئاسایی کە خەڵکی ئاسایی ئەنجامیبدات. لەمەش سەیرتر ئەوەیە دەسەڵاتداران لە دونیای ئێمەدا لەگەڵ زۆربەی ناحەزە سیاسییەکانی کورددا پەیوەندییەکی باش‌و دۆستانەیان ھەیە، بۆ نموونە لەگەڵ تورکدا، لەگەڵ ئێراندا، لەگەڵ مالیکی‌و نوجەیفیدا، کەچی تاقە لایەنێک کە پەیوەندییەکی خراپ‌و پڕ ھەڕەشەیان لەگەڵیدا ھەبێت کۆمەڵگای کوردی خۆی‌و ئەو ئۆپۆزیسیۆنە سیاسییەیە کە ئەم کۆمەڵگایە دروستیکردوە.

ئەم واقیعە نەخۆشەیە وا لە ئێمە دەکات بڵێین، بەبێ گۆڕانی سەرجەمی ئەم نەخشە‌و ھەندەسە سیاسییە‌و بەبێ کارکردن بۆ ریفۆرمێکی ریشەیی ئەم دۆخە، ھەموو دانوستاندن‌و گفتوگۆ‌و دیالۆگێک درێژەدانە بەو دونیا ناشیرینەی کە حیزب لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستیکردووە. ھاوکات ھەموو دابەشکردنەوەیەکی تازەی نەخشە‌و پشکی دەسەڵات لەناو ئەم سیستەمە باڵادەستەدا لەنێوان ھێزە سیاسییەکاندا، مانای قبوڵکردنی ئەو ھەندەسە حیزبی‌و سوڵتانییەیە کە ئەم بینای دەسەڵاتدارێتییەی نەخشەسازکردووە. ئەمەش تەنھا کەوتنەداوی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن نییە بۆ دەسەڵات‌و سامان، بەڵکو سەرکەوتنی ھەوڵی ھەردوو حیزبەکەشە لەوەدا کە ئۆپۆزیسیۆنێک دروستبکەن کە لەخۆیان بچێت. ستراتیژی دروستکردنەوەی ئۆپۆزیسۆن لەسەر ھەمان مۆدێلی کارکردن‌و بیرکردنەوەی پارتی‌و یەکێتی لە کوردستاندا. ئەمەش ترسناکترین گەمەی پارتی‌و یەکێتییە بۆ ئەوەی سیستەمی بەخشینی دەسەڵات لەسەر بناغەی حیزبایەتی‌و خزمایەتی بکەن بە پرنسیپی سەرەکی حوکمڕانی‌و ھەموو کەس‌و لایەنێک لەگەڵ ئەم مۆدێلەدا تێوەگلێنن. ھەمووشمان دەزانین نەخشەسازی ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی بە چ رادەیەکی ترسناک لە نەخشەسازییەکی مافیایی دەچێت‌و چۆن لە ماوەی رابردووشدا پڕکراوە لە نەفەس‌و تاکتیکی فاشییانە. ئیدی لە گروپی دەمامکدار‌و شەبەحیی توندتیژەوە بیگرە، بۆ دروستکردنی شەقاوە‌و بەڵتەچی لەسەر سەرجادە‌و ناو ئۆتۆمبێلە بێژمارە‌و تاریکەکان کە تاقە ”پەیامێک“ ھەیانبێت ترساندنی کۆمەڵگا‌و لێدان‌و فڕاندن‌و ئیھانەکردنی چالاکوانە مەدەنی‌و سیاسییەکانە. ھەموو ئەمانە وێنەی دەسەڵاتدارانی کوردی نەک تەنھا لەبەرچاوی کۆمەڵگای کوردیدا ناشیرینکردوە، بەڵکو لەبەردەم دونیای دەرەوەشدا ناشیرین‌و ناچیزی کردوە.

لە وێنەی پێشمەرگەوە بۆ وێنەی سوڵتان

یەکێک لەو مەترسییە گەورانەی کە ئەمڕۆ رووبەڕووی میللەتی ئێمە بۆتەوە گۆڕانی وێنەکانی ئەم میللەتەیە لەچاوی ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان‌و گروپەکانی مافی مرۆڤ‌و دەزگاکانی بەرگریکردن لە ئازادی نووسین‌و رادەربڕین‌و ئەو دەزگایانەی بەرگری لە شەفافیەت‌و دادپەروەری دەکەن لە ئیدارەکردنی دەوڵەتدا. لە چەند ساڵی رابردوودا چەندان رێکخراوی نێودەوڵەتی، تەنانەت ھەندێک دەزگای سەر بە وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی ئەمه‌ریکا‌و چەندین رۆژنامە‌و بڵاوکراوەی گەورەی دونیا، راپۆرتی جیاوازیان لەسەر مەسەلەی دزی‌و گەندەڵی‌و ئاکاری مافیایی دەسەڵاتدارانی کوردستان بڵاوکردۆتەوە. ھەندێک نووسەری بیانی سڵیان لەوە نەکردۆتەوە ئەزموونی حوکمڕانی کوردستان بە ”ئەزموونی دز‌و جەردەکان“‌و بە ”سەرمایەداری خزم‌و بنەماڵەکان“ ناوببەن.

ئەم دۆخە بەڕادەیەک نالەبارە وێنەی کورد لەدەرەوەی وڵات چیدی وێنەی گەلێکی قوربانیی‌و سەرکردەکانیشی وێنەی سەرکردەی شۆڕشگێڕ نین کە داوای مافە رەواکانی میللەتەکەیان دەکەن، بەڵکو وێنەی دەسەڵاتدارێتییەکە لەشێوەی سیستەمە دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست؛ دەسەڵاتدارێتییەکی دووڕوو ‌و درۆزن‌و بەدکار‌و ستەمگەر. ئەوەی ئەمڕۆ ئاگای لەدونیای دەرەوەی کوردستان بێت دەبینێت وێنەی وڵاتی ئێمە کورتبۆتەوە بۆ وێنەی دوو سەرۆک. یەکێکیان لە ھەوڵێر دانیشتووە‌و نایەوێت بکوژانی حیزبەکەی رادەستی یاسا بکات، لەکاتێکدا لە ھەموو کۆڕ‌و کۆبوونەوەیەکدا باسی سەروەریی یاسا‌و یەکسانبوونی ھەمووان لەبەردەمی یاسادا دەکات. ئەوی تریشیان لە بەغدا دانیشتووە میوان وەردەگرێت‌و میوان بەڕێدەکات، مەگەر تەنھا بۆ سەرکردایەتیکردنی ھێرشێکی سەربازیی بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی تاوەکو خەڵک‌و نەیارە سیاسیەکانی بیراز‌و تەمێبکات‌و ژیانی مەدەنی کۆمەڵگاکەی بەسەربازیبکات. وێنەی کورد لە دەرەوەی وڵات وێنەی ئەم دوو سەرۆکەیە کە لەنێوان سیاسەت‌و ئابووریدا کەڵەکەکردنی سامانیان بۆ خۆیان‌و کەس‌و کار‌و دۆستانیان ھەڵبژاردوە‌و لەنێوان حیکمەتی سیاسی‌و حوکمی عەسکەریشدا حوکمی سوڵتانییەتی تاکحیزبیی توندوتیژیان ھەڵبژاردوە.

ئێستا وێنەی بارزانی‌و تاڵەبانی لەڕێزی وێنەی ئەو سەرۆکانەن کە ھەندێکیان لە دادگان‌و ھەندێکیان بێناو مردوون‌و ھەندێکیشیان ژیانی سیاسیان بەزەبری چەک‌و ترس‌و تۆقاندن پاراستوە. شتێک بەناوی سەرکردەی میللەتێک کە بۆ ئازادی‌و سەرفرازی‌و دیموکراسییەت شەڕیکردبێت، لەزۆر شوێندا نەماوە‌و مەودای ئەم نەمانەش رۆژ بە رۆژ گەورەتر‌و بەرفراوانتر دەبێت. ئەم دۆخە وایکردوە ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتی کوردی وەکو ھەموو دەسەڵاتدارتییە خراپەکانی ناوچەکە، پێشتریش لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە، کە چاودێری مافی مرۆڤ دەکەن، رووبەڕووی رەخنەی توند‌و فراوان ببنەوە. کەم ئۆرگانی گرنگی نێودەوڵەتی ھەیە بەرگری لە مافی مرۆڤ‌و مافی نووسین‌و بڵاوکردنەوە بکات، یان بەرگری لە شەفافیەتی ئابوری‌و بنەبڕکردنی گەندەڵی بکات‌و ھێرشی راستەوخۆی نەکردبێتە سەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم‌و مۆدێلی حوکمڕانییەکەیان. ئەمەش شەقێکی ستراتیژی گەورەیە لە سەدەی بیست‌و یەکەمدا لە مەسەلەی کورد‌و کێشەی میللەتی ئێمە لە ئاستی جیھاندا، ھەڵبدرێت.

ئێمە ئیتر لە دونیایەکدا دەژین ھیچ دەسەڵاتداریەتییەک ناتوانێت ھەقیقەتە ناشیرینەکانی خۆی بشارێتەوە. دەسەڵاتدارێتی کوردی ناتوانێت لەگەڵ وەفدە ئەوروپییەکان باس لە دیموکراسی‌و پەرلەمان‌و ئۆپۆزیسیۆن‌و میدیای ئازاد‌و مافی مرۆڤ‌و شەفافیەت بکات‌و لە کوردستانیشدا بە کولتووری شەقاوە‌و چەقۆوەشێنەوە سیاسەت بکات‌و وەزیری بەرگریی حکومەتەکەی ھەرێم گەنجە گیراو‌و بریندارکراوەکانی ناو خۆپیشاندانەکان وەک ”دیلی جەنگ!!!“ مامەڵەبکات. ئەمڕۆ ھەچ وێنەیەک لەھەر شوێنێکی دونیادا بگیرێت‌و ھەر قسەیەک لە ھەرشوێنێکدا بکرێت، دوای گەیشتنیان بۆ سەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت دەبنە قسە‌و وێنەی گەردونی. درۆیەک لە سلێمانی یان لە ھەولێر یان لە دھۆک بکرێت، بەیانی گەیشتۆتە ھەموو پایتەختە گەورەکانی دونیا. وێنەی منداڵی کوژراوی ناو خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی کوردستان‌و وێنەی ئەو نوسەر‌و رۆژنامەنووس‌و چالاکوانە مەدەنییانەی دەفڕێندرێن‌و دوای ئەشکەنجەدانی وەحشییانە بەبرینداری فڕێدەدرێن، وێنەی ئەو کەناڵە تەلەفیزیۆنی‌و رادیۆییانەی سوتێنران‌و کاولکران، ئەمڕۆ لە ھەموو شوێنێکی دونیادا ئامادەن، خەڵکانێک ھەن لە شارە گەورەکانی دونیادا له‌سەریان دەنووسن‌و حیکایەتەکانیان بۆ رای گشتی جیھان دەگێڕنەوە. دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی کە ھەموو توانای خۆیان تەرخانکردوە بۆ ”بەشەخسیکردنی دەسەڵات“ لە کەسی یەکەمی حیزبەکانیاندا، ناتوانن قەناعەت بە کەس بھێنن کە گوایە کار بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا‌و لێپرسینەوە‌و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن. ئەوان کە سەرقاڵی پایەدارکردنی مۆدێلی شێخە نەوتاوییەکانی خەلیجن لە ھەولێر‌و سلێمانیدا، ناتوانن خۆیان وەک سیاسییەک نیشانبدەن کە سەرکردایەتی میللەتێک دەکەن سەدەیەک بۆ ئازادی جەنگابێت‌و سەدەیەک داوای دیموکراسییەتی کردبێت.

وێنەی سەرکردەکانی کورد ئەمڕۆ لەچاوی دونیادا رێک وێنەی سوڵتانێکی رۆژھەڵاتی‌و شێخێکی نەوتاوی خەلیجییە، ئەمەش شەپازلەیەکی قورس‌و گەورەیە لە دەموچاوی یەک سەدە خەباتی دیموکراسی‌و رزگاریخوازانەی میللەتی ئێمە. ئەمڕۆ بەدەگمەن نەبێت دۆستێکی راستەقینەی کورد نادۆزینەوە بە ویژدانێکی ئاسودەوە بەرگری لەو ئەزموونە سیاسییە بکات کە دەسەڵاتدارانی کوردستان لەدوای راپەڕینەوە دروستیانکراوە.

درۆی دەوڵەتی کوردی

ئەو خاڵەی سەرەوە بەرەو مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیمان دەبات کە لەماوەی رابردوودا، بەتایبەتی لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکانی کوردستاندا، وەک بەشێک لە پڕوپاگەندەی ھەردوو حیزبەکە‌و بەتایبەت پارتی بە کوردستاندا بڵاوکرایەوە. بەر لە ھەمووشتێک دەبێت ئەو راستییە لای ھەمووان ئاشکرابێت کە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردستانی ھەم ماف‌و ھەم پێداویستییەکی سیاسیی میللەتی ئێمەیە. ھیچ هاوڵاتییەکی کورد نییە ئەو راستییە نەزانێت کە مێژووی دوای ھەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتە گەورەکانی ئەم ناوچەیە‌و مێژووی ھاتنەکایەی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن لەم ناوچەیەدا، حیکایەتی زوڵم‌و غەدرێکی مێژوویی گەورەیە لە میللەتی ئێمە. بەڵام ھاوکات ئەوەی بەچاوێکی وردەوە لە دۆخی کوردستان رابمێنێت، بەتایبەتی کوردستانی خواروو، ئەو راستییەی بۆدەردەکەوێت کە ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردی نەک ئەزموونی دروستکردنی سادەترین پێداویستییەکانی دروستکردنی دەوڵەت نییە، بەڵکو ئەزموونی بە سوڵتانیکردنی ھەندێک کەسایەتی‌و خێزان‌و بنەماڵە‌و نوخبەیەکی داخراوە. لەھیچ ئاستێکدا، ئیدی لە ئاستی ئابورییەوە بیگرە بۆ ئاستی سەربازیی‌و ئیداریی‌و رێکخراوەیی‌و کاری پێکەوەیی‌و پەیوەندی ناوەکی‌و دەرەکی، ھتد… لەھیچ یەکێک لەو ئاستانەدا نەک پوشێکی دروستکردنی دەوڵەت نەخراوەتە سەر پوشێکی تری، بەڵکو لە ھەر یەکێک لەو ئاستانەدا چەندان دابەشکردنی نوێیان لەھەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا دروستکردوە. دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆکەی کوردستان پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانیان نییە، بەڵکو پرۆسەی شکاندنی ئیرادەی سیاسی‌و خواستی چاکسازی‌و ویستی دیموکراسییانەی میللەتی ئێمەیان ھەیە.

دوا وتە

بەشێوەیەکی گشتی وێنە پانۆرامییەکە لە کوردستاندا تەماوی‌و تاریکە، کێشەکان گەورە‌و قووڵن، ئەگەرەکانی گۆڕانکاریی دوای بێدەنگکردنی خۆپیشاندانەکان لاوازن. سیاسەت‌و سیاسییە باڵادەستەکان خۆیان یەکێک لە سەرچاوە ھەرە سەرەکییەکانی کێشەکانی کوردستانن، نەک ئامرازێکبن بۆ چارەسەری ئەو کێشانە. ئەوەی تا ئێستا دەیبینین دڵخۆشکەر نییە، شتەکان لەسەر هەمان لۆژیکی جاران دەڕۆن، ھەمان گەمە‌و ھەمان درۆ‌و ھەمان مانۆری ساڵانی رابردوو دووبارە‌و سەدبارە دەبنەوە. بێگومان دەشێت لێرە‌و لەوێ ھەندێک لێپرسینەوە لەگەڵ کەسانی سەر بە ریزەکانی خوارەوەی حیزب‌و دەسەڵات ئەنجامبدرێت، بەڵام تا ئێستاش ویست‌و نیازێک لەئارادانییە بیەوێت کێشەکان لە رەگوڕیشەوە چارەسەربکات‌و کۆمەڵگای ئێمە لەم بنبەستییە سیاسی‌و ئیداریی‌و کۆمەڵایەتییە رزگاربکات.

بێگومان ئەوە تەنھا شۆڕش نییە کە دیموکراسی لەگەڵ خۆیدا دەھێنێت، بەڵکو خودی دامەزراندنی دیموکراسیش شۆڕشێکە بۆخۆی. کاراکتەری سیاسەتمەدارانی کوردیش قسەکەی ھێرمان ھێسەی نووسەرمان بیردەھێنێتەوە کە دەڵێت: سیاسییەکان ھەموویان لەگەڵ دیموکراسی‌و شۆڕشدان، لەگەڵ چارەسەری عەقڵانی‌و دژ بە توندوتیژیدان، بەڵام تەنھا لای دوژمنەکانی خۆیان، نەک لای خودی خۆیان. ھیوادارین ئەم نووسەرە گەورەیە بۆ جارێکیش بێت راستنەکات‌و سیاسییەکانی کورد بە راستی بکەونە چارەیەکی عەقڵانی ناتوندوتیژی کێشەکانی خۆیان.

 

Entry filed under: مه‌ریوان وریا قانع, ئاراس فه‌تاح. Tags: .

له ترسێ ‫گه‌رده‌لوله‌كه‌ ی وڵاتانی عه ره بی،هه رێمی کورستانێش ده ستی به گورێنی پۆسته حكومیه کانی کردوه نەوشیروان مستەفا:بڕوای بە ماركسیزم نەماوە،بەڵام ئێستاش خۆی بە چەپ دادەنێ.

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,893 hits

%d bloggers like this: