له ترسێ ‫گه‌رده‌لوله‌كه‌ ی وڵاتانی عه ره بی،هه رێمی کورستانێش ده ستی به گورێنی پۆسته حكومیه کانی کردوه

2011/06/14 at 10:01 PM Leave a comment

مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌نجامه‌كانی‌ “قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ پڕۆسه‌ی‌ چاكسازی‌” له‌هه‌رێمی‌ كوردستان راگه‌یاند.له‌به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ پڕۆسه‌كه‌دا چه‌ندین به‌رپرسی حكومی‌ لابراون‌و گۆڕانكاریش له‌ پۆسته‌ باڵاكانی‌ حكومه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت.

ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و دلۆڤان
خوشك و برایانی به‌ڕێز،
هاوڵاتیانی خۆشه‌ویستی كوردستان،،
به‌ پێویستی ده‌زانم ئه‌مڕۆ قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌نجامی پرۆسه‌ی چاكسازیتان بۆ رابگه‌یه‌نم، كه‌ له‌ رۆژی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا خستمانه‌ڕوو، دواتریش لیژنه‌یه‌كی باڵامان پێكهێنا كه‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئه‌ركی ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی چاكسازییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین لیژنه‌ی فه‌رعییش دامه‌زران كه‌ له‌ كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆر و نوێنه‌رانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌كان و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێكهاتووه‌.
بۆ به‌جێگه‌یاندنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و پرۆسه‌ چاكسازییه‌ش، به‌ڵێنمان پێدابوون كه‌ له‌ ماوه‌ی 3 تا 4 مانگدا ده‌ره‌نجامه‌كانی ببینن.
ئه‌مڕۆ لێره‌دا به‌ ئێوه‌ی راده‌گه‌یه‌نین كه‌ له‌م دوو مانگه‌ی رابردوودا چیمان كردووه‌ وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌می پرۆسه‌كه‌.
هه‌ڵبه‌ت به‌شێكی زۆری به‌رنامه‌كه‌مان جێبه‌جێ كردووه‌ وچه‌ندین بڕیارمان ده‌ركردووه‌ بۆ چاكسازیی و نه‌هێشتنی ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ی كه‌ هه‌ن.

یه‌كه‌م: كێشه‌ی زه‌وی و زار و نیشته‌جێبوون
له‌سه‌ره‌تا بڕیارێكمان ده‌ركرد بۆ رێكخستنی ته‌رخانكردنی زه‌وی و پێدانی مۆڵه‌ت به‌ پڕۆژه‌كان كه‌ زۆر باسی لێوه‌ ده‌كرێ‌.
•بۆ ماوه‌ی دوو مانگ ته‌رخانكردنی گشت جۆره‌ زه‌ویه‌كمان راگرت بۆ سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كان له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان، به‌ پڕۆژه‌كانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانیشه‌وه‌، به‌ده‌ر له‌ پڕۆژه‌ كشتوكاڵی و پیشه‌سازی و ئه‌و پڕۆژه‌ گه‌شتیاریانه‌ی كه‌ براندی نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و پرۆژانه‌ و دواجار ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكوڕیه‌كان و كاره‌ نایاساییه‌كانی له‌و پرۆژانه‌دا هه‌یه‌.
هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌ی دوو مانگ پێدانی مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانمان راگرت.
•بڕیارێكی دیكه‌مان ده‌ركرد بۆ راگرتنی ( اتفا ) كوژانه‌وه‌ی زه‌وی كشتوكاڵی بۆ ماوه‌ی (90) نه‌وه‌ت رۆژ، به‌ مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه‌ و ده‌ستنیشانكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی له‌ چوار ساڵی رابردوودا به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی ئه‌نجام دراون، وهه‌روه‌ها بۆ دانانی میكانیزم و رێنمایی نوێی گونجاو بۆ كاری داهاتوو، له‌سه‌ر بنه‌مای یاسایی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پێشكه‌وتنی وڵاته‌كه‌مان .
•به‌ نسبه‌ت پڕۆژه‌كانی موساته‌حه‌ش، بڕیارێكی ترمان ده‌ركرد بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی موساته‌حه‌، كه‌ ماوه‌ی یاساییان به‌سه‌رچووه‌ و ده‌ست پێنه‌كراون، له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ئیجرائاتی یاسایی به‌رامبه‌ر به‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌ ماوه‌ی دیاریكراودا ته‌واو نه‌كراون.
•سه‌باره‌ت به‌ گرێبه‌سته‌كانی موساته‌حه‌، هه‌تا ئێستا (118) سه‌د و هه‌ژده‌ گرێبه‌ستی جۆراوجۆر هه‌ڵوه‌شێنراوه‌، كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی ده‌كاته‌ (1025) هه‌زار و بیست و پێنج دۆنم و زه‌وییه‌كانیش بۆ حكوومه‌ت گه‌ڕایه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری و هه‌لی یه‌كسان بۆ كێبڕكێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی و سوودگه‌یاندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ژێرخانی ئابووری سوودیان لێوه‌ربگیرێت.
•هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ موساته‌حه‌، ئێستا (300) سێ سه‌د گرێبه‌ستی تر له‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌ و كار له‌سه‌ریان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پێی یاسا یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌.
•لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت (19) نۆزده‌ پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوونی له‌ هه‌ولێر وسلێمانی و دهۆك به‌ سه‌ركردۆته‌وه‌ و وردبینی مه‌یدانیی كردووه‌ له‌ رووی پابه‌ندبوونیان به‌ مه‌رجه‌كانی وه‌به‌رهێنان و جێبه‌جێكردنیانه‌وه‌، به‌ پێی بنه‌ما یاسایی و ئیداریه‌كانیش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كرێ‌.

•له‌سه‌ر راسپارده‌ی ئێمه‌ش، ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ ئیداریه‌كان، دۆسیه‌ی چه‌ندین سه‌رپێچی و كرداری نایاسایی جۆراوجۆریان داوه‌ته‌ فه‌رمانگه‌كانی داواكاریی گشتی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی ئیجرائاتی یاسایی پێویست سه‌باره‌ت به‌و كێشانه‌ وه‌ربگرن.
به‌ رای ئێمه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو مانگه‌دا كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌كانی موساته‌حه‌ و زه‌وی و كاری سه‌رمایه‌گوزاری و وه‌به‌رهێنان، كارێكی یه‌كجار ئاڵۆز و قورس بووه‌، من ده‌ستخۆشی له‌و لیژنانه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌ دڵسۆزی ئه‌ركی خۆیان به‌جێگه‌یاندووه‌.
هه‌ڵبه‌ت به‌هۆی بوونی ئیراده‌یه‌كی به‌هێز بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازیی و پاڵپشتیكردنێكی راسته‌قینه‌ی گه‌لی كوردستانیش، چاكسازییه‌، توانیومانه‌ هه‌تا ئێستا قۆناغێكی باش ببڕین.

دووه‌م: چه‌سپاندنی سه‌روه‌ریی یاسا
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا و به‌ مه‌به‌ستی دابینكردنی دادوه‌رانی لێهاتوو بۆ بواری قه‌زائی و زیاتر ئه‌كتیڤكردنی رۆڵی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كارمان كرد بۆ به‌كارخستنی په‌یمانگای دادوه‌ریی (معهد قچائی) و بڕیار ده‌ركراوه‌ بۆ دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌یمانگه‌كه‌.
بۆ یه‌كه‌مجار له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یمانگه‌یه‌كی دادوه‌ریی داده‌مه‌زرێت، و ئامانج له‌ دامه‌زراندنی په‌یمانگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نی دادوه‌ریی له‌ كوردستان به‌ره‌و پێش هه‌نگاو بنێت و دادوه‌ر به‌ شێوازێكی ئه‌كادیمی ده‌ربچێت و له‌مه‌ودوا به‌پێی سیسته‌می كۆن و له‌سه‌ر بنه‌مای خزمه‌تی فه‌رمانبه‌ری یان به‌ بڕیاری سیاسی یان كارگێڕی دادوه‌ر دانه‌مه‌زرێت، و هه‌ر یاساناسێك له‌دوای ماوه‌یه‌ك له‌كاركردن بۆی هه‌یه‌ داواكاری پێشكه‌ش بكات بۆ وه‌رگیران وه‌كو قۆتابی له‌ په‌یمانگه‌ی دادوه‌ریی و دوای ته‌واوكردنی خوێندن به‌ سه‌ركه‌وتوویی وه‌ك دادوه‌ر وه‌ربگیرێ‌.
چه‌ندین یاساش ده‌ركراون كه‌ بواری زۆر گرنگ رێكده‌خه‌ن وه‌ك:
•یاسای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (4)ی ساڵی 2011.
•یاسای ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (5)ی ساڵی 2011.
ئه‌م دوو یاسایه‌ ده‌بنه‌ بنه‌مای یه‌كخستنه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی دامه‌زراوه‌كانی ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی یاسایی و بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی وڵات و دابینكردنی ئاسایش بۆ هاوڵاتیان.
•یاسای رێكخراوه‌ ناحكوومیه‌كان.
یاساكه‌ ده‌بێته‌ هۆی كاراكردنی رۆڵی كاروباری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رێكخستنیان له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا.
•یاسای سندووقی پشتیوانی پڕۆژه‌ بچووكه‌كانی لاوان له‌ هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌م یاسایه‌ش بۆ پشتگیری له‌ لاوان و پێشخستنی باری دارایی و هه‌بوونی بناغه‌یه‌كی ئابووری سه‌ربه‌خۆ بۆ لاوان ده‌ركراوه‌، و هانده‌رێكه‌ بۆ كاراكردنی رۆڵی لاوان و بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پشت به‌ تواناكانی خۆیان ببه‌ستن .
•یاسای نه‌زاهه‌، كه‌ له‌ په‌رله‌مان ئیقرار كراوه‌ و تا ئێستا بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌رز نه‌كراوه‌ته‌وه‌.
مه‌سه‌له‌ی سه‌روه‌ریی یاسا و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ی به‌ یاسا چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، له‌سه‌رووی هه‌موو دۆسیه‌كانی تره‌وه‌یه‌ و بایه‌خی زیاتری پێ ده‌ده‌ین، بۆیه‌ لێره‌ ئاماژه‌ به‌ (داواكاریی گشتیی) ده‌ده‌ین، كه‌ پێویسته‌ رۆڵی ئه‌م دامه‌زراوه‌ گرنگه‌ له‌ رێگای په‌سندكردنی پرۆژه‌ یاساكه‌یانه‌وه‌ كارا بكرێ‌.

سێیه‌م: بواری ئیداری
له‌م رووه‌وه‌ چه‌ندین دۆسیه‌ی تریش به‌دواداچوونیان بۆ كراوه‌ و بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه‌، وه‌ك:
•سه‌رپێچی ئیداری.
•پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی.
•گرێبه‌ستی نایاسایی.
•كێشه‌ی ته‌جاوزات بۆ سه‌ر موڵكی حكوومه‌ت.
•پڕۆژه‌كانی سه‌رمایه‌گوزاری بیناسازی و رێگاوبان.
•چه‌ندین كێشه‌ و بابه‌تی لابه‌لای تایبه‌ت به‌ سه‌رپێچی و پێشێلكاری یاسا وبڕیار و رێنماییه‌كان.
ئه‌م دۆسیانه‌ له‌ چه‌ندین شوێنی جیاواز، كه‌ ژماره‌یه‌ك كێشه‌ی ئاڵۆز له‌خۆ ده‌گرێت، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی چاكسازیی لێكۆڵینه‌وه‌ی جددی بۆ كراوه‌ و رێگه‌چاره‌ی شیاوی بۆ پێشنیار كراوه‌، هه‌موو ئیجرائاتێكی یاسایی پێویست گیراوه‌ته‌ به‌ر و لیژنه‌كه‌ش له‌سه‌ر كاره‌كانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌كو پرۆسه‌كه‌ ده‌گاته‌ قۆناغی كۆتایی.
* له‌ بوارێكی دیكه‌شدا، له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه‌ كارگێڕییه‌كان له‌ناو حكومه‌تدا ، چه‌ند به‌رپرسێكی حكوومی له‌ پۆسته‌كانیان لادراون و له‌ماوه‌ی داهاتوودا گۆڕانكاری له‌ پۆسته‌ باڵاكانی حكوومه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت و كار ده‌كرێت بۆ دانانی خه‌لكێكی شیاو له‌ پۆسته‌كاندا.

ئازیزان..خۆشه‌ویستان،،
هه‌روه‌ها ئێمه‌ چه‌ندین بڕیاری دیكه‌مان ده‌ركردووه‌، وه‌ك:
•بڕیاری رێكخستنه‌وه‌ی پرسی پاسه‌وانه‌كانی به‌رپرسان و كه‌سایه‌تییه‌كان.
وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌مان راسپاردووه‌ بۆ دانانی ئالییه‌تێكی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌، كه‌ له‌م رۆژانه‌ی داهاتوودا كاره‌كه‌ كۆتایی پێدێ‌ و راپۆرتێكمان له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

•ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانمان راسپاردووه‌ كار بكات بۆ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌كاربه‌ر (مجلس حمایه‌ المستهلك)، ئامانجیش له‌ پێكهێنانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌یه‌ رێكخستنی كاروباری بازاڕه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ خزمه‌تی هاوڵاتیاندا بێ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بپارێزێ‌.
•دیسان بڕیارێكمان ده‌ركرد بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ئوتومبێلی جام ره‌ش و بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ته‌عمیم كراوه‌.
•بڕیارێكی دیكه‌مان ده‌ركرد بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و واسته‌ و واسته‌كاریه‌ی بۆ سه‌فه‌ری فه‌ریزه‌ی پیرۆزی حه‌ج هه‌بوو، به‌و بڕیاره‌ مه‌قعه‌دی تایبه‌تی چوونه‌ حه‌جمان نه‌هێشت و هه‌مووان به‌ یه‌كسانی چاوه‌ڕێی نۆره‌ی خۆیان ده‌كه‌ن بۆ سه‌ردانی ماڵی خوا.

ئێستا چه‌ندین ته‌وه‌ری دیكه‌ی پرۆژه‌ی چاكسازی له‌ قۆناغی به‌دواداچوون و تاوتوێكردنن، كاره‌كان خشته‌ی بۆ دانراوه‌ و قۆناغ به‌ قۆناغ كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێ‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر كێشه‌ و دۆسیه‌یه‌ك كه‌ یه‌كلاییش ده‌بێته‌وه‌، دواتر پێویستی به‌ ورده‌كاری تر هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ كه‌ دۆسیه‌ی ته‌رخانكردنی زه‌وی و مۆڵه‌ت و موساته‌حه‌ و ئیتفاكردنی زه‌وی كۆتایی پێدێ‌، دواتر هه‌مواركردنی یاساكان و دانانی ئالییه‌تی نوێ‌ و گونجاوی پێویسته‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێ‌ كاره‌كان به‌ باشی به‌ڕێوه‌ بچن و ئه‌نجامی خوازراوی لێ بكه‌وێته‌وه‌، كه‌ هه‌موومان چاوه‌ڕێی به‌دیهاتنی ده‌كه‌ین.
به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و بڕیارانه‌ی دراون بۆ لێپێچینه‌وه‌یه‌ ده‌رهه‌ق به‌ هه‌موو پێشێلكاریه‌كان، بێگومان به‌ رێگای یاساییش ئه‌م كێشه‌ و كه‌موكوڕیانه‌ یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌، پرۆسه‌ی چاكسازییش بۆ بنیاتنانی ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان و خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لی كوردستانه‌، ئه‌وه‌ش به‌ جێبه‌جێكردنی سه‌روه‌ریی یاسا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ.
خوشكان..برایان،،
ئه‌و ئازادیه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان به‌ده‌ستهێنراوه‌، دوای قوربانیدانێكی یه‌كجار زۆر هاتۆته‌ به‌رهه‌م، ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌یه‌ش ته‌نیا له‌ رێگای سه‌روه‌ریی یاساوه‌ ده‌توانین بیپارێزین، به‌ر له‌ ئێستا ئه‌وه‌م راگه‌یاند و ئێستاش هه‌مان هه‌ڵوێستی خۆم دووباره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌:” یاسا ده‌ستنیشانی ئه‌وه‌ ده‌كات كێ‌ گه‌نده‌ڵی كردووه‌، منیش به‌ڵێنی ئه‌وه‌تان پێده‌ده‌م، نه‌ كه‌س ده‌پارێزم و نه‌ پشتیوانیی له‌ كه‌س ده‌كه‌م، یاسا چ بڕیارێك بدات و كێ پێویست بێت بچێته‌ به‌ر ده‌می دادگا، ده‌بێ ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت، هیچ كه‌سیش له‌ سه‌رووی یاساوه‌ نابێت”.

به‌ڕێزان..خۆشه‌ویستان،،
هه‌ڵبه‌ت به‌رنامه‌ی چاكسازیی هه‌مه‌لایه‌ن و فراوانه‌، ته‌وه‌ر و دۆسیه‌ی گرنگ و قورس ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌ی پێشوو هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ، هێشتا كار ده‌كرێ‌ بۆ دانانی سیاسه‌تێكی شه‌فاف سه‌باره‌ت به‌ گرێبه‌ست و ته‌نده‌ر، لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌كرێ‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ده‌رمان له‌ كوردستان، به‌دواداچوون ده‌كرێ‌ بۆ په‌سندكردنی یاسای ئه‌نجومه‌نی راژه‌ و دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستی دابینكردنی هه‌لی یه‌كسانی دامه‌زراندن.
كار به‌رده‌وامه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونی دیارده‌ی قۆرخكردنی بازاڕ، له‌مباره‌یه‌وه‌ش كار ده‌كرێت بۆ په‌سندكردنی (پڕۆژه‌ یاسای كێبڕكێ و قه‌ده‌غه‌كردنی دیارده‌ی قۆرخكاریی)، هه‌روه‌ها خه‌ریكین به‌دواداچوون بۆ چه‌ندین بابه‌ت و دۆسیه‌ی تریش بكه‌ین، كێشه‌ و دۆسیه‌كان هه‌مووی گرنگن، به‌ڵام گرنگ و گرنگتر هه‌یه‌، چاره‌سه‌ركردنی زۆر دۆسیه‌ هه‌یه‌ رێچكه‌ی خۆی وه‌رگرتووه‌ و به‌ ئاسانی به‌ڕێوه‌ ده‌چێ‌، ئه‌و ئالییه‌ته‌ی بۆ به‌دواداچوونی دۆسیه‌كان دانراوه‌، به‌ شێوه‌یه‌كه‌، قۆناغی دواتری پرۆسه‌كه‌مان بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات، بۆیه‌ ده‌ڵێین، كه‌ ئه‌نجامی هه‌ره‌ گرنگ له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌دا به‌ده‌ستمان هێناوه‌، كردنه‌وه‌ی ئاسۆیه‌كی فراوانتره‌، كه‌ له‌و ئامانجه‌ راسته‌قینه‌وه‌ نزیكمان ده‌كاته‌وه‌ هه‌موومان چاوه‌ڕێی به‌دیهاتنین.

ستراتیژیه‌تی چاكسازیی
هاوڵاتیانی ئازیزی كوردستان،
خوشكان..برایان،،
ئه‌وه‌ی تائێستا له‌م ماوه‌ كه‌مه‌ی رابردوودا جێبه‌جێ كراوه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ قۆناغی سه‌ره‌تای به‌رنامه‌ی چاكسازییه‌كان، به‌ڵام ئێمه‌ بڕوامان به‌ به‌رده‌وامیی پرۆسه‌كه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویستمان به‌ ستراتیژیه‌تێكی روون هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم به‌ هه‌مووان رابگه‌یه‌نم، كه‌ سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامبوونمان له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و دۆسیانه‌ی باسمان كرد، ئێستا ئێمه‌ خۆمان بۆ گه‌ڵاڵه‌كلادنی پلانێكی هه‌مه‌لایه‌ن ودرێژخایه‌ن ده‌كه‌ین به‌ ناوی (ستراتیژیه‌تی چاكسازیی) بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ئه‌نجامدانی گۆڕانكاریی ریشه‌یی له‌ گشت بواره‌كاندا، ئێمه‌ ئه‌م پلانه‌ له‌ ماوه‌یه‌كدا بۆ رای گشتی راده‌گه‌یه‌نین كه‌ له‌ سێ مانگی داهاتوو تێپه‌ڕ نه‌كات.
بێگومان بۆ ده‌ستپێكردن و سه‌رخستنی ئه‌و پلانه‌ ستراتیژییه‌ش، پێویستمان به‌ هاوكاری و هیممه‌تی هه‌موو لایه‌كه‌، پێویستمان به‌ هاوكاری پارته‌ سیاسییه‌كانی حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆنه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك به‌شدار بن له‌ تاوتوێكردن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پرۆژه‌كه‌، هاوڵاتیان، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، شاره‌زایان وپسپۆران، مامۆستایانی زانكۆ، سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ و میدیا و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، هه‌ر هه‌موویان له‌ ئێستاوه‌ بانگهێشتكراون بۆ به‌شداریكردن له‌و پلانه‌ ستراتیژیه‌دا.
په‌نا به‌خوای گه‌وره‌ و هه‌وڵ وهیممه‌تی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و هاوكاریی سه‌رجه‌م هێز ولایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و تێكڕای پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی وئایینیه‌كانی گه‌لی كوردستان، هه‌موومان شان به‌شان له‌گه‌ڵ یه‌كتری ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا ده‌یكه‌ین له‌ پێناو زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی هه‌رێمه‌كه‌مان و هێنانه‌دی ئاینده‌یه‌كی رۆشن بۆ نه‌وه‌كانمان و چه‌سپاندنی سیسته‌مێكی پێشكه‌وتووی ئه‌وتۆ كه‌ رێگریی له‌ سه‌رهه‌ڵدانی گه‌نده‌ڵی بكات، ئه‌وه‌ش ئاوات و ئامانجی هه‌موو لایه‌كمانه‌ كه‌ بۆی تێده‌كۆشین.
ئیتر خوا پشتیوانمان بێ
بۆ سه‌ركه‌وتن له‌م ئه‌ركه‌ماندا له‌ پێناو خزمه‌تكردنی گه‌ل و نشتیمان

مسعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
سێشه‌ممه‌ 14/6/2011

Entry filed under: مه‌سعوود بارزانی. Tags: .

کورد‌و فۆرمی دەسەڵات بەبێ دەوڵەت کوردستان وەکو زۆنی زوڵم‌و ستەمکاری

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,091 hits

%d bloggers like this: