شـــــۆڕش‌ و ئـــــەبـــــەدیـــــەت

2011/06/28 at 7:20 PM Leave a comment

مەریوان وریا قانیع:زۆرجار شۆڕش لەوە کراوەتەدەرەوە دیاردەیەکی سیاسی ئاسایی بێت لەناو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگی تایبەتدا، رووداوێک بێت بکەرەکانی کەسانی ئاسایی‌و خۆماڵیبن. شۆڕش بەشێوەیەکی گشتی وەک رووداوێکی پیرۆز نمایشدەکرێت، کە لەلایەن کەسانی پیرۆز‌و بەموقەدەسکراوەوە ئەنجامئەدرێت، بەتایبەتی لەلایەن ئەو سەرۆک‌و ”پیاوە“ گەورانەوە کە له‌ڕیزی سەرەوەی شۆڕشگێڕاندا نیشتەجێن. بێگومان شۆڕش هەمیشە وەک ”سەرەتایەک“ی نوێ دەستپێدەکات، وەک چرکەیەکی نوێ لەناو زەمەنێکی تەقلیدیدا، بەڵام کێشەی ئەم سەرەتا نوێیە لەوەدایە کە دەخوازێت ببێتە سەرەتایەکی موقەدەس، بەسەرەتای هەموو سەرەتاکانی تر، بە زەمه‌نێک کە سەرجەمی زەمەنەکانی دوای خۆی رکێفبکات‌و بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. کێشەی شۆڕش بەم مانایە کێشەی سەرەتایەکە کە دەیەوێت سەرەتاکانی تر‌و ئایندە داگیربکات، دەیەوێت ئەوەی لەو سەرەتایەدا بە راست‌و بە باش‌و بە جوان‌و بە ئەخلاقی دەزانێت، بۆ ئایندەش هەر بە راست‌و باشە‌و جوان‌و ئەخلاقی بمێنێتەوە. ئەوە مەعریفەیەی ئەو سەرەتایە دەیهێنێت، ئەو وێنەیەی لەو سەرەتایەدا بۆ دونیا دەکێشرێت، ببێتە مەعریفە‌و وێنەی سەردەمەکانی تر. بە مانایەکی دیکە گرەوی بە موقەدەسبوونی شۆڕش لەوەدایە بەسەر ئەو سەرەتابوونەدا سەرکەوێت‌و ببێت بە زەمەنێکی رەها، ببێت بە زەمەنێک بتوانێت مانای زەمەکانی دوای خۆی دەستنیشانبکات، راستی‌و دروستی ئەو زەمەنانە‌و راستی‌و دروستی شێوازی هەڵسوکەوت‌و تێفکرینی ئینسانەکانی قۆناغەکانی دواتر بە رادەی دڵسۆزبوون‌و دڵسۆزنەبوون بۆ ئەو سەرەتایە بپێوێت. بەم مانایە ئاکاری ترسناکی شۆڕش لەوەدایە له‌سەرەتا مێژووییەکەی خۆیەوە بپەڕێتەوە‌و ببێت بە سەرەتایەکی موتڵەق، سەرەتای هەموو سەرەتاکانی تر. پێوەری پێوانی راستی‌و دروستی جوڵە‌و هەڵسوکەوتەکانی ئینسانی قۆناغەکانی دواتر، بەکورتی بەسەر سەرەتابوونی خۆیدا زاڵببێت بیکات بە ساتەوەختێکی ئەبەدی.
گەر شۆڕش له‌جێبەجێکردنی ئەو شتانەی سەرەوەدا سەرکەوت، ئەوکات دەتوانێت خۆی وەک زەمەنێکی پیرۆز نمایشبکات، دەبێتە زەمەنێک تەنها مافی ئەوە بەخۆینادات یاسا‌و بەها بۆ هەموو زەمەنەکانی دوای خۆی دابنێت، بەڵکو بکەرەکانی خۆشی بەرزدەکاتەوە بۆ ئاستی بکەری رەها، بکەری ئەبەدی، بکەری پیرۆز بە رادەی پیرۆزی شۆڕش. شۆڕش ئەو بکەرانە دەکاتە کۆمەڵێک کەسایەتی رەها‌و هەموو مژدە‌و بەڵێن‌و خەونەکانی خۆشی بەو کەسایەتییانەوە گرێدەدات. بێگومان شۆڕش خۆی ئەم کارانە ناکات، بەڵکو ئەوانە دەیکەن کە بکەری شۆڕشه‌کەن، بەتایبەتی ئەوانەی وەک سەرکردەی شۆڕشەکە ئامادەن. کەم شۆڕش هەیە له‌دونیادا ئەم کارەی نەکردبێت‌و کەم شۆڕشیش هەیە دوای سەرکەوتن نەبووبێت بە ماشێنێک بۆ هەڵهێنانی دیکتاتۆری گەورە‌و بچووک، کەسانێک بەناوی مەزنی شۆڕشەوە قسە له‌مەزنی خۆیان‌و بەناوی پیرۆزی شۆڕشەوە قسە له‌پیرۆزی خۆیان دەکەن.
بە مانایەکی دیکە لەناو هەموو شۆڕشێکدا مەیل‌و ویستێکی بەهێز هەیە سەرقاڵی ئەوەیە شۆڕش وەک رووداوێکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگی تایبەت نەفیبکات‌و لەشوێنی ئەودا وەک مێژوویەکی موقەدەس، کە کەسانی موقەدەس پێیهەڵدەستن، نمایشبکات. لەم ئاستەشدا شۆڕش خۆی ئەو هێزە نییە کە ئەم کارە ئەنجامبدات، شۆڕش وەک شۆڕش هێزێک نییە بتوانێت قسەبکات، ئەوەی قسەدەکات شۆڕشگێڕانن، ئەوانەن کە شۆڕش دروستدەکەن. مێژووی شۆڕش خۆشی مێژووی شۆڕشگێڕانی شۆڕشە، ئەوەی لەسەر شۆڕش دەگوترێت‌و ئەو مانایانەی پێیدەبەخشرێت‌و ئەو وێنانەی بۆی دروستدەکرێت، شۆڕشگێڕان‌و بەشداربوانی شۆڕش یان ناحەزەکانیان دروستیدەکەن. واتە وەک چۆن شۆڕش خۆی پابەستی بیرکردنەوە‌و کردەی مێژوویی شۆڕشگێڕانە، بەهەمانشێوە سەرجەمی وێنە‌و ماناکانیشی بەو شۆڕشگێڕانەوە یان بە ناحەزەکانیانەوە پابەستە. هەر له‌بنەڕەتەوە شتێک نییە ناوی وێناکردنی شۆڕشبێت بۆ خودی خۆی، ئەوەی هەیە ئەو وێنە‌و مانایانەیە کە بە شۆڕش دەدرێت، زۆربەی هەرە زۆری ئەم وێنە‌و مانایانە ئەوانەن کە لەلایەن بەشداربوانی شۆڕش خۆیەوە دروستدەکرێن، هەم له‌کاتی شۆڕشەکە خۆیدا یان بەتایبەتی له‌دوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە. زۆرجار حیکایەتە گەورەکانی شۆڕش دوای سەرکەوتنی شۆڕش دروستدەکرێن، دوای سەرکەوتن، شۆڕشگێڕان دەبنە شۆڕشگێڕی راستەقینە، قارەمانی نوێ دروستدەکرێت، کەسانێک دروستدەبن باسی خۆیان دەکەن، باسی گەورەیی پەیام‌و رۆحی لەخۆبوردن‌و ئامادەگیان بۆ گیانفیدایی دەکەن. بێگومان ئەم کەسانە، کە زۆرجار پاڵەوانەکانی دوای سەرکه‌وتنی شۆڕشن، خۆیان ئەو حیکایەت‌و باسانە بەشێوەیەکی راستەوخۆ ناگێڕنەوە، بەڵکو کۆمەڵێک دەزگا دروستدەبن کە کاریان گێڕانەوەی حیکاتەکانی شۆڕشە، کاریان پاراستنی پاڵەوانێتییەکانی رابردوو ‌و دروستکردنی پاڵەوانی نوێیە. ئەرکی ئەم دەزگایانە فراوانترە له‌دروستکردنی حیکایەت، ئەم دەزگایانە کاریان بەخشینی مانایە بە رابردوو، کردنی شۆڕشە بە کردەیەکی ئەبەدی، دەزگای هاریکاریکردنی شۆڕشن بۆ گۆڕینی شۆڕش وەک سەرەتایەکی نوێ بە زەمەنێکی ئەبەدی. هاوکات سەرقاڵی دروستکردنی سیاسەتێکی حیساببۆکراوی یاده‌وەرین، هەندێک رووداو‌و کەسایەتی‌و بەسەرهات دەگێڕنەوە‌و بەبەردەوامی وەبیریدەهێننەوە، هەندێک شتیش بە مەبەست دادەپۆشن‌و دەخەنە ژێر پەردەیەکی ئەستووری بیرچونەوەوە. لەڕاستیدا یەکێک له‌میکانیزمە سەرەکییەکانی بە موقەدەسکردنی شۆڕش‌و بە موقەدەسکردنی ژمارەیەک له‌کەسایەتییەکانی دوای شۆڕش، وابەستەی ئەم سیاسەتە تایبەتەی یادکردنەوە‌و بیرچوونەوەیە. ئەوەی ئەبەدیەت بە هەندێک رووکاری شۆڕش‌و مەزنی بە هەندێک له‌کەسایەتییەکانی شۆڕش دەبەخشێت، ئەم سیاسەتە تایبەتەی یادکردنەوە‌و بیرچوونەوەیە، ئەو دەزگایانەن کە ئەم سیاسەتە رێکدەخەن‌و دەبەنبەڕێوە. لەم ئاستەدا دونیای دوای شۆڕش دەبێتە دونیای دروستکردن‌و فرۆشتنی ئەبەدیەت بەو کەس‌و لایەنانەی له‌دونیای دوای شۆڕشدا دەستیان بەسەر ئەو دەزگایانەدا گرتوە. واتە ئەبەدیەتی هەندێک وێنە‌و هەندێک مانا‌و هەندێک حیکایەتی شۆڕش، ئەبەدیەتێکی دروستکراوە کە دەزگا دامەزراوەکانی دوای شۆڕش دروستیدەکەن. ئەم دروستکردنەش شێوازی جیاواز دەگرێتەخۆی: بۆ نموونە شێوەی دروستکردنی پەیکەر‌و بڵاوکردنەوەی وێنە‌و دروستکردنی گۆڕی تایبەتی‌و شتی دیکەی لەم بابەتە.
بە کورتی هەموو شۆڕشێک گروپێک دروستدەکات کە هەم لەکاتی شۆڕشەکە خۆیدا، بەتایبەتی دوای سەرکەوتنی شۆڕش، مانا بۆ کەسەکان‌و رووداوەکانی شۆڕشەکە دروستدەکەن. لەم دیدەوە ماناکانی شۆڕش، وەک مانای هەموو دیاردەکانی تر، دروستکراوی کۆمەڵایەتین، لەناو کۆمەڵێک پەیوەندی مانا‌و پەیوەندی دەسەڵات‌و پەیوەندی ئابوریدا بەرهەمدەهێنرێن. بەگۆڕانی ئەو پەیوەندییانە، ئەو مانایانەش گۆڕانیان بەسەردادێت، ئەوەی له‌قۆناغێکدا وەک سەرکردەیەکی بێتەماح‌و فریشتەیەکی سیاسی وێنادەکرێت، دەکرێت له‌قۆناغێکی دیکەدا وەک پیاوێکی پڕ تەماح‌و کەسایەتییەکی نەخۆش دەربکەوێت. ئەو ئەبەدیەتەی سیاسەتێکی تایبەت دروستیدەکات، دەشێت سیاسەتێکی دیکە بینێژێت‌و خۆڵ بەسەریدا بکات.

Entry filed under: مه‌ریوان وریا قانع. Tags: .

خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌ستێوه‌ردانی بۆرژوازی جیهانی. ئه‌نجومه‌نی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ ڕانیه‌

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,893 hits

%d bloggers like this: