دژەــ کـــــــولتـــــــوورەکـــــــان

2011/07/01 at 8:27 PM Leave a comment

به‌ختیار عه‌لی:یولیۆس سیزار رستەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت «کاری نەکردەیە، مرۆڤ ئەو کەسەی لێدەرنەچێت، کە خەڵکی دەیانەوێت». رۆماننوسی کۆلۆمبی گابرێل گارسیا مارکیز، رای وایە ئەوە خراپترین رستەیەکە له‌ژیانیدا بیستبێتی، بەڵام له‌گەڵ ئەوەشدا بەشی هەرە زۆری خەڵک تەنها دەتوانن ئەوەبن کە ئەوانی دی دەیانەوێت‌و دەخوازن. رستەکەی یولیۆس سیزار ئاماژەیە بۆ هەقیقەتێکی تاڵ، هەقیقەتی ئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکە، ئەوەندەی ئەو رۆڵە وازیدەکات کە ئەوانی تر دیاریانکردوە، بەو کار‌و رەفتارانە هەڵناستێت کە خۆی دەیەوێت. بڕێکی زۆری کولتووری کۆمەڵایەتیش تەنیا بۆ دروستکردنی ئەو دۆخەیە کە تێیدا مرۆڤ ئەو کەسە بێت کە ئەوانی دی دەیانەوێت. لێرەوە کۆمەڵگا زۆربەی کات لێوان لێوە له‌مرۆڤی چونیەک، له‌کەسانێک کە کۆپی یەکتر دەکەن. بەڵام بەرابەر ئەو هێڵە گشتییە، هەمیشە له‌ئەدەب‌و هونەر‌و فەلسەفەدا هێڵێک هەبووە، ئەوەی گوتووە‌و ئەوەی کردوە کە تەواوی کۆمەڵگای توڕە کردوە، یاخود فەزای بیرکردنەوە‌و ئارەزووی گشتی دووبارەنەکردۆتەوە. له‌ڕاستیدا «تێرنەکردنی چاوەڕوانی ئەوانی تر» هەمیشە کارێکی سەختە، زۆر هەڵوێست هەیە مرۆڤ له‌ژیاندا وەریدەگرێت‌و وادەزانێت، ئەو هەڵوێستە له‌قووڵایی بڕوا‌و قەناعەتەکانی خۆیەوە هاتووە، بەڵام گەر کەمێک قووڵتر بڕوانێت دەبینێت ئەوەش هیچ نییە جگە له‌«تێرکردنی چاوەڕوانی ئەوانی تر». له‌فەلسەفەدا‌و له‌گەڵ کانتدا بیرۆکەی «عەقڵی سەربەخۆ» دەبێتە دروشمی رۆشنگەریی، بەڵام بیرۆکەی «مرۆڤی سەربەخۆ» یان «مرۆڤی ئۆتۆنۆم» له‌گەڵ نیتشەدا تەواو شوێنی خۆی دەگرێت. دۆلۆز له‌یەکێک له‌موحازەرەکانی ساڵی 1972 یدا، بەناونیشانی «بیرکردنەوەی کۆچەریی»، باسێک له‌هەر سێ فەیله‌سوفە گەورەکەی سەدەی نۆزدە‌و بیست دەکات «مارکس، فرۆید، نیتشە»… ئەو سێ کوچکە گەورەیەی تەواوی بیرکردنەوەی دوای خۆیان پڕدەکەن له‌پرسیاری گەورە‌و قووڵ، بەبڕوای دۆلۆز هەریەک له‌«مارکس»‌و «فرۆید» بونیادنەری کولتوور بوون، بەڵام نیتشە بونیادنەری «ئەنتی ـ کولتوور»ـە. هەریەک له‌مارکس‌و فرۆید پەیامبەری گونجاندنی رۆحی فەردن له‌گەڵ خواستی گروپ‌و کۆمەڵگادا، بەڵام نیتشە پەیامبەری دروستکردنی درزێکی هەتاهەتاییە له‌نێوان فەرد‌و دونیادا… پڕۆژەی نیتشەوی کە له‌سەر «بێبەهاکردنی بەهاکان» «هەڵگێڕانەوەی مۆراڵ» «هەڵتەکاندنی دین» «کوشتنی خودا» بونیادنرابوو، جیایە له‌گەڵ پڕۆژەی مارکس کە رێکخستنەوەی کۆمەڵە، له‌گەڵ پڕۆژەی فرۆیددا کە رێکخستنەوەی ئینسانە له‌ناو کۆمەڵدا. له‌ڕاستیدا «ئەنتی کولتوور» بوون، دەکرێت زۆر مانا‌و رەهەندی هەبێت، بەڵام بێگومان له‌وەوە دەستپێدەکات کە له‌گەڵ چاوەڕوانی ئەوانیتردا نەڕۆیت، نەبێت بە کۆیله‌ی ئەو وێنەیەی ئەوانی تر دەیانەوێت پێتببەخشن. ئەدەب‌و هونەر مەڵبەندی سەرەکی له‌دایکبوون‌و نیشاندانی ئەو هێزەن کە له‌مرۆڤدا هەیە‌و دەیسەلمێنێت کە دەتوانێت «ئەوە نەبێت کە ئەوانی تر چاوەڕوانیدەکەن». جوانترین دیمەن کە له‌ئێستادا له‌خەیاڵمدا بێت دیمەنی یەکەمی «شا لیر» ـی شکسپیرە. کوردێلیا کچە بچوکی شا، بە پێچەوانەی دوو خوشکەکەیەوە، ئامادەنییە بە قسەی رەنگاوڕەنگ‌و باقوبریق موڵک‌و سامان له‌باوکی وەربگرێت… کۆردێلیا له‌هەردوو خوشکەکەی دی زیاتر باوکی خۆشدەوێت، بەڵام ئامادەنییە چاوەڕوانییەکانی بۆ پیاهەڵدان‌و ستایش تێربکات. کۆردێلیا له‌ساتێکدا هەست بە دووڕوویی‌و زمانلوسی‌و نیفاقی هەردوو خوشکەکەی دەکات‌و نایەوێت هەمان دیمەنی درۆزن دووبارەبکاتەوە، بەڵام چاوەڕوانی شا لیر ئەوەیە کۆردێلیاش هەمان نمایشبکات. تەواوی شانۆنامەکەی شکسپیر له‌سەر ئەم گرێیە دروستبووە «تێرنەکردنی چاوەڕوانی ئەوانی تر». کۆردێلیا بەم مانایە، کاراکتەرێکی گرنگی «ئەنتی کولتوورییە»… ئەوەیە کە نایەوێت له‌و وێنەیە بچێت کە ئەوانی تر دەیکێشن، ئەو رۆڵە ببنێت کە ئەوانی تر دیاریانکردوە‌و چاوەڕوانیده‌کەن.

بەر له‌شکسپیریش نمونەی گرنگمان له‌ئەدەبدا هەیە، بیسەلمێنێت، ئەدیبان له‌جەوهەردا هەم خۆیان‌و هەم ئەو پاڵەوانانەی دروستیدەکەن، بە نیازی دووبارەنەکردنەوەی کولتوور ‌و وێنەی باوی شتەکان هاتوونە دونیاوە. کریستۆفەر مالرۆ پێش شکسپیرە… مالرۆ بۆ سەردەمی خۆی نوێنەری ئەو رۆحە یاخییەیە کە دەبێت ئەدەب هەڵگریبێت. مالرۆ زۆر پێش نیتشە دوژمنێکی سەرسەختی مەسیحییەت‌و دین بووە، پیاوێکی توند‌و توڕە، کە بە هۆی ئەو سیفەتەشەوە دواجار له‌شەڕە چەقۆیەکی بێمانادا‌و له‌هەرەتی گەنجیدا دەکوژرێت. بۆچوونەکانی مالرۆ تەواو پێچەوانەی رۆحی سەردەمن… یەکێک له‌ڕا سەیرەکانی مالرۆ ئەوە بوو کە پێلاتۆس، کارێکی باشیکردوە له‌بری باراباسی دز، مەسیحی چوارمێخە کردوە. مالرۆ بە پێچەوانەی چاوەڕوانی‌و نیگای سەردەمی خۆیەوە کە سیحربازانی راودەنا‌و دەیسووتانن، له‌کەسایەتی دکتۆر فاوستدا «کە ئەو پێش گۆتە کردوێتی بە شانۆگەریی» هەم ستایشی فاوەست دەکات‌و هەم هاوسۆزی ئەو رێگایەیەتی کە بۆ سیحربازیی دەست له‌زانست‌و لاهوت بەردەدات.
هەڵبەت کریستۆفەر مالرۆ بەراورد بە نوسەرێکی یاخی وەک «مارکیز دی ساد» کەسێکی گەلێک سادە‌و ئاسایی دەردەکەوێت. دی ساد رۆحی «ئەنتی کولتووریزم» چ له‌ئەدەب‌و چ له‌ژیانی تایبەتی خۆیدا تا ئەوپەڕی رادەکێشێت. دی ساد هەموو ئەو وێنانە تێکدەشکێنێت کە کۆمەڵگا‌و دین له‌مرۆڤی چاوەڕواندەکەن. هەتا بۆ ساتێکی کورتیش وێنەی خۆی ناخاتە ئەو قاڵبە کولتووری‌و دینییەوە کە کۆمەڵگا دەیەوێت، بێزی له‌کۆمەڵگا دێت‌و کۆمەڵگاش بێزی له‌و دێت. ئەو باوەڕی وایە « له‌کۆمەڵگایەکدا کە له‌سەر ئازادی‌و یەکسانی دامەزرابێت… کەم کار هەیە بەتاوان حیساببکرێت». دی ساد باوەڕی بە هیچ سوننەتێکی دێرین‌و هیچ حەرامێک نەبوو، دژە مۆراڵ‌و دژە دینیش بوو. چۆن رێزی هیچ یاسایەکی کۆمەڵایەتی نەگرت، کۆمەڵگاش بێڕەحمانە بەشی هەرە زۆری ژیانی‌و تامردن له‌زیندانی خزان. له‌پاستیل دەساڵ‌و له‌هەندێ زیندانی دیکەشدا بیستودوو ساڵ دەستبەسەر بوو، بەڵام له‌گەڵ هەموو بەدڕەوشتییە بێوێنەکەیدا، «کەدوای خۆی دۆخێکی وەها سەرپەڕ نابینین» جان کۆکتۆ رای وایە کە دی ساد «هەم فەیله‌سوف‌و هەم مۆرالیست» بووە. له‌وەشدا له‌سەر هەقە، دی ساد له‌جەوهەردا هەر ئەوە نییە وێنەیەکی تری مرۆڤ پێشکەش بە دونیا دەکات، کە له‌گەڵ ئەو وێنەیەدا ناگونجێت کە کولتووری مەسیحی بۆ مرۆڤی دەکێشێت، بەڵکو له‌هەمان کاتدا وێنەیەکی تر بۆ یاسا‌و کۆمەڵگا پێشکەشدەکات. له‌کتێبی «فەلسەفە له‌ژووری نوستن» دا داوای کەمکردنەوەی یاساکان‌و سووککردنی حوکمەکانیان دەکات‌و دەپرسێت «ئایا ئەوپەڕی نادادپەروەری ئەوە نیییە، یاسایەک بەسەر ئەوانەدا بسەپێنێت کە ناتوانن جێبەجێیبکەن؟». مارکیز بەدرێژایی ژیانی بۆ ئەوە کاردەکات کە یاساکان بە حوکمی ئەخلاقیانە مرۆڤ بارنەکەن‌و جۆرە بۆچوونێک بۆ ئازادی سەروەر بێت کە سروشتی مرۆڤ‌و هەوا‌و مەیلی جەستەی هەر چییەک بێت رەچاویبکات… هەندێک پێیانوایە کە دی ساد تاکە شۆڕشگێڕی راستەقینەی مێژووی مرۆڤایەتییە. باوەڕی بە هیچ چەپاندنێکی سێکسی، سەرکووتکردنی هیچ ئارەزوویەک نەبوو، بۆئەوەی دوای ئارەزووەکانی بکەوێت له‌هیچ رێگایەک نەدەترسا‌و دەستی له‌هیچ کەرەستەیەک نەدەپاراست. بەڵام وەک خۆی دەڵێت دواجار ئەو کەسێکی «بێ ئابڕووە، نەک پیاوکوژ». ئایا دی ساد مامۆستای ئەوانەبووە کە دواتر بە کتێبەکانیان کۆمەڵگایان تووشی شۆک کردوە؟ زەحمەتە جۆرە حوکمێکی وەها بەتەواوەتی بدەین، بەڵام یەکێک له‌وانەی دوای «مارکیز دی ساد» کولتووری باو دەله‌رزێنێ‌و دادگا‌و حاکمە بە شەرەفەکان تووشی سەرسامی‌و شۆک دەکات، گۆستاڤ فلۆپێرە. …

فلۆپێر له‌نامەیەکیدا بۆ «ئێرنست شێفالێر»، دی ساد وەک نوسەرێکی مەزن ناودەبات، وا باسدەکات کە کتێبەکانی لای ئەو نرخی زێڕیان هەیە. دیارە فلۆپێر‌و مادام بۆڤارییەکەی هەرگیز وەک پاڵەوانەکانی دی ساد، ژۆستین‌و ژۆلێت نیین. لای خانمی بۆڤاریی ئەوەندەی خواستی رۆحی بۆ گەڕان بەدوای خۆشەویستیدا بزوێن‌و دروستکەری ژیانی ناوەوەی ئەون، سێکس‌و خواستی جەستەیی هێزی یەکەم‌و فاکتەری گەورە نین. له‌گەڵ ئەوەشدا «ئیما بۆڤاری» وێنەی ژنێکمان دەخاتە بەردەم، ئەو ژنە نییە کە کۆمەڵگا دەیەوێت، ئەو بەجۆرێک له‌جۆرەکان پێشەنگی شێوەیەک له‌مرۆڤی دژە کولتوورە کە دواتر بە بەربڵاوی له‌ئەدەبیاتدا گەشە دەسێنێت‌و له‌گەڵ خۆشیدا رێگایەک بۆ سەرهەڵدانی مرۆڤێکی نوێ سازدەکات.
یەکێکی تر له‌نوسەرانی ناسراو بە دژایەتی کولتووری باڵادەست، ئەپۆلۆنێرە. ئەپۆلۆنێر هیچ کات سەرسامی خۆی بە مارکیز دی ساد نەشاردۆتەوە، له‌جێگایەکدا دەنوسێت «ئەم پیاوە کە بەکەڵکی سەدەی نۆزدە نەدەهات، دەشێت‌و پێدەچێت تەواوی سەدەی بیست داگیربکات». تێبینییەکەی ئەپۆلۆنێری گەنج زۆر ورد‌و زۆر پێشوەختیشە … له‌نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا، زۆربەی ئەو گەمە حەرامانەی دی ساد له‌سەریان سزای گەورەی دەخوارد، تا ئەندازەیەک دەبن بە بەشێکی نۆرماڵ له‌ژیانی جەستەیی‌و سێکسی مرۆڤەکان، بەجۆرێک مرۆڤ دەتوانێت بڵێت «دی ساد» بۆ خودی کولتووری خۆرئاوا چیتر «ئەنتی کولتوور» نییە‌و بووە بە بەشێک له‌«کولتوور»ـی باو.
بەڵام لێرەدا دەبێت بپرسین ئاخۆ شاعیرێکی وەک «ئارسەر رامبۆ» له‌کوێی هەموو ئەم کێشەیەدا دەوەستێت. راستە یاخیبوونی جەستەیی بەشێکە له‌یاخیبوونی رامبۆیی، بەڵام بەشێکی بچوکێتی. دی ساد بە پله‌ی یەکەم کێشەی له‌«کولتووری سێکسی» کۆمەڵگادا هەیە، بەڵام توڕەیی رامبۆ رادیکال‌و گەردونیترە. راستە رامبۆ ناچێتە زیندانەوە، بەڵام شوێنێکی دی هەڵدەبژێرێت کە وەک زیندان دوورە له‌کۆمەڵگا‌و کولتوورەکەی… هەڵهاتن بۆ دەرەوە، رووکردنە جێگایەکی تر، دەربازبوون له‌«زەلکاوەکانی خۆرئاوا» وەک خۆی ناویدەنێت. رامبۆ نەهەلستییەکی تەواوەتییە، هەموو کۆمەڵگا‌و دەرکەوتەکانی رەتدەکاتەوە‌و وێنەی مرۆڤێک بۆ خۆی دەکێشێت کە له‌دەرەوەی هەموو ئەو وێنە چاوەڕوانکراوەیە کە کۆمەڵگا‌و کولتوورەکەی ستایشیدەکەن، یاخیبوونی رامبۆ هەم سیاسی، هەم ئەخلاقی، هەم میتافیزیکییە. کۆدێتایەکە بەسەر ئەو خودەشدا کە کۆمەڵگا وەک منداڵ له‌ناویدا چاندووە، خواستێکی قووڵی گەڕانەوە دەیبزوێنێت بۆ «پاکی»… پاکیش لای رامبۆ هیچ نییە جگە له‌پاکبوونەوەی له‌وەی دین‌و سیاسەت‌و کۆمەڵگا پیسیانکردوە. رامبۆ له‌«وەرزێک له‌دۆزەخدا» وێنەیەکی خۆی دەکێشێت، وەک یاخییەک، مەستێک، بێئاڕاستەیەک، سەرلێشێواوێک، گەندەڵێک، سەر بە توخمێکی نزم‌و نەوی. رامبۆ بە پێچەوانەی مارکیز دی سادەوە هەرگیز هەوڵنادات کۆمەڵگا بخاتە سەر ئەو بڕوایەی قەبووڵیبکەن… لێرەوە گەرچی مۆدێلی دی سادییانەی مرۆڤ بە روکەش، بێشەرەفتر‌و بێئابڕووترە، بەڵام ئاسانتر له‌و رۆحە ئانارشییەی رامبۆ له‌کولتووری خۆرئاوادا جێگای دەبێتەوە. لای رامبۆ، ئەوەی هەموو شتەکان رەتدەکاتەوە‌و کۆمەڵگا بەتەواوی رەهەندەکانییەوە دەخاتە لاوە خودی رامبۆیە… ئەو چاوەڕوانی ئەوە ناکات کۆمەڵگا دەریبکات، بەڵکو خۆی کۆمەڵگا‌و خواستەکانی دەکاتە دەرەوە، یان راستتر وایە خۆی دەچێتە دەرەوە. ئەو تۆمه‌تانەش کە دەشێت کۆمەڵگا بیخاتە پاڵی، خۆی دەستپێشخەریدەکات‌و دەیداتە پاڵ خۆی. له‌کاتێکدا دی ساد خۆی بە قوربانی‌و زوڵملێکراو دەزانێت، دی ساد سەر بە کۆمەڵگا نییە، بەڵام سەر بەم دونیایه‌یە، رامبۆ بە پێچەوانەوە نەسەر بە کۆمەڵگایە‌و نەسەر بە دونیا… یاخییەکی گەردونییە. ئەوەش جیاوازییەکی زۆر گەورەیە. رامبۆ له‌«وەرزێک له‌دۆزەخدا» دەنوسێت: «خوێنێکی گەندەڵم» «من بۆ ئەبەد له‌توخمێکی نزم‌و نەویم». ئەوەی لای من له‌ڕامبۆ دا سەیرە “بەجۆرێکی گەورەش بەردەوام له‌ژێر کاریگەریدا بووم” ئەو ناکۆکی‌و پارادۆکسە قووڵەیە کە هیچ کات دەستبەرداری نابێت. ئەوەی له‌یەککاتدا خۆی له‌و پەڕی پاکیی‌و له‌و پەڕی پیسیدا دەبینێت… هەردوو ئەو دۆخەش دژ بە وێنە باوەکەی مرۆڤ له‌فەڕەنسای ئەو دەمەدا بەکاردەهێنێت. بەلایەک دەنوسێت «من له‌ژێر باری پیسێتی خۆمدا دەناڵێنم، ئەو پیسییەی له‌هەرزەکارییەوە رەگی له‌گەڵمدا داناوە». بەسەرێکی دیش دەنوسێت «بێگوناهیم دەمگرێنێت». هەر له‌سەر ئەو ریتمەش بەردەوام هەستدەکات هەم له‌«بەهەشت»‌و هەم له‌«دۆزەخدا» یە… له‌وپەڕی هێز‌و له‌وپەڕی لاوازیشدایە.
وێنەی رامبۆ، وێنەی ئەو مرۆڤەیە کە کۆمەڵگا ناتوانێت دەستەمۆیبکات، ناتوانێت ئەنارشییتە سەرتاسەرییەکە‌و خۆنەگونجاندنە ئەبەدی‌و توڕەییە گەورەکەی بخاتە هیچ قاڵبێکەوە.
بەڵام مەرج نییە، مرۆڤ له‌زینداندا بێت یاخود له‌تاراوگەدا بژی، بۆئەوەی وەک “ئەنتی کولتووریست» دەربکەوێت. زۆربەی نوسەران خۆیان زیندان‌و گۆشەگیری دەستکردی خۆیان دروستدەکەن. من دەپرسم ئاخۆ مارسێل پرۆست” کە جگە له‌وەی له‌یادەوەریدا بژی، ژیانێکی تری نەبوو» بەهەمان ئاست‌و بە هەمان پله‌ی «دی ساد»‌و «رامبۆ» ئەنتی کولتووریست نییە؟ پەرەگرافێکی «لیۆن پاول ڤارگۆ»ـم له‌بەردەمدایە کە وەسفی پرۆست دەکات، رەنگە ئەو پەرەگرافە بەوردی ئەوەمان نیشانبدات کە پرۆستیش یەکێکە له‌و مرۆڤە رادیکالانەی ئاسان بۆمان ناخرێنە چوارچێوەی ئەم دونیا‌و ئەم ژیانە ناشیرینە. ڤارگۆ له‌وەسفی مارسێل پرۆستدا دەنوسێت «له‌کەسێک دەچوو له‌مێژبێت، هەوای پاک‌و تیشکی خۆری بەرنەکەوتبێت. وەک قالۆنچەیەک له‌مێژبێت، کونەداری خۆی جێ نەهێشێبێت». بەڵام ئێدمۆن ژالۆکس وەسفێکی وردتری پرۆست دەکات «کە مرۆڤ دەیبینی، تووشی شۆک‌و سەرسامی دەبوو. هیچ شتێکی له‌مرۆڤی ئاسایی نەدەچوو، بەردەوام له‌وە دەچوو هەر ئێستا له‌خەوێکی ناخۆش بەئاگاهاتبێت، له‌سەردەمێکی ترەوە هاتبێت، یان له‌جیهانێکی ترەوە. بەڵام چ سەردەم‌و چ دونیایەک؟ خۆی نەیدەتوانی بڕیاری له‌سەر بدات». خودی ئەم سیفەتی سەر بە دونیا نەبوونە، سەر بە زەمانێک‌و شوێنێکی دیاریکراو نەبوونە، رووبەرێکی گەورەی رۆحی مرۆڤی «ئەنتی کولتووریست» دروستدەکات. بەڵام نابێت ئەوەمان بیربچێت «ئەنتی کولتووریست» گەرچی زۆر له‌مرۆڤی «بێدەروەست ـ اللامنتمی» ـەوە نزیکە، بەڵام جیاوازییەکی گەورەشی له‌گەڵ ئەوجۆرەدا هەیە. ئەنتی کولتووریست هەمیشە پەیامێکی هەیە، بەڵام وەک کۆلن ویلسن له‌کتێبە گرنگەکەیدا سەبارەت بە بێدەروەستان له‌زمانی هێنری باربۆسەوە دەڵێت «بێدەروەست کەسێکی بێپەیامە». بێدەروەست رەنگە تەنیا رۆڵی بینەرێکی بێلایەن ببینێت، وەک پاڵەوانەکی «هێنری باربۆس» له‌ڕۆمانی «دۆزەخ» دا کە تەنیا له‌کونی ژوورەکەی خۆیەوە له‌ئوتێلێکدا تەماشای دونیای ئەو دیو دەکات. ئەنتی کولتوورییەت ناتوانێت له‌ڕۆحی شۆڕشگێڕی واتە دژایەتیکردنی سیستمی باو بگوزەرێت. هیچ شۆڕشگێڕێک له‌مێژوودا وەک ئەنتی کولتووریستەکان وشەی توندیان بەرامبەر جیهان بەکارنەهێناوە‌و وەک ئەوان دەنگیان بەرز نەکردۆتەوە. ئەوانە رەخنەگری سیستم نین، بەڵکو دوژمنی راستەقینەی سیستمن، ئەگەرچی سیستم درەنگ یان زوو بە هەموو هێزی خۆی دەیەوێت له‌ناو خۆیدا جێگایەکیان بۆ بکاتەوە.
له‌ئەدەبیاتی خۆرهەڵاتیشدا هەندێ ئەنتی کولتووریست‌و دوژمنانی سەرتاسەری دونیای باومان هەیە. دیارە ئەوە پێویستی بە نوسینێکی تایبەت هەیە، بەڵام لێرەدا تەنیا ئاماژە بە دوو ئەنتی کولتوریستی گەورەی ئەدەبیاتی عەرەبی دەکەم. یەکەمیان ئەبو عەلای مەعەرییە کە یاخییەکی میتافیزیکی‌و گرنگی کۆی جیهانی کلاسیکە، دینێک‌و دیاردەیەکی دونیای خۆی نامێنێت گاڵتەی پێنەیەت، ناوی خۆی دەنێت «رهین المحبسین»‌و چل ساڵ دەچێتە ژوورێ‌و له‌دونیا دادەبڕێت‌و نایەتە دەرێ. تا دەگەینە سەر هۆمۆسێکسوێل‌و بیسێکسوێلێکی وەک «ئەبو نەواس».. کە له‌وێنەی خۆیدا کەسێکی تەواو جیاواز له‌و وێنەیە پێشکەشی دونیادەکات کە کۆمەڵگای ئیسلامی قەبووڵێتی. شەرم نە له‌ڕازی خۆی‌و نە له‌خواستی خۆی‌و نە له‌بێدینی خۆی ناکات.
بە گشتی ئەنتی کوکداتووریستەکان ئەوانەن کە نابن بەو کەسە‌و ئەو رۆڵه‌یاری ناکەن کە ئەوانی دی دەیانەوێت… نوێنەری رۆحی تاقانە‌و دەستەمۆی ناو مرۆڤن، هیچ گروپ‌و هێزێک‌و مێگەلێک بەدوای خۆیاندا کێشیان ناکات. ئەوەندەی بەدوای دروستکردنی حەقیقەتی خۆیاندا وێڵن، بەدوای خۆگونجاندندا له‌گەڵ دونیادا راناکەن… دەشزانن بۆ ئەوەی بگەن بە خۆیان دەبێت ئامادەبن له‌و بەهایانە دووربکەونەوە کە ئەوانی تر دروستیانکردوە.

Entry filed under: به‌ختیارعه‌لی. Tags: .

هیچ پارتێکی‌ کوردی‌ دروشمی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ کوردستانی‌ هه‌ڵنه‌گرتووه‌. ئایا که‌رامه‌تی ئینسان له‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا پارێزراوه‌؟

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,040 hits

%d bloggers like this: