بیـــست ساڵ تێـــپەڕی:٣٠خورداد ١٣٦٠ (٢٠ حوزەیران ١٩٨١)

2011/07/01 at 5:26 PM Leave a comment

ووتووێژی  ڕادیۆ ئینتەرناسیوناڵ لەگەڵ منصور حکمەت١٥ حوزەیران ٢٠٠١

ڕادیۆ ئینتەرناسیوناڵ: ڕێگا بدەن تا بە هێنانەوەی قسەیەک لە ووتاری “مێژووی کۆڵنەدەران”ەوە دەستپێبکەین، کە لە ساڵی ١٣٧٥ چاپکراوە. ئێوە لە کۆتایی ئەم ووتارەدنووسیوتانە:”سەرەنجام،شۆڕشی ١٣٥٧(١٩٧٩) وەکو زۆربەی شۆڕشەکان، لە دوایین جاردا نەک لە ڕێگای فریوکاری‌و پیلانگێڕیەوە، بەڵکە بە سەرکوتی خوێناوی بێوێنە شکستی پێهێنرا. بڕگەی نێوان ٢٢ی بەهمەن ١٣٥٧ کە بەرامبەرە بە(١١ی شوبات ١٩٧٩) هەتا ٣٠ی خورداد ١٣٦٠ بەرامبەر بە (٢٠ی حوزەیران ١٩٨١) سەرتاپێی ئەو دەرفەتە بوو کە ئیسلام‌و جووڵانەوەی ئیسلامی لە ڕێگای هەموو ئەم سەرمایەگوزاری‌و هەوڵ‌و تێکۆشانانەیەوە توانی بیکڕێت بۆ وەکیلەکانی ڕژێمی بەچۆک هاتووی شا. وە بێگومان جگە لە سەرکوتی شۆڕش نیازێکی تریان نەبوو. لە مێژووی واقعی ئێراندا، ٣٠ی خورداد(٢٠ی حوزەیران ٨١) لەگەڵ ١٧ شەهریوەر کە بەرامبەرە بە(٨ی ئەیلول ١٩٧٩) یەکدەگرێتەوە، وە ئەڵقەی دواتری ئەوە”

ئەم نووسینەی تۆ بە تەواوی لەگەڵ تێگەیشتنی گشتی سەبارەت بە شۆڕشی ٧٩ جیاوازە. لەنێو لێکدانەوەی گشتیدا جمهوری ئیسلامی بەرەنجامی شۆڕشی ٧٩یە. بەڵام تۆ جمهوری ئیسلامی‌ لەگەڵ ڕژێمی شا، وە ٨ی ئەیلول ٧٩ کە ڕۆژی سەرکوتی خوێناوی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی بوو لەلایەن ڕژێمی شاوە لەگەڵ ٢٠ی حوزەیران گرێ ئەدەیتەوە، وە ئەم دوو مێژووەشت بە دوو بڕگەی سەرکوتی شۆڕش ناوزەد کردووە. بۆچی؟

منێور حکمت: بە تێڕوانینی من هەر ئینسانێکی بێلایەن کە سەیری ئەو مێژووە بکات (وە من ڕاسپاردەم ئەمەیە بە تایبەت بۆ کەسانێک کە خۆیان تاقیکردنەوەی زیندوویان لەو سەردەمە نیە، حەتمەن چاو بخشێننەوە بەو مێژووەدا) ئەبینن کە پێشهات ئاوها بوو کە خەڵک لە دژی ئیستیبدادی ڕژێمی شا ڕاپەڕین، بە پۆلیسی نهێنییەوە، بە زیندانەکانیەوە تا بە ئەشکەنجەگاکانی. لەو کۆمەڵگایەدا ئازادی بەیانی بیروڕا بوونی نەبوو، ئازادی چاپەمەنی نەبوو، ئازادی ڕێکخراوەو هەڵسووڕانی یەکێتیە کرێکاریەکان لە ئارادا نەبوو، ئازادی نواندنی چالاکی سۆشیالیستی نەبوو، ئازادی هیچ جۆرە هەڵسوڕانێکی سیاسی نەبوو. حکومەتێکی ستەمگەر، تاکەکەسی، پشت بەستوو بوو بە سوپا، بە پۆلیس‌و پۆلیسی نهێنی. کۆمەڵگایەک بوو نوقوم بووبوو لە نێو نایەکسانی ئابووری، هەژاری بێئەوپەر بە تەنیشت سەروەتی بێئەژمارەوە. خەڵک لە دژی ئەمانە ڕاپەڕین، لە پێناو یەکسانی، بۆ ئازادی لە چنگاڵی ستەمگەری سیاسی‌و چەوسانەوەی ئابووری. ئەم شتە بوو بە شۆڕشی ٧٩ ناسرا.

کاتێک ئاشکرا بوو کە ڕژێمی شا توانای سەرکوتی ئەم جووڵانەوەیەی نیە، بزووتنەوەی ئیسلامی کە وەکو ڕەوتێکی کۆنەپەرست، دژ بە شارستانیەت، دژ بە مۆدێرنیزمی کۆمەڵایەتی، دژ بە مافەکانی ژنان، دژ بە گەشەکردن، یەک بزووتنەوەی دواکەوتووی کۆنەپەرست، کە لە کۆنەوە لە قوژبنێکی کۆمەڵگای ئێراندا کەوتبوو، پەڕو باڵ پەیدائەکات. یەکێک لە کەسایەتیەکانی ئەم بزووتنەوەیە، واتا خومەینی، کە بۆ عێراق دوورخرابۆوە دەرئەهێنن‌و ئەیبەن بۆ پاریس‌و ئەیخەنە ژێر ڕووناکی پرۆجێکتۆرەکانیانەوە. لەو کاتەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندن‌و دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی بە شێوەیەکی فراوان پڕوپاگاندە بۆ ڕەوتی ئیسلامی ئەکەن وەکو ئەڵتەرناتیڤێک کە ئەتوانێ‌و ئەبێت جێگای حکومەتی شا بگرێتەوە. دەرەنجام ژەنەراڵ هوەیزەر لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە دێت بۆ ئێران‌و لەگەڵ سوپا دائەنیشێت‌و وەفاداری سوپا بۆ خومەینی بەدەست ئەهێنێت. بەشی گەورەی ئۆپۆزیسیۆنی میللی‌و سوننەتی ئەو دەم، جەبهەی میللی‌و حزبی تودەو ئەمانە پشتیوانی خۆیان بۆ ڕەوتی ئیسلامی ڕائەگەیەنن‌و بە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنە ڕەوتی ئیسلامی پاڵ پێوە ئەنرێت بۆ ڕەئسی ڕابەرایەتی خەبات لە دژی رژێمی شا. خەڵک بە پێچەوانەی ئاراستەی ڕەوتی ئیسلامیەوە ڕاپەڕین ئەنجام ئەدەن، ڕاپەڕینی ١١ شوبات ٧٩، وە سەرەنجام سوپای شا لە یەک ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا شکست پێدێنن. بەڵام ئاکامی ئەم ڕەهەندە پەیدابوونی حکومەتێک ئەبێت لەژێر ڕابەرایەتی‌و کۆنترۆڵی ڕەوتی ئیسلامیدا.

بەم پێیە ئەو دوو ساڵ‌و نیوەی کە لە بڕگەی ١١ی شوبات ٧٩ تا ٢٠ی حوزەیران ٨١ ئەگوزەرێت، بە واتای تایبەتی ووشەکە هێشتا سەردەمی حکومەتی جمهوری ئیسلامی نیە… سەردەمانێکی تاڕادەیەک کراوەی سیاسیە کە دەوڵەت دەسەڵاتی سەرکوتی فراوانی نیە، هەرچەند شەقاوەچێتی هەیە، چەقۆکێشی هەیە، ئیسلامیگەری هەیە. خەڵخاڵی هەر ئەو دەمە جەللادی بۆ ڕژێم ئەکات، لەگەڵ ئەمەشدا ڕژێم ئەو دەسەڵاتەی نیە کە جووڵانەوەی ڕوولەسەری خەڵک بەو توندوتیژیە سەرکوت‌و پووچەڵ بکاتەوە. حزبە سیاسیەکان لە هەموو لایەکەوە سەردەردێنن، کتێبەکانی مارکس‌و لینین لە هەموو شوێنێک ئەفرۆشرێن، ڕێکخراوە کۆمۆنیستیەکان ڕۆژنامە بڵاوئەکەنەوە، شورا کرێکاریەکان پێکئەهێنرێن، ڕێکخراوە جیاوازەکانی ژنان دائەمەزرێن، شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان بەرفراوان ئەبنەوە. تا ئەو شوێنەی کە لە ٢٠ی حوزەیران ٨١ یەک کودەتای خوێناوی دژەشۆڕشی- ئیسلامی شکڵئەگرێت. هێرش ئەهێنن‌و ڕۆژی ٣٠٠ کەس، ٥٠٠ کەس لە زیندانی ئەوین‌و لە سەرانسەری ووڵات ئیعدام ئەکەن، ڕۆژنامەکان دائەخەن‌و موخالیفانیان ڕاوەدوو ئەنێن. ئەمە ئەو دیاردەیەیە کە ڕێگای خۆشکرد ئەمڕۆکە جمهوری ئیسلامی بوونی هەبێت. بڕگەی پەیدابوون‌و جێگیربوونی جمهوری ئیسلامی، ٢٠ی حوزەیران ٨١ ە، نەک ١١ی شوبات ٧٩. ١١ی شوبات شۆڕشی خەڵکە، وەلێ لە ١٧ی شەهریوەر ٥٧ کە بەرامبەرە بە ٨ی ئەیلول ٧٩ (کە ڕۆژی تەقەکردنی سوپای شایە ڕوو بە خەڵک‌و ڕۆژی کوشتارە لە مەیدانی ژاڵەی تاران) تا ٢٠ی حوزەیران ٨١ ناوبڕێکە کە لەوێدا هێزەکان‌و دەوڵەتە ڕاستڕەوەکان هەوڵی خۆیان خستەگەڕ تا بەر بە شۆڕشی خەڵکی بگرن. وە لە دوایین جاردا ٢٠ی حوزەیران ئەو بڕگە مێژووییەیە کە ئەم سەرکوتەی تیادا ئەنجام ئەدرێت.

جێگای خۆیەتی وەبیری بێنمەوە کە تاوانی ئیعدامەکانی حکومەتی ئیسلامی بە شێوەی سەرەکی لەسەر ڕووی لیستی کەسانێک ئەنجامدرابوو کە لە سەردەمی ڕژێمی شادا کەوتبوونە زیندانەوە. کەسێک کە لە لایەن ڕژێمی شاوە بە دوو مانگ زیندان حوکم درابوو لە لایەن حکومەتی ئیسلامیەوە ئیعدام کرا. هەمان ئەو کەسانەیان گرت‌و کوشت کە ڕژێمی شا ئەیویست بیانگرێ‌و بیانکوژێت بەڵام نەیئەتوانی…

ڕادیۆ ئینتەرناسیوناڵ: کەوابێت جمهوری ئیسلامی کاری سەرکوتی شۆڕشی تەواو کرد، کارێک کە شا لەتوانایدا نەبوو ئەنجامی بدات، وە لە ڕاستیدا تۆڵەی لەو خەڵکە کردەوە کە لە دژی ڕژێمی شا شۆڕشیان ئەنجامدابوو. بەڵام بە چی شێوازێک توانی ئەم کارە ئەنجامبدات؟ چونکە هەتا هەمان ڕۆژی ٢٠ی حوزەیران ڕۆژنامە چەپەکان هەبوون، خۆپیشاندانەکان سازئەکران، وە سەرەڕای دەسگیرکردن‌و جەنگ‌و دەعوا لەگەڵ شەقاوەو تێڵابەدەستەکان، ئازادی بوونی هەبوو. ٢٠ی حوزەیران کام تایبەتمەندی هەبوو وا حکومەتی ئیسلامی توانی خۆی مەحکەم بکات‌و جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانە چیتر نەتوانێت سەر بەرز کاتەوە؟

منێور حکمت: ئەمە یەک کودەتای لێوان لێو بوو لە زەبرو زەنگ کە لەسەر بنچینەی ئیعدام‌و کوشتاری فراوان بەسەرکەوتن گەیشت. وەکو ئێستا نەبوو کە ١٦ دانە ڕۆژنامەی دۆستانی خۆیان دابخەن‌و تەرەف بڕوات خۆی بە دادگا بناسێنێ‌و هێشتاش بە جەنابی فڵانی بانگی بکەن. ڕژانە شەقام‌و هەر کەسێک پێیان وابوو قیافەی لە موسڵمان ناچێت گرتیان، ووتیان ئەم یەکەیان بیبەری تیژ‌و خوێ لە گیرفانیدا بووەو بەنیاز بووە بیوەشێنێت بە چاوی سوپاو کۆمیتەچیەکاندا. کەسێک شیعرێکی ووتوە، کەسێک کە دەرکەوتووە سۆشیالیستە، کەسێک کە زانراوە بەرگری کارە لە مافەکانی ژنان، کەسێک کە بەبێ حیجاب بە شەقامدا گەڕاوە، کەسێک کە بە سەرو سیمایدا وەکو ئینسانێکی چەپ وێنایان کردووە، ئەیانگرت‌و ئەیانبردو هەر ئەو شەوە ئەیانکوشت. ئامارو ژمارەو داتاو شاهیدی ئەم تاوانانە زۆر بە فراوانی لەبەر دەستان. ڕۆژێک دادێت کە خەڵکی ئێران‌و جیهان دائەنیشن‌و سەیری دادگایی کردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە ئەکەن. لەو ڕۆژگارەدا خەڵکی جیهان لەپێناو سەدان هەزار قوربانی ئەو تاوانکاریانەی کە لە ٢٠ی حوزەیران ٨١و دوای ئەویش کە بە شێوەی بەردەوام‌و سیستماتیک لە ساڵەکانی دواترو بە تایبەت ساڵی ٨٩ لە ئێران ئەنجامدراون، فرمێسک ئەڕێژن.

ئەمە یەکێک لە تاوانکاریە گەورەو بێوێنەکانی سەدەی بیستەم بوو. شایانی بەراووردکردنە بە ئەڵمانیای نازی، شایانی بەراووردە لەگەڵ کوشت‌و کوشتار لە ئەندۆنیسیا، قابیلی بەراوورد کردنە بە پاکسازی قەبیلەیی نەوە دوای نەوە لە ڕواندا، زۆر دڕندانەترە لەو کارەساتانەی کە لە شیلی پێشهاتن. یەکێکە لە کارەساتە گرنگەکان‌و تراژیدیا دڵتەزێنەکانی سەدەی بیست. کوتەک کاریان کرد، سەرکوتیان سازدا، خوێنیان ڕژاند، لە گۆڕە بێ ناوو نیشانەکاندا بە کۆمەڵ ئینسانیان کردە ژێر خاکەوە، مرۆڤگەلێکی ئیجگار ئێجگار زۆر، نازەنین ترین‌و پڕشۆرترین‌و ئازادیخوازترین ئینسانیان بە مەرگ مەحکوم کرد، هەتا لەسەر کار بمێنن.

ڕادیۆ ئینتەرناسیوناڵ: ڕابەرانی جمهوری ئیسلامی کە ئێستاکە بەربوونەتە گیانی یەکتر، لەو سەردەمەدا، هەموویان پێکەوە لەم سەرکوتەدا هاوبەش بوون، مەبەستم باڵی ڕاست‌و دووی خوردادیەکانە (دووی خوردایەکان مەبەست لێی باڵی محەمەد خاتەمیە- و) کە ناوی چەند کەسێکیان لێرەدا دێنم…بەهزاد نەبەوی ئەو کاتە ووتەبێژی ڕەسمی دەوڵەت بوو بەڵام ئێستا لە ڕابەرانی بەرەی دووی خوردادە، حەجاریان لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی تۆقێنەری ئیتلاعات بوو وە شەخسی خاتەمی لە دەوڵەتدا بوو. چۆن چۆنی ئەمە پێشهات کە ئەمانە یەکپارچە لە سەرکوتی ٢٠ی حوزەیران هاتنەدەرەوەو ئێستا بەربوونەتە وێزەی یەکتر؟

منێور حکمت: کوتلەبەندی‌و باڵی جیاجیا هەر ئەوساش لە ناو جمهوری ئیسلامیدا هەبوو بەڵام ئەم کوتلەبەندیەی ئێستا نەبوو کە ئەیبینین. وەکو نموونە موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی‌و حزبی جمهوری ئیسلامی‌و خەتی ئیمامیەکان(مەبەست باڵی خومەینیە- و) لە ڕیزی پێشەوەی حکومەتدا بوون. ڕیزبەندیەکان بە جۆرێکی دیکە بوون. نەهزەتی ئازادی کە ئێستا بەشێکە لە بەرەی دووی خورداد، خۆی یەکەمین قوربانی خەتی ئیمامیەکان بوو کە خودی ئەوانیش ئێستاکە بەشێکن لە دووی خورداد. ئەوسا دەوڵەت لەژێر دەستی ئەم خەتی ئیمامیانەدا بوو. مەبەستم کابینەی حکومەتە. هەروەکو تۆ ووتت، بەهزاد نەبەوی ووتەبێژی ڕەسمی دەوڵەتی ڕەجایی بوو. ئەم دیاردەیەی دووی خورداد کە دواتر پەیدابووە زۆرێک لەو عەناسرو گروپانە ئەگرێتەبەر کە ئەوکاتە لە ڕیزی پێشەوەی سەرکوت کردندا بوون. زۆرێک لەمانە کە ئێستا بوونەتە قوتابی ڤۆڵتێرو بوونەتە دیموکرات وە بە خۆیان ئەڵێن ڕۆژنامەگەر، ئەوسا پاسدارو موحەقیق‌و شکەنجەگەرو بەرپرسی ئیعدامی خەڵکی بوون. دەرەنجام ئەمە ئەزموونی هاوبەشی هەردوو باڵەکەیە. دووی خوردادیەکان بە هەمان ڕادە بەشدارن لە سەرکوتی ٢٠ی حوزەیراندا وە بە هەمان ڕادەش ئەسڵ‌و بنەچەیان ئەگاتەوە بە ٢٠ی حوزەیران هەر وەکو چۆن لاجیوەردی‌و گەیلانی‌و خومەینی‌و خامنەیی ئەگەڕێنەوە سەر ئەر ڕۆژە ڕەشە. ئەمە دەوڵەتی ئەمانە بوو. خومەینی، کە پێویستە ناوی وەکو یەک کۆنەپەرستی خوێنڕێژو تاوانکار لەدژی مرۆڤایەتی لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو جێگیر بکرێت، لە سەری سەرەوەی ئەم بزاوتەوە بوو وە سەرجەمی ئەم جەماعەتە بەشوێنیدا دەستیان لەسەر سنگیان بۆی دانابوو.

بڕوام وایە کە گەلێک پڕبایەخە خەڵکی ئێران لاپەڕەکانی ئەو مێژووە هەڵدەنەوە، مراجەعەی ئەم کەسانە بکەنەوە لەم بیست ساڵەدا، وە بە تایبەتی ماهیەتی جیاوازیەکانی ئەمڕۆی ئەمانە بناسن.

لە ناوبڕی ٢٠ی حوزەیراندا ئەمانە لەگەڵ یەکتر جیاوازیان لەسەر ئەم شتە نەبوو کە حکومەتی ئیسلام لە ڕێگای کوشت‌و کوشتارەوە لە دژی ئازادیخوازیی‌ خەڵکی لەسەر پێی خۆی ڕاگرن. ئەم کارەیان ئەنجامدا. ئێستاکەش لەژێر بارودۆخی جیاوازدا هەوڵ‌و تەقەلایان هەر ئەمەیە. ئەیانەوێت حکومەتی ئیسلام لە بەرامبەر بە ئازادیخوازیی خەڵکیدا لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ‌و بیپارێزن.

ڕادیۆ ئینتەرناسیوناڵ: ئایا ئەشێ بووترێ کە بەپێی ئەم تێگەیشتنە بێت دووی خوردادیەکان لە سیاسەتی خۆیان پەشیمانن لە ٢٠ حوزەیراندا وە پێیانوایە ئەبوایە بە شێوازێکی دیکە کاریان بکردایە؟

منێور حکمت: هەرگیز! دووی خوردادیەکان ئێستا خۆیان بە شانازیەوە پێتانئەڵێن کە هەمان ئەو کەسانەن کە ٢٠ی حوزەیرانیان بەرپاکرد. لە ٢٠ی حوزەیران پەشیمان نین، ئەڵبەتە دواتر لە ڕۆژی دادگایی کردنیاندا پەشیمان ئەبنەوە، بەڵام ئێستا پەشیمان نین. ئێستا کارێک ناکەن کە لە “خودیەتی” خۆیان کەم کاتەوە. لە کۆتاییدا ٢٠ی حوزەیران هەر ئەو ئاماژەیەیە کە خودی‌و غەیرەخودی پێناسە ئەکات. پێناسەی خودی کەسێکە کە لە بەرامبەر بە موخالیفدا بەرگری لە “ڕژێم” کردووە، وە ٢٠ی حوزەیران گرنگترین بڕگەی ئەم دیاردەیەیە. ٢٠ی حوزەیران بڕگەی لەدایکبوونی جمهوری ئیسلامیە. ئەگەر کەسێک لەم جەماعەتە لە دژی ٢٠ی حوزەیران هەڵوێستە بکات قاچی ئەکەوێتە دەرەوەی ناوجەرگەی خودیەکانەوە.

بەڕای من درەنگ یان زوو، وە گەلێک زووتر لە کاتێک کە سەرانی حکومەت بیری لێئەکەنەوە، دادگایی ئازادی خەڵکی لەپێناو گەیشتن بە ڕاستی تاوانە دژە مرۆییەکانی ئەمانە دەستپێئەکات. ئەمانە کەسانێک نین کە بتوانن پارەو پوولیان هەڵگرن‌و بچنە لۆس ئەنجلس دانیشن. سەرو سەکوتی زۆرێک لەمانە دێر یان زوو ئەگاتە بەردەم دادگاییەکانی جەماوەر. یەکێک لەو قەڵەمڕەوانەی کە دەبێت ئەم دادگایانە بیخاتە دەستووری خۆیەوە، سیناریۆی ٢٠ی حوزەیرانە، وە ئەمەی کە هەر یەکێک لەم کەسانە سەبارەت بەو مێژووە چی ئەزانێت، لەو مێژووەدا کام ڕۆڵی هەبووە، وە ئەتوانێ چی شتێک ئاشکراو ڕیسوا بکات وە لە دەردناکیی ئەو کارەساتە مێژووییە بەسەر سەری کۆمەڵگاوە کەم بکاتەوە.

ڕادیۆ ئینتەرناسیوناڵ: حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کەمپینێکی بۆ ڕیسواکردنی پێشهاتی ٢٠ی حوزەیران و بۆ بەرزڕاگرتنی گیانبەخت کردوانی ٢٠ی حوزەیران ڕێکخستووە. ئامانجی ئەم کەمپینە چیە؟

منێور حکمت: پێموایە ٦٠ تا ٧٠ دەرسەدی خەڵکی کەسانێکن کە ٢٠ی حوزەیرانیان لە یاد نەماوە. بەڵام ئەمە بڕگەیەکی گرنگی پەیدابوونی جمهوری ئیسلامیە. ئێمە ئامانجمانە ئەم ڕاستیە وەبیری نەوەی ئەمڕۆ لە ئێران‌و جیهان بهێنینەوە، وەبیر بێنینەوە کە جمهوری ئیسلامی کە ئێستا لەسەر کارە بەرەنجامی یەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی گەورەیە. یەکەمین شت ئەمە پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە، جێگیر بکرێت، قسەی لەبارەوە بکرێت، ڕیسوا بکرێت فەرامۆش نەبێت.

دووهەم، ئەم ئادەمیزادانە هێشتا لە مەیداندا ماون. هەر ئەو ئادەمیزادانەی کە لە ٢٠ی حوزەیران ٨١ بەدواوە ئەو هەموو کوشتارو تاوانکاریانەیان سازمانداوە هێشتا سیاسەتمەداری ئەو ووڵاتەن. نوێنەری ئەنجومەنن، لە کابینەی حکومەتدان، سەرۆکی دەسەڵاتی قەزایین، ڕابەرن، سەرۆکی سوپان، سەرانی سوپای پاسدارانن. خەبات لە دژی ئەمانە بەردەوامە. پەروەندەی ئەمانە بەلای خەڵکەوە کراوەیە، پەروەندەی ئەنجامدەرانی تاوانی ٢٠ی حوزەیران. ئەمە خۆیشی یەکێکە لە مەیدانەکانی خەبات لە دژی حکومەتی ئیسلامی، لە دژی بونیادەکانی، لە دژی کەسایەتیەکانی لە خومەینی‌و بەهەشتیەوە، تا خاتەمی‌و خامنەیی‌و ڕەفسەنجانی‌و گەیلانی‌، وە هەموو ئەو کەسانەی کە لەم ڕەوەندەدا ڕۆڵیان بووە، وە ئەمە بەشێکە لە ململانێی ئێمە لەگەڵ جمهوری ئیسلامی.

لە بڵاوکراوەی (انترناسیونال هفتگی) ژمارە ٥٨ وەرگیراوە

٢٥ خورداد ١٣٨٠ (١٥ حوزەیران ٢٠٠١)

حەمە غەفور لە فارسیەوە وەریگێڕاوە(حوزەیران٢٠١١)

Entry filed under: مـــه‌نسوورى حيكمه‌ت. Tags: .

پشتــــــگیری لــــــه‌ بـــایـــكۆتـــكردنی كــــــاری سیــــــاسی نـــاكـــه‌م پڕۆژەو پاکیجەکانی چاکسازی، پەیوەندیان بە گرفتە بناغەیەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,937 hits

%d bloggers like this: