لــــــە یــــــادی ســــــی ساڵــــــەی هــــــوشەنگی تــــــەوحیــــــدی‌دا

2011/07/02 at 5:01 PM Leave a comment

بەرەبەیانی ڕۆژی 8ی مانگی پوشپەڕی ساڵی 1360ی هەتاوی، یانی ڕێک سی ساڵ لەوە پێش لە زیندانی شاری تەورێز چوار کەس گوللە باران کران. چوار کەس لەوانەی کە شکەنجە چۆکی پێ دانەدان، چوار کەس لەوانەی کە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیان هەرگیز نەسەلماند، چوار کەس لەوانەی کە لە خەونەکانیاندا هیچ منداڵێک برسی و بێ ناز و هیچ مرۆڤێک ژێر دەستە و کەسەر نەبو. لەو بەیانیەدا پێش ئەوەی تەورێز لە خەو هەستێ چوار تێکۆشەری جەسور، چوار ڕۆحی نەسرەوتو چوار کەس لەو ”هەڵاڵانەی  لە سەر بەرد ئەڕوێن”لە حەساری زینداندا لە بن دیوارێک ئیعدام کران. ئەو چوار کەسە بریتی بون لە ئازیزان ئەمجەد و ماجدی مستەفا سوڵتانی، براکانی کاک فواد، ئیسماعیلی یەگانەدوست تێکۆشەری ئازەری و خەڵکی شاری تەورێز و هوشەنگی تەوحیدی خەڵکی شاری سەقز.

لەو ساڵانەدا لە هێندێک لە شارەکانی دەرەوەی کوردستان، کۆمەڵە چالاکی ڕێکخراوەیی و سیاسی هەبو. شاری تەورێز یەکێک لەو شارانە بو کە لە زوەوە کۆمەڵە تێیدا پێگە و ڕێکخراوی دامەزراندبو. لە هێرشێکی پاسدارانی ئیسلامیدا بۆ سەر ماڵی ئیسماعیل، ئەمجەد و  هوشەنگ و ئیسماعیل لە گەڵ هێندێک کەلوپەل کە ئامادە کرابون بۆ ناردنەوە بۆ کوردستان دەگیرێن. چونکە ماڵەکە ماڵی ئیسماعیل بو ئەو دەسبەجێ بەرپرسایەتی هەمو شتێک وەئەستۆ دەگرێ و دەڵێ  ئەو کەلوپەلانە هی منن و ئەوانەش میوانی منن و بۆ سەردانم هاتون! جێی ئاماژەیە کە ماجد کە خوێندکاری زانستگای تەورێز و لە هەمان کاتدا کادری تێکۆشەری کۆمەڵە بو لە چەند مانگ پێشترەوە گیرابو. هەر لە یەکەم رۆژەوە هەمویان دەخرێنە ژێر ئەشکەنجەوە، ئەشکەنجەیەکی وا کە تەنیا ئیرادەی پوڵایین و باوەڕی قایم بە دروستی ڕێگا دەتوانێ بە هیچی بگرێ و چۆکی لە بەر دانەدا.

چەند ڕۆژ دوای گیرانەکەیان، دایکی و بابی و بەدری خوشکی هوشەنگ کە خۆی ئەندامی تەشکیلاتی نهێنی شاری سەقز بو دەچن بۆ زیندانی تەورێز بۆ چاوپێکەوتنی، هوشەنگ بەدری حاڵی دەکا کە هاوڕێیانی کۆمەڵە ئاگادار کەوە کە من دەمەوێ بە بازجوەکان بڵێم کە ئەو کەلوپەلانە هی منن و ئیسماعیل تەنیا ڕەفیقی منە کە من کەڵکم لە ماڵەکەی وەر گرتوە! ئەو ئاگاداری هیچ شتێک نیە! بەو جۆرە دەیەوێ هەمو بەرپرسایەتیەکە بگرێتە ئەستۆی خۆی و گیانی ئیسماعیل بپارێزێ، چونکە لە ڕاستیشدا ئەو ئەندامی کۆمیتەی تەشکیلاتی کۆمەڵە لە تەورێز بو و ئەو کەلوپەلانەش ئەو لە ماڵی ئیسماعیلی دانابو. بۆ جاری دوهەم دوای چەند ڕۆژ کە بەدری و دایکی و بابی دەچنەوە بۆ زیندان بۆ چاو پێکەوتنی، دەبینن کە شوێنەواری شکەنجەی زۆری پێوە دیارە و تەنانەت لە بەر ئێش و ئازاری زۆر ناتوانێ بە پێوە ڕاوەستێ لە بەرەوڕو بونەوە لە گەڵ بنەماڵەکەیدا وەک هەمیشە کە ڕەسمی خۆی بو بە نێوچاوانی کراوە و زەردەخەنەوە پێشوازیان لێدەکا. زۆر دڵخۆشی دایکی دەداتەوە و دەڵێ پەرۆشی من مەبن. لە کاتی ڕۆیشتنەوەدا بەدری حاڵی دەکا کە هیچیان هیچ زانیارێکیان لە سەر نهێنیەکانی تەشکیلات نەدرکاندوە، بە بەدریش دەڵێ کە ئەو جار تۆ مەیەوە بۆ ئێرە چونکە لەوانەیە بتگرن. لەو ماوەیەدا کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە دەکەوێتە حەولی ئەوەی  کە ئەو چوار کەسە لەگەڵ چەند دیلی شەڕ کە لە زیندانی کۆمەڵەدا بون بگۆڕێتەوە، لە پێشوترەوە بۆ گۆڕینەوەی ماجد حەولی زۆر درابو، بەڵام ئەو حەولانە بە پێچەوانەی جارەکانی پێشو بێ ئاکام دەمێنیتەوە و سەر ناگرێ. سەرئەنجام ڕۆژی 8ی پوشپەڕ، ڕادیۆی رێژیم لە تاران هەواڵی  ئیعدامی ئەو چوار ڕۆڵە تێکۆشەرە لە زیندانی تەورێز، وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامی، بڵاو دەکاتەوە.

بۆ دوایین جار کە دایکی هوشەنگ دەچێتەوە بۆ تەورێز، بۆ ئەو شارەی کە لەوێ هوشەنگی گەورە کرد و پێ‌گەیاند ڕو دەکاتە سەردخانە کە  تەرمەکەی وەرگرێتەوە. تەرمی ئیسماعیل دەدرێتەوە بە بنەماڵەکەی و تەرمی ئەو سێ ئازیزەی دیکەش، بنەماڵەکانیان دەیان هێننەوە بو کوردستان. بۆ بنەماڵەی سەربەرزی مستەفاسوڵتانی کارەساتەکە لە ڕادەبەدەرە کە لە حاڵێکدا هێشتا برینی گیان بەخت کردنی سێ ڕۆلەی قارەمانی دیکەیان خۆش نەبۆتەوە، ئەمجەد و ماجدیش لە گۆڕستانی ئاڵمانە ئەسپەردە بکەن! تەرمی هوشەنگ پێش ئەوەی 24ساڵ پڕ کاتەوە لە گۆرستانی شاری سەقز ئەسپەردە دەکرێ.

داستانی تێکۆشان و خۆڕاگری سەربەرزانەی ئەمجەد و ماجد و ئیسماعیل و هوشەنگ لە بەرابەر شکەنجەی لە ڕادەبەدەری بە کرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیدا لاپەڕەیەکی نوێی بە کتێبی مێژوی پڕ لە شانازی کۆمەڵە زیاد کرد. ئەو چەن دێڕەی سەرەوە تەنیا فەسڵێکی کورت لەو داستانەیە.
هوشەنگی تەوحیدی ساڵی 1336ی هەتاوی لە شاری سەقز  چاوی بە ژین پشکوت. دایکی هوشەنگ لە بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سەقز و بابیشی، کاک نەجمەدینی تەوحیدی، خەڵکی مەهاباد بو و یەکێک لەو یازدە کەسە بو کە لە هاوینی ساڵی 1321ی هەتاویدا یەکەمین ڕێکخراوی ڕوناکبیری کوردی بە نێوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد)ژ ک(یان دامەزراند کە لە ماوەیەکی کورتدا کاریگەریەکی زۆری لە سەر ووشیار بونەوەی سیاسی خەڵکی کوردستان بە جێ هێشت. بەو بۆنەوە دەکرێ بڵێین کە لە ڕاستیدا یەکەمین فێرگەی سیاسی هوشەنگ بنەماڵەکەی بو. لە تەمەنی هەشت ساڵاندا ماڵیان دەچی بۆ تەورێز و تا تەواو بونی خوێندنی ناوەندی لەوێ دەمێنێتەوە، هەر لەو ساڵانەدا لە گەڵ ئارمانی سۆسیالیسم و ڕیبازی چەپ وەک ڕێگا چارەیەک بۆ ئازادی و بەرابەری ئاشنا دەبێ و لە هەمان کاتیشدا لە گەڵ چالاکانی ئەو سەردەمی کۆمەڵە کە خوێندکاری زانستگای تەورێز بون دەکەوێتە پێوەندیەوە.  ساڵی 1354 لە زانستگای ڕازی سنە لەڕیشتەی زانستەکانی ماتێماتیک) علوم ریاضی (دا دەست بە خوێندن دەکا. دوای ساڵێک بڕیاری دێتە سەر ئەوە کە وەک مامۆستا بچێ بۆ دێهاتی کوردستان و لە پاڵ مامۆستاییدا کاری سیاسی بکا، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێ وەک مامۆستا وەری گرن دەبو سەربازی بکا، لە جیاتی سەربازی وەک سوپای دانش دەینێرن بۆ دێهاتەکانی شومالی ئێران و بۆ ماوەیەک لەوێ دەرس بە منداڵان دەڵێتەوە. ئەو سەردەمە لە ژیانی سیاسی هوشەنگ، سەردەمی گەشە، و دروست بونی باوەڕ بەخۆیی و ساغبونەوەی تەواو لە سەر هەڵبژاردنی چالاکی سیاسی وەک ڕیبازی ژیانی بو. دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان زۆری پێ‌ناچێ کە شەپۆلی خۆپیشاندانە جەماوەریەکان ڕێژیمی شا دەڕوخێنێ و بە شوێنیدا لە کوردستانێش شۆرشێکی گەورەی جەماوەری لە بەرابەر دەسەڵاتی تازە پێگەیشتوی کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە ڕێ.

ئێستا ئیتر هەل و مەرجی سیاسی گۆڕاوە و بۆ کۆمەڵە و چالاکانی سیاسی کۆمەڵەش دەورەی کاری ئارامی سیاسی کۆتایی هاتوە. هوشەنگ هەرگیز بۆی ناڕەخسێ ببێتە موعەلیمی دێهاتی کوردستان، بۆێە لەسەر بڕیاری کۆمەڵە دەگەڕێتەوە بۆ تەورێز، بۆ ئەو شارەی کە ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی لەوێ ژیابو، لە تەورێز زۆر بە زوویی دەکەوێتە نێو جەرگەی کاری سیاسی و تەشکیلاتیەوە و دەبێتە کۆڵەکەیەکی قایمی تەشکیلاتی کۆمەڵە لە‌وێ. هوشەنگ زۆر زو دەبێتە کادرێکی جێی متمانە و خۆشەویست چ بۆ هاوڕێیانی لە تەورێز و چ بۆ هەمو ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە دەیناسن. خاوەنی توانایی و لێ‌هاتوییەکی تایبەتی بو بۆ پێوەندی گرتن لە گەڵ خەڵک و تەئسیر لە سەر دانان و بە قەناعەت گەیاندیان لە سەر بابەتە سیاسیەکان. هەر بەو پێیە پێوەندی و ناسیاویەکی زۆری لەگەڵ کرێکارانی کورد کە بۆ کار دەچونە تەورێز و لەوێ دەمانەوە دروست کردبو و لە نێویاندا خەریکی کاری سیاسی و ڕێکخستن بو. لە کارخانەی تەراکتۆرسازی تەورێز دادەمەزرێ و دەست بە کار دەکا و لە هەمان کاتدا پێوەندیەکی چڕوپڕیش لە گەڵ یەکیەتی کەفاشانی تەورێز)کرێکارانی کەوش دروست کردن( پێک دێنێ. لەو کاتانەدا تەورێز کارخانەی و کارگەی زۆری کەوش دروست کردنی لێ بو کە یەکیەتیەکی بە هێز و لە هەمان کاتدا چەپ و پێشکەوتویان هەبو. هوشەنگ حەولی ئەوە بو کە سیمای ڕاستەقینەی بزوتنەوەی کوردستانیان پێ بناسێنێ و لە هەمان کاتدا پشتیوانی و سەرنجی ئەوان بۆ ئەو بزوتنەوەیە ڕاکێشێ. هوشەنگ لەو کەسانە بو کە زۆر زو لەگەڵی دەبوی بە هاوڕی و زۆر زوو متمانەت پێ دەکرد. زۆر لە خۆ بۆردو بو و سەرەڕای تەمەنی کەمی ورە و توانایی  بەرپرسایەتی گەورە و مەترسیداری لە خۆی نیشاندا بو. زۆر زۆر جێگای باوەڕی ئەندامانی بنەماڵەی بو و زۆری کاریگەری لە سەر ئەوانیش دانابو. کاک نەجمەدینی بابی هوشەنگ کە لەو ساڵانەی دواییدا و لە تەمەنی 97ساڵیدا سەردانی ئێمەی لە  سۆئێد کرد، دەیکوت، من خزمەتم بە هەر دوک کۆمەڵەکە کردوە! هەم کۆمەڵەی ژ ک و هەم کۆمەڵەی زەحمەتکێشان!

یادی ئازیزی  بەرز و بەڕێزە!
خالید سیاده‌ت
2011-06-26

hushang-tahwidi-2.jpg

Entry filed under: خالید سیادەت. Tags: .

سوریا:بۆ یه‌كه‌م جاره‌ ئه مرۆ نزیكه‌ی نیو ملیۆن كه‌س له خۆپیشاندانی شاری حما به شدار بوون “گــــــه‌نــــــده‌ڵیــــــه‌كــــــی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ ئاشكرا بوو”

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,091 hits

%d bloggers like this: