چــــــالاکــــــی نــــــاچــــــالاک

2011/07/02 at 5:30 PM Leave a comment

به‌ختیار عه‌لی:ماوەیەک لەوەوبەر کەسێکم ناسی کە زۆر شەیدایانە شتی منی کۆدەکردەوە، هەموو وتارە کۆنەکانمی هەبوو، هەموو چاوپێکەوتنەکانم، بەو جۆرە نا کە وەک داتایەکی ئەلەکترۆنی له‌فایلێکی نێو کۆمپیوتەردا هەڵیگرتبێت، بەڵکو بە شێوەی گۆڤار‌و رۆژنامە، بەوجۆرەی کە لەسەر کاغەز چاپبوون، له‌کتێبی یەکەمی منەوە «گوناهو کەرنەڤاڵ» کە بەدەستنوس‌و کۆپی 100 نوسخەمان لێ چاپکرد، تا «جەمشید خان» هەموو کتێبەکانی منی بە دووجۆر هەبوو، تەجلیدکراو‌و بە بەرگی ئاسایی، له‌هەرجێگایەک وێنەیەکی من چاپبووبێت، له‌دەفتەرێکی گەورەدا ئەرشیفی کردبوون. بەشی هەرە زۆری ئەو شتانەی له‌ئینتەرنێتدا لەسەر من نوسراون دایگرتبوون‌و بە چاپکراوی له‌فایلی تایبەتدا هەڵگیرابوون… من بەشی هەرە زۆری ئەو شتانەی ئەو هەیبوو، خۆم بە چاپکراوی نەمدیبوون، ئەو زانیاریانەی ئەو لەسەر من دەیزانی خۆم نەمدەزانی، بەپێی ئەرشیفەکەی ئەو، من له‌زۆر جێگادا بووم کە هەرگیز پێم تێ نەخستوون، زۆر چاوپێکەوتنم کردبوو کە هەرگیز نەمکردوون، لەگەڵ زۆر کەس دانیشتووم کە هەرگیز نەمبینیون، خاوەنی هەندێ شتم کە هەرگیز خەونیشم پێوە نەدیون. بە کورتی گەر له‌داهاتوودا ئارەزویەکی خراپ لەسەرمدا پەیدابێت‌و بمەوێت شتێکی ورد دەربارەی خۆم بزانم، دەبێت بچمەوە سەر ئەرشیفی ئەو ناسیاوەم کە تەواوی ئەو شتانەی له‌دە ساڵی رابوردودا له‌نێتدا بڵاوبۆتەوە‌و له‌ڕۆژنامەکاندا دەربارەی من چاپبوون، لەلایەتی. دیارە بۆ من خۆشبوو خوێنەری وەها دڵسۆزم هەبێت، بەڵام خۆشبەختی‌و بەخۆنازینم تابڵێی کورتخایەن بوون، هێندەی لەگەڵ ئەو دۆستەمدا کەوتمە قسە زانیم من له‌بەردەم «خوێنەر»ێکدا نیم هیچ کارێکی جیدی منی خوێندبێتەوە، کابرا تەنیا بە ئارەزوویەکی گەورەوە شتی کۆدەکردەوە، وەک چۆن خەڵکانێک هەن پول، گەڵای وشک، پەپولە، جۆرەکانی مێشوولە، پارەی کۆن کۆدەکەنەوە، ئەو هاوڕێیەشمان شتی لەسەر من کۆدەکردەوە… بەڵام نەوەک کتێبەکانی منی بە عەشقەوە نەخوێندبووەوە، هەتا له‌ناونیشانی کتێبەکانیشمدا هەڵەیدەکرد‌و ناوەکانی تێکەڵدەکردن، کە خۆشترینیان لای من ئەوەبوو کە گووتی زۆر حەزی له‌دیوانی «ئیشکردن له‌باغەکانی خەیاڵدا» یە.
لێرەدا مەبەستم نییە خوانەخواستە سوکایەتییەک بەو دۆستەبکەم، بەڵکو نیازێکی جیدیترم هەیە، نیازمە ئاماژە بۆ دیاردەیەک بکەم کە کۆی ژیانی مۆدێرنی هەموومانی گرتۆتەوە. حاڵەتی ئەو دۆستە ئازیزە هەر تەنیا بەو پلەیە سەرەنجڕاکێش بوو کە پەیوەندی بە خۆمەوە هەبوو، بەڵام گەر وردتر بڕوانین خودی ئەم دیاردەیە بەشێکی بنەڕەتی‌و پێکهێنێکی گەورەی تەواوی ژیانی هاوچەرخە. ئەوەشی لێرەدا باسیدەکەم یەکێکە له‌کێشە فەلسەفییە گرنگەکانی دونیای ئەمڕۆ‌و نیازێکی گاڵتەی له‌پشت نییە. له‌ساڵی دوو هەزاردا فەیلەسوف‌و کولتوورۆلۆگی نەمساوی «رۆبەرت پفالەر» کتێبێکی گرنگی دەربارەی «ئینتەرپاسیڤیتەیت» نوسی. لەو کاتەشەوە خودی زاراوەی «ئینتەرپاسیڤیتەیت» شوێنێکی گرنگی له‌ژیانی فیکریدا داگیرکردوە، یەکێک لەو فەیلەسوفە ناسراوانەی دیش کە زۆرجار کار بەم زاراوەیە دەکات «سلاڤۆ ژیژک»ـە. دەکرێت زاراوەی ئینتەرپاسیڤ بە دووجۆر بکەمە کوردی بە «ناچالاکی نێوبەینی» کە وەرگێڕانێکی کەمێک حەرفییە، لەگەڵ «چالاکی ناچالاک»دا کە وەرگێڕانی ماناکەیەتی‌و له‌ڕۆحی دیاردەکەوە نزیکترە. خودی زاراوەکە بە ئەندازەیەکی زۆر پەیوەندی بە دونیای چێژ‌و لەزەت‌و ئارەزووەوە هەیە، بەو مانایەدێت، شتێکی چێژبەخش هەیە من دەیدەمە کەسێکی تر یان شتێکی تر ئەو چێژەم بۆببینێت. بۆ نمونە دوو کەس داوەتی خواردنێکی خۆشن، یەکێکیان لەبەر هەر هۆیەک بێت، ناتوانێت بچێت بۆ داوەتەکە، بە هاوڕێکەی دەڵێت «تۆ له‌جیاتی منیش بخۆ، کە تۆ خواردت وەک ئەوەیە من خواردبێتم». هەڵبەت ئەمە له‌ژیانی رۆژانەماندا زۆر دووبارەدەبێتەوە، واتە یەکێک هەیە دەبێت بە «وەکیلی خواردن»مان، «وەکیلی لەزەت»ـی ئێمە لەسەر سفرە. ژیژک نمونەیەکی باشتر دەهێنێتەوە، له‌تەواوی کۆمیدییە تەلەفزیۆنییە ئەمه‌ریکییەکاندا، هاوشان بە هەموو ئەو دیالۆگ‌و دیمەنانەی کە بەحیساب دەبێت پێکەنین بن، بەردەوام دەنگی پێکەنینێکی تۆمارکراو هەیە، پێکەنینێک لەبری ئێمە پێدەکەنێت، واتە کۆمەڵێک کەس هەن زەحمەتی پێکەنینەکەمان له‌کۆڵدەکەنەوە‌و ئێمەش بە بیستنی پێکەنینی ئەوان، بێئەوەی پێکەنیبێتین، هەستدەکەین پێکەنیوین.

هەڵبەت دیاردەکە شتێکی نوێ نییە، پفالەر له‌هەندێک کولتووری دێریندا ئەو ژنانە بە نمونە دەهێنێتەوە کە لەکاتی پرسەکاندا بەکرێیان گرتوون بۆ ئەوەی لەبری خاوەن پرسەکە «شیوەنبکەن»‌و «له‌خۆیان بدەن». لێرەدا خاوەن پرسەکە لەبری ئەوەی خۆی چێژی غەم‌و ژانی له‌خۆدانەکە بچێژێت، نوێنەرێکی هەیە ئەو کارەی بۆ دەکات. نەک هەر ئەوە، هەتا له‌درامای گریکیشدا رۆڵی کۆرس زۆرجار نزیکە له‌ڕۆڵی «وەکیلی بینەران»ـەوە لەسەر سەحنە، واتە دەبێتە وەکیلی ئەو هەست‌و سۆز‌و هەڵچوون‌و داچوونەی کە دەشێت بینەران خۆیان له‌خوارەوە هەستی پێبکەن، بەڵام کۆرس ئەو کارە له‌کۆڵ بینەردەکاتەوە‌و ناخی دڵی ئەو دەخاتە سەر شانۆ بێئەوەی بینەر چالاکییەکی کردبێت.

دیاردەکە له‌مانەش زۆر بەربڵاوتر‌و ترسناکترە، وەکیلی چێژ دەشێت ببێت بە وەکیلی هەموو شتێک، وە له‌بری مرۆڤێک دەشێت ئامێرێک بەوکاری وەکالەتە هەستێت‌و تەواوی ئەو هەست‌و نەستە ئۆرگینال‌و راستەقینانەی کە مرۆڤ دەبێت خۆی تێیدا بژی ماشێنەکە له‌بری ئەو له‌ئەستۆی بگرێت. ژیژک لەم رووەشەوە نمونەیەکی رووندەهێنێتەوە، خەڵکانێک هەن سەدان فیلم لەسەر کۆمپیوتەرەکانیان دادەگرن، بێئەوەی هیچ کات بتوانن سەیریانبکەن، یان هەر بیانەوێت سەیریانبکەن، خودی لەزەتەکە لەوەدا نییە سەیری فیلمەکە بکەیت، بەڵکو لەوەدایە هەتبێت، چونکە وەکیلێکی تر کە وەکیلی تایبەتی تۆیە سەیری فیلمەکە دەکات کە «هاردی» کۆمپیوتەرەکەتە. لێرەدا مرۆڤ چالاکییەکەی لەوەدا نییە چێژ له‌فیلم ببینێت، چێژ له‌ستاتیکای سینەما ببینێت، بەڵکو لەوەدایە «هەیبێت»‌و لای وەکیلێکی نادیار‌و نەبینراو داینابێت. گەر هەر لەو بوارەدا نمونە بهێنمەوە، دەکرێت باسی ئەوانە بکەین کە هەزاران کتێب له‌کۆمپیوتەرەکەیاندا هەیە‌و هەرگیز نایانخوێننەوە، بەڵام بوونی کتێبەکان له‌هاردەکەیاندا یان له‌کتێبخانەکەیاندا ئەو هەستەیان دەداتێ کە خوێنەرن، کە خاوەنی کتێبن‌و له‌دونیای رۆشنبیریی دانەبڕاون… دۆخی ئەو دۆستەی منیش کە لەسەرەوە باسمکرد، دۆخێکە وەک هەموو ئەو دۆخانەی دی، ئەو بۆی گرنگ نییە من چی دەنوسم، بۆی گرنگ نییە من بخوێنێتەوە، چونکە له‌جەوهەردا خوێنەرێکی نادیار هەیە کە بەوەکالەت ئەو کارەی بۆ دەکات، کە لێرەدا «ئەرشیف»ـەکەیەتی. لێرەدا ئەو بابەتەکان بۆ خوێنەرێکی نادیار کۆدەکاتەوە کە لەبری ئەو دەخوێنێتەوە، خوێنەرێک کە خۆی نییە، بەڵام ئەو هەستدەکات کە له‌نێوان خۆی‌و ئەو خوێنەرە خەیاڵییەدا جیاوازییەک نییە. وەک چۆن گەنجێک له‌کوردستان خۆی هیچ له‌چێژی یاریکردن نازانێت، خۆی له‌ژیانیدا یاریگایەکی تۆپیپێی نەبینیوە، بەڵام بەجۆرێکی هیستیریی دەبێت بە هاندەری ئەم هەڵبژاردە یان ئەو یانە، لەسەری شەڕدەکات، هاوار‌و هەڵا دەنێتەوە… چونکە له‌جەوهەردا بۆ وەکیلێک دەگەڕێت لەبری ئەو چێژی یاریکردنی بۆ ببینێت، کە وەکیلەکەشی سەرکەوت وەک ئەوە وایە خۆی سەرکەوتبێت، گەرچی خۆی هیچ شتێکی نەکردوە‌و هەزاران فرسەخیش له‌وەرزش‌و دونیای یارییەوە دوورە.

لەدونیای یاری کۆمپیوتەردا ئەم لۆژیکی «چێژ بەوەکالەت»ـە هەموو سنورێک دەبڕێت، له‌گەمەکانی نێنتێندۆوی دا، مرۆڤ دەتوانێت خۆی وەکیلێک بە ویستی خۆی دروستبکات‌و لەبری خۆی بینێرێت بۆ ناو یاریگایەکی دیگیتاڵی تا بەوەکالەت یاری بۆ بکات… لێرەدا تەواوی گەمەکە واپرۆگرامکراوە کە کەسی یاریکەر واهەستدەکات کە وەکیلەکەی بەڕاستی ئەو یاریانە دەکات کە ئەم دەیکات‌و سنوور له‌نێوان یاریکەری راستەقینە‌و وەکیله ‌دیگیتاڵەکەیدا هەڵدەگیرێت.

نمونەیەکی ترسناکتر‌و نامرۆڤانەتر لەوە له‌بواری جنس‌و پۆرنۆگرافیدا زۆر بەبەربڵاوی دەیبینین… سێکس له‌دونیای ئەمڕۆدا چیتر ئەوە نییە کە خۆت سێکس بکەیت، سێکس کۆبوونەوەی مادی دوو لەش نییە کە دەست لەیەک دەدەن‌و بۆنی یەک دەکەن‌و هەناسەی یەک هەڵدەمژن‌و دۆخێکی رۆحی‌و جەستەیی پێکەوە دەژین، بەپێچەوانەوە له‌پۆرنۆگرافیدا لەزەتی جنس بە وەکالەت هەموو دونیا داگیردەکات، هەمیشە یەکێکی تر هەیە بەوەکالەت لەبری ئێمە سێکسدەکات، لێرەوە پفالەر ئاماژە بۆ خاڵێکی زۆر گرنگی کولتووری مۆدێرن دەکات، کە کولتوورێکە بە جەوهەر زۆر دەروێشانە‌و زاهیدانەترە له‌سەردەمەکانی پێشتر، پفالەر زاراوەی «ئاسکێسە»ی گریکی بەکاردەهێنێت، کە زۆر له‌وشەی زوهدی لای خۆمانەوە نزیکە… مرۆڤی مۆدێرن بە گشتی خۆی دونیای خۆی ناژی، خۆی چێژەکان تاقی ناکاتەوە، خۆی هەستەکان بە سافی‌و رەسەنی هەست پێناکات، ئۆرگیناڵیتەیت سات دوای سات کەمنرختر دەبێت، مرۆڤی مۆدێرن زاهیدانە واز له‌چێژەکانی خۆی دەهێنێت، یەکێکی تر له‌بری ئێمە پێدەکەنێت، دەگری، سەیری فلیم دەکات، دەخوێنێتەوە، یاریدەکات، سێکسدەکات… یەکێک کە هەندێجار دیارە‌و دەزانین کێیە، هەندێجار دیار نییە‌و بکەرێکی نەبینراوە.. بەڵام له‌هەردوو دۆخەکەدا وەکیلی ئێمەی زاهیدە کە دەستبەرداری مافی راستەقینەی ژیان بووین‌و له‌هەموو شتێکدا وەکیلێکمان هەیە کە له‌بری ئێمە دەژی. ئەم دۆخە من له‌بواری نوسین‌و سیاسەتی لای خۆشماندا بە جۆرێکی بەربڵاو هەستی پێدەکەم… لەساڵانی باڵاگرتنی شۆڕشدا، شۆڕشگێڕ وەکیلی کۆمەڵگا بوو، له‌دەمێکدا کە ئێمە ناتوانین شۆڕشگێڕبین‌و شۆڕش هەڵوێستێکی فەردی‌و رۆحی‌و عەقڵی نییە، هێزێک بەکرێ دەگرین ئەو کارەمان بە وەکالەت بۆ بکات… هەڵبەت کە ئازادیش دەبین، ئەو کارە بەوەکالەت دەخەینە دەستی کەسێک یان هێزێکی دی… واتە یەکێک یان هێزێکی تر لەبری هەموومان ئازاد دەبێت‌و دەبێتە ئەو دیکتاتۆرە ناشیرینەی کە ئەمڕۆ دەیبینین. هەتا له‌ئاستی ئیمانیشدا ئەمڕۆ کەسی ئیماندار کە گوێ له‌واعیزی ناو تەلەفزیۆنەکان دەگرێت، له‌جێگایەکدا واعیز دەبێتە وەکیلی ئیمانی ئەو‌و لەبری ئەوەی خۆی خودابناسێت، یەکێک بەوەکالەت خودای بۆ دەناسێت.

هەڵبەت تیورەکە قووڵاییەکی گەورەتری هەیە، ئەو وەکیله ‌نادیارە کە دەیکەینە وەکیلی خۆمان، بە ئاشکرا هەم ریشەی دینی‌و هەم بوونێکی سایکۆلۆژی کۆنکرێتی له‌سیستمی دەرونیماندا هەیە. بۆیە ئێمە هەست بە خۆشی دەکەین کاتێک وەکیلەکەمان خۆشی دەبینێت، چونکە ئەو وەکیله ‌له‌پێکهاتەی دەرونی ئێمەدا نوێنەری هەیە. ئەو وەکیله‌یان نوێنەری «منی ئیدیال»ـە بە مانا فرۆیدییە لاکانییەکە یاخود نوێنەری «ئەویدی گەورەیە» بە مانا لاکانییەکەی «خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر وتارەکەم سەبارەت بە لاکان له‌کتێبی سێوی سێهەمدا» .

ژیژک «کە هەڵبەت هەموو دەزانین ئیشکەرێکی وردەکارە لەسەر تێزەکانی دەرونناسی فەرەنسی ژاک لاکان» تەفسیری ئەم جۆرە خۆلادانە راستەقینەیە له‌چێژ، ئەم خاوکردنەوە گەورەیە، ئەم رازیبوونە بە وێنە کاڵەکانی هەست‌و ژیان، دەگێڕێتەوە بۆ ئەو میکانیزمەی بەرگری کە لەبەرابەر چێژ «ژیوسانس»دا دروستدەبێت. مرۆڤی مۆدێرن بەوە دەبێتە ماشێنێکی پاسیڤ‌و ناچالاکی مەسرەفکردن‌و تەماشاکردن کە لەزەتی ژیانی خۆی له‌خۆی دوربخاتەوە‌و بیبەخشێت بە کەسێکی تر، ئەو دەبێت بەسەیرکەری ئارەزووەکانی خۆی نەوەکو تێرکەری ئەو ئارەزووانە. چالاکی ناچالاک بریتییە لەوەی کەسێکی دی ببینین بەو کارە هەڵدەستێت کە ئێمە ده‌مانەوێت بیکەین، ئەو کاتیش بێئەوەی ئەو کارەمان کردبێت واهەستدەکەین کردوومانە. لەو پێناوەدا مرۆڤی مۆدێرن، دەیەوێت بیسەلمێنێت کە گەورەترین ئەرشیفی بینین‌و بیستنی هەیە، چونکە بینین لەدورەوە‌و بەوەکالەت جێگای ژیانی راستەقینەی گرتۆتەوە، لەمڕوەوە خودی لاپەڕەکانی فەیسبوک دەبێتە جێگای پێشبڕکێ لەسەر ئەوەی کێ خاوەنی سەرەنجڕاکێشترین مەتریال‌و بابەتە. ژیان له‌ئینتەرنێتدا «کە دەبێت بە جێگرەوەی ژیانی راستەقینە» دەگاتە کاڵترین پلەکانی خۆی، کە له‌فەیسبوکدا شەڕی کۆکردنەوەی هاوڕێ دەست پێدەکات، ئەم درۆیە دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی، چونکە هەموو ئەو هاوڕێ کاڵ‌و نادیار‌و دەست لێنەدراوانە دەبن بە وەکیلی ئەو هاوڕێیەی کە نیمانە‌و دەبن بە جێگری ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەی کە له‌ڕاستیدا تیایناژین… بەمجۆرە هەموومان بەردەوام دەستبەرداری مافە سروشتییەکانی ژیان‌و پێکەنین‌و گریان‌و شۆڕش‌و یاریکردن‌و سێکس‌و ئیمان‌و هاوڕێتی‌و ئازادی دەبین بۆ وەکیلێکی نادیار.

بە گشتی هەموومان بە پلەی جیاواز جیاواز له‌ناو تۆڕی ئەو «چالاکییە ناچالاکە- ئینتەرپاسیڤیتەیت»ـەدا دەژین، رۆژ بە رۆژیش ناچاردەکرێین پتر پاسیفانەتر بژین. ئەم دیاردەیە لەسەر ئاستی گەردونی‌و له‌ڕووە گلۆباڵەکەشدا زۆر بە زەقی‌و ترسناکی دەبینرێت… وەک ئەوەی خۆرئاوا هەموو ژیانی راستەقینەی بۆ خۆی بردبێت‌و تەواوی دونیای دەرەوەی خۆی کردبێت بە بینەری فیلمێک کە تەنیا خۆی قارەمانەکەیەتی… لەم قۆناغە ترسناکەی گلۆبالیزەیشندا کۆمەڵگا لاوازەکانی دەرەوەی خۆرئاوا ناژین، بەڵکو تەنیا بینەری ژیانی خۆرئاوان، خۆرئاوا ئەو هێزە گەورەیەیە، ئەو «ئەویدی مەزنە» یە کە له‌بری هەموو ئەستێرەکە چالاکە‌و وەکیلی هەموومانە بۆ ژیان .

بەکورتی: دروستە گەر بڵێین زاراوەی «ئینتەرپاسیڤیتەیت» یەکێکە له‌زاراوە گرنگ‌و کەرەستە مەنهەجییە کاراکان بۆ خوێندنەوەی ژیانی تازە‌و پەیوەندییە شارستانی‌و کۆمەڵایەتییە نوێکان… زاراوەیەکە ناکرێت له‌هیچ کولتوور‌و فەزایەکی رۆشنبیریی جیدیدا ئامادەنەبێت، چونکە بەبێ ئەم زاراوەیە ئەستەمە له‌زۆر لەو وەهمە گەورانە تێبگەین کە ئەمڕۆ دەیانەوێت شوێنی ژیانی راستەقینە‌و جێگای چێژی راستەقینە بگرنەوە
ئاوێنە

Entry filed under: به‌ختیارعه‌لی. Tags: .

“گــــــه‌نــــــده‌ڵیــــــه‌كــــــی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ ئاشكرا بوو” خـــــۆرسک:خـــــۆپیـــــشانـــــدان دەســـــت پـــــێ دەکـــــەیـــــنەوە

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS مطالب سایت آزادى بيان

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,827 hits

%d bloggers like this: