سیـــــــاســـــــەت‌و جـــــــەنـــــــگەڵ

2011/07/02 at 8:00 PM Leave a comment

مه‌ریوان وریا قانیعایا سەرکردە سیاسییەکان لەبەردەم کێدا بەرپرسیارن‌و له‌چی بەرپرسیارن؟ ئایا شوێنی بەرپرسیاریەت له‌سیاسەتدا له‌کوێدایە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بەشێکی گرنگی فیکری سیاسی کۆن‌و هاوچەرخ پێکدەهێنن. لەڕاستیشدا کردنی ئەم پرسیارانە کارێکی هێجگار گرنگە، چونکە سیاسەت چالاکییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو کردەیەکە کە کاریگەری لەسەر ژیانی ملیۆنەها ئینسان بەجێدەهێڵێت.
له‌فیکری سیاسی هاوچەرخدا کۆمەڵناسی ئەڵمانی ماکس ڤێبەر گرنگییەکی گەورە بە مەسەلەی بەرپرسیارێتی ئەدات‌و ئەم بابەتە بەشێکی گرنگی ”کۆمەڵناسیی سیاسی“ ئەم نوسەرەیە. ئەم کۆمەڵناسە دوو جۆر بەرپرسیاریەتی سیاسی لەیەکدی جیادەکاتەوە. یەکەمیان بەرپرسیاریەتی سیاسییەکانە لەبەردەم کۆمەڵگادا، لەبەردەم ئەوانەدا کە ئەو کەسانەیان بەرزکردۆتەوە بۆ پلەی سەرکردەی سیاسی‌و باوەڕ‌و متمانەی خۆیان پێبەخشیون. دووهەمیان بەرپرسیاریەتی ئەو سەرکردانەیە لەبەردەم ئەو مەسەلەیەدا کە باوەڕیان پێیەتی. بێگومان پەیوەندی نێوان ئەم دووجۆرە له‌بەرپرسیارێتی پەیوەندییەکی ئاسان نییە‌و راگرتنی هاوسەنگی نێوانیان کارێکی سادە نییە، چونکە دەشێت سیاسییەکان باوەڕیان بەو مەسەلەیە نەبێت کە خەڵک باوەڕی پێیەتی، یاخود باوەڕیان بە مەسەلەیەک هەبێت کە خەڵک یان کۆمەڵگا باوەڕی پێنەبێت. لەو کاتانەدا دۆزینەوەی هاوسەنگی لەنێوان باوەڕە شەخسییەکانی سەرکردە سیاسییەکان‌و باوەڕەکانی کۆمەڵگا‌و هەوادارانی ئەو هێزە سیاسییانەدا کارێکی ئاسان نییە. دۆزینەوەی هاوسەنگی لەم ئاستەدا بەپێی کات‌و سات‌و هەلومەرج دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەی ناگۆڕێت مەسەلەی بەرپرسیاریەتییەکە خۆیەتی. واتە ئەوەی ناگۆڕێت مەسەلەی بەرپرسیاربوونی سیاسەتە له‌هەردوو شێوەکەیدا.
سەرکردەی سیاسی کەسێک نییە کۆمەڵگا وەک رەعیەتێکی دەست لەسەرسنگ مامەڵەبکات، خەڵک وەک جاهیل‌و گاگەل وێنابکات، خۆی بە پیرۆز دونیا بە خاکی بزانێت، سەرکردەی سیاسی کەسێکە حیساب بۆ بیروبۆچوون‌و خەون‌و چاوەڕوانی کۆمەڵگاکەی دەکات‌و خۆی بەرامبەر بە وەدیهێنانی ئەو خەون‌و چاوەڕوانییانە بە بەرپرسیار دەزانێت. تەرجەمەکردنی ئەم مەسەلەیە بۆ واقیعی ئێمە مانای ئەوەی سەرکردە سیاسییەکان خۆیان هەم بەرامبەر بە خواست‌و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگای کوردی بە بەرپرسیار بزانن، هەم بەرامبەر بە هێڵە گشتییەکانی ئەو شتەی ناوی ”مەسەلەی کورد“ە‌و بە مێژووی ئێمە شوناسێکی تایبەتی بەخشیوە. تێکەڵکردنی ئەم دوو جۆرە بەرپرسیاریەتییە بەیەک، ئەو مەرجەیە کە دەتوانێت له‌کوردستاندا سیاسییەکی خاوەن قورسایی‌و قابیلی متمانەپێکردن دروستبکات. ئەوەی لەناو سەرکردایەتی هێزە باڵادەستەکانی کوردستاندا بەشێوەیەکی بەرچاو نائامادەیە، هەردوو شێوەکەی ئەم بەرپرسیاریەتییەیە. نوخبەی سیاسی باڵادەست نەک خۆی بەرامبەر بە وەدیهێنانی چاوەڕوانی‌و ویست‌و خواستەکانی کۆمەڵگا بە بەرپرسیار نازانێت، بەڵکو کۆمەڵگای کوردی وەک موڵکی شەخسی خۆی‌و خەڵکەکەی وەک رەعیەتێکی نەزان‌و بێئاگا مامەڵەدەکات. هاوکات ئەو شتەی کە ناوی ”مەسەلەی کورد“ە بەهایەکی ئەوتۆی لای ئەم نوخبەیە نەماوەتەوە. ئەم مەسەلەیەش لەزۆر ئاستدا دەردەکەوێت: له‌بێباکیان بەرامبەر بە جەنگە ناوخۆییەکانیانەوە بیگرە، تا دابەشکردنێکی وردی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو دەسەڵاتی ئیمارەتئاسا‌و سوڵتانی روتکراوە لەهەر بەهایەکی نیشتمانی‌و نەتەوەیی.

بەڵام ئەمە هەموو ئەو بەرپرسیارییەتیانە نییە کە روبەڕوی سیاسەت‌و سیاسییەکان دەبێتەوە. کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی تر هەن کە بەهەمان رادەی ئەو دوو بەرپرسیاریەتیەی سەرەوە گرنگن، لەوانەش بەرپرسیارێتی سیاسییەکان بەرامبەر بەو وێنەیەی لەسەر واقیع هەیانە، بەرامبەر بەو مانایانەی بە دونیای ئەدەن، بەرامبەر بە شێوازی تێگەیشتنیان بۆ دیاردەکان. سیاسەت کارێک نییە کێ ویستی بتوانێت خۆبەخۆ ئەنجامیبدات، بەڵکو پێویستی بە کەسانێکە توانای تێگەیشتنیان له‌دونیای خۆیان هەبێت، ئەو دونیایە‌و ئینسان‌و کێشەکانی باش بناسن، لەوە تێبگەن کە سیاسەت چالاکییەک نییە بەبێ بوونی زانیاری ورد لەسەر واقیع‌و لەسەر کۆمەڵگا‌و دیاردەکان بکرێت ئەنجامبدرێت. سیاسەت ئەوە نییە قسەزان‌و درۆزن، یان شەرمن‌و کەم دوبیت، بەڵکو کردەیەکی کۆمەڵایەتی گرنگە‌و بەبێ بوونی وێنەیەکی راستەقینە لەسەر کۆمەڵگا‌و کێشەکانی دەبێتە کردەیەکی مەترسیدار لەسەر ئەو کۆمەڵگایە‌و ئەوانەشی تیایدادەژین. ئەگەر سیاسەت هونەر‌و زانستی دەرکردنی بڕیاربێت، ئەوا ئەو بڕیارانەی دەردەکرێن‌و ئەو سیاسەتانەی پەیڕەودەکرێن، پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە تێگەیشتنی سیاسییەکانەوە هەیە بۆ ئەو دونیا‌و واقیعەی حوکمی دەکەن. وێنەی هەڵە لەسەر ئەو واقیعە بڕیار‌و سیاسەتی هەڵە دەخاتەوە.

باوەڕبوون بەم راستییانەیە وادەکات سیاسەت کارێکی پڕ بەرپرسیاریەت بێت، شتێک نەبێت هەر بابایەک ویستی، بتوانێت پێیهەستێت. ئەمەیە وادەکات سیاسەت کارێکبێت پێویستی بە لێزانین‌و توانای شیکردنەوەی دونیا‌و کۆمەڵگا هەبێت. ئەوەی ئەم بەرپرسیاریەتییەش گەورەتر‌و قورستر دەکات، ئەو راستییەیە کە لێکدانەوەی سیاسییەکان بۆ واقیع هەرگیز تاقە لێکدانەوە‌و تێگەیشتن نییە، لەهەموو واقیعێکدا بەردەوام زیاد له‌تێگەیشتن‌و لێکدانەوەیەک بۆ واقیع هەیە، زیاد له‌وێنەیەک‌و مانایەک‌و لێکدانەوەیەک بۆ دیاردەکان هەیە. بڕیاری سیاسییەکان بۆ پەیڕەوکردنی ئەم یان ئەو لێکدانەوەی واقیع بەرپرسیاریەتیه‌کی گەورەیە. سیاسەت پێویستە وەڵامی راستەقینە‌و زانستییانەی پێبێت بۆ پەیڕەوکردنی ئەم یان ئەو لێکدانەوەی دیاردەکانی ناو واقیع، پێویستە نیشانبدرێت بۆ ئەو هێڵی لێکدانەوەیە پەیڕەوکراوە‌و ئەوانیتر وەلاوەنراون.

ئاستێکی دیکەی بەرپرسیاریەتی سیاسی له‌چۆنیەتی مامەڵەکردنی سیاسەت‌و سیاسییەکاندایە بۆ ئەو سیستمە سیاسییەی باڵادەستکراوە. سیاسی راستەقینە‌و بەرپرسیار ئەو کەسەیە کە پرسیار له‌عەقڵانیەت‌و ناعەقڵانیەتی سیستمە سیاسییەکە دەکات. رەهەندە عەقڵانییەکانی سیستمەکە گەورەتر‌و رەهەندە ناعەقڵانییەکانی رەخنە‌و چارەسەردەکات. هەر سیاسییەک بەردەوام پرسیاری له‌عەقڵانیەت‌و ناعەقڵانیەتی سیستمە سیاسییەکە نەکرد، له‌بەرپرسیارێتی هەڵدێت. سیاسی راستەقینە ئەو کەسەیە له‌مێژوییبوون‌و کاتیبوونی سیستمە سیاسییەکان تێدەگات، لەوە تێدەگات ئەو بڕیارەی دەدرێت دەشێت ناڕاستبێت‌و دەبێت میکانیزمێک هەبێت بۆ راستکردنەوە‌و چاککردنەوەی بڕیارەکان. لەم ئاستەدا بەشێکی گرنگ له‌هونەری حوکمڕانی بریتییە له‌بینین‌و ناسینی سنوورەکانی حوکمڕانی خۆی، ناسینی ئەو سنورانەی نیشانیئەدەن دەسەڵات تا کوێ دەتوانێت بڕوات، تا کوێ بۆی هەیە دەستبخاتە ناو ژیانی ئینسان‌و کۆمەڵگاوە، لەکوێدا پێویستە بوەستێت، لەکوێدا بەرەودا پاشەکشەبکات. دەسەڵات گەر سنورەکانی خۆی نەبینی، گەر نەیزانی دەتوانێت تا کوێ بڕوات‌و له‌کوێدا بوەستێت، دەبێتە دەسەڵاتێکی نابینا. هیچ شتێکیش هێندەی دەسەڵاتێکی نابینا مەترسیدار نییە، سیاسی نابینا پێویستی بەوەیە کەسێک دەستیبگرێت‌و هاریکاریبکات بۆئەوەی بتوانێت شتەکان ببینێت، نەک لەناو نابینایی خۆیەوە بڕیار بدات‌و ژیانی ملیۆنان ئینسان بخاتە مەترسییەوە.

بەو مانایانەی سەرەوە سیاسەت یەکێکە لەو چالاکییە ئینسانییە گرنگانەی کە پێویستی بە زیاد له‌شێوەیەکی بەرپرسیاریەت هەیە، لەکوێدا بەرپرسیاریەت نەبوو یان نەما، لەوێدا کۆمەڵگا دەبێتە جەنگەڵ
ئاوێنە

Entry filed under: مه‌ریوان وریا قانع. Tags: .

خـــــۆرسک:خـــــۆپیـــــشانـــــدان دەســـــت پـــــێ دەکـــــەیـــــنەوە سعودیه‌ له‌دژی‌ ئیسڕائیل چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ به‌ده‌ست ناهێنێت،به‌ڵام له‌ دژی‌ ئێران به‌رده‌ستی‌ ده‌هێنێت

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,030 hits

%d bloggers like this: