کـــــــوردایـــــەتی کـــۆنــــەپــــەرستترین جــــووڵانـــەوەی نــەتــەوەیـــیە

2011/07/10 at 11:41 PM Leave a comment

وەڵامێک بە کەمپینەکەی سایتی نوچە نێت لە دژی کۆمۆنیزمی کرێکاریی

شەماڵ علی :لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا کۆمێنتێکی چەند وشەیی من لەسەر دیواری خۆم لە فەیسبووک، لە ڕێگای سایتێکەوە بە ناوی نوچە نێت بڵاو کرایەوەو هەڵایەکی گەورەی لەسەر ساز کرا. کۆمەڵێک کەس لەسەر ئەو چەند وشەیەی من لەلایەن ئەو سایتەوە بە قسەهێنراون و لە ڕێگای ئەو سایتەوە لەسەر من و کۆمۆنیزمی کرێکاریی و مەنسور حکمەت و …تاد بابەتیان نووسیوە. بە خەیاڵی خۆیان هەوڵیان داوە لە بەرنبەر ڕەخنەی کۆمۆنیستەکاندا بووەستن و بەرگری لە کوردایەتی بکەن. هەروەها ویستوویانە دەربڕینەکانی من وەک هێرش بۆ سەر “هەستی نەتەوایەتی” و “نەتەوەی کورد” نیشان بدەن. من لەم نووسینە کورتەدا ناچمە سەر وەڵامدانەوەی ناوەرۆکی ئەو نووسینانە و وەڵامی تایبەت ، جگە لە ئاسۆس هەردی، بە کەسی تر نادەمەوە. بەڵام چەند سەرنجی خێرا تۆمار دەکەم، بە ئومێدی ئەوەی لە داهاتوودا بۆم بگونجێت لەسەر بابەتی ئەم جەدەلە زۆرتر و فراوانتر بنووسم.
یەکەم/ بە پێویستی دەزانم هەموو خوێنەران لەوە ئاگادار بکەمەوە، کە ئەو کۆمێنتەی من لەسەر دیواری تایبەتی خۆم لە فەیس بووک نووسیومە، هەرگیز بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی گشتی نەنوسراوە. من وێڕای ئەوەی داکۆکی تەواو لە ناوەرۆکی قسەکانم دەکەم، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئەگەر بمویستایە ڕوو بە هەمووان قسە بکەم، ڕەنگ بوو دەستەواژەی تر بەکار بهێنم. پرۆفایلی من لەسەر فەیسبووک تایبەتیە (پرایڤێتە)، واتە تەنها ئەو کەسانە دەتوانن من و نووسینەکانم ببینن کە لە لای من وەک هاوڕێ ئەد بووبن (واتە زیادکرابن بۆ لیستی هاوڕێیانم). دەنا کەسانی تر ناتوانن تەنانەت ناویشم بدۆزنەوە. سایتی ناوبراو نەک وەک سایت بەڵکو وەک پرۆفایلی شەخسی لەسەر فەیسبووک داوای ئەدکردنی لە من کردووە و منیش ئەوم وەک کەسێک نەک وەک دەزگایەکی ڕاگەیاندن ئەد کردووە. بەو جۆرەش بڵاوکردنەوەی ئەو تێکستە کە بە بێ ئاگاداری و پرسیار بە خۆم کراوە، ژێرپێنانێکی ئاشکرای ئیتیکی ڕۆژنامەنووسیە و نەدەبوو ئەو سایتە کاری لەو بابەتە بکات. من بە مەبەستەوە پرۆفایلەکەی خۆمم پرایڤێت کردووە و بە مەبەستەوە دەمەوێت تەنها ئەو کەسانە شتەکانم ببینن کە خۆم وەک هاوڕێ قبووڵیان دەکەم و ئەددیان دەکەم، دەنا دەمتوانی ئاشکرای بکەم و ئەو دەم هەموو کەس دەیبینی.
دیارە کەسی ناوبراو کە کۆمێنتەکەی منی بڵاوکردۆتەوە، تەنها بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو پرۆفایلەکەی منیشی -کە بە پێی ڕێساکانی خودی فەیسبووک پرایڤێتە و کەس مافی ئاشکرا کردنی نییە- لەسەر سایتەکەی بڵاوکردۆتەوە. هیچ گومان لەوەدا نییە کە ئەو کەسە و سایتەکەشی بە پێی یاساکانی سوید دەکەونە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی و دەبێ وریا بن کە لەمەدوا کاری وا لەگەڵ کەسانی تر نەکەن. من لەو سۆنگەیەوە کە جەدەل و باسە سیاسیەکەم لەو جۆرە مافە شەخسیانە پێ بایەخدار ترە،  نامەوێت بچمە ناو پرۆسەی شکات و شکات کاریەوە. دەنا زۆر سادە دەتوانم ئەوە بکەم.

دووەم/ لەسەر ئەو بنەمایە دەبوو ئاسۆس هەردی گەردنی خاوەنی سایتەکە، کە کۆمێنتێکی منی بەو جۆرە گشتی کردووە و لە ئاستێکی فراواندا بڵاوی کردۆتەوە، ئازاد بکات یان نەی کات. من سەرەڕای ئەوەی کە دەربڕینەکانم بەرانبەر بە ئاسۆس لە شێوازی نووسینی من ناچێت، بەڵام خۆم بە قەرزارباری ئاسۆس نازانم و گەردن ئازاییشم پێویست نییە، بەڵکو وەک لە خوارەوە نیشانی دەدەم ئەو بە قەرزاربار لە بەرانبەر ڕاستگۆییدا دەبینم. لێرەدا پێویستە تەئکید لەسەر چەند شت بکەمەوە:

1.    ئاسۆس لە لێدوانیدا بۆ کریستیان ساینس مۆنیتەر کە ڕۆژنامەیەکی گەورە و بەناوبانگی ئەمریکیە بە دەق دەڵێ: “‎”You have to remember the ideological root of our parties is totalitarian, because PUK and KDP were Marxist/Leninist [and] are trying to control all the parts of society,” says Hardi. “It’s true they have changed after 1991 their slogans,…they all talk about democracy, human rights. But the mentality is still the same.”   ” دەبێ ئەوەت لەبیربێت کە ڕەگ و ڕیشەی ئایدۆلۆژی حزبەکانی ئێمە تۆتالیتاریانەیە -شمولیە- ، لەبەرئەوەی یەکێتی و پارتی مارکسیست-لینیست بوونە (و) ویستوویانە کە گشت بەشەکانی کۆمەڵگا کۆنترۆڵ بکەن. ڕاستە کە دوای ١٩٩١ دروشمەکانی خۆیان گۆڕیوە، …باسی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام عەقڵیەتەکە هێشتا هەمان شتە.” ئەمە بە دەق قسەی خودی ئاسۆس هەردییە، هەربۆیە خراوەیشەتە ناو جووت کەوانەوە. کریستیان ساینس مۆنیتەر زۆر لەوە پرۆفیشیناڵ ترە کە جووت کەوان بۆ تێگەیشتنی خۆی لە قسەی ئاسۆس بەکاربهێنێت و ئەگەر قسەکان دەقی قسەی ئەو نەبوونایە ئەو هێمای جووت کەوانەی بۆ بەکارنەدەهێنرا. جا ئەو دەربڕینەش سەد دەر سەد ناڕاستگۆییەکی ئاشکرایە و من هەرگیز لە دووبارەکردنەوەی ئەو حوکمە کە ئەو قسەیە درۆیەکی شاخدارە ماندوو نابم. ئاسۆس ئەگەر کێشەیەکی هەیە ئەوا لەگەڵ حوکمەکەی مندا نییە، بەڵکو لەگەڵ کریستیان ساینس مۆنیتەردایە. ئەگەر ئەوەی نەگوتووە با یەخەی ئەوان بگرێت. سەرەنجام ئەوە من نیم کە دەبێ چاوەڕوانی گەردن ئازادی لە ئاسۆس بکەم، ئەوە ئەوە کە تاکو ڕاستی و ناڕاستی نەقڵەکەی کریستیان ساینس مۆنیتەر ڕوون دەبێتەوە، پێویستە داوای گەردن ئازادی لە حەقیقەت و ویژدانە زیندووەکان بکات.

2.    ئەو دەربڕینە ناڕاستگۆیانە و ئەو هێرشە بۆ سەر مارکسیزم کاری یەکەم جاری نووسەرانی ناسیۆنال-لیبرالی کورد نییە. بەڵکو فەزای ڕۆشنبیری ئێمە پڕە لەو ژەهرە دژی کۆمۆنیستی و دژی مارکسیسزمە و چەکی هەرە کارای ئەو نووسەرانەش بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو ژەهرە، ناڕاستگۆییە. ئەوەی ئاسۆس وتوویەتی لوتکەی شاخێکی سەهۆڵیی گەورە لە درۆ و زەیف و چیرۆکی داتاشراوە بەرانبەر مارکس و مارکسیزم، کە بەشی هەرەزۆری ئەو ناڕاستیانەش لە بڵاوکراوەکەی ئاسۆس هەردیەوە ، واتە لە ئاوێنەوە، وەکو حەقیقەت دەرخواردی خوێنەری کورد دراوە. هەر بۆیە کاردانەوەی منیش بەرانبەر بە لێدوانی ئاسۆس بۆ ڕۆژنامە ئەمریکیەکە و لە هەمبەر پێ داگرتنی ئەو لەسەر ئەو ناڕاستگۆییەی خۆی لە لێدوانی نوێیدا بۆ سایتی نووچە، سەرەتای پەردەهەڵماڵین دەبێت لەسەر ئەو خەرمانە لە ناڕاستگۆیی بەرانبەر حەقیقەت و مارکسیزم، و ئەمە پرۆژەیەکە کە من لە داهاتوویەکی نزیکدا وەک توێژینەوەیەک بڵاوی دەکەمەوە.
3.    من، هەر وەک مارکس خۆشی، مارکسیزمم بۆ موقەدەس نییە. مارکسیزم بۆ کۆمۆنیستە کرێکارییەکان  میتۆد و دنیابینیە، بەڵام هیچ چەشنە تەقەدوسێک بۆ هیچ جۆرە بیروباوەڕێک بە مارکسیزم خۆشیەوە، لە لای کۆمۆنیزمی کرێکاریی بوونی نییە. نەک تەنها لای مارکس خۆی، بەڵکو لای لینینیش کە بە مارکسیستێکی سەرسەخت ناسراوە، مارکسیزم ڕێنیشاندەری کارکردنە نەک دۆگمایەک. لینین لە زمانی مارکس و ئەنگلسەوە وتەیەکی گۆتەی شاعیر دەڵێتەوە کە دەڵێ “تیئوری، هاوڕێکەم! خۆڵەمێشیە، بەڵام سەوزە هەمیشە، درەختی نەمری ژیان.” لەبەرئەوە ڕەخنەی من و کاردانەوەم لەبەرانبەر ناڕاستگۆیی ئاسۆسدا بەرهەمی تەقدیس کردنی مارکس و مارکسیزم نییە، بەڵکو وەڵامە بە تەقەدوسێکی تر کە بە بێدەنگی لەڕێگای ئەو جۆرە دەربڕینانەوە کاری خۆی دەکات. کاتێک کەسێک دەڵێ: “پارتی بۆیە سەرکوتگەرە، چونکە مارکسیە.” لە لاوەعی بێژەری ئەم ڕستەیەدا، تەقەدوسێک کار دەکات کە ڕێگای لێ دەگرێت باوەڕ بکات کە ئەوە ماهیەتی ناسیۆنالیستانەی ئەو هێزەیە و مێژووی جووڵانەوەی کوردایەتیە کە پارتی و یەکێتی بەم ڕۆژگارە گەیاندووە. کەسی ناسیۆنالیست هەرگیز ناتوانێت لە تەنهایی خۆشیدا بیر لەوە بکاتەوە، کە ئاخر ڕەنگە ڕیشەی دزێویەکانی ناو کۆمەڵگاکەمان دیاردەیەک و هێزێکی ناوەکی بێت نەک دەرەکی، خۆماڵی بێت نەک بیانی. شتێکی ڕەسەنی ناوخۆیی و خۆوڵاتی بێت، شتێکی کوردی بێت. وەڵامەکەی ئاسۆس بە من لە سایتی نووچەدا ئەم تەسویرە تەئکید دەکاتەوە، ئەم جارەیان ئاسۆس دەڵێ : “من هه‌میشه‌ وتوومه‌، یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عه‌قڵییه‌تی سیاسی هه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زۆربه‌ی حیزبه‌كانمان، ره‌گه‌ ئایدیۆلۆجییه‌كانییان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئایدیۆلۆجییه‌ شمولییه‌كان، وه‌كو ماركسیزم، لینینزمی ستایلی ستالینیزمی، یاخود ناسیۆنالیزمی ستایلی غه‌ربی (لام وایە دەبێت مەبەستی عەرەبی بێت نەک غەربی-ش-)، یاخود ئیسلامگه‌رایی، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌ر سێكییان، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ئایدیۆلۆجیای تۆتالیتارین.” ئەمە بە دیوە نەوتراوەکەیدا ئەوەیە کە ناکرێت ئەو عەقلیەتە سیاسیە بەرهەمی بەرژەوەندیخوازیەکی هێزێکی ناوخۆیی و کوردی بێت؛ بێگومان ئەوە هەر هێزێکی بیانی و دەرەکیە کە دەستی خستۆتە ناو ئەم کۆمەڵگا و فەزا سیاسیە پاک و بێ گەردەوەو ئەمەی بەرهەم هێناوە. لای ئاسۆس وەک ناسیۆنالیستێکی دۆگماتیک، ئێمە خۆمان وەک نەتەوە پاکین، بەڵام هێزە دەرەکیەکان پیسمان دەکەن و دەمانلەوتێنن؛ پارتی ئەگەر کاریگەریی بیرو بۆچوونە دەرەکی و ناکوردیەکانی لەسەر نەبووایە، ئێستا لە کوردستان گورگ و مەڕ پێکەوە ئاویان دەخواردەوە. ئەم دووانەییانەی خۆمان و ئەوان، خۆماڵی و بیانی، پاک و پیسە، فۆرمۆڵەیەکە لە مێژووی بەشەریەتدا گەورەترین کارەساتی بەرهەمهێناوە و هەمیشەش لە کەمیندایە بۆ بەرهەمهێنانی. لێکدانەوەی ئاسۆس بە دیوێکیدا چۆک دادانە لە بەردەم ئەو باوەڕە موقەدەسەدا کە هەموو شتێکی نەتەوەی خۆمان پاکە و سەرچاوەی دزێوی دەستی بێگانەیە.
سێهەم/ سایتی ناوبراو بە دوور لە هەر ئیتیکێکی ڕۆژنامەنووسی، ڕێگەی داوە من و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لە لایەن چەند کەسەوە زۆر بە ناشرینی ئیهانە بکرێین تا ئەو ڕادەیەی بە گێل و نەفام و کۆڵەوار، بگرە بە کرم و مێش و مێشوولە بشوبهێنرێین کە دەبێ قەلاچۆ بکرێین. بەڵام لە هەمان کاتدا سانسۆرێکی زۆر توندی بەرانبەر بە تێکستی نەیارانی کوردایەتی و وەڵام بۆ تێڕوانینی ئەو کەسانە کە تەوهینیان کردووە بەکار هێناوە. سەبارەت بەو هێرشە شەخسیانە لە لایەن ئەو کەسانەوەو سەبارەت بەوەی سایتی نووچەنێت بەم جۆرە خۆی کردۆتە بڵنگۆی جنێو، من ئەو شێوازە لە قسەکردن پیرۆزی خۆیان دەکەم و فەرهەنگێک کە دەستم پێوە گرتووە ڕیگام پێ نادات بە هەمان زمانی ئەوان بدوێم. فەرهەنگی من فەرهەنگی کوردایەتی نییە کە لەسەر بنەمای بە سووک سەیرکردنی ئینسان و داماڵینی لە سیفەتی ئینسان و قەلاچۆکرنی بەرانبەر دامەزراوە. هەربۆیە سەرەڕای ناکۆکی گەورەم لەگەڵ خاوەنەکانی ئەو پەلامارانە، ناتوانم بە هەمان زمان وەڵام بدەمەوە. پەلاماردەرانی من نە کرم و مێش و مەگەزن و نە دەبێت قەلاچۆبکرێن و شاربەدەر بکرێن. بەڵکو ناسیۆنالیستن و بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ئینسانەکان دەبێت کۆمەڵگای کوردستان لە دەسەڵات و لە چنگی فەرهەنگی داڕزیوی ئەوان کە کوردایەتیە ڕزگار بکرێت. ئاشکرایە کە بەشێکی ئەو دەربڕینانە زادەی هەڵچوون و کۆنترۆڵ لەدەست دانن و نیشانەی داماوین. بەڵام نەدەبوو سایتی ناوبراو ڕێگای بدایە ئەو بەڕێزانە شایەتی بەو جۆرە ئاشکرا لەسەر بێ کۆنترۆڵی و داماوی خۆیان و سایتەکەش تۆمار بکەن.
چوارەم/ من کوردایەتی بە جووڵانەوەیەکی کۆنەپەرست و دژی ئازادی دەزانم. بەڵام بە جووڵانەوەی دەزانم نەک قوتابخانەی بیرکردنەوە. من لە هیچ جێگایەکدا باسی بیری نەتەوەییم نەکردووە. بەڵام سایتی ناوبراو بەوەشەوە نەوەستاوە کە پرۆفایل و کۆمێنتەکەم بێ ئاگاداری خۆم بڵاو بکاتەوە. بەڵکو لەلای خۆیەوە شێواندوشیەتی و وشەشی بۆ زیادکردووە. وشەی “بیری نەتەوەیی” لە کۆمێنتەکانی مندا نییە و ئەمە “داهێنانی” کاکی بەڕێوبەرە بۆ وشەکانی من زیادی کردووە. من کوردایەتی بە قوتابخانەی زۆرێک لە دزێویەکانی کۆمەڵگای خۆمان دەزانم، بەڵام بە قوتابخانەی فیکریی نازانم. لەوە گەڕێین کە ناسیۆنالیزم وەک جووڵانەوەیەکی جیهانی بێ مایەترین جووڵانەوەیە لە ڕووی فیکرەوە، بەڵام کوردایەتی تایبەتمەندیەکی زۆر بەرجەستەشی لەو بوارەدا هەیە کە خاوەنی هیچ داهێنانێکی فیکری نییە. بە درێژایی نزیکەی ١٠٠ ساڵ کوردایەتی بچووکترین داهێنانی جوانی لە بواری بیرکردنەوەدا نەکردووە، بەڵام دەیان داهێنانی لە بواری دواخستن و داڕزاندنی فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لە کۆمەڵگای کوردستاندا پێشکەش کردووین. من کە دەڵێم مافیا و میلیشیا دەسەڵاتدارەکان بەرهەمی کوردایەتین، یاخود کوردایەتی بەرهەمی هێناون، مەبەستم ئەوە نییە کە بەرهەمی بیری کوردایەتین. چونکە لە بناغەوە بڕوام بەوە نییە کە هیچ بیرێک و قوتابخانەیەکی فیکری لە خودی خۆیدا توانای بەرهەمهێنانی هیچ دیاردەیەکی بابەتی هەبێت. ئەمە جگە لەوەی کە کوردایەتی خاوەنی هیچ بیرێک نییە، تا ئەو بیرە هیچ بەرهەم بهێنیت.

ئەم تایبەتمەندیەی کوردایەتی و ئەو هەژاریە فیکرییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە پێچەوانەی ناسیۆنالیزمی وڵاتانی ترەوە، تەنانەت وڵاتانی دراوسێش، کوردایەتی وەک جووڵانەوە –نەک هەستی ناسیۆنالیستی کوردی بەگشتی-بەرهەمی ڕەوتی مۆدێرنیزم لە کۆمەڵگای کوردستاندا نەبووە و نییە، بەڵکو بەرهەمی دژایەتیکردنی مۆدێرنیزمە لە ناوچەکەدا لەلایەن هێزە کۆنەپەرست و کۆنەخوازەکانی کوردستانەوە. کوردایەتی بەپێچەوانەی ناسیۆنالیزمەکانی ترەوە، جووڵانەوەی بۆرژوازی و وردەبۆرژوازی کوردی بۆ مۆدێرنیزەکردنی کوردستان و ڕزگاربوون لە دەست فیۆدالیزم نەبووە، – مەیلێکی لەم جۆرەش کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا بووە لەناو کوردایەتیدا جێگای نەبۆتەوە و هەمیشە وەدەرنراوە- بەڵکو بەرهەمی بەرگری فیۆدالیزم لە خۆی لەبەرانبەر پێشکەوتنی سەرمایەداریی لە ناوچەکەدا بووە. کوردایەتی جووڵانەوەی جوتیاران و زەحمەتکێشانی هەژاری کوردستان نەبووە لەبەرانبەر دەرەبەگەکانی کوردستاندا، بەڵکو جووڵانەوەی دەرەبەگەکانی کوردستان بووە بۆ بەکۆیلەهێشتنەوە و یەخسیرهێشتنەوەی جوتیاران و هەژارانی کوردستان. ئەم باسە بۆ خۆی تازە نییە و کەشفی من نییە، بەڵام دیارە کە پێویستی بە نووسین و توێژینەوەی زیاتر هەیە.

پێنجەم/ وەک وتم من کوردایەتی وەک جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەبەرچاو دەگرم، جووڵانەوەیەک کە لە کوردستانی لکێنراو بە عیراقەوە زیاتر لە ٩٠ ساڵ تەمەنیەتی و سەرەتاکەی بۆ دەیەی دووەمی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. جووڵانەوەیەک کە گروپ و حزبی دروست کردووە، جووڵانەوەی چەکداریی بەڕێخستووە و ڕابەرایەتی کردووە. دەستی لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا تێکەڵ کردووە، لە ڕۆژەکانی یەکەمی سەردەرهێنانی خۆی سەرکوتی پراکتیزە کردووە، و سەرەنجام لە دوای ١٩٩١ ەوە بە کۆمەکی سەرمایەداری جیهانی و خۆشخزمەتی بە سیاسەتەکانی ئەمریکا و غەرب لە کوردستان دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتووە و ٢٠ ساڵە لە کوردستان مومارەسەی حوکم دەکات. ئیتر لێرەدا باسی بیری نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی و شتی لەم جۆرە نییە. بەڵکو باسی جووڵانەوەیەکی دیاریکراوە کە دەرکەوتی بەرجەستەی هەیە و کاراکتەرەکانی لە ناساندن و پێناسەکردن دێن. گومانی تێدا نییە کە هەستی کورد بوون (یان خۆبەکورد زانین و خۆ بە کورد پێناسەکردن کە بنەما ڕاستەقینەکەی هەر کوردزمان بوونە) کەرەستەیەکی دەستی کوردایەتی بووە و خۆشی ڕۆڵی لە دروستکردن و برەوپێدانی ئەو هەستەدا هەبووە. بەڵام من لەگەڵ ئەم هەستەدا مامەڵەیەکی کراوەتر و بابەتی تر دەکەم لەوەی کە بە تەنها بە دیاردەیەکی خودی ‘سابجێکتیڤی’ بزانم و تەنها کوردایەتی بە بەرهەمهێنیەری بزانم. هەستی کورد بوون چەندە بەرهەمی کوردایەتیە، هێندەش بەرهەمی ناسیۆنالیزمی نەتەوەکانی سەردەستە، بەرهەمی ئەو ئاڵ‌وگۆڕانەیە کە لە ناوچەکەدا روویان داوە، بەرهەمی هەوڵی بۆرژوازی ئەو وڵاتانەیە کە خەڵکی کوردزمانی تێدا نیشتەجێ بوون بۆ پێکهێنانی فۆرمێکی دیاریکراو لە دەوڵەت-نەتەوە. هەروەها بەرهەمی ناهاوتایی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەو وڵاتانە و پشتگوێ خستنی ناوچە کوردنشینەکان بووە. بەو جۆرەش ئەو وەڵامانەی کە بە من دراونەتەوە و هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان بەرانبەر کوردایەتی وەک هەڵوێستی دوژمنکارانە بەرانبەر کوردبوون نیشان دەدەن، لە چاکترین حاڵەتدا زادەی خراپ حاڵی بوونن و لە خراپترین حاڵەتیشدا زادەی فێڵێکن لەلایەن ئەو کەسانەوە بۆ داکۆکی لە جووڵانەوەیەک کە هیچ لایەنێکی پرشنگدار و شایستەی داکۆکی تیادا شک نابەن.

شەشەم/ هەوڵی هەندێک بۆ ئەوەی کۆمۆنیستەکان وەک دوژمنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە کوردستان نیشان بدەن، لە ڕادەبەدەر ڕیاکارانە و کۆمیدیە. ئاخر کوردایەتی لەوەتەی هەیە جووڵانەوەی پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی نەبووە و تازە ئیتر لەم سەردەمەشدا بەوە نابێت. لەبەرئەوە چاتر وایە هیچ نەتەوەییەک فەشەل و هیچ لەبارنەبوویی جووڵانەوەکەی خۆی نەخاتە ئەستۆی کۆمۆنیزم، ئەوە کۆمۆنیستەکان نین کە دەستی کوردایەتیان گرتووە کە “ئیمپراتۆریەکانی فارس و عەرەب و تورک” پارچە پارچە بکەن، هیچ کۆمۆنیستێکی کرێکاریی نییە، بایی عانەیەک نرخ بۆ سنووری ئەو دەوڵەتانە دابنێت. بەڵام جووڵانەوەی کوردایەتی خۆی، هێندە لەبەر ئەو دەوڵەتە زۆردارانەدا چەماوەتەوە و دەست و لاملییانی ماچ کردووە، کە خەریک بوون ئابڕوش بە خەڵکی کوردستانەوە لەبەرچاوی دنیادا نەهێڵن. ئاخر کۆمۆنیستی کرێکاریی بوو دەبابەکانی ٣١ی ئابی هێنایە سەر هەولێر؟ کۆمۆنیستی کرێکاریی بوو پاسداری هێنایە سەر کۆیە بۆسەر حزبی دیموکرات؟ کۆمۆنیستی کرێکاریی بوو شەڕی پەکەکەی کرد؟ کۆمۆنیستی کرێکاریی بووە هەر کاتێک بەرژەوەندی حزبەکانی کوردایەتی تیا بووبێت، چالاکوانی بەشەکانی تری کوردستانی تیرۆر کردووە و تەسلیم بە ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی ئێران و تورکیا کردۆتەوە؟ کۆمۆنیستی کرێکاریی بوو لەپاش ئاوارەیی ملیۆنی لاملی سەدامی ماچ کرد؟ هەر کۆمۆنیستێکی تر لە وڵاتانی تر بکرێت بە دوژمنی دەوڵەتی نەتەوەیی و ژێرپێنانی پرنسیپە نەتەوەییەکان تاوانبار بکرێت، ئەوە لەگەڵ کۆمۆنیستە کریکاریەکانی کوردستاندا ناکرێت. چونکە لە کوردستان کوردایەتی خۆی پرنسیپی نەتەوەیی و نیشتیمانی نەماوە نەیخستبێتە ژێر پێڵاوی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەوە. کوردایەتی جووڵانەوەیەکە کە ئەگەر بەرانبەر دەوڵەتەکانیش وەستا بێتەوە و پێش خەڵک کەوتبێت، زۆربەی جار تفەنگەکەی بە پێچەوانەوە گرتووە و تەقەی لە خەڵکی کوردستان کردووە. کوردایەتی لە کوردستانی عیراق لە چەند دەیەی ڕابردوودا نەک لە زمانی سیاسیەکانیەوە بەڵکو لە زمانی ئیلیتی ڕۆشنبیری و شاعیر و ئەدیبەکانیشیەوە باسی دەوڵەتی سەربەخۆی نەکردووە. ماوەیەک لەوەوبەر کە جەلال تاڵەبانی وتی دەوڵەتی سەربەخۆ خەونی شاعیرانە، لە هەر چوار لاوە نەتەوەییەکان لێی کەوتنە تەقە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە جەلال تاڵەبانی ئەوەشی ڕاست نەوتووە کە دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانە. چونکە لە ڕاستیدا خەونی شاعیرانیش نییە. کەس ناتوانێت لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا شاعیرێک، چیرۆک نووسێک، ڕۆمان نووسێکی کورد پەیدا بکات کە دێڕیکی بۆ ئەو “ئامانجە نەتەوەییە” نووسیبێت و لە ئەدەبیاتی کوردیدا جێگایەکی گرتبێت.

حەوتەم/ من دەزانم کە ڕەنگە مەبەست و مەرامی زۆر چکۆلە و کەم بەها لەپشت وروژاندنی ئەم باسەوە لە لایەن سایتی ناوبراوەوە هەبێت. بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوە خودی بابەتی ئەم جەدەلە دەهێنێت لەسەری بچین. من لام وایە کە بارودۆخی کوردستان لەمڕۆدا فرسەتی ئەوەی کردۆتەوە و شۆڕشگێڕان بانگەواز دەکات، بۆ دەستپێکردنی ڕەوتێکی ڕەخنەگرانەی قووڵ لە کوردایەتی. ئەوەی کە سەرکوتگەری و ستەم و تاڵانکاری حزبەکانی دەسەڵات دەدرێتە پاڵ فاکتەری دەرەکی و عەقلیەتی سیاسی و دیاردەی وەک تێکەڵ بوونی حزب و دەسەڵات، ڕێگری دەکات لەوەی ئەم ڕەخنە شۆڕشگێڕانەو سەرەوبنکەرە دەرکەوێت و ببێتە هۆشیاریی بەشی پێشڕەوی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان. سەرەنجام ئەوەش ستراکتوری فیکری مومارەسەکردنی سەرکوت لە کوردستان بێ دەستکاریی دەهێڵیتەوە. فرسەت دەدات کە ئەم جارە لەبری یەکێتی و پارتی هێزێکی تر بێت و ببێتە میراتگری “شەرعیەتی کوردایەتی” بۆ درێژەدان بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگا. هێزێکی تر بێت و لەژێر ناوی بەرژەوەندی هاوبەشی باڵای نەتەوە هەمان ئاشی ڕابردوو بگێڕێتەوە.

ئەوەی کە سەرکوتگەر بوون و پاوانخوازی یەکێتی و پارتی بۆ مارکسی-لینینی بوون، یان ستالینی بوونی پێکهاتەی ئەو حزبانە دەگێڕدرێتەوە، تەنها قسەی ئاسۆس نییە، بەڵکو قسەی هەموو نووسەرانی ناسیۆنال-لیبرال و قسەی بەشێک لە کەسە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان و تەنانەت سەرکردەی بزووتنەوەی گۆڕانیشە. بەڵام ئاشکرایە چەند پرسیار دەتوانێت، سەرلەبەری ئەم ئیدیعایە هەڵوەشێنێتەوە. بۆ نموونە دەکرێت بپرسین ئایا ئەو مومارەساتە سەرکوتگەرییانەی کە لەلایەن شێخ مەحمود و دەستەو دایەرەکەیەوە دەکران، هەموو ئەو هەوڵەی شێخ مەحمود بۆ دەست بەسەردا گرتنی زەوی و زار و موڵک و ماڵی خەڵکی تر دەیدا. ئەو تاوانکاریەی کە چەکدارەکانی شێخ لە ماوەی کورتی دەسەڵاتی ئەودا پراکتیزەیان دەکرد. تیرۆرکردنی جەمال عیرفان و عارف سائیب و ڕاوەدوونانی چەندی تر لە منەورەکانی شاری سلێمانی لەو سەردەمەدا بە فەتوای مەلاکان و بە ئەمری شەخسی شێخ مەحمود، هەموو ئەوانەش ئەنجامی مارکسیست بوونی شێخ مەحمود بوون؟ تاوانە دزێوەکانی چەکدارەکانی مستەفا بارزانی لە ١٩٦٤دا لە کانی ماسی و سوتاندنی شیوعیەکان بە زیندوویی لە لایەن تاقمێک چەتەی خوێنڕێژی پارتی کە دواتر مستەفا بارزانی بە چەکی تازە و گرانبەها پاداشتی دانەوە، تاوانەکانی سجنی ڕایات و کوشتنی فاخر مێرگەسووری و چەندینی تر، هەموو ئەو تاوانانەی کە بەشێکیان نەوشیروان مستەفا و ئیبراهیم جەلال و مەلا ئەحمەدی بانی خێڵانی تۆماریان کردوون هی ئەوە بوون کە مەلا مستەفا مارکسیست بووە؟ هەموو مێژووی سەرکوتگەریی پارتی کە لە شەستەکانەوە دەزگا ئەمنیەکانی پەروەردەی دەستی ئیسرائیل بوون، هی ئەوە بووە پارتی حزبێکی مارکسی-لینینی بووە؟ ئاخر کوردایەتی لە ژیانی ٩٠ ساڵی ڕابردووی خۆیدا، لە کوێدا و کەی دەسەڵاتی گرتووە و سەرتاپای گەندەڵی و جەردەیی و تاڵانکاری و ستەمی ئاغا و دەرەبەگ و سەرمایەدار لە خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان نەبووە؟ لە سەردەمی شێخ مەحمود، لە کاتی کۆماری مەهاباددا، یان لە کاتی دەسەڵاتی پارتی بە هەردوو باڵی جەلالی و مەلایی لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە تاکو ناوەڕاستی حەفتاکان؟ ئەو دەسەڵاتە دادپەروەر و پاکەی کوردایەتی کەنگێ و لە چ سەردەمێکدا هاتۆتە سەرکار، تاکو تاڵانکاریەکەی ئێستا هی ئەوە بێت، کە پارتی و یەکێتی مارکسیست بوونە و لە کوردایەتی لایان داوە؟

جێگای سەرنجە کە هەندێک سیاسی فاشیل وا دەزانن هەنگوینی بەڵگەیان لە کونەداردا دۆزیوەتەوە کاتێک ئاماژە بە سەنتراڵیزمی دیموکراتیک دەکەن و دەڵێن گوایە حزبەکانی کوردایەتی پەیڕەویان لەو پرنسیپە ڕیکخراوەییەی مارکسیزم-لینینیزم کردووە، یاخود بە دێڕیک لە بەرنامەکەیاندا ئایدۆلۆژیای حزبیان بە مارکسیزم-لینیزم داناوە، بۆیە ڕۆژیان بەم ڕۆژە گەیشتووە. باشە بە ڕاستی ئەوانە نازانن کە پارتی لەگەڵ دروست بوونیدا و تا ئێستاش سەرکردەی هەمیشەیی هەبووە، هەمیشەیی بوونەکەشی قوربانتان و لەبەرچاوی ناگرین، سەرۆک و پلەی سەرۆک لە کوێدا بەشێک بووە لە پرنسیپەکانی سەنترالیزمی دیموکراتیک؟ پاشان ئەوەی کە دێڕیک لە بەرنامەکەی پارتی ناوی مارکسیزم-لینینیزمی هێناوە، ئایا ئەمە زۆرتر نیشانەی هەلپەرستی و خۆهەڵواسین نییە بۆ حزبێک کە لە شەستەکانەوە دەستکەلای دەستی کۆنەپەرستانی ناوچەکەو سەرمایەداری جیهانیە؟ ئەگەر بوونی ئەو ڕستەیە لە پەیڕەوپرۆگرامی پارتیدا هیچ مەوقعێکی لە ئیعرابدا هەبووایە، وەلانانی لە کۆنگرەی ١٢دا نەدەبوو ببێتە مایەی مشت و مڕیکی لاوەکی؟ ڕاستیەکەی ئەوەیە کە بوونی ئەو عیبارەتە لە پەیڕەووپرۆگرامی پارتیدا نیشانەی بە ئەرزش بوونی ئەو بیروباوەڕە لە دیدی پارتی و مستەفا بارزانیەوە نەبووە، بەڵکو نیشانەی بێ ئەرزش بوونی پرۆگرامە لە دیدی حزبێکدا کە هەمیشە بە گۆپاڵی سەرۆک، نەک بە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆوە بەڕێوە چووە.

نەوشیروان مستەفا چەند جارێک کوردستانی ئەم سەردەمەی بە کۆمارەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی سەردەمی سۆڤیەت  شوبهاندووە و چەندین جاریش باسی ئەوەی کردووە کە حزبەکانی کوردایەتی لەسەر مۆدێلی ستالینی دروست کراون. بەڵام واقعیەت ئەوەیە کە کوردستان لە کۆمارەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی دوای ڕووخانی بلۆکی شەرق دەچێت، لە حاڵێکدا کە پاش ڕووخانی بلۆکی بەناو سۆشیالیستی مافیاکان بونەتە دەسەڵاتدار و هەموو کەرەستە و سامانی کۆمەڵگایان هەرزان فرۆش کردووە. ئەو حاڵەی کە لەوێ بەو جۆرە دوای ڕووخانی سۆڤیەت ڕووی دا، ڕێک ئەو ڕۆژەی یەکێتی و پارتی لە ئێرانەوە هاتنەوە لە کوردستان دەستی پێ کردووە تا ئێستاش بەردەوامە. ئەودەم هەر لە یەکەمین ڕۆژەوە لە بەنداوی بێخمەوە، تاکو بەلەدیەکەی عەربەت و هەڵەبجەی تازە هەرچی ئامێر و دەزگا هەبوو بە ئەمری حزب ئاودیوی ئێرانیان کردن. ئەو جەردەیی و تاڵانیە، ئەو سەردەمە بە بەرچاوی خودی نەوشیروانەوە و بە ئاگاداری خۆشی ئەنجام دەدرا. پاشان بە ڕاستی ستالینیست بوونی پێکهاتەی حزبەکانی کوردایەتی دەبێ بەرگێکی مۆدێرن بووبێت ئەو حزبانە هەوڵیان دابێت لەبەری بکەن. دەنا ئەوەتا کاتێک جەنابی نەوشیروان بە قسەی خۆی ئەو بەرگەی فڕێ داوە، حزبێکی دروست کردووە کە هەرچی بۆنی مۆدیرنیزمە لێی نایەت. ئەگەر پارتی و یەکێتی بۆ چاوبەستیش بێت کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەب سیاسیەکیان هەیە، بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە سێ ساڵە حزبە و هیچی لەوانەش نییە. قائیدی ئەوحەد و مەرجەعیەتی سیاسی و ئەخلاقیش!! (بە قسەی بابەکر دڕەیی سەرۆکی کۆمپانیای وشە) بۆ بزووتنەوەی گۆڕان هەر خودی نەوشیروان مستەفایە. نەوشیروان مستەفا بە فەتوای عەلەنی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕیوە دەبات و ڕەخنەش لە ستالینزم دەگرێت. من خۆم هەمیشە ستالینیزمم بە دوژمنی کۆمۆنیزم زانیوەو لە سەدام حسێنێک زیاترم لە ستالیندا نەبینیوە، بەڵام بە بڕوای من هەر کەس ویژدانی هەبێت ستالینیزم بە گەشەو پێشکەوتن بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەبینێت، نەک بە پێچەوانەوە.

سەرەنجام ڕەتکردنەوەی ئەو تێڕوانینەی کە دەڵێ پارتی بۆیە سەرکوتگەرە چونکە مارکسیستە، لە لای منەوە، لە تەقدیسکردنی مارکسیزم و ئایدۆلۆژی گەریەوە نەهاتووە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە ئەو جۆرە تێڕوانینە ڕێونکەرە، کوردایەتی بە خشکەیی لە پەنجەرەوە دەکاتە دەرەوە و پاساو بۆ ئەتککردنێک دێنێتەوە کە هەموو ڕۆژێک ئەم جووڵانەوەیە بەرانبەر کۆمەڵگای ئێمە پراکتیزەی دەکات.ناسنامەی بکەرەکانی پشتی ئەو ئاکارە دزێوانەی کوردایەتی کە چینی باڵا دەست و سەرمایەداری کوردستانن دەشارێتەوە، لە جێگای ڕۆشنگەریی لەسەر ماهیەتی سیاسی و چینایەتی ئەو بزووتنەوەیەی کە دەسەڵاتی مافیایی و میلیشیایی وەک یەکێتی و پارتی بەرهەم هێناوە، پەنا بۆ لێکدانەوەی عەقڵی و کولتوری دەبات و سەرەنجام سەرەگێژە دەنێتەوە. یەکێتی و پارتی بۆیە مافیان، چونکە بەرهەمی کوردایەتین، کوردایەتیش بۆیە بەرهەمی وای هەیە، چونکە بە هەموو مێژووی خۆی جووڵانەوەی دەرەبەگ، شێخ، مەلا، سەرۆک عەشرەتەکانی کوردستان بووە و لە بەرانبەر ناڕەزایەتی چەوساوەکانی کوردستان پارێزگاری لە بەرژەوەندی ئەوانە و بازرگان و سەرمایەدارەکانی کوردستان کردووە. شۆڕشی تازە لە کوردستان بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بگۆڕێت و لە دەرگای ئایندەیەکی پرشنگدار بدات، بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو ئازادی و سەرفرازی هەڵبگرێت، بۆ ئەوەی تەنانەت دەسەڵاتێکی سەربەخۆی جەماوەریی کوردستان پێک بهێنێت، ناچارە ئەم جووڵانەوەیە وەلابنێت وتێی پەڕێنێت، پێویستە دەست بە جووڵانەوەیەکی نوێی کۆمەڵایەتیەوە بگرێت. کۆمۆنیزم بۆ ئەم شۆڕشە نوێیە ئەگەرێکە و ڕێگایەکە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام وەلانانی کوردایەتی ئەگەرێک نییە بۆ هەڵبژاردن یان ڕەتکردنەوە، بەڵکو لە پێناوی ئایندەیەکی گەشتردا بۆ جەماوەری کوردستان ناچاریە.

2011-07-10

Entry filed under: شه‌ماڵ علی. Tags: .

ئــــــایــــــا خــــــۆپــــــیشانــــــدان پــــــێویــــــســــــته‌؟ بـــەبـــێ چـــاكسازیی،هـــەڵبـــژاردنی پارێزگاكان مـــانـــای نیـــه‌

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 722,040 hits

%d bloggers like this: