لــــە بــــری گــــەنــــجان،هــــۆشــــداری بــــە دەســــەڵات بــــدەن!

2011/07/13 at 10:02 PM لێدوانێک بنووسە

ئایا خۆپیشاندان پێویستە؟ پرسیاریکە ڕێبین هەردی لە خۆی دەکات و بە نەفی وەڵام دەداتەوە. مەبەستم نییە لێرەدا داکۆکی لە بڕیاری گەنجان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ١٥ی تەموز بکەم‌و ئەم باسەم بۆ وەڵام دانەوە بە بۆچوونی ڕیبین و پەیامی ئەو لەو بابەتەوە نییە. بەڵکو ئەوەی جێگای سەرنجی منە و بە پێویستی دەزانم قسەی لەسەر بکەم، وردەکاریەکانی پشتی پەیامەکەی ئەوە. وەک دەڵێن زۆر جار شەیتان خۆی لە نێو وردەکاریەکاندا حەشار دەدات. لەم نمونەیەی ڕێبینیشدا من ڕاستی ئەو وتەیە دەبینمەوە.
ڕێبین ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بیرۆکەی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان لەوەوە هاتووە کە نەکردنی خۆپیشاندان لای خاوەنەکانی وەک بەڵێ وتن بۆ درێژەکێشانی بارودۆخی ئێستا لێک دەدرێتەوەو ئەمە بە زادەی توڕەیی لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە مانگی نیساندا دەبینێت. بەڵام ئەوە بیر دەباتەوە کە لەڕاستیدا خودی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ١٧ی شوبات بە دواوە، بەرەنجامی بێزاری و بەگیانهاتنی جەماوەر بوو لە دژی نایەکسانی و تاڵانکاری و سەرکوتێک کە لە کوردستاندا پیادە دەکرا و تا ئێستاش هیچی لێ نەگۆڕاوە. دەکرێت خودی ڕێبین خۆپیشاندان بە تۆڵەکردنەوە لە دەسەڵات بزانێت. بەڵام جەماوەرێک کە لەو دیو ئاگاداری و هەستکردنی ڕێبینەوە نایەکسانیەکان و نادادپەروەریەکانی کوردستان هەموو ڕۆژێک بێ حورمەتی بە کەسایەتیان دەکات، زۆر پاڵنەری گەورەتریان بۆ ڕژانە سەر شەقام هەیە.
لە نووسینەکەی ڕێبیندا هەستی مەسئولیەتێکی بەرز بۆ گیانی ئینسانەکان و بەهای ژیانی هەر تاکێک خۆی نیشان دەدات بەڵام لێرەشدا کێشە لە ئەنجامێکدایە کە ڕێبین لەو پرنسیپەی دەگرێت. چونکە لای ڕێبین هەر بانگەوازێک بۆ خۆپیشاندان و هەر هەوڵێک بۆ ئەوە ڕیسک کردنە بە گیانی ئینسانەکانەوە. بە جۆرێک کە سەرەنجام وامان لێ دێت بەرپرسیارێتی ڕژانی هەر خوێنێک لە داهاتوودا بخەینە ئەستۆی ئەو کەسەی کە ئەمڕۆ بیر لەوە دەکاتەوە و بانگەواز دەکات بڕژێینە سەرجادە.
بە بڕوای من رێبین و من و هەر کەسێکی تر کە نرخ بۆ ژیان و سەلامەتی ئینسانەکان دادەنێت و نیگەرانی ئەوەیە کە خۆپیشاندان توندوتیژی لێ بکەوێتەوە، دەبێ لە جێگای ئەو پەیامە و تۆقاندنی زیاتری خۆپیشاندەران، هۆشداری بە دەسەڵات بدات و هەر لە ئێستاوە ئاگاداری بکاتەوە کە ١٧ی شوباتێکی تر بەرپا نەکات. هەر لە ئیستاوە تاوانی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو بخاتە ئەستۆی دەسەڵاتداران. ناکرێت خەڵتانی خوێنکردنی خۆپیشاندەران وەک حوکمێکی بڕاوەو ڕوداوێکی سروشتی سەیر بکرێت. ئەوە بەڵایەکی ئاسمانی نییە هەڕەشەمان لێ دەکات ئەوە بڕیارێکی سیاسی تاقمێک دەسەڵاتداری خوێنڕێژە کە بەرپەرچدانەوەی مەرجی سەرەکیە بۆ وەستان لە کەنار و لەناو جەماوەردا.
دیوی دووەمیش لە بانگەوازەکەی ڕێبین بۆ نەکردنی خۆپیشاندان، وەهم دروستکردنە بەرانبەر بارودۆخی ئێستا و ئەو ڕیگایانەی کە دەکرێت گوشاری پێ دروست بکەین. چونکە یەکەم/ تەواوی ئەو شتانەی ئەو دەیانژمێرێت، لە توانای نووسین و ڕەخنەگرتن، ڕۆژنامەی ئازاد، ئۆپۆزیسیۆنێک “کە بێ دەنگ نییە” و خۆپیشاندانی بەمۆڵەت، بەر لە ١٧ی شوباتیش هەبوون و خەڵک بۆیە خرۆشانی ئەو ڕۆژەی بەرپارکرد و ٦٢ ڕۆژ دوای ئەوەش لە مەیداندا مایەوە، چونکە دڵنیا بوو ئەو ڕێگایانە بێ هودەیە. دووەم/ ئەو ڕێگایانەی کە ڕیبین دەیانژمێرێت، بەشێکیان ئەو میکانیزمانەن کە دەسەڵات خۆی وەک بەشێک لەم سیستەمە پڕ ستەمەی قەبوڵی کردوون.
وەک ژیژییک دەڵێ سیستەم تەنها ڕێساکانمان بۆ پێناسە ناکات، بەڵکو ئەو ڕێسایەنشمان بۆ پێناسە دەکات کە دەتوانین ڕێساکانی سیستەمەکەی پێ ژێرپێ بنێین. لە کوردستاندا، رۆژنامە و میدیای ئەهلی، رۆژنامەنووسی وەک بەڕیزی و نووسەرانی ناڕازی، ئۆپۆزیسیۆنەکەی کە لای ڕێبین بێ دەنگ نییەو خۆپیشاندانی بەمۆڵەت هەموویان لەو ڕێسایانەن کە ئەم سسیستەمە سیاسیەی کوردستان وەک ڕێسای شکاندنی ڕێسا ڕاگەیەنراوەکانی خۆی قەبوڵی کردوون. کە دیارە سەرەنجام هەر دەبنەوە بە بەشێک لە سیستەمەکە و بگرە وەک کونە هەناسەیەک بۆ کەمکردنەوەی گوشاری توڕەیی و بێزاری پەنگخواردووی جەماوەر بەکار دەهێنرێن.
من لێرەدا ئەرکە لەسەرم کە بەرێزەوە کڵاوەکەم لە ئاست ماندوبون و قوربانیدانی هەر ڕۆژنامەنووسێک و نووسەرێکی ڕەخنەگر دابگرم. بەڵام ئەو ماندوبونانە و بەکارهێنانی ئەو ڕێگایانەی کە ڕێبین دەستنیشانی کردوون ئەگەر سەرەنجام بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئەو ڕێسایانەش بەکار نەبرێن کە سیستەمەکە بۆ یاخی بوون بە ڕەسمی ناسیون، هەموو ڕۆژنامەنوسانی ناڕازی دەکاتە برغویەکی ناو مەکینەی سیستەمەکە. ئەگەر میدیای ئەهلی، ڕەخنەی نووسەران، ئۆپۆزیسیۆن و خۆپیشاندان بۆ هەڵگێڕانەوەی ئەم سیستەمە، کە لەسەر بنەمای فەراهەمکردنی ژیانی شاهانە بۆ کەمایەتیەک و نەبوونی و تەحقیر بۆ زۆربە دامەزراوە، بەکارنەبرێت، دەبێتە ئەو میکانیزمانەی کە یارمەتی درێژەدانی ژیانی سیستەمەکە دەدەن.
لە لایەکی ترەوە پێویستە خاڵێکمان لەیاد نەچێت. من و ڕیبینی ڕۆژنامەنووسی ناڕازی، ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن و حزبە دانپیانراوەکان، هەرگیز ناتوانین ئازادی خۆمان و توانای دەربڕینی خۆمان وەک نموونەی ئازادی جەماوەر ببینین. بەشێک لە ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەمانەی کوردستانیش خەریکە لێیانەوە فێر دەبن، بەبەردەوامی پەراوێزێکیان بۆ نیشاندانی توڕەیی و بێزاری و دەربڕینی ڕەخنە بۆ ڕۆژنامەنووسان و هەڵسوڕاوانی سیاسی فەراهەم کردووە، کە هەرگیز بۆ خەڵکی ئاسایی فەراهەمی ناکەن. ئەو ڕژێمانە لەبەرانبەر ڕۆژنامەنووسانێکدا کە دەتوانن سوود لە سەرمایەی ڕەمزی و تواناکانی خۆیان بۆ موخاتەبەکردنی کۆمەڵگا وەرگرن هەمیشە بە وریاییەکی زۆرترەوە مامەڵە دەکەن، تاکو لەگەڵ کەسێکی ئاسایی و پیادەڕەوێکی سەر شەقامەکاندا. لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان بە شێوەیەکی ڕیژەیی نەرمن، بەڵام لەگەڵ خەڵکی ئاسایی وەک گورگ دڕندەن. هەربۆیە پلەی سەرکوتگەریی ئەم سیستەمانە دەبێ لەو جێگایانەدا بپێورێت کە ڕۆژنامەنوس و ئیلیتی ڕۆشنبیریی لێ نییە. بۆ نموونە بۆ ئەوەی لە ڕادەی ستەم و سەرکوتی ئەم دەسەڵاتە تێبگەین نابێت تەنها لەو وێنانە بڕوانین کە دڕندەیی دەسەڵاتیان لەسەر برین و شوێن لێدانەکانی سەر جەستەی ڕێبین لە ١٩ی نیسان نیشان دەداین. بەڵکو دەبێت بۆ ئەو فلیمە بڕوانین کە مێردمناڵە هەژارەکەی هەولێری تێدا ناچار دەکرێت پێڵاوی ئەفسەری ئاسایشەکە ماچ بکات. ئەوەی یەکەمیان ناتوانێت ڕووداوێکی ڕۆژانە بێت، بەڵام سووکایەتیەک کە لە دووەمیاندا دەیبینین سەختە باوەڕ بکەین هەموو ڕۆژێک ڕوو نادات.
میدیای ئەهلی لە کوردستان ئازادە ڕەخنە بگرێت، بەڵام ئەم ئازادی دەربڕینە ڕووکەشە، سنووردارە بە ڕێسا پێناسەکراوەکانی یاخی بوون، هی سەرەوەی کۆمەڵگایە و تاکو بۆ خوارەوەی کۆمەڵگا شۆڕ بیتەوە کەمتریش دەبێتەوە. هەر بۆیە نە ئەو توڕەییەی خوارەوەی کۆمەڵگا دەتوانێت لەسەر ڕۆژنامەکان تەعبیری تەواو لە خۆی بکات، نە ئەو گۆڕانەی ڕۆژنامەنووسی ناڕازی بە ڕەسمی ناسراو بانگەشەی بۆ دەکات، هەمان ئەوەیە کە چینە ژێردەستەکانی کۆمەڵگا داوای دەکەن، و نە ئەو ئاڵوگۆڕە خوازراوەش لە خوارەوە بە وتاری ڕۆژنامەکان دێتە دی. ڕێبین کارێکی دروست ناکات کە داوای بێ دەنگی لە گەنجان دەکات و دەیەوێت بەوە هێوریان بکاتەوە کە ڕۆژنامەنووسان ڕەخنە دەگرن و میدیا گوشاری هەیە. لە سیاسەت و حزبایەتی و پرۆسەی هەڵبژاردندا نوێنەرایەتی مانای هەیە. بەڵام کاتێک دێتە سەر ئازادی دەربڕینی ناڕەزایی کەس نوێنەرایەتی کەسی بۆ ناکرێت. با لێگەرێین هەر کەس بە قوڕگی خۆی هاوار بکات.
مەسەلەیەکی تر کە لە وتارەکەی ڕێبیندا زۆر بایەخدارە، ئەو هۆشداریەیە کە سەبارەت بە ڕوبەڕوبونەوەی چەکداری دەیدات. دەمێکە ئەمە وەک داهۆڵێک بۆ ترساندنی جەماوەری کوردستان بەکاردەهێنرێت، بەر لە ١٧ی شوباتیش ئەم هۆشداریە دەوترایەوە و تەنانەت باسی دێوەزمەی جەنگی ناوخۆ نزیک بوو ببێتە دەنگێکی زاڵی ناو توێژی نووسەرو چالاکوانە سیاسی و مەدەنیەکان. من لێرەدا نامەوێت لەو مەترسیەی کە ڕێبین باسی دەکات کەم بکەمەوە. منیش وا دەزانم کە ئەگەری ئەوە زۆرە هەر خۆپیشاندانێک کە هەڕەشەی جیددی بۆسەر دەسەڵات دروست بکات، لەلایەن میلیشیا حاکمەکانەوە بگۆڕێت بە ڕوبەڕوبونەوەی چەکداری. بەڵام هەر لەبەرئەوە دروستتر وایە کە جەماوەر و هێزە سیاسیەکان خۆیان بۆ ئەوە ئامادە بکەن، نەک بەو مەترسیە خەڵک بترسینن.
هەر هێزیکی ڕێکخراو، هەر لایەنێک کە خەمی ئایندەی ئاشتی و ئاسایشی کوردستانێتی، دەبێت خۆی و جەماوەر بۆ مەترسیەکانی ئەو ئایندەیە ئامادە بکات. ئەوەی کە دەستی میلیشیا چەکدارەکانی کوردستان دەبەستێت لەوەی گۆماوی خوین بخوڵقینن، بانگەشەی خەڵک بۆ هێورکردنەوە نییە، بەڵکو ئامادەکردنی جەماوەرە بۆ بەرپەرچدانەوەی پەلاماری سەربازی. ئامادەکردنی جەماوەر، بە پلەی یەکەم چەکدارکردنی نییە. بەڵکو ئامادەکردنیانە لە ڕووی ڕیکخستنەوە. جەماوەرێکی ڕێکخراو لەئاستی گەڕەک و شوینی کار و خوێندنگا و فەرمانگە حکومیەکان دەتوانێت هێزێکی هێندە گەورە بێت کە دەستی میلیشیای حزبەکان لە کوشتار ببەستێت و بواری مانۆری سەربازییان لێ بەرتەسک بکاتەوە. ئەوە دروشمی “بە ئاشتی، بە ئاشتی” نییە کە مەترسی ڕوبەڕوبونەوەی چەکداری کەم دەکاتەوە، بەڵکو ڕیکخراوبوونی جەماوەرە کە دەتوانێت بە ئاشتی و کەمترین خوێنڕژان خواستەکان و گۆڕانکاری بەدی بهێنێت.
من وای دەبینم کە لە بری گەنجانی ناڕازی و بەگیانهاتوو ڕێبین هەردی سەرنجێک بداتە بزووتنەوەی گۆڕان – کە بەڕێزی ڕاوێژکاری سەرۆکەکەیەتی-و لەخۆی و لەوان بپرسێت، لەبەر چییە ماوەی دوو ساڵە بەو هەموو توانا مالی و میدیاییەوە و بەو جەماوەرەی لە دەوریانە، ناتوانن –یان دروستتر نایانەوێت- هەنگاو بەرەو ڕێکخراوکردنی خەڵک و پێکهێنانی ڕێکخراوەی جەماوەری هەڵبهێننەوە؟ ئاشکرایە کە هۆکاری ئەوە سیاسەتی خودی بزووتنەوەی گۆڕانە کە هاتنەمەیدانی ڕێکخراوی جەماوەری ناوێت و دەیەوێت جەماوەر تەنها وەک ڕەشە لەشکر بۆ گۆڕانێکی فۆرماڵی، بە قازانجی بەشێک لە بۆرژوازی کە لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە، بەکاربهێنێت. دەیەوێت هەر کات ویستی جەماوەر بهێنێتە سەرجادە، کە مەترسی تووش بوو بە گێرەشێوێنیان دابنێ و کە بەرژەوەندیشی خواستی بە گورگانخواردیان بدات و بە دڵشکاوی و برینداری بۆ ماڵەوەیان بنێرێتەوە. ئەو جۆرە مامەڵە نابەرپرسانەیە کە هەڕەشەی گۆڕانی خۆپیشاندانەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەکداری گەورەتر دەکات، نەک خودی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی.
جێگای خۆشیەتی لێرەدا سەبارەت بە دروشمی “بە ئاشتی، بەئاشتی” کە ڕێبین زۆر لایەنگرێتی قسەیەک بکەین. من لام وایە لەگەڵ دوو تاقم مافیای ملیاردێر کە نزیکەی چارەکێکی پیاوانی گەنجی ئەم کۆمەڵگایەیان کردۆتە چەکداری خۆیان و میلیشیا و حزب و ڕژێمی سیاسی و حکومەتیان بەسەر یەکدا هەڵشێلاوە، زۆر سەختە گۆڕان بەم دروشمەوە بەرپا بکرێت. ڕەوتی گۆڕانکاریەکان ئەگەر ڕیشەیی و جێ مەبەست و ئامانجی زۆربەی خەڵک بن، لە پێچیکدا بە ناچار توشی ڕوبەڕوبونەوەی چەکداری لەگەڵ ئەو مافیایانە دەبن. قازانجی مەدەنیەت و جەماوری کوردستان لەوەدایە تا بکرێت ئەو توندپێچە دوابخرێت، بەڵام جێگای داخە کە زۆر سەختە بەسەریدا بازبدەین. تەجریمکردنی هەموو دەستبردنێک بۆ توندوتیژی لەلایەن جەماوەرەوەو بەڵێن دان بەوەی بشمان کوژن ناتانکوژین، سیاسەتی کەسانێکە کە نایانەویت لەگەڵ ئەم مافیانەدا ئێسک بشکێت. شەڕو پێکدادانی چەکداریی، تەنانەت ئەوەشی پێی دەڵێن شەڕی ناوخۆ لە هەموو سیاقێکدا بڤە نییە و کەس ناتوانێت لە کوردستاندا بێ پێشبینی کردنی ئەوە خەباتێکی لێبڕاوانە بۆ گۆڕانکاری بکات. شەڕی ناوخۆ لە کوردستانی نەوەدەکاندا بۆیە ماڵویرانکەر بوو چونکە لە نێوان دوو هێزی کۆنەپەرستدا بەرپا بوو. دەنا لە زۆر جێگای دنیادا ڕەوتی ڕزگاربوون بە ناچار بە نێو ئەو ژانەدا تێپەڕیوەو لەدایک بووە. ئەم قسانە نابێت وەک بانگەشە بۆ شەڕ لێک بدریتەوە، بەڵام ئەوەی بەڵێن بە جەردە و مافیا دەدات کە بشی کوژن نایان کوژێت، ناکرێت باری مەبەست و ئامانجی گەورەو گرانبەها هەڵگرێت. بەڵام هەست دەکەم ئیتر ئەم ڕەخنەیە کەمتر بۆ ڕێبین دەشێت، چونکە ئەو لەوانە بوو کە چەند ساڵ لەمەوبەر گاڵتەی بە شۆڕش دەکرد و شانازی بەوەوە دەکرد کە وتارەکانی دەبێت هۆی گواستنەوەی بەرپرسێک لە پۆستێکەوە بۆ پۆستێکی تر و ئەو گۆڕانە وردانەی بە ئامانجی خۆی دانابوو.
منیش وەک ڕێبین لایەنگری دەست پێکردنەوەی خرۆشانی جەماوەری نیم لەم سات و کاتەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانیکردن لە گەنجانی کوردستان و هۆشداری دان بە دەسەڵات کە نەکا وەک ١٧ی شوبات بکات، نەک ترساندنی گەنجان، بە ئەرکی خۆم و هەموو چالاکوانێکی سیاسی ناڕازی دەزانم. پێشنیاریش دەکەم کە گەنجان لە جێگای دەستپێکردنەوەی نزیکی خۆپیشاندان لە بیری کۆکردنەوەی هێز و ڕیکخستنی خۆیاندا بن. ئەگەریش خۆپیشاندان بە کاراترین شێوازی خەباتی هەر ئەمڕۆ دەزانن، لە جێگایەکدا ئەنجامی بدەن و بە شێوازێک بەرپای بکەن، کە توشی شەڕی دەستەویەخەیان لەگەڵ چەکدارەکانی دەسەڵاتدا نەکات و بواری هێزکۆکردنەوەی زیاتر بۆ خۆپیشاندان فەراهەم بکات. دڵۆپێک خوێنی هیچ گەنجێکی کوردستانمان لێ زیاد نییە بە ڕژانی بدەین.

شەماڵ علی

shemalali@yahoo.com

 ‏2011‏-07‏-13

Entry filed under: شه‌ماڵ علی.

ئێــــران داوا لــــه‌حــــكومــــه‌تــــی‌ هــــه‌رێــــم ده‌كــــات پــــارتــــه‌كــــانــــی‌ رۆژهــــه‌ڵاتــــی‌ كــــوردســــتان چــــه‌ك بـكــــات “ڕوداوی‌ خێڵی‌ حه‌مه‌ سه‌ربه‌رزیه‌ بۆ ئیسلامیه‌كانی‌ كوردستان”

لێدوانێک بنووسە

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • هه‌ڵه‌یه‌ک ڕوویدا؛ له‌وانه‌یه‌ ئه‌م feed کار نه‌کات. دواتر هه‌وڵبده‌وه‌.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • هه‌ڵه‌یه‌ک ڕوویدا؛ له‌وانه‌یه‌ ئه‌م feed کار نه‌کات. دواتر هه‌وڵبده‌وه‌.

RSS بي بي سي -العربية

  • هه‌ڵه‌یه‌ک ڕوویدا؛ له‌وانه‌یه‌ ئه‌م feed کار نه‌کات. دواتر هه‌وڵبده‌وه‌.

RSS کمپین بین المللی حقوق بشر

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 813,276 hits