مێــــــــژووی کــــــــۆڵــــــــنەدەران!
2011/07/08 at 6:23 PM لێدوانێک بنووسە
چەند ووشەیەک لە یادەوەری شۆڕشی ٥٧(٧٩)دا
منصور حکمەت
ئەڵێن ئەم ساڵانەی دوایی ڕەوەندێکی “چاوگێڕانەوە” و “چاوپیاخشانەوە” لەنێو شۆڕشگێڕانو چەپڕەوانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا لە ئارادا بووە. سەرنجدان لە بڵاوکراوەگەلێک کە ئەم گرووپە بە تایبەت ئەوەی لە هەندەران بڵاوی ئەکاتەوە ئاماژەیەکە بۆ ڕاستو درووستی بوونی شتێکی لەم جۆرە، هەرچەندە ئەمەی کە “چاوگێڕانەوە” دەستەواژەیەکی گونجاو بێت بۆ وەسفی ئەم ڕەوەندە جێگای شکو گومانی جدییە. لە حاڵەتی خەڵوەتو تەنیاییدا، کاتێک کە ووتنی ڕاستی کەسێک ناڕەنجێنێ، ئەتوانرێ ئەم ڕەوەندە وەکو ڕەوەندێکی پەشیمانی وەسف بکرێت. بەڵام بۆ ڕای گشتی، لەو شوێنەوە کە، بە تایبەت ئەم ڕۆژانە، نەزاکەت (ئەتەکێت)ی سیاسی فەرمانڕەوایە، شایەد “بیرکردنەوەی نوێ” دەستەواژەیەکی باشتر بێت. یەکێک لە یەکەمین قوربانیانی ئەم ڕەوەندی بیرکردنەوە نوێیە چەمکی شۆڕشو شۆڕشگێڕێتی بە شێوەی گشتی و شۆڕشی ٥٧(مەبەست شۆڕشی٩٧٩ی ئێرانە- و) بە شێوەی تایبەتی بووە!
هەموو مانگێک لەلایەن ئەفرادو گرووپگەلو ڕەوتگەلی پێکهاتوو لە پاشماوەکانو شۆڕشگێڕانی بەساڵاچووی شۆڕشی ٧٩ کێوێک نووسراوی جۆراوجۆر بڵاو ئەبێتەوە. خوێندنەوەو شوێنگرتنی هەموو ئەمانەو هاوبەشی لەگەڵ سەرقاڵیو جیهانگەلی هزریی نووسەرانیان هەم بێهوودەیەو هەم دژوار. بەڵام بینینی ڕەوەندی “بیرکردنەوەی نوێ” کە باسی لێوە کرا گران نیە. ئەتوانرێ سوود لە شێوازی “لێکهەڵپێکانی واتاکان” وەربگیرێ کە ئامڕازێکی دەروونناسەکانە بۆ چێککردنی کاردانەوەی ئەم ئەدەبیاتە لە بەرامبەر بە ووشەگەلی سەرەکی لە چەشنی چەمکی شۆڕش. ئەو وێنایەی کە بەدەست دێت جێگای گومان ناهێڵێتەوە. شۆڕش: توندڕەوی، شۆڕش: توندوتیژی، شۆڕش: سەرکوت، شۆڕش: تێکدان.
بۆچی نا؟ ئاخر کام لەم پاشماوانەی شۆڕشی ٧٩ هەیە کە بتوانێ بۆ ساتێک چاوەکانی دابخاتو بیر لە ١٧ ساڵی ڕابردوو بکاتەوەو یادەوەریەکی خۆش بێتەوە خەیاڵی؟ ملیۆنەها کەس ناچارکران بە ژیان لە سایەی کۆنەپەرستترینو دڕندانەترین ڕژێمی کۆمەڵایەتیدا، کۆمەڵگایەک لەسەر بنچینەی ترس، درۆو هەژاری دامەزرا کە تیایدا شادی قەدەغەیە، ژنبوون تاوانە، ژیانکردن سزایەو هەڵاتن نامومکینە. یەک نەوەی تەواو، بگرە نیوەی زیاتری خەڵکی لە بنەڕەتەوە چاویان بەم دۆزەخە پشکووتووەو جگە لەمە یادەوەریەکی تریان نیە. وە بۆ زۆرێکی دیکەی خەڵک، زیندووترین یادەوەری، یادی ڕوخساری لەبیرنەکراوی ئەو ئینسانە پاکانەیە کە لە خوێن هەڵکێشران. مەگەر وانیە کە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم کابووسە ساڵی ٧٩ بوو، ساڵی شۆڕش؟
ئەشێ بەلای هەندێکەوە دەرەنجامی شکستی شۆڕشی ٧٩ ڕۆڵی بووبێت لە سەرهەڵدانی ئەم ڕەوەندی “بیرکردنەوە نوێ”یەدا. بەڵام نە بەرینیی ئەم پەشیمانیە وە نە تەڵخیی ئاوازو هیستریای بیرمەندانی نوێی ئەمڕۆ، هیچیان ناکرێت بە ناکام مانەوەی شۆڕشی ٧٩ ڕوونبکرێنەوە. ئەڵێی بەسەر پردێکەوە دانیشتویتو تەماشای گەڕانەوەی سوپایەکی تێکشکاو ئەکەیت. چاوەڕوان نەکراو نیە کە ئەم سوپا بەزیوە لەنێو دڵتەنگی، حەپەساوی، پەژموردەییو بێدەنگیدا بێتەبەرچاوت. بەڵام ئەم جەماعەتە دەستیان گرمۆڵەکردوەو مشتیان لێ درووست کردووە. کاتێک ووردتر گوێیان لێ ئەگریت، ئەبینیت لەبەر خۆیانەوە سروودێک ئەڵێنەوە، بەڵێ، ئێوە بەهەڵەدا نەچوون، ئەمانە بەنیازن بۆ جەنگ بێن، بۆ جەنگ لەگەڵ “سەرزەمین”و “ئۆردوگا”و “قەڵا”ی خۆیان، یاخود هەر ئەو شتەی ڕۆژگارێک خۆیان وەها خەیاڵیان کردووەو ناوزەدیان کردووە. ئەمانە بەنیازن بگەڕێنەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە “خۆیان”و “ئەوانە”ش کە دوێ ڕۆژێ سەر بە خۆیان بوون. بۆ کەسێک کە لەنێو قەڵاوە سەیری دەرەوە ئەکات، بە دڵنیایی ئەمە تابلۆیەکی ترسناکە.
کەمن ئەو شۆڕشو جووڵانەوە شکست خواردوانەی لەلایەن ئارەزوومەندانی دوێنێیانەوە بەم شێوازە دەردناکە یەکتر جێبێڵن. شۆڕشی مەشروتە، بزووتنەوەی خۆماڵی کردنی پیشەسازی نەوت، حکومەتی ئالیندا، شۆڕشی پرتوگاڵ، مانگرتنی کرێکارانی کانەکانی بەریتانیا، بۆ نموونە، هەمیشە لەلایەن دژبەرەکانیانو بەشداربوانیشیانەوە ڕێزێکی گەلێک زۆریان بۆ دانراوە. دەبێت هۆکاری بیرکردنەوەی نوێی ئەمڕۆی شۆڕشگێڕانی دوێنێی ئێران لە جێگایەکی دیکە بدۆزرێتەوە. واقعییەتی مەسەلە ئەمەیە کە هەمان ئەم ساڵانە، ساڵانی دوای شۆڕشی ٧٩، لە ئاستی جیهانیدا هاوکات بوو لەگەڵ ڕووداوی گەلێک گرنگتر. کەوتنی بلۆکی ڕۆژهەڵات، کە ئەم دواییانە ئیتر تەنها لەنێو پڕوپاگاندەی دیماگۆجیترین ووتەبێژانی ڕەسمی پەیمانی وارشۆو ناتۆ، وە گەوجترین لایەنگرانیانەوە پێی ئەووترا “کەمپی سۆشیالیزم”، یەک زەمین لەرزەی کۆمەڵایەتی بوو کە تەواوی جیهانی ڕاوەشاند. خودی نەمانی یەک پۆڵ لە جیهانی جووتپۆڵیدا، جیهانێک کە هەموو شتێکی، لە ئابووریو بەرهەمهێنانەوە تا زانستو هونەر، بۆ ماوەی دەیان ساڵ لەسەر میحوەری بەرامبەرکێی ئەم دوو قوتبە شکڵی گرتبوو، بە ئەندازەی پێویست ژێرەو ژوور کەر بوو. بەڵام ئەوەی لە قەڵەمڕەوی هزرو ئەندێشەدا دیاریکەر بوو، ئەم واقعییەتە بوو دەسەڵاتدارانی جیهانو گاگەلی فراوانی ووتەبێژانو بانگبێژانی بەکرێگیراویان لە زانکۆکانو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیانەوە، توانیان کەوتنی بلۆکی ڕۆژهەڵات وەکو هەرەسی کۆمۆنیزمو کۆتایی سۆشیالیزم وێنابکەن. بەڵام تەواوی ئەم فریوکارییە زیاتر لە شەش ساڵی نەخایاند وە هەموو ئاماژەکانی ئەمڕۆ پێمان ئەڵێن کە ئەم سەردەمی هەڵخەڵەتاندنە ئیتر بەسەرچووە. بەڵام ئەم شەش ساڵە سەرتاپای جیهانی هەژاند. ئەمە کۆتایی سۆشیالیزم نەبوو، بەڵام ئاماژەو سەرەداوێک بوو بۆ ئەمەی کە کۆتایی هاتنی سۆشیالیزم لە واقعدا ئەتوانێت بگۆڕێت بۆ چی کابووسێک، وە جیهان بەبێ بانگەشەی سۆشیالیزم، بەبێ ئومێدی سۆشیالیزمو بەبێ “مەترسی” سۆشیالیزم ئەبێت بە چی لیتاوێک. ئاشکرا بوو جیهان، بە حاکمو مەحکومەوە، سۆشیالیزمیان لەگەڵ گۆڕانکاری لێکگرێداوە. کۆتایی سۆشیالیزمیان وەکو پایانی مێژوو لەقەڵەمدابوو. ڕۆشن بۆوە کە کۆتایی سۆشیالیزم کۆتایی چاوەڕوانی یەکسانیە، پایانی ئازادیخوازیو پێشکەوتنخوازیە، دوادوایی چاوەڕوانی خۆشگوزەرانیە، مردنی ئومێدە بە ژیانێکی باشتر بۆ مرۆڤایەتی. کۆتایی سۆشیالیزمیان وەکو دەسەڵاتدارێتی ڕەهای یاسای جەنگەڵو ئەسڵبوونی زەبروزەنگ بەسەر ئابووریو سیاسەتو فەرهەنگەوە لێکدایەوە. وە دەسبەجێ فاشیزم، ڕاسیزم، پیاوسالاری، نەتەوەپەرستی، ئایین، دژایەتی کوێرانەی کۆمەڵو زۆروێژی لە هەموو پەنجەرەکانی کۆمەڵگاوە دەرپەڕینە دەرەوە.
ئەو شەپۆلی “بیرکردنەوەی نوێ”یە کە بەشوێن ئەم پێشهاتەدا لە ئاستی هەموو جیهاندا کەوتەڕێ پێشبینی کراو بوو. لەپای یەک پێشبڕکێی نێودەوڵەتی لە نێوان پەشیمانیو خۆجوانکردن(مامەحەمەیی کردن)دا، سەروەیەکانی دوێنێ بە شوورەیی درانە قەڵەم، نەفرەت لە پرەنسیپەکانی دوێ ڕۆژ کراو ئامانجەکانی دوێنێ کرانە گاڵتەجاڕ. شەرمەزاریو کۆڵدان وەکو واتای ژیان دانران. لە ناو فەرهەنگی پەشیمانی ڕۆشنبیرانی نەزمی نوێدا، هەر کەسێک کە بۆ هاوڕەگەزانی خۆی ژیانێکی باشتری بخواستایە، وە باوەڕی بە ئیمکانیەتو پێویستی گۆڕانکاری هەبوایە، هەر کەس کە یەکسانی ئینسانی لا پەسەند بووایەو بانگەوازی خەڵکی بکردایە بۆ ئاییندەیەکی باشتر، هەر کەسێ کە بانگەشەی پێویست بوونی خەباتی کۆمەڵایەتی ئینسانی بکردایە لەپێناو کاریگەری دانان بەسەر چارەنووسو بەشیانەوە لە جیهان، هەر کەس دەوڵەتو کۆمەڵگای لە بەرامبەر بە تاکو ئاسایشو ئازادی ئەودا بە بەرپرس بزانیایە، لە هەزارو یەک بڵنگۆوە، لەقەبی خۆشخەیاڵ، کۆنەویست، کەم عەقڵو ساویلکەی لێنرا. نائومێدی کرایە هێمای حکمەتو زانست، دەسبەرداربوون لە ئامانجە بەرزەکانی مرۆڤایەتی بە واقعبینیو هۆشمەندی درانەقەڵەم. کتوپڕ دەرکەوت کە هەر ژوڕنالیستێکی تازەبەکارو هەر پرۆفیسۆرێکی تازە دامەزراو وە هەر ژەنراڵێکی خانەنشینکراو وەڵامی بۆ گەورە ناودارانی فیکری جیهانی مۆدێرن پێیە، لە ڤۆڵتێرو ڕۆسۆوە تا مارکسو لینین، وە بەمپێیە تەواوی مەسەلەو گرفتی ئازادیخوازیو یەکسانی خوازیو هەوڵو کۆششی سەدان ملیۆن ئینسان لە چەند سەدەی دواییدا، بێجگە لە کات لەدەستدانی بێبەرهەم لە ڕاستای گەییشتن بە کۆشکی شکۆداری “کۆتایی مێژوو” شتێکی تر نەبووەو پێویستە هەرچی زووترە بخرێتە خانەی بیرچوونەوەوە.
شۆڕشگێڕانی دوێنێ لە جەرگەی ئەم فەزا جیهانداگرە (ئینتەرناشیوناڵ)دایە کە دەستیان داوەتە “چاوگێڕانەوە” بە شۆڕشی ٧٩و شۆڕشگێڕێتی بە شێوەی گشتی؛ وە دەرەنجامێک کە بەدەستیان هێناوە زیاتر لەوەی کە سەرچاوەی لە ناکام مانەوەی شۆڕشی ٧٩وە گرتبێت، قەرزارباری ڕەوەندی گاڵتەجاڕی کردنە بە بەهاو ئامانجو پڕەنسیپەکان لەسەر ئاستی جیهانی کە چەند ساڵێک بووبوویە مۆدی ڕۆژ.
ووتوویانە مێژوو هەمیشە سەرفرازانی ئەینووسنەوە. بەڵام پێویستە ئەوەش بووترێت مێژوویەک کە بەزیوەکان ئەینووسنەوە گەلێک درۆیینە ترو ژەهراوی ترە. چونکە ئەم دووهەمینەیان بە پێچەوانەی یەکەمینەکەیانەوە تەنها لە ناو بەرگی تازیەباریو شیوەنو کۆڵدانو خۆفریوداندا ئەگیرسێنەوە. ئەگەر مێژوو داستانی گۆڕانکاریە، کەواتە مێژووی واقعی مێژووی کۆڵنەدەرانە. مێژووی جووڵانەوەو خەڵکێکە کە هەم گۆڕان ئەخوازنو هەم بۆ گۆڕانکاریش خەبات ئەکەن. مێژووی مرۆڤ گەلێکە کە ئامادە نین بەهاکانو هیواکانی خۆیان لەپێناو کۆمەڵی مرۆڤایەتیدا بخەنە چاڵەوە. مێژووی جووڵانەوەو ئینسان گەلێکە کە لە هەڵبژاردنی پڕەنسیپو ئامانجەکانی خۆیاندا سەرپشک نینو ناچارن لەپێناو باشترکردنی ئەو شتەی کە هەیە تێبکۆشن. شۆڕشی ٧٩ لە مێژووی سەرکەوتووانو بەزیوەکان هەردووکیاندا، قۆناغێکە لە باڵاکردنی ئیسلامو بزاوتی ئیسلامیو هۆکاری هەلو مەرجێکە کە ئەمڕۆ لە ئێراندا سایەی کردووە. بەڵام لە مێژووی واقعیدا، شۆڕشی ٧٩ جووڵانەوەیەک بوو لەپێناو ئازادیو خۆشگوزەرانیدا کە بە توندی سەرکوت کرا.
کارەساتەکانی سەردەمی دوای شۆڕش لە ئێران دەبێ ئەستۆکەی بخرێتە پاڵ خوڵقێنەرانیەوە. خەڵک مافی خۆیان بوو مل بۆ ڕژێمی شاهەنشاییو هەڵاواردنو نایەکسانیو سەرکوتو سوکایەتیەک شۆڕنەکەن کە ستراکتوری ئەو ڕژێمەی پێکهێنابوو وە لە بەرامبەریدا ڕاپەڕن. خەڵک مافی خۆیان بوو کە لە کۆتایی سەدەی بیستدا شایان نەوێت، ساواکیان نەوێت، ئەشکەنجەگەرو زیندانیان نەوێت. خەڵکی هەقیان بوو لە دژی سوپایەک دەست بۆ چەک بەرن کە لەگەڵ یەکەمین سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکانیاندا کوشتاری کردن. شۆڕشی ٧٩ بزووتنەوەیەک بوو لەپێناوی ئازادیو عەدالەتو حورمەتی ئینسانی. جووڵانەوەی ئیسلامیو دەوڵەتی ئیسلامی نەک هەر دەرئەنجامی ئەم شۆڕشە نەبوون، بەڵکە چەکێک بوون کە ئاگاهانە بۆ سەرکوتی ئەم شۆڕشە هێنرانە مەیدان، لەکاتێکدا کە بێتواناییو ڕووخانی ڕژێمی شا لە ئانو ساتدا بوو. بە پێچەوانەی بیرو ڕا باوەکانەوە، بوونی جمهوری ئیسلامی خۆی بە پلەی یەکەم قەرزاری تۆڕی مزگەوتەکانو خێڵی ئاخوندی حوجرەکان نەبوو. سەرچاوەی ئەم ڕژێمە باڵادەستی ئایین نەبوو لەنێو خەڵکیدا، توانایی شیعەگەری، کەمتەرخەمی خەڵکی بەرامبەر بە مۆدێرنیزمو نەفرەتیان لە فەرهەنگی ڕۆژئاوایی، خێرایی زیاد لە ڕادەی ئاستی شارستانیەتو کەموکوڕی “ڕاهێنانی دیموکراسی”و ئەم شتانە نەبوو. ئەم موزەخرەفاتە لەوانەیە سوودی بۆ کاروباری “ڕۆژەڵات ناسێک”ی ساویلکە یان توێژەرێکی ڕاگەیاندن هەبێت، بەڵام بەقەد نووکە دەرزیەک پەیوەست نیە بە حەقیقەتەوە. ڕەوتی ئیسلامی هەمان ئەو هێزانە ڕایانکێشایە پێشەوەی شۆڕشی ٧٩ کە تا دوێنێ ژێر باڵی ڕژێمی شایان گرتبوو وە مەشقو ڕاهێنانیان بە ساواک ئەکرد. ئەوانەی کە پۆتانسێلی ڕادیکاڵیزاسیۆنو ئاراستەی چەپی لەئاو دەرهاتووی شۆڕشی ئێرانیان ئەناسیو لە مانگرتنی کرێکارانی پیشەسازی نەوت وانەی خۆیان وەرگرتبوو. ئەوانە کە لە کێشمەکێشەکانی جەنگی سارددا پێویستیان بە پشتێنەیەکی سەوز هەبوو. لەپێناو بە”ئیسلامی”بوونی شۆڕشی ئێراندا پارەو پوول خەرج کرا، نەخشە داڕێژرا، کۆبوونەوە ئەنجام درا، هەزاران کەس، لە دیپلۆماتەکانو ڕاوێژکارانی سیستەمی ڕۆژئاوایی تا ژوڕنالیستە هەمیشە شەریفەکانی دنیای دیموکراسی چەندین مانگ عارەقیان ڕژاند هەتا لە یەک سوننەتی دواکەوتوو، لاکەوتە، پڕتوکاو و پەرتەوازە لەنێو مێژووی سیاسی ئێراندا، یەک “ڕابەرایەتی شۆڕش”و یەک ئەڵتەرناتیڤی حکومەتی بۆ کۆمەڵگای شارستانی تازە- پیشەسازی ئێرانی ساڵی ٧٩ بخوڵقێنن. جەنابی خومەینی نە لە نەجەفو قومەوە لە سەرۆکایەتی خێڵی مەلای سەر پشتی گوێدرێژەکانی گوندەکانی دەم ڕیگاوە، بەڵکە لە پاریسەوە هاتو بە فڕۆکەی شۆڕش. شۆڕشی ٧٩ بەرجەستەبوونی ناڕەزایەتی ڕەسەنی خەڵکی بێبەشی ئێران بوو، بەڵام “شۆڕشی ئیسلامی”و ڕژێمی ئیسلامی ئاکامی جەنگی سارد بوو، بەرەنجامی مۆدێرن ترین هاوکێشەی سیاسی جیهانی ئەو ڕۆژگارە بوو. ئەندازیارانی ئەم ڕژێمە، ستراتیژیستو سیاسەتمەدارانی هێزە ڕۆژئاواییەکان بوون. هەر ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە جەرگەی زەلکاوی موڵتی کاڵچەریزمدا، دێوەزمەی خوڵقاوی خۆیان وەکو بەرەنجامی سروشتی “کۆمەڵگای ڕۆژەڵاتیو ئیسلامی”و موناسیب لەگەڵ خەڵکی “جیهانی ئیسلامی” جارێکی دیکەش شەرعیەت پێئەدەنەوە. سەرتاپای ئیمکاناتی ئابووریو سیاسیو تەبلیغاتی ڕۆژئاوا بۆ ماوەی چەندین مانگ پێشو پاش لە شوباتی ٧٩ لەپێناو هێنانەسەر کاری ئەم ڕژێمەو لەسەر پێ ڕاگرتنی ئەودا کەوتنە کار.
بەڵام خودی ئەمەی کە ئیمکانیەتی ئەم ئەندازیاری کردنە کۆمەڵایەتیە لە ئێران چۆن فەراهەم بوو، قەرزداری ڕەوشو هەلو مەرجو هێزە سیاسیو کۆمەڵایەتیەکانی ناوخۆی ئێران بوو. ماتەریاڵی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە ئامادە بوو. ڕەوتە ئیسلامیەکان لە هەموو ووڵاتانی ناوچەکەدا بوونیان هەبوو. بەڵام هەتا ڕووداوەکانی ئێران لە هیچ بڕگەیەکدا ئەم جووڵانەوە نەگۆڕا بۆ ڕەوتێکی سیاسی جێگا متمانەو نەبووە یاریکەرێکی سەرەکی لەنێو مەیدانی سیاسەتی ئەم ووڵاتانەدا. (دژە) شۆڕشی ئیسلامیان نەک لە پێکهاتەی هێزی لاکەوتەی ڕەوتی ئیسلامی، بەڵکە لەسەر شانی سوننەتە ئەسڵیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران پێکهێنا. دژە شۆڕشی ئیسلامیان لەسەر پشتی سوننەتی قەومگەراییو سوننەتی لیبراڵیی جەبهەی میللی درووست کرد کە زیاتر لە هەر شتێکی تر زەندەقی لە کرێکارو کۆمۆنیزم چووبوو وە هەموو تەمەنی خۆی لەژێر سەری سەڵتەنەتی شاهنشاهیو جبەو عابای ئاییندا بە جووینی نینۆکەکانیەوە گوزەراندبوو. نەریتێک کە بە درێژایی مێژووی خۆی نەیتوانیبوو تەنانەت یەک ڕووبەڕووبوونەوەی نیمچە سکۆلاریستی لەدژی ئایین بنوێنێ لەنێو سیاسەتو فەرهەنگی ئێراندا. سوننەتێک کە ڕابەرانو کەسایەتیەکانی بەشێک بوون لە یەکەمین وەفادارانی ڕەوتی ئیسلامی. دژە شۆڕشی ئیسلامیان لەسەر شانی نەریتی حزبی تودە دامەزراند کە دژە- ئەمریکایی بوون بە هەر نرخێکو پشتیوانی لە ئۆردوگا نێونەتەوەییەکەی فەلسەفەی بوونی پێکدەهێنا وە ڕژێمی ئیسلامیی، سەربەخۆ لەوەی کە چی ڕۆژڕەشیەک بەسەر ڕۆژگاری خەڵکو ئازادیدا ئەهێنێ، وەکو زەویەکی بەپیت بۆ پیلانگێڕی تەماشا ئەکرد. ڕژێمی ئیسلامیان لەسەر پشتی نەریتی دژە- مۆدێرنیستی، دژە “غەربدۆستی”، ڕقبوونەوە لە بێگانە، کۆنخوازو ئیسلامدۆستیی باو لەناو بەشی گەورەی کۆمەڵی هونەریو ڕۆشنبیریی ئێراندا بنیات نا کە ژینگەی سەرەتایی ناڕەزایەتی لاوانو خوێندکارانی لێ پێکهاتبوو. خومەینی سەرکەوت، نەک بەو هۆکارەی کە فاڵگرەکان وێنەی ئەویان لە نێو مانگدا بینیبوو، بەڵکە بەم هۆیەوە کە ئۆپۆزیسیۆنی تەقلیدیو ئەم فەرهەنگە پڕتوکاوە قەومیو دواکەوتووخوازە، ئەویان دەستنیشان کرد، کە لە واقعدا لە دەرەوە هێنراو(مستورد)ترینو دەست سازترین کەسایەتی سیاسی مێژووی هاوچەرخی ئێران بوو، وەکو “مارکەی درووست کراوی ئێران”، خودیو دژە ڕۆژئاواییوە لەپێناو نەمرکردنیدا خۆیان ئامادە کرد. دژە شۆڕشی ئیسلامی بەرەنجامی ئەم شتە بوو کە دەستپێشکاری پراتیک لە مەیدانی ناڕەزایەتیدا لە دەستی جووڵانەوەی مۆدێرنیستی- سۆشیالیستی کرێکارانی نەوتو پیشەسازی گەورەوە کەوتە دەستی ئۆپۆزیسیۆنی سوننەتی ئێرانەوە. ئەم شتانە بوو کە پێرسۆناژ(کەسایەتی)ی خومەینیو سیناریۆی شۆڕشی ئیسلامییان لە ڕۆژئاوا وەرگرتو بە کردەوە فرۆشتیانەوە بە جەماوەری ناڕازی.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، شانۆی جەنگو دەعوای ئیسلامی تەنها توانی وەستانێک لە ڕەوەندی شۆڕشی ٧٩دا پێشبێنێت. ڕووداوەکانی دەسبەجێی پاش لە ڕاپەڕینی شوبات(قیام بهمن) نیشانیدا کە دینامیزمی شۆڕش هێشتا لەجێی خۆیدایە. نیشانیدا کە خەڵک، هەرچیەکیش خرابێتە سەر زاریان، بەڵام نەک لەپێناو ئیسلامدا بەڵکە لەپێناوی ئازادیو خۆشگوزەرانیکۆمەڵایەتیدا هاتبوونە مەیدان وە هێشتاش لە مەیداندا مابوونەوە. سەرەنجام، شۆڕشی ١٣٥٧(١٩٧٩) وەکو زۆربەی شۆڕشەکان، لە دوایین جاردا نەک لە ڕێگای فریوکاریو پیلانگێڕیەوە، بەڵکە بە سەرکوتی خوێناوی بێوێنە شکستی پێهێنرا. بڕگەی نێوان ٢٢ی بەهمەن ١٣٥٧ کە بەرامبەرە بە(١١ی شوبات ١٩٧٩) هەتا ٣٠ی خورداد ١٣٦٠ بەرامبەر بە (٢٠ی حوزەیران ١٩٨١) سەرتاپێی ئەو دەرفەتە بوو کە ئیسلامو جووڵانەوەی ئیسلامی لە ڕێگای هەموو ئەم سەرمایەگوزاریو هەوڵو تێکۆشانانەیەوە توانی بیکڕێت بۆ وەکیلەکانی ڕژێمی بەچۆک هاتووی شا. وە بێگومان جگە لە سەرکوتی شۆڕش نیازێکی تریان نەبوو. لە مێژووی واقعی ئێراندا، ٣٠ی خورداد(٢٠ی حوزەیران ٨١) لەگەڵ ١٧ شەهریوەر کە بەرامبەرە بە(٨ی ئەیلول ١٩٧٩) یەکدەگرێتەوە، وە ئەڵقەی دواتری ئەوە. خومەینی، بازرگان، سەنجابی، مەدەنی، فروهەر، یەزدی، بەنی سەدر، ڕەجاییو بەهەشتی، ناوگەلێکن کە دەبێ بەدوای محەمەد ڕەزا پەهلەوی، ئاموزگار، شەریف ئیمامی، بەختیار، ئوەیسی، ئەزهاریو ڕەحیمیدا بهێنرێن، وەکو ئەو سەرانەی کە یەک بەدوای یەکدا ئەهاتنە پێشەوەی مەیدانهەتا سا بەڵکو ڕێگا لە شۆڕشو ناڕەزایەتی خەڵکی ببەستن. ڕژێمی شاو مۆرە جۆراو جۆرەکانی لە بەرامبەر گورزە پێبەپێکانی جووڵانەوەی ناڕەزایەتی تێکشکان. حکومەتی ئیسلامی لە بەرامبەردا، توانی دەرفەت بقۆزێتەوە، هێزی کۆنەپەرستی ڕێکبخاتەوەو بە دڕندانەترین شێواز شۆڕشی خەڵکی سەرکوت بکات. دەستوور کاری هەردوو ڕژێم یەک شت بوو.
زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لەوە گەنجترن کە تەنانەت یادەوەریەکی تەمومژاویشیان لەبارەی شۆڕشی ئێرانەوە هەبێت. پەیوەندی ئەمانە لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە نزیکە لەگەڵ پەیوەندی نەوەی شۆڕشگێڕانی ٧٩ لەگەڵ پێشهاتەکانی سەروەختی موسەدەقو شۆڕشی ١٩٥٣. قۆناغی ڕابردوو کە بەرجەستەو قابیلی دەستلێدان نایەتە پێش چاو تەنیا لە زەینو هۆشی نەوەی هاوچەرخی خۆیدا زیندوو وە پڕبایەخ سەیر ئەکرێت. ڕیوایەتەکان سەبارەت بەو سەردەمە زۆرو جۆراو جۆرن، بەڵام زیاتر لەوەی کە شتێک دەربارەی حەقیقەتی مێژوویی نیشانبدەن، سەبارەت بە خودی ڕیوایەتچیو جێگاو ڕێگای لە جیهانی ئەمڕۆدا حوکم دەرئەکات. مرۆڤ هەمیشە لە دەروازەی ئەمڕۆوە ئەڕوانێتە ڕابردوو وە لەوێدا بەشوێن بەدەستهێنانی پشتیوانیدا وێڵە بۆ ئیرادەو پراتیکی ئەمڕۆی خۆی. بیرمەندە نوێیەکانی لای ئێمە هێشتا لە ڕوانینیان بۆ شۆڕشی ٧٩، بەشوێن بڵندکردنەوەی پەرچەمێکەوەن لە ئێرانی ٩٧دا. بەڵام ئەم پەرچەمە هەمیشە هەر بووە. ئەمەی کە هەر جارەی چی کەسێک، لە کام مەراسیمو بە ووتنەوەی کامە ویردو ئایەت، لەژێر ئەم پەرچەمەدا ئامادەیی پەیدائەکات مەسەلەیەکی دەستی دووهەمە.
بۆ یەکەم جار ئەم ووتارە لە وەرزنامەی (نقطة)دا بڵاوکراوەتەوە، زستانی ١٩٩٥.
حەمە غەفور لە فارسیەوە وەریگێڕاوە، حوزەیران٢٠١١
Entry filed under: مـــهنسوورى حيكمهت.
Trackback this post | Subscribe to the comments via RSS Feed