ئێــــران داوا لــــه‌حــــكومــــه‌تــــی‌ هــــه‌رێــــم ده‌كــــات پــــارتــــه‌كــــانــــی‌ رۆژهــــه‌ڵاتــــی‌ كــــوردســــتان چــــه‌ك بـكــــات

2011/07/13 at 12:19 PM Leave a comment

وه‌زیری‌ ناوخۆ داوای‌ ئامێری(GPS)ی‌ له‌ ئێران كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ پژاك‌و په‌كه‌كه‌یان بۆ ده‌ستنیشان بكات،تا بۆردومانی بكه‌ن

وێـــراش نـــیوز:تایبه‌ت به‌ هاوڵاتی‌/به‌پێی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ ده‌ست هاوڵاتی كه‌وتووه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماده‌یی خۆی‌ ده‌ربڕیوه‌ كه‌ هاوكاریی كۆماری‌ ئیسلامی ئێران بكات له‌ تۆپبارانكردنی‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان، ئه‌ویش به‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ په‌كه‌كه‌و پژاكیان لێیه‌.ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ پاش ئه‌وه‌ ئاشكرابوون، كه‌ ئیمێلی نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ئێران له‌لایه‌ن گر‌ووپێكه‌وه‌ هاككراو چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌.ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی‌ كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌ست هاوڵاتی‌ كه‌وتوون؛ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كۆماری‌ ئیسلامی ئێران داوای‌ كردووه‌ كه‌ هێزی‌ پێشمه‌گه‌ دژ به‌ پژاك‌و په‌كه‌كه‌ بجه‌نگێت.

ئێران: ئه‌گه‌ر هاوكاریمان ناكه‌ن؛ چاوی خۆتان بنو‌وقێنن

به‌ پێی نووسراوه‌ فه‌رمییه‌كان، ئێران داوای‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم كوردستان كرد‌ووه‌ ئه‌گه‌ر هاوكارییان ناكه‌ن، با چاوی خۆیان بنووقێنن ‌و ئێران خۆی‌ تاكلایه‌نه‌ ئه‌و كاره‌ بكات، به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش وتوویانه‌ كه‌ توانای‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌یان نییه‌، به‌ڵام ئاماده‌یی خۆیان نیشاندانه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ دانانی‌ ئامێرێكی‌ ته‌كنه‌لۆژی‌ نوێوه‌، ئه‌و شوێنانه‌یان بۆ ده‌شتنیشان بكه‌ن كه‌ چه‌كدارانی‌ ئه‌و دوو پارته‌ی‌ لێیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێران بۆردومانی‌ بكات.

ئه‌و نووسراوانه‌ی‌ كه‌ ده‌ست هاوڵاتی‌ كه‌وتوون، له‌ چه‌ند به‌روارێكی‌ جیاجیادا له‌ ساڵی‌ 2010 له‌ لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌ته‌وه‌ ئاڕاسته‌ی‌ د. به‌رهه‌م ساڵح كراوه‌.

یه‌كێك له‌وانه‌ راپۆرتێكه‌ كه‌ چوار رۆژ پێش ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ عێراق له‌لایه‌ن نازم عومه‌ر ده‌باغه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت كراوه‌و تێیدا داوای‌ رو‌ونكردنه‌وه‌ی‌ لێده‌كات بۆ لایه‌نی‌ ئێرانیی‌.

به‌پێی نووسراوی ژماره‌ (90)ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ئێران، كه‌ له‌ به‌رواری‌ 3/3/2010 ده‌رچووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر داوای‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌ت تۆپبارانه‌كان راده‌گرن تاكو هه‌ڵبژاردن كۆتایی پێدێت.

نووسراوه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ ئه‌نجو‌ومه‌نی‌ وه‌زیران كراوه‌؛ تێیدا هاتووه‌ «دوای‌ تۆپبارانه‌كه‌ی‌ قه‌ندیل، ده‌ستبه‌جێ به‌ ته‌له‌فۆن‌و نووسراو ئاگاداری لێپرسراوانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی ئێرانم كرده‌وه‌و ناڕه‌زایه‌تی‌ خۆمانم پێڕاگه‌یاند، كه‌ له‌ كاتی ئێمه‌ سه‌رقاڵی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنین، كۆماری‌ ئیسلامی ئێران ناوچه‌كان تۆپباران ده‌كات«.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا هاتووه‌ «دیاره‌ دۆسته‌كان پێیان ناخۆش بوو«، به‌ڵام نو‌وسراوه‌كه‌ رو‌ونینه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دۆسته‌كان كێن، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ ناوی‌ (استوار) كراوه‌، به‌ڵام ر‌وونینه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ كێیه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ سه‌ردار ناوی‌ بردووه‌.

له‌و به‌شه‌ی‌ نووسراوه‌كه‌دا هاتووه‌  «وا تێگه‌یشتم له‌ وه‌ڵامه‌كه‌یان سه‌ردار (استوار) له‌به‌ر خاتری ئه‌مان (واته‌ دۆسته‌كان) تا دوای‌ هه‌ڵبژاردن تۆپباران ناكات‌و له‌دواییدا ده‌یكات«.

له‌ هه‌مان نووسراودا، نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئێران داوا له‌ د. به‌رهه‌م ساڵح ده‌كات كه‌ وه‌ڵامێكی‌ راپۆرتێك بداته‌وه‌ كه‌ به‌ ژماره‌ (39) له‌ رۆژی‌ 30/2010 له‌ لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تییه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی‌ كراوه‌.له‌و نووسراوه‌دا ده‌ڵێت «ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كان دوابكه‌وێت، ئه‌وه‌ به‌ بڕوای‌ من تۆپبارانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت«.

ئه‌م نووسراوه‌ هه‌فته‌یه‌ك دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام‌و لایه‌نگریی پارتی‌ دیموكرات ده‌ستگیركرابوون‌و له‌ رۆژنامه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ بڵاوكرانه‌وه‌. كه‌ شه‌ش كه‌سیان چه‌كیان پێبووه‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا ناویان به‌  «ده‌سته‌یه‌ك له‌ جه‌ماعه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ لاده‌ر هاتووه‌« هه‌روه‌كو خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێكردووه‌ له‌نووسراوه‌كه‌دا وریایی ده‌داته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌تای‌ به‌هاره‌و توانای‌ په‌یدابوونی‌ جموجوڵی‌ چه‌كداریی له‌ ئارادایه‌، پێده‌چێت ناوچه‌كان بۆردومان بكرێنه‌وه‌ له‌ لایه‌ن كۆماری‌ ئیسلامییه‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ی‌ نازم ده‌باغ بۆ د. به‌رهه‌م ساڵح

به‌پێی نووسراوی‌ ژماره‌ی‌ (39) كه‌ له‌ به‌رواری 30/1/2010 له‌لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌ت له‌ تاران ئاڕاسته‌ی‌ د. به‌رهه‌م ساڵح كراوه‌و له‌نو‌وسراوه‌كه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌دا داوای‌ وه‌ڵامی لێده‌كات، بریتییه‌ له‌و دانیشتنه‌ی‌ كه‌ له‌ 28/1/2010 له‌ پیرانشار به‌ڕێوه‌چووه‌ تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی‌ هه‌رێم.

وه‌كو له‌ نو‌وسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی‌ ئاغای‌ فروزه‌نده‌و نوێنه‌ری (حاجی-س) سه‌ردار (استوار) فه‌رمانده‌ی‌ هه‌مزه‌و سه‌ردار (محمدی) فه‌رمانده‌ی‌ ره‌مه‌زان‌و ئاغای‌ (رئیسی) لێپرسراوی‌ وه‌زاره‌ت بۆ پارێزگای‌ ئازاربایجانی‌ غه‌ربی‌و ئاغای‌ (محمدی‌) له‌ وه‌زاره‌ت لێپرسراوی‌ كوردستان و شاندی‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ئاماده‌بوونی‌ نازم عومه‌ر ده‌باغ به‌ڕێوه‌چووه‌.

به‌پێی ئه‌و نو‌وسراوه‌ بێت، كۆبو‌ونه‌وه‌كانی‌ پێشوو سه‌رجه‌میان گرژییان تێكه‌وتووه‌، چونكه‌ له‌ نووسراوه‌كه‌دا هاتووه‌ ئه‌مه‌ «یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ كه‌ هیپچ جۆره‌ ته‌شه‌نوجێكی‌ تێدا نه‌بوو، هه‌موو گله‌ییه‌كانیان به‌ زمانی‌ گوڵ پێشكه‌ش كرد«.واته‌ مه‌به‌ست لێی لایه‌نی‌ ئێرانییه‌.

له‌و نووسراه‌وه‌دا كه‌ وه‌كو راپۆرتێك ئاڕاسته‌ی‌ د. به‌رهه‌م ساڵح كراوه‌، تێیدا چه‌ند خاڵێك خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ تێیدا هاتووه‌:

1. سوپاسیان كرد كه‌ چالاكییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌و دیموكرات به‌ هه‌موویانه‌وه‌ له‌ جاران كه‌متربووه‌، به‌ڵام چه‌ند نموونه‌یه‌كیان باسكرد كه‌ مه‌فره‌زه‌ی‌ (عومه‌ر ئیلیخانی‌ زاده‌و مسته‌فای‌ هیجری) هه‌ندێ چالاكییان ئه‌نجامداوه‌.

2. باسیانكرد كه‌ نابێت له‌باره‌گاكانیان ده‌وره‌ی‌ سه‌ربازیی بكه‌نه‌وه‌و به‌ چه‌كه‌وه‌ هاتوچۆ بكه‌ن‌و دوو پێشنیاریان كرد كه‌ (أ): چه‌كه‌كانیان لێوه‌ربگیرێت. (ب) : پاسه‌وانی‌ پێشمه‌رگه‌و خاڵی‌ پشكنینیان بۆ دابنرێت. به‌ پێی نووسراوه‌كه‌، كه‌ریم سنجاری وه‌زیری‌ ناوخۆ له‌ وه‌ڵامدا وتوویه‌تی‌ دیراسه‌ی‌ ده‌كه‌ین.

3. دوو زانیاریاندا كه‌ جه‌ماعه‌تی‌ (موجاهیدنی‌ خه‌لق) هاتوون له‌ناوچه‌ی‌ هه‌رێم‌و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ (پ.ك.ك ‌و پژاك)دا  پایه‌گایان هه‌یه‌ بۆ راهێنان‌و په‌یوه‌ندی.

4. وتیان (پ.ك.ك‌و پژاك) چالاكییان زیاتر بووه‌ نه‌ك كه‌متر، چ بۆ كاری تیرۆرو چ بۆ كاری ته‌قینه‌وه‌.

5. وتیان له‌سه‌فه‌ری‌ دوایی هه‌ولێر، رێككه‌وتننامه‌یه‌كمان نو‌وسیوه‌ لای‌  به‌ڕێز (نێچیرڤان)ماوه‌، بڕیاربوو هه‌ردوولا واژۆی‌ بكه‌ین، وه‌ڵامی نییه‌.

6. وتیان ئاماده‌ین ناوچه‌كانی‌ (پ.د.ك‌و پژاك) پاكسازیی بكه‌ین، چ به‌ ته‌نهاو چ هاوكاریی ئێوه‌و ته‌سلیمی خۆتانی‌ بكه‌ینه‌وه‌، له‌ وه‌ڵامدا كاك (كه‌ریم سنجاری) فه‌رمووی‌ ئێمه‌ له‌ تواناماندا نییه‌ شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، به‌ڵام دیراسه‌ی‌ ده‌كه‌ین.

7. وتیان په‌كه‌كه‌و پژاك سوودیان له‌و تۆپباران نه‌كردنه‌ وه‌رگرتووه‌. دوایی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ بڕیاربوو دوو مانگ تۆپباران رابگرین، ئه‌وه‌ مانگێك به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی كه‌ چی چالاكییان زیادیكردووه‌و ئێوه‌ وه‌ڵامتان نه‌بوو. كاك كه‌ریم فه‌رمو‌وی‌ ئێوه‌ ئازادن‌و ده‌توانن تۆپبارانی‌ شوێنه‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام مه‌چن تۆپبارانی‌ دێیه‌كان و شوێنی‌ هاوڵاتیان بكه‌ن، (GPs)مان بده‌نێ‌ تا بۆ شوێنه‌كانی‌ دیاری بكرێ.

8. چه‌ندین نموونه‌یان هێنا كه‌ له‌ ناو ئێران گر‌ووپ‌و كه‌سانێك تاوانی‌ دزی‌و كوشتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن هه‌ڵدێن بۆ كوردستان و ده‌حه‌وێنه‌وه‌، دیاره‌ كاك كه‌ریم‌و شانده‌كه‌ی‌ وتیان به‌ پێی یاسا شكایبه‌تیان لێبكه‌ن و بیده‌ن به‌ كونسوڵگه‌ریی، ئێمه‌ش به‌ پێی یاسا ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین‌و ده‌یانده‌ینه‌ دادگاو ته‌سلیم به‌ ئێوه‌یان ده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌لای‌ ئێمه‌ش كه‌سانی‌ وا هه‌ن كه‌ هاتوونه‌ته‌ ئێران.

9. زۆربه‌ی‌ شوێنه‌كان كه‌ پێویسته‌، ئێستا ره‌بایه‌ی‌ لێ دانه‌نراوه‌.

10. دیاره‌ زۆر رازیبوون له‌ناوچه‌ی‌ سلێمانی‌، به‌ڵام له‌ناوچه‌ی‌ براده‌رانی‌ هه‌ولێر وتیان كارێكی‌ وا نه‌كراوه‌.

11. من پێموایه‌ له‌ ده‌رووندا گله‌ییان هه‌بوو، به‌ڵام شێوه‌ی‌ ده‌ربڕینیان جیاوازبوو، بۆیه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاغای‌ سه‌ردار فروزه‌نده‌ له‌ناو فڕۆكه‌ باسم كردو داوام لێكرد كه‌ من له‌م هه‌فته‌یه‌ خۆم ده‌چم بۆ لای‌ به‌ڕێز كاك (دكتۆر به‌رهه‌م) و په‌له‌مه‌كه‌ن، وادیاره‌ فه‌رمانده‌ی‌ هه‌مزه‌ شوێنه‌كانی‌ تۆپباران كرد.

ئێران داوای‌ چه‌ككردنی‌ نه‌یاره‌كانی‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ كردووه‌

به‌پێی نو‌وسراوی‌ ژماره‌ (176) كه‌ رۆژی‌ 18/5/2010 ئاڕاسته‌ی‌ د. به‌رهه‌م ساڵح كراوه‌؛ تێیدا هاتووه‌، 17/5/2010 كۆبو‌ونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ ئه‌نجامدرا له‌كات‌و شوێنی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا ئه‌م خاڵانه‌ی‌ كه‌ گرنگ بوو باسی‌ لێوه‌ كرا وه‌كو كۆنو‌وس له‌سه‌ری رێككه‌وتین.

1– هه‌ردوو مانگ جارێك له‌كاتی‌ پێویستدا ئه‌م جۆره‌ كۆبو‌ونه‌وانه‌ بكرێت.

2- چوار كۆمیته‌ی‌ ناوچه‌یی‌ له‌م شوێنانه‌ دروست بكرێت. ناوچه‌ی‌ حاجی‌ ئۆمه‌ران _ خانێ. ناوچه‌ی‌ سه‌رده‌شت _ قه‌ڵادزێ. ناوچه‌ی‌ پێنجوێن _ مه‌ریوان. ناوچه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ _ پاوه‌

یه‌كه‌م: ئه‌م كۆمیتانه‌ له‌به‌رواری‌ 24/5/2010 هه‌ریه‌كه‌‌و له‌شوێنه‌كانی‌ خۆیان كۆبو‌ونه‌وه‌ ده‌كه‌ن‌و ئه‌فسه‌ری‌ هه‌ماهه‌نگی‌‌و لێپرسراوی‌ بۆ دیاری‌ ده‌كرێت.

دووه‌م: ئه‌مانه‌ زانیاری‌ ده‌گۆڕنه‌وه‌‌و پلانی‌ ناوچه‌یی‌ دیاری‌ ده‌كه‌ن به‌دزه‌كردنی‌ چه‌كداره‌كان.

سێیه‌م: كۆمیته‌كان چاودێری‌ چالاكی‌ قاچاغچییه‌كان ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت بۆ چالاكیی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان‌و مه‌شروبات، چونكه‌ ئه‌وانه‌ بوونه‌ته‌ باندی‌ گه‌وره‌ له‌رووی‌ چه‌كداركردنی‌ گر‌ووپه‌كه‌یان‌و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ شوێنی‌ قاچاغچییه‌كان هه‌روه‌ك (جه‌وهه‌ری‌ سدیق خان) ئه‌مانه‌ له‌ئاینده‌دا ده‌بنه‌ خه‌ته‌ر.

3- تۆپبارانكردنی‌ شوێن‌و باره‌گاكانی‌ (په‌كه‌كه‌)‌و (پژاك).

4- جیاكردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان‌و چه‌كداره‌كانی‌ (په‌كه‌كه‌) بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاندار نه‌بن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بڕیاردرا كه‌ كۆمیته‌ ناوچه‌ییه‌كان به‌رنامه‌ی‌ خۆیان له‌گه‌ڵ یه‌كتری‌ دیاری‌ بكه‌ن‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن به‌ڕێزان كه‌ریم سنجاری‌‌و كاك دكتۆر خه‌سره‌و تاكید كرا كه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ن دێكان‌و هاوڵاتیان زه‌ره‌رمه‌ندبن، چونكه‌ دوژمنان زیاتر سوودی‌ لێوه‌رده‌گرن.

5- شاندی‌ ئێران داوای‌ كرد كه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران توانای‌ هه‌یه‌ ناوچه‌كان پاكسازیی‌ بكات‌و دوایی‌ راده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ بكات و بیپارێزن، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم هاوكاری‌ ناكات با چاوی‌ خۆی‌ بنو‌وقێنێت‌و یه‌كلایه‌نه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ین، به‌مه‌رجێك رێگایان لێبگرن نه‌چنه‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، دیاره‌ شاندی‌ هه‌رێم تائكیدی‌ كرد كه‌ ناتوانن به‌شداری‌ شه‌ڕ بكه‌ین‌و تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ پێشوویان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ و پاراستنی‌ مه‌رز په‌یوه‌ندی‌ به‌هێزه‌كانی‌ پاسه‌وانانی‌ سنوره‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ عێراقیدایه‌‌و تائێستا هیچ كۆمه‌كێكی‌ نه‌كردووه‌ بۆ به‌هێز بوونیان، هه‌رچی‌ كراوه‌ بۆ پاراستنی‌ مه‌رز به‌هاوكاری‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بووه‌، ئێمه‌ لای‌ خۆمانه‌وه‌ دیراسه‌ی‌ ده‌كه‌ین‌و مه‌سه‌له‌ی‌ چاوبه‌ستن تازه‌یه‌، به‌ڵام ده‌كرێت هه‌ر كاتێك ویستان شوێنه‌كانیان تۆپباران بكه‌ن ئه‌وه‌ له‌و شوێنانه‌ی‌ پێویست بكات بنكه‌ دیاری‌ ده‌كه‌ین‌و ئێوه‌ش هاوكارییان بكه‌ن.

6- چه‌ك داماڵینی‌ ئه‌و بنكانه‌ی‌ سه‌ر به‌لایه‌نه‌كانی‌ ئێرانییه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌باره‌گاكانیان له‌شارو شارۆچكه‌كان له‌لایه‌ن هێزی‌ پێشمه‌رگه‌‌و ئاسایشه‌وه‌ پارێزگاری‌ بكرێت.

شاندی‌ هه‌رێم تاكیدی‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كاك مه‌سعود‌و به‌ڕێزان كاك دكتۆر به‌رهه‌م‌و كاك ئازاد به‌رواری‌‌و شانده‌كه‌ی‌ هه‌رێم كۆبو‌ونه‌وه‌ كراوه‌‌و یه‌كێك له‌بابه‌ته‌كانی‌ ئه‌م كێشانه‌ بووه‌‌و بڕیاردراوه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌توندی‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ گوێڕایه‌ڵ نابن‌و پابه‌ندی‌ رێزگرتن له‌ئاسایشی‌ هه‌رێم نابن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بانگ ده‌كرێن‌و بۆ دواجار ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌.

7- باسی‌ هاتوچۆ ‌و بوونی‌ په‌كه‌كه‌ كرا له‌ناو ئێراندا كه‌ بڕیاردرا دوا زانیاری‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ بكرێت‌و ئیجرائاتی‌ توند بكرێت، هه‌روه‌كو شاندی‌ هه‌رێم ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ نه‌دراوه‌ له‌رێگه‌ی‌ هه‌رێمه‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ فڕۆكه‌خانه‌ كه‌سیان بێنه‌ كوردستان، به‌ڵام له‌ئێرانه‌وه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن‌و نوێنه‌ریان هه‌یه‌.

8- باسكراو رێككه‌وتن كه‌ بنكه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی‌ شلێر‌و پێنجوێن دابنرێن بۆ پاراستنی‌ مه‌رز‌و هاوكاری‌ بكرێن.

9- باسكرا كه‌ هه‌ندێ له‌ئه‌ندام‌و كادیرانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ وه‌كو تاك هاوكاری‌ چه‌ك‌و ئاسانكاریی‌ هاتوچۆ‌و حه‌وانه‌وه‌ بۆ پژاك‌و په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن، بڕیاردرا زانیارییه‌كان به‌یه‌كتری‌ بده‌ن‌و ئیجرائات بكرێت.

10- داوایان كرد گۆڤارێك به‌ناوی‌ ئیسرائیل كورد به‌مۆڵه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌كوردستان ده‌رده‌چێت‌و رێگای‌ ده‌رچوونی‌ لێ بگیرێت، كاك كه‌ریم دڵنیای‌ كردن كه‌ رێگایان پێ نادرێ‌و بڕیاردرا كه‌ دابخرێت‌و ده‌رنه‌چێت.

 سه رچاوه:هاوڵاتی

Entry filed under: هه‌رێمی‌ كوردستان, هاوڵاتی. Tags: .

ماڵپه‌ری 17ی شوبات كه‌وته‌كار لــــە بــــری گــــەنــــجان،هــــۆشــــداری بــــە دەســــەڵات بــــدەن!

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,893 hits

%d bloggers like this: