منــــداڵ لــــە ئیــــسلامــــدا ون و بــــێ مــــافــــە

2011/07/14 at 8:29 PM Leave a comment

بەهار نەسرەدین:منداڵ بە درێژایی مێژو یەکێک بوە و هەیە لەو توێژە چەوساوانەی کۆمەڵگای بەشەری کە گەورەترین زۆڵمی لە لاێان دینەوە لێ کراوە و یاسای دارستان، واتە دەسەڵاتی زۆردار بەسەر بێ زۆردا بەرانبەری بەکار هێنراوە. بە هۆی حاکم بونی یاسای زۆردار بە سەر لاوازەکاندا کە هەمان یاسای دارستانە، منداڵ بە بەردەوامی ملکەچی فەرمان و بریاراتی گەورەکان بوە. گەورەکان بە پێی بیرکردنەوەی خۆیان بۆیان دیاری کردون کە چۆن بژین و چی بکەن و دەبێ بە پێی خواستی گەورەکان رابێن و پەروەردە بکرێن. بە پێی شێوازی جیاوازی کولتورەکان لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا، چۆنیەتی رەفتار و هەڵسوکەوتی چەوسێنەرانە و ستەمگەرانە
بەرانبەر بە منداڵ ئەنجام دراوە. لە بڕێک لە کۆمەڵگاکاندا جیاواز لە ئازاردانی
جەستەیی و روحی، تەنانەت منداڵیان دەکردە قوربانی بۆ خوداکان. هەروەها بە هۆی
نەداری و هەژاریەوە دایک و باوک منداڵەکانی خۆیانیان دەکوشت، چونکە پێان بەرێ
نەدەچو. لە زۆر وڵات و کۆمەڵگادا هەر ئێستاش منداڵ ناچار دەکرێ بە ئەنجام دانی کاری
سەخت و لە توانا بەدەری ئەوان.

سەرەڕای ئەوەیکە
ستەم و چەوساندنەوەی منداڵ کە ئێستاشی لەگەڵ بیت بەردەوامە، بەڵام لە هەمان کاتدا
جێگای ئومید و خۆشحاڵیە کە بە هۆی گەشە کردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگای بەشەری و هوشیار
بونەوەی ئینسانەکان بە ماف و نرخە ئینسانیەکان، کومەڵگا مودێڕن و ئینسانە هوشیار و
عەدالەتخوازەکان گەشتونەتە ئەو قەناعەت و باوەرە کە هیچ کۆمەڵگایەک بە بێ دابین
کردن و پاراستنی مافەکانی هەمو ئەندامانی کۆمەڵگا و بەتایبەت منداڵان ناتوانێ گەشە
بکا و پێش بکەوێ. بۆ ئەم مەبەستە دەبینین رەوت و رێکخراوەکانی مافی ئینسان بە پێی
پێویست دەستیان داێە گۆرانکاریی بنەڕەتی لە کولتور و یاسا و پەیوەندیە تاک و
کۆمەڵایەتیەکاندا کە بو بە هۆی دەستەبەر بونی گەلێک دەستکەوتی گرنگی ئینسانی و
جێخستنیان وەک یاسای نوێ و کاری پێ دەکری. لە ئاکامی پێشکەوتن و بەردەوام بونی ئەم
رەوتە ئینسانیە دەنگی ماف خوازی لە هەمو دونیادا بەرز بوەوە بۆ کۆتایی هێنان بە
تەعەدا و ستەم و چەوساندنەوەی منداڵ و دانانی کۆمەڵێک یاسا و رێ و شوێن بۆ پاراستنی
مافەکانیان. دەرکردنی بەیان نامەی ژنێڤی مافی منداڵ لە ساڵی ١٩٢٤ لە ئاکامی ئەم
هۆشیار بونەوە ئینسانیەدا بو بەرانبەر بە منداڵ و مافە ئینسانیەکانیان. بەیاننامەی
یەکەمی ژنێڤ تەنها پێنج خاڵی لە خۆ دەگرت کە وڵامدەری نیازەکان و تەواوی مافەکانی
منداڵ نەبو.

بە هۆی تێکۆشانی
کەسان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە گشتی و بەتایبەتی مافی منداڵان، لە ساڵی ١٩٥٩
مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان قەرارێکی تازەی دەربارەی مافی منداڵان دەر کرد. ئەم
قەرارە پێک هاتبو لە ١٠ خاڵ کە بەشێکی بەرچاو لە مافی منداڵانی تێدا گونجێندرا.
چالاکیەکان بۆ زیاتر سەڵماندن و دەستەبەر بونی مافی منداڵان بەردەوام بون تا وەکو
لە ساڵی ١٩٨٩ رێکەوتن نامەی مافی منداڵ راگەیەندرا. لەم راگەیەندراوەدا هاتوە کە
منداڵ دەبێ لە هەمو مافەکانی ئینسانێکی گەورە بەهرەمەند بێ و حەسابی ئینسانێکی
تەواوی بۆ بکرێ. لە ئاکامدا ساڵی ١٩٩٠ ئەم رێکەوتن نامەیە لە لایەن زۆربەی وڵاتانی
دونیاوە پەسەند و ئیمزا کرا و کەوتە قۆناغی جێ بە جێ کردنەوە. ئەو وڵاتانەی کە ئەم
رێکەوتن نامەیەیان ئیمزا کردوە دەبی پابەند بن بە جێبەجێ کردنی و بەرانبەر بە
پێشێلکاریەکانی مافی منداڵان و چەوساندنەوە و ئازاردانیان بەرپرسیارن.

لە کۆمەڵگا عیلمانی
و مەدەنیەکاندا منداڵان بایەخی گەلێک بەرچاویان پێ دەدرێ هەم لە لایەن خیزان و هەم
لە لاێەن کۆمەلگاوە. بەڵام لە وڵاتانی دواکەوتو و ئیسلامیدا راست بە پێجەوانە منداڵ
بە هەمو شێوەیەک ئیهمال و پشتگوی خراوە و دەخرێ. بە ئاشکرا و بە زەقی دەتوانرێ
جیاوازیی گەورە و بەرچاوی نێوان کۆمەڵگا عیلمانی و دینیەکان بە دی بکرێ. لە کۆمەڵگا
عیلمانیەکاندا خێزان و دەوڵەت لە پاراستن و پێشێل کردنی مافەکانی منداڵان، یان
ئازاردان و دەست درێژی کردنە سەریان بەرانبەر بە یاسا بەر پرسیارن. بەڵام بە
پێچەوانەوە لە وڵات و کۆمەڵگا دینیەکاندا منداڵان نەک هەر لە هیچ مافێک بەهرەمەند
نین، بەڵکو لە لایەن خێزان و دەسەڵاتەوە دەکەونە بەر ئازار و چەوساندنەوەی هەمەجۆرە
و هیچ یاسایەکیش نیە بۆ بەرگری کردن لێیان. لە کۆمەڵگا دینیەکاندا دامودەزگا
دەوڵەتیەکان هەوڵ دەدەن پێشێلکاریەکانی منداڵان بشارنەوە، بەڵام بە هۆی زۆر و بەرین
بونیان بۆێان داناپۆشرێ. لە وڵاتە دینیەکاندا منداڵ بەردەوام قوربانیی یاسا و
نەریتە دینیەکانە و هیچ ئومید و تروسکاییەکیش بە دی ناکرێ بۆ چارەسەر و گۆرینی
بارودۆخی نائینسانی و شەرمێونی منداڵان. هۆکاری سەرەکی ئەوەێە کە یاساکانی بەرێوە
بردنی وڵاتانی دواکەوتو بە گشتی و بە تایبەتی دینی ئیسلام، بە پێی شەریعەتی ئیسلام
و قورئانە. لە ئیسلام و قورئاندا منداڵ و مافی منداڵ ونە و هیچ ئاماژەیەکی
پێنەکراوە.

حوکم و یاساکانی
شەریعەتی ئیسلام پێکهاتوە لە داب و نەریتی خەڵکانێکی وەحشی و بیابان نشینی ١٤٠٠ ساڵ
لەوە پێشی شێوە دورگەی عەرەبستانی سعودی کە بە زەبری شمشێر و زەبر و زۆر بە سەر
کۆمەڵگا داگیرکراوەکاندا سەپاندیان و بە داخەوە ئێستاش بەردەوامە و پەیرەو دەکرێ.
بەرێوە بردن و ئیدارە کردنی کۆمەڵگا بە گوێری قورئان و دینی ئیسلام ئاسانترین
شێوازە! چونکە تەنها خیتابە و تەسلیم کردن و پێویستی بە عەقڵ و مەنتق و دارشتنی
پرۆگرامی زانستی و ئینسانی نیە. بەرپرسانی وڵاتانی ئیسلامی بە پێی شەریعەتەکەیان
هیچ بەرپرسایەتیەکیان بەرانبەر بە ژیان و مافی خەڵک و منداڵان لە ئەستۆ نەگرتوە و
خۆێان بە بەرپرسیار نازانن. تەنیا ئەرکێک کە هەیانە، راهێنان و ملکەچ کردنی
دانیشتوانی کۆمەڵگایە بۆ پاراستنی حاکمیەتی خۆیان و سەقام گیر کردن و سەپاندنی
شەریعەتی ئیسلامە کە پێکهاتوە لە جەهل و بەڕبەڕیەت و ترسنادن لە جەهەنم و لە ژێر پێ
نانی ئازادی و حورمەتی ئینسانەکانە.

لە کاتێکدا کە
ئینسانیەت داوامان لێ دەکا و بەرپرسیارمان دەکا کە باشترین ژیان و پێداویستیەکان بۆ
سەلامەتی و لەش ساغی و گەشەی منداڵان دابین بکەین و بیانپاریزین، دەبینین بە
پێچەوانەوە خودای ئیسلام کە گۆیا دروستکەری ئینسانە، لە پرۆگرامەکەیدا کە قورئانە
هیچ ئاماژەیەک بە منداڵ وەک کەسێکی خاوەن ماف و سەربەخۆ و نیازمەندی ڕەحم و عاتیفەی
ئینسانی نەکراوە. لە قورئاندا اللە ناوی منداڵ دەبا، بەڵام تەنها ناو هێنانیەتی و
ئەویش بۆ مەبەستی دیکەیە نەک لەبەرچاو گرتنی. ئەو ئایەتە قورئانیانەی کە ناوی
منداڵیان تێدا هاتوە تا ئێستا نەبوەتە سەبەب بۆ گۆرانکاری لە ژیان و بارودۆخی
نائینسانی و ژیر دەستی منداڵدا. لەو چەند ئایەتەدا کە الله باسی منداڵ دەکا، ئاماژە
بە هیچ جۆرە مافێکی منداڵیان تێدا نابینرێت و هیچ جۆرە شێوازێک بۆ پەروەردە و
فیرکردنی منداڵیان تێدا نەهاتوە تا موسوڵمانان بە کاری بهێنن. لە کاتێکدا کە منداڵ
بەرێوەبەرانی داهاتوی کۆمەڵگای ئینسانین و دەبێ باێەخی تەواویان پی بدرێ و زەمینە و
پێداویستیی تەواویان لە بواری پەروەردە و فێر کردن و گەشە کردنیاندا بۆ بڕەخسێنریت،
بەلام لە ئیسلامدا پشت گوێ خراون و تەنانەت تەمەنی منداڵیشیان کە دنیای خۆیان هەیە
نادیدە گیراوە. تەنیا مانایەک کە لەو چەند ئایەتەدا ئاماژە بە منداڵ دەکا، ئەوەیە
کە منداڵ لە ئیسلامدا نەک هەر پەراوێز خراوە و ونە، بەڵکو هەر بە ئینسانیش حساب
نەکراوە و بە بەشێک لە مڵک و ئاژەڵی خاوەنەکەی کە باوکیەتی دانراوە.

لە سورەتی الکهف
ئایەتی ٤٦ دا بەم شێوەیە باسی منداڵ دەکا:

الْمَالُ وَالْبَنُونَ زِينَةُ
الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَالْبَاقِيَاتُ الصَّالِحَاتُ خَيْرٌ عِندَ رَبِّكَ
ثَوَابًا وَخَيْرٌ أَمَلًا.

ابن کەسیر لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا دەڵێ: ئەم
ئایەتەی سەرەوە و ئایەتی ٢٨ ی سورەتی الانفال
(وَاعْلَمُواْ أَنَّمَا أَمْوَالُكُمْ وَأَوْلاَدُكُمْ
فِتْنَةٌ وَأَنَّ اللّهَ عِندَهُ أَجْرٌ عَظِيمٌ) وە ئایەتی ١٤ لە سورەتی آل عمران
(زُيِّنَ لِلنَّاسِ حُبُّ الشَّهَوَاتِ مِنَ النِّسَاء وَالْبَنِينَ
وَالْقَنَاطِيرِ الْمُقَنطَرَةِ مِنَ الذَّهَبِ وَالْفِضَّةِ وَالْخَيْلِ
الْمُسَوَّمَةِ وَالأَنْعَامِ وَالْحَرْثِ ذَلِكَ مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا
وَاللّهُ عِندَهُ حُسْنُ الْمَآبِ)
هەمویان تەقریبەن
یەک مانایان هەیە کە ئەویش ئەوەیە کە خودا ئەمر دەکا رو بکەنە خودا و بیپەرەستن
باشترە لەوەیکە خۆتان خەریک بکەن بە رەنجدان بۆ بەخێو کردنی منداڵەکانتان و ناز و
نەوازش کردنیان.

اللە لە قورئاندا
بە گشتی و بە تایبەتی لە ئایەتی ١٤ی آل عمران دا دەڵێ: (ژیانمان رازاندوەتەوە بۆ
خەڵک بە لەزەت بردن لە ژنان، کوڕ، زێر، پارەی زۆر، حوشتر، مانگا و مەڕ و ماڵات و
زەوی. مەبەستی خودا لە خەڵک تەنها پیاوانی موسوڵمانە. دانانی ژن و منداڵ لە لایەن
اللەوە لە ریزی ئاژەڵدا پێشێلکردنی ئاشکرای ماف و کەرامەت و حورمەتی ئینسانە بە
تایبەتی منداڵان. هەروەها اللە کاتێک باس لە منداڵ دەکا مەبەستی تەنها منداڵی کورە
و لە ریزی ئاژەڵدا دایناون و ناویان دەبا. بۆ کچ تەنانەت ئەمەشیان پێ رەوا نابینێ و
هیچ حیسابێکیان بۆ ناکات.

ون بون و لە بەرچاو
نەگرتنی منداڵ لە چوارچێوەی قورئان و دینی ئیسلامدا وەک ئینسانێکی سەربەخۆ و خاوەن
ماف لە لایەک، وە لە لایەکی دیکەوە نەبونی هیچ ئایەتێک بۆ بەرپرسیار کردنی باوک و
دایک و کۆمەڵگا بەرانبەر بە منداڵان، بوەتە هۆی ئەوەیکە دایک و باوک پێان وایە ئەو
خزمەتەی کە بە منداڵەکانیانی دەکەن لە رێگای سیلەی رەحمی خۆیانەوەیە و نەک بەجێ
گەێاندنی ئەرک و مەسٶلیەتی ئینسانی و کۆمەڵایەتی. بۆ نمونە باوک و دایک بەردەوام
منداڵەکانیان منەت بار دەکەن کە هێناونیانەتە دونیا و گەورە و بەخێویان کردون و
دەبێ لە بەرانبەر دا گوێ ڕایەڵ و خزمەت کاری ئەوان بن. ئەمە لە حاڵیکدایە کە دایک و
باوک بە دڵخوازی خۆیان و بۆ خۆشی خۆیان منداڵ دروست دەکەن و دەیهێننە
دونیا.

لە ئاێەتی ٣١ی
سورەتی الاسراء دا هاتوە:

وَلاَ تَقْتُلُواْ أَوْلادَكُمْ
خَشْيَةَ إِمْلاقٍ نَّحْنُ نَرْزُقُهُمْ وَإِيَّاكُم إنَّ قَتْلَهُمْ كَانَ خِطْءًا
كَبِيرًا.

یانی، بە هۆی
هەژاریەوە منداڵەکانتان مەکوژن، رزقی خۆتان و منداڵەکانتان لە سەر
ئێمەیە.

ئەم ئایەتە بو بە
هۆکاری پێکهاتنی باوەری درۆینە و بێ بنەمای زیانبار لە مێشکی خەڵکی موسولماندا بە
رزق و رۆزی لە لایان خوداوە. لە ئاکامدا بو بە هۆی منداڵ هێنانی زۆر لە کۆمەڵگا
ئیسلامیەکاندا. موسوڵمانان چونکە بیر و عەقڵیان بە دەست خۆیان نیە و پەێرەوی
کوێرانە لە قورئان و مەلاکان و شەریعەت دەکەن، پیان وایە منداڵ تەنها پێویستی بە
خۆراکە و ئیتر هیچ ئەرک و مەسٶلیەتێکی دیکەی نیە. لە ئاکامدا دەبینین کە دایک و
باوکان منداڵەکانیان بە پێی پێویست پێ بەخێو ناکرێ و توشی دەیان گیر و گرفتی دیکە
دەبن. هەروەها نە کاتی پێراگەیشتنیان بە منداڵەکانیان هەیە و نە خۆشەویستی دەربڕین
و نە پەروەدە کردنیان. بەم شێوەیە منداڵان بونەتە قوربانی باوەڕی خورافی دایک و
باوک و بەڵێنە پوچەکانی اللە. لە نەتیجەدا باوک و دایک  ناچار دەبن بۆ دابین کردنی
بژێویی بەڕێچون، منداڵەکانیان بنێرنە بازاری کار و لە گەشە و خۆشیەکانی تەمەنی
منداڵی بێ بەشیان بکەن.

لە کۆمەڵگا عیلمانی
و پیشکەوتوەکاندا منداڵ هەر لە سەرەتای دروست بونیەوە لە سکی دایکەوە تا هاتنە
دونیا و تەمەنی ١٨ ساڵی لە لایەن کۆمەڵگا و خێزانەوە ئەوپەڕی بایەخی پێدەدرێ و
حسابی ئینسانێکی تەواوی بۆ دەکرێ. هەر لەم پەیوەندیەدا خێزان بە پاڵپشتی ئورگانە
کۆمەڵایەتیەکانی پەیوەندی دار بە منداڵەوە ئەرکی سەرپەرەستی و پێگەیاندنیان لە
ئەستۆیە و بەرێوەی دەبەن. ئەرکەکانی دایک و باوک بەرانبەر بە منداڵ تەرخان کردنی
کات و ساتی پێویستە بۆ گوێ گرتن و رێز گرتن لە ڕا و بۆچونی منداڵان، لە بەرچاو
گرتنی زەوق و سەلیقەکانی منداڵ، وەگەر خستنی لێوەشەواییەکانیان لە بوارە جۆراو
جۆرەکان و رەخساندنی مەجال و کات بۆ وڵام دانەوە بە خواست و پێداویستیەکانیان. وە
هەر وەها لە ماڵیشەوە دەبێ باوک و دایک جەوێکی لە بار بۆ منداڵ پێک بێنن تاکو سیقە
و باوەر بە خۆێ تێدا دروست بێت و تواناییەکانی گەشە بکا.

لە ئیسلامدا
بەتەواوی بە پێچەوانەوەێە و اللە لە قورئاندا داوا لە دایک و باوکان دەکا کە کاتی
خۆیان بە منداڵەوە نەکوژن و لە جێگایدا ئامادە کاری بکەن بۆ جیهاد لە رێگەی اللە
دا، چونکە بە جیهاد هەم دونیا و هەم قیامەتیان پێ دەبەخشرێ. لەم ٢ ئایەتەی
خوارەوەدا ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێ.

سورەتی المنافقون
ئایەتی ٩

يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا
تُلْهِكُمْ أَمْوَالُكُمْ وَلَا أَوْلَادُكُمْ عَن ذِكْرِ اللَّهِ وَمَن يَفْعَلْ
ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْخَاسِرُون.

سورة التغابن
ئایەتی ١٤

يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّ مِنْ
أَزْوَاجِكُمْ وَأَوْلَادِكُمْ عَدُوًّا لَّكُمْ فَاحْذَرُوهُمْ وَإِن تَعْفُوا
وَتَصْفَحُوا وَتَغْفِرُوا فَإِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ
رَّحِيمٌ.

ئەم ئایەتە لە
کاتێکدا دابەزی کە عوف کوری مالک الأشجعي کە خاوەنی ژن و منداڵ بو و دەیەویست بچێت
بۆ جیهاد، ژن و منداڵەکەی گریان و ئەویش دڵی نەرم بو و پەشیمان بوەوە لە چون بۆ
جیهاد. موحەمەد بۆ پێش گرتن بەم پەشیمان بونەوانە کەوتە دۆزینەوەی رێگا چارە و خیرا
لە زمانی اللەوە ئەم ئایەتەی نازڵ کرد کە دەڵێ ژنان و منداڵەکانتان دوژمنتانن و
نابێ بە قسەیان بکەن و نەچن بۆ جیهاد.

بە پێی بەڵگە
مێژوییەکان و لێکۆڵینەوە بێلاێەن و موعتەبەرەکان، ئیسلام بە زەبری شمشێر بڵاو بوەوە
و سەپێنرا بە سەر میلەتان دا.  بە دڵناییەوە ئەگەر بە شەڕ و داگیرکاری نەبوایە شتێک
بە ناوی دینی ئیسلام ئەمڕۆ بونی نە دەبو. جێگای پرسیارە کە بۆچی اللە لە
توانییەکانی خۆی وەک (کن فیکون) کەڵکی وەر نەگرت و بە بێ شەڕ و کوشتار نوری ئیمانی
نەخستە مێشکی خەڵکەکانەوە تا ئەم هەمو خوێنڕشتن و کاولکاری و شەر و تاڵانگەرییانە
روی نەداێەت؟

هۆکاری ئیهمال
کردنی منداڵ لە لایەن اللە و ئیسلامەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەم راستیە کە بەرین بونەوەی
ئیسلام بە زەبری شمشێری پیاوانی شەڕکەر دەستەبەر بوە. لەبەر ئەوەیکە منداڵ توانای
شەڕ و هەڵگرتنی شمشێریان نەبو تا لە غەزاکان و لەشکر كێشیەکانی ئیسلام دا بەشداری
بکەن، بە گرفت دانراون و هیچ حسابێکیان بۆ نەکراوە. لەو ئایەتەی سەرەوەش کە اللە
ناوی منداڵان دێنێ و بە دوژمنی باوکیان ناویان دەبا، لە راستیدا دوژمنی خودی اللەن!
نەک باوکیان. دەلیلەکەشی ئەوەێە کە دەبنە رێگر لە چونی باوکیان بۆ جیهاد و کوشتار
لە پێناوی اللە دا. بەم شیوەیە هەم منداڵانی موسڵمانانی داگیرکەر و هەم داگیرکراو،
دەبنە قوربانی اللە و دینی ئیسلام.

لە جاڕنامەی مافی
منداڵاندا هاتوە کە منداڵ دەبێ لە گەڵ باوک و دایکدا پەیوەندی هەبێ و هەردوک لا
بۆێان هەێە بیبینن ئەگەر جیاش بن. بە پێچەوانەوە لە ئیسلامدا بە پێی ئایەتی ٦ی
سورەتی الطلاق، منداڵ موڵکی باوکە و هیچ جۆرە ماف و ئیحساسێکی دایکی بۆ دایک لە بەر
چاو نەگیراوە.

وَإِن كُنَّ أُولَاتِ حَمْلٍ فَأَنفِقُوا
عَلَيْهِنَّ حَتَّى يَضَعْنَ حَمْلَهُنَّ فَإِنْ أَرْضَعْنَ لَكُمْ فَآتُوهُنَّ
أُجُورَهُنَّ وَأْتَمِرُوا بَيْنَكُم بِمَعْرُوفٍ وَإِن تَعَاسَرْتُمْ فَسَتُرْضِعُ
لَهُ أُخْرَى.

بە پێی ئەم ئایەتە
اللە تەنها ئەم حوکمە دەکا کە منداڵەکە بۆ باوکە و ئیتر هیچ رونکردنەوەیەک یان رێ و
شوێنێک بۆ شێوازی چۆن ژیان و بەخێو کردنی منداڵەکە دیاری ناکا. ئەم ئایەتە بوەتە
هۆی پێکهاتنی ڕق و کوشتنی خۆشەویستی لە نێوان منداڵ و دایک و باوک دا. بۆ نمونە
کاتێک منداڵ دەبێتە موڵکی باوک، بە پاڵپشتی ئەم حوکمە، باوک بۆ ملکەج کردنی دایک بە
خواستە نارەواکانی خۆی، وەک وەسیلەیەک منداڵەکە بەکار دێنێ. ئەمە بە زۆری لەو
کاتانەدا رو دەدا کە دایک داوای تەڵاق بکا و یان لە لاێان باوکەوە تەڵاق بدرێ. ئیتر
لای باوک گرنگ نیە چارەنوسی منداڵەکە چی بەسەر دێ، گرنگ ئەوەیە کە ئەو بە
خواستەکانی خۆی بگا. دایک لە بەر بەرژەوەند و مەسڵەحەتی منداڵەکەی بە ناچاری واز لە
مافەکانی خۆی دێنێ. پێشێل کردن و لە بەرچاو نەگرتنی هەست و مافێ منداڵ لەم ئایەتەدا
بە رونی دەبینرێت کە چۆن دەبنە قوربانی یاسا و نەریتە نائینسانیەکانی دینی ئیسلام.
بە پێی شەریعەتی ئیسلام دایک و باوک کە جیا بونەوە ئیتر حەرامە پێکەوە قسە بکەن و
تەنانەت دەبنە دوژمنی یەکتر. لە ئەنجامی ئەم حوکمە دا کە نابێ هیچ جۆرە پەیوەندیەک
لە نێوان دایک و باوک دا هەبێت پاش جیا بونەوش، لێرەشدا منداڵ دیسان دەبێتە
قوربانی.

ئەو وڵاتانەی کە
جارنامەی پاراستنی مافی منداڵانیان ئیمزا کردوە، دەبێ پابەندبن بە جێ بە جێ کردنی.
دەوڵەت دەبێ ئورگان و دەزگای تایبەتی بۆ پاراستنی منداڵ لە ئازاردان، سوئیستفادە،
دەست درێژی، بایەخ نەدان، بێ بەش بون لە مافەکانیان وەک خوێندن، لەش ساغی و ئاگا لێ
بون پێک بێنێت. خاڵێکی گرنگ لە مافەکانی منداڵ ئەوەیە کە پاش جیابونەوەی دایک و
باوک بتوانێ وەک یەک هەردوکیان ببینێ و هەردوک بەر پرسیار بن بەرانبەری. بەڵام لە
وڵاتانی ئیسلامیدا ئەم جارنامەیە پەیرەو ناکرێ و هەر بە پێی یاسا و شەریعەتی
ئیسلامی هەڵس و کەوت لە گەڵ منداڵ دەکەن. بۆ نمونە لە عیراق کە وڵاتێکی ئیسلامیە و
ساڵی ١٩٩٤ ئیمزای ئەو جارنامەیە کردوە، نە بەرێوەی دەبا و نە پێی پابەندە. تا
ئێستاش هیچ ئورگانێک لە لایەن دەوڵەتەوە پێک نەهێنراوە بۆ پشتگری و پاراستنی منداڵ
و مافەکانی منداڵان. بە جیا بونەوەی دایک و باوک لە دادگادا حاکم تەنها قەرار لە
سەر ئەوە دەدا کە منداڵەکە بە کامیان ببرێت. ئیتر بە هیچ شێوەیەک کاری بە چارەنوس و
بە سەرهاتی منداڵەکەوە نیە کە چی بەسەر دێ و ژیانی منداڵ دەبەستریتەوە بە چٶنیەتی
هەڵوێست و هەڵس و کەوتی ئەوانە کە منداڵەکە لە لایەن دەبێ.

یەکێک لە مەرجە
گرنگ و سەرەکییەکانی گەشە کردنی منداڵ لە هەمو بارێکەوە، وە پێگەشتنی وەک
کەسایەتیەکی بە سود بۆ خۆی و کۆمەڵگا، بونی خێزانێکی ئاسودە و تەبایە. بەڵام لە
وڵاتانی ئیسلامیدا یاساکان و شەریعەتی ئیسلام کۆسپ و رێگرن بۆ ئەم مەبەستە. بۆ
نمونە اللە لە ئایەتی ٣ی سورەتی النساء دا رێگا بە پیاو دەدا کە ٤ ژنی هەبێ.

وَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تُقْسِطُواْ فِي
الْيَتَامَى فَانكِحُواْ مَا طَابَ لَكُم مِّنَ النِّسَاء مَثْنَى وَثُلاَثَ
وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تَعْدِلُواْ فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ
أَيْمَانُكُمْ ذَلِكَ أَدْنَى أَلاَّ تَعُولُواْ.

سەرەرای ئەوەیکە
خودی ئەم ئایەتە سوکایەتیە بە کەرامەت و کەسایەتی ژن وەک ئینسانیکی سەر بەخۆ، بەڵام
خودی ژنانیش بە مل دان بەم نا عەدالەتیە دینی و پیاوسالاریە تاوان بارن. ژن بە مێرد
کردن بە پیاوی ژن و منداڵ دار چی بە رەزای خۆی بێت یان بە ناچاری، دەبێ ئەم راستیە
بزانێ کە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئاژاوە و سەرلێشێوان لە ژنی یەکەم و پێشێل کردنی مافی
منداڵەکانی ئەو ژنە و دواتریش منداڵەکانی خۆی. بەم شێوەیە قوربانی یەکەم لە مەسەلەی
فرە ژنیدا منداڵە کە تەعەدای لێ دەکرێ و توش دەبێ. لەم ئایەتەدا هەرچەندە برێک
ئاماژە بە مافی ژنەکان دەکرێ کە پیاوەکە لە نەفەقە و خەوتندا دەبێ عەدالەت رەچاو
بکا لە نێوانیاندا، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی منداڵ و مافی منداڵەکان ناکا.
هەروەها بێجگە لەم ئایەتە، لە یاسا و شەریعەتی ئیسلامیشدا کە رێگا دەدەن پیاو ژنی
دیکە بێنێت، بە هەمان شێوە هیچ ئاماژەیەک بە منداڵ و چۆنیەتی پاراستنی ماف و
عەدالەت لە نێوان منداڵاکاندا لە لایەن باوکەوە ناکرێ. بەم شێوەیە چارەنوسی منداڵی
بێ تاوان دەکەوێتە دەست مەزاجی باوک و رەفتاری دایکانی سەر لێشێواو کە بەردەوام لە
هەوڵی سوک کردن و عەیبدار کردن و تۆڵە کردنەوە لە یەکترن.

منداڵانی وڵاتانی
خاوەن شارستانی و پێشکەوتو سەرەرای بونی هەندێک گیر و گرفتی کۆمەڵایەتی و کولتوری،
تا ئاستێکی زۆر مافەکانیان پارێزراوە و بەردەوام لە گەشە کردن دان، چونکە
کۆمەڵگاکانیان رۆژ بە رۆژ لە حاڵی گەشە کردن و گۆران کاریدان بەرەو پێش بۆ دابین
بونی مافە تاک و کۆمەڵایەتیەکانی هاووڵاتیان. بەڵام لە وڵاتانی ئیسلامی دا بە هۆی
داخراو بونی بیر و باوەری کۆنە پەرەستانەیانەوە، هەمان یاسا و پەیرەوەکانی ١٤٠٠ ساڵ
لەوە پێش بەکار دێننەوە کە بوەتە هۆی وەستانی گەشە کردن و دارمانی باری عەقڵی و
بەرەو پێش چونی کۆمەڵگا. یەکەم قوربانیانی ئەم بارودۆخە نائینسانی و گەندەڵە بە
پلەی یەکەم منداڵانن کە میرات گری هەمان عەقڵیەت و کولتوری کۆنی باو و باپیرانیانن.

تەنیا رێگای رزگار
بون لەم بنبەستە دینی و کولتوریە کە رەنگ دەرەوەی قورئان و شەریعەتی ئیسلامە، لە
پێش گرتنی سیستەمێکی نوێی زانستی و ئینسانیە بۆ پەروەردە و فیرکردنی منداڵان لە
هەمو ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە بە تایبەتی باخچەی منداڵان و خێزان. تاکو دین
لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوریدا وەلا نەنرێت، گەیشن بەم مەبەستە مەحاڵە و
دەستەبەر نابێ.

٩\٧\٢٠١١

Entry filed under: بەهار نەسرەدین, بابه ت ئــــیــسلامی و رێکخراوه ئــــیــسلامیه کان. Tags: .

راگەیاندنی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان لەبارەی ئەگەری خۆپیشاندانەكەی 15/7 “سلێــــمانی زیــــاتر لــــه‌ ‌400 شــــوێــــنی‌ لــــه‌شفرۆشی‌ تــــیایــــه‌‌”

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s

Trackback this post  |  Subscribe to the comments via RSS Feed


RSS هه‌واڵه‌کانی BBCی به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بابەتەکان لە بالاترین به فارسی

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

RSS بي بي سي -العربية

  • An error has occurred; the feed is probably down. Try again later.

ژمــــاره‌ی ســــه‌ردان

  • 721,907 hits

%d bloggers like this: